لە ئێراق دوای دوو دەیە؛ بە هۆکاری نەبوونی سەقامگیری سیاسی، ململانێی تائیفی، دینی و نەتەوەیی، نەتوانراوە یەکێک لە گرنگترین دامودەزگاکانی یاسادانان کە ئەنجوومەنی فیدڕاڵییە دروست بکرێت. بە پێی ماددەکانی( ٤٨ – ٦٥)لە دەستووری ئێراقی فیدراڵی ساڵی ٢٠٠٥ ، دەبوایە ئەم ئەنجومەنە پێکبھێنرایە بە مەبەستی سەروەری یاسا، پاراستنی دیموکراسی تەوافوقی، ڕێگریکردن لە مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات، لامان ڕوون و ئاشکرایە لە ئێستادا پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسا دانان بووەتە ئامرازێک لە دەستی زۆرینەی پێکھاتەی تائیفی شیعەی ئێراق، بۆ دژایەتی و تێپەڕاندنی یاساکان لە بەرژەوەندی خۆیان پەیڕەوکردنی سیستەمی زۆرینە و کەمینە، کارنەکردن بە بنەما و سیستەمی فیدڕاڵی و بنەما دیموکراسییەکان.
ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەردووکیان ماڵی یاسا دانانپێک دەهێنن، بە پێی ماددەی ٤٨ و مادەی ٦٥ ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دروستدەکرێت کە لە نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دادەمەزرێنن. فەلسەفەی دووانەیی ئەنجوومەنی یاسا دانان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ گرهنتی کردن و پاراستنی مافی کەمینەکان و ڕێگریکردن لە هەژموونی زۆرینە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و هەرێمەکان. گرنگترین ئاڵنگارییەکانی پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە ئەوەیە کە ئایا دەسەڵاتی ڤیتۆی هەبێت بۆ پڕۆژە یاساکان یاخوود نا؟ ئایا ڕێژەی نوێنەرایەتی ئەندامانی هەر پارێزگایەک چۆنە و چەندە؟ میکانیزمەکانی ھەلبژاردنیان چین؟
ئایا ڕۆڵی ئەم ئەنجوومەنە لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران چهنده؟ لە کاتێکدا دەسەڵات دراوە بە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە یاسا دەسەڵات و پێکهاتەکەی ڕێکبخات،.کەواتە سەروەری و دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانە بە پێی ماددەی (٦٥) لەم کاتەدا پرسی پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە بۆ کورد و سوننە زۆر گرنگە، چونکە ڕێگری دەکات لە هەژموونی زۆرینەی شیعە و چارەسەرکردنی ململانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و تائیفییەکان. لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵیدا ئەولەویەتی کاری ئەم ئەنجوومەنە تهسدیقکردنی ئەو یاسایانەیە کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەریان دەکات، پاشان ناردنی بۆ سەرۆک کۆماری ئێراق بۆ یەکلایی کردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوهندی.
سەبارەت بەو یاسایە؛ یەکەمین جار لەلایەن لیژنەیەکی هەموارکردنی دەستووری، کە لە خولی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهاتبوو ڕۆژی(٢٢تەمووز٢٠٠٩) دەستی بەکار کردووە و، دواتر یاساکە دراوەتە پەرلەمان و لە (٢٢ئەیلوول٢٠١٤) خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، دواتر لە(٢١ئایاری٢٠٢٣)بە پێی رێککەوتنی نێوان هێزە هاوپەیمانەکانی ئیدارەی دەوڵەت، لیژنەی یاسایی ئەنجوومەن پرۆژە یاساکەی ئەنجوومەنی ئیتیحادی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەن ناردووە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەمی، ژمارەی ئەندامان ٦٠ ئەندام، ١٥ بۆ هەر هەرێمێک، ١٥ی تر لەسەر بنهمای کەمە نەتەوەیی و ئایینی دادەنرێت، ئەم ئەنجومەنی فیدراڵییە دەسەڵاتی هاوتایە لە پرۆسەی یاسا دانان و لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا رۆڵی ڕاوێژکاری نییە، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پرسی دابەشکردنی دارایی و دادپەروەرێتی.
ئایا چ جۆرە مۆدێلێک باشە بۆ هەرێمی کوردستان لە پێکهێنان و دروستکردنی ئەم ئەنجوومەنە؟ سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێراقدا تایبەتمەندی و شێوازی جیاوازی خۆی هەیە، بەراوردکردنی بە کۆمەڵێک سیستەمی تر ڕەنگە نەمانگەیەنێتە دەرئەنجامێکی ڕوون، ئەگەر بێت و وەکو نموونەی وڵاتی ئەڵمانیا بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان ئەنجوومەنەکە دروست بکرێت ئەوا کورد زەرەرەرمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی کەمینەیە لە ئێراق و ناهاوسەنگی دروست دەبێتەوە، ئەگەر نموونەی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەربگرین کە هەر ویلایەتێک (٢) نوێنەری هەیە ئەوا هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کەمی ئەندام دەبێت لەو ئەنجوومەنە. بەشداریکردنی هەرێم گرنگ و ستراتیجییە، چونکە هەرێم قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری هەیە، گەرەنتیکردنی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی مسۆگەر دەکات.
پێشنیار:-
1- پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە هەڵبژاردنی ئەندامەکانی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و ئازاد هەڵبژێردرێن.
2- دانانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسایی و سیاسی لە هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان کە یاساکانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بنووسێتەوە.
3- جیاوازی کردن لە نێوان پشکی هەرێم و پارێزگاکان کە ئەندامی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت.
4- دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی گەرەنتی بکرێت و نەکەوێتە دەست گرووپێک یان تاکە کەسێک.
5- لە دانانی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی، هاوسەنگی نەتەوەیی و تائیفی و تەوافوقی سیاسی بپارێزرێت.