“بووژاندنەوەی مانەویی(مەعنەویی) نەریتە لە بیرکراوەکانی نووڕۆژ”
لەگەڵ داهاتن و گەیشتنی نەورۆز وەرن هەموومان پێکەوە کۆ ببینەوە تاکوو لەبارەی بەشێکی بەربڵاو بەڵام نەناسراوی جیهانی جوانمان؛ کولتوورێکی تایبەت بە ٥٠ ملیۆن کەس واتە کەلتووری تایبەت بە کوردەکان، بخوێنینەوە و لێیەوە فێر بین. دوو بۆنە یان ڕێوڕەسمی جێگەی ڕێزی کولتووری کوردی لێرەدا شیاوی ئاماژە پێدانن. یەکەم بۆنەیان جەژنی داهێنەرە (کە لە زمانی کوردیدا بە “جەژنی ئیزەد” ناو دەبرێت و هەموو ساڵێک لە لایەن ئێزیدییەکانەوە ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوە دەچێت و پەیوەندییەکی نێزیکی لەگەڵ “جەژنی خاوەنکار” لە ئایینی یارساندا هەیە، یارسان یەکێک لە سەرەکیترین ئایینە کۆنە کوردییەکانە کە تا هەنووکە ئەم ڕێوڕەسمەی بەڕێوە بردووە.) و دووهەمین بۆنەی جێگەی ڕێز و شیاو کە بە هەمان ڕادەی بۆنەی یەکەم گرینگە جەژنی نووڕۆژە بە ئاسانی دەکرێت بە “ڕۆژی نوێ” وەریبگێڕین کە وەکوو ساڵی نوێی کوردیی ئێمە دەناسرێتەوە. هەموو ساڵێک نووڕۆژ لە یەکەمین ڕۆژی هاوسەنگیی بەهار(اعتدال بهاری)دا کە هەمیشە ٢١ی مانگی مارس یان نزیک لەم ڕێکەوتەیە، جەژنی بۆ دەگیرێت و ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوە دەچێت.
نووڕۆژ، ڕۆژی لەدایکبوونەوە و بووژانەوەی “زەوین”ی دایکمانە. ئەو دایکی بووژێنەری هەموو بوون و ژیانی ئێمەیە. لە ڕۆژی نووڕۆژدا، ئێمە جەژن و ئاهەنگ بۆ دیارییە هەمیشەییە بەخشراوەکانی زەمین بە ئینسان لەوانە ژیان، گەشەسەندن، هەروەها ڕۆح و کرۆکی ئافراندنە جۆراوجۆرەکان (بە هەموو دەرکەوتە سەیر و سەسووڕهێنەر و مەترسیدارەکانییەوە) دەگێڕین. زەوینی ئێمە بە چاودێریکردنی هەمیشەیی و بەشکردنی دەستکراوانەی بەروبوومەکانی خۆی، گەشانەوە و سەرزیندووییەکی ئەفسانەیی کە لێوانلێوە لە شادی، هیوا و ژیانی پڕ پیت و بەرەکەت، بە ئێمە بەخشیوە. نووڕۆژ بیرمان دەخاتەوە و داوامان لێ دەکات بە ڕۆحی خۆشەویستییەوە ئاگادار و چاودێری هەموو ژیانی سەر زەوین بین و لەوەش گرینگتر ئاگاداربوون و پاسەوانیکردنمانە لە مانەوە و جێگیریی زەوینی دایکمان؛ ئەو دیارییە وەسفهەڵنەگرەی کە لە لایەن ئافرێنەرمانەوە پێشکەشمان کراوە. لەم ڕۆژەدا کورد سپاسی بێسنووری خۆی پێشکەشی ئافرین-دێ-کار؛ واتە ئافرێنەری “زەوین”ی ئێمە و هەموو ئەو شتانەی کە لە ڕووبەری بەربڵاو و ناکۆتادا جیهانی ئێمەیان گرتووەتە خۆی، دەکات.
هەر کولتوورێک، چ سێکۆلار بێت یان ئایینی، بە هەستێکی بێگەرد و تەندروست بە نەوای سەرسووڕمان و هەیبەتەوە، ڕەنگە بە ئاسانی پەیوەست ببێت بە جەژنی ئافرێنەری ئێمەوە، چونکە دەشێت هەڵگری ئەو ئارەزووە بن کە لەبارەی سەرچاوە و ئاخێزگەی جیهان (بە هەڵوێستەیەک لەسەر باوەڕە کەلتووری یان ئوستوورەییەکانی خۆیان) کونجکۆڵی و تامەزرۆیی بنوێنن. کاتێک سەرە و نۆرەی زانینی ئاخێزگە و سەرچاوەی نووڕۆژ دەگات، باشتر وایە بگەڕێینەوە بۆ دەقە مێژوویی و ئایینییەکان لەوانەش مێژووە زارەکییە نەریتییەکان کە بە ئاسانی لە چوارچێوەی پێکهاتە و ناوەرۆکی فولکلۆری کوردیدا دەبینرێنەوە، یان بگەڕێینەوە بۆ کردە و کردار و هەڵسوکەوتەکانی کۆمەڵگای هەنووکەی کوردی.
یەکێک لەو ئەفسانە باو و تا ڕادەیەک سامناکانەی کە زۆر جار ئێرانییەکان لەبارەی نەورۆز دەیگێڕنەوە، ئەفسانەیەکە کە تێیدا پاشایەکی ستەمکار بە ناوی “زەهاک” دەنوێنێتەوە کە دوو مار لەسەر شانەکانی ڕواون و هاتوونەتە دەر. لەم ئەفسانەیەدا پاشا ڕۆژانە مێشکی دوژمنەکانی دەخوات تاکوو بە شێوەیەکی کاتی تاسووق و حەزی چڵێسانەی مارەکان بۆ خواردن دامرکێنێت و بەپێی ئەفسانەکە پاشا بەم کارەی تا ڕادەیەک هەم دوژمنەکانی و هەمیش مارەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا دەهێشتەوە. ئەگەر پاشا لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبایات، ئەوا ئەم خزۆکە دڕندانە، کە ئیشتیا و تاسووقیان بەشێوەیەکی شووم و بەدفەڕ دانەمرکاو بوو، تەنانەت خودی پاشاشیان هەڵدەلووشی و دەیانخواد. دواتر، هەر بەپێی ئەفسانەکە، ئاسنگەرێک بە ناوی کاوە{کاوا} کە بەهۆی هەوڵ و هەنگاوە قارەمانەکانی وەکوو ڕزگارکەری قوربانییە زۆر و زەبەندەکانی پاشا ناسرابوو، لە دژی پاشا ڕاپەڕی. شۆڕشە بوێرانەکەی کاوە هەڵبەت سەرکەوتنێکی بێوێنە بوو و وەکوو ئەوەی لەم جۆرە ئەفسانانەدا باو و ئاساییە بە کوشتنی پاشای ستەمکار کۆتایی پێ دێت. هەموو خەڵکان لە هەموو شوێنێک بە باوەڕێکی دەروونییەوە لەوەی کە هەنووکە بە شێوەیەکی پەرجوئاسا دووبارە ئازاد و ئاسوودەن، دڵخۆش بوون. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ئەم پاشا ستەمکارە، هەموو خەڵک لە ئاهەنگێکی سەرانسەریدا ڕژانە ناو گوندەکانەوە. ئەمە ئەو ڕووداو و ڕێوڕەسمەیە کە فارسزمانەکانی ئێران پێی دەڵێن “نەورۆز”.
توێژینەوە و خوێندنەوەی وردتر لەسەر مێژووی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەریدەخات کە ئەم چیرۆکە لە سەرچاوەیەکی زۆر نوێتر، و هەروەها پڕوپاگەندەیەکی تەواو و ساختەکردنێکی چڕوپڕەوە هەڵدەقوڵێت. دەکرێت ئەمە وەکوو هەواڵی ساختە fake news ناو بهێنین، چونکە ئەمە لە بنەمادا ململانێ و کەمپینێکی سیاسیی نەرێنی بوو کە سەرچاوەکەی ئێرەیی بوو و لە لایەن خێڵێکی جێگیرکراو و مووچەخۆر کە لە ژێر حوکمڕانی پاشای ماددا بوون و دەیانەویست خۆیان لە کۆت و بەندی پاشایەتیی مەزن و بەهێزی مادەکان ڕاپسکێنن، وەڕێخرا و پەرەی پێ درا. سەرۆکی خێڵی ژێردەست (ها-خۆی-مانیش بەناوی خوازراوی “ئاکێمێنێد”ییەکان/هەخامەنشییەکان) یارمەتیی لەو ئاسنگەرە کوردە؛ واتە کاوە وەرگرت تاکوو لەڕێگەی پەرەپێدان بە چیرۆکی گاڵتەجاڕانەی مارەکان و بانگەشەی ساختەی ستەمکاربوونی پاشا بەنیسبەت خەڵکەکەیەوە، یارمەتیی ئاکێمێندییەکان بدات. مێژوو شایەتی ئەوە دەدات لە پاش شۆڕشێکی تووندوتیژ و خوێناوی، خێڵی ژێردەستە سەرکەوتن و توانییان پاشا لەسەر تەختی پاشایەتی بکێشنە خوارەوە. پاش ئەم ڕووداوە، ئیمپراتۆریی مادەکان کەوتە ژێر ڕکێفی کوروشەوە کە لەو کاتەدا شازادەیەکی گچکە و هەڵبەت کچەزای(کوڕەزا؟)ی پاشای کورد بوو و کە نزیکەی ٥٥٠ی پێش زاین دەژیا. لەگەڵ کوشتنی پاشا، خەڵکی ژێردەستە بەڕێوەبەردنی جەژنی خۆیان دەست پێ کرد کە لای فارسەکان وەکوو نەورۆز دەناسرێتەوە.
گێڕانەوەیەکی دیکەی مێژوویی دەڵێت مادەکان پاش سەرکەوتنیان لە نزیکەی ساڵی ٧٢٨ ی پێش زاین، بە زاڵبوون و هەیمەنەی کولتووری و سەربازیی دواتریان بەسەر خێڵە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێی چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس، دەستیان دایە دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەتی سەربازیی خۆیان. ئەم بیرکردنەوە ڕێکخراوە بوو بە هۆی دامەزرانی ئیمپراتۆریی مادەکان کە لەخۆگری ناوچەیەک دەبوو لە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە تا ئاسیای ناوەڕاست کە لە ژێر حوکمڕانیی پاشا کیاکسێرس(کای-خۆی-سرەو)دا بوو. لە سەردەمی کای-خۆی-سرەودا، کە لە ڕووی مێژووییەوە وەکوو یەکەمین قەیسەر(کایسار) دەناسرێت، مادەکان جەژنی نووڕۆژیان بۆ هەموو خەڵک لە ناو سنوورەکانی پاشایەتیی خۆیان بەڕێوە برد. مادەکان ناویان لە Ma-Da کە وشەیەکی کۆنە و لە دایەگەورە یان سادەتر بیڵێین Da بە واتای دایک/دایە وەرگیراوە واتە کەسێک کە کەلتووری دایک دەچێنێت و پەروەردە و پاراوی دەکات و بە ئێمەی دەبەخشێت.
ئەو چیرۆکانەی سەرەوە، یان بەگشتی چیرۆکانی لەو جۆرە کە لەخۆگری ئەزموونی کەلتوورەکان و دابونەریتی خەڵکانێکن کە پێش هاتنی مادەکان لە نزیکەی ١٧٠٠ ساڵ پێش زاین لە کێوەکانی زاگرۆسدا نیشتەجێ بوون، جەژنی هەنووکەیی نووڕۆژ دەنەخشێنن و بیچم و ڕوخساری وەدیار دەخەن. ئەم وتارە لەگەڵ هەموو ڕێزی بۆ ئاخێزگەی ئەم ئەفسانە دیرۆکییانە، چ چیرۆکە خەیاڵئامێزەکان و چ چیرۆکە مێژووییەکان، بە مەبەستی بنیاتنانەوە و ئافراندنەوەی چیرۆکە لەبیرکراوەکان و نەریتە کۆنەکانی نووڕۆژ نووسراوە. یەکێک لە چیرۆکە سەرەکییەکان لەبارەی نووڕۆژ دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش هاتنەسەر دەسەڵاتی مادەکان و تەنانەت هەڵدەپێکرێت بە جەژنێکەوە بە ناوی جەژنی بەهار کە لە لایەن خەڵکانی خۆجێیی مێزۆپۆتامیاوە بەڕێوە چووە. نووسینی ئەم وتارە لە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ خەڵکی کورد ئیلهامی وەرگرتووە، هەمان ئەو خەڵکەی کە کونجکۆڵییەکی قووڵیان لە هەناوی خۆیاندا بە نیسبەت لایەنە ڕۆحانی و مانەوەییەکانی جەژنی ناسراوی نووڕۆژ هەیە. ئەم وتارە کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو مێژوو دایە، کۆمەڵێک توخمی مادیی تایبەتمەند لەگەڵ مانای مانەوی و ئەو بەهایانەی کە کرۆک و ڕۆحی نووڕۆژ دەگوازنەوە، دەبینێتەوە و ئەگەری نواندنەوەی واقیعی تر و تەواوتری لە ماڵەکانی ئێمە (یان شوێنە گشتییەکان) لە ماوەی جەژنە ساڵانەکانی نووڕۆژدا دەڕەخسێنیت. ئەم وتارە بە مەبەستی دۆزینەوەی کلیلی پرسیارە سەرەکی و کونجکۆڵانەکان لەبارەی جەوهەر و مێژووی نووڕۆژ نووسراوە کە مانا ڕۆحانی و مانەوییەکانی لەڕێگەی توخمە مادییەکان و ئەو کەسانەی کە جەژنەکە بەڕێوە دەبەن، دەردەکەون.
تا ئەم دواییانەش بەهۆی سەرکوتکردنی سیستەماتیک و ڕێکخراوی کولتوور و مێژووی کورد لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابردوودا (کە بە هێرشی تورکەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کرد) و هەروەها نەبوونی نووسراوی تۆمارکراوی زۆر و زەبەند بە زمانی کوردی، بۆشاییەکی کوشندە لە بوونی کتێبی کوردیدا بۆ وەڵامدانەوەیەکی شیاو و گونجاو بەم پرسیارانە هەیە. بەمەبەستی پشتگیریکردن و پەرەپێدانی ئەم بۆچوونە سەرسووڕهێنەرە واتە دروستکردن و بەدیئانینی نەریتێکی نوێی لەدایکبووی نووڕۆژ لە نەریتێکی کۆندا، دەتوانین بپەرژێینە سەر ئەو باوەڕ و داب و نەریتانەی کە بەشێکن لە ژیان، کولتوور و ئیمانی کوردەکانی ئەمڕۆ. ئێمە هەروەها دەتوانین چاو لە نەریتی دەوڵەمەنی مێژووی زارەکیی خۆمان بکەین. لە کاتی توێژینەوە بۆ ناوەرۆکەکانی ئەم وتارە (و هەروەها خستنەڕوی توخم و ماکە پێشکەشکراوەکان لێرەدا) لە زۆرێک لە دەقە کۆن و دیرۆکییەکان کەڵک وەرگیراوە، هەموو ئەو چیرۆکە زەنگین و پڕ و پاراوانەی کە لێرە و لەوێ باسیان لێوە دەکرێت لە کوردستاندا ڕوویان داوە، و ئێستە بە ئاسانی لە زۆرێک لە کتێبخانەکانی ڕۆژئاوادا دەست دەکەون، بەهۆی نوسخە خەتییەکانەوەیە کە وەڵامدانەوەی زۆرێک لە پرسیارە نوێکان سەبارەت بە ئایدیا کۆنەکانی پەیوەست بە جەژنی نووڕۆژ، پۆڕاوە و زەمینەی بەرسڤدانەوەیان بۆ ڕەخساوە.
بەهەمان شێوە کە جەژنی پاک یان ڕابوون (ئیستەر/عید پاک) باڵاترین و پیرۆزترین ڕۆژی ڕۆحانیی لە ژیانی کەسێکی مەسیحییە و پەیوەستە بە هەستانەوەی عیسا لە گۆڕ و گەڕانەوەی لە مەرگەوە بۆ ژیانی نوێ یان ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە بیڵێین گەڕانەوەی بەهارە لە هەناوی بێڕۆحیی زوقمی زستان، نووڕۆژیش هەمان پەیام و هەواڵی نۆژەنبوونەوە و لەدایکبوونەوەی ژیان و هیوا (بە جیاوازییەکەوە) بە ئێمە دەگەیەنێت. لە کولتووری کوردیدا ئێمە دەزانین کە ئەم لەدایکبوونەوەیە شتێکی زاتی و هەناوەکیی خودی سرووشتە و ماوەیەکی درێژ پێش لە هەبوونی ئینسان هەر لەئارادا بووە واتە بەر لەوەی کە ئێمە هەر پێکهاتەیەک لە کولتوور، ئایین و ڕۆژژمێر بهێنینە ئاراوە تا ئەم سووڕەی ژیان لە چوارچێوەی گۆڕانی شێواز و ڕابوونی مرۆییدا بنوێنینەوە، هەر هەبووە. لە پاڵ بەرزەڕۆیی و باڵاکردنی مانەوی و ڕۆحانیی لە ناو چەمکی ئیلاهیی پەسڵان(رستاخیز-معاد) و ژیانی ئەبەدی، دەکرێت توخم و ماکە مادی و فیزیاییەکان بدۆزینەوە کە نوێنگە و نواندنەوەی ئەم لەدایکبوونەوەیە لە هەناوی مەرگ، شادی لە دڵی خەم، هیوا لە ڕۆحی بێهیوایی، گەرما لە ناو سەرما و سەما و مۆسیقا لە کرۆکی شین و شیوەنە.
ئەمەش ئێمە بەرەو پرسیارەکانی یەکێک لە ئەندامانی دڵۆڤانی کۆمەڵەی فێرکاریی ئەمریکی-کوردی (KAES) پەلکێش دەکات، کاتێک کە پرسی، چۆنچۆنی دەتوانین نەریتە دێرینەکانی نووڕۆژ ببووژێنینەوە، و چ توخم و ماکگەلێک بۆ سەر مێزی نووڕۆژ و نومایشکردنیان هەڵدەبژێردرێن؟ و ئەم توخمانە چ دەلالەتانێکیان هەیە؟ (KAES) بەختەوەرە کە ئەم وتارە لە وەڵامی ئەم چەند پرسیارە ژیرانە و باڵکێشە بنووسێت. ئایدیای داهێنانەوەی مێزی نووڕۆژ دەبێت لە بنەوەڕا و لەسۆنگەی بەکارهێنانی ڕاخەرێکی نەریتی(خوانی-نووڕۆژ) دەست پێ بکات، کە دەکرێت کۆمەڵیک ماک و توخم بە بەهای کەلتووری و مانەوییەوە لە ماوەی جەژنی نووڕۆژدا لەسەری دابنرێت و نومایش بکرێت. بەپێی لێکدانەوەیەکی ورد و پڕزەحمەتی نەریتە مێژوویی و کولتوورییەکان، دوازدە ئایتێم و هەڵبژاردە بۆ نومایشکردن لە سەر خوانی نووڕۆژ لە ژێر ناوی سوفرەی-نووڕۆژ یان (خوانی-حەوت-تەن)، کە لە ناو باوەڕمەندانی ئایینی یارسان بە مانای “جەژنی حەوت فریشتە” دەناسرێتەوە، هەڵبژێردراون. هەندێک لەم توخم و ماکانە بەشانێکی هاوبەشن لە جەژنی ئێستاکە لەگەڵ هەندێ زیادکراوەی نوێ کە کۆمەڵێک بەهای مێژوویی و ڕۆحانیی قووڵتر کە لە هەناوی مێژووی دوور و درێژی کولتووری کوردییەوە هەڵدەقوڵێن و سەرچاوە دەگرن، پیشان دەدەن. ئەم بابەتە دەوڵەمەندکردنی هەمان پرۆسەی پێڕەوکراوە لە ڕاخستنی ڕاخەرەکەدا کە بۆ پیشاندان و نواندنی کۆمەڵێک شتی وەکوو شیرینییە بەتامەکان، گوڵەکان، دیارییەکان و ئایتێمە بەهادارەکانی دیکە لە ماوەی جەژنی ٣ ڕۆژەی نەریتیی نووڕۆژدا بەکار دەهێنرێت.
ئەو مێزەی نووڕۆژ کە لێرەدا پێشنیار کراوە، بە مێزێکی پان و تەخت یان ئەگەر ئاسانتری بکەین بە ڕاخەرێکی پەڕۆیی دەست پێ دەکات کە لانیکەم دوانزە ماک یان توخمی ڕازێنەری لەسەر دادەنرێت و هەر توخم و ماکێکیش پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ مێژووی کەونارای ژیان لە کوردستاندا هەیە و لە خوارەوە باسیان لەسەر کراوە:-
١-ماکی یەکەم:- ڕووناکی، مۆمێک تاکوو “ڕۆژ” بنوێنێتەوە، “ڕووناکی” و “ئاگر” واتە نووڕۆژ. بەدیاریکراوی، خۆر کە خودای کەونینەی ئاسمانە بەرپرسی دروستکردنی ڕووناکی و ژیانە. خودای خۆر، میترا یان (ناسراو بە یەزدان)، نیشاندەری خۆشەویستی بێمەرج و ئیمانی پتەوە. میترا وەکوو “خودای بەڵێندراو”ە کە وشەی “میهر-بان”، یان باڵاترین خۆشەویستی هاوشێوەی وشەی یۆنانیی (ئاگاپە) لە ناوی ئەوەوە وەرگیراوە. نومایش و نواندنێک لە خۆشەویستیی خودای-خۆر لە ماوەی جەژنی نووڕۆژدا، بە دروستکردنی ئاگری کڵپەدار و بازدان بەسەریدا و خوێندنی سروودگەلی سەرکەوتنی ڕووناکیی دادپەروەری بە سەر تاریکیی ستەمکاری، نەزانی و فریودا پێشکەش دەکرێت. هەر بۆیە، لەسەر ئەم بنەمایە مێزی نووڕۆژ دەبێت هەمیشە بە ئەرخەیانییەوە بە ڕووناکی و نووری مۆمە پڕتیشک و گەشەکان و شتانی هاوشێوەی بخەمڵێنرێت.
٢-ماکی دووەم:- کۆزەیەک ئاوی زوڵاڵ و خاوێن. ئاو، ڕەمزی پاکی و سەرچاوەی ژیانە. لە کتێبی ڤەداهاتن(پیدایش)دا هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات لە کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و بەناو باخی عەدەندا تافەیان دێ و دەخوشن. ئاوەکە دەبێت ڕۆژانە بەکار بهێنرێت و بە لانیکەمەوە شەش پەرداخ لە ڕۆژێکدا بۆ هەر ئەندامێکی خێزانەکە پڕ بکرێتەوە. هەروەها دەکرێت ئاوێک کە ناخورێتەوە وەکوو فوارەیەکی بچووک پیشان بدرێت کە نیشاندەری تاڤگەی کوێستانییە کە لە کوردستاندا فرە و فراوانە. لە ڕاستیدا باخی هەڵپەسێردراوی بابیل بۆ دڵنەوایی کچە شازادەی کوردی بەناوی ئامیتیس کە لەگەڵ نەبووکەدنەسەر(بەختەنەسر)ی دووەم هاوسەرگیری کردبوو دروست کرا تاکوو بیرخەرەوەی تاڤگەکانی وڵاتەکەی لە کێوە کوردییەکانی باکوری بابیل بێت.
٣-ماکی سێیەم:- لاسکێک یان دەسکەنێکی گچکە لە گەنم لە ناو بەستێنێکی تازە چرۆکردووی گەنم. هەر دووکیان دەبێت بە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ بپێچرێنەوە. کوردستان بەوە ناسراوە کە کەوانەیەکی هیلالیی بەپیت دەوری تەنیوە و بە شوێنی چاندنی پێشوەختەی گەنم و ئاودێری و کشتوکاڵی بەپیت و بەرەکەت هەژمار دەکرێت. ڕەگی گەنمەکە لە چاوەی لاسکەکەی سەر زەوی درێژترە و ئەمەش نیشانەیەکی ڕەمزییە بۆ مێژووی قووڵی کوردستان. دانانی لاسکە دروێنەکراوەکانی گەنم و چرۆ سەوزەکانی نیشاندەری پیت و بەرەکەتی دووانەی بووژێنراوی خۆراک و ڕۆحە کەواتە ژیان لە کۆنەوە بۆ نوێ خەریکە دەبووژێتەوە و دادێتەوە.
٤-ماکی چوارەم:- لقێک (یان دوو) لق زەیتوون و پەرداخێکی گچکە لە ڕۆنی زەیتوون. لە پاڵ داربەڕووە خۆشەویستەکانی ئێمە، دار زەیتوونەکان وەکوو کۆنترین دارەکانی وڵاتمان هەژمار دەکرێن و لە کوردستاندا بەشێوەیەکی زۆر و زەبەند دەڕوێن. دار زەیتوونە بەتەمەن و زیندووەکان هێشتاش پەرستگەی خیار-باش-کە( کە وەرگێڕدراوە بە: “دیاریی هاوبەش بکەن” زیاتر لە دە هەزار ساڵ پێشینەی هەیە)یە کە لە ژێر ناوی گوپکە تەپە (کە وەرگێڕانی وشە بە وشەی دەکاتە: تەپۆڵکەیەکی قوتبووگ وەکوو گۆنا)ش دەناسرێتەوە، لە ئورفا لە کوردستان دەڕازێنێتەوە. ڕۆن زەیتوونی بەرهەمهاتوو لەم بەشەی کوردستان باشترین و بەرزترین کوالێتیی هەیە. ئەم ڕۆن زەیتوونە بێگەرد و بێخەوشە بۆ مەسح (ماڵین یان هەنوین/هەنواندن) و هەروەها وەکوو دەرمانێکی تایبەتیش بەکار دەهێنرێت. کاتێک بەکار دەهێنرێت، بە یەک کەوچکی نانخواردن لە ڕۆژێکدا، هێزی شیفابەخشین بۆ هەر دووکی لەش و گیان دابین دەکرێت. دانانی کۆزەیەکی بچووکی ڕۆنی زەیتوون و بەکارهێنانی ڕۆژانەی، بەشێکە لە ڕێوڕەسمی جەژنی نووڕۆژ.
بایەخی زۆری چڵە زەیتوون دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکەکانی پەیوەست بە سێڵاو و لافاوەکان لە دەشتەکانی مێزۆپۆتامیادا. تۆفانی یەکەم لە حەماسەی سۆمەریی گیلگامێشدا باسی هاتووە. ئەوەی لە سۆمەر لە حەماسەی ناوبراودا ماوەتەوە شاری سۆمار لە کرماشان، لە نزیک شاری گێڵانی-غەرب(ڕۆژئاوا)یە کە لە دەشتەکانی خوارووی مێزۆپۆتامیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لەم چیرۆکەدا حەکیمێک بەناوی “ئوتناپیشتیم” (کە وا مەزندە دەکرێت “هاتن پشت” واتە بەرەکانی داهاتوو بێت) یەکەمین کەشتیی دژەئاوی دروست کرد تاکوو بنەماڵە و مرۆڤایەتیی لە تۆفانی سەرکێش ڕزگار بکات. ئەو کەشتییەکەی خۆی لە سەر بەرزاییەکانی “کێوی ڕزگاری” کە لە نزیک شاری سلێمانیی لە کوردستانە، جێگیر کرد. ناوێکی دیکەی کێوی ڕزگاری “پیرە-مەگروون” یان پیرە-گووردۆن، یان پیرە-کوردۆن”کوردی کۆن”ە، کە ڕەنگە ئاماژە بێت بە خودی ئوتناپیشتیم لە چیرۆکی تۆفانی سۆمەریدا، لە چیرۆکی کەشتییەکەی نووح و تۆفانە گەورەکەشدا، هاوشێوەی ئوتناپیشتیم، نووح کەشتییەکی دژەئاو دروست دەکات، ئەگەرچی تەنانەت گەورەتریش دروستی دەکات بۆ ئەوەی بنەماڵەکەی و جووتێک لە هەر بوونەوەر و گیاندارێک لەگەڵ خۆی هەڵگرێت. ئەم جارەیان پاش ٤٠ ڕۆژ بارانبارینی بەردەوام و هەروەها چاوەڕوانییەکی ١٥٠ ڕۆژەی دیکە تاکوو ئاوەکە ڕۆنیشێت، دواجار کەشتییەکەی بە سڵامەت لە کێوی کوردو(کێوی جوودی) لە نزیک شاری کوردنشینی جزیرە جێگیر کرد.
لە گەڕان و پشکنینە مێژوویەکان بەدوای کەشتییەکەی نووحدا، دەبێت سەرنجی کێوێک بە ناوی “نووا-کوو”(چیای نووا)ش بدرێت کە زۆر لە شاری سۆمار لە نزیک شاری سەرپێڵی-زەهاو، کرند، و گێڵانی_غەرب(ڕۆٶژئاوا) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوور نییە. لە چیرۆکی تۆفانی نووحدا، بۆ تاقیکردنەوەی ئەمەی کە ئایا زەوین بۆ گەڕانەوە ئامادە و ئەرخەیانە یان نا، ئەو دواجار دەلاقەکانی کەشتییەکەی کردەوە تاکوو هەوای تازە بێتە ژوورەوە، و دواتر بڕیاری دا کۆترێک بەرەڵڵا بکات تا بزانێت ئایا کۆترەکە دەگەڕێتەوە یان لە لافاودا دەخنکێت. بەخۆشحاڵییەوە کۆترەکە لە کاتێکدا کە چڵە زەیتوونێکی بە دەنووکەوە بوو، گەڕایەوە بۆ ناو کەشتییەکە. ئەمەش نووحی تێگەیاندا کە زەوین جارێکی دیکە سەر ئاو کەوتووە و ئاوان ڕۆنیشتوون و هەروەها دار زەیتوونەکان زیندوو ماونەتەوە و دووبارە سەوز دەبنەوە. لە ئوستوورە کوردییەکاندا ئەم ڕۆژە (واتە ئەو ڕۆژ و ساتەی کە کۆترەکەی نووح گەڕایەوە بۆ ناو کەشتییەکە) وەکوو یەکەمین جەژنی نووڕۆژ، ڕۆژی ڕزگاریی مرۆڤایەتی، پاقژبوونەوە و ڕۆژی لەدایکبوونەوە و دەرکەوتنەوەی دووبارەی زەوینی دایک و بەخشندە(دا-هەردە!/دایک-زەوین/کێو/هەرد) دەناسرێتەوە.
٥-ماکی پێنجەم:- دۆ وشکە(کەشک)، بەرهەمێکی شیرەمەنییە کە لە پاش ئاو وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی ژیانە دوای لە دایکبوون. ئەو کەسانەی لە ناو کەشتییەکەی نووحدا بوون بە مەبەستی زیندوومانەوە خۆراکیان دەدایە ئاژەڵان و لە شیرەکەیان بۆ دروستکردنی خواردنگەلێکی وەکوو لیوی، بێلکاف(فرۆ/شیرماک)، ماست(یۆگوورت)، دۆ(ماست-ئاو)، پەنێر، ڕۆن، دۆوشکە و شیرەمەنییەکانی دیکە کەڵکیان وەردەگرت. لەم ڕۆژە نوێیەدا(نووڕۆژ) کاتێک نووح بنەماڵە و ئاژەڵەکانی ناو کەشتییەکەی بەرەڵڵا کرد، بەرەو چیاکانی زاگرۆس ڕۆشتن. ئەوان بەو لێهاتوویی و لێزانیانەی کە لە ئاژەڵداریدا هەیانبوو ئەگەرچی زۆریش نەبوو تێیدا شارەزا بووبوون، دەیانزانی چۆناوچۆن لە بەرهەمەکانی ئاژەڵان لە سەر زەوی، بەهەمان شێوە کە لە کەشتییەکەدا بەکاریان دەهێنا، بە باشی کەڵک وەرگرن. لە کەلتووری کوردیدا، شوانەکان، جووتیاران و خەڵکی ئاسایی هەر هەموو بەنیسبەت ئەو ئاژەڵانەی کە هەر لە سەرەتاوە و هەروەها لە ماوەی تۆفانە مەزنەکەدا بەشێوەیەکی بەردەوام یارمەتی مرۆڤیان داوە تاکوو درێژە بە ژیان بدات، خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆر هەیە. (دەو) کە لە ئاوی پەنیری وشکەوەبوو و هەڕدراو تێکەڵ دەکرێت و بەم شێوەیە بەرهەم دێت، خواردنەوەیەکی تەندروست بۆ بەکارهێنانی ساڵێک دروست دەکات.
٦-ماکی شەشەم:- میوەی تازە و شەوچەرە؛ پێنج میوەی پیرۆز لە کولتووری کوردیدا بریتین لە هەنار، هەنجیر، سێو، ترێ و هەروەها گێلاس. دارەکانی گوێزی کەژی، بادام، پستە و گێلاس و هەموو ئەو میوانەی دیکە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ درا، ڕووەکی ڕەسەنی کێوەکانی زاگرۆسن. و ئەو نموونە و چەشنە خۆماڵیانەش ئێستە هەمانە هەر لەم دارە کێویانەوە وەرگیراون و ماونەتەوە. ئەمانە وەکوو میوە و شەوچەرە(چەرەزات) پیرۆزە کوردییەکان هەژمار دەکرێن. هەر کام لەمانە بەڕادەی خودی وڵات و خاکەکە مانا و دەلالەتی کۆن و دیرۆکییان هەیە. لە نەریتی کوردیی یارساندا، هەنار سەرچاوەی “ئاوسبوونی پاکیزە و زاوزێکردن”ە کە لە تاقە فریشتەیەکی باڵا و موقەڕەبەوە، جەوهەر و گوشراوەی ئیلاهی گوازرایەوە بۆ ژنێکی پاکیزەی شەقڵنەشکاو بەناوی ڕازبەر، کە لەمەش “سوڵتان سەهاک، هاوشێوەی زەهاک!، خودای ئیسحاق؛ پیاوچاک و قیدیسێکی یارسان” لەدایک بوو. بڕوایەک کە شوێنکەتووانی ئایینی یارسان هەیانە هاوشێوەی لەدایکبوونی عیسا مەسیح واتە بە جەستەبوونی خودایە لە قاڵبی مرۆڤێکدا و لێرەدا سوڵتان سەهاک باوەڕی وایە کە جەوهەری جەستەی ئیلاهی لە مرۆڤدا دەردەکەوێت. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەمە نە یەکەمجار و نە دواهەمجار دەبێت کە جەوهەری ئیلاهی بەو مەبەستەی کە هەموو ئێمە بەرەو ڕێگەی ڕاست و دروست ڕینوێنی بکات، بگۆڕێتە سەر شێوەی مرۆڤ.
هەنجیری شاخەکانی زاگرۆس بەشێوەیەکی بەرفراوان و ئازادانە لەگەڵ کۆمەڵێک داری میوەی کێوی و لەوانەش هەنجیری چیایی کە دیارترینیانە، بڵاو بوونەتەوە. هەنجیری وشکی چیایی بەشێوەی سرووشتی شیرینە و دەکرێت وەکوو بەشێک لە ماکە باسکراوەکان لە بەشی ماکی حەوتەمدا نومایش بکرێت. گەڵای دار هەنجیرەکانیش لە زمانی کوردیدا مانایەکی ڕۆحانی سەرنجڕاکێشیان هەیە چونکە بابە ئادەم و دایە حەوا گەڵای هەنجیریان وەکوو سیپاڵ بۆ داپۆشینی خۆیان بەکار هێناوە. بەشێوەیەکی گونجاو ئەمە خاڵێکی سەرنجڕاکێشە کە وێنەسازیی زمانی کوردی لەگەڵ وێنای کتێپی پیرۆز لە سیپاڵ وێک دێتەوە و دەپۆڕێت، بەتایبەتی لەو شوێنەی وا ئێمە دەبینین کە وشەی سیپاڵ(پۆشاک) لە زمانی کوردیدا “جل-و-بەرگ”ە و مانای سەرەکیی دەبێتە “بەرگ/پۆشاکی پێشەوە”. وێنەیەک کە تێیدا ئادەم و حەوا لە لایەن زۆرێک لە وێنەکێشانی کلاسیکی دانیشتووی باغی عەدەن کێشراوە پیشانی دەدا کە یەکەمین ئامرازی ئەوان بۆ داپۆشینی خۆیان گەڵای هەنجیر، واتە “جل-و-بەرگ” بووە. سێو، بەپێچەوانەی ئەو شتەی وا وێنا دەکرێت کە گوایە میوەی وەسوەسە و فریودانە، لە ناو شوێنکەوتووانی ئایینی یارساندا میوەی تەندروستی و گەشانەوەیە، و لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی ڕۆحانیدا پیرۆز دەکرێت و دواتر وەکوو “بەش=هاوبەش” لە لایەن ئامادەبووانەوە دابەش دەکرێت. ئەم میوەیە باشترین گەشە و باڵاکردنی لە گوندێکی بەناوبانگ بەناوی تووت-شامییە کە شوێنگەی یارسانەکانە. تووت-شامی لە دەربەندێکی تەنگ هاوشێوەی دەربەندێک لە ناوچەی گۆران(دەربەندی سێوی کوردی) هەڵکەوتووە کە چۆمی زمکان (کە بە هەندێک مەزەندەوە وەکوو سەرچاوەی ئاوی “زەم زەم” باس کراوە) هێشتاش بە ئاوە هێور و شووشەییە شینەکانییەوە بەپاکی و زوڵاڵی تێیدا دەخوشێت و تافەی دێت. لە سەرچاوەی چۆمەکەدا، کانییەک هەیە کە لەوێ ئیمانداران حەوزچەیەک دروست دەکەن و پڕی دەکەن لە سێو. ئەم سێوانە بە ڕەنگی جۆراوجۆرن و بینینیان کاتێک بە هەر هەڵقوڵانێکی کانییەکە دەجووڵێنەوە مرۆڤ شاد و گەش دەکات، کە دواتر ئارام و هێوریش دەبنەوە بە خۆشحاڵییەوە لە ناو بەشداربوواندا دابەش دەکرێت. لە کەلتووری کوردیدا دوو گەنجی ئەویندار، سێوێک وەکوو یاری کە بە مێخەکی تەواو وشککراوەوە خەمڵێنراوە لە نێوان خۆیاندا دەگۆڕنەوە تاکوو ئەمە ببێت بە ڕەمزی پەیوەندی و لێکئاڵانی دۆستانەیان.
دواهەمین بەڵام نەک کەمبایەخترینی ناو میوەکان کە دەبێت لەسەر میزی نووڕۆژ هەبێت، ترێیە. ترێ هەر لە پێستە تەنکەکەیەوە تاکوو ناوکەکەی سوودی زۆر هەیە و بە شێوەی جۆراوجۆر بەکار دەهێنرێت. دانیشتووانی دێرینی چیاکانی زاگرۆس بەهۆی تواناییان لە دروستکردنی کژمیژ(کشمش) و گوشراوەکەی یان وەکوو دەڵێن “ڕۆحەکەی” بەنابانگن. شەراو یەکێک لە ناوازەترین بەرهەمەکانە کە لە ترێ وەردەگیرێت و لە زمانی کوردیدا پێی دەڵێن “شەر-ئاو” واتە “ئاوی شەڕ”. شەڕ وشەیەکی سامییە کە بە مانای “ڕووبەڕووبوونەوە” و (ئاو)یش بە مانای (ئاو) دێت. ئەگەر بە شێوەیەکی زیادەڕۆیانە شەراو بنۆشرێتەوە وەکوو دەڵێن”مەشرووب”، “شەڕ-ئاو”ە واتە دەبێتە هۆی گێچەڵ و تووندوتیژی. هەروەها ئەمەش جێگەی سەرنجە کە کۆنترین کارگەی شەراوی ترێ و ئاوجۆی دانەوێڵە لە چیاکانی زاگرۆس بینراوەتەوە کە لە لایەن “کوردە کۆنە چیاییەکان” دروست کراوە و وشەی ئەلکول لە وشەی کوردی “هەڵ-کوڵ” وەرگیراوە کە بە مانای کوڵاندن لەڕێگەی زیادکردن یان کەمکردنی(“قوڵ/کوڵ”دان بەهۆی شۆڵەی ئاگر)ەوەیە. کۆی میوەکانی سەرەوە نەک تەنها ڕەنگاڵەیی و ئاڵاواڵایی دەبەخشن بە خوانی نووڕۆژ بەڵکوو تام و بۆی تەندروستی و گەشانەوەش بەدیاری دەهێنن، کە دەبێت لە جەژنی ساڵانەی نووڕۆژدا، کە بەدروستی دەکرێت بە لەدایکبوونەوەی زەوین لەکاتی هەڵقوڵان لە ئاودا ناوی ببەین، ئەم خوانەیان پێ پڕ بکەین و بیڕازێنینەوە. لەم نێو چەرەزاتەکاندا گوێز پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
گوێز پیرۆزە چونکە لە شێوەی مێشکی مرۆڤە، سەرچاوەی زیرەکیی مرۆڤ و هۆی بەڵگەهێنانەوە و کرۆکی ئاوەزی مرۆڤە. شوێنکەتووانی ئایینی یارسان لە ڕێوڕەسمی تێپەڕاندندا لە گوێزێک کەڵک وەردەگرن کە پێستێکی قاییمی هەبێت( ئەگەریش ئەو جۆرە گوێزە بەردەست نەبوو ئەوا لە گوێزی هیندی یان ماکادامیا کەڵک وەردەگرن) تاکوو لەبەردەم مێرمنداڵێکدا(کچ یان کوڕ) کە تازە لەگەڵ ئایینی یارسان ناسیاوەتی پەیدا دەکات، بیشکێنن. بەشێوەیەکی ڕەمزی، مێرمنداڵ(کوڕ یان کچ) توێکڵی قاییمی خۆی(کەللەسەر) دەشكێنێت(دەکاتەوە) تاکوو نووری هەقیقەت، ئەقڵ و دروستی بچێتە مێشکییەوە. پستە و بادامی کێوی وەکوو چەرەزاتی بەهارە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت( وەنەوشک-قەسقەوانی سەوز و بادامی سەوزی تەڕ نموونەیەک لەوانەن). وەکوو بخور و مۆر پێستە بۆنخۆشەکانیان شیلە و گوشراوەیەک دەداتە دەرەوە کە هەم بۆ خواردن دەشێن و هەم بۆ بەکارهێنان وەکوو دەرمان و لە کاتی سووتانیشیان بۆنێکی خۆشیان هەیە.
٧-ماکی حەوتەم:- شیرینەمەنیی بەتام؛ حەوتەمین ماک و توخمێک کە بۆ ڕازاندنەوەی مێزی نووڕۆژ(خوانی-حەوت-تەن)بەکار دێت، جۆرەکانی شیرینیی سرووشتی و ماڵییە. زۆربەی شیرینییە کوردییەکان لە میوە وشکەکان یان هەڕدراوەی گوێز و دانەوێڵە بە تێکەڵکردن لەگەڵ شیر و کەرە دروست دەبێت. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە هەنجیر و خورما و شیرینییەکانی وەکوو بژی، گردە و قەیماخ(کەیماک) بکەین کە بە بەهاراتەکانی وەکوو زیرە، ڕازیانە، زافەران، زەردەچۆ، هەنگوینی کێوی و بەهارات و ڕووەکە خۆماڵییەکانی دیکە کە خۆڕسکی ڕەسەنی کوردستانن، ئامادە دەکرێن. لە ڕاخەری نەریتیی کوردیی نووڕۆژدا، ماکەکانی ٥ و ٧ دەکەونە پاڵ یەکدییەوە و ڕەنگە پێویستیان بە تەواوکردن و زیادەکردن هەبێت چونکە ئەمانە بۆ دیدەنی و بینینی مێوانەکان و هەروەها بۆ چیژوەرگرتنی منداڵەکانن لە ماوەی سێ ڕۆژەی جەژنی نووڕۆژدا.
٨-ماکی هەشتەم:- گوڵەکان. لە وەرزی بەهاردا چیاکانی کوردستان بژاردە و کۆمەڵەیەکی سەرسووڕهێنەر لە گوڵ نومایش دەکەن کە لە ڕووی شێوە، ڕەنگ و بۆنەوە جیاوازن. لە ناویاندا دەکرێت ئاماژە بە بەناوبانگترینیان واتە نێرگز(کە ڕەمزی نەریتیی نووڕۆژە)، گوڵە شلێر، گوڵە سوورە، سومبول، گوڵەباخی(ڕۆز) و هتد بکەین. ڕازاندنەوەی مێزی نووڕۆژ بە هەر کام لەم گوڵانە ڕۆح و هەوایەک لە گەشانەوە، شادی و بۆن و بەرامەی هیوابەخشی بەهار پەلکێشی ناو ماڵەکان دەکات.
٩-ماکی نۆیەم:- کتێبی چیرۆک و حیکایەتبێژی. ئەم کتێب(یان کتێبانە) دەکرێت بژاردەیەکی تاکەکەسی بن کە باوک و دایک بۆ منداڵەکانیان هەڵیدەبژێرن و بۆیان دەخوێننەوە، یان ڕەنگە دایک و باوک هەر بۆ خۆیانی بخوێننەوە تاکوو چیرۆکەکانی شادی و سەرکەوتنی بەها باڵاکانی خۆیان بە باشی لە یادگەیان جێگیر و پتەو بکەن. ئەم کتێبانە دەشێت کتێبە باوەڕمەندانەکان، شێعر یان مێژووی بنەماڵەش بێت.
١٠-ماکی دەیەم:- سندووقی گەنجینە. وا باوە کە بە بۆنەی نووڕۆژەوە، دایک و باوک جل و بەرگی نوێ بۆ منداڵەکانیان دەکڕن و وەکوو دیارییەکی تایبەت پارەی کاغەزیی نوێ و بەکارنەهێنراو دەدەنە منداڵەکان. وەرگرتنی دراوێکی ئاسنینی زێڕینی بچووک بۆ منداڵان نەریتێکی زۆر بەبایەخ و باڵایە چونکە ڕەمزێکە لە ئیمانێکی بێخەوش بە بەها باڵا ئەخلاقییەکان، بەها خێزانییەکان، بەخشندەیی و هاوبەشێتی و دابەشکردنی سەرمایە و سامان لەگەڵ کەسانی دیکە.
١١-ماکی یازدەیەم:- سندووقی ئاواتەکان(بەدیهێنەری ئاواتەکان) کە سندووقی بڕیاریشی پێ دەڵێن. لە ڕیگەی ئەم سندووقەوە بابە و دایە و منداڵان دەتوانن ئاوات بۆ یەکدی بخوازن یان یادداشتێک بۆ یەک بنووسن تاکوو ساڵی نوێی لەبەردەم بۆ هەموو پرسە خێزانییەکان ساڵێکی باشتر بێت و هەموو هیوا، ئاوات و ئامانجەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.
١٢-ماکی دوانزەیەم:- دەفتەرێکی سپی بۆ یادداشتەکان. ئەم دەفتەرچە بچووکە دەبێت وەکوو دیاری بدرێت بە هەر منداڵێک، و دەبێت لە درێژەی ساڵی لەبەردەمدا بەکار بهێنرێت تاکوو هەموو بیرەوەرییەکانی خۆی لەبارەی ڕووداوەکان و ئەزموونە گرینگەکان لە ماوەی ساڵی بەردەمدا تۆمار بکات و هەمیش ساتە خۆشەکان و ساتە ناخۆشەکان بنووسێتەوە و هەروەها بۆ نووسینەوەی ئەو بیرۆکە و بۆچوونانەشە کە ئیلهامبەخشی منداڵان دەبن بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر و ڕووناکتر. بەم شێوەیە لە درێژەی ساڵاندا دەفتەرچەکانی یادداشت دەتوانن وەکوو سەرچاوەیەکی کۆیی بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆیان یان بنەماڵەکانیان چاویان لێ بکرێت.
ئامادەکاریی بۆ گەیشتن و داهاتنی نووڕۆژ لە چەندین ڕۆژ پێشترەوە دەست پێ دەکات و هەر بنەماڵەیەک ڕاخەرێک یان مێزێک کە بەو ماکانەی سەرەوە رازێنراوەتەوە و بە گوێرەی مرخ و سەلیقە و داهێنانە هونەرییەکانی خۆیان ڕێکخراون و چنراون، ئامادە دەکات. هاوکات لەگەڵ گەیشتنی ساتەوەختی نووڕۆژ، “هاوسەنگی”ی وەرزیی بەهار ئەوا جەژنی نووڕۆژیش دەست پێ دەکات، سەرەتا هەموو ئەندامانی بنەماڵە بە سڵاو و ڕێز و لە ئامێزگرتنی یەکدی و ئاواتخواستنی ساڵێکی نوێی پڕ فەڕ و پیت بۆ یەکتر، دیارییەکانیان پێشکەشی یەکدی دەکەن و دیدەنیی لە دراوسێ و خزمەکان دەکەن. دواتر وردەوردە خەڵک ڕێگای خۆیان بەرەو دەرەوە و بۆ سەر زەوی و ناو مەزراکان و داوێنی چیاکان دەگرنە بەر، و لەوێ کۆمەڵێک ئاگری کڵپەدار بۆ بازدانی سەرکەوتوانە، خۆش و ساز کراون. مۆسیقاژەنەکان خەریکی تەپڵلێدانن و گۆرانیبێژەکان گۆرانی دەڵێن و خەڵکیش بە لەبەرکردنی جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگی جۆراوجۆر هەڵدەپەڕن و هاوکات ڕاخەرانێکی جۆراوجۆری زۆر و زەبەندیان بە میهر و سۆزەوە ئامادە کردووە کە پڕە لە هەموو جۆرە خۆراکیی و خواردەمەنیی بەتام بۆ هاوبەشکردن لەگەڵ دۆستان و بنەماڵە و تەنانەت ئەو بێگانە و ڕێبوارانەش کە بەهەڵکەوت هاتوون بۆ دیدەنی و بینین و دواجار ئاواتی نەورۆزە پیرۆزە دەخوازن(نووڕۆژ-پیرۆز). بەڵکوو هەموو ئەم ماکە مانادار و نەریتی و لە هەمان کاتدا لەبیرکراوانە؛ ماکە ڕۆحانی و مانەوییەکانی ئێمە، ماڵ و ژیانی ئێوە بڕازێنێتەوە و هەر بە شادی و تەندروستیی زۆرەوە لە درێژەی هەموو ساڵەکەدا و لە هەر جەژنێکی نووڕۆژدا ڕۆحییەت و گیانی ئێوە ببووژێنێتەوە و پڕ لە وزەی بکات.
نووسەر: ئەردەشیر ڕەشیدی-کەڵهوڕ، سەرۆکی کۆمەڵەی فێرکاریی کوردی-ئەمریکی، لۆس ئانجێلێس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاراس ڕۆژهەڵاتی