ڕۆژاڤا یان ڕۆژئاوا بە واتای ڕۆژئاوای کوردستانی گەورە دێت، واتە ئەو پارچەیەی کوردستان، کە دەکەوێتە سوریا. لە دوای جەنگی ناوخۆی سوریا لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییان تێدا دروستکردووە، بەڵام لەلایەن سوریاوە دانی پێدا نەنراوە، لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئێراق و لە باشووریشەوە لەگەڵ سوریا هاوسنوورە، زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و بە شێوەزاری کرمانجی دەدوێن. لەنێو پارچە دابەشکراوەکانی کوردستانی گەورە، ڕۆژئاوا کەمترین ڕووبەری هەیە کە ٣١,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجایە و لە دەشتی فراوان پێکدێت. ڕۆژاوا دەکرێت بە دوو بەشەوە، یەکەمیان عەفرینە، عەفرین دەکەوێتە نزیک دەریای سپی ھاوینیان گەرمە و زستانیان ساردە. بەھۆی ئەم کەش و ھەوایە داری زۆر و بەری زۆریان ھەیە و دار زەیتوونیشیان زۆرە. بەشی دووەم، ئاموودێ و قامشلۆ و دێرك ناوچەکەیان زیاتر دەشتە و چیای کەمترە و ناوچەکەیان بەفری لێ نابارێت، هەروەها ڕۆژاوا چەند چیایەکی تێدایە و ئەوانیش لە عەفرینەوە تا چیای کرمانج درێژ دەبنەوە. چیای کرمانج ١٢٠٠ م بەرزە، و تاکو کۆبانی درێژ دەبێتەوە.
گەر لە ڕووی مێژووییەوە چاوێك بخشێنین بە مێژووی کورد و سیاسەتی دەوڵەتی سوریا بەرامبەر بە کورد ئەوا دەبینین کوردەکان دووچاری سیاسەتێکی تووند و پاکتاوی ڕەگەزی بونەتەوە و ڕاگواستراون و ناوچە کوردستانییەکان لەڕووی دیمۆگرافییەوە گۆڕێندراون بەتایبەت لەدوای (٨/ ئاداری/ ١٩٦٣) و کودەتای بەعسیەکان. حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی سوری، کە لەلایەن “میشێل عەفلەق”ەوە لە ساڵی (١٩٤٧) لەسەر بنەمای ناسیۆنالیستی، سێکۆلار و دژایەتی ئیمپریالیزم دامەزرابوو لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە گەشتە دەسەڵات لە سوریا. ئامانجی سەرەکی ئەم حزبە کارکردن بوو بۆ هێنانەدی یەکێتی عەرەب. ئیتر بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەم حزبە دەستی کرد بە ئەجیندای خۆی بۆ تواندنەوەی کورد و ڕاگواستنیان، پڕۆژەکەی محەمەد تەڵەب هیلال بوو بە بنەمای بەرنامەی کاری حزبەکە، کە لە ١٢ خاڵ پێکدەهات و بە پڕۆژە دوانزە خاڵیەکەی تەڵەب هیلال ناوی دەرکرد. پرۆژەکەی ناوبراو سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کوردانی سوریادا لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد و هەڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد دامەزرابوو. لە ساڵی ١٩٦٢ لە شێوازی نامیلکەیەکدا پرۆژەیەکی ترسناك و تۆقێنەری پێشکەش بە حکومەتی سوری وئێراقی کرد، بەمەبەستی تواندنەوە و بنبڕکردنی کورد، پرۆژە نووسراوەکەی بەناونیشانی: (لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی لایەنی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردانی پارێزگای جەزیرە) بوو، هەروەها داوای کردبوو ئەو پرۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا جێبەجێ بکرێت و کاری بۆ بکرێت. هلال هەوڵیداوە بەڕێگەیەکی زانستی و بە بەڵگەو سەرچاوەی کۆمەڵناسی بیسەلمێنێت کورد میللەت نین و بانگەشەی ئەوە دەکات: ” کورد کۆمەڵەیەکی بێ مێژوو، بێ ژیار، بێ زمان، بێ ڕەگ و ڕەچەڵەکن و لە تاقمێکی نەگریس، کەللەڕەق و شەڕانی و تێکدەر بەولاوە هیچی دیکەنین و هەمان خوڕەوشتی گەلانی ناوچە شاخاوییەکانیان هەیە و میللەتێکن لەسەر ژیاری میللەتانی دیکە دەژین و بەهیچ شێوەیەك بەشدارنین لە شارستانییەتی میللەتانی دیکەشدا”.
لێرەدا نامانەوێ ڕۆبچینە وردەکاری پڕۆژەکە، کە لە ١٢ خاڵدا ڕونکراوەتەوە، بەوپەڕی تووندوتیژی و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی سیاسەتێکی پاکتاوی ڕەگەزیان بەرامبەر بە کورد گرتە بەر. بەڵکو دەمانەوێت لە مێژووی بنەمالەی ئەسەد و سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد بدوێین، هەربۆیە ئەم سیاسەتە بەرامبەر بە کورد تاوەکو سەردەمی (حافز ئەسەد) بەردەوام بوو. حافز ئەسەد لە (١٦/١١/١٩٧٦)، لە ڕێگەی کودەتایەکەوە گەشتە دەسەڵات. پاش گەشتن بە دەسەڵات پرۆژەی ڕاگواستنی دانیشتوانی کوردی ڕاگرت و دروستکردنی گوندە نموونەیەکانی لەلایەن دەوڵەتەوە وەستاند. ئەمەش زیاتر بۆ ململانێی نێوان دیمەشق و بەغداد دەگەڕایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك لە بڕیارەکانی پارێزگا و بەیاننامەکان کوردیان کردبوویە ئامانج و دەسەڵاتێکی فراوان بە دەزگاکانی ئاسایش دژ بە کوردەکان درابوو. دوای دەسەڵات گرتە دەست لەلایەن حافز ئەسەد، ئیتر دەرگای بە ئەندامبوونی لە حیزبی بەعس و بەشداری لە سیستمی سیاسیدا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان کردەوە، بەمەرجێك بە عەرەبیزم رازیبن و واز لە شوناسی نەتەوەی خۆیان بهێنن. لە ساڵی(١٩٧١) حافز ئەسەد سیستمی پەرلەمانی لە وڵات ڕاگەیاند، کوردەکان بۆیان هەبوو خۆیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کاندید بکەن و بەشداری هەڵبژرادنەکان بکەن، بەڵام پێویست بوو ئەوانەی، کە دەچنە ئەنجوومەنەوە پابەندی بەرنامەی حیزبی بەعس بن و بە بڕیارەکانی کۆنگرەی حیزبی بەعس ڕازی بن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی حافز ئەسەددا، ڕاپەڕینی حەما لە شوباتی ١٩٨٢، زۆر بەتووندی سەرکوتکرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی سوپای سوریا بۆ ماوەی(٢٧) ڕۆژ ئابڵۆقەی شارەکەیاندا و تۆپبارانی شارەکەیان کرد و سێ یەکی شارەکەیان وێرانکرد. سەرباری تاڵانکردنی شارەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد شەهید کران. لە ساڵی ١٩٨٦ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە کرابوو. هاوکات لە کاتی کارکردندا تەنها زمانی عەرەبی ڕێگەپێدراو بوو. ئەم بڕیارە تەنها لە پارێزگا کوردییەکاندا کاری پێدەکرا. لە ساڵی١٩٨٧ گوێگرتن لە گۆرانی و مۆسیقای کوردی قەدەغەکرا لەگەڵ ناونان بەزمانی کوردی و وتنی گۆرانی کوردی لە بۆنەکاندا قەدەغە بوو، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٥ جەژنی نەتەوەی نەورۆزیش قەدەغەکرا. دەتوانین بڵێین سوریا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا سیاسەتگەلێکی گرتەبەر کە بووە هۆی گواستنەوەی زۆرەملێی کوردەکان و گۆڕانی پێکهاتەی دانیشتوان. ئەم سیاسەتەی حکومەتی سوریا بە “پشتێنەی عەرەبی” ناسراوە. به پێی ئه م پلانه حکومەتی سوریا ژمارەیەك هۆزی عەرەب و کلدان و ئاشووری له ناوچه کوردییه کانی ئه و وڵاته دا نیشتهجێ کرد، هەروەها حکومەتی سوریا دەیان گوندی داگیرکردووە و ڕەگەزنامەی دەیان هەزار کورد هەڵدەوەشێنێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو کەسانەی لە ڕەگەزنامە بێبەشن بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. لەو کاتەدا حکومەتی سوریا زیاتر لە 100 هەزار کورد ڕەگەزنامەی لێسەندەوە و “کارتی بێگانە”ی بۆ دەرکردن.
ئەم کارتە بەو مانایە بوو، کە کوردەکانی سوریا بۆیان نەبووە موڵك بکڕن و بفرۆشن، ڕێگەیان پێدراوە خانووەکانیان چاک بکەنەوە و مافی تەندروستی و بیمەیان نەبووە. منداڵی ئەو کەسانەش لە قوتابخانە حکومییەکان ڕێگەیان پێنەدەدرا بخوێنن و لەبری ڕەگەزنامە کارتێکی دیکەیان پێدەگەیشت کە ناوی کارتی مەکتووم بوو. بە واتایەکی تر زۆرێك لە کوردەکانی سوریا لە مافی هاووڵاتیبوونیان بێبەش کران و مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان پێشێل کران.کوردەکانی سوریا لەژێر ئەم فشارەدا بەبەراورد لەگەڵ کوردەکانی ئێران، ئێراق و تورکیا لە دەیەی ڕابردوودا مێژووی ناڕەزایەتی یاخود پێکهێنانی گروپی ڕەخنەگر و ناڕەزایەتی کەمتریان هەیە. ساڵی 2004 و دوابەدوای یارییەکی تۆپی پێ لە نێوان تیپی قامیشلۆ و دیمەشق، ناڕەزایەتی لە ناوچە کوردنشینەکان دەستیپێکرد، کە لەو چەند جارە بوو کوردانی سوریا ناڕەزایەتیان دەربڕی. دواجار لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا، بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەم وڵاتە، بڕیاریدا چاکسازی بکات، لەوانە پێدانی ڕەگەزنامە بەو کوردانەی کە کارتی نایاسایی و بێگانەیان هەبوو.
بەمجۆرە کورد لەهەموو مافێکی نەتەوەیی و سیاسی بێبەشکرابوو لەدوای مردنی حافز ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی بەشاری کوڕی دۆخی کورد هەروەك خۆی مایەوە، چونکە ناوبراو کۆپیەکی باوکی بوو لە دیکتاتۆر و تۆقاندن، بەڵام خۆشبەختانە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و گۆڕانکارییەکان هەلێکی زێڕینی بۆ کورد هێنایە ئاراوە لە سوریا ئەوە بوو لە ساڵی 2012 دوای کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لە پارێزگا کوردنشینەکانی باکوری سوریا، ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان. ناوچە ئازادکراوەکان پێیان دەگوترا کانتۆن. کانتۆن جۆرێکە لە دابەشبوونی وڵاتی بچووك، کە بە بەشێك لە کۆنفیدڕاڵییە دیموکراتییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دادەنرێت. یەکێك لە کانتۆنە بەناوبانگەکانی کۆنفیدڕاڵییە دیموکراسیەکانی باکوری سوریا کۆبانییە، کە بەرخۆدانی گەلەکەی لە دژی داعش پشتیوانی و ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا. لەو کاتەدا سیستەمی سیاسی کوردستانی سوریا بە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک “ڕۆژاڤا” ناسرابوو. بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان لە “ڕۆژاڤا”دا پەیوەندی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و ئیدارەی کۆمەڵگا لە “ڕۆژاڤا”دا بە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی و لە بچووکترین پێکهاتە ناوخۆییەکانەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سوریا و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکە ،کە بە پەیوەستبوون بە هەرسێ کانتۆنی (جزیرە و کۆبانی و عەفرین) دروست بووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2016، لیژنەکانی هەماهەنگی خۆبەڕێوەبەرایەتییە دیموکراسیەکانی سەرجەم کانتۆنەکانی ڕۆژاڤا (کوردستانی سوریا) بە نوێنەرایەتی کورد، عەرەب، ئاشووری و تورکمان لە شاری (ڕێمیلان) لە باکوری سوریا کۆبوونەوە. دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە پێکهێنانی ئەنجوومەنی دامەزراوی ٣١ کەسی و ڕاگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردن بوو بۆ ئەم ئەنجوومەنە دامەزرێنەرە، هاوسەرۆکێکی دوو کەسی، یەك پیاو و یەك ژن، دەستنیشانکرا. لەو کاتەوە هەمیشە یەکە سیاسییەکان دوو کەس سەرۆکایەتیان دەکەن، کە ژنێک و پیاوێکیان تێدایە. بە پێی گرێبەستی کۆمەڵایەتی “رۆژاڤا” فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریا پابەندە بە سێ پێوەرەوە، کە بریتین لە: ئیکۆلۆژی، دیموکراسی و ئازادی ژنان. زۆرێك دەڵێن قەدەغەکردنی فرەژنی و بەزۆر زەواجی کچان لەم کۆمەڵگە بەرزە نەریتی و ئیسلامییەدا لەو پێشهاتانەن، کە لەگەڵ جێبەجێکردنی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراسیدا ڕوویانداوە هەر کانتۆنێکی “رۆژاڤا” لە کۆمەڵە ناوخۆییەکان و شارۆچکە و قەزاکان پێکهاتووە، کە ئەوانیش هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیان هەیە. به پێی ئه وه ی له ڕۆژاڤا ڕاگه یاندراوه، چه ند هه ڵبژاردنێك بۆ ئه ندامانی شاره وانی و کۆمه ڵه خۆجێیه کان و کۆنگرەی دیموکراتیکی گه لان هه یه . مەودای جوگرافیای کانتۆنەکانی “رۆژاڤا” باکور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایە، کە لە عەفرینەوە تا دەوروبەری سنووری ئەبو کەمال ڕاگەیەندراوە. بە تێپەڕبوونی کات، کوردەکانی سوریا خۆیان ڕێکخست بۆ دوو ڕێکخراوی سەرەکی، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەگە). لە مانگی ئابی ٢٠١٤ هێزەکانی یەپەگە لە شەڕێکی خوێناویدا لە دڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سوریا تا چیای گەمارۆدراوی شنگال ڕێڕەوێکیان کردەوە، ئەم دوو گرووپە دواتر بوونە بڕبڕەی پشتی گرووپێکی گەورەتر، کە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراوە.هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بریتییە لە هاوپەیمانی هێزە کوردی و تورکمان و ئاشووری و عەرەبییەکان. ئەم هێزانە لەکاتی شەڕی داعشدا ١١ هەزار کەسیان لە داعش کوشتووە و توانیان شسکتیان پێ بێنن، لە ئێستاشدا دەیانەوێت وەك بەشێك لە سوریا بمێننەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراسیدا بەهێز بکەن.
تورکیا دوژمنە سەرسەختەکەی کورد و گەورە داگیرکەری خاکی کوردستان بەهەموو جۆرێك خەریکی لێدانە لە ئەزمونی ڕۆژئاوا و دژی دروستبوونی هەرێمێکی هاوشێوەی کوردستانی باشورە لە سوریا هەربۆیە بەهەموو هێز و توانایەکیەوە هەم بە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و پەلاماری سەربازی، هەمیش لەڕێگەی گروپە چەکدارییە تیرۆرستە ئەڵقە لەگوێکانی هەوڵدەدات بۆ لەباربردنی هەوڵەکانی کورد و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا دەیەوێت کوردەکان لە پڕۆسەی سیاسی سوریای داهاتودا وەلا بنێن لە ڕێگەی دەسەڵاتی تەحریر شام. بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ گەشەسەندنی دۆزی کورد و دروستبونی دەسەڵاتی کوردی نییە لە سوریا، چونکە بەشێکی گەورەی کوردستان لکێندراوە بە تورکیاوە و بە بۆمبێکی تەوقیتکراوی دەبینێ، کە بۆی هەیە لە هەرکات و ساتێکدا بێت بتەقێتەوە و لەژێر دەستی توررکیا دەربچێت. ئەوەی گرنگە لە ئێستادا یەکگرتوویی کوردە و پشتگیری کردنی ڕۆژئاوایە لە هەموو بەشەکانی کوردستان زۆر بەتایبەت لە کوردستانی باشور چونکە کورد خۆی دەسەڵاتدارە لەم پارچەیە و دەتوانێت یەکدەنگیەکی جیهانی بۆ ڕۆژئاوا کۆبکاتەوە لە جیهانیشدا چاوەکان لەسەر ڕۆژئاوان بەتایبەت ئەمریکا و زلهێزەکان چونکە کورد هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکا و ئەوروپا بوون لە شەڕی داعش و بنیادنانی دیموکراسی لە ناوچەکە بەمەش کوردەکان بەشێکی گرنگی بڕیاردانی سیاسین لە سوریا و ناتوانرێت وەك ڕابردوو حاشا لەبونیان بکرێت لەو وڵاتە، هەربۆیە ئەوەی هەیە مایەی گەشبینی و ئومێدە بۆ داهاتوویەکی گەشی کوردەکان لەو وڵاتە.
سەرچاوەکان:-
١- د.عبدالرحمان قاسملۆ-عیسمەت شەریف وانلی و ئەوانی دی، گەلێکی پەژمووردەو نیشتیمانێکی پەرت، و.م گۆمەی، سوێد، ٢٠٠٢.
٢- هێریەت مۆنتگومری، کورد بوونێکی نکۆڵی لێکراو، و. مینە پێشەوا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، ٢٠٠٩.
٣- ئاوات عبداللة عبدالقادر، سياسەتی حكومەتى سوريا بەرامبەر بە پرسى كورد لە ڕۆژئاواى كوردستان( ١٩٧٠-٢٠٠٤)، نامەی ماستەر پێشكە شی ئە نجومە نی كۆلێجی زانستە مرۆڤایە تییە كانی زانكۆی سلێمانی كراوە ، بڵاونەکراوە، ٢٠٢٢.
٤-روژاوا: همە آنچە باید بدانیم، ٢٦مهر ١٣٩٨- ١٨اکتبر٢٠١٩ https://www.bbc.com/persian/50079898
٥-محەمەد ڕزگار، ڕۆژئاوای کوردستان-ڕۆژئاوا، ١٩/٠٩/٢٠٢١ https://zaniary.com/blog/6147642e059ee