لە ڕوانگەی هێگڵەوە، مێژوو پرۆسەیەکی دیالێکتیکییە بەرەو ئازادی و لە قۆناغێکی پڕ لە بەرخۆداندا بەرەو ڕزگاری. نەورۆز لە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و ڕووخاندنی زوحاکدا، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم دیالێکتیکەیە کە تێیدا ستەملێکراوان (تێز) لە دژی ستەمکاران (ئەنتی-تێز) هەڵدەگەڕێنەوە و سەرئەنجام ئازادی (سینتێز) بەدەست دێنن. ئەم چیرۆکە ئەفسانەییە کە لە چاندی کورديیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆتە ڕەمزێک بۆ خەباتی نەتەوەیی کورد و پەیامی سەرەکی نەورۆز وەک جەژنی ئازادی و ڕزگاریی. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، “نەورۆز” بە واتای “ڕۆژی نوێ” دەکرێت وەک خاڵی دەستپێکی مێتافۆریک بۆ تێگەیشتن لە چەمکی “دەستپێکی نوێ” و “ڕزگاربوون” ببینرێت.
نیچە، چەمکی “گەڕانەوەی هەمیشەیی” خستۆتە ڕوو کە بەپێی ڕای ئەو، کات بە شێوەیەکی بازنەیی دەگەڕێتەوە. ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە لەگەڵ سروشتی نەورۆز یەکدەگرێتەوە، چونکە نەورۆز خۆی دووبارەبوونەوەیەکی ساڵانەیە کە لە هەمان کاتدا نیشانەی سەرەتایەکی نوێیە. بە سوودوەرگرتن لە تیۆری هێرمێنۆتیکی گادامێر، دەکرێت نەورۆز وەک “دەقێکی کولتوری” ببینرێت کە بەردەوام لە پرۆسەی تەفسیر و دووبارە ڕاڤەکردنەوەدایە. بەپێی گادامێر، تێگەیشتن لە دەق (لێرەدا نەورۆز) بەردەوام لە بەرئەنجامی دیالۆگێکی دیالێکتیکی دایە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا. لەم سۆنگەیەوە، نەورۆز تەنها میراتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هێرمێنۆتیکییە کە تێیدا هەر نەوەیەک لە کوردان بە پێی ئەزموونی خۆی لە جیهان، تەفسیری نوێ بۆ ئەم دەقە کولتورییە دەخاتە ڕوو. گادامێر چەمکی “تێکەڵبوونی ئاسۆکان”ـی خستۆتە ڕوو کە تێیدا تێگەیشتن لە دەق بەرئەنجامی دیالۆگێکە لە نێوان «ئاسۆی دەق» و «ئاسۆی خوێنەر»دا. ئەوەی لە نەورۆزدا دەیبینین، نموونەیەکی بەرجەستەی تێکەڵبوونی ئاسۆکانە، کە تێیدا ئاسۆی کولتوری کۆن (میراتی مێژوویی نەورۆز) لەگەڵ ئاسۆی کولتوری نوێ (واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی هاوچەرخ) یەکدەگرنەوە و واتاییەکی نوێ بەرهەم دەهێنن. پۆڵ ڕیکۆر،، باس لە گرنگی گێڕانەوە لە پێکهێنانی ناسنامەی مرۆڤدا دەکات.
لە ڕوانگەی ڕیکۆرەوە، “مرۆڤ لە گێڕانەوەدا دەژی” و ” ناسنامە بەرهەمی گێڕانەوەیە”. نەورۆز خۆی لە خۆیدا گێڕانەوەیەکی کولتورییە کە بەهۆیەوە کورد خۆی پێناسە دەکات. چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک، سەرەتای نەورۆز، ئیمپراتۆریەتی مادەکان، سەرئەنجام بەکارهێنانی نەورۆز لە خەباتی نەتەوەیی کورددا، هەموویان بەشێکن لە گێڕانەوەیەکی گەورەتر کە بەهۆیەوە کورد ناسنامەی خۆی دەدۆزێتەوە. ڕیکۆر باس لە سێ قۆناغی گرنگی «گێڕانەوە» دەکات: «پێش پێکهاتەی-پێش گێڕانەوە)، «پێکهاتەیی-گێڕانەوە» و «دووپاتە پێکهاتەیی-دووپاتە گێڕانەوە». نەورۆز لە قۆناغی یەکەمدا کۆمەڵێک ڕووداو و سیمبوڵی پەرتەوازەیە (ئاگر، سفرە، بەهار، هتد)، لە قۆناغی دووەمدا، ئەم ڕووداو و ڕەمزانە لە ناو گێڕانەوەیەکی کولتوریدا ڕێکدەخرێن (چیرۆکی کاوە و زوحاک، ئیمپراتۆریەتی مادەکان، هتد)، و لە قۆناغی سێیەمدا، کۆمەڵگای کوردی ئەم گێڕانەوەیە بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی خۆی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ڕابردوو و داهاتووی خۆی بەکاردەهێنێت. نەورۆز وەک بەشێک لە ناسنامە هەمیشە لە نێوان دووپاتبوونەوە و جیاوازیدایە. نەورۆز بە هەمان شێوە لە نێوان دووبارەبوونەوەی ڕیتواڵەکان و نوێبوونەوەی سروشت و تیاژیاندایە. ئەم دوالیزمە، کە هەم دووپاتبوونەوە و هەم نوێبوونەوەیە، بۆتە هۆی بەردەوامی نەورۆز وەک دیاردەیەکی کولتوری زیندوو. مارکۆزە لە کتێبی “مرۆڤی تاک-ڕەهەند”یدا باس لەوە دەکات کە کولتور دەتوانێت وەک هێزێکی ڕزگاریخواز کار بکات لە کۆمەڵگای مۆدێرندا.
نەورۆز کە ڕەگەکانی بۆ کولتوری پێش-مۆدێرن دەگەڕێتەوە، بۆتە بەشێک لە خەباتی مۆدێرنی کورد بۆ ناسنامە و ڕزگاری. ئەمەش نموونەیەکی بەرجەستەیە لەسەر ئەوەی چۆن کولتوری دێرین دەتوانێت لە خزمەتی ئامانجە مۆدێرنەکاندا بێت. دەتوانین نەورۆز وەک دیالێکتیکی تێکشکانی نێگەتیڤی عەقڵی ئامێری خۆرئاوایی بخوێنینەوە. بە دەربڕینێکی (ئادۆرنۆ-مارکوزە)یی، نەورۆز دەبێتە ئەو “نێگەتیڤیتی”یە کە تێیدا دەسەڵاتی داگیرکەر دەتوێتەوە و کورد لە “یەک-ڕەهەندی”یەوە دەگوازرێتەوە بۆ “فرە-ڕەهەندی” ئۆنتۆلۆجیکی. بە قەرزکردن لە باختین، نەورۆز دەبێتە ئەو “کەرنەڤاڵ”ـە کە تێیدا “نەریتی ڕەسمی” سەرەوژێر دەبێتەوە و “نەریتی ناڕەسمی” بە دەنگی بەرز دەدوێت. نەورۆز، نەک تەنها “ئەزموونی فینۆمینۆلۆژی” کوردی، بەڵکو “ئەزموونی هێرمێنۆتیکی” بوونی کوردە لە مێژوودا. نەورۆز دیالێکتیکی نێوان “نکوڵی” و “ئێستا”یە، کە تێیدا کورد لە “جیاوازی فرەیی” خۆیدا دەژێت و بوونێکی تازە دەخولقێنێت. گوتاری نەورۆز بەردەوام لە ململانێی دەسەڵاتدایە. نەورۆز لە کوردستاندا بۆتە مەیدانێک بۆ ململانێی وێژمانی کوردی لەگەڵ گوتاری دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا. لە هەندێک قۆناغی مێژوویدا، نەورۆز قەدەغە کراوە، بەڵام بەردەوام وەک گوتارێکی بەرهەڵستکار بەرگری لە خۆی کردووە. نەورۆز، وەک ئۆنتۆلۆژیایەکی کولتووری، بەرهەمی یەکگرتنی دیالێکتیکی نێوان «ئەفسانە-میتۆس» و «ئەقڵ-لۆگۆس»ـە لە ناسنامەی کوردیدا. لە گەشتی دوالیزمیدا، نەورۆز وەک سیستەمێکی سیمیۆلۆژی تێدەگات کە تێیدا دوالیزمی کوردی/ناکوردی، ئازادی/کۆیلایەتی، سروشت/کولتوور، هەمووی لە یەک بۆشایی ڕەمزیدا هاوکاری و ململانێی دیالێکتیکی دەکەن. ئەم دیالێکتیکە لە ڕوانگەی میرچیا ئیلیادەوە، دەبێتە ئەو “گەڕانەوە ئاساییە” کە تێیدا کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکانی خۆی لە فەزای کەونارای مێژوویدا.
پرۆفیسۆر میهرداد ئێزەدی باس لەوە دەکات کە نەورۆز ڕەگەکانی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مادەکان دەگەڕێتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەو، نەورۆز وەک جەژنێکی ئایینی-سیاسی لە شارستانیەتی ئێرانی کۆندا بەرجەستە بووە و دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا، بۆتە یەکێک لە گرنگترین ڕێوڕەسمەکانی ئەو ئیمپراتۆریەتە. بەپێی تیۆرییەکانی فێرناند برۆدێل، مێژوونووسی فەرەنسی، مێژوو لەسەر سێ ئاستی جیاواز ڕوودەدات: ڕووداوە کورتخایەنەکان، گۆڕانکارییە ناوەندییەکان و پێکهاتە درێژخایەنەکان. نەورۆز وەک دیاردەیەکی کولتوری، بەشێکە لە پێکهاتە درێژخایەنەکان کە سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوامی هەبووە. دەکرێ بڵیین: گوتاری نەریت یا ئەکتی نەریتی نەورۆز بۆ بەرژەوەندی سیاسی و نەتەوەیی دادەهێنرێن یان دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. لە سەدەی بیستەمدا، نەورۆز لەلایەن بزووتنەوە کوردییەکانەوە وەک سیمبوڵێکی نەتەوەیی بەکارهێنراوە و ڕەهەندی سیاسی پێ دراوە و تا ئێستاش لە بەشەکانی کوردستاندا، بەچڕی یادی دەکرێتەوە، ئەمەش نموونەیەکی بەرچاوە لەسەر ئەوەی چۆن نەریتێکی کۆن دەتوانێت ڕۆڵێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی مۆدێرندا ببینێت.