“ڕانانێک بۆ فیلمی ڕەوف”
ڕۆشنبیریی کوردی لەکاتی كاركردنیدا لەسەر كۆژان و مەرگەساتەكانیدا هەوڵی نەداوە لەژێر هیچ ناوێک و گوتارێکدا كاری پێكەوەیی لەگەڵ بێگانەدا بکات، وا دەردەكەوێت بەقازانجی نەبووبێت، چونكە لەم نزیکبوونەوەیەدا سەروەری و مافەکانی دەفەوتێ، بەو مانایەی چەمکی ‘هاوڕێیەتی و كاریی پێكەوەیی’ هەرچەندە فۆرمێکی یاکانگیر و تەبایە، لەگەڵیشیدا پێشلێکردنی ئاڕاستەی جیاوازە، کە تیایدا (گوتاری خودی) وەک خۆی نامێنێتەوە و دەستەمۆ دەکرێت و دەگیرێت. ئیدی بەو جۆرە هاوڕێیەتی لەکارێکی پێکەوەییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕوانگەیەکی تاک ڕەهەندی، لەبەرئەوەی هەمیشە گوتاری زاڵ پشت بە یەک مانا دەبەستێت. گەر لە دوایشدا زۆر ڕادیکاڵانە لێی بڕوانین، لەم هاوبەشییەدا مەودایەکی ناوەکی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتی دروستناکات، بە هۆکاری ئەوەی ڕێکەوتنێکی پێشوەختی لە نێوان (دوو هاوڕێ و دوو دەرهێنەردا) هەیە. ڕێکەوتنەکەیان لە ئەنجامی دانوسانەوە دروستبووە، لە کاری هونەریدا هاوڕێیەتی ئاڵۆزییەکان ناهێڵێت، تەباییەکی ئاسۆیی دروستدەکات و ئایدۆلۆژیا ئاوا دەکات، بەڵام هێشتا ئەمە کۆتایی پرسەکە نیە.
وەڵامەکەی لە کاتێکی تردایە، بۆ ئێستا هەر ئەوەیە؛ کە سۆنەر کانەر و باریس کایە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکدیدا، بڕیار دەدەن فیلمێک بە ناوی ڕەوف دروستبکەن و هاوڕێیەتییەک بکەن. دەرهێنەرێکیان بە ڕەگەز تورکە و ئەویدیکەیان بنهچەی کورده. فیلمەکەیان لە جۆری سینەمای ڕیالیستی مینیماڵیزمە، کە عادەتی وایە؛ زیاتر کێشە لە چەقدا چڕدهکاتەوە و فەزا دادەماڵێت. لەسەر ناوەڕۆک و بەهای مرۆڤ دەوەستێت. بەهایەک کە دیوێکی بەرسیارییەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە، بەو کارەیان دیدگا ناتەباکان لە نێوان یەکدیدا هەڵدەگرن و باس لە مافە مەدەنییەکان دەکەن. ئاشکرایە ئەو جۆرە لە بەرهەم خەتهرناکە، بەو واتایەی گەر سەلماندنە سوبژێکتیڤیتەکە بۆ هەر کامێکیان پاشەکشەیەکی کەمیشی تێدا بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی گێژەڵوکەیەک کە فیکری تایبەت بە نەتەتەوە خۆڵاوی دەکات. لەمەوەیە سوبێکت بە تاڵێک بەستراوە بە نەتەوەوە، ئێمە سەودا لەگەڵ ئەمەدا ناکەین، هونەر چێ دەکەین. ڕەوف فیلمێکی دیالەکتیکانەیە، کە تیایدا ئازارەکان لە ناوەوە هەڵدەدرێنەوە، میتۆدێکە هاوڕایی بەرهەم دێنێت، هاوڕایی لە گرتە و فەزا و شوێندا. تەنانەت لە ڕووی بابەتی سیناریۆشەوە کە باس لە شەڕی ناوخۆ دەکات، دیسان هاوڕاییە. بۆماوەیەک شاردنەوەی جیاوازییە و، بۆ تاوێکیش گوێ گرتنە لە گومانێکی ماقوول.
لە ڕۆژێکی سارد و سۆڵەی زستاندا، مامۆستایەکی سەرەتایی کۆنە پێشمەرگەیەکی دەهێنێت بۆ ئەوەی منداڵەکان لێیەوە فێری ڕۆحییەتی شۆڕش ببن. مامۆستاکە کەسایەتییەکی تووڕە و عەبووسی هەیە، لەو جۆرانەیە کە هەموو سیستەمێک خۆشی دەوێت. بۆیە کاتێک دوو هاوڕێکەی ڕەوف دەبێتە شەڕیان، ئەو بێ ئەوەی بزانێت چ باسە، ڕەوف بە بیانووی گوێنەگرتن و ڕێز نە گرتن لەوانەکە دەکاتە دەرەوە. ئەمە لە کاتێکدا ڕەوف تاکە قوتابی بوو کە دەیویست بزانێت شۆڕش چییە!. هەر بۆیە گرێی یەکەمی فیلمەکە بە نا عهدالەتییەک دەکرێتەوە. لە جەوی منداڵێک دەدرێت، هەمان بەزم لە فیلمەکەی ترۆفۆش هەبوو، کارەکتەرە منداڵەکەی (ئەنتۆنی) لەسەر تێکدانی پۆل دەرکرا. پاشان ئەو بە پێچەوانەی ڕەوفەوە دەچێتە ماڵەوە، لە ترسی ئەوەی دایک و باوکی نەزانن ئەرکی ماڵەوەی حازر دەکات. لەکاتێکدا ڕەوف بە بوێرییەوە دوای ئەم ڕووداوە بڕیار دەدات واز لە قوتابخانە بهێنێت. ئەمەش دەبێتە یەکەم تەنزی فیلمەکە، کە منداڵێک لە قوتابخانە لەسەر گوێنەگرتن لەپیاوێکی شۆڕشگێڕ دەربکرێت. لەدواییدا شۆڕشەکەی کە هەر خۆی کردەی وازهێنانە لە قوتابخانە ئەنجامبدا. لەم تەنزەوە گوتارێک بە مانا فۆکۆییەکەی سەر ڕێدەکەوێت، فۆکۆ فەزاکان دابەش دەکات، قوتابخانەش دهکات بە ناسنامەی دەسەڵات. لێرەوە ئیدی تێدەگەین؛ قوتابخانە ئیمکان بە کردەی شۆڕش نادات، چون دەسەڵات هیچکات لە بەرژەوەندی نییە منداڵەکان دژ بە خۆی پەروەردە بکات. کهوابوو ئەو فەزایە ڕێگا بەوە نادات ڕووەو خۆی وەرگەڕێت، ئیدی بەم شێوەیە چانس بە گوتاری بەرەی ئەوبەر نادات. شۆڕشیش گەر بە مانا پەتییەکە لێک بدهینەوە، کردەی دەرەوەی قوتابخانەیە، ئەستەمە ئەم کردەیە لەناو قوتابخانەدا ڕووبدات. (ئەگەر ئەم پەرەگرافەی فۆكۆ ببەستیتەوە بە كتێبی ئەپارەتسووی ئاگامبێنوە باشترە، مەبەستی ئەو دامەزراوانەیە كە بە دڵی سیستەم بەرهەم دەهێنن) یهڵماز گۆنای وتبووی: “ڕەنگە مرۆڤ لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا ببێتە کۆیلە، هەر چەند خوێندەواریش بێت”.
ڕەوف بە باوکی دەڵێت؛ ئیتر ناچێتەوە قوتابخانە، ئەمەش بڕیاردانێکی تەواو تووندە، کە ڕاستەوخۆ دەهاوێژرێتە بەر گوێی ڕوانەر، بۆ تاوێک تووشی زەین پەرتی و تووڕەییمان دەکات، سەرەتا وادەزانین منداڵێکی لاسار و عەجوولە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی دیمەکان، هێدی هێدی سارد دەبینەوە و تێدەگەین لەوەی گوتاری فیلمەکە بەرەو بابەتی پەروەردەی منداڵ هەنگاو دەنێت. تیایدا حوکم لەسەر ئەو لایەنە دەدات، کە ئێمە لەبەر دەم وێنەیەکی موزەیەفی منداڵدا وەستاوین، كه چیدیکە منداڵ لەم ناوچەیەدا منداڵ نیە، بەڵکو زڕە منداڵە. لە جیهانی منداڵانەی خۆشی ترازاوە، وەک؛ گەورەکان هەڵس و کەوت دەکات، لەو شوێنەی نابێت ئەلفاز هەڵبێنێ، ئەو بڕیار دەدات. بۆیە ڕەوف لە هارمۆنیای جەوی خۆی دەپچڕێت، بە بڕیار دانەکەی دێتە ناو جیهانی گەورەکان، لەم جیهانەشدا سەرەتاییترین ئەکت ئەوەیە تۆ کارێکت هەبێت، لەبەر ئەمە پلۆتی دواتری فیلمەکە ڕاستەوخۆ لە دۆزینەوەی کارێکەوە بۆ ڕەوف دەچێتە پێش. باوکی دەیبات بۆ لای هاوڕێیەکی تا فێری دارتاشی بێت، ڕەوف کاتێک دەچێت لەگەڵ باوکیدا، هاوڕێکەشی لە شوێنکارەکەیەتی ئەوان چەند خولەکێکی کەم سەبارەت بە ڕەوف قسە دەکەن. دواتر هاوڕێیەکی لەکاتی چا خواردنەکەیان بۆ ئەوەی ڕەوف تێبگەیهنێت تەنیا پیشەکە دارتاشی نییە، داوای لێدەکات بچێت شەکریان بۆ بهێنێت. لەم ئەرکەدا کاتێک ڕەوف بەگوێی دەکات، دەڕواتە ژووری پشتەوە دارەمەیتەکان دەبینێت، تاوێک لەبەردەمیدا دەمێنێتەوە، ئیتر بۆ جاری دووەم لە فیلمەکهدا ئەوە دوو پاتدەبێتەوە کە ڕەوف منداڵ نییە، ئەو گەورەیە و تێدەگات لە پشتی ئەم کارەوە چی دەگوزەرێت. لە ئێستادا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین، لە زۆرینەی پێکهاتەی فیلمە کوردییەکاندا ئەو خاڵە هاوبەشە کە “وێنەی منداڵ شێواوە” یەکهمجار لای یەڵماز گۆنای، پاشان لای بەهمەنی قوبادی و دواتر لای کازم ئۆز و کارزان قادر ئەوانی دیکە. ڕوونە ئەو بۆچوونەش لەسینەمادا سەر بە قوتابخانەی ڕیالیزمە، چونکە لە بنەمادا “هونەر بۆ هونەر” بە هەند وەرناگرێت، بەڵکو زیاتر ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەیە، پشت بە چەند دیمەنێک لە ژیانی تایبەتی ڕۆژانە دەبەستێت، یەڵماز گۆنای کە ڕابەرانی سینەمای ڕیالیزمە لەنێو کورددا، ڕەخنەی ناوەڕۆکە سواو و فۆڕمە شێواوەکانی کۆڵۆنیاڵیزمی دەکرد. لانی کەم ئەو یەکەم کەس بوو نیشانیدا ئەرکی سینەماکار لەم قۆناغەدا شتێکی دیکەیە؛ دەبێت کولتووری خۆی شیبکاتەوە و بزانێت کێشە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگایە چین.
هەروەها كێشەی ناسین هەروا بێ گرێ و گۆڵ نییە، جیاکردنەوەی کێشەی گەورە لە بچوک و، بچوک لە ورد بە دەم خۆشە، چونکە لەڕوانگە فەلسەفییەکەیەوە پرسی زۆر دەوروژێنێت، لای دۆڵۆز ڕیشەی “کێشە” پەیوەست دەبێتەوە بە پرسی ئافرێنهرەوە، ئەو ڕێک لەم سیمینارەدا ئاماژە بەوە دەکات. دوڵۆز بە شیکارکردنی کارەکتەرێکی دۆستۆڤیسکی دووبارە پرسی کێشە دەخاتەوە بەر باس. ئەو دەڵێت: ” کارەکتەرەکانی دۆستۆڤسکی بەردەوام لە بارێکی نا ئاساییدان”. ئەم دێڕەش لەدوای ئەوە دێت کە کارەکتەرێکی ناو ڕۆمانەکەی دەیەوێت فریای “تەنیا”ی خۆشەویستی بکەوێت، بەڵام ڕووداوی تری بۆ دێتە پێش. هەر بۆیە دۆڵۆز لە زمانی ئەوەوە گوتەکانی خۆی تەواو دەکات. “دەزانن کێشەیەکی زۆر گەورە هەیە. کام کێشە؟ بە باشی نازانم، بەڵام لێمگەڕێن. دەبێت ئەم کێشە بەپەلە و نا ئاساییە بدۆزمەوە”. دەکرێت لەم ڕوانگەیەوە ئێمەش بۆ هێڵێکی دیکەی کێشە بگەڕێین، کە ڕەوف لە ڕۆژانی کارکردنیدا تووشی دەبێت. لە یەکێک لەو ڕۆژانەی ڕەوف لەماڵەکەدایە، گوێی گفتوگۆی نێوان وەستاکەی و کچەکەی دەبێت، کە لە دواییدا کچەکەی “زانا” داوای لە باوکی کردووە سەرپۆشێکی بۆ بهێنێت کە گوڵی پەمەیی تێدا بێت، بەڵام باوکی لەبیریچووە، بەمەش ڕەوف دەیەوێت لەبری باوکی ئەم لەچکە پەمەییە پەیدا بکات.
ڕاستییەکەی کێشەکە لەوەدایە ڕەوف بۆ خۆی نازانێت ڕەنگی پەمەیی چییە، دەبێت بپرسێت و بزانێت، داخۆ پەمەیی چۆنە؟ هەر بەو مەبەستەش سواری پاسەکە دەبێت، لە شوفێرە بە تەمەنەکە دەپرسێت، ئایا ئەو پەمەیی بینیوە، گەر بینوێتی پەمەیی ڕەنگێکی چۆنە، پیاوە بەساڵدا چووەکەش بەشێوازێکی زیاد لە پێویست کۆمیدی وەڵامی دەداتەوە؛ “پەمەیی، پەمەییە”. دوای نائومێد بوونی لە دەستکەوتنی وەڵامێک، ئیدی فیلمەکە بە کێشەی پەمەیی سواغ دەدرێت. نەبوونی پەمەیی لەگوندەکە و دواتر لە بازاڕ و شارەکەدا دروستدەبێت، بە ڕادەیەک ڕەوف لە هیچ جێگا و شوێنێک نایدۆزێتەوە. بە مانا دۆلۆزییەکە دەتوانین ناوی بنێین کێشە، بەڵام چ کێشەیەک؟ کێشەیەک کە کێشەکی دیکەی تێدایە و، لە پانتایی کێشەیەکی دیکەدایە. بەم جۆرە ئیتر بە تەواویی پرسی نەمانی ئەو ڕەنگە ئاستەنگ بۆ سوژەی جێبەجێکار “ڕەوف” دروستدەکات. گەر تا ئێستا پەمەیی نەبووە و ژیانیش کراوە ئاساییە، بۆ لەمەودوا نابێت پەمەیی نەبێت، چونكه پەمەیی خواستی داواکردنە. ئەمەش ئەو پنتەیە کە دۆڵۆز لە بێرگسۆنی وەرگرتووە، چیدیکە فەزاکان تەواو نین، ئەوان پچڕ پچڕ و لێکدابڕاون، دەگونجێت ئەم جوڵەیەش تازە ڕوویدا بێت. پەمەیی نەمابێت، پەمەیی نەک وەک ڕەنگێکی کچانە و ئاشقانە، پەمەیی وەک کورتهێنان و، سروشتی نەبوونی فەزاکە. وا دەردهکەوێت هەر زۆر زوو ڕەنگی پەمەییمان لە دیسپلین و فرەیی خستبێت. ڕاستە دەکرێ ئاماژەی جیاواز و شوێنی تایبەت تری لەکولتووردا گرتبێت، بەڵام مەڵبەندی وەزیفەکەی نییە، پێویستمان بە یەک ڕەهەندە بۆ بنکۆڵکاری. بۆ نموونە بەختیار عەلی بە ئاگاییەوە دەڵێت، ”بۆ ئێمەی کورد هێمای ڕەنگەکان لە وەزیفە سروشتییەکانیانەوە وەرگیراون”. زۆر بە کورتی ئەو بۆ چوونەش پێمان دەڵێت: سرووشتی ئێمە ‘غیابی پەتی’ لەو ڕەنگە ئیمزا دەکات.
هەر چەندە فیلمەکە بە پەمەیی دیمۆتربێت و نەبوونی ڕەنگەکە زیاتر لە پلۆتەکە زەقبێتەوە، بەڵام ئەوە کێشە گەورەکە نییە، تا دێت بەدیارییەوە تووشی میزاج تێکچوون و مەراقدەبینەوە. بەتایبەت لەو کاتەی کە دارەمەیتەکان زیاتر دروستدەکرێن، هەستدەکەین شتێک هەیە بۆیە ڕەوف زیاتر دەچێتە سەر کار. عەجەب چ دەورێکە تێی کەوتین، پیشەسازی ئێمە بۆ ئەوەیە تا دارەمەیتی زیاتر دروستبکەین. ئەرێ بەڕاست ئەو داپیرەیە چاوهڕێی چی دەکات؟ وەختە شێت بم، تۆ بڵێی بۆ گۆدۆکەی نهگەڕابێتەوە؟ ئای چەند جوانە دیمەنی ئەو دایکەی، وا گۆچانەکەی لەژێر چەنەگای داناوە بۆ ئەوەی لە چاوەڕوانیدا ماندوو نەبێت. کێ دەتوانێت ئەو ئازادییەی لێ تێک بدات؟ ئەو ئازادییەی کە تاکە سەلمێنەری نەمانی حەقیقەتە. ئازادم لەوەی خەم بۆ مافی خۆم بخۆم، مافێک کە مردنی کوڕەکەمە، هەمووان جگە لە کوشتنی من کاری تریان نییە. منیش بەو شێوازە پێشوازی لە مردن دەکەم، کاتێک سەربەزریمی تێدا دەدۆزمەوە. کەوابوو پرسەکە پرسی قایل بوون بە مردن نییە، بەڵکو ئەوەیە دەمەوێت بەو شێوەیە بمرم کە دەمەوێت، مردنێکی شەرەفمەندانە و شۆڕشگێڕانە. مردنێک ببێتە هۆی شانازی بۆ دایکم، ئیتر لێرەوە چاوی فیلمەکە بەرەو هەڵۆی شۆڕش دەفڕێت. ئێمە کوردیش نیگایەکی بەرزەفڕمان لێی هەیە، نیگایەک کە هەموو شتێک لەخۆیدا دەتوێنیتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم مەسەلەیە ناوەڕۆکی باسهکەمان نییە، بەڵام ناکرێت ئەم سەرنجە لەسەر فیلمەکە بەئاسانی تێپەڕێنین.
“ڕۆلان بارت” کاتێک جیاوازیی لەنێوان ئەفسانە و شۆڕش دەکات، دوو فاکت بە بنەما دەگرێت، بە هۆی ئەوەی لە بنچینەدا هەردووکیان، بە سیاسەت بخوێنێتەوە. بارت لای وایە ئەفسانە سەرەتا گوتارێکی سیاسییە، بەڵام دواتر دەبێتە گوتارێکی سرووشتی، ئەمە لە کاتێکدا شۆڕش بوار نادات بەوەی بە سیاسەت نەخوێنرێتەوە، کەوابوو بە گوێرەی “ڕۆلان بارت” زمانێکی تەواو ئەفسانەیی ناتوانێت زمانێکی شۆڕشگێڕی بێت. بەهۆکاری ئەوەی شۆڕش ئەگەرچی وتارێکی ئەقڵانییە، لەگەڵ ئەوەشدا وتارێکی ناسروشتییە. من “مافێکم لێ زەوتکراوە”، تۆی ماف زەوتکردوو پێویستە بۆمی بگەڕێنیتەوە. گەر ئەم ڕوانگەیە لەسەر کوردەکان وردبکەینەوە؛ ڕاستترە گوتەزاکەی “زەکەریا قادری” دووپات بکەینەوە کە دەیگووت “کوردەکان هیچ کات نەچوونەتە نێو دنیای ئەفسانەوە و هەموو کات بە کردار و سەرەڕۆیی شۆڕشگێڕانەوە دژ بە دونیا وەستاونەوە و ویستویانە بیگۆڕن”. کورد لە ڕووداندا، یان لە چالاکی و جووڵەدا، دەکرێت ئەمە بەشێکی زۆر گرنگی باسەکەمان بێت، کە کورد هەمیشە بەو شێوەیە دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمنێت، کورد وەک نەتەوە هیچ کاتێک لەوەستاندا دانی پێدا نەنراوە. بۆیە کورد هەمیشە سیزیف بووە، مەحکومە بە دەستوبردی، بە لەگەڵبوونی ئەوی دیکەدا بووە، دەنا کورد هەر خۆی نەبووە، بە پەراوێزی نەبووە، بە قبوڵکردنی هەموو کولتوورێکی داگیرکەر هەبووە. لە هۆشیاری و گەڕانەوە بۆ ئەسڵ نەبووە، بەزەقی نەبووە، بەڵکو لە تاریکیدا هەبووە.
ئەوەی مایەی سەرنجە ماڵی کوردی بەدیاریکراوی لە نێوان چاک و خراپەدا وەلانێن. لیستێک دروستبکەین لەسەر ئەو کولتوورانەی ڕژاونەتە ناو سەبک و شێوە ژیانی ئێمە، وەک لە فیلمەکەدا ڕووندەبێتەوە شەوان شەڕی خۆرهەڵات دەکەین. کاتێکیش دونیا ڕووناک دەبێتەوە لەناو کولتووری خۆرئاوادا مەلە دەکەین. بە دیاریکردنی ئەو کارەساتەنە تێدەگەین هەمووان خەریکن ئێمە تەربێت دەدەن. خۆرئاوا لە هەڵبژاردنی ڕووداوە بنەڕەتییەکانی ئێمە دەستی هەیە، دەیەوێت مێژوویەک بنووسێتەوە کە هی ئێمە نییە. لەڕوانگەی ئەوانەوە مێژووی ژیانی ئێمە، هەندێک ڕووداو و مەسەلەی بچووکە، دوژمنان بەوە تاوانبارمان دەکەن ئێمە گەورەمان کردۆتەوە، لەبەر ئەمەیە کاتێک ئێمە دەمانەوێت ڕەگەزی خۆمان دیاری بکەین. پێیان وایە ئێمە لەوانەوە فێری قارەمانی دەبین، بەڕاستی سەمەرەیە کە نازانین چی بکەین. لە کام لا بڕوانین و چۆن داوای مافی خۆمان بکەین. فیلمەکە زۆر نێگهتیڤانەیە لەم بەشەدا، چونکە هەواو هەوەسەکانمان دەمێکە لێرە نەماون، ئێمە لە بێ زەوقی خۆماندا نییە پەمەییمان نییە، لە بێ ئارەزوویماندا نیە، وانەبێت نەزانین پەمەیی جوانە، بەڵکو لێرەدایە کە دوژمنانی ئێمە نکۆڵی لە بوونی ئەو ڕەنگە دەکەن. بەو واتاییەی ئێمە دژی جوانی بین. پێویستە ئەم قەیرانە بدەینەوە پاڵ ئەوان، ئەوانن جوانی بە ئێمە ڕەوا نابینن، ئێمەین بە شوێن جوانییانەوەین. بۆیە گوتاری فیلمەکە لە جۆری ڕەخنەییە، لەبەر ئەمەش بە پلەی یەکەم چاو لەوەدەکات، بە چەکی هۆشیارییانە دژ بە چهوسانەوەی دەسەڵاتی زاڵ بوهستێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە دەکرێت ئەم گوتارە حەساسییەتی زەینی بە هەرجۆرە داگیرکەرێک هەبێت. دروست ئێرە ئەم پاژەیە کە حەزم لێیەتی، نیچە کاتێک خوای کوشت، زۆر بە ئیفتخارەوە دانی بە سەردەمەکەیدا دانا، ناوی لێنا “ویستی بێ پەروا بۆ گەیشتن بە کەماڵی”، کە لە دواییدا بۆمان دەرکەوت ئەو یەکەم کەس بوو درکی بە لەدایک بوونی هونەر کردبوو، زانی پاشی ئەم قۆناغە خەیاڵ ئازاد دەبێت. ڕەخنەش دۆز و مەسەلەکانی دیکە ئاسوودە دەکات.
-سەیرکردنەکە ماوەکەی زۆر بوو؟
+ بەڵێ زۆر بوو.
-ڕەوف کە سەیری کردیت مۆسیقای چووە سەر؟
هاوڕێکەی ڕەوف لەدیالۆگەکەدا سیمای ئاشقانە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی مۆسیقا. بازدانێکی مەعنەوییە کە منداڵێک ساتی ئاشق بە ترۆپک وێنا بکات، لەبەر ئەوەی دەتوانین لەمەوە وێنای گەشەی کارەکتەر بکەین. ئەشقی منداڵانە هیچ نییە جگە لەوەی پانتاییەکە بەرەو ڕووی تەسلیم نەبوون بکاتەوە، چونکە کاتێک منداڵێک ئاشق دەبێت، ئیدی گەورەبوونێک پێشدەکەوێت. بەم شێوەیە ئەشقەوە گەورە دەبین، ئەمە دەمان گەیەنێتە كەناری ژیان و دەتوانین بۆ داهاتوو هەناسەیەكی تێدا بدەین. ناگەینە پێکەوە بوون، دەبێت بڕۆین چیرۆکێکی تری ئەشق بنووسینەوە. ئێستا دەزانم بۆ چیرۆکمان زیاترە لە پێکەوە بوون. بەو حاڵە ئیتر لە کۆتایی تیاچوونهکەماندا، ئەو ئەو دیدگا ئاشقانەیەمان کە بزوێنەری منداڵیمان هەیەتی، بەڕاستی هۆیەکە بۆ چوونە ناو دیوە شاراوەکانی ‘پلەیەکی باڵاترەوە’ کە لە یاخیبوونی هەڵقوڵاوەوە گەشە دەکات. ئەگەر باڵای نەبێت کێ دەتوانێت هەموو ڕۆژێك بە پاسێکی سوور بڕوات بۆ جەنگ؟ لەوێدا لە چیاکان هۆزانی خۆی بچڕێت. كێ دەتوانێت بزمار بە تابووتی خۆیدا داكوتێت، کێ ئەوەندە چالاکە لە سوڕێکدا هەم فێربێت و هەم بژی و هەم ئاشقبێت! لە بازنەیەکی کورتی وادا مرۆڤ دەبێت هەرچی زووە ئاشق بێت، هەتاكو فۆرمێک لە بەرگری بەرهەم بهێنێت، بەرگی دژ بە داگیرکەر. لەڕاستیدا لەناو هەموو کولتوورێکی داگیرکەردا؛ تاکەکانی هۆشیاربن دەستەمۆ نابن، لەبری ئەوە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی دەدەن. بەشێکی ئەم بازنەیە بە زەقی دەبینین، کە لە فیلمهکەدا تەرکیزی لەسەرکراوە، گەنجەکان بە پاسە سورەکە دەچن بۆ شاخ، بە پاس چونیش، کردەی ڕۆژانە کردنەوەیەتی، کردەی ڕۆتیناتی بەرگرییە، لە دایک بوونی پیشەگەرییانە، کە شاخ وەک تێمای هەڵهاتن نابینێت، بەڵکو وەک فۆرمی مانەوە، چونکە گوندەکە ترسناکە. ژیان تێیدا کولە مەرگییە، منداڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە گەورە دەکرێن، ئەوان لە پانزە ساڵییەوە چەک هەڵدەگرن، هەموو شتێک لەخزمەتی جەنگدایە. جەنگ دووبارە دەکەینەوە، بۆ ئێمە کارێکی تازە نییە. سێبارەیە، هەر وامانکردووە، فێرین هەموو ئێستایەکمان لێ تیکدراوە، لەوانەش بێ خۆمان نەمانەوێت لە پانتایی ڕابردوودا تەراتێن بکەین. چ جۆرە تێکەوتنێکە، چ پێکەوە نوسانێکە!» دەبێت وا بەردەوامبین، لە مەترسیدا بژین،”نیچە دەیگوت بۆیە تەناف بازەکەم خۆشدەوێت خەتهرناکیی کردۆتە پیشە”. خەتارناکی وەک بابەتی ڕۆژانە، یانژی لەگەڵدا ژیان، بەڵام ئێمەی کوردان بۆ پیشە بیری لێناکەینەوە، تەنیا تیایدا دەژین، لێرە لە هەموو شتێک زیاتر تابووت بەبابەتكراوە دەبێت، تابووت چیرۆکی خۆی هەیە. کەس نییە بزانێت کێ دەمرێت و کێ دەژی، تەنیا لە ڕێی تابووتەکانەوە دەزانین گرنگی بە “گشت” دراوە. چیدیکە ئەمە کێشەی کەسێک نییە، هی هەمووانە. لەنێوی داین. گەر بۆ ترۆفۆ بزێوی لەشەقام کارەکتەر ڕزگار بکات. لای ئێمە شەقام ناتوانێت ڕووماڵی ساتی داڕووخانی ماڵ بکات. (شاخە، شاخ). زیاتر تێمەکە تێمی چوونە ‘سەرەوەیە’. کە خواست بۆ مانەوەیە؛ لای ترۆفۆ سیستەم کە دەرتدەکات، تۆ لە دەرێ ئیتر ناتوانی خۆت کۆ بکەیتەوە، بەڵکو زیاتر ڕوودار و لاسار دەبیت. بۆیە ئەو سیستەمی بە باوک دەزانی، پێی وابوو دەبێت مەمنوونی بین. لە کاتێکدا ئێمە لە خوامان دەوێت سیستەم نامانگرێتە خۆ، سیستەم بۆ ئێمە کارەساتە، لەناویدا دەبین بە قەرەبرووت.
لەوانەیە بۆ ژنانیش ئەمە ڕاست بێت، ئەوان زیاتر دەر سیستەمترن لە پیاو، کەمتر جێیان دەبێتەوە، ئەگەر بۆ ترۆفۆ ژن بۆ خیانەت لە ماڵ بچێتە دەر، ژنی ئێمە بۆ ئازادی دەچێتە دەر، ئازادییەک لە پێناو مانەوە، بیرمە ئەو ژنانەی تۆمەتی ئەخلاقی و بێڕەوشتی دەخرایە پاڵیان، دواتر لە ڕێگەی پەناگەوە دەپارێزران، تاوەكوو نەكوژرێن. ئیدی ئەوان بە چوونە دەرهوهیان بۆ شاخ و، دواتر لە ئۆبێکتێکی بێزراوەوە دەبوونەوه به شەرەفمەندێکی دانسقە، بەو جۆرە ئەوان بە فۆرمی بەرەنگاری غوسڵی خۆیان دەردەکرد، پاک دەبوونەوە، کەوابوو گەریلا هەرچەند لە نیگای یەکەمدا وا دەردەکەوێت فۆرمێکی ئایدۆلۆژییە، بەڵام دواجار لە نیگای دووەمدا بۆ ژنان پڕۆژەیەکی وجودییە، لە پێناو مانەوە، لە پێناو ژیانەوە و چوونە ناو پارادایمی نەمرییەوە. دەبێت بەو شێوەیە درێژەی پێبدەین، ئێستا تێدەگەم بۆ چی دایکە پیرەکە لە شاخی دەڕوانی، ئەوێ تەنیا شوێنێک بوو ڕەنگی پەمەیی لێ بێت. کەوابوو گەر لای ئاینە ئیبراهیمییەکان پیاو (ئادەم) و ژن(حەوا) لە عەدەم دەرکرابێت، ئێمەی کوردان ژنمان لەو بەهەشتە دەرکرد، چیدیکە زەوقی ژنان بەشداری لە پێکهێنانی کولتووری ئێمەدا ناکات، چیدیکە دەنگی ژنان کە دەنگی بەرەنگارییە، لە ڕاستیدا لەناو ئێمەدا نابیسترێت، ژنان بە هەموو جوانییەکانییانەوە، کوژراون، لەمەودوا ژنان لێرە نین، ئێمەی پیاویش چیتر ڕەنگی پەمەیی ناناسین، ڕوونە وەکو ڕەوفیش بمانەوێت بزانین چییە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لای ژنە پیرەکە، تا ڕێنوێنیمان بکات کە پەمەیی لە کوێ هەیە، چونکە پەمەیی وەک ئەوەی لە فیلمی ڕەوفدا ئاماژەی پێکراوە؛ بریتییە لە کولتوور و مێژوو و ئەسڵ.
سەر باری هەموو شتێک لە سەردەمی داهێنانی سینەمای باکورداین. پێشکەوتنیان حاشا هەڵنەگرە، ئەمەش لە باشووری جیادەکاتەوە. هەڵبەتە ناکۆکییەک هەیە لە نێوان سینەمای باکور و سینەمای باشووردا. دەبێت بەر لەوەی باس لە هەرجۆرە مەدلوول و میتۆد و چەمکێک بکەین، باشترە لە بەرچاوترین وێنەی سینەمایدا بۆ ناکۆکییەکە بگەڕێین. پلەبەندییەکانیان لەگەڵ یەکدا نایەتەوە، تەبیعەتی هەر کامێکیشیان دەکەوتە ژێر ڕەحمی ئەو گۆڕانکارییە گرنگانەی، کە لە پێکهاتەی ناوەوەی خۆیاندا داوایان لێکراوە، ئەوەش ئەو ڕایە بوو؛ هونەرمەندە کوردەکان نەیاندەتوانی لێی تێبگەین. ئاشکرایە لە دەور و زەمەنێکدا یەکێک لەو سینەمایانە ڕەواج پەیدا دەکات. ڕاشکاوانەتر؛ باکور مانیفێستی سینەمای ئێمەیە، لەبەر ئەوەی بوونی کورد وەک واقیعێکی جوان شیدەکاتەوە، مێژووش کە بابەتێکی گرنگە بیردەهێنێتەوە. ئینجا فەلسەفییانە فیلم دەهۆنێتەوە و، لەگەڵیشیدا ئەرکی مەدەنی و کۆمەڵانی خەڵکی لێ باردەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە باشور پێچەوانەیە؛ هونەر خۆی کێشەیە بۆ خەڵک. لێرە خەڵک بە مەسەلەی نەتەوەپەرستی لغاو دەکەن بۆ فرۆشتنی بلیتەکانیان. ڕاشكاوانەتر چ شتێک هێندەی ئەوە ترسناکە تۆمەتبار بکەن بەوەی “پشتگیری سینەمای کوردی ناکەی؟”، لێ کاتێک دەچیتە ناو هۆڵی سینەماش، کولتووری خۆرئاوایی و سادیزمی ئێرانی و مۆبیلیاتی تورکی ببینی؟ ئایا بەڕاستی ئەمە ترسناک نییە؟ گەر کەمێک ڕوونتر بدوێم؛ ئۆرگازمی باشوور کە لە ژێر ناوی حكومەتی هەرێمدا تەواو بوو، هیچی نەکرد، جگە لەوەی کۆمەڵێك سوپەرستاری ساختە و، سینەماکاری حیزبی و، هەرزەکاری بێ سهوادی پێناساندین. ئەمەش جیاوازە لەگەڵ پڕۆژەکەی باکور کە لە حاڵەتی سەیرورە و تێکۆشاندایە، ئەوان لەبەر ئەوەی نەگەیشتوون بە بەرهەمێکی وەک حكومەتی هەرێم، بۆیە جۆرێکی دیکە لە سینەما سەرپێ دەخەن، بێگومان ئەمیان مومتازترین جۆری هونەرە و، باشترین فۆرمە کە لەگەڵ کورددا دێتەوە.
سهرچاوهكان؛
Rauf (2016) movies, Directors: Barış Kaya, Soner Caner.
The 400 Blows (1959) Director: François Truffaut.
کتێبی شوێنەکانی دیکە، نووسینی میشیێڵ فۆکۆ، وەرگێڕانی هاوار محەمەد.
دیدارێک لە زیندان لەگەڵ گۆنای، لە کتێبی سینەما حەوتەمین هونەر، زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم ژمارە ١٨، وەرگێرانی شوان ئەحمەد.
کردەی ئافراندن چییە؟، ژیل دۆڵۆز، لە کتێبی فەلسەفە سیاسەت سینەما، وەرگێڕانی فازل مەحموود وەلی و کاروان ئەحمەد نامیق.
کتێبی هێماکانی دونیای ڕۆمان، پڕۆژەی هاوبەشی بەختیار عەلی و نەبەز گۆران.
کتێبی کورد ناسی: نوسینی زەکەریا قادری: وەرگێڕانی سەلاح بەهرامی.
Thus Spoke Zarathustra by Friedrich Nietzsche translated by Walter Kaufmann.