“لەبارەی چەمكی وەرگێڕانەوە”
لەمەڕ ناساندنی چەمکی وەرگێڕان، دەكرێت بێژین؛ چەمكی وەرگێڕان وەک هەر چەمکێکی تر کەوتووەتە بەردەم گەلێ پێناسەی جیاجیاوە. هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە مرۆڤ پێویستی بە وەرگێڕان هەبووە و دەستی بۆ بردووە و هەوڵیداوە بیناسێت و پێناسەی بکات. سەرەتا لەو ئارگیومێنتەی كە پێی وایە ئایا وەرگێڕان زانستە یان هونەرە گەلێ بیرمەند و ناوەندی ڕۆشنبیری هێناوەتە قسە. هەندێک وەرگێران بەهونەر دەزانن. هەندێکیتر بەزانست و هەشە بەهونەر و زانستی ناو دەبات. وەرگێران ئاڵوگۆڕی فەرهەنگییە لە میانی گواستنەوەی دەقێک لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر. ئەم هونەرە ئەرکی گواستنەوەی مانای دەق لە زمانی لێوەرگێڕدراو بۆ مانای دەق لە زمانی بۆ وەرگێڕدراوی لەسەرشانە. ئەوە ئاشکرایە زمانی لێوەرگێڕدراو سەرچاوەی خوڵقاندنی دەقە تازەکەیە.
کەواتە دروستکردنی هاوبەهایی مانا لەنێوان دەق لەزمانی لێوەرگێڕدراو و دەق لە زمانی بۆ وەرگێڕدراو دەتوانین ناوبنێین وەرگێڕان. ئەوەی پێشتر دەگووترا وەرگێران بریتییە لە گۆڕینی بابەت یان دەق لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، یان ئەوەی دەگووترێت وەرگێران بریتییە لە گواستنەوەی مانا و تێگەیشتنی دەق لە جوگرافیای و زمانێکەوە بۆ جوگرافیا و زمانێکی تر دەتوانن بەشێک بن لەو پێناسە هەمەلایەن و گشتیگیرییەی بۆ هونەری وەرگێران دەکرێت. ئاشکرایە پرۆسەی وەرگێران وەک بنیادنانی پردێک وایە لەنێوان دوو زمانی جیاوازدا و لەسەر ئەو پردەوە لەشکرێک لە مانا و دەلالەت و ئاماژە خەریکی پەڕینەوەن. دەتوانین گواستنەوەی مەعریفە و دانانەوەی کۆدەکانی دەق لەنێو کایەی زمان لەپرۆسەی وەرگێڕانێکی سەرکەوتوودا ببینین . بێجگە لەمانەش خودی وەرگێران هەم پرۆسەیە و هەم پراکتیکە و هەم شارەزاییە. دەکرێت وەرگێران لەبونیادی خۆیدا وتووێژی مانا بێت. بۆیە ئەگەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو وتانەی سەرەوە پێناسەی وەرگێران بکەم ئەبێت بڵێم وەرگێران پرۆسەیەکە تیایدا کۆمەڵێ کۆد و مانای مەعریفیی دەقێکی دیاریکراوی زمان و کلتوورێکی دیاریکراو دەگۆڕێ یان دەیگوازێتەوە بۆ هەمان مانای مەعریفیی و دانانەوەی هەمان کۆد لە دەقێکی تر و زمان و کلتوورێکی تر. (ڕەسول، گۆران، ماڵپەڕی دەنگەكان، 2013).
خۆ ئەگەر وەرگێڕان لەسەرەتاییترین پێناسهدا بریتی بێت لەگواستنەوەی نووسینێکی دیاریکراو لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، ئەوە هەر له سەرەتاوە ئێمە لەگەڵ گواستنەوەی فەرهەنگێکیش ڕووبەڕوودەبین بۆ ناو فەرهەنگێکی تر. بەواتایەکی تر وەرگێڕ کەسێکە کەوەک سووژەیەکی توانا بە زانینی دوو زمان، دەرفەتی پێوەندیی کۆمەڵگەیەکی یەک زمانە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی تر لەڕێگای زمانی خۆیەوە دەخوڵقێنێت و بەمجۆرە لەڕێگای زمانەوە خوێنەرەوەی دەقی وەرگێڕدراو دەباتە ناو داڵانەکانی دونیایەکی تر و شێوە بینینێکی تر. لێرەدا زمان تەنیا وەک ئامرازی پێوەندی ڕۆڵ نابینێت، بەڵكو بەپێچەوانە وەک هەڵگری باری مانایی و جیهانبینی ئاخێوەرانی زمانەکە بایەخدارە. لەخۆڕا نییە کە لە هەڵسەنگاندنی وەرگێڕی چاکدا دەڵێن کەوەرگێڕێکی باش هەر بەتەنیا زمانەکانی سەرچاوە و مەبەست باش نازانێت، بەڵکو فەرهەنگی ئاخێوەران و کۆمەڵگەی هەردوو زمانەکەش بەباشی دەناسێت.
دیاردەی وەرگێڕان دەکرێ لەڕەهەندی جیاوازەوە باسی لەسەر بکرێت. وەك ئەوەی کە وەرگێڕان وەک پڕۆسەیەکی گۆڕینی وشە و ڕستە و پاراگراف و دەقی زمانێکی دیاریکراو چۆن بەڕێوەدەچێت و چ میکانیزمێکی زمانی و مێشکی و ناسین لەو ڕەوتەدا دەقەومێت، یەک لەو باسانەیە کە زمانناسان و تەنانەت فەیلەسوفانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و تیۆرگەلی جیاواز لەمبارەوە هاتوونە ئاراوە. ئەوەیە کە وەرگێڕان لە ڕووانینێکی دیاکرۆنی واتا لە ڕێڕەوی زەمەندا چۆن بووە و چۆن پەرەی گرتووە و بە چ ئاقارگەلێكدا ڕۆیشتووە، دەتوانێ رەهەندێکی تری هەڵسەنگاندنی وەرگێڕان و کارکردەکانی بێت. لایەنی سینکرۆنیک واتا ڕەهەندی ئێستایی وەرگێڕان و ئەوەی کە هەلومەرج و جۆر و شێوەی وەرگێڕان لە ئێستادا و لە زمانێکی دیاریکراودا چۆنە، شێوەیەکی ترە لە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی وەرگێڕان. لایەنێکی گرنگی تر لێکەوتەکانی وەرگێڕانە لە زمانی مەبەستدا و ئەوەی کە وەرگێڕان چ ئەنجامێکی هەبووە و بووەتە هۆکاری چ گۆڕانکارییەکی هزری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی.
یەک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی وەرگێڕان ئەو کارتێکەرییە بەرچاوەیە کە لەسەر فەرهەنگی زمانی مەبەست دایدەنێت. مرۆڤ بە زمان دەورە دراوە و دواتر لە دەرەوەی زماندا ئەستەمە بتوانێت ئاگردانی بیری خۆی بگەشێنێتەوە. لە هەمان کاتدا زمانیش دەورەدراوی ئەو جیهانەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژیت. بەمجۆرە زمانگەلی جیاواز بە پێی هەلومەرجی جیاواز و فەرهەنگی جیاوازەوە هەڵگری جیهانی جیاواز و تایبەتیی خۆیانن. وەرگێڕان ئەم دیاردە گرنگەیە کە دەرگای فەرهەنگەکان بەسەر یەکتردا ئاوەڵا بکاتەوە و وەرگێڕ لەڕاستیدا پردی هاتووچۆی نێوان فەرهەنگەکانە. بەهۆی وەرگێڕانەوە دونیای فەرهەنگە جیاوازەکان ئاشنای یەکتر دەبن. دەستکەوتە جۆراجۆرەکانی فەرهەنگێک لە ڕێگای وەرگێڕانەوە ڕێی دەکەوێتە ناو فەرهەنگێکی تر و دەبێت بە بەشێک لە سامانی ئەو. وەرگێڕان لە زمانێکی دەسەڵاتداری فەرهەنگییەوە بۆ زمانێکی پەراوێزخراو و خاوەن فەرهەنگێکی گۆشەگیرکراوەوە دەتوانێ لەگەڵ خۆی نەک هەر زانست بەڵکو تۆوەکانی پێکهێنەری فەرهەنگە زاڵەکەش بگوێزێتەوە.
بۆ ئەوەی فەرهەنگی پەراوێزخراو نەکەوێتە داوی فەرهەنگی زاڵی دەرەکی کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری سڕینەوەی ناسنامەیەکی ئازاد و دیموکرات، دەبێ وەرگێڕان هاوتەریب و تەنانەت هاوڕێ لەگەڵ سیاسەتی فەرهەنگیی گشتی و پلانکراو، بەرنامەی بۆ دابندرێت. دەبێ لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی گەشەی زمانی و ئەدەبی و هزری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ بوواری وەرگێڕان پلان دابڕێژرێت. لەبیرمان بێت کە ڕادەی ماتریال و بابەتی زانستەکان لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوەندە زۆرە کە تەنیا بە لێوردبوونەوەیەکی مێتۆدۆلۆژییانەی شیاو و گونجاو دەکرێت بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرەو پیلی وەدەستهێنانی چیمان دەوێت و چۆنمان دەوێت بچین. ستراتێژییەکی دروستی وەرگێڕان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فەرهەنگیی شیاو و لەباردا دەتوانێت دەرفەتی زێڕین بۆ گەشەکردنی زمان بەدیبهێنێت. (ئەحمەدزادە، هاشم، ماڵپەڕی ۆردپرێسس، 2013).
“ڕەهەندەكانی پڕۆسەی وەرگێڕان لەنێوان زمان و زانست و هونەردا”
مەبەست لە پرۆسەی وەرگێڕان لەنێوان زمان و زانست و هونەر و ئەدەبدا، پەیوەستە بە ناوەرۆك و فۆڕمی دەقەكە، كە پرۆسەیەكی تەواوكارییە لە نێوان زمان و زانست و هونەردا، چونكە وەرگێڕان كاری زمانە هەم زانستە هەم هونەرە، زانستە بەوەی كە پێویستی بە باكگراوندی زانستی و یاسا و ڕیسای زمانەوانی هەیە كە ئەمە لە لەناوەڕۆكدا بەدیدێت، هەم هونەرە بەوپێیەی پێویستی بە ڕێكخستن و ئەزموون و جوانی و سەلیقە و داڕشتنە كە لە فۆڕمدا خۆی دەنوێنێت. ئەو ڕوانگەی پێی وایە وەرگێڕان زانستە بەڵگەی خۆی هەیە پێیان وایە: وەرگێڕان زانستە و وەك هەموو زانستە کردەيييەکانی (علوم تطبيقية)ی تر، فرە بنەمای تايبەتی خۆی هەيە کە دەبێ پێڕەو بکرێن، ئەگينا کارەکە نەنگ دەردەچێت و ڕەنگە وەرگێڕ سەرچيغ(سەرەڕۆ) بچێت و کورد گوتەنی (ڕيسی لێ بە خوری ببێت). لەو بنەما سەرەکييانەی دەبێ زانستی وەرگێڕان چارەيان بکات تەژمە(ناڕوون)يی زمانەوانی Linguistic ambiguityو بەقا reliabilityپێکردنە. ئەگەر لە دەقی سەرچاوەدا تەژمەيی زمانەوانی هەبێت، کرداری وەرگێڕان لە تێگەيشتنی دەق و پاشان شکاندنی دەقەکە و داڕشتنەوەی لە زمانی مەبەست، دەکاتە ئەرکێكی ئەستەم و گرفت بۆ وەرگێڕ پەيدا دەکات و بەقاش بە دەقە مەبەستەکە ناکرێت. لە کاتەی کە تەژمەيی تەنيا لە دەقی سەرچاوەدا نابێت و جاری وا هەیە دەقی مەبەستيش تەماوی دەردەچێت؛ دەبينين بەقا تەنيا خەسڵەتێکی دەقە مەبەستەکەيە و پەيوەندی بە دەقی سەرچاوەوە نييە و چونکی وەرگێڕ بە هەڵە لە دەقە سەرچاوەکە دەگات، دەقێكی تەماوی لە زمانی مەبەستی لێ دادەڕێژێتەوە و ئەمەش وا دەکات کە بەقای پێ نەکرێت.
بۆ ئەوەی وەرگێڕ خۆی لە داڕشتنی دەقێكی تەژمەيی بپارێزێت و دەقێك دابڕێژێتەوە بەقای پێ بکرێت، دەبێ لەو دەقە تێبگات کە دەيەوێت بيکوردێنێت.ئاسايييە کە دەقەکانی سەرچاوە جياواز بن؛ چونکە دەق هەيە باسی نوژداری دەکات و هەيە زمانەوانييە و ياسايييە و هەشە ئايينزەدەيە. بۆيێ کارێكی سرووشتييە ئەگەر دەقە مەبەستەکانيش لە يهکتری جودا و فرە بابەت بن. وا پەسندە کە وەرگێڕ بێجگە لە شارەزايی لە بابەتی دەقەکانی سەرچاوەدا، شارەزايی لە نەريت و زمانەوانی ئەو نەتەوەيەشدا هەبێت کە دەقەکەيان بۆ وەردەگێڕێت. بە نموونە ئەوەی دەقێكی ئايينی وەردەگێڕێت، سەرباری پسپۆری لە هەردووك زمانی سەرچاوە و مەبەست، دەبێ لە دينەکەش باش شارەزا بێت؛ چونکە پێويستە هەر دەقێك بە گوێرەی تايبەتمەندييەکانی خۆی وەربگێڕدرێت. (مامك، ماڵپەڕی وشە، 2016) حساب بۆ واتا و یاسا زمانەوانی و لایەنی ڕێزمانی و كۆد و سیبموڵ و ڕەگەزە جیاوازەكانی دەقەكە بكات. هەربۆیە لەڕووی زانستییەوە ئەوەی جێی ئاماژەیە لەبارەی وەرگێڕانەوە ئەوەیە كە وەرگێڕ دەقێک لە کۆدی زمانێکەوە کە دەبێت باش شارەزای بێت، بۆ کۆدی زمانێکی تر کە دەبێت زۆر باش شارەزای بێت، وەردەگێڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕ دەقێکی ئامادەی لە بەردەستدایە دەقێکی نوێ دەخوڵقێنێت و دەقێکی هەتا ئەو کاتە لەئارادانەبوو بە زمانی مەبەست بەرهەم دەهێنێت، دەتوانین بە زمانێکی سادە بڵێین، وەرگێڕ داهێنەری دەقە وەرگێڕدراوەکەیە.
وەکو چۆن داهێنان بەهرە و سەلیقە و کارامەیی و دەستڕەنگینیی و ڕۆشنبیرییە، بە هەمان شێوە دەبێت ئەم ئەدگارانە لە کەسایەتی وەرگێڕدا هەبن. وەرگێڕان تەنیا پردی نێوان دوو زمان نییە، بەڵکوو پردی نێوان دوو کولتووریشە. ئەوەی پەیوەندی بە زانینی زمانەوە هەبێت ئەوە بەس نییە وەرگێڕ دوو زمان باش بزانێت. ئەگەر ئەمە پێوەری وەرگێڕان بێت هەر کەسێک دوو زمان بزانێت دەتوانێت ببێتە وەرگێڕ. وەرگێڕ دەبێت شارەزای تێکڕای دوو زمانەکە بێت، هەر لە وشەسازیی و ڕستەسازیی و ئیدیۆمەوە هەتا گەمەکانی تری زمان. دەبێ ئامانجی هەموو وەرگێڕانێک بە ڕەچاوکردنی هەموو هەل و مەرجە جیاوازەکان گواستنەوەی گوتەی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی مەبەست بە بێ لە دەستدانی مانا بێت. ئامانجی وەرگێڕانی باش هێنانەئارای هاوسەنگییەکە لە نێوان پەیامی دەقی سەرچاوە و مانای دەقی زمانی مەبەست، واتە فەراهەمکردنی ئەوەی، کە وەرگێڕان لە کەلتووری زمانی مەبەستدا هەمان پەیام بە وەرگرەکانی بگەیەنێت، وەکوو ئەو پەیامەی دەقی کولتوری سەرچاوە بە وەرگرەکانی دەگەیەنێت.
بۆ ئەوەی وەرگێڕ بەم ئامانجە بگات، دەبێ لە وەرگێڕاندا مەرجەکانی ناوکۆیی، ڕێزمانی زمانی مەبەست، شێوەی گوزارشت، شێواز، ئیدیۆم و گەمەکانی تری نووسین ڕەچاو بکات، کە هەندێ جار کاریگەریی سنووردارکەریان بۆ سەر وەرگێڕ و وەرگێڕانەکە هەیە. ئەگەر ئەنجامگیریی ئەم قسانەی سەرەوە بکەین لە ناوکۆدا دەمەوێت بڵێم وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە بە زمانێکی تر کە کۆدەکانی لە گەڵ زمانی سەرچاوە جیاوازە. واتە ئەمە لەبەر گرتنەوە و نووسینەوەی دەقێک نییە بەڵکوو خوڵقاندنی دەقێکە کە تەنیا سەرچاوەکەی دەقێکی ترە کە بە زمانێکی تر نووسراوە. وەرگێڕ کە دەقێک وەردەگێڕێت بە ڕێزمانی زمانی سەرچاوە وەری ناگێڕێت، بەڵکوو بە ڕێزمانی زمانی مەبەست، وەرگێڕ گەمە لە زمانی سەرچاوەدا ناکات، بەڵکوو لە دەقی مەبەستدا، وەرگێڕ دەقی سەرچاوە داناڕێژێتەوە، بەڵکوو دەقێکی نوێ بە زمانێکی تر دادەهێنێت. (سدیق، شاخەوان، ماڵپەڕی كولتور مەگەزین، 2016)
هەروەك لەبارەی لایەنی هونەری وەرگێڕان و ئەو دیدەی كە پێی وایە وەرگێڕان هونەرە دەكرێت بوترێت وەرگێڕان لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكە هونەرێكە بۆخۆی هیچی كەمتر نییە لە چیرۆك نووسین و شیعر گوتن و ڕەخنەگرتن. كەواتە ئەوەی پارچە نووسینیك وەردەگێڕێت دەبێت دەستێكی باڵای هەبێت لە هونەری وەرگێڕاندا ئەگینا لە كارەكەیدا سەركەوتوو نابێت. بێگومان هەر كەسێكی نەشارەزا ئەگەر كامێرایەكی بدەیتە دەست و پێی بڵێیت بەرامبەر شوێنێكی ڕاگرێ ئەوجا دەست بنێت بە دووگمەیەكی تایبەتدا پێی دەكرێت وێنەی ئەو شوێنە بگرێت، بەڵام هەموو وێنەگرێك ناتوانێت وێنەیەكی جوانی ڕێكوپێكی هونەرمەندانە بێنێتە دەرێ.
بەڵكو ئەوانەی ئەو كارە دەكەن دەبێت لە كارەكەیاندا قاڵبەوە بە تاقیكردنەوە و ئەزموونێكی دوورودرێژدا تێپەڕیبێتن. هەروەها وەرگێڕانیش یەكێكە لە هونەرە بەرزەكان و نەبێت هەر چی كەسێك هەستا و دەستیدایە قەڵەم بتوانێت بەسەریدا زاڵبێت و بەڵكو ئەمەش وەك وێنەگرەكە دەستێكی وەستایانە و خەریكبوونێكی زۆری دەوێت. لەبەر ئەوە وەرگێڕان وەك هەموو هونەرێكی دیكە پێویستی بە ئەزموون و توانا و بەهرەمەندی و زمان زانینە. لەپاڵ ئەوەشدا وەرگێڕانی باش یاخود وەرگێڕی باش ئەوەیە؛ شارەزای زمان و فەرهەنگی خۆی و ئاشنای ئەو زمان و فەرهەنگەش بێت كە دەقەكەی لێوە وەردەگێڕێت و خاوەن باكگراوندێكی ڕۆشنبیری و خوێنەرێكی جدی و قاڵ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە وەرگێڕانەكەیدا بەهرەی خۆی پیشان بدات و داهێنان بخولقێنێت. چونكە لە مێژوودا هیچ نەتەوەیەك نییە بتوانێت واز لە وەرگێڕان بهێنێت، هەرچەندە خاوەن شوناس و فەرهەنگ و سامانێكی نەتەوایەتی كۆنو بەنرخیش بێت، چونكە هەر وەرگێڕانە دەبێتەهۆی ئەوەی گەلێك ئاشنای شارستانیەت و زانیاری و ئەدەبیاتی گەلێكی دیكە بێت. بێ ئەوەی ناچاربێت بە فێربونی زمانەكەی بەڵكو لە رێگەی پرۆسەی وەرگێڕانەوە تێگەیشتنمان لە فەرهەنگی گەلان ئاسانتر دەبیت. (نەبەز، جەمال، 2008، ل8).
“مۆریس بلانشۆ” پێی وایە:- وەرگێڕ نەک هەر نووسەرە، بەڵکوو نووسەرێکی دەگمەنیشە”. کەواتە وەرگێڕانیش تەواو وەک نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە، دەکەوێتە خانەی داهێنانەوە. تۆ بڵێیت ئەوەی کە گوایە تەرجەمە جۆرێکە لە ناپاکی، وای کردبێت، خەڵکی بە چاوی سووکەوە سەرنجی وەرگێڕان بدەن و نووسەریان لە وەرگێڕ پێ هێژاتر بێت؟ (گۆتە) گوتەیەکی جوانی هەیە: (هەر قەوارەیەک گۆڕانی بە سەردا نەیەت، بەرەو نەمان دەچێت.) کەواتە هەر دەقێک وەرگێڕان، ئاوڕی لێ نەداتەوە و لەگەڵ زمانەکانی دیکەیشدا خۆی نەگونجێنێت، ناتوانین بە دەقێکی زیندووی هەژمار بکەین. دەقئاوێزانیش هەر جۆرێکە لە گۆڕان، ئاخر ڕەنگە هەوڵێکی زۆریش بدەین، تاقە دەقێک نەبینینەوە، هێندە ڕوون بێت، گەردێک لە کاریگەرییەتیی دەقێکی دیکەی تێکەڵ نەبووبێت. ڕەنگە هەندێک وای بۆ بچن، ئەگەر بکەوینە ژێر کاریگەرییەتیی گەلێک دەقی دیکەوە، ئیدی خۆمان لێ بزر دەبێت. نەخێر شوناس بە کاریگەرییەتیی دەق و کولتوورە جیاوازەکان، زێتر دەگەشێتەوە.
هەڵەیە، ئەگەر پێمان وابێت، وەرگێڕانی سەرکەوتوو ئەوەیە، هەر دەبێت لە ئۆرگیناڵ بچێت، خاڵی بێت لە هونەر وئێستاتیكا. بەڵكو وەرگێران، کارێکی داهێنەرانەی پاکژە و سەرلەنوێ نووسینەوەی دەقێکە، لە زەمەنێکی جیاواز لەو زەمەنەی دەقە ئۆرگیناڵەکەی تێدا نووسراوە. وەرگێڕان وەک داهێنان، سەفەرێکە بۆ دونیایەکی نوێ، یان هەڵخزانێکە لە جێی خۆیەوە، بۆ جێیەکی تر. هەر دەقێک ملکەچی هەڵخزان و خوێندنەوەی نوێ نەبێت، تەمەنی درێژ نابێت، هەڵخزان و خوێندنەوەی نوێیش بە هۆی وەرگێڕانەوە، دەستەبەر دەکرێن. دەقی زیندوو، ئەمانەتێکە، نادرێتەوە بە خاوەنەکەی، ئاخر ئەم زمان دەیداتە دەست چەندان زمانی دیکە. دەقی جوان، وەک پەتا وایە، بە هۆی وەرگێڕانەوە، مەرگ نا، چارەسەر و دەرمان و ساڕێژکردن بڵاو دەکاتەوە و بە نەمریی دەگات.
وەرگێڕ ناچارە دووزمان بێت، دووزمان بەو مانایەی بەسەر هەردوو زمانەکەدا زاڵ بێت، نەک تەنیا ئەمیان بزانێت و لەوی دیکەیاندا شارەزایییەکی تەواوی نەبێت، وەرگێڕی وەها، وەرگێڕی (یەکزمان)ی پێ دەگوترێت. ئەوە بە تەنیا بە دەردمان ناخوات، زمانە بێگانەکە بزانین و بەس، ئاخر دەبێت هەست بە ستاتیکا و پۆیەتیکای زمانەکەیش بکەین، ئەگەرنا دەرک بە توانای گوتن و دەربڕینی ناکەین. ئەگەر دەرکمان بە (شیعرییەتی) زمانە بێگانەکە کرد، دەتوانین سەروەختی وەرگێڕان، هەمان گەمە کە نووسەری ئۆرگیناڵ لەگەڵ زمانەکەی خۆیدا کردوویەتی، ئێمەیش بە زمانەکەی خۆمان دووبارەی بکەینەوە. وەرگێڕان تەنیا گوێزانەوەی دەقێک نییە لە زمانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەڵکوو گوێزانەوەی تێڕوانێکی فیکری و هونەری ستاتکییە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی دی، تێڕوانینێک کە ئاوسە بە گەلێک بەها و مانا و دەربڕین کە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی تر، جیاوازن. وەرگێڕان پردێکی پتەوی مەعریفییە، بەوی دیکەی جیاوازەوە، دەمانبەستێتەوە و بە ئاشنابوونمان بە ڕەمز و هێما هونەرییەکانی میللەتێکی دیکە، هۆشیاریمان دەوڵەمەند و نوێ دەبێتەوە و شتگەلیک فێر دەبین کە پێشتر نەمانزانیون و بە کۆمەڵگەیەک ئاشنا دەبین کە پێشتر پێی نامۆ بووین. چونکە وەرگێڕ فیکر و چەمک و تێڕوانینی تازەمان پێ دەناسێنێت، دەرگای نوێ بە ڕووماندا دەکاتەوە و ئاسۆی تێگەییشتمان بەرینتر دەکات، دەتوانین بێ دوودڵی بە نوێکەرەوە و داهێنهری لە قەڵەم بدەین. ئەوە وەرگێڕانە، وا دەکات لەگەڵ شارستانیی نوێدا بکەوینە گوتوبێژەوە و بواری ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت، ئاستی مەعریفی خۆمان بە بەروارد لەگەڵ تێگەییشتن و لێکدانەوەی (گەل)ێکی تردا، تاقی بکەینەوە و سەفەرێکی ئەفسووناوی بە دونیای دابونەریتێکی نوێدا بکەین. (حەسەن، حەمەسەعید، سایتی گۆڤاری گوڵان، 2013).
كەواتە پرۆسەی وەرگێڕان، جگەلە لایەنی یەكەم كە زمانی دەقەلێوەرگیراوەكەیە لایەنی دووەم كە زمانی خۆماڵییە واتا ئەو زمانەیە كە دەقەكەی بۆ وەردەگێڕدرێت، لایەنی سێیەمیش كە وەرگێڕە پرۆسەكە تەواو دەكات و لێرەدا خوێنەر و هەواداری دەقەكە دەبێتە لایەنی چوارەم، هەموو پێكەوە بەشداردەبن و پرۆسە تەواوكارییەكە تەواودەكەن لەبواری وەرگێراندا، چونكە ئەگەر دوو زمانی جیاواز نەبێت و كەسێك نەبێت بە كارەكە هەڵسێت و خوێنەرێكیش نەبێت ئاوڕ لە بەرهەمەكە بداتەوە مەحاڵە پڕۆسەكە پێك بێت. هەر بۆیە وەرگێران لەڕووی ناوەڕۆكەوە بە تەنها پرۆسەیەكی وشەكاری و رستەسازی ڕێزمانی و دینامیكیەتی بێ گیان نییە، بەڵكو پەیوەستە بە شارەزایی و ئەزموون و زانینی زمان و ناسینی كەلتوری ئەو زمانەی كە دەقەكەی لێوە وەردوەگێڕدرێت و هەروەها ئەو زمانەی دەقەكەی بۆ وەردەگێڕێت، هەروەك لەڕووی فۆڕمەوە بایەخدان بە لایەنی ئێستاتیكی و هونەركاری لە پرۆسەی وەرگێڕانەدا گرنگی خۆی هەیە، چونكە وەرگێڕانی دەقاو دەقی وشكەهەڵهاتوو هەندێكجار نەك خوێنەر وەرس دەكات و رووحیەتی بەهرەداری وەرگێڕیش دەخاتە جێگەی پرسیارەوە، دەقی پاراوی پڕلە شارەزایی تێكەڵ بە ڕەچاوكردنی لایەنە زانستی و هونەرێكان رەوایەتی بەخوێنەردەدات و چێژ و سەلیقە و مەعریفەیەكی جیاوازی پێبەبەخشێت. دەبێتەهۆی دەوڵەمەندكردنی كەلتور و فەرهەنگی وڵاتیش.
سەرچاوەكان؛
1. نەبەز، جەمال، 2008، وەرگێڕان هونەرە، چاپی چوارەم، لەبڵاوكراوەكانی كۆنگرەی نیشتیمانی كوردستان، سوید
2. ئەحمەدزادە، هاشم(دكتۆر)، وەرگێڕان وەك دیاردەیەكی فەرهەنگ ساز، ماڵپەڕی ۆردپرێسس، 20/9/2013، بروانە لینكەكەی:
https://masoudmanaf.wordpress.com/2013/09/20/1-1416/
3. حەسەن، حەمەسەعید، لەبارەی وەرگێڕانەوە، سایتی گۆڤاری گوڵان، 28ی ئۆگەست2013. بڕوانە لینكەكەی:
4. سدیق، شاخەوان، دیدار لەگەڵ كەریم پەرەنگ: وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێكی نوێیە بە زمانێكی تر، ماڵپەڕی كولتور مەگەزین، 21/9/2016، بڕوانە لینكەكەی:
5. ڕەسول، گۆران، گفتوگۆی گۆڤاری 23ی ئەدەبی هزرۆی و ڕەخنەیی لەگەڵ عەبدوڵڵا سلێمان مەشخەڵ، ماڵپەڕی دەنگەكان، 9/5/2013. بڕوانە لینكەكەی:
https://dengekan.ca/archives/26224
6. مامك، بنەڕەتەكانی وەرگێڕان لە تەرجومەی قورئاندا، ماڵپەڕی وشە، 2/10/2016. بڕوانە لینكەكەی: