ڕێککەوتنی١٠ی ئازاری (٢٠٢٥ ) لە نێوان ئەحمەد شەرع (جۆلانی)، سەرۆکی کاتی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕووداوێکی گرنگی سیاسییە لەسەر گۆڕەپانی ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، کە لە بارودۆخێکی ئاڵۆزو ڵێڵی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی گۆڕا و خێرای داینامیکی هاتووەتە ئاراوە. ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدا واژۆ کراوە کە دەسەڵاتی ناوەندی سوریا پاش کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان و گرژی نێوان پێکهاتەکانی سوریا لە لاوازترین باردۆخی خۆیدایە، سەرەڕای ناڕەزاییە نێودەوڵەتیەکان، لە هەمان کاتدا لایەنی کوردی بەهۆی دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو لەسەرکەوتنی شەڕی دەوڵەتی تیرۆرستی داعش لە ( ئێراق – شام) و بەدەست ھێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی توانیویەتی پێگەیەکی جێگیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکبهێنێت، هەروەها توانی ئیدارەدانێکی خۆبەڕێوەبەری هاوسەنگ و گونجاو دروست بکات لە پاراستنی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی، پاراستنی مافی کەمینەکای تر، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دژی تیرۆر لەجیهاندا .
هۆکارەکانی ڕێککەوتنەکە لاوازبوونی پێگەی ئەحمەد شەرع پاش کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان کەمبوونەوەی شەرعیەتی ناوخۆیی هۆکارێکی سەرەکییە لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی خراپی ئابووری و سەربازی دەوڵەتی سوریا کە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی وڵات بکاتەوە، لەگەڵ مەترسی پارچەبوونی سوریا بەهۆی خواستی عەلەوییەکان و کورد بۆ جیابوونەوە فاکتەرەکانی دیکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شەرع پێویستی بە کەمکردنەوەی بەرەی دژایەتی و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ هەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی.
ئامانجێکی دیکەش ڕازی کردن و ڕەواندنەوەی نیگەرانی و ناڕەزایەکانی هێزە دەرەکییەکانە لە پشتگری کردنی سوریایەکی دیموکراسی و ئازاد پاراستنی نەتەوەو پێکھاتە جیاوازە کەمینەکانی وەک کوردو عەلەویەکان و درۆزەکان، بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕازیکردن و دڵنیایدان بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەلایەکی ترەوە لایەنی دووەم لە ڕێکەوتنەکە لە دیدگای بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا مەزڵوم عەبدی، مەترسی هێرشی تورکیا و پێویستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تورکیا و پرۆکسیەکانی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان گرنگترین هۆکارن
هەروەها، مەترسی ناڕونی سیاسەتی ئەمریکا و پۆپۆلستی ترەمپ و خوێندنەوەی پرسە دەرەکیەکان لە ڕوانگەی سوودی ئابووری و بازرگانی هۆکارێکی ترە، کە کەمبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە ئەمەریکا سەنتەرە لەو پرسەشدا، ھەروەھا گرنگی پێویستی نەتەوەی کورد بە دانپیانانی یاسایی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە هۆكارێكی ترە بۆ واژۆكردنی ئەم ڕێكەوتنە كە ڕەنگە ببێتە هۆی چەسپاندنی مافەکانی كورد لە دەستووری نوێدا، ئەمە سەرەتایەکی باش و گونجاوە، سەرەڕای قەیران و ململانێی سەرچاوەکانی ئابووری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا، مەترسی دوورخستنەوەو لادانی هەڕەشەکان هۆکارێكی ترن بۆ بەشداری کردن لە ڕێکەوتن و بیرکردنەوە ستراتیژی و سیاسیانەی كورد لە داهاتووی سوریا.
سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، تورکیا وەک یەکێک لە سەرسەختترین نەیارانی دەسەڵاتی کوردی لە سوریا، هەڵوێستێکی دژبەرانەی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە هەیە. لە دیدی تورکیا، ڕێککەوتنەکە دانپیانانە بە بوونی نەتەوەی کورد هەروەها تورکیا ڕێککەوتنەکە بە بەهێزکردنی پێگەی پەکەکە دەبینێت و وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لێی دەڕوانێت، دواتر نیگەرانی تورکیا زیاتر لەوە سەرچاوەی گرتووە مەترسی و کاریگەریی ڕێککەوتنەکەیە لەسەر کوردستانی باکور، دروستکردنی نموونەیەک بۆ کوردی ئەو وڵاتە پێشبینی دەکرێت تورکیا فشار لەسەر حکومەتی سوریا زیاد بکات و ئەگەری دەستوەردانی سەربازی بۆ لاوازکردنی پێگەی هێزەکانی هەسەدە بوونی هەیە ئەگەر هەڵوێستی هێزە هاوپەیمان و نزیکەکانی کورد بگۆڕدریت.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە دوالیزمی بەئاشکرا دەبینرێت. لە لایەکەوە ئێران پشتیوانی لە حکومەتی ناوەندی سوریا دەکات و ڕێککەوتنەکە بە گەڕانەوەی ناوچە کوردنشینەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق دەبینێت بەتایبەتی ئەو خاڵەی رێکەوتنەکە كە باسی یەکگرتووی خاک و سەروەری و رەمزی ئاڵای سووریا دەکات، لە لایەکی ترەوە ئێران نیگەرانە لە کاریگەری ڕێککەوتنەکە لەسەر گرووپە شیعەکانی سوریا و کەمبوونەوەی نفوزی خۆی. پێشبینی دەکرێت ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی نفوزی دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیل و هێزە کوردیەکان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان بدات و کار لەسەر بەهێزکردنی گرووپە شیعە عەرەبییەکان بکات.
دەربارەی کارەکتەرێکی بەهێزو گرنگی داڕێژەری سیناریۆکانی داهاتووی سوریا کە ئیسرائیلە، دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ ڕێککەوتنەکە دەکات. لە لایەکەوە، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە بە بەهێزبوونی حکومەتی سوریا دەبینێت کە ئەمەش بۆ ئیسرائیل مەترسیدارە. لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد دەکات وەک هێزێک کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە سوریا ڕابگرێت. ستراتیژی ئیسرائیل لە ئێستادا پشتیوانیکردنە لە ئۆپۆزسیۆنی ناوچەی درۆزەکان و هێزەکانی تری ناو سوریا بۆ لاوازکردنی پێگەی حکومەتی ناوەندی و هەوڵدان بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کورد بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە دژی نفوزی ئێران، پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە سنوریە ستراتیژیەکان دژی نەیارەکانی حەماس و فەتح لە سەر سنورەکان.
هەڵوێستی ئەمریکا وەکو تاکە زلهێزی جیهانی و هەژموون کەر تا ڕادەیەک ئەرێنییە و ناڕونە. ئەمریکا دەتوانێت بە هۆی ڕێککەوتنەکە بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە سوریا بکشێنێتەوە بەبێ ئەوەی ناوچەکە تەواو چۆڵ بکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری گرژی و ناکۆکیەکان، فشار زیادکردن و کەمکردنەوەی نفوزی ئێران بە هۆکاری هەبونی ئیسرائیل و تورکیا کە دژی ئێرانن بەتەواوی لەم پرسەدا بەتایبەتی تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ئێران زۆر ناکۆکە لەزۆر بواردا لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەرچەندە ئەمریکا بە فەرمی پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە ناکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە پشت پەردەوە پشتیوانی بکات.
ڕێککەوتنەکە چەندین لایەنی ئەرێنی بۆ کورد هەیە:
یەکەم: دانپیانانی فەرمی بە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سوریا، هەرچەندە دانپیانانەکە وەک کۆمەڵگە یە نەک نەتەوە.
دووەم: زامنکردنی مافی هاووڵاتیبوون و مافەمەدەنی کلتوریەکان لە دەستووری داهاتوو بۆ کورد کە دەتوانێت بنچینەیەک بێت بۆ داهاتوو سودی سیاسی و یاسایی هەبێت.
سێیەم: ڕاگرتنی شەڕ لە تەواوی سوریا کە دەتوانێت سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچە کوردنشینەکان بهێنێت.
چوارەم: کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشی سەربازی و داگیرکاری تورکیا. لە کۆتاییشدا کردنەوەی دەرگای بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی سوریا.
بە پێجەوانەشەوە ڕێککەوتنەکە چەندین لایەنی نەرێنیشی هەیە:
یەکەم: ڕێکەوتنەکە بەڵگە نامەیەکی فەرمی و یاسایی بەهیز نیە وە لایەنێکی دەولی و چاودێر و ئاگادار نیە وەکو ناوبژیوانێک.
دووەم: یەکخستنی دامودەزگاکان لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کەم بونەوەی سەربەخۆی سیاسی و ئیداری.
سێیەم: گەڕاندنەوەی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز بۆ حکومەتی ناوەندی کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووری کورد.
چوارەم: نەبوونی زەمانەتی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
دەرئەنجام بەشێوەیەکی گشتی
ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ دەسپێکێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی سوریا، بەڵام بەرهەمی بارودۆخی تایبەتی سوریایە کە تێیدا هەردوولا پێویستیان بە یەکتر هەیە. لایەنی کوردی ئەم ڕێککەوتنەی وەک دەسپێکێکی ئەرێنی دەبینێت، هەرچەندە مێژوو نیشانی داوە ڕێککەوتنی لەم جۆرە لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان دواتر پێشێل کراون زیاتر بۆ دووبارە خۆبەهێزکردنەوەو تێپەراندنی مەترسیەکانە نەک خواستی ڕاستەقینە بۆ رێکەوتن و پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکان، کورد هەمیشە فریو دراوە لەم ڕێگایەوە دەبێت چاوکراوە ترو ووردبین تر بێت.
کورد لە ڕۆژئاوا دەبێت لە ئەزموونی کوردی باشوور لە ئێراق وانە وەربگرێت و بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی خۆی، ستراتیژی بە دەستێک ئاشتی و ڕێکەوتن بەدەستێکیش خۆڕێکخستن و خۆبەهێزکردن، گرینگترین فاکتەر بۆ بەهێزی کورد لەم قۆناغەدا بریتیە لە یەکگرتووی لەناوخۆی خۆیدا. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بپارێزێت و بەهێزی بکات .
ڕێککەوتنەکە دەتوانێت هەنگاوێکی باش بێت بەرەو یەکلابوونەوەی پرسی کورد لە سوریا بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام پێویستە کورد هەوڵ بدات مافەکانی خۆی لە دەستووری نوێی سوریا بچەسپێنێت هەروەها خەیاڵ و بەرنامەی نەتەوەی گەورەتری هەبێت بۆ داهاتوو نەک لە کوردستانی سوریا، بەڵکو لەتەواوی بەشەکانی تریش هاوکارو هەماهەنگی هەبێت، چونکە یەک چارەنووس، یەک مێژوو، یەک خاک، یەک زمان، یەک ناسنامەی یەکگرتومان هەیە سەرکەوتنی کورد پەیوەستە بە ڕادەی هۆشیاری و یەکگرتووی نەتەوەکەمان لەهەر چوار پارچەی کوردستان.