“گفتوگۆیەکی پڕۆجێکت سیندیکەیت لەگەڵ کیشوەر مەحبوبانی”
کیشوەر مەحبوبانی ئەندامی لیژنەی زانستیی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاسیایە لە زانکۆی نیشتیمانیی سەنگاپورە و دیپلۆماتێکی بە ناوبانگە، کە بە یەکێک لە دیارترین شرۆڤەکارانی پرسە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دادەنرێت، بەم دواییە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناوونیشانی “ژیان لە سەدەی ئاسیادا:- بیرەوەرییە نادیپلۆماسییەکان” بڵاوکردووەتەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا کە بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەیەوە ئەنجام دراوە، باس لەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەکات، کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەر سیمای ئاسیادا هێناوە. گۆڕانکارییەک کە لە ڕوانگەی مەحبوبانییەوە، هێشتا ڕۆژئاوا نایەوێت قبوڵی بکات.
پ.س: ساڵی ڕابردوو گوتتان کە هۆکاری ڕوونەدانی جەنگە گەورەکان لە ئاسیادا لە دەیەکانی دواییدا، «کولتووری پراگماتیزم»ی هەژمووندارە، کە دەتوانین نموونەکەی لە یەکێتیی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسە ئان)دا ببینین. ئەم بابەتە چۆن دەتوانێت ڕێنمای سیاسییەکانی ڕۆژئاوا بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسیادا و بە بۆچوونی بەڕێزت لە ئێستادا چ جۆرە «ناکارامەییەکی جیۆپۆلەتیکی» لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ؟
ک.م: دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکان دەبێت سەرەتا تێبگەن کە هێز تا چ ڕادەیەک لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا گوازراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٠، بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە دە ئەوەندەی چین بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم دووانە بە نزیکەیی یەکسانن. گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات بەرهەمی ناوخۆیی چین تا ساڵی ٢٠٥٠ دوو هێندەی یەکێتیی ئەوروپا بێت. بۆیە کاتێک هێز دەگۆڕێت، پێویستە ڕەفتاریش بگۆڕێت. دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان خوویان بە پاوانکاریی و هەڕەشەکردنەوە گرتووە. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە واز لەم خووە بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ شێوازە باوەکانی سیاسەتکردن: قەناعەتپێکردن و ڕێککەوتن. هەروەها لێدوانەکانی یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەسەر فراوانکردنی ناتۆ بۆ ئاسیا گێلانە بوو. کولتووری سەربازی ناتۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاشتی لەمێژینەی ئەم ناوچەیە. بەگشتی ئەوروپییەکان دەبێت تێڕوانینی خۆیان بەرانبەر بە ئاسیا بگۆڕن و لەم ناوچەیەوە فێربن، نەک ئامۆژگاری بکەن.
پ.س: هەرچەندە چین لە مێژە بەدوای “هەڵکشانێکی هێمندا” دەگەڕێت، بەڵام وادیارە تادێت کێشەوبەرە دەنێتەوە، نموونەکەشی بەدواداچوونە بێباکانەکانیەتی بۆ بانگەشە دەسەڵاتخوازییەکانی لە دەریای باشووری چین و هیمالایا. ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ دراوسێ ئاسیاییەکانی تا چەند پتەوە و مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە کامانەن؟
ک.م: تەواو سرووشتییە ئەو هێزانەی تازە دەرکەوتوون، لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییاندا بوێرتر بن. چینیش لەم یاسایە بەدەر نییە، بەڵام بەو شێوەی گراهام ئەلیسۆن، زانای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی هارڤارد دەبێژێت، “ئەمریکییەکان چێژ لەوە وەردەگرن ئامۆژگاری چین بکەن کە” زیاتر لە ئەوان بچێت، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە خواستەکەیان چ لێکەوتەیەکی هەیە”. چونکە وڵاتە یەکگرتووەکان، لە سەردەمی هەڵسانەوەیدا، چەندین جەنگی بەرپاکرد، زلهێزەکانی دیکەی لەو وڵاتانە دەرکرد کە تێیاندا بەدوای پێگەیەکدا دەگەڕا و چەندین وڵاتی دوورەدەستیشی داگیرکرد. چین هیچ کام لەمانەی نەکردووە.
هەڵبەت کێشە و ناکۆکی (لەوانە ناکۆکییە خاکی) بەرچاو هەن کە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ هەندێک لە دراوسێکانی دا وەک: هیندستان، ژاپۆن، ڤێتنام و فلیپین بە توندی دەخەنە بەردەم ئاڵنگاری و کێشەوبەرەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی چین لەتەک دراوسێکانی دیکەیدا (لەوانە زۆربەی وڵاتانی ئاسە ئان) هاوئاهەنگترە و ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی پەیوەندییە قووڵە ئابوورییەکانەوەیە. بازرگانی نێوان چین و ئاسە ئان لە ٤٠ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە بۆ ٩٧٥ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زیادی کردووە و بە مۆدێل و نموونەیەکی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەفریقا یان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەمریکای لاتین دادەنرێت.
سەبارەت بە سەقامگیریی ناوچەیی، دەبێت بگوترێت مەترسیگەلێک لە ئاسیادا هەن، بەڵام گەورەترین مەترسی لە کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی نێوان ئەمریکا و چینەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت.
پ.س: لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، ئێوە ستایشی ئەنوەر ئیبراهیمی سەرۆکوەزیرانی مالیزیاتان کرد، بەهۆی “چاکسازییە دامەزراوەیی و ئابوورییەکانییەوە لەسەر بنەمای بەها دیموکراسییەکان”. پێشڤەچوونەکانی دەوڵەتەکەی تا ئێرە چۆن هەڵدەسەنگێنی، لەوانەش هەوڵەکانی بۆ پەیوەستبوون بە گرووپی بریکس بۆ ئابوورییە تازە گەشەسەندووەکان، کە لەم دواییانەدا زۆر بەرفراوان بووە؟ بە بۆچوونی ئێوە حکوومەت لە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی گەرەکە چ وانەگەلێک لە سەردەمی کاری ئێوە لە مالیزیادا لەبەرچاو بگرێت؟
ک.م: مالیزیا بە ڕوونی خۆڕاگری خۆی پیشان داوە. وێڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە شەش سەرۆکوەزیرانی هەبووە (کە ئاماژەی ناسەقامگیریی سیاسییە)، ئابوورییەکەی لە ٣٢٨ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بۆ ٤١٦ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەشەی کردووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بە ٦٠٠ ملیار دۆلار بگات. زۆربەی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان چاویان بەم ڕیکۆردەدا هەڵنایەت. لەوانەیە ڕەوتی ئابووری ئەرێنی مالیزیا بەردەوام بێت بەو شێوەیەی کە وەگەڕە، ئیبراهیم پتر لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە و هەروەها بە زیادبوونی سەقامگیریی سیاسی، شەپۆلێکی نوێی وەبەرهێنانی بیانیش دێتە ئاراوە. مالیزیاش، وەک زۆربەی وڵاتانی ئاسە ئان، پەیوەندیی باشی لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەیە. پەیوەستبوون بە بریکسیشەوە گۆڕانێکی بەرچاو لە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەیدا دروست ناکات، بەڵام هەڵبژاردنێکی زیرەکانەیە: ساڵی ٢٠٠٠، گرووپی حەوت ٢.٥ هێندە لە بریکس گەورەتر بوو، بەڵام ئێستا بچووکترە. بریکس، بە پێچەوانەی گرووپی حەوتەوە، ڕێکخراوێکی ڕوو لە گەشەیە.
پ.س: یەکێک لەو سەرکردانەی کە بەهۆی ڕێبەرایەتی گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانەوە ناوبانگی دەرکردووە لی کوان یوە، کە دامەزرێنەر و سەرکردەی چەندین ساڵەی سەنگاپورەیە، لە ماوەی کارکردنتدا لە نزیکەوە لەگەڵیدا کارت کردووە. هەر بەو چەشنەی لە کتێبە نوێیەکەتدا، ژیان لە سەدەی ئاسیا: بیرەوەرییە نادیپلۆماسییەکاندا، نووسیوتانە، لی “ڕۆحێکی ئازاد و سەربەخۆی” هەبوو، لە دژی هێزە زۆر بەهێزەکان “ڕاپەڕی” و “هەنگاوگەلێکی بوێرانە و نائاسایی” هەڵگرت. سەرکردەی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانی ئەمڕۆ دەتوانن چ وانەیەکی لێوە فێر ببن؟
ک.م: پێشینەی سەرکردە دامەزرێنەرەکانی سەنگاپورە، لەوانیش لی کوان یو، سەرسوڕهێنە. سەنگاپورە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە پێگەی کەم داهاتییەوە گەیشتە ئاستێکی بەرزی داهات. من (ڕازی) سەرکەوتنی سەنگاپورە لە سێ شتی سادەدا کورت دەکەمەوە، شایستەسالاریی(مێریتۆکراسی)، کردارگەرایی(پراگماتیزم) و ڕاستگۆیی. جێی سەرسووڕمانە، وڵاتەکان بۆ نموونە هەرچیان لەدەست بێت دەیکەن تاکو تیپی تۆپی پێیان لە باشترین ئاستدا بێت، بەڵام بەزۆری بۆ تیمە ئابوورییەکانیان ئەم ستانداردە پەیڕەو ناکەن، نموونەش وەک ئەرژەنتین. کەچی سنگاپورە، بە پابەندبوونی بە شایستەسالارییەوە، تەنیا باشترین کەسەکان بۆ حکوومەتەکەی ڕادەکێشێت و هەڵدەبژێرێت، سەرمەشق و مۆدێلێک کە پێویستە ئەوانی دیکەش پەیڕەوی بکەن. سەنگاپورە پراگماتیزم و کردەوەگەرایی لە لێکۆڵینەوەی چاکسازییەکانی میجی لە ژاپۆنەوە وەرگرتووە؛ بۆ نموونە باشترین ڕێبازەکانی ڕۆژئاوایان کۆپی کرد، ڕێک وەک ئەوەی ژاپۆن پێشتر ئەنجامی دابوو. بەدەستهێنانی ڕاستگۆیی قورسترین شتە، کەم وڵات هەیە ئاستی گەندەڵی نزیک لە سفر بێت، بەڵام هەندێک وڵات پتر لە هەندێکی دیکەیان لێی نزیک بوونەتەوە و سوودی زۆروزەبەندیان لێ وەرگرتووە. هەر وڵاتێک (شایستەییبوون، کردارگەرایی و ڕاستگۆیی) لێبڕاوانە جێبەجێ بکات بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبێت.
پ.س: دوو بەشی یەکەمی کتێبی “ژیان لە سەدەی ئاسیا”دا لەژێر ناوونیشانی “هەژارزادە” و “هێشتا هەژار”دایە و ئێوە لە سەرتاسەری ئەم بیرەوەریەدا وردەکاریگەلێک لەمەڕ مووچەی خۆتان دەخەنەڕوو، لە “بەدەستهێنانی 30 دۆلاری سنگاپورییەوە (کە ئەو کات بەرانبەر 10 دۆلاری ئەمریکی بوو)” لە کاتی کارکردنت لە وەزارەتی دەرەوەی سنگاپورەوە بگرە تا ئەو کاتەی بوویتە دیپلۆماتکار لە کوالالامپور و “لەکۆتاییدا” پارەی پێویستت هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی ژیانت و هەروەها مانگانە ناردنی 1000 دۆلار بۆ دایکیشتان. هۆکاری گرنگیدان بە سەرگوزەشتەی داراییتان چییە و خوێنەران دەتوانن لە چیرۆکەکەتانەوە چ وانەیەک لەسەر هەستانەوە و بوژاندنەوەی ئاسیا فێرببن؟
ک.م: ئێستا کاتێک ئاوڕ لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانم دەدەمەوە، تێدەگەم کە ئەزموونکردنی هەژاریی ڕاستەقینە لەو دەمەدا، ڕەنگبێت لە قۆناغی دواتردا بە قازانجم شکابێتەوە. لە سەرەتای مێژووەوە زۆربەی مرۆڤایەتی ناچار بووە تێبکۆشێت بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانی، بەڵام لە دەیەکانی دواییدا، پێشکەوتنێکی گەورەمان لە کەمکردنەوەی هەژاریدا بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە ئاسیادا. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٨دا لەدایک بووم، بەرزترین ڕێژەی هەژاری دەکەوتە ناوچەکانی ئاسیاوە. ئەم ناوچەیە ئەمڕۆ خاوەنی بەشێک لە گەورەترین دانیشتوانی چینی ناوەڕاستی جیهانە، بەتایبەت لە چین، هیند و وڵاتانی ئاسەئاندا. ژمارەی ئەو کەسانەی لەم وڵاتانەدا چێژ لە ئاستی ژیانی چینی ناوەڕاست وەردەگرن، لە ساڵی ٢٠٠٠دا تەنیا ١٥٠ ملیۆن کەس بوون، بەڵام لە ئێستادا گەیشتووەتە ١.٥ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن کەس (لە کۆی دانیشتوانی ٣.٥ ملیار کەس). تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕەنگە ئەم ژمارەیە بگاتە سێ ملیار کەس.
ئەم گواستنەوەیە لە هەژارییەوە بۆ خۆشگوزەرانیی چینی ناوەڕاست (ئەو هەستی ئاسایش، ڕەزامەندی و شادییەی کە لێی دەکەوێتەوە)، خودی خۆم ئەزموونم کرد و هەوڵمدا لە بیرەوەرییەکانمدا تیشکی بخەمەسەر.
پ.س: لە باسکردنی ئەو ماوەیەی کە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەریی قوتابخانەی سیاسەتی گشتیی لی کوان یو بوویت، باس لەوە دەکەیت بە فێرخوازانت دەگوت: “لە قۆناغی سەرەتای کارەکەیاندا، بەپێی ئەوەی دەیزانن سەرکەوتوو دەبن”، بەڵام دوای ماوەیەک سەرکەوتنیان تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بەوەی (چ کەسانێک دەناسن). ئەو خاڵی وەرچەرخانە لە ژیانی خۆتدا کەی ڕوویدا؟
ک.م: ئەم خاڵی وەرچەرخانە وردە وردە ڕوویدا. ڕەنگە لە ساڵی ١٩٨٢ وە دەستی پێ کردبێت، کە منیان وەک جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن لە واشنتۆن دی.سی دامەزراند. لە یەکێک لە ئەرکەکانی پێشوومدا لە کەمبۆدیای گیرۆدەی جەنگدا لە نێوان ساڵانی (١٩٧٣ تا ١٩٧٤) لەگەڵ ئیلیزابێس بیکەر پەیامنێری بەناوبانگی واشنتۆن پۆست بووین بە هاوڕێ. کاتێک لە واشنتۆن بووم، ئیلیزابێس یارمەتیدام ڕاپۆرتێک لەسەر پرێما سوپیا چێشتلێنەرە نوێیەکەم ئامادە بکەم. لەپڕ پێگەم لە ناوەندە سیاسییەکانی واشنتۆندا بەرز بووەوە. لە دوو ئەرکەکەمدا لە نیویۆرکیش هاوڕێیەتی کەسایەتییە دیارەکانی وەک هێنری کیسینجەر، پاوڵ ڤۆڵکەر، ئیندرا نویی و فەرید زەکەریام دەکرد. ئەم هاوڕێیەتییانە چەندین دەرگایان بە ڕوودا واڵا کردم.
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن