“به‌شی دووه‌م؛ لایەنی پراكتیكی ره‌نگدانه‌وه‌ی پەیماننامەی لۆزان له هه‌ردوو رۆژنامه‌ی (شفق سرخ) و (قرن بیستم)ی ئێرانی‌دا”
“ده‌روازه”
رۆژنامە سەرەكییەكانی سەرەتای دامەزراندنی زنجیرەی حكومرانی پەهلەوی، بایەخێكی زۆریان بەگۆرانكارییە نێودەوڵەتییەكان و كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی ئێران ده‌دا، بۆ ئەو مەبەستەش هەواڵ و شرۆڤەیان بڵاوكردۆتەوە، بەئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی جەماوەر و دروستكردنی رایگشتی لەبەرامبەر ئەو پێشهاتانەی له جیهاندا هاتنەئارا. (په‌یماننامه‌ی لۆزان) له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان به‌گرنگترین په‌یماننامه داده‌نرێت بۆ بێبه‌شكردنی گه‌لانی ژێرده‌سته له مافه‌كانیان، وێڕای گرفته‌كانی به‌رده‌م ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ورده‌كارییه‌كانی په‌یماننامه‌كه، ڕۆژنامه سه‌ره‌كی و پڕتیراژه‌كانی ئێران هه‌وڵیان داوه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ڕووماڵی بكه‌ن. دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌كیش به‌سه‌ر په‌یماننامه‌كه‌دا، ئێستا ڕۆژنامه‌كان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی زانیاری و تێگه‌یشتن له‌و قۆناغه. رۆژنامەگەریی ئێرانی له سه‌رده‌می په‌یمانی لۆزاندا، گۆڕانكارییەكی گرنگ بەسەر ستایل و ئاراستەیدا هاتبوو، هەوڵیان دەدا هەواڵ و شرۆڤەی تایبەت بە ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی جیهان بۆ خوێنەرانیان بخه‌نه‌ڕوو تا رایگشتی وڵاته‌كه ئاراسته بكه‌ن. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له دیدوبۆچوونی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی له قۆناغی چارەنووسسازی بەستنی كۆنفرانسی لۆزاندا، له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا دوو رۆژنامەی پڕتیراژمان ده‌سته‌بژێر كردووه. هەڵبژاردنی ئەم دوو رۆژنامەیەش وەك سامپڵی توێژینه‌وه، فاكتەرەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئاراستە جیاوازەكانیان، بوونی ئەم جیاوازییه له دیدوبۆچوونی ڕۆژنامەكاندا، یا‌رمه‌تیدەره بۆ تێگەیشتنێكی قوڵتر بۆ رەنگدانەوەی پەیمانی لۆزان لە رۆژنامەگەریی ئێرانی‌دا.
“ميتۆد”
به پشتبه‌ستن به پرسیار و ئامانجه‌كانی توێژینەوەكە، توێژەر میتۆدی شرۆڤه‌ی ناوه‌رۆكی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی رەنگدانەوەی بابەتە سەرەكییەكە لە بواری رۆژنامەگەریدا بەكارهێناوە، ئامرازەكانی كۆكردنەوەی داتاكانیش بەشێوازی (میتۆدی شرۆڤه‌ی كتێبخانەیی)یە كه ڕێبازێكی سه‌ره‌كییه بۆ تاوتوێی دیكۆمێنت و ئه‌رشیف به‌مه‌به‌ستی توێژینه‌وه. لەم توێژینەوەیەدا، میتۆدی وەرگرتنی سامپڵی مەبەستدار بەكارهێنراوە، تیایدا سەرجەم ئەو بابەتانەی دەربارەی پەیماننامەی (لۆزان)ە شرۆڤە كراون كە لە دوو رۆژنامەی بەناوبانگی ئێرانی (شفق سرخ، قرن بیستم)دا بڵاوبوونەتەوە.
“كۆمەڵگای ئاماری”
ئەم توێژینەوەیە، كۆمەڵگای ئامارییه‌كه‌ی بریتییه له رۆژنامە ناسراوه‌كانی (شفق سرخ، قرن بیستم) كه لە ساڵی (1923ز) لە ئێران چاپ وبڵاوكراونەتەوە، سەرجەم زانیاری و هەواڵەكانی پەیوەندیدار بە (پەیماننامەی لۆزان) له‌دووتوێی هه‌ردوو ڕۆژنامه‌كه‌دا ده‌ستنیشان كراون. توێژه‌ر بۆ تاوتوێی ئاستی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی (په‌یماننامه‌ی لۆزان) له‌ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی، ئه‌م دوو رۆژنامه‌یه‌ی له‌به‌ر ئه‌و ئامانجه ئه‌كادیمییه به‌سامپڵ وه‌رگرتووه كه ئاراسته‌یان له‌یه‌كتر جیاوازه.
1-ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی دەسەڵات (ڕۆژنامه‌ی شفق سرخ):- رۆژنامەی (شفق سرخ) ڕۆژنامەیه‌كی ناسراوی پڕتیراژ بوو، یەكەمین ژمارەی لە (11 ئیسفەندی 1300هـ.ش،2ی ئازاری 1922ز) بڵاوكراوه‌ته‌وه. سەرەتا هەفتەی سێ ژمارە و پاشان بەشێوەی رۆژانە لەسەرتاسەری ئێران‌دا، به‌قه‌باره‌ی چوار لاپه‌ره چاپ دەكرا. رۆژنامەكە لە سەرەتادا بانگەوازی بەپەلەی بۆ كۆماری رەزاخان دەكرد، (عەلی دەشتی)ی سەرنوسەريش بەوهۆیەوە ناسرابوو، ناوبراو بەلایەنگرێكی سەرسەختی (رەزاخانی پەهلەوی) دادەنرا. (ملكزاد، 1389، ص2). بۆچوونی (عەلی دەشتی) بۆ (رەزاشای پەهلەوی)، بریتی بوو لە كەسێكی نیشتیمانپەروەر، چالاك و پڕ لە غیرەت و توندرۆ، پاشان بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕ لەگەڵ رەزاشادا، گۆڕانی بەسەرداهات. (علی، 1339، ص190). سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه، سه‌ره‌نجام ڕووی له سیاسه‌ت كرد، ساڵی (1926ز) خۆی بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی شورای میللی كاندید كرد و دەنگی زۆری بەدەستهێنا. (قاسمی، 1390، ص 242). به‌پێی دیكۆمێنتێكی زۆر نهێنی كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت كراوە، چەند رۆژنامەیەك بەپێی رێنماییەكان لە سانسۆر بەخشراون كە یەكێكیان رۆژنامه‌ی (شفق شرخ)ە. (روحانی، ص 122). پاشان ده‌سه‌ڵات كاری پێنه‌ما، پارێزبه‌ندی پارله‌مانیشی لێستێنرایه‌وه و له زیندانی ده‌وڵه‌تدا ده‌ستبه‌سه‌ركرا. (أبراهمیان، 1384، ص191).
2-ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌گر و ئۆپۆزسیۆن (رۆژنامەی قرن بیستم):- یه‌كه‌مین ڕۆژنامه به‌ناوی (قرن بیستم) كه ئاراسته‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی هه‌بووه، دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی سەید محەمەد رەزا كوردستانی (1894-1924) ناسراو بە(میرزادەی عیشقی)، شاعیر‌و رۆژنامەنووس و نوسەر و شانۆنامەنوسی مۆدێرنیستی سەردەمی مەشروتەیە، ناوبراو بە نەتەوە كوردە و كوڕی (سەید ئەبولقاسمی كوردستانی)یە. (عه‌شقی) له ساڵی (1921ز) رۆژنامەی (قرن بیستم)ی دامەزراند و رۆژی (6ی ئایاری 1921ز)دا یەكەمین ژمارەی بڵاوكردەوە، لە راستیدا سەكۆیەك بوو بۆ دەربرینی نارەزایەتی و رەخنەكانی لەهەمبەر دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا كە بەهۆی وتار و دروشمە توندە شۆرشگێرییەكانییەوە، چەندینجار رووبەرووی داخستن بۆتەوە. له‌هه‌مانكاتدا وه‌ك ڕێزگرتنێك له بیروڕای جیاواز، له‌رۆژنامه‌كه‌ی خۆیدا (ژ14، لا3، 10ی ئازاری 1923ز) پیرۆزبایی ساڵی نوێی ده‌رچوونی له رۆژنامه‌ی (شفق سرخ) كردووه.
بەپێی چەندین بۆچوون، وتارەكانی میرزادەی عەشقی لە دواژمارەكانی رۆژنامەی (قرن بیستم) هێندە توندن كە بوونه‌مایەی تیرۆركردنی، كۆمەڵێك دروشمی دژ بە كۆماری (رەزاخانی پەهلەوی) نوسی، رۆژنامەیەكه‌ی داخرا و سەرجەم ژمارەكانی لەلایەن پۆلیسەوە كۆكرایەوە، ناوبراو رۆژی (12ی تیرماهی 1303هـ.ش،24ی تشرینی یه‌كه‌می 1924ز) لە تەمەنی (30) سی ساڵیدا تیرۆركرا.. (مركز اسناد، 19 میهری 1401) و (علی بابایی، 1384، ص228). به‌بڕوای پسپۆڕی به‌ناوبانگ (عه‌میدی نوری)، وتاره ڕه‌خنه‌گره‌كانی میرزاده‌ی عیشی دژ به ڕه‌زاشا و كۆماره‌كه‌ی، بووه‌مایه‌ی تیرۆركردنی. ( رجوع کنید به: عمیدی نوری، ج 1، ص 299؛ صدر هاشمی، ج 4، ص 105ـ 107) له‌م شیكارییه‌دا، سه‌رجه‌م ژماره‌كانی خولی دووه‌می رۆژنامه‌ی (قرن بیستم) شرۆڤه كراوه.
یه‌كه‌م:- ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان له ڕۆژنامه‌ی (شفق سرخ)دا ئه‌م ڕۆژنامه‌یه، له سه‌رجه‌م ژماره‌كانیدا ته‌نها له بواری هەواڵ و شرۆڤەدا ڕووماڵی په‌یماننامه‌ی لۆزانی كردووه، سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵەكانیشی (ئاژانسی رۆیتەرز، بێ‌سیمی مۆسكۆ) و چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌وروپی بووه كه وه‌ك ژێده‌ر ئاماژه‌ی پێداون. لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی تاوتوێی ناوه‌رۆكی رۆژنامه‌كه ده‌كه‌ین.
1-هه‌واڵ و زانیاری ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان.
- هه‌واڵه‌كانی زه‌مینه‌سازی بۆ په‌یمانی لۆزان:- بۆیەكەمینجار رۆژنامەی (شفق سرخ) له (12ی نیسانی 1923) هەواڵی كۆنفرانسی لۆزانی له‌ژێرناوی (كۆنفرانسی ئاشتی) بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی: هەواڵێك لە ئەنقەرەوە لەرێی ئیسلامبولەوە وەرگیراوە، دەریدەخات شورای لیژنەی دەوڵەت پێداچوونەوەیەكی لە وەڵامدانەوەی عوسمانی‌دا بۆ هاوپەیمانانی داوەتەوەو پێشنیازی كردووە كۆنفرانسی ئاشتی لە كۆتایی مانگی نیساندا پێكبهێنرێت. بۆ شوێنی كۆنفرانسیش، ئەنقەرە هێشتا وەڵامی یادداشتی هاوپەیمانانی نەداوەتەوە، بەڵام بەپێی ئه‌و هەواڵانه‌ی به‌ده‌ستمان گەیشتووە، پێشبینی دەكرێت كۆنفرانسی ئاشتی لە رۆژی (15ی نیسان) لە سویسرا بەرێوەبچێت[1]. مه‌رجێكی گرنگی هه‌واڵ ده‌رباره‌ی پێشهاته چاوه‌روانكراوه‌كان، پێشبینییه بۆ لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ڕووداوێك و شوێنه‌كه‌ی، له‌م روانگه‌یه‌وه رۆژنامه‌كه پێشده‌ستی ده‌رباره‌ی به‌ستنی په‌یماننامه‌كه و ده‌ستنیشانكردنی شوێنه‌كه كردووه. رۆژنامەكە لە هەواڵێكی گرنگدا بۆیەكەمینجار ناوی وڵاتانی بەشدار لە كۆنفراسی لۆزانی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا هاتووە: سكرتێری گشتی كۆنفرانسی لۆزان، هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، یۆگۆسلاڤیا، رۆمانیا، بەلجیكا، ئەمریكا و عوسمانی بەفەرمی بانگهێشتی كۆنفرانسەكە كردووە، بەڵام رووسیا بانگهێشت نەكراوە[2].
له‌ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی توركیاوه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی (سیڤه‌ر) به‌هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نرا بۆ زه‌مینه‌سازی له‌پێناو سه‌رخستنی په‌یماننامه‌ی لۆزاندا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه كه سوڵتانی عوسمانی دوای لابردنی و ناكۆكییه تونده‌كانی له‌گه‌ڵ (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك)، جه‌ختی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی (سیڤه‌ر) كردۆته‌وه واتا له‌و ڕوانگه‌یه‌دا هاوڕابوون. لە هەواڵێكدا رۆژنامه‌ی (شفق سرخ)، هەڵوێستی سوڵتانی عوسمانی (لەسەركار لابراو) دەربارەی پەیمانی (سیڤەر) رایگەیاندووە: سوڵتانی لەسەرتەخت لابراوی عوسمانی لە وتارێكدا بۆ سەرجەم موسوڵمانان ئاشكرای كرد كە دژ بەبەشداریی عوسمانی بووە لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا. بەرپرسیارێتی كارەساتەكان لە ئەستۆی مستەفا كەمالە. بەهیچ شێوەیەكیش داكۆكی لە پەیمانی سیڤەر ناكەم[3]. رۆژنامەكە هەواڵی یەكەمین دانیشتنی كۆنفرانسی لۆزانی لە (27ی نیسان) بڵاوكردۆتەوەو سەرچاوەكەی (بێ‌سیمی مۆسكۆ)یە، تیایدا هاتووە: لە یەكەمین دانیشتنی كۆنفرانسدا، كۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەكان دەستنیشانكران، لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، نوێنەری بەریتانیا سەرلەنوێ وتی: كۆنفرانسی ئێستا چاوناخشێنێته‌وە بەو مەسەلانەدا كە لە كۆنفرانسی یەكەمدا چارەسەر كراون[4].
دوای چه‌ند مانگێك له گفتوگۆ، پرۆسەی رێككەوتنی دەوڵەتان لە پەیماننامەی لۆزاندا به‌ره‌وپێش چووه، بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (شفق سرخ) له (3ی ئایار)دا، هۆكاره‌كه‌ی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی: توركیا پێشنیازەكانی بۆ پەیماننامەی لۆزان رادەستی دەوڵەتانی هاوپەیمان كردووە، زۆربەی ماددەكان سیاسین و بەبێ دەستكاری پەسەند كراوە. لەهەمانكاتدا بۆ بواری ئابوری، داواكراوە كە دوای پەیماننامەكە، تاوتوێ و دانوستاندنی لەسەر بكرێت[5].
-هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تی و ناكۆكی لايه‌نه‌كان له په‌یمانی لۆزاندا: رۆژنامەی (شفق سرخ) له ڕووماڵی هه‌واڵه‌كانی كۆنفرانسی لۆزاندا، به‌پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵی متمانه‌پێكراو، به‌تایبه‌ت (ئاژانسی رۆیته‌رز، بێ سیمی مۆسكۆ) ڕۆڵێكی گرنگی بینیوه له ڕووماڵی ناكۆكی و هاوپه‌یمانێتی وڵاته زلهێزه‌كان. ئێران سه‌باره‌ت به پشتگوێخستنی له په‌یمانی لۆزاندا، گله‌یی و هەڵوێستی توندی بەرامبەر توركیا نواندووە، رۆژنامەی (شفق سرخ) نوسیویەتی: ئێمە وەبیرهێنانەوەمان رادەستی گەورەباڵیۆزی عوسمانی كردووە كە وەبیری دەوڵەتەكەی بهێنێتەوە ئه‌م سیاسەتانەی دوایی، دەبنەمایەی لاوازی خۆیان چونكە ئێمە میللەتێكی بەهێزو مەزنین و بەرامبەریان بەدگومان دەبین[6]. ده‌رباره‌ی ناكۆكی نێوان وڵاتانی ئه‌ندام، له‌دوو هەواڵدا ئاماژەی بۆ ناته‌بایی توندی نێوان عوسمانی و فەرەنسا كراوە، چونكە توركیا ویستویەتی ئیمتیازاتەكانی خۆی زیاتر بە ئەمریكا بدات[7].
له هه‌واڵێكیتردا سه‌باره‌ت به‌ناكۆكی ئابوریی نێوان توركیا و یۆنان كردووه، تیایدا هاتووە: لە لۆزان، وڵاتانی ئەندام بەفەرمی نارەزایەتییان دەربریوە دژ بەداخستنی لقی بانكی ئەسینا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە[8]. پاشان چاودێریی گۆڕانكاریی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات‌دا كردووه، له هه‌واڵێكیتردا هاتووه: له لۆزان، عیسمه‌ت پاشا نوێنه‌ری عوسمانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یۆنان‌دا كۆبوونه‌ته‌وه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانیان[9]. ده‌وڵه‌تی ڕووسیا ده‌یویست دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری (1917ز) به‌مۆدیلی ئیمپراتۆرێكی نوێ بچێته گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌وڵی داوه به‌نوێنه‌رێكی فه‌رمی به‌شدار بێ له كۆنفرانسی لۆزاندا، له هەواڵێكی رۆژنامەكه‌دا لە رۆژی (13ی ئایار)دا هاتووە: هاورێ (رادۆسكی) باڵیۆزی رووسیا بوو لە لۆزان، تیرۆر كرا و هەواڵەكەی بەشێوەی هەورەبروسكە بڵاوبۆوە[10]. ڕووسیا گومانی له به‌ریتانیا هه‌بووه، هه‌ربۆیه یادداشتێكی توندی ناڕه‌زایه‌تییان به‌یه‌كترداوه[11]. بۆ پرۆتستۆی ئه‌و تیرۆره‌ش، ته‌نها توركیا له كۆنفرانسی لۆزاندا نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه[12]. لایه‌نێكیتری ناكۆكی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته، له‌سه‌ر ناردنی بودجه‌و هاوكاریی دارایی بووه له‌لایه‌ن سۆڤییه‌ته‌وه بۆ پارته كۆمۆنیسته‌كانی وڵاتانی‌تر، ئه‌مه‌ش له‌ڕوانگه‌ی به‌ریتانیاوه بۆ دژایه‌تی هه‌ژموونه‌كه‌یه‌تی[13]. كاردانه‌وه‌ی ڕووسیا له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ش، بایكۆتی كۆنفرانسی لۆزان بوو بۆ ماوه‌یه‌كی دیارینه‌كراو[14].
- هه‌واڵه‌كانی ڕێككه‌وتن له په‌یمانی لۆزاندا:- رۆژنامەی (شفق سرخ)، له‌ماوه‌ی ڕووماڵه به‌رده‌وامه‌كانیدا، چاودێری نزیكبوونه‌وه‌و ڕێككه‌وتنی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی كۆنفرانسی لۆزانی كردووه. لە ژماره‌ی رۆژی (28ی حوزه‌یران)دا هاتووە: (كۆنفرانسی لۆزان: ئەمرۆ پاشنیوەرۆ، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان نوێنەرانی هاوپەیمانان و عوسمانی ئەنجام درا، تیایدا سەرجەم ماددەكانی پەیماننامەكه خرایەڕوو. نوێنەرانی هاوپەیمانان سەرلەنوێ رایانگەیاند: كاتێك خاكی عوسمانی چۆڵ دەكەن، سەرجەم مەسەلە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكرێت. بۆ دۆسییەی مەسەلەی موسڵیش بریاردرا تا نۆ مانگی‌تر بمێنێتەوە[15]. له هه‌نگاوێكیتردا به‌ره‌و ڕێككه‌وتن، به‌پشتبه‌ستن به هه‌واڵی بیسیمی مۆسكۆ، رۆژنامەكە له رۆژی (1ی ته‌مموز)دا بڵاوی كردۆتەوە: كۆنفرانسی لۆزان بەگشتی كۆتاییان بەپێداچوونەوە بەپەیماننامەكەدا هێنا، بەڵام كۆمەڵێك مەسەلەی گرنگ چارەسەر نەكراون وەك قەرزەكانی عوسمانی، دۆسییەی غرامەكان و چۆڵكردنی ئیسلامبول[16].
بۆ رێككەوتنی بەریتانیا و عوسمانی، رۆژنامەكە ئاشكرای كرد: مەجلیسی عەوامی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا بەریتانیا ئامادەباشی بۆ چۆڵكردنی ئیسلامبوول كردووە؟ لە وەڵامدا رایگەیاندووە كە بابەتەكه بەتەواوەتی پەیوەسته بەئەنجامی كۆنفرانسی لۆزان. لە هەواڵێكیتردا رێككەوتنی ئابوریی و پیشەسازی لەنێوان عوسمانی و ئەمریكادا لە پەراوێزی كۆنفرانسی لۆزان بڵاوكردۆتەوە، تیایدا هاتووە ئەمریكییەكان چەندین پرۆژە بۆ توركیا ئەنجام دەدەن، دیارترینیان: هێڵی ئاسنینی دیاربەكر-موسڵ- سلێمانی و كەركوكە[17]. رۆژنامه‌ی (شفق سرخ) له رۆژی (14)ی ته‌مموزدا، چه‌ندین هه‌واڵی بڵاوكردۆته‌وه كه تا هه‌فته‌ی ئاینده ئیمزا له‌سه‌ر په‌یماننامه‌كه ده‌كرێت، مافی كه‌مینه‌كانیش به‌تایبه‌ت ئه‌رمه‌نی تێدانییه[18]. به‌پێی هه‌واڵه‌كانی رۆژنامه‌كه، له رۆژی (24)ی ته‌مموزو رۆژانی دواتردا، ئیمزا له‌سه‌ر كۆی مادده‌كانی په‌یمانی لۆزان كراوه، به‌وردی ئه‌رك و مافی وڵاتانی ئه‌ندامی تێدایه جگه له‌كه‌مینه‌كان[19]. بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به‌ناكۆكی نێوان وڵاتانی ئه‌ندامی په‌یماننامه‌كه، پاشان قۆناغه‌كانی گفتوگۆ تا په‌سه‌ندكردنی مادده‌كان و ئیمزا بۆ جێبه‌جێكردنی، ده‌ریده‌خات كه ئه‌م رۆژنامه‌یه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌نرخه بۆ زانینی ورده‌كاریی په‌یماننامه‌ی لۆزان.
2-شرۆڤه.
هەڵسەنگاندن و تاوتوێی ئەو دۆسییانەی لای دەوڵەتی پەهلەوی ئێران گرنگ بوون، بەچەندین تەوەری جیاواز لەلایەن رۆژنامەكانه‌وه شرۆڤە كراون. هەندێ لەم شرۆڤانەش، پەیوەندی راستەوخۆ یاخود ناراستەوخۆیان بەدۆزی كورد و پەیماننامەی لۆزانەوە هەبووە، لەو قۆناغەدا ئێران دەیویست مەسەلەی كورد وەك دیاردەی ئاشوب ببینێ كە لەناوخۆی وڵاتەكەدا دەبێ بەزەبری چەك چارەسەر بكرێت. لە هەمانكاتدا هەندێ لە وڵاتانی زلهێز بەتایبەت بەریتانیا، دەیویست لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە كێشەی كورد وەك كارتی فشار دژ بەئێران بەكاربهێنێت. سەبارەت بەفشاری نێودەوڵەتی بۆسەر ئێران تا لەبەر هه‌لومه‌رجی ناوخۆ، بایەخ دۆخی نێودەوڵەتی نەدات، لە شرۆڤه‌یه‌كدا له ژمارە (138)دا كە دیارە (عەلی دەشتی)ی سەرنوسەر نوسیویەتی، ئاماژە بەوە دەدات: چەندین هەوڵی كودەتا لەناو دەوڵەت و رەخساندنی هەلومەرجێكی ئاڵۆز لە ئێران، دەستی دەرەكیی رۆڵی تێدا هەیە كە بەریتانیایە[20]. لە شرۆڤەیەكیتردا كە شوێنی سەروتار دانراوه، لەژێرسەردێری (نارەزایەتی باڵیۆزی بەریتانیا) ئاماژەی بۆ ئه‌وه كردووه كە ماوه‌ی یانزدە مانگ لەمەوبەر مەسەلەی هاتنی (مێجەرسۆن)و كاپیتانێك بۆ كوردستان و لوڕستانمان بڵاوكردۆتەوە. بۆتەمایەی نارەزایی بەریتانیا. ئەوەشی خستۆتەڕوو كە رایگشتی لە ئێران‌دا، دژ بەدەوڵەتی ئینگلیزە[21].
- ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یمانی لۆزان له ڕۆژنامه‌ی (قرن بیستم):- رۆژنامەی (قرن بیستم) لە دووتوێی لاپەرەكانیدا، به‌پشتبه‌ستن به چەندین ئاژانسی جیهانی وەك (رۆیتەرز)، هه‌واڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بڵاوكردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت له یه‌كه‌م ژماره‌وه هه‌واڵی ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان و كاردانه‌وه‌كانی تێدایه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی پێشكه‌وتوویی ئاستی ڕۆژنامه‌كه‌یه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغی ده‌رچوونیدا.
- هه‌واڵ و زانیاری ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان:- رۆژنامه‌ی (قرن بیستم) له یه‌كه‌مین ژماره‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ڕووماڵی كۆنفرانسی لۆزانی كردووه. لە (ژمارە 1، لا 2)دا لە گۆشەی (زانیاری گرنگ)دا كه سەرچاوەكەی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی رۆژی (14ی كانونی دووەمی 1923ز)ە، بەمانشێتی (شڵەژان لە كۆنفرانسی لۆزان)دا نوسیویەتی:”لە كۆڕ‌و كۆبوونەوە سیاسییەكانی لەندەندا، سەبارەت بەچارەنووس و پێشبینی بۆ كۆنفرانسی لۆزان، هەست بەترس و دڵەراوكێیەكی بەرچاو دەكرێت. چونكه نوێنەرانی تورك هەلومەرجێكی سەختیان گرتۆتەبەر، زۆر بە تووندی پێداگری لەسەر هاتنەدی داخوازییەكانیان دەكەن”. ئه‌م هه‌واڵه ئاماژه‌یه بۆ ناكۆكی توندی نێوان توركیا و وڵاتانی به‌شدار له سه‌ره‌تای كۆنفرانسه‌كه‌دا، چونكه داخوازییه‌كانی توركیا په‌سه‌ند نه‌كراوه.
- به‌شداریی كورد و چاره‌نووسی ویلایه‌تی موسڵ:- رۆژنامەكە هەوڵەكانی بەشداریی نوێنەرانی كوردستان بۆ كۆنفرانسی لۆزانی ئاشكرا كردووە، لە (ژمارە 3، لا 2)دا رۆژی (23ی كانونی دووەمی 1923ز)دا رایگه‌یاندووه: ئینگلیزەكان بەشێوەیەكی سەرسورهێنەر هاوكاری ئەم نوێنەرەیان كردووە بۆ بەشداریكردن. نوێنەرانی رووسیا و عوسمانیش ئامادەنەبوون بەفەرمی بیناسێنن و بایكۆتیان دژی كردووە. سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسی ویلایه‌تى موسڵ، له (ژ 7، لا 3، رۆژی 16ی شوباتی 1923) له گۆشه‌ی (هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه)دا به‌پشتبه‌ستن به (هه‌واڵه‌كانی ئاژانسی رۆیته‌رز) نوسیویه‌تی:- له‌نده‌ن، رۆژی 15ی شوبات، كۆمیته‌ی لیژنه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری تاوتوێی میزۆپۆتامیا (نێوان دووڕووبار)، ئه‌مرۆ ڕاپۆرتی (سێرپرسی كۆكس) بۆ گفتوگۆ خسته‌ڕوو.
نووسه‌رێكی وتاره سیاسییه‌كانی رۆژنامه‌ی (ده‌یلی نیوز) له‌وباره‌یه‌وه نوسیویه‌تی: (چۆڵكردنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌هۆی په‌یماننامه‌یه‌كه‌وه كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو له‌گه‌ڵ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا ئیمزا كرا، واز له پێشنیازی ناردنی كێشه‌ی موسڵ بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان بهێنرێت، تا ئه‌و كاته‌ی ئومێد هه‌بێ كه په‌یماننامه‌ی لۆزان ئیمزا بكرێت). هه‌ڵماڵینی ئه‌م زانیارییه گرنگه سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ، نیشانی ده‌دات كه هاوسۆز بووه له‌گه‌ڵ په‌یمانى لۆزان. لەهەمان ژمارەدا هەڵوێستی نوێنەری ئێراقی لە هەواڵێكی سەربەخۆدا بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی: بۆچوونەكانی نوێنەری ئێراق سەردار جەعفەرپاشا نوێنەری ئێراق لە كۆنفرانسی لۆزان لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ار لینپ منت) ئاشكرای كردووە: دانیشتوانی شاری موسڵ سەبارەت بەعوسمانی جۆراوجۆرن، تاكە پاساوی پێداگری عوسمانی بۆ موسڵیش، دەیەوێ سەرلەنوێ دەستبەسەر ئێراقدا بگرێتەوە و پێگەی خۆی لە كەنداوی فارس‌دا پتەوبكات[22]. شێوازی ده‌ربڕینی نوێنه‌ری ئێراق، ده‌ریده‌خات كه دژی سیاسه‌تی عوسمانییه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ بۆ ژێرده‌سه‌ڵاتی توركیا.
- هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی:- له (ژمارە 1، لا 3) لە هەواڵێكدا هەڵوێستی رووسیای دەربارەی كۆنفرانسی لۆزان بڵاوكردۆتەوە، تیایدا هاتوە یادداشتێكی نارەزایی روسیا رادەستی كۆنفرانسەكە كراوە، چونكە هەندێ مەسەلە بەبێ رووسیا و لەپشت پەردەوە یەكلایی دەكرێنەوە.
“سه‌رنووسه‌ر” له شرۆڤه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا له (ژمارە 1، لا 4)دا، هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی ئێران به‌نه‌رێنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ كه نه‌یتوانیوه به‌شداری له كۆنفرانسی لۆزاندا بكات. سەبارەت بەهەڵوێستی توركیا لەهەمبەر بەشداری كەمینە نەتەوەكان، راپۆرتێكی شیكاری بەپشتبەستن بە (بێ سیمی مۆسكۆ) لە (ژمارە 2، لا 4) لە (19ی كانوونی دووەمی 1923ز)دا بڵاوكردۆتەوە، تیایدا نارەزایەتییەكانی توركیا سەبارەت بە بەشداریی نوێنەرانی ئەرمەنی تاوتوێ كردووە، بیانووی توركیا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە كوشتاری ئەرمەن وەك دۆسیەیەك نەجوڵێنرێت.
له هه‌ڵوێستێكی توندیشدا به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی به‌ریتانیا، له (ژ12، لا3، 5ی ئازاری 1923ز)وتارێكی شرۆڤه‌كارانه‌ی ڕه‌خنه‌یی به‌ناوی (بین النهرین له‌ئاگری كاره‌ساته‌كانی ئینگلیزدا ده‌سوتێت)دا، وێڕای گله‌یی و ڕه‌خنه له ناهۆشیاریی جه‌ماوه‌ر، گومانی زۆری خستۆته‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی به‌ریتانیا له‌باره‌ی چاره‌نووسی میلله‌تان و مافه مرۆییه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به ره‌وشی ناوخۆی توركیا لەكاتی كۆنفرانسی لۆزاندا، (ژ13، لا3، 8ی ئازاری 1923ز) لە هەواڵێكدا لەژێرناوی (پێگەی دەوڵەتی عوسمانی)، ئاشكرای كردووە كە رەخنە و پێشنیاز لەناوخۆی وڵاتەكەدا دراوە بە عوسمانی. (عیسمەت پاشا) رەزامەندی لەسەر هەندێكیان دەربڕیوە، بەڵام داوای كردووە چاوەروان بن تا كۆنفرانسی لۆزان كۆتایی دێت، لەو قۆناغەوە دەوڵەت دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ مەسەلەكان یەكلایی بكاتەوە.
لە راپۆرتێكی شیكاریدا بەناونیشانی (پەیمانی لۆزان) (ژ14، لا3، 10ی ئازاری 1923ز)، بەوردی هەڵوێست و داخوازییەكانی توركیای سەبارەت بە پەیماننامەكە لەخۆگرتووە، تیایدا هاتووە:-
ئیسلامبول:- لەدانوستاندنەكاندا لەبارەی پەیمانی لۆزان، لە مەجلیسی میللی ئەنقەرەدا (150) پارلەمانتار پێشنیازەكانیان خستەڕوو كە هەركاتێك سەربەخۆیی دارایی، ئابوری و كارگێری عوسمانی بەتەواوەتی دابین بكرێت، ئەوا دەوڵەت مۆڵەتی دەدرێتێ كە پەیماننامەی لۆزان ئیمزا بكات. ئەم پێشنیازەش پەسەند كرا. دیارترین خاڵەكانیش بریتی بوون لە:-
1-لێستاندنەوەی مافی یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە قونسوڵەكان.
2-دواخستنی چارەسەری گرفتە ئابوری و داراییەكان و هەروەها موسڵیش.
3-دەستكێشانەوە لە قەرەتاج.
4-پەسەندكردنی سەرجەم ئەو ماددانەی كە شاندی نێردراوی عوسمانی پێشنیازیان كردووە.
5-وەرگرتنی قەرەبوو. بۆ وەڵامی ئەم داخوازییانەش، لەهەواڵێكدا بەناونیشانی (هۆكاری تێكچوونی كۆنفرانس) (ژ 22، لا 4، 26ی ئازاری 1923ز)، باسی لە هەڵوێستی توندی فەرەنسا لەسەر داخوازییەكانی توركیا كردووە.
رۆژنامه‌ی (قرن بیستم) به‌هۆی ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی له ده‌وڵه‌تی (ڕه‌زاشا)، له ژماره (22)ه‌وه ڕووبه‌ڕووی كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی رۆژنامه‌كه و داخستن و ده‌ستگیركردنی سه‌رنوسه‌رو كارمه‌نده‌كانی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام كۆی (22) ژماره‌ی خولی دووه‌می ڕۆژنامه‌كه كه به‌سامپڵ وه‌رگیرا، سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده بۆ تێگه‌یشتن له ورده‌كارییه‌كانی په‌یماننامه‌ی لۆزان.
“ئه‌نجام“
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، دوای تاوتوێی ڕه‌هه‌نده‌كانی په‌یماننامه‌ی لۆزان و شێوازی ڕووماڵی دوو ڕۆژنامه‌ی ئاراسته‌جیاواز، گه‌یشتینه كۆمه‌ڵێك ئه‌نجام:-
– بایه‌خدان به (په‌یماننامه‌ی لۆزان) به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له رۆژنامه‌كانی (شفق سرخ) و (قرن بیستم)دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه، هه‌ربۆیه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌نرخن بۆ زانینی ورده‌كاریی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كانی په‌یماننامه‌كه و لێكه‌وته‌كانی.
– هه‌ردوو رۆژنامه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ڕووماڵی په‌یماننامه‌ی لۆزانیان كردووه، بۆچوون و زانیاری گرنگیان له‌خۆگرتووه ده‌رباره‌ی ناكۆكی ده‌وڵه‌تان و شێوازی ڕێككه‌وتنیان.
– به‌پێی هه‌واڵ و داتای هه‌ردوو ڕۆژنامه‌كه، سیاسه‌تی وڵاتان به‌شێوه‌ی جیاواز هه‌ڵوێستیان ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی كورد له په‌یماننامه‌ی لۆزاندا هه‌بووه،
– رۆژنامه‌ی ڕه‌خنه‌گری (قرن بیستم) بایه‌خی داوه به‌هه‌واڵی مافی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان به‌تایبه‌ت گه‌لی كورد
– رۆژنامه‌ی لایه‌نگری ده‌سه‌ڵات (شفق سرخ)، بایه‌خی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شا و ئێران داوه، هیچ هه‌واڵێكی ده‌رباره‌ی مافی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان بڵاونه‌كردۆته‌وه.
– شرۆڤه‌ی هه‌واڵه‌كان ده‌ریده‌خات كه ده‌وڵه‌تی توركیا، ترسی زۆری له جوڵاندنی دۆسییه‌ی كورد و ئه‌رمه‌ن له (په‌یماننامه‌ی لۆزان)دا هه‌بووه.
– داخستنی رۆژنامه‌ی ڕه‌خنه‌گری (قرن بیستم) له‌ساتی په‌سه‌ندكردنی په‌یماننامه‌ی لۆزان، نیشانه‌یه بۆ سانسۆری توندی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی له‌هه‌مبه‌ر ڕووماڵی په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش.
“راسپارده”
– هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه به‌میتۆده‌كانیتر ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان و لێكه‌وته‌كانی، هه‌روه‌ها چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی كورد له ئێستادا سه‌باره‌ت به‌چه‌سپاندنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا.
– هاندانی توێژه‌ران بۆ گه‌ڕان به‌دوای دیكۆمێنتی گرنگ و نوێ ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان.
– دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌و په‌یماننامه و جه‌نگ و ئاڵوگۆڕه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لی كورد هه‌بووه.
“پوخته‌ی توێژینه‌وه”
ڕووماڵی رۆژنامه‌گه‌ری بۆ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چاره‌نووس و مافه‌كانی گه‌لی كورد هه‌بووه، به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی تۆماری مێژوو داده‌نرێت. په‌یمانی لۆزان كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان و وڵاتانی ناوه‌ند (یه‌كێتی سییانی)و چه‌ند ده‌وڵه‌تێكیتره‌وه، له‌ساڵى (1923ز)دا له‌وڵاتی سویسرا مۆركرا، ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی بوو كه یه‌ك سه‌ده‌یه، کاریگەرییە نەرێنیەکانی له‌سه‌ر مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد به‌رده‌وامه. ئامانجى سه‌ره‌كی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، شه‌نوكه‌وی هه‌واڵ و شرۆڤه‌كانی دوو رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگ و پڕتیراژی ئێرانییه كه له‌ماوه‌ی په‌یمانی لۆزاندا، وێڕای سانسۆی توند‌و ئاسته‌نگه سیاسییه‌كان، به‌وردی ڕووماڵی هه‌ڵوێست و گۆڕانكارییه‌كانى تایبه‌ت به‌په‌یماننامه‌كه‌یان كردووه. پرسیاری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه بریتیه له: ئایا رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی چۆن ڕووماڵی په‌یماننامه‌ی لۆزانی كردووه؟. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه، به‌میتۆدی (شیكاری ناوه‌رۆك) تاوتوێی سه‌رجه‌م هه‌واڵ و شرۆڤه جۆراوجۆره‌كان كراوه كه له‌م دوو رۆژنامه فارسییەدا بڵاوکراونەتەوەو ئاراستەشیان جیاواز بووە: رۆژنامەی (شفق سرخ) داکۆکیکاری دەسەڵات و ڕۆژنامەی (قرن بیستم) دیدێکی ڕەخنەگرانەی هه‌بووه، هه‌ردووكیان له‌ساڵی (1923ز) له شاری تاران چاپوبڵاوكراونه‌ته‌وه‌و ڕووماڵی پەیمانی لۆزانیان کردووە.
ناوەرۆكی توێژینەوەكە، لە میتۆدنامه‌و دوو باسی سەرەكی پێكهاتووە:-
باسی یەكەم شرۆڤەیەكی تیۆری په‌یمانی لۆزانە به‌پشتبه‌ستن به‌كۆمه‌ڵێك دیكۆمێنتی گرنگ و لێكه‌وته‌كا‌نییه‌تی له‌سه‌ر گه‌لی كورد.
باسی دووەمیش هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی ڕووماڵی هه‌ردوو رۆژنامه‌كه‌یه له قۆناغی زه‌مینه‌سازیی و گفتوگۆ نهێنییه‌كانی ده‌وڵه‌تان تا به‌ستنی په‌یمانی لۆزان و كاردانه‌وه‌كانی.
دیارترین ئەنجامەكانی توێژینەوەكەش بریتین لە:-
– رۆژنامەكان بەرلە پەیماننامەی لۆزان، هەواڵی هەنگاوە نهێنییەكانی دەوڵەتانیان بڵاوكردۆتەوە.
– رۆژانه ڕووماڵی هه‌واڵ و شرۆڤه‌یان بۆ پەیماننامەی لۆزان ئه‌نجام داوه.
– چه‌ندین بابه‌تی تایبه‌ت به‌گه‌لی كورد و هه‌ڵوێستی له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌كه له‌خۆگرتووه.
له كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌دا، كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده خراونه‌ته‌ڕوو.
چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كان:- گه‌لی كورد، پەیماننامەی لۆزان، دیكۆمێنت، رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی.
سه‌رچاوه‌كان؛
سه‌رچاوه‌ی كوردی:
1-ئه‌مین، نه‌وشیروان مسته‌فا: چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك له مێژووی رۆژنامه‌وانیی كوردی، ساڵانی نێوان جه‌نگی جیهانی (1918-1939ز)، به‌رگی دووه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاپوبڵاوكردنه‌وه، سلێمانی، 2002.
سه‌رچاوه‌ی فارسی:
كتێب
- أبراهامیان، یرواند: ایران بین دو انقلاب، ترجمه: احمد گل محمدى، نشر نی، چاپ یانزده‌م، 1384.
- بیات، کاوه: روابط ایران وترکیه از سقوط دولت عثمانی تا برآمدن نظام جمهوری (1297-1302)، انتشارات پردیس دانش، 1394.
- به‌منى قاجار، محمد على: تماميت ارضى ايران: سيرى در تاريخ مرزهاى ايران (ج 1)، تهران، موسسة مطالعات و پژوهش هاى سياسى، (1390).
- پسیان، نجفقلی و خسرو معتضد: رضاشاه از سوادکوه تا ژوهانسبورگ، تهران، نشرثالث، 1377.
- حسین مكی: تاریخ بیست سالە ایران، ج2، تهران، بنگاه ترجمە و نشر كتاب، 1359.
- دشتی، علی: ایام محبس، چاپ پنجم، چاپ شرق، 1339.
- زیباكلام، دكتر صادق: رضاه شاه، انتشارات روزنه، چاپ اول 1398.
- طلوعی، محمود، صدسال صدچهره، تهران، علم، 1371.
- قاسمی، سیدفرید : اسناد روزنامه‌نگاران و مطبوعات به انضمام اسناد چاپ، ناشر:کتابخانه موزه و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی، 1390، چاپ اول.
- گ.ب. أكوپف (هاكوپیان)، م.ا. حصارف: كردان گوران و مسألە كرد در تركیە از اغاز جنبش كمالیان تا كنفرانس لوزان، ترجمە سیروس ایزدی، تهران، 1385.
- نظامعلی دهنوی: اسنادی از روابط ایران و تركیه (1922-1937)، مركز اسنادو تاریخ دیپلماسی، چاپ اول.
گۆڤار:
- امامی خویی محمدتقی (دكتر)،خلخالی سیدمحی ا‌لدین: بررسی تثبیت مرزهای ایران و ترکیه در دوره پهلوی اول، مجله علمی-پژوهشی مسكویه، شماره 18، 1390.
- پورقلی،م: قومیت گرایی در أذربایجان، ماهیت و عملكرد، نشریه حصون، 1386، شماره 14.
- پیمائی، نادر: رضاشاه پهلوی از ألاشت تا ژوهانسبورگ، واشنتنون دی سی، 2005.
- روحانی، علیرضا: اسنادی دربارە وضعیت مطبوعات در عصر رضاخان، ادارە كل ارشیو اسناد و موزە دفتر رئیس جمهور، گنجینە اسناد.
- حسین رضانژاد: نقش گروه‌های معارض کرد در مناسبات ایران و ترکیه در دوره پهلوی اول، فصلنامه تاریخ روابط خارجى، تاریخ روابط خارجی بهار و تابستان 1393 – شماره 58 و 59.
- ملك زاد، دكتر الهام: روایت روزنامە شفق سرخ از مؤسسات خیریە ایران در دورە رضاشاه، مجله مطالعات تاریخ فرهنگی سال دوم زمستان 1389 شماره 6.
- موثقی، سید احمد؛ نوروزی نژاد، جعفر: دگردیسی در فرهنگ سیاسی ترکیه و غلبه گفتمان اسلام‌گرایی میانه‌رو، فصلنامه سياست، پاییز 1395 – شماره 39.
- نجفی نژاد، سعید: نقش معاهدات سری جنگ جهانی اول در تجزیە و فروپاشی خلافت عثمانی، فصلنامە علمی-پژوهشی پژوهشنامە تاریخ، تابستان 1395، شمارە 43.
وێبسایت
- رحیمی: روزنامه‌نگاری که با رضاخان درافتاد، به قتل رسید، خبرگزاری فارس نیوز، 12-4-1400هـ.ش.
- ده‌قی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر:
https://treaties.fcdo.gov.uk/awweb/pdfopener?md=1&did=63986
به‌زمانی ئینگلیزی
- Harold Nicolson, Curzon: The Last Phase, 1919-1925, A Study in Post War Diplomacy, N.Y.Harcurt, 1939.
- Holod, Renata-Evin, Ahmet-Ozkan, Suha .2005. MODERM TURKISH ARCHITECTURE.published by the chamber of Architects of Turkey.Second edition.Ankara.
- Landau, J M (1995). Pan-Turkism: from irredentism to cooperation. Indiana University Press.
دیكۆمێنت:
- سفارت كبرای ایران در اسلامبول به وزارت امور خارجه، اسناد وزارت امور خارجه، ایران، 13مهر 1303، نمره 584، كارتن 42.
به‌زمانى توركی:
- لوزان صلح معاهده‌نامه‌سی، 24تموز 1923 (ده‌قی ڕه‌سه‌نی په‌یماننامه‌كه له ئه‌رشیفی توێژه‌ردا پارێزراوه.
پاشكۆكان:
یه‌كه‌م: ده‌قی ڕه‌سه‌نی په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌زمانی توركی.
دووه‌م: وێنه‌یه‌ك له رۆژنامه‌ی (شفق سرخ).
سێیه‌م: وێنه‌یه‌ك له رۆژنامه‌ی (قرن بیستم)
چواره‌م: وێنه‌یه‌ك له بڕیارێكی نهێنی ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی ئێران بۆ هه‌ڵگرتنی سانسۆر له‌سه‌ر (شفق سرخ)، چونكه خزمه‌ت به‌ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات.
پێنجه‌م: وێنه‌یه‌ك له بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی رۆژنامه‌ی (قرن بیستم) به‌هۆی ڕه‌خنه‌كانی له ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی ئێران.
[1] -روزنامه شفق سرخ، شماره 135، 12 اوریل 1923، سال دوم، ص (4).
[2] -روزنامه شفق سرخ، شماره 138، 22 اوریل 1923، سال دوم، ص (1).
[3] -روزنامه شفق سرخ، شماره 138، 22 اوریل 1923، سال دوم، ص (4).
[4] -روزنامه شفق سرخ، شما ره 140، 29 اوریل 1923، سال دوم، ص (3).
[5] -روزنامه شفق سرخ، شماره 141، 3 مى 1923، سال دوم، ص (4).
[6] -روزنامه شفق سرخ، شماره 140، 29 اوریل 1923، سال دوم، ص (2).
[7] -روزنامه شفق سرخ، شما ره 140، 29 اوریل 1923، سال دوم، ص (3).
[8] -روزنامه شفق سرخ، شماره 142، 13 مى 1923، سال دوم، ص (4).
[9] -روزنامه شفق سرخ، شماره 145، 21 مى 1923، سال دوم، ص (4).
[10] -روزنامه شفق سرخ، شماره 142، 13 مى 1923، سال دوم، ص (4).
[11] -روزنامه شفق سرخ، شماره 143، 15 مى 1923، سال دوم، ص (3).
[12] -روزنامه شفق سرخ، شماره 144، 17 مى 1923، سال دوم، ص (3).
[13] -روزنامه شفق سرخ، شماره 144، 17 مى 1923، سال دوم، ص (3).
[14] -روزنامه شفق سرخ، شماره 148، 24 ژوئن 1923، سال دوم، ص (1).
[15] -روزنامه شفق سرخ، شماره 150، 28 ژوئن 1923، سال دوم، ص (4).
[16] -روزنامه شفق سرخ، شماره 151، 1 ژوئیه 1923، سال دوم، ص (3).
[17] -روزنامه شفق سرخ، شماره 153، 5 ژوئیه 1923، سال دوم، ص (3).
[18] -روزنامه شفق سرخ، شماره 157، 15 ژوئیه 1923، سال دوم، ص (3).
[19] -روزنامه شفق سرخ، شماره 160، 24 ژوئیه 1923، سال دوم، ص (3).
-روزنامه شفق سرخ، شماره 161، 29 ژوئیه 1923، سال دوم، ص (3).
[20] -روزنامه شفق سرخ، شماره 138، 22 اوریل 1923، سال دوم، ص (4).
[21] -روزنامه شفق سرخ، شماره 141، 3 مى 1923، سال دوم، ص (1).
[22] -روزنامه قرن بيستم، شماره 7، 16 فوريه 1923، سال دوم، ص (3).