“پوختە”
دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروست بوونی تورکیای مۆدێرن، کە مستەفا کەمال بە دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دادەنرێت لە ساڵی ١٩٢٣دا ناوبراو بەتەواوی کۆتایی بە دەسەڵاتی عوسمانی هێنا و لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا کۆماری تورکیای ڕاگەیاند و خۆشی وەك یەکەمین سەرۆك کۆمار دەسبەکار بوو، بە گرتنە دەستی جڵه‌وی حوکم دەستی کرد بە سیاسەتێکی تووند و سەرکوتکاری بەرامبەر بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە تورکیا، کە دواتر ڕەزاشا لە ئێران هەنگاوەکانی هەڵدەگرێتەوە و په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێکی تووندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکات. هەردوکیان ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوورێکیان دامەزراند، که نه‌ته‌وه‌کانی تری پێکهێنەری وڵاتەکانیان کردبووە قوربانی نەتەوەی سەردەستە، لێره‌دا بە باشمان زانی، کە به کورتی به‌راوردکاریه‌کی سیاسه‌تی ئه‌و دوو که‌سایه‌تیه بخەینە ڕوو.
“ڕه‌زا شا” له شکڵ پێدانی ئیدتۆلۆژی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌قه‌د مستەفا کەمال (ئه‌تاتورك) سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، ڕاسته ئه‌تاتورك دیکتاتۆرێکی بێزراو بوو، به‌ڵام به بیچمی سیاسه‌تمه‌دارێکی سه‌ده‌ی بیسته‌م حوکمی ده‌کرد، له حاڵێکدا ڕه‌زاشا وه‌ک پادشای جیهانی سێیه‌م هاتبووه سه‌ر ته‌خت، ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌یدا هه‌بوو گرتبوو، که‌سی نه‌ده‌کرده هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاته بێ سنووره‌که‌ی، له‌پێناو ئامانجه‌که‌ی دا خولقێنه‌ری ناسێۆنالیزم و په‌ره‌پێدانی شۆڤێنی ئێرانی بوو، هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی (شکۆی ئێرانی کۆن) بوو.[1] ناوبراو دوای گه‌شتن به‌ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی قاجار و ده‌سه‌ڵاته‌کانی پێشتریش، خۆی به حاکمی ته‌واوی ماڵ و گیانی خه‌ڵکی ئێران ده‌زانی، سامانی ئه‌و به‌شێوه‌یه‌کی نا سرووشتی زیادی کرد، ئه‌تاتورك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك کۆمار بووه، به‌ڵام ئه‌و تورکیای وه‌ك مناڵی خۆی بینیوه، که ئه‌رکی گه‌وره کردن و چاودێری کردنی له ئه‌ستۆی خۆی بینیوه، هه‌روه‌ها ئه‌تاتورک باوه‌ڕی وابوو که ده‌سه‌ڵاتداری له پێکهاته‌ی حزبه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ئه‌مه‌ش پێکهاته‌ی سیاسین و به‌بێ بونی ئه‌حزابی سیاسی وڵات پێش ناکه‌وێت ، ناوبراو ده‌یویست به‌وشێوه‌یه‌ی که ده‌یویست له‌دوای مردنی ده‌سه‌ڵات و بنهمامانی که‌مالیزم نه‌که‌وێته مه‌ترسیه‌وه، هه‌ربۆیه حزبی به بنه‌مایه‌کی گرنگ دانا. [2]
له(ده‌وڵه‌ته ڕه‌ها)که‌ی ڕه‌زاشادا گرووپ و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران به‌هیچ شێوه‌یه‌ک تیایدا ڕه‌نگی نه‌ده‌دایه‌وه، به‌ڵکو له چوارچێوه‌ی ناسێۆنالیزمی ئێرانی‌دا ئیتنیۆ-نه‌ته‌وایه‌تیه نا فارسه‌کان به بێگانه ده‌ژمێردران و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان ده‌درا، هاوکات له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌ته ڕه‌هاکه‌ی ڕه‌زاشادا و له ژێر کاریگه‌ری ئه‌ڵمانیای نازیدا، فه‌رمانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌ناوی (انجمن پرورش افکار) دامه‌زرا که جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئاری، ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های شاهه‌نشاه، باڵاده‌ستی ڕه‌گه‌زی فارس، سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و زمان، کولتوره جیاوازه‌کانی ئێرانی ده‌کرده‌وه.[3] مسته‌فا که‌مالیش به‌هه‌مانجۆر ده‌وڵه‌تێکی بوونیادنا که جگه له تورک هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر بوونی نه‌بوو، ڕه‌گه‌زی تورک ڕه‌گه‌زی پاک و باڵا بوو، هه‌موو یاساکان له‌خزمه‌ت تورک‌دا بوو، هه‌ردوو دیکتاتۆره‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزم و نه‌ژاد په‌رستی کاریان کردووه.
مسته‌فا که‌مال له‌سه‌ره‌تاوه خۆی وه‌ک دڵسۆزی دین و خه‌لافه‌ت نیشاندا، بایه‌خێکی زۆری دابوو به بۆنه ئایینیه‌کان بێگومان ئه‌مه‌ش بۆ چه‌واشه‌کاری خه‌ڵکی بوو، هه‌ر بۆیه له وتارێکدا ده‌ڵێت:”به‌یارمه‌تی خودا و لوتفی خودا ده‌بێت له‌پاش ته‌واو کردنی نوێژی هه‌ینی، ئه‌وسا ئه‌نجومه‌نی میللی گه‌وره له ئه‌نقه‌ره بکرێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت له ئێسته به‌دواوه ناوی سوڵتان ده‌هێنرێت و ده‌بێت دوعای سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌رزی بۆ خه‌لیفه بکرێت، له هه‌موو ناوچه‌کانی وڵاتی زامدار و برینداردا ده‌بێت ده‌ست بکرێت به خوێندنی قورئان و(بخاری)و ڕوو ده‌کرێته ده‌زگاکانی باڵای میللی، پێویسته ئه‌م ئامۆژگاریانه‌ی لێان دواوین بکرێته به‌یانێکی فه‌رمی و بنێردرێت بۆ هه‌موو لایه‌ك و بچوکترین گوندیش ئه‌و به‌یانه‌ی پێ بگات…، داوا له خودا ده‌که‌ین و لێی ده‌پاڕینه‌وه سه‌رمان بخات “[4] به‌ڵام دواتر به تووندی که‌وته دژایه‌تی هه‌موو نه‌ریته ئایینیه‌کان و به‌ره‌نگاریان بوه‌وه، مسته‌فا که‌مال ده‌ستی کرد به ڕیشه کێش کردنی هه‌موو نه‌ریتێکی ڕۆژهه‌ڵاتی و گۆڕینی سه‌رتاپای ده‌وڵه‌ته‌که‌ی به سیستمێکی ڕۆژئاوایی، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:” پێویسته دره‌ختی ڕۆژئاوا بێنینه وڵاته‌که‌مان، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م دره‌خته بژی پێویسته ئه‌و ژینگه‌یه‌شی له‌گه‌ڵدا بێنین که‌تیایدا ژیاوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دره‌خته له شوێنه تازه‌که‌یدا بڕوێ پێویسته ورده ورده له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاو‌و هه‌واو خۆله‌دا ڕایبێنین که‌له ناوه‌ڕاستی ئاسیاوه له‌گه‌ڵ خۆماندا هێناومانن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌مانای بچڕاندنی یه‌کجاره‌کی په‌یوه‌ندیه‌کانمان به ڕۆژهه‌ڵاته‌وه دێن، په‌یوه‌ندیه‌ک که له سه‌ڵته‌نه‌ت و خه‌لافه‌ته‌وه به میرات بۆمان ماوه‌ته‌وه”[5]
لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که ناوبراو پشوو درێژ بووه له‌هه‌مبه‌ر نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگاو دواتر به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی پیرۆزیه‌کانیان و سه‌پاندنی سیستمێکی مۆدێرنه‌ی ڕۆژئاواگهری، به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌زاشا که دیدو بۆچونێکی واقیعبینیانهو پشویه‌کی درێژی نه‌بوو که پێویست بوو بۆ گۆڕینی ڕه‌وشه دواکه‌وتوه‌که‌ی ئێران و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرن و جێبه جێ کردنی ئاکاره ڕۆژئاواییه‌کان تیایدا،نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵکو ڕه‌زاشا بڕواشی نه‌بوو به مه‌رجه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی هاتنه دی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن وه‌ک دامه‌زراندنی حوکمه‌تێکی لیبڕاڵ[6] گه‌رچی هه‌ردوو که‌سایه‌تیه‌که نه‌یانتوانی حکومه‌تێک دابمه‌زرێنن که دیموکراسیه‌کی چه‌سپاو، خاوه‌ن فره مینبه‌ری و داهێنانی ناسنامه‌یه‌کی نیشتیمانی که له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان بێت، یه‌کسانی، به‌شداری کردنی سیاسی، دابه‌ش کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه مادیه‌کان، داوای کۆمه‌ڵایه‌تی…هتد تیایدا ڕه‌نگ بداته‌وه[7]
که‌مال ئه‌تاتورك کاتێك ده‌ستی کرد بەگۆڕانکاری و مۆدێرنه کردنی تورکیا تا ڕاده‌یه‌ك ئەزمونێکی په‌یدا کردبوو، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به‌و ڕیفۆرمانه‌ی، که پێشتر له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا ڕوویاندابوو، هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی، که سه‌پاندی هه‌موو بواره جیاجیاکانی گرته‌وه و به یاساش چه‌سپاندی و به‌سیستمی ڕۆژئاوایی کاری کرد، هه‌روه‌ها توانی سه‌رکه‌وتو بێت، به‌ڵام ڕه‌زاشا هه‌موو گۆڕانکاری و نوێ خوازیهکی بۆ کۆمه‌ڵگای ئێران له دژایه‌تی کردنی ئاین و پیاوانی ئایینی ده‌بینیه‌وه که ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌یه‌کی توندی به‌دوای خۆیدا هێنا به‌تایبه‌ت له شاری مه‌شهه‌د، هه‌ر بۆیه ئه‌م هه‌نگاوانه سه‌ختتر بوون بۆ ڕه‌زاشا، گه‌رچی ئێرانیش خاوه‌نی شۆڕشی مه‌شروته بوو، به‌ڵام ناوبراو نه‌ی توانی بیکاته بنه‌مای سه‌رکه‌وتنی وه‌ک مسته‌فا که‌مال، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که که‌سایه‌تی ئه‌تاتورك به فلته‌ری سه‌ربازی ئه‌کادیمی تێپه‌ڕی کردبوو، وه‌ك ئه‌فسه‌ر له ڕیزه‌کانی سوپای عوسمانی‌دا خزمه‌تی کردووه بۆیه شاره‌زا بوو له‌سیاسه‌ت و هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوه‌کانیدا، به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌زاشا که له ئه‌کادیمیای سه‌ربازی نه‌یخوێندبوو، ناوبراو له تیپی قه‌زاقی فارسی‌دا خزمه‌تی ده‌کرد، هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ چه‌سپاندنی حوکمی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی بوو[8]
دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی بڵێن، کە هه‌ردوو دیکتاتۆر خاڵی وێکچویان زۆره، ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتیان درێغیان نه‌کردووه له تووندوتیژی و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، هه‌ردوکیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌سته‌یان داوه، به تووندترین شێوه‌ش شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی کوردیان سه‌رکوت کردووه. قه‌ده‌غه‌ی زمانی کوردی و شوناسی کوردی و تەنانەت ناساندنی کورد به نەتەوەکانی تورك و فارس و بە نکوڵیکردن له‌نه‌ژادی ڕه‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تیان خاڵی هاوبه‌شی هه‌ردوو دیکتاتۆرە.
سەرچاوەی سود لێوەرگیراو:
- حسێن مه‌ده‌نی: حوسێن مه‌ده‌نی : کوردستان و ئیستراتیجی ده‌وڵه‌تان، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2001.
- ڕه‌سول هاوار: محەمەد ڕەسول هاوار: کورد‌و باکوری کوردستان لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە هەتا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران،بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، چاپخانەی خاک ،٢٠٠٦.
- فهرۆز ئه‌حمه‌د و چه‌ند نوسه‌رێکی تر: تورکیا نەبەرد لە پێناوی مانەوەدا، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، سلێمانی ، ٢٠٠٦.
- هێمن حمید خورشید: سیاسه‌تی ئێران له‌هه‌مبه‌ر عه‌شیره‌ته کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(1921-1941) ، نامه‌ی ماسته‌ر بڵاونه‌کراوه، زانکۆی سلێمانی، 2015.
- یاسین سه‌رده‌شتی: کوردستانی ئێران(لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژووییه له جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد1939-1979)، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی سیما، سلێمانی،2011.
- یا رضا شاه توانست از آتاتورک تقلید کند http/www.mashreghnews.ir
[1] حسێن مه‌ده‌نی: حوسێن مه‌ده‌نی : کوردستان و ئیستراتیجی ده‌وڵه‌تان، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2001، ل154.
[2] آیا رضا شاه توانست از آتاتورک تقلید کند http/www.mashreghnews.ir
[3] هێمن حمید خورشید: سیاسه‌تی ئێران له‌هه‌مبه‌ر عه‌شیره‌ته کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(1921-1941) ، نامه‌ی ماسته‌ر بڵاونه‌کراوه، زانکۆی سلێمانی، 2015 ، ل102.
[4] ڕه‌سول هاوار: محەمەد ڕەسول هاوار: کورد‌و باکوری کوردستان لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە هەتا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران،بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، چاپخانەی خاک ،٢٠٠٦، ل174-175.
[5] فهرۆز ئه‌حمه‌د و چه‌ند نوسه‌رێکی تر: تورکیا نەبەرد لە پێناوی مانەوەدا، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، سلێمانی ، ٢٠٠٦، ل303.
[6] یاسین سه‌رده‌شتی: کوردستانی ئێران(لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژووییه له جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد1939-1979)، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی سیما، سلێمانی،2011 ل48.
[7] هه‌مان سه‌رچاوه.
[8] آیا رضاشاه توابست از آتاتورک تقلید کند : http/www.mashreghnews.ir