“پێشەکی مانا و ڕەچەڵەکی مانگرتن”
مانگرتن وەکوو وشە بە مانای ڕاگرتن و وەستاندنی کاتی و ئامانجداری ئەنجامدانی ئیش و کارە لە لایەن گرووپ یان دەستەیەک لە کارمەندانی دەوڵەت و خەڵک، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی یان سەپاندنی داواکارییەکی دیاریکراو بە سەر دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی. بە دەربڕینێکی دیکە مانگرتن واتە دەستهەڵگرتن لە ئیش و کار لە لایەن کرێکاران یان هەموو کارمەندان و ڕاپەڕێنەرانی یەکەیەکی ئابووری یان دامودەزگایەکی ئیداری و خزمەتگوزاری بە مەبەستی وەرگرتنی مووچە یان حەقدەستی زیاتر یان کۆمەڵێک ئیمتیاز و پلەی پیشەیی زیاتر لە خاوەنکار یان دەوڵەت. بەزۆری مانگرتنی کرێکاران بە ئامانجی زیادبوونی هەقدەستی ڕۆژانە یان باشتربوونی دۆخی کارکردن یان کەمکردنەوەی کاتەکانی کاری ڕۆژانەیە. یەکێک لە ڕوانگە زاڵەکان مێژووی مانگرتن دەگەڕێنێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەیی لە ئەورووپا کە پەیوەست بووە بە چینی کرێکارەوە کە لە دڵی ئەم شۆڕشەوە هەڵقووڵا.
کرێکاران بە مەبەستی بەرگری لە مافەکانی خۆیان لە هەمبەر خاوەنکاران دەستیان دایە دامەزراندنی کۆمەڵێک ڕێکخراو و دامەزراوە و ئەم دامەزراوانەش بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانی کرێکاران کەڵکی لە مانگرتن وەردەگرت. لە سەرەتای دروستبوونی ئەم شێوازە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕێکخراودا دەوڵەتەکان و خاوەنکارەکان بە هەموو شێوەیەک و لە ڕێگەی هەموو ئامرازێک تەنانەت لە ڕێگای هێزی ئاسایشەوە مانگرتنەکانیان سەرکوت دەکرد و ئەوانەی وا دەستیان لە ڕێکخستنی مانگرتندا هەبوو زەختیان دەخرایە سەر و تەنانەت تووشی لێدان و سەرکوت دەبوونەوە. بەڵام لە نیوەی سەدەی نۆزدەیەم بەو لاوە بەهۆی خەباتی کرێکارانەوە مانگرتن وردەوردە فۆرمێکی یاسایی وەرگرت و بۆ ناو گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەکوو فەرمانبەران، خوێندکاران و کاسب و بازرگانەکانیش شۆڕ بوویەوە و ئیتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە حیزبەکان و ڕیکخراوە سیاسییەکان بە مەبەستی پێکانی ئامانجە سیاسییەکانیان کەڵکیان لە مانگرتنی گشتی وەردەگرت و هۆگرانی سەندیکالیسم(ڕێکخراوە کرێکارییە کۆمۆنیستییەکان) و ئانارشیزم ئەم مانگرتنانەیان وەکوو ئامراز و فێڵێکی کارامە بە مەبەستی ڕووخاندنی دەوڵەت گەشە پێ دەدا و بانگەشەیان بۆ دەکرد.
لە مانگرتنێکی گشتیدا هەموو یان زۆربەی کرێکارانی پیشە جۆراوجۆرەکان لە تۆڕێکی پەیوەندیی هاوبەش و یەکگرتوودا لە شار، یان وڵات یان ناوچەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی یان پیشەییەکانی خۆیان، دەستیان لە کارکردن هەڵدەگرت. لە مانگرتنە گشتییەکاندا کە زیاتر ڕەهەندی سیاسییان هەیە، هەندێ جار زۆربەی خەڵکی وڵاتێک دەست لە کارکردن هەڵدەگرن، جگە لەوانەی کە کارە گرینگ و چارەنووسسازەکانیان لە ئەستۆ دایە وەکوو خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ئاو و کارەبا و تەندروستییەوە. ئەم مێژووەی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی مانگرتن وەکوو ئەکتێکی ناو دنیای کرێکاری و فەرمانبەری بەرتەسک نابێتەوە بەو ئامانج و ڕێڕەوە ئایدۆلۆژی و فەرهەنگی و چێنایەتییەی ئەوان لێیەوە دێنە ژوورەوە، بەڵکوو هەموو دۆخ و ڕێڕەو و چین و کولتوورێکی چێنایەتیی لەخۆ دەگرێت، هەر بۆیە لەو سەرەمەوە تاکوو ئێستە “مانگرتنی گشتی” سنوور و چوارچێوەکانی زیاتر کاڵ بوونەتەوە و هەموو چێن و توێژەکان و بۆ هەموو بۆنەیەکی ئامانجدار بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتیش بەکار هێنراوە و دەهێنرێت. بەڵام لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستە و بە زمان و بە دەربڕینی و شێوازی جۆراوجۆر بەهۆی جۆر و کاتی دەرکەوتنی مانگرتنەکان، چاودێران و کولتوورناسان ئەم پرسیارەیان گەڵاڵە کردووە کە ئاخۆ مانگرتنەکان تا چەندە سەربەخۆ و ئامانجدارن و دوورن لە دەستێوەردان و بەکارهێنان لە لایەن فڵان هێزی دیار و فیسار لایەنی نادیارەوە؟ واتە بە دەربڕینێکی دیکە ئایا مانگرتن وەکوو ئەکتێکی مەدەنی-سیاسی بۆ چاکسازی یان تەنانەت گۆڕانی حوکمڕانی ئەو ڕەهەند و تایبەتمەندییە خۆڕسک و سەربەخۆیەی پاراستووە یان کەوتووەتە داوی ئەو جۆرە یارییەوە کە تۆڕەکانی دەسەڵات بە سیاسی و ناسیاسییەوە جاڵجاڵۆکە ئاسا چنیویانە و ئەم ئەکتە دەکەوێتە داوییەوە؟
ئەم پرسیارانە بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئاسایی و خێرا نین هێندەی بۆ بیرکردنەوە و هەڵوێستە لەسەرکردنن، بێگومان ئەوەی پەیوەست بەو پرسیارانەشەوە وەڵام بدرێتەوە ئەمەیە کە لە قۆناغی ئێستەماندا بە نیسبەت سەدەی نۆزدەیەم و بگرە تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیش دەکرا تۆڕ و ڕایەڵەی ئەو یارییە بەم ئاڵۆزییە نەبێت کە ئێستە و دوای پەرەسەندنی دنیای دیجیتاڵ و بەگشتی هەموو ئەو شەپۆلە سەیر و نەناسراوانەی کە لە لایەن تەکنەلۆژیا و ژیری دەسکردەوە بەرمان کەوتووە، لەئارا دایە. کەواتە پارادایم و نەزمە کەلتوور و کۆمەڵایەتی-سیاسییەکە بەجۆرێکە ناتوانین بە ئاسانی لەسەر خۆڕسکبوون و ئۆرگانیکبوونی هەر دەرکەوتە و دیارکەوتەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی قسە بکەین هێندەی کە دەتوانین باس لە هۆکار و ئەگەری ئامادەیی لایەن و گوتاری سیاسیی دیاریکراو بکەین، بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێت ئەمە چارەنووسی ئەکتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەخاتە بازنەیەکی ناسەربەخۆ و ئاڕاستەکراوە کە مەرج نییە حەتمەن لایەنی مانگیر و ناڕازی بەپێی پلان و پێشوەختە و وشیارانە ئەمەی کردبێت هێندەی کە بە تۆڕێکەوە گلاوە کە خۆیشی ئاگای لێ نییە.
“کوردستان و مانگرتنی گشتی”
بە بێ وردبوونەوە و وردکردنەوە ڕوونە کاتێک باسی کوردستان دەکەین باسی وڵاتێکی سەربەخۆ ناکەین، باسی وڵاتێکی بە ئیمکانیات و ئازاد لە ڕووی ئابوورییەوە ناکەین، باسی سیستەمێکی حوکمڕانی ناکەین کە تەنها کێشەی هەر کێشە و پرسگرەکانی کوردستان بێت و دۆزی کورد لە ناوچەکە و لە سۆنگەی داگیرکەرانی بەغدا و تاران و دیمەشق و تەنانەت دەرەوەش تەنگی پێ هەڵنەچنێت و زەختی نەخەنە سەر، بەڵکوو بەر لە هەر شت باسی دۆخێکی تایبەت یان دۆخێکی عەنتیکە دەکەین وەکوو جۆرج ئاگامبێن دەڵێت کە هەر دیاردە و دیارکەوتەیەکی مانا و دەلالەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە قەیرانی ئابووریی لە ڕووی کشت و کاڵەوە( نموونەیەکی گریمانەییە بۆ ڕوونکردنەوە باسەکەم) تەنها ناتوانێت دەلالەت لەسەر نەبوونی پلان لە لایەن حکوومەتی هەرێم و بوونی کەموکوڕیی لە ئاڕاستەدانی کەرتی کشت و کاڵ بێت بەڵکوو بە ئاسانی فاکتەرەکانی سیاسیی ئێراق و ئێران و تورکیا تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن و کاریگەرن، بۆ نموونە لە کاتی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕێگاکانی پەیوەندیی لە لایەن تورکیا و ئێران و ئێراقەوە داخران (هەڵبەت سووریا هەر هۆشێ بەخۆیەوە نەبوو ئەگینا ئەسەد و سەدام لە یەک سەرچاوەی مەعنەوی و ئایدۆلۆژیکەوە پێڕەوییان کردووە)، ئینجا با بیهێنینە پێش چاوی خۆمان ئەگەر تەنها ئێران دایخستبا یان دوان لەو وڵاتانە دایانخستبا ئێمە لەو وڵاتەی سێیەم یان چوارەم چارەسەرێکی پێداویستی و پێویستتەکانمان بە جیهانی دەرەوە دەکرد بەڵام ئەوان بە کۆ کردیان و هەمیشەش هەر چوار وڵات لەسەر لێدان لە کورد و سەرکوتکردنی لە هەموو قۆناغ و لە هەموو قەیرانێکی نێوان خۆشیاندا یەکگرتوو و هاودەنگ بوون! دەی ئەمە ئەگەر دۆخی دانسقە نەبێت چییە؟ کام وڵات لە دنیادا ئەم دۆخەی کوردستانی هەیە؟
ڕەنگە باسی پۆڵۆنیا لە سەدەی بیستەم و نێوان و پاش جەنگەکان بکریت کە چوار پارچە کرا، بەڵام زوو بە زوو سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە و جوگرافیاکەی یەک خرایەوە، ئیدی هیچ وڵاتێک نادۆزینەوە کە بە تۆزێک هاوبەشییەوە لە جیهاندا هەبێت و بە دۆخ و دۆزی کوردستان بەراوردی بکەین. کاتێک ئەم ڕاستییەمان قبووڵ کرد دەتوانین بڵێین لە ئاوەها وڵاتێک بەناوی کوردستاندا ئێمە وەکوو هاووڵاتیی سەربەخۆ و بێلایەن چۆنچۆنی دەبێت لەسەر کەموکوڕی و خواروخێچیی لە ناو جومگەکانی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانیدا ناڕەزایەتیی دەرببڕین یان دەبێت کەی و چ کاتانێک لەسەر کردەوەیەکی مەدەنیی بەناوی مانگرتنی گشتی و بە چ نەخشەڕێ و پلانێک ساغ بینەوە؟ دیارە ئەم پرسیارانە بەو ئاڕاستەیەدا کە دوو ئامانج بپێکن کە هاوکات ڕوونکەرەوەی شێوازی کاریگەریدانان و ڕەهەندی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی مانگرتنی گشتی یان هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکن. یەکەم ئەوەی کە خواستی مانگرتن لە چوارچێوەی دامودەزگا و فۆرموولەکردنەکانی هەر جۆرە دەسەڵاتێک (چ حیزبێکی دیاریکراو، چ حکوومەت وەکوو کابینەی وەزیران و چ پێکهاتەی ئۆپۆزیسیۆن وەکوو بەشێکی لە یارییەکانی هێز و دەسەڵات) ئازاد بکەین و بەشێوەیەکی ڕەسەن و جەوهەریی بیگەڕێنینەوە بۆ ئاخێزگە سەرەکی و ئۆرژیناڵەکەی کە خواستە ڕەواکانی خەڵکە و هاوکاتیش شێوازی پراکتیزەکردن و کات و ساتەکەشی هەر لە ناو ئەم چوارچێوە سەربەخۆ و ڕەسەنەدا فۆرموولە بکرێت.
دیارە ئێمە دەبێت بەدوور لە هەرجۆرە دەمارگرژییەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی لە بابەت هێز بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی بجووڵێینەوە تاکوو سەرچاوەی راستەقینەی خەباتی مەدەنی و گوشارخستنەسەر دەسەڵات لە لایەن جەماوەرەوە بە شێوەی ڕەوا و یاسایی زیندوو بکەینەوە یان بیپارێزین، ئەمە بەو مانایەیە کە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە ڕێز و بەهایەکی باڵا بۆ هەر جۆرە مانگرتنێک و مانگیران دەدەنێین پلانی ئەوەشمان هەیە ئیرادە و هەوڵی ئەوان بەدواداهاتی گونجاو و شایستەی خۆی هەبێت. ئامانجی دووهەم ڕۆشنگەریی لەسەر ئەو بابەتەیە کە لە سەرەتای ئەم ئیپیزۆدەدا باسم کرد واتە بینینی کوردستان وەکوو دۆخێکی دانسقە و قبووڵکردنی کورد وەکوو نەتەوەیەکی داگیرکراو و دەستلێوەشینراو. بێگومان ئەمە پاساوی ئەوە ناداتەوە کە ئێمە یەخەگیر و ڕەخنەگری حکوومەتی کوردی نەبین بەڵام بەرچاومان زیاتر ڕوون دەکاتەوە کە ناڕەزایەتییەکانمان هەم ئاراستەیەکی کاریگەر بگرنە خۆ و هەمیش بە تەندروستییەکی ئاوەزمەندان و ویژدانیانەوە بێت.