“وەڵامێک بۆ چەواشەکارییەکان، کە نەورۆز دادەماڵن لە نەتەوەی کورد”
جەژنی نەورۆز/سەری ساڵ، یەکێکە لە رۆژە گرنگە نەتەوەییەکانی کورد، جەژنەکە پێشتر ناوی “جەژنا سەرساڵ”بووە. جەژنا سەرساڵ یان نەورۆز، زۆر دێرینە و خەڵکە دێرینەکانی وەک سۆمەر، هوری، لوڤی و هیتی، ماد، لە ماناکەی تێگەیشتوونە وەک دیارە. ئەمرۆ لەناو کوردا بە گشتی بایەخ بە ئێوارەی ٢٠ مانگی مارس دەدرێت و لەو رۆژەدا بۆ ماوەی ١٢ رۆژ چالاکی ئاگرکردنەوە، شاپڵیتە هەڵگرتن، هەڵپەرکێ و موزیک، لەبەرکردنی جلی کوردی و هێلکە بۆیەکردن لە هەندێک گوند دا دەکرێت. لەناو کوردا جەژنەکە دەگەڕێننەوە بۆ مردنی پادشایەکی زۆردار بەناوی “زۆحاک”، ئەفسانەکە دەڵێت کە ئەژدەهایەک پاشایەک بووە و دوو مار بە ئازارەوە لەسەر شانی بوونە، بۆ کەمکردنی ئەو ئازارە، رۆژانە مۆخی دوو لاویان پێ دەدا، ئیتر کاوە دێت و زۆحاک ئەکوژرێت و کوردان لەسەر چیاکان دەست دەکەن بە هەڵکردنی ئاگر.[1]
“هەموو ئەو چێرۆکەی کاوە و زۆحاک، چەواشەکارییەکی هەڵبەستراوە، زۆحاک یان ئەژدیهاک یان ئاستیاگ، هەمان ئیمپراتۆری مەزنی میدیای کوردییە، کە بە مەزنترین و پڕ شکومەندترین و خزمتەکارێکی مەزنی گەلی میدیا ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد، دوای رۆخاندنی ئیمپراتوریاتەکەی بە گەلەکۆمەکی هەرێمی و خیانەتی ناوخۆی دەرەبەگە و موغە خاوەن زەوییەکان، کە ئاستیاگ ڕێگەی نەدەدا خوێنی خەڵک بمژن، ئیتر کوروش و دارودەسەتەکەی تەختی میدیایان رۆخاند، وە ئێرانییە نوێیەکانیش بە دروستکردنی ئەم چەواشەکاریانە، هەوڵیان دەدا لە بەهای شکومەندی ئیمپراتورێکی وەک ئاستیاگ کەم بکەنەوە و نەورۆز لە بنەڕەتە کوردییەکەی بپۆکێننەوە و بە ئێرانی بکەن” ئاستیاگ دوا پادشای مادەکانە و بەهیچ جۆریک نەورۆز، پەیوەندی بە کاوەوە نییە و ئەوە جەژنێکی نەتەوەیی و ئایینی کوردانە بووە، کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و ئەو ئاگرەش پەیوەندی بە پیرۆزی ڕووناکییەوە هەیە لە ئایینە کوردییەکان وەک “ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی”، چونکە خودا لە ئاینە کوردییەکان خودای رووناکی و نوێبوونەوەی ژیان بووە.[2]
“کەواتە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەی ساڵ و نوێبوونەوەی ژیان و هاتنی بەهار، رووانی بەروبوومەوە هەیە، هیچ پەیوەندی بە (ئاگرپەرستییەوە نییە)، جەژنێکی نەتەوەیی کورد بووە هەر لە سەردەمی سۆمەرییەکان هەتا مادەکان و ساسانییەکان”
جەژنی نەورۆز لەلای سۆمەرییەکان و میسۆپۆتامیاییەکان هەمان جەژنە. پێی دەڵێن ئێژن “زاگ مووگ”، کە دەکاتە “زگماک” لەمڕۆماندا واتە “لەدایک بوونی سرووشتی”یە هەمان مانای لە دایک بوونەوەی سرووشت لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێی بەهاردا کە تا ئێستە بەردەوامە لە کوردستان و ناوچەکە.[3] وشەی نەورۆز لە دوو بڕگە پێک دێت، “نەو” واتە نوێ، یان تازە هەروەک لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار ئاماژەی پێکراوە. ئەشی “نەوە”ش هەر لە “نەو” هاتبێت وەک کورد دەڵێت نەوەی داهاتوو. “رۆز” واتە ڕۆژ، لە زمانی کوردیدا زۆرجار دەنگی “ژ” دەبێتە “ز” وەک ئەژدیها بۆتە ئەزدیها، یاخود بە پێچەوانەوە، ئەشێ ئەژدیها بووبێت، ئێمە کردومانە بە ئەژدیها، یاخۆد وشەی تیژ بۆتە تیز، ئەشێ لە ڕابردوودا “نەو ـ ڕۆژ” بووبێت. لە زمانی ئەرمەنیدا “نەڤ ـ ساڵ” هاتووە، لە سوغدیانیش کە ئێستە ئوزبکستانە بە “نەوـساڵ” هاتووە دەبینین دەنگی “ڤ” بۆتە “و” هەروەک لە کرمانجی سەرو و ژوور ئەو دەنگە دەگۆڕێ، ئەبینین بۆ جەژنێکی تر “نەو ـ سارد” یان بەکارهێناوە، لە تەلمودی “بابل”ی بە “نەورۆز” وتراوە “نەو ـ ساڵ”، کەواتە بۆ جارێکی تریش و لە سەرچاوەیەکی تریش “نەو” بەکارهاتووە. لە بڕگەی داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە “نەو” وشەیەکی کوردییە. بۆ ئەوەی بزانین “نەو” کە بە مانای نوێ دێت، کوردییە یان نە، تەنها پێویستمان بە دوو زمانە، یەک:- زمانی ئەرمەنی بە نوێ دەوترێت “نۆر” واتە لە وشەیی “نەو” دوورە. دووهەم:- لە زمانی عیبری “هیبرو” بە نوێ دەگوترێت “هەداش”، کەواتە “نەو” عیبری نییە. لێرەدا وشەی “نەو” وشەیەکی کوردییە. لە بەشی داهاتوودا ئەزانن تەنها بۆ باسی عیبری و ئەرمەنی کراوە و ئیتر ئەم وشەیە کوردیبوونی برایەوە. [4]
نەورۆز جەژنێکی وەرزی بووە بە پێی دەقە مێژووییەکان و ئایینە زاگرۆسییەکان، بەڵام دواتر بۆتە جەژنی ئایینی. گەلانی زاگرۆس(کورد) توانستێکی باڵایان لە ئەستێرەناسی و پێشبینی هەبوو بە تایبەتی موغەکان کە تیرەیەکی میدیی بوون، دەبینین ڕۆژەکانی ساڵ لەسەر چوار وەرز دابەشدەکران، لە رۆژی نەورۆز ماوەیەکی تاریکی و ڕووناکی دەگەنە یەک ئاست، لە دوایدا ڕووناکی زایاد دەکات و لە ٢١ی مانگی شەش واتە سێ مانگ پاش نەورۆز درێژترین کاتی ڕووناکییە. پێش موغەکان، سۆمەرییەکان سەری ساڵیان لە رۆژی یەکەمی مانگی نیسان بووە.[5] “بەمجۆرە، نەورۆز نە وشەیەکی فارسییە، نە پەیوەندی بە ئاگرپەرسییەوە هەیە، هەردووک ئەم باسانە لە چەواشەکاری زیاتر نین، هەقیقەت ئەمەیە کە جەژنی نەورۆز بوونی هەبووە لە سەردەمی کوردە سۆمەرییەکان و جەژنی نوێبوونەوە و ژیان و هاتنی بەهار، بەهێزبوونی ڕووناکی بووە. ئاگر وەک سمبوولی ئەم ڕووناکییە هەڵدەکریت نەک بۆ پەرستن”
“ئایا نەورۆز جەژنی کوردە، یان گەلانی زاگرۆسییە”
لە تەلمودی جێرێسەلیم (یورشەلیم) باس کراوە کە نەورۆز “جەژنێکی میدیە”. لە تەلمودی بابلی بەمانای سەری ساڵ دێت. لە ئەرمەنییەوە بەناوی نەڤ ساڵ هاتووە. ( پرۆفیسۆر جێنی ڕۆز)، زۆر بە ڕاشکاوانە باسی تەلمودی جێرێسەلیم و بابلی دەکات و باسی ئەوە دەکات دەڵێ لە تەلمودی جێرێسەلیم نەورۆز بەجەژنی میدییەکان دانراوە. کلیلێکی تری مێژووی ئەوەیە کە، “فارسەکان” وەک فارس، جەژنی نەورۆزیان نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ جووەکان جەژنیان کردووە، لە بەڵگەیەکی مێژوویدا کوڕەکەی کوڕوش بەناوی “کەمبەس” لە ٢٧/٣/٥٣٨، جەژنی کردووە کە دەکاتە مانگی نیسان و سەری ساڵی جووەکان، هەروەها داریوس و خەشایەرشای کوڕی بە هەمان شێوە لە نیسان جەژنیان گێراوە. ئیتر لە بنەڕەتدا نەورۆز جەژنی کوردان بووە.[6] “بەمجۆرە وەک دیارە، دوور و نزیک نەورۆز پەیوەندی بە فارسەوە نییە، کە ئەمەش یەکێکی تر لە چەواشەکارییەکان بووە، کە دەگوترا نەورۆز جەژنی فارسە، بۆیە نابێت کورد وەک جەژن بەرپایی بکات، ئیتر ئەم باسە ناوبۆشانە لە رق و کینەی ئایدۆلۆژی و رق بوونەوە لە وڵات و نەتەوە زیاتر نییە”
بەپێی نووسراوە کۆنەکان، بەپێی نووسراوە شاهانییەکانی ئەوکات، جەنگێکی قورس و گران لە نێوان کورد و بیابانشینەکان بە تایبەتی ئاشوورییەکان لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایننەوە دەستی پێی کرد. ئاشوورییەکان بە دڵڕەقانەترین شێوە، کوردانی لای ماردین و شەرناخ و شارەزوور و پیرەمەگروونیان جینوساید کرد، بەشێوەیەک لەوێدا ئاگرێکی زۆر گەورەیان کردەوە و دواتر “کچان و کوڕانی کورد” کۆ دەکرانەوە و بە زیندووی دەیان سوتاندن.[7] “ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید کەرەکان و کویلەکوکەرەوەکانی بیایان، ئەرکی پیرۆزی کوردان بووە، خوێنی مەزن دراوە، لە جەژنی نەورۆز کە هیزی ڕووناکی بەهێز دەبوو، کوردان گریان دەگرت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زۆلم و ستەم و جینوساید، میدیەکان سەرکەوتن، ساسانییەکان سەرکەوتن، ئەیوبییەکان سەرکەوتن، کوردان ئەمجارەش بە هێزی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز هێز وەردەگرن و سەردەکەون”
سەرچاوەکان؛
- مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، سۆران حەمەڕەش، چاپخانەی پیرەمێرد، ٢٠٢٢.
- ڕێنواری ڕەچەلەکی کورد، فەرمان هیدایەت، بەرگی دووەم، ٢٠٢٣.
- کورد لە ڕیزی ساڵنامەی پاشایەتی سۆمەر و سارستانییەتە دیرینەکاندا، شێرکۆ عادل دەباغ، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٤.
- ڕامان لە مێژووی کورد، ماکۆ ساوین، چاپی دووەم، ٢٠٢٣.
- مێژووی دێرینی کورد، ئاکۆ محەمەد میرزایی، ٢٠٢٠.
[1] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، سۆران حەمەڕەش، چاپخانەی پیرەمێرد، ٢٠٢٢، ١١٩ـ١٢٠.
[2] ڕێنواری ڕەچەلەکی کورد، فەرمان هیدایەت، بەرگی دووەم، ٢٠٢٣، ٤٥.
[3] کورد لە ڕیزی ساڵنامەی پاشایەتی سۆمەر و سارستانییەتە دیرینەکاندا، شێرکۆ عادل دەباغ، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٤، ١٥.
[4] ڕامان لە مێژووی کورد، ماکۆ ساوین، چاپی دووەم، ٢٠٢٣، ٢٨٥ـ٢٨٦.
[5] رامان لە مێژووی کورد، سەرچاوەی پێشوو، ٢٨٦ـ٢٨٧.
[6] رامان لە مێژووی کورد، سەرچاوەی پێشوو، ٢٨٨ـ٢٨٩ـ٢٩٠.
[7] مێژووی دێرینی کورد، ئاکۆ محەمەد میرزایی، ٢٠٢٠، ١٤٧ـ٢٩٩.