یەکەمین بەرهەمی نیچە واتە “لەدایکبوونی تراژیدیا لە ڕۆحی مۆسیقا(١٨٧٢)”، شاکارێکە لە سەردەمی قوتابیبوون و قوتابێتیی ئەو لە مەنهەجی زمان و مەحریفەی لاتینی و یۆنانی. ئەگەرچی نموونەی ئەو شتەیە کە نیچە بە بەکارهێنانی ڕەسەن و بنەمایی زانست و توێژینەوەی دەزانێت، بەڵام بەهیچ کلۆجێک لەو توێژینەوانە نییە کە بکرێت بە بێلایەن یان توێژینەوەی ئەکادیمیی ڕووت ناوی ببەین. سەرەتا کە ئەم کتێبە بڵاو کرایەوە، کەوتە بەر هێرشێکی زۆر کە بەدوای خۆیدا مشت و مڕێکی دوورودرێژ و لە هەندێ ڕووشەوە قسەی دزێو و ناشیرین و جنێواویی لەگەڵ خۆیدا هێنا. کتێبی لەدایکبوونی تراژیدیا پێگە و ئیعتیباری نیچەی وەکوو مامۆستایەکی زانکۆ بۆ هەمیشە لەناو برد و هێشتاش هەندێ کەس بە توخمێکی نامۆ و پڕلەخەوش لە هێلانە و خەزێنەی توێژینەوە کلاسیکییەکانی دەزانن و دەقاودەق بە سەرنموونەی کارە درەوشاوە بەڵام نوقسانەکانی دەزانن، بۆچی؟
یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە شێوازی دەربڕین لەم کتێبەدا، هێڵ و جیاکاریی نێوان پەخشانی هونەری و پەخشانی توێژینەوە(یان وەکوو ئاڵمانییەکان دەڵێن پەخشانی wissenschaftich یان هەمان “زانستی” کە لە دێرزەمانەوە پارێزراوە و ڕیزی لێگیراوە، پووچەڵ دەکاتەوە. نیچە بەهەمان ڕادە کە دەیەوێت بە فێڵی حیکایەت و گێڕانەوە و مەجاز بیروباوەڕەکانی خۆی بخاتە ناخی ئێمەوە بە هەمان ڕادەش لەڕێگەی باس و خواس و بەڵگەهێنانەوە. تایبەتمەندیی چەند قۆڵیانە و نەگونجاوی کتێبەکە کاتێک دەردەکەوێت کە تێدەگەین نووسەر نەک بەدوای پێکانی ئامانجێک، بەڵکوو بەدوای پێکانی چەند ئامانجی جیاجیا و زۆر دڵخوازانە و ئایدیالیستییە. مەبەستی سەرەکیی کتێبەکە (لەباتی ڕوونکردنەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکان) شیکاری و باسوخواس لەسەر ڕەگ و ڕیشەکان و سەرچاوەی بەبەهاترین و بایەخدارترین نەریت لە ئەدەبی ڕٶژئاوا، واتە هونەری تراژیدیا لە یۆنانە و هەروەها هەڵوێستەکردن لەسەر کولتوورێک کە تێیدا ئەم هونەرە باڵای کرد و چەمایەوە و دواتر مرد. کتێبەکە لە خۆگری ئەم پێشنیازەیە کە دەبێت لە ئاڵمانی هاوچەرخدا هەر هەمان ئەو دۆخەی کە هۆکاری بەدیهاتنی هونەرەکان لە یۆنانی کۆن بووە و بووەتە هۆی بووژانەوەی کولتوورێکی باڵا و بێ هاوتا، سەر لە نوێ دروست بکرێتەوە. لەدایکبوونی تراژیدیا کارێکی فەلسەفییە، بەم مانایەی کە ئەوە وا بە باوەڕی نیچە، جۆرێک دووکەرتبوونە لە هەناوی دەروونی مرۆڤد، بە تێروتەسەلی باس دەکات.
سەرئەنجامیش خزمەتێکە بە زانستی جوانیناسی؛ ئەمە یەکەمین ئاڵقە لە زنجیرەی پلان و ئەو تێڕامانانەیە کە تا شانزە ساڵ دواتریش بەشێوەیەکی بەردەوام هاوڕی و هاونەوای بیرکردنەوەی وجوودی-ئەخلاقییانەی نیچە بوو و هەندێکجار بەریەک دەکەوتن و تێکەڵاو دەبوو و هەندێ جار دەهاتە دەرەوە و بەزۆریش لەهەمبەری دەوەساتەیەوە و لە ڕاستیدا نوانە و نوێنەرەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو مەتەلە بوو کە هەمیشە نیچەی پەلکێش و مەفتوون دەکرد و لەم پرسیارەدا کورت دەکرایەوە کە: جوانی و چەشە(ذوق) لە جیهاندا بەکاری چی دێن؟
نیچەش وەکوو شووپێناهوێر، باڵاترین دەرکەوتەی و بەرجەستەکراوی چەشە و جوانی لە مۆسیقادا دەبینێتەوە. بەشوێن پێ هەلگرتنی توێژەران و زانستمەندان، سەرچاوەی تراژیدیاش بە دەستەی کۆرس دەزانێت، بەڵام سەرنجی مەستانەبێژییەکانیان دەدات نەک ناوەرۆکی ئەو شتەی وا دەیڵێن.( chorus : لە درامی یۆنانیدا دەستەیەک بوون کە پێکەوە و تێکڕا ئاوازیان دەوتەوە و سەمایان دەکرد یان لە شانۆکاندا بەشدارییان دەکرد و هەندێ بابەتیان بۆ نواندن و گێڕانەوە و شیکاریی ماناکە دەوتەوە. تا پێش ئایسخولوس کە سەرەتا ئەکتەرێک و سوفوکلووس کە دوو ئەکتەری هێنایە سەر شانۆ، نواندن لە بنەمادا لە ژێر ڕکێفی ئەمانە واتە “کۆرس”بووە. و.) “کۆرس” یان هاوئاوازەکان بە مانایەکی ڕاستەقینە بەو کۆمەڵە ساتیرانە هەژمار دەکات کە هاوڕێ و هاودەمی دیۆنیسووس، خودای خرۆش و مەستی و ڕەز(ترێ) لە ڕابواردن و خواردنەوە و نۆشین لە ناو دارستان بوون. (satyrs: لە ئوستوورەکانی یۆناندا، ئەو بوونەوەرانە بوون کە لە دارستان و چیاکاندا نیشتەجێ بوون و لە پێگە نزمەکانی خودایانی پیت و بەرەکەت هەژمار دەکران. شوێنپێگری دیۆنوسووس بوون و خوازیاری خواردنەوە و هاروهاجی بوون. “ساتیر” وەکوو پیرپیاوێکی تووکنی کورتەباڵا بە کلک و گوێی بزنەوە نیگار کردووە) ساتیرەکان و خودکانیان چ لە کاتی خرۆش و سەرخۆشی و لەخۆچوون و چە لە ئاوازوتن و سترانبێژیدا، بوونێکی یەکانگیرن:- هەر هەموو نوانە و نوێنەرەوەی تاقانە و دابەشهەڵنەگری بوونێ لەرزۆ و ناجێگیر و تەنها و خەمگینانەی مرۆڤن و بە واتایەک “کۆڵەکەی ئەزموون” لەو بوونەدا.
ئەم “کۆڵەکە”یە وەکوو زەوییە کە لە سەرەتادا نەزۆک و بەیار بووە وەکوو تاریکی بەسەر لێوارێکی نادیارەوە. (ئاماژەیە بۆ ئایەتی دووهەم، بابی یەکەم، “سیفری بەدیهاتن”، لە پەیمانی کۆن-عهد عتیق). ئەمە نەک تەنها نوانە و نوێنەرەوە بەڵکوو خۆی حاڵەتێکی تاقانە و بنەماییە لە مرۆڤدا:- حاڵەتێک کە هێشتاکە لەخۆگری جیاوازیدانان لە نێوان {مرۆڤ} واتە “خود” و جیهاندایە، هەربۆیە پێویستی بە هیچ جۆرە مەحریفەیەک جگە لە غەریزە و تێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ نییە. بەڵام هەرکە مرۆڤ دەگاتە پلەی مەحریفەی مەرگئامێز و دۆخی ناجێگیریی خۆی و تێڕامانەکانی لەسەری دەست پێدەکات، ئەم تاقانەیی و یەکانگیرییە هەڵدەوەشێتەوە. شاه میداس( Midas: پاشای ئەفسانەیی فیریقییە کە سیلێنووسی تێرشەراب کرد و مەستانە ڕفاندی و داوای لێکرد تۆزێک لە عیکمەتی خۆی فێری بکات. دواتر سیلێنووسی بەم مەرجە گەڕاندەوە بۆ بارەگای دیۆنوسووس کە دەبێت دەست بەهەرچییەوە بدات ببێت بە زێڕ. ئەم ئاواتەی بەدیهات! بەڵام کاتێک دەستی بە نان و ئاوەوە دەدا ئەوانەش دەبوون بە زێڕ، هەربۆیە داوای کرد ئەم تواناییەی لێ وەربگیرێتەوە. هەروەتر لەبارەیەوە لە ئوستوورەکاندا دەڵێن کە بەهۆی ئەوەی کە لە کێبڕکێیەکدا پانی باشتر و سەرتر لە ئاپۆلۆن زانیوە، ئاپۆلۆن گوێکانی لە شێوەی گوێی کەر ڕوواندووەتەوە.) بە دوای ساتیرەکاندا بە ناو دارستان تەراتێنێتی و عەوداڵی سیلێنووسە کە خۆی شاردۆتەوە لێی و زڕباوک و هاودەمی دیۆنوسووسە.
سەرئەنجام شای فانی، خودای نەمر و بەدەستوبرد دەخاتە داوەوە و بەتۆپزی ملکەچی وتنی ڕووخێنەرانەترین ڕاستییەکان دەکات. سیلێنووس دەڵێت:- “دەتەوێت بزانی ژیان مانای چییە؟ مانای ئەمەیە کە باشترین شتەکان بۆ هەمیشە لە تۆوە دوورن، چونک ەباشترین شتەکان ئەمەیە کە لەدایک نەبووبێتی، هەر نبووبێتی، هیچ بیت”. مرۆڤەکان کاتێک لەسەر ئەم مەعریفە ئاگادار دەبن، لەسەر بوونی خۆیان وشیار دەبنەوە و دەکەونە خۆ و دڵیان لە تێگەیشتنێکی تراژیک لیوڕێژ دەبێت و لەوە بەدواوە هەموو هەوڵیان دەخەنە گەر کە ئەم مەعریفە سامناکە لەسەر ناجێگریی خود لە خۆیان و لەو کەسانەی کە چاو لە خۆشی و ڕابواردنیان دەکەن، بشارنەوە و ئەمەش لەم ڕێگەیەوە ئەنجام دەدەن: تێگەیشتنیان لە هەقیقەت دەکەن بە نواندنەوەیەکی پڕ خرۆش و پڕ سۆز و حاڵ یان دراما. بەڵام مەبەستی نیچە لە دراما نەک نواندن و ئەکتەرێتی، بەڵکوو ڕووداوێک یان شانۆیەکە-یان تەنانەت (دۆخ و جۆش و خرۆشێکی بنەماییە) کە تێکەڵاوە لەگەڵ دڵسووتاوی و دڵەژان(دڵەڕاوکێی تێکەڵاو لەگەڵ دەرد و ئازار). زۆرێک لە شاعیرەکان شایەتیی لەسەر ئ ەمە دەدەن کە شیعرە لیریکییەکان لە دۆخ و حاڵ و هەوایەکەوە هەڵدەقوڵێن کە لە مۆسیقاوە سەرچاوەی گرتووە. نیچە باسی ئەمە دەکات کە ئەم دڵسووتاوی و دڵەژانەش لە مۆسیقاوە هەڵدەقوڵێت و دراما هەڵدەپێکێت بە دنیای نازمانیانەی ڕۆحەکانەوە کە بەڕای ئەو ڕەسەنتر و ئۆرژیناڵترە لە دنیای زمان و “ئەدەب”ی ڕووت و قووت. پێویستیی سرووشتیی ئەو شانۆ یان نواندنەی کە کۆرسەکان پێشکەشی دەکەن ئەمەیە کە نواندنەکە لەگەڵ ئەوەی کە دەرد و دڵسووتاویی هەڵخێزراو لە مەعریفەی نوێ دەپارێزێت، هاوکات ئەو مەعریفەیەش تەحەمولهەڵگر بکات واتە بە جۆرێک کە مرۆڤەکان دەرەقەتی بێن. ئەو خودایەی کە کۆرسەکان یان هاونەواکان بە یارمەتیی ئەو شێوازێکی لەدەرەقەتهاتوو و جوان دەبەخشنە ئەو مەعریفەیە، ئاپۆلۆن واتە خودای خۆرەتاوە.
هونەر پاشکۆ و خەمڵاندنێک نییە بە ژیانیان هەڵپێکابێت بەڵکوو دووبارە بردنەوەی چڕوپڕی ژیانە بۆ سەر شانۆ لە فۆرم و شکڵێکی دیکەدا. پشتڕاستکەرەوەی هێز و دڵگەشیی و بایەخی هونەر، پێداگریی نیچەیە لەسەر هاوشێوە و هاوشانەکەی لە دنیای گیان و لەشە. بە هەمان شێوە کە دیۆنوسووس خودای چائۆس و شێواویی و هاوکات بەپیتی و زاوزێ و خرۆش و لەخۆچوونە، یاپۆلۆنیش لە لایەکی دیکەوە خودای ڕێک و پێکی و ڕێکخستنە، خودای ڕێکخستنەوەی ژیانە لە دڵی خامۆشیدا. تراژیدیا لە خاڵی بەریەککەوتنی ئەم دوو پاڵنەر و خواستە بنەماییەدا لەدایک دەبێت. نیچە ئەم دووە بە ناو خودا پاسەوانەکانیان واتە پاڵنەری دیۆنیسووسی و پاڵنەری ئاپۆلۆنی ناو دەبات و دەنووسێت:- تراژیدیا، سەرانسەری کۆمێدیای ئیلاهیی ژیان، لەوانەش دۆزەخە، کە نە وەکوو سێبەری ڕەش و ڕووتە بە سەر دیوارەکان چونکە مرۆڤ لەگەڵ ئەم دیمەنانە دەژێت و ئازار دەکێشێت، نەش لە هەمان کاتدا بەتاڵە لەو هەستە تێپەڕەوە وەه مئالوودە. ڕەنگە زۆر کەس وەکوو من بهێننەوە بیریان کە لە دڵی مەترسی و تۆقانی خەونەکاندا، هەندێ جار بۆ دڵدانەوەی خود، بەسەر خۆماندا دەگوڕێنێت (گوڕاندنێک کە بێسوودیش نەبووە، کە ئەمە تەنها خەوە، خەونە کورە، دەمەوێت بەردەوام خەو ببینم.
سەرچاوە: نیچە، ج.پ. استرن. ترجمە عزت اللە فولادوند، انتشارات طرح نو، ١٣٧٢، تهران.
نووسین: ج.پ. ئێستێرن
وەرگێڕان: حەبیب ساڵحی