“پێشه‌كی”
چارەنووسی گەلی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و سته‌ملێكراوی رۆژهەڵاتی ناوەراست، یەكێك بووە لەو دۆسییە گرنگانەی لە چەندین رێككەوتنامەو پەیماننامەی نێودەوڵەتیدا، هەوڵ دراوە بەپێی بەرژەوەندی زلهێز و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. دیارترین قۆناغی ئەم پرسه، لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی بوو كە سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات داڕێژرایه‌وه، هاوكات بڵێسه‌ی چەندین شۆرشی جۆراوجۆر لە پارچەكانی كوردستان “باشوور، رۆژهەڵات، باكور” لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانیدا هەڵگیرسا، دەنگدانەوەی ئەم شۆڕشانەش هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵی دیبلۆماسی كۆمه‌ڵێك كەسایەتی كورد، هه‌ربۆیه فشارێكی ئەرێنی بۆ چەسپاندنی مافەكان له رێككەوتنامەیه‌كی نێودەوڵەتیدا دروست كرد كە پەیمانی سیڤەره له (10ی ئابی 1920ز)دا، تیایدا بەپێی ماددەكانی (62-63-64) گەلی كوردی سەرپشك كرد بۆ بریاردان لە ئاینده‌ی چاره‌نووسی خۆی. ئاڵوگۆڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جیهان و هاتنه‌ئارای ده‌سه‌ڵاتی نوێ به‌تایبه‌ت له توركیا، زه‌مینه‌ی بۆ به‌ڵێننامه‌یه‌كیتر خۆش كرد كه له‌سه‌ربنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێز، جارێكی‌تر مافه‌كانی گه‌لانی به‌شخوراو به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد، ببێته‌وه به‌قوربانی.
ئه‌نجامی جموجۆڵی ده‌وڵه‌تی نوێی توركیا، به‌ستنی په‌یمانی (لۆزان) بوو له (23ی ئابی 1923ز) له وڵاتی سویسرا، له سه‌رده‌می خۆیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تان هه‌بوو، بواری رۆژنامه‌گه‌ریش كه ته‌نها ئامرازی میدیایی بوو، ڕۆڵی گرنگی بینی له ڕووماڵی پێشهاته‌كان و چاودێریی هه‌لومه‌رجه‌كه، به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی كه به‌رده‌وام زانیاریی گرنگیان بڵاوده‌كرده‌وه به‌ئامانجی دروستكردنی پرۆسه‌ی هۆشیاری و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی ڕایگشتی، ئێستاش به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی بایه‌خدار داده‌نرێت بۆ تۆماری ڕووداوه‌كان و تێگه‌یشتن له هه‌ڵوێستی ئه‌و قۆناغه‌ی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كانی په‌یماننامه‌ی لۆزان. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌پشتبه‌ستن به میتۆدێكی زانستی، تاوتوێی بۆ دوو ڕۆژنامه‌ی ئارایسته‌جیاوازی ئێرانی (شفق سرخ، قرن بیستم) كردووه كه له قۆناغی په‌یماننامه‌ی لۆزان و پراكتیزه‌كردنی نه‌خشه‌ڕێگاكه‌یدا، ئه‌ركی چاودێری و ڕووماڵ و شرۆڤه‌یان گرتۆته‌ئه‌ستۆ. دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و په‌یماننامه مه‌ترسیداره‌دا، له‌به‌ر رۆشنایی هه‌واڵ و داتا و شرۆڤه‌كانی هه‌ردوو رۆژنامه‌كه، تاوتوێی هه‌ڵوێستی ئێران و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕ و كاریگه‌رییه‌كانی په‌یمانه‌كه ده‌كه‌ین.
“میتۆدنامە”
له‌م به‌شه‌دا، نه‌خشه‌ڕێگای توێژینه‌وه‌كه و ورده‌كارییه‌كانی له‌ڕووی بایه‌خ و گرنگی، ئامانجه‌كانی، میتۆد و سامپڵه‌كانی، پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌می و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكیتری میتۆدنامه ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
“ناونیشانی توێژینه‌وه”
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌ناونیشانی (ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پەیماننامەی لۆزان له رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی)یه، دوو رۆژنامه‌ی ئاراسته جیاواز به‌نمونه وه‌رگیراوه كه له ساڵی (1923ز)دا، هه‌واڵ و شرۆڤه‌یان ده‌رباره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان و لێكه‌وته‌كانی بڵاوكردۆته‌وه. فاكته‌ری هه‌ڵبژاردنی ناونیشانه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی زانیاری و شرۆڤه‌ی گرنگ له‌و دوو ڕۆژنامه‌یه‌دا، دوای تێپه‌ڕینی سه‌ده‌یه‌كیش به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕبایه‌خ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاڵوگۆڕه‌كانی ئه‌و قۆناغه داده‌نرێت، به‌جۆرێك به‌وردی چاودێری پێشهاته‌كانی ئه‌و قۆناغه چاره‌نووسسازه‌ی گه‌لی كوردی له‌خۆگرتووه.
“گرنگی توێژینەوە”
هه‌وڵدان بۆ ده‌ستخستنی ئه‌رشیفی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ری رۆژنامه‌گه‌ری، له‌پێناو ده‌ستخستنی هه‌واڵ و داتای گرنگ سه‌باره‌ت به په‌یماننامه‌ی (لۆزان) كه گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌بووه، به‌یه‌كه‌مین توێژینه‌وه‌ی زانستی داده‌نرێت بۆ زانینی باسوخواسی ئه‌و په‌یماننامه‌یه و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌خشه‌ی سیاسی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له ڕۆژنامه‌گه‌ریدا. له ڕووی مێژووییه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی قۆناغێكی هه‌ستیاری مێژووی گه‌لی كورده له‌ساتی پیلانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زه‌وتكردنی مافه‌كانی. له‌بواری ئه‌كادیمیشدا، هاندانێكه بۆ توێژه‌ران تا به‌پشتبه‌ستن به‌ئه‌رشیفی ڕۆژنامه‌گه‌ری وڵاتانی‌تر، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و تاوتوێی داتا و دیكۆمێنت بده‌ن سه‌باره‌ت به‌و قۆناغانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لی كورد و خاكی كوردستانیش هه‌بووه.
“ئامانجەكانی توێژینەوەكە”
ئەم توێژینەوەیە هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م ئامانجانه بهێنێته‌دی:-
- ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵوێستی ئێران له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌پشتبه‌ستن به‌داتا و دیكۆمێنته‌كانی بواری رۆژنامه‌گه‌ری.
- خستنه‌ڕووی رەهەنده‌كانی بایه‌خدان به پەیماننامەی لۆزان له ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێرانی‌دا.
- هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵوێستی دوو ڕۆژنامه‌ی ئاراسته جیاوازی ئێرانی (شفق سرخ، قرن بیستم) له‌هه‌مبه‌ر پەیماننامەی لۆزان و لێكه‌وته‌كانی.
- تاوتوێی شێوازی شرۆڤه‌ی پەیماننامەی لۆزان لە هەردوو رۆژنامەكەدا، سود و قازانجیشی بۆ مێژووی گه‌لی كورد.
“كێشه‌ی توێژینەوە”
لە چوارچێوەی ئامانجه‌كانی توێژینەوەكه‌دا، هه‌وڵمان داوه وه‌ڵامی پرسیاری سه‌ره‌كی بده‌ینه‌وه: ئایا ره‌نگدانه‌وه‌ی پەیماننامەی لۆزان له رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی له چ ئاستێكدا بووه؟. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌كییه‌شدا، هه‌وڵ دراوه به‌تێروتەسەلی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لاوه‌كییانه‌ش بخه‌ینه‌ڕوو:-
- ئایا رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی، چۆن هه‌ڵوێستیان له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزاندا خستۆته‌ڕوو؟.
- ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێرانی، بایه‌خی به‌چه‌ند رەهەندی پەیماننامەی لۆزان داوه؟.
- رۆژنامه‌كانی (شفق سرخ، قرن بیستم) له ئێران‌دا كه هه‌ڵوێست و ئاراسته‌یان جیاواز بووه، چۆن كاریگه‌رییه‌كانی پەیماننامەی لۆزانیان تاوتوێ كردووه؟.
- هه‌واڵ و داتاكانی رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی له‌باره‌ی پەیمانی لۆزان، تاچه‌ند سودبه‌خشه؟.
“میتۆدی توێژینەوەكە”
له‌پێناو تاوتوێیه‌كی زانستییانه‌دا، میتۆدی توێژینه‌وه‌كه به‌گوێره‌ی بابەتی سەرەكییه‌كه (ره‌نگدانه‌وه‌ی پەیماننامەی لۆزان له رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی)، به‌توێژینه‌وه‌یه‌كی جۆری-Qualitative دادەنرێت، هه‌ردوو میتۆدی (شرۆڤه‌ی ناوه‌رۆك) و (راڤەی كتێبخانەیی) به‌كارهێنراوه كه ئامرازەكانی كۆكردنەوەی زانیارییەكانی بریتین لە تاوتوێی (دیكۆمێنت و نوسراو)، ئەم ڕێبازه‌ش بەباشترین بژاردە بۆ توێژەران دادەنرێت بەمەبەستی تێگەیشتنی قوڵتر و شرۆڤەی هەمەلایەنە بۆ ئەو بابەتانەی كە رەگوریشەیەكی مێژووییان هەیە، لەهەمانكاتدا سەرچاوەی داتاكانیش بریتین لە چاپەمەنییەكانی ئەو قۆناغەی بەسامپڵ وەرگیراوە.
“بواری توێژینەوە”
سێ بواری لەخۆگرتووە:-
ا- بواری شوێن:- رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی كه له تارانی پایته‌ختدا چاپ كراون و له سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه.
ب- بواری كات:- توێژەر سه‌رجه‌م ژماره‌كانی ساڵی (1923ز)ی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی (شفق سرخ، قرن بیستم) وەك سامپڵی كات هەڵبژاردووە.
ج-بواری بابەت:- تەوەرەی سەرەكی توێژینەوەكە سەبارەت بەو هەواڵ و وتار و ڕاپۆرتانەیە كە دەربارەی په‌یماننامه‌ی لۆزان، لەماوەی ساڵی (1923ز) لە رۆژنامه سامپڵه‌كاندا بڵاوكراونەتەوە.
“كۆمەڵگای ئاماری”
له‌م توێژینەوەیه‌دا، كۆمەڵگای ئاماریی بریتییه له (2) رۆژنامەی جیاواز كە لە ماوه‌ی ساڵی (1923ز)دا، بە تیراژێكی فراوان لە ئێران چاپ و پەخش كراون. سەرجەم ژمارەكانی ئەو ساڵەش بەسامپڵ وەرگیراون، دوای شرۆڤه‌ی ناوه‌رۆكی بابەتەكان، به‌پشتبه‌ستن به میتۆدێكی زانستی، هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێ كراون.
“ئاستەنگەكانی توێژینەوەكە”
ئەنجامدانی هەر توێژینەوەیەكی زانستی، ڕووبەڕووی كۆمەڵێ كۆسپ دەبێتەوە، دیارترین ئاستەنگەكانی توێژه‌ر بریتی بوون لە:-
–كەمی دیكۆمێنت و دژواری له په‌یداكردنی ئه‌رشیفی رۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، به‌تایبه‌ت كه باسی ورده‌كارییه‌كانی په‌یماننامه‌ی لۆزان بكات .
–تائێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی پێشوەخت لەباره‌ی هه‌ڵوێستی ڕۆژنامەگەریی له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌زمانی كوردی ئەنجام نەدراوە.
وشه كلیلییه‌كان:– په‌یماننامه‌ی لۆزان، چاره‌نووسی كورد، رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی.
“ره‌نگدانه‌وه‌ی پەیماننامەی لۆزان له رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانی دا؛ دوو ڕۆژنامه‌ی ئاراسته جیاواز به‌نمونه”
“پێشەكی”
پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەچارەنووسی گەلان و دیاریكردنی سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەو دۆسییه گەرموگوڕانە بوو كە زۆرترین رەنگدانەوەی لە بواری رۆژنامەگەریی سەدەی بیستەمدا هەبووە، ئەمەش بەسەرچاوەیەكی به‌نرخ بۆ تۆماری ڕووداو و هەڵوێستی وڵاتان و دانیشتوانەكانیان دادەنرێت، بەجۆرێك ئەمڕۆ دەتوانین بەشرۆڤەی ناوەرۆكی هەواڵ و دەنگوباس و بابەتە میدیاییه‌كانی ئەو سەردەمە، تاوتوێی بارودۆخەكەو ئاستی هەڵوێست و بۆچوونەكان سەبارەت بەئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانە بكەین. بواری رۆژنامەگەریش له ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ڕۆڵێكی گرنگی بینیوه له پرۆسه‌ی ڕووماڵی هەواڵی گۆرانكارییە جۆراوجۆرەكاندا، ژێده‌رێكی متمانه‌پێكراویشه بۆ نوسینەوەی مێژووی قۆناغێك یاخود هه‌ڵسه‌نگاندنی گۆڕانكارییه‌كانی قۆناغەكەی خۆی. پەیماننامەی لۆزان (1923ز) كە نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر لەلایەن كۆمەڵێك دەوڵەتەوە پیلانی بۆ دارێژرا، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی گەلی كورد هەبوو، تائێستاش لێكەوتە نامرۆییه‌كانی ئەو پەیماننامەیە، لەسەر ژیان و دواڕۆژی گەلەكەمان بەردەوامە.
لە قۆناغی نه‌خشه‌ڕێژی بۆ ئه‌م په‌یماننامه‌یه و هه‌وڵی وڵاتانی زلهێز بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به قازانجی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر یاخود ئیستیعمار، رۆژنامەگەریی نه‌ته‌وه سەردەسته‌كان به‌شێوه‌ی ڕۆژانه ڕووماڵی هه‌لومه‌رجی به‌ستنی پەیماننامەی لۆزانیان وەك رێككەوتنامەیەكی نێودەوڵەتی كردووە. ئه‌مڕۆ دوای تێپه‌ربوونی سه‌ده‌یه‌ك، زانیاری و هەواڵەكانی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌دەروازەیەكی باش بۆ تێگەیشتنی قوڵتر لە پێشهاته‌كانی قۆناغەكە ده‌خاته‌ڕوو. لەم روانگەیەوە توێژەر نمونەی دوو رۆژنامەی ئاراستە جیاوازی ئێرانی بەسامپڵ وەرگرتووە كە به‌شێوه‌ی ڕۆژانە، زانیاری و هەواڵەكانی پەیماننامەكەیان بڵاوكردۆتەوە.
“بەشی يه‌كه‌م”
باسی یه‌كه‌م:- هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تانی ئێران- توركیا و په‌یماننامه‌ی (لۆزان)
“ده‌روازه”
هەردوو دەوڵەتی نوێی ئێران و توركیا لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی یەكەمی جیهان، بەهۆی دۆزی كوردەوە رووبەرووی كێشەیەكی قوڵی ناسیۆنالیستی له فۆرمی سیاسی و چەكداریدا ببوونەوە. لە سەرەتای مانگی نیسانی (1921ز)، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەسەر چەكداركردنی كوردە شۆرشگێڕەكان لە لایەن توركەكانەوە، گلەیی لای باڵیۆزی بەریتانیا كرد (كالیراد، 1391، ص 128). ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی زەمینەی هاریكاری و پیلانی نێوان دەوڵەتی توركیا و ئێرانی په‌هله‌وی بەمەبەستی بەگژداچوونەوەی چالاكی شۆرشگێڕانی كورد، پەیوەندییەكی نافەرمی لەنێوان تاران و ئەنقەرەدا هاتەئارا، دەوڵەتی قەوامولسەڵتەنە لە ئێران نوێنەری بۆ دانوستان بۆ ئەنقەرە نارد، لە رۆژی (24ی حوزەیرانی 1921ز)دا، شاندێكی دیبلۆماسی لە ئێرانەوە چوو بۆ ئەنقەرە، دوای سێ رۆژ لە سەردانەكەش، (یوسف كەمال) وەزیری دەرەوەی توركیا لە پارلەماندا رایگەیاند كە لەگەڵ ئێران‌دا سەرقاڵی دیاریكردنی سیاسەتێكی هاریكاریی هاوبەش و بەهێزكردنی پەیوەندییەكی دۆستانەین. (رضانژاد، 1393، ص 117). هەنگاوە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی توركیا بۆ پەیماننامەیەكی نوێ، لەپێناو پێداچوونەوە بەماددەكانی پەیمانی سیڤەردا بوو، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندیدارن بەچارەنووسی گەلی كورد و ویلایەتی موسڵ.
ئامانجی سه‌ره‌كی توركیا به‌سه‌ركردایه‌تی (كه‌مال ئەتاتورك)، بەدوو ئاراستە كاری دەكرد:- یەكەمیان دژ بە ئیسلامییەكان و گرووپە مەزهەبییەكان، دووەمیان دژ بە نەتەوە ناتوركەكان بەتایبەت گەلی كورد، پەیماننامەی لۆزانیش یاریدەی سەرخستنی ئەم ئاراستەیەی ئەتاتوركی دا، چونكە لە پەیماننامەكەدا كەمینەكان بەپێی ئایینەكەیان ناسێنران، نەك لەسەر بنەمای نەتەوە، لەبەرئەم فاكتەرەش توركەكان گەلی كوردیان بەتوركە چیانشینەكان ناودەبردو مۆڵەتیان بەبوونی زمانی كوردی و تایبەتمەندییە كلتورییەكانیان نەدەدا و قەدەغەیان كرد. (موثقی، 1395 ص 726). له‌م به‌شه‌دا، هه‌ڵوێستی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیا بۆ په‌یمانی لۆزان و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ دۆسییه‌ی كورد تاوتوێ ده‌كه‌ین.
1-1 هه‌ڵوێستی ئێران له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌ی (لۆزان)دا:- ده‌وڵه‌تی ئێران له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان (1914-1918ز) كە حكومڕانی قاجارەكان هەرەسی هێنا، (رەزا شای پەهلەوی) سیستەمی دەسەڵاتی گۆڕی و بنەماكانی حكومرانی پەهلەوی لە وڵاته‌كه‌دا چەسپاند، بەهەمان شێوازی (مستەفا كەمال ئەتاتورك)، دەیویست كۆمەڵێ گۆڕانكاری لە زۆربەی بوارەكاندا بكات، هەم دەسەڵاتێكی میلیتاری دابمه‌زرێنێت. بەپێی دیكۆمێنتەكان و پسپۆڕانی مێژووی ئێران، لەسەرەتای حكومڕانی (رەزاشا) و (ئەتاتورك)ەوە، كۆمەڵێك ناكۆكی لەنێوان ئێران و توركیادا ده‌بینرا، زۆربەی ناكۆكییه‌كانیش بریتی بوون له: دۆزی كورد و بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییه‌كانی، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رسنوره‌كان، پروپاگەندەی توركیا بۆ پان توركیزم له‌ناو ئێران‌دا). ترسی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌هه‌ژموونی پان توركیزم له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت كه ده‌بێته‌مایه‌ی راكێشكردنی ئازه‌رییه‌كانی ئێران به‌ره‌و توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌دابوون: پان ئازه‌ریزم و پان توركیزم له‌ڕووی بنه‌ماوه خاوه‌نی یه‌ك بنه‌مای یه‌كگرتووه و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ردووكیان بریتییه له نه‌ژادپه‌رستی، بڕوابوون به دژایه‌تی ئێرانی، دژایه‌تی شیعه، پاشكۆیه‌تی بۆ توركیا و جوداخوازی له ئێران (پورقلی، 1386، ص 186)
هانده‌رێكیتر بۆ ئێران تا چاوه‌ڕوانی په‌یماننامه‌یه‌كی نوێ بێت، سیاسه‌تی دەوڵەتی نوێی توركیا بوو چونكه پەیماننامەكانی پێشووی نێوان عوسمانی و دەوڵەتانی تری هەڵوەشاندەوە، وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت ئێران بەناچارییەوە ده‌یویست په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بێت، چونكه سیاسەتێكیتری نەیارانەی دەوڵەتی توركیا دژ بە ئێران، بەرنامەرێژی بوو بۆ ئاشوب لە ئێران‌دا. ئەم سیاسەتەش وێرای لایەنە كلتوری و پڕوپاگەندەییەكەی، دەستدرێژی سەربازیشی لەگەڵدا بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانی سەرسنوری ئێران (به‌منی قاجار، 1390، ص 594).
له‌به‌ر ئه‌م فاكته‌ره، ئێران ده‌یویست به‌ڕێككه‌وتن، ڕێگه له هه‌ژمون و شه‌ڕانگێزی توركیا بگرێت. به‌رپرسانی ئێرانی جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، گۆڕانی ڕژێمێك نابێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پراكتیزه‌كردنی په‌یماننامه‌كانی ڕابردوو هه‌بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ئێران بۆ تاوتوێی گیروگرفته‌كانی، كۆمیسیۆنێكی بۆ به‌دواداچوون به‌سه‌رپه‌رشتی ژه‌نه‌ڕاڵ (ئه‌میر ئه‌رفه‌ع)ی ڕاسپارد تا دانوستاندن له‌گه‌ڵ سه‌فاره‌تی توركیا له ئێران ئه‌نجام بدا .له‌م هه‌لومه‌رجه هه‌ستیاره‌دا، هه‌نگاوه‌كانی زه‌مینه‌سازی بۆ پەیمانی لۆزان (1923ز) بەگرنگترین رێككەوتنامە بۆ دابەشكردنەوەی سنوور و دەسەڵاتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت. سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئێرانیش، به‌پێی لێدوانی فه‌رمی (قەوامولسەڵتەنە) لە وەڵامی پرسیارێكدا لە مەجلیسی شورای پارلەمانی ئێران لە رۆژی (27ی ده‌ی 1301هـ..ش، 1ی كانوونی دووه‌می 1923ز) رایگه‌یاند: به ئێمەیان راگەیاندووە كە پرۆگرامی كۆنفرانسەكە، تایبەتە بەنەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان عوسمانی و یۆنان و مەسەلەی بوغازەكان، چونكە لەو بابەتانەشدا دەوڵەتی ئێران بەرژەوەندییەكی راستەوخۆی تێدا نییە، هەربۆیە چاوپۆشی لە داواكاریی بۆ بەشداریی لە كۆنفرانسەكەدا كرد، وێرای ئەمەش لە سەرەتای دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا، نوێنەری تایبەتمان بۆ لۆزان نارد تا دەوڵەت ئامادەی وردەكارییەكانی كۆنفرانسەكە بێت). (مكى، 1359، ص 196)
ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی له‌به‌ر مه‌ترسییه‌كانی كۆنفرانسی لۆزان، به‌چاوی گوماناوی ده‌یڕوانییه بارودۆخه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه، بواری رۆژنامەگەری فارسیش، بەشێوەیەكی بەردەوام هەوڵیان داوە رووماڵی هەڵوێست و رۆڵی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانەكەدا بكەن، شرۆڤە بۆ لێكەوتەكانیشی بخەنەڕوو.
1-2 هه‌ڵوێستی توركیا له‌هه‌مبه‌ر په‌یماننامه‌ی (لۆزان)دا:- له گۆڕانكارییه‌كانی دوای كۆتایهاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان (1914-1918ز) كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كی نوێی نێوده‌وڵه‌تی به‌ناوی (سیڤه‌ر) هاته‌ئارا كه له (10ی ئابی 1920ز) په‌سه‌ندكرا. به‌پێی ده‌قی په‌یمانه نوێیه‌كه كه له‌نێوان ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان و عوسمانی‌دا مۆركرا، به‌تایبه‌تی له مادده‌كانی (62-63-64)دا بڕیاردان له مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی به گه‌لی كورد به‌خشرا. (Treaty of Severs, Oxford reference) ده‌سه‌ڵاتداری نوێی توركیا، مەرجەكانی پەیمانی سیڤەری پەسەند كرد، بەڵام ژەنەراڵێكی توركیا بەناوی (مستەفا كەمال) كە بە بنیادنەری توركیای مۆدێرن دادەنرێت، شۆرشێكی دژی مەرجەكان بەرپا كرد. ناكۆكی نێوان وڵاتانی هاوپەیمان پەرەیسەند و ئاستەنگی بۆ پەیمانی سیڤەر دروست كرد. (مستەفا كەمال) بە دیبلۆماسییەكی لێزانانە لەرێگەی دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا، بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی توركی بۆ رزگاربوونی توركیا لە داگیركەرە بیانییەكان بەرپاكرد، پاشان سەربازانی بەریتانیای لە تەنگەی قوستەنتنییە وەدەرنا. (لۆرد جۆرج) كە نەیتوانی پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدەستبهێنێ، لە مانگی تشرینی یەكەمی (1922ز) بەناچارییەوە داخوازییەكەی (كەمال ئەتاتورك)ی بۆ پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەردا قبوڵ كرد، ئەمەش بەهۆی پەیمانێكی تازەوە كە لە كۆنفرانسی لۆزاندا پەسەند كرا. (نجفی نژاد، 1395، ص 147). دوو فاكته‌ری گرنگ، ڕه‌وتی سیاسه‌تی توركیای گۆڕی له وڵاتێكی وابه‌سته به په‌یمانی سیڤه‌ره‌وه به‌ره‌و هه‌وڵدان بۆ ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كی نوێ به‌قازانجی خۆی. له ڕووی فاكته‌ری ناوخۆییه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی (توركه لاوه‌كان) بناغه‌ی نوێی بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی، ئابوری، زانستی‌یان له توركیادا خسته‌ڕوو، له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له ماوه‌ی جه‌نگه‌كانی باڵكاندا (1911-1913ز) بڕیاری دا كه ناسیۆنالیزمی توركی وه‌ك تاكه ستراتیژی و ئایدۆلۆژیایه‌ك په‌سه‌ند بكات. پان ئیسلامیزمیش كه له سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌مید شوێنكه‌وته‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بوو، له‌مه‌یدانه‌كه‌دا نه‌ما. (Holod, 2005, P6).
به‌مانایه‌كیتر، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی پان توركیزم توانی وه‌ك سەرجەم توركەكانی ناوخۆی توركیا و دەرەوە، لەرووی كلتوری و سیاسییەوە یەكبخات (Landau, 1995,P1).له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پان توركیزم، فاكته‌ری سه‌ره‌كی هاتنەئارای ناكۆكی نەتەوەییه لە توركیای نوێ‌دا، چونكه ناسیۆنالیزمی كەمالیزم كە سەرچاوەی دەمارگیریی نەتەوەیی و نەژادییە، میللەتی توركی بەو چەشنە دەناساند: سەرجەم توركەكان لەخۆدەگرێت كە لە ناوخۆی سنورەكانی كۆمارەكەدا دەژین (موثقی، 1381، ص 157-158) هه‌روه‌ها گه‌یشتنی (مسته‌فا كه‌مال پاشا-ئه‌تاتورك) به‌ده‌سه‌ڵاتیش، سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی توركیای به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌ڕابردوو داڕشته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌وڵه‌كانی بۆ په‌یماننامه‌ی لۆزان خسته‌گه‌ڕ، ئەمەش سه‌ره‌تای مه‌ترسییه‌كانی پێشێلی مافه نێونەتەوەییه‌كانی گه‌لی كورد بوو. له‌ڕووی فاكته‌ری ده‌ره‌كیشه‌وه، سەرکەوتنی مستەفا کەمال لە دەرکردنی هێزەکانی یۆنان و بەدەستهێنانی دۆستایەتی روسیای سۆڤێتی و، بیلایەنکردنی ئیتاڵیا و فەرەنسا، دەستگرتنی بەسەر زۆری ولایەتەکانی تورکیادا، بەریتانیای ناچار کرد بیر لە پێداچونەوەی سیاسەتی خۆی بکاتەوە بەرامبەر بە تورکیای نوێ. مستەفا کەمال ئامادە نەبو مل بدا بۆ جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر. لە (21ی شوبات تا 14ی ئازاری 1921)، کۆنفرانسی لەندەن بەسترا، نوێنەری حکومەتەکەی (مستەفا کەمال) کە ئەنقەرەی کرد بەپایتەختی خۆی و نوێنەری حکومەتەکەی سوڵتان محەمەدی شەشەم کە لە ئەستەموڵ دائەنیشت، بانگ کران بۆ کۆنفرانس. بەریتانیا داوای لە نوێنەری حکومەتەکەی مستەفا کەمال کرد کە لەو کاتەدا زۆری قەڵەمڕەوی تورکیای هێنا بوە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، پەیمانەکە ئیمزا بکەن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبون قبوڵی بکەن، بەڵکو تورکیا داوای گێڕانەوەی موسڵی ئەکرد. کۆنفرانسی لەندەن بێ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتو کۆتایی هات، بەڵام لەم کۆنگرەیەدا تورک تێگەیشت کە بەریتانیا ئاماده‌یه بۆ بەستنی پەیمانێکی نوێ لە بری پەیمانی سيڤەر، بەریتانیاش تێگەیشت کە تورک ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ¬ی لەیەکگەیشتن.
لە رۆژی (22 ی تشرینی دووەمی 1922ز)دا کۆنفرانسی یەکەمی لۆزان بە ئامادەبوونی نوێنەری تورکیای کەمالی دەستی پێ‌کرد، ئەگەرچی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لەم کۆنفرانسەدا پەیمانی سیڤەریان بەتەواوی پشتگوێ خست، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. لە (23ی نیسانی نیسانی 1923ز) کۆنفرانسی دووەمی لۆزان دەستی پێ‌کرد، ئەمجارەیان گەیشتنە رێککەوتن، پەیمانێکیان بەست کە بە(پەیمانی لۆزان) ناسراوە، بەڵام کێشەی موسڵ بەچارەسەر نەکراوی مایەوە، پێکهاتن لەسەرئەوەی لە گفتوگۆیەکی دووقۆڵی دۆستانەدا کێشەکە بەلایەکدا بخەن، ئەگەر لەماوەی (9) مانگدا نەیانتوانی لەسەر چارەنوسی موسڵ رێکبکەون، ئەوا کێشەکە بنێرن بۆ بەردەم کۆمەڵەی گەلان، بۆ ئەوەی دوابڕیاری لەسەربدات. (ئه‌مین،2002، لا (306) سه‌ره‌نجام په‌یماننامه‌ی لۆزان له (24ی ته‌مموزی 1923ز) له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه ، له سویسرا مۆركرا كه تیایدا ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌كۆمه‌ڵێك مافه‌وه به‌فه‌رمی ناسرا. (لوزان صلح معاهده‌نامه‌سی، 24تموز 1923) .ئه‌م په‌یمانه به‌فه‌رمی سیسته‌می حكومڕانی توركیای له‌سه‌ربنه‌مای پێشێلی مافی چاره‌نووسی گه‌لی كورد په‌سه‌ندكرد، له‌هه‌مانكاتدا كێشه‌یه‌كی خوێناوی سه‌د ساڵه‌ی بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیانه دروست كرد كه تائێستاش لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ڕه‌وشی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی تراژیدی به‌رده‌وامه.
1-3 هه‌ڵوێستی ئێران و توركیا له‌هه‌مبه‌ر دۆزی كورد:- چاره‌نووسی گه‌لی كورد له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیادا، وێڕای هه‌ڵوه‌شانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و حكومڕانی قاجاره‌كان و كۆتایهاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان كه نه‌خشه‌ی سیاسی گۆڕی، به‌بێ چاره‌سه‌ر و وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی سیاسی، ببووه مایه‌ی مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ماحكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ئێران و توركیا له‌سه‌ر خاكی كوردستان، به‌تایبه‌تی هیچیان ئاماده نه‌بوون به‌شێوه‌یه‌كی مرۆیی و ته‌نانه‌ت وه‌ك هاووڵاتییه‌ك، مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. هاتنە ئارای دوو ده‌سه‌ڵاتداری دیكتاتۆر له توركیا و ئێران‌دا كه هه‌ردووكیان سیاسه‌تیان ده‌رهه‌ق به میلله‌تانیتر وه‌كیه‌ك بوو، له‌هه‌مانكاتدا ده‌یانویست له مۆدیلی حكومڕانیدا لاسایی یه‌كتر بكه‌نه‌وه تا هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا په‌یدا بكه‌ن. هاتنە سەركاری (كەمال ئەتاتورك) لە توركیا دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، تا ئەندازەیەك هاوكات بوو لەگەڵ هاتنەئارای (رەزا شای پەهلەوی) لە ئێران، هەردوو وڵات بڕیاریاندابوو پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان پێكه‌وه دابڕێژنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێك دۆسییەی هاوبەش له‌نێوانیاندا هه‌بوو كه په‌یماننامه‌ی لۆزان، ڕۆڵێكی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و دۆسییانه بینی.
به بڕوای نوسه‌ری به‌ناوبانگ (نه‌جه‌فقولی پسیان)یش: دۆسیەیەكی گرنگ كە هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا لەسەری ناكۆك بوون، چالاكییەكانی كورد بوو كە ببووەمایەی شەڕوپێكدادان لەسەر ناوچەكانی سەرسنوری هەردوو وڵات. (پسیان، 1377، ص 433-434). ئا مانجی سه‌ره‌كی ئێران بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا، فاكته‌ره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه كه: لە گۆڕەپانەكەدا، ببووە موستەعمەرەی هەردوو وڵاتی رووسیا و بەریتانیا. میللەتی ئێرانیش گیرۆدەی شكستێكی ئابوری، سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازی ببۆوە، لەو هەلومەرجەدا (رەزا شا) لە مێژووی ئێران‌دا هاتەئارا. (پیمائی،2005، ص 19-20). له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ردوو وڵات، ده‌یانویست سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆزی كورد بگرنه‌به‌ر، به‌ڵام به‌پشتبه‌ستن به‌شێوازی تواندنه‌وه‌ی كه‌سێتی كورد له چوارچێوه‌ی وڵاته‌كانیاندا. “رەزا شای پەهلەوی” دوای سه‌ردانێكی بۆ توركیا، زۆر لەژێر كاریگەریی سیاسەتە نوێیەكانی دوای هەڵوەشانی ئیپمراتۆرییەتی عوسمانی‌دا بوو، دوای گەرانەوەشی بۆ ئێران بریاری دا لەڕووی ڕواڵەتەوە ئێران هاوشێوەی توركیا بێت وەك: گۆرێنی پۆشاك، دامەزراندنی زانكۆ، دامەزراندنی زانكۆی باڵای سەربازی (دانشگاه عالی نظامی)، ئاژانسی پارس، دامەزراندنی فەرهەنگستانی ئیران.. سەرجەم هەنگاوەكانیش لەژێر كاریگەری توركیادا بوو. (طلوعی، 1371، ص94).
سه‌باره‌ت به ورده‌كاری پیلانه‌كانی (ڕه‌زاشای په‌هله‌وی) بۆ كۆتایهێنان به‌داخوازییه‌كانی دۆزی كورد به‌ڕێگه‌ی چه‌ك و توندوتیژی، (د.سادق زیباكه‌لام) پسپۆڕی بواره‌كه نووسیویه‌تی: (ره‌زا شا) دوای مانۆڕێكی (6) مانگی له به‌ره‌ی باكور دژ به جه‌نگه‌ڵییه‌كان، ئامانجی دواتریشی كوردانی خۆرئاوای وڵاته‌كه بوو. ئیسماعیل خانی سمكۆ ساڵه‌هابوو كه كوردستانی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ده‌برد، هیچكام له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا دژ به كورده‌كان ئه‌نجام درا، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. ئه‌و شكستانه‌ی ئێرانیش، ببووه‌مایه‌ی به‌هێزبوونی رۆحی كورده‌كان و به‌رده‌وام سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یان زیاتر ده‌بوو. چه‌ند هه‌وڵێكی سه‌ره‌تایی ڕه‌زاشا، رووبه‌ڕووی شكست و زیانێكی سه‌ختی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت كۆتایهات. دواجار ڕه‌زاشا دوای به‌كارهێنانی سه‌رجه‌م سوپاكه‌ی و به‌سودوه‌رگرتن له ئه‌فسه‌ره به‌ئه‌زموونه‌كانی، له (هاوینی 1922ز) په‌لاماره‌كه‌ی ده‌ستپێكرد. سه‌ره‌نجام دوای نزیكه‌ی دوو مانگ شه‌ڕ و ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك هێرش، توانی له شه‌ڕێكی سه‌ختدا پاشه‌كشه به سمكۆ بكات به‌ره‌و شاری مه‌هاباد و قه‌ڵاكانیتری كورده‌كان. پاشان سمكۆ به‌ره‌و توركیا پاشه‌كشه‌ی كرد، ڕه‌زاشا توانی له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی دواتردا، به‌تایبه‌ت به‌رله ده‌ستپێكی وه‌رزی سه‌رما، ئازربایجانی خۆرئاوا (مه‌به‌ست له ده‌ڤه‌ری موكریان و شاره‌كانی ورمێ و شنۆ و میاندواوه)و كوردستان له‌ده‌ست هێزه‌كانی سمكۆ وه‌ربگرێته‌وه. (زیباكلام، 1398، ص 142).
(ڕه‌زاشا) توانی ناڕه‌زایه‌تی نه‌ته‌وه‌و كه‌مینه و هۆزه به‌زه‌بری چه‌ك سه‌ركوت بكات وه‌ك: شاهسۆن، كه‌هكیلویه له‌ده‌ڤه‌ری فارس، كوردانی سنجاب له كرماشان، بلوچ، لوڕ، توركمانه‌كانی مازه‌نده‌ران، كوردانی خۆراسان، عه‌ره‌به‌كانی لایه‌نگری شێخ خه‌زعه‌ل (أبراهمیان،1384، ص149). ده‌وڵه‌تی نوێی توركیاش ده‌یویست ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بێت تا مه‌رجه‌كانی خۆی له په‌یمانی لۆزاندا بهێنێته‌دی كه گرنگترینیان سه‌ركوتكردنی دۆزی كورد بوو. سه‌ره‌نجام په‌سه‌ندكردنی پەیماننامەی لۆزان: مافی ئەوەی بە توركەكان بەخشی كە خواستەكانی گەلی كورد پێشێل بكەن و بزووتنەوەكەیان لەپێناو سەربەخۆیدا خوێناوی و سەركوت بكەن. (هاكوپیان،1385، ص 136). په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا له‌و قۆناغه‌دا به‌چاره‌سه‌ری ناكۆكییه دێرینه‌كانیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سنور و كلتوری نێوانیان، تائه‌ندازه‌یه‌ك ئاسایی بۆوه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی نزیك بوو بۆ ماوه‌ی (16) ساڵ (1925-1941ز). (دكتر خویی، 1390، ص 24). په‌یمانی لۆزان ئامانجێكی سه‌ره‌كی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێرانی په‌هله‌وی و توركیای كه‌مالی هێنایه‌دی كه سه‌ركوتكردنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕی كورد بوو به‌شێوه‌یه‌كی كاتی، به‌ڵام بنه‌ماكانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كوردی له‌پێناو هێنانه‌دی مافه‌كانی، وه‌ك پشكۆی ژێرخۆڵه‌مێش له چاوه‌ڕوانی هه‌لومه‌رجێكی شیاودا بوو تا سه‌رله‌نوێ خه‌بات بۆ چه‌سپاندنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌ڵبگیرسێنێته‌وه.