“پارادوکس لە پرسی کورد”
ئێرنیستر نیکیش “ناسیۆنالیست ـ بەڵشەفیکی ئەڵمانی” دەڵێت “لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا ئەو جەبر و حەتمی بوونەی کە تایبەتی سرووشتە، واتا حەتمی بوونی گۆڕانی وەرزەکان یان کارەساتە سرووشتییەکان نییە. ئەوەی کە مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت بڵێت (نا) نیشانەی تایبەتمەندی و شایستەییەتی، هەمیشە دەتوانێت سەرهەڵبدات، هەمیش شەڕ و خەبات بکات”[1] ئەمە سەرەتایی چوونە ناو باسی نەتەوە و خەباتی نەتەوەیە لەلای “دۆگین” و ئێستە ئەچینە ناو قووڵایی بابەتەکانەوە.
پاتریۆتیزم “نیشتیمان پەرستی”ی ئیرۆتیک، یەکەم پرەنسیپی فەلسەفی ئۆراسیایی پێکدێنێت. لێرەوە نەتەوە وەک دیاردەیەکی ڕەها بەکاردەهێنرێت. نەتەوە فەلسەفەی ئۆراسیایی وەک بەهایەکی باڵا پەسەند دەکات، بەڵام لێرەدا دەستبەجێ ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەبێت کە نەتەوە بە چ مانایەکە؟ نەتەوە واتە ئەشق، هەر بۆیە ئێمە باس لە پاتریۆتیزمی ئیرۆتیک دەکەین، لەوە دەچێت بەکارهێنانی پێناسەیەکی وەها بۆ چەمکی پاتریۆتیزم و وێناکردنی نەتەوە وەک ئەشق، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان نەبێت پێکەوە و نابەجێ دیاربێت. ئەشق کە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی مرۆڤ، ڕۆڵێکی چارەنوسساز لە لەدایکبوونی مرۆڤدا دەبینێت، گەر وانەبایە مرۆڤ لەدایک نەدەبوو. ئەشق دەسەڵاتی هەرە زۆری هەیە و ئەوە ئیشقە شەپۆلی نەوەکان دەخاتەڕێ و بەرەی زیاتر و زیاتر دێنە ئاراوە، خێزان پێکدێت و بەردەوامی بە نەوە و بەرەی خۆیان دەدەن. کۆی ئەمانە کە بەرهەمی ئەشقە، نەتەوە پێک دێت. مرۆڤایەتی بەرهەمی ئەشقی جیهانی نەتەوەکانە.[2] نەتەوە زمان دەکاتە دیاری بۆ مرۆڤ، بۆ ئەوەی بتوانین قسە بکەین بیرۆڕای خۆمان بۆ ئەوان دەربڕیین، لە زمانێک کەڵک وەردەگرین کە نەتەوە پێی بەخشیوین.[3]
دەوڵەت لای دۆگین؛ “دەوڵەت بوونەوەرێکی رژدە و بەهۆی ناچارییەوە پێک دێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە نەتەوە ناتوانێت هەمیشە ئاشق بێت و هەندێکجار کەسک نیازی پەلاماری هەیە، بۆ سەر ئەم حاڵەتە دەروونییە نەتەوە هێرش دەکات. بوونی دەوڵەت بۆ بەرگری لە نەتەوە بەرامبەر بەم هێرش و پەلامارانە پێویست و زەروورە”.[4]
“ئەلێکساندەر دۆگین و شاخی سربستان”
“دۆگین” ئەڵێت گەر ئێمە کەسانێکی وردبینین، ئاشقی ئاو، خاکی خۆمانین، لە دەنگەکانیان دەگەین و تێیدەگەین، ئەگەڕ فێربین لە دەنگی زەوی بگەین، بیستنی ئەوەی شاخەکان دەیڵێن لامان ئاسایی دەبێت. ساڵی ١٩٩٢ لە سربستان جارێکیان تووشت تاقمێک لە سربەکان بووم، کە تا ئەو کاتە هەمووان خیانەتیان لێکردبوون. کاتێک ئێمە وەستاین، پرسیارمان لێکردن:-
ـ بۆ کوێ دەچن و چیتان دەوێت؟
ـ دەچین ئەو شاخە بگرین.
ـ ئەو کێوەتان بۆ چییە. هیچی تێدا نییە، بەڵام لەوانەشە خاڵێکی ستراتیژی گرنگ بێت؟
ـ نانا، ئەو کێوە لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە هیچ گرنگییەکی نییە، بەڕاستی لەوێدا هیچ شتێک نییە. نە ئاو نە کارەبا، ئەمە تەنیا کێوی سربی ئێمەیە، ئەو کێوە بانگمان دەکات رزگاریبکەین. لەوێ ژمارەیەکی زۆر دەستە و تاقمی کرواتی جێگیرکراون و لەلای دەستەڕاستیش موسڵمانی بۆسنایی. ئێمە ئێستە دەچینە ئەوێ و لەوێ دەمرین.
ئەوان بۆچی چوون بۆ ئەوێ؟ دەکرێت بووترێت: شێت بوون، بێ ئەقڵییان کرد. ئاخۆ ئەوان نەیاندەزانی کە مان و ژیانیان باشە، دەتوانن بخۆن و بخەون، بگەرێن و کتێب بخوێننەوە و مێشولەکان لە خۆیان دووربخەنەوە؟ بەڵام ئەوان دەڕۆن و گیانی خۆیان بۆ ئازادی بۆ ئازادی ئەو کێوە بەخت دەکەن، چونکە کێوەکە بانگیکردوون. کێو پێیوتن “وەرن، کوڕینە وەرن، من پێویستم بە مەرگی ئێوەیە، دەبێت خوێنی گەرمی سربی ئێوە بەسەر لێژاییەکانی مندا بێتەخوارێ”. کێو ئەمانەی پێوتن و ئەوان گوێیان لە دەنگی کێوەکە بوو، تێگەیشتن کە بەرەو لای خۆی بانگهێشتیان دەکات، بەڵێ، ئەمە شێتی نییە، ئەمە ڕاستییە.[5] ئەمە تێروانینی ئەلێکساندەر دۆگینە، بەمجۆرە ئەچینە ناو باسی “پرسی کوردستان” لە ڕوانگەی دۆگینەوە:-
دۆگین دەڵێت؛ نەتەوە کۆمەڵە خەڵکێکن کە قەدەرێکی مێژووی بەیەکەوە کۆی کردوونەتەوە و یەکیانگرتووە. یەکبوونی رەگی ئەتنۆسی یاخود هاوئاینی گەلان ناکاتە نەتەوە، بەڵام قەدەر دەیانکاتە نەتەوە، بە دڵنیاییەوە زمان و کولتوور لەو بارەیەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرن، بەڵام مێژوو لەلای خۆی هەموو شتەکان دادەپۆشێت. خەڵک لەبەر هۆکارێکی مێژووی بە زمانێک قسە دەکەن و زمانێک قسە دەکەن و زمانی تر بەکارناهێنن، بە دڵنیاییەوە کورد نەتەوەن، پێکەوە گرێدراوی چارەنووسێکی مێژوویی، کولتوور و زمانیی هاوبەشن. لە پێکهاتەی ناسنامەی کوردیدا من هەستم بە شتێکی سەرنجڕاکێش کرد:- ئەویش ئەوەیە کە “ئێزدییەکان” زۆر بە قووڵی هەست بە ناسنامەی کوردی خۆیان دەکەن و کاری لەسەر دەکەن. ئێزدییەکان لەنێو کوردا کەمینەن، بەڵام ئەوان پێناسە یاخود نوێنەرایەتی دڵ و شێوازی نەتەوەی کورد دەکەن.[6]
بە بروای دۆگین “ئێزدییەکان گەوهەری ناسنامەی کوردین. چونکە ئەوان جێبەجیکار و پاریزەری ئەو شتەن کە دەتوانرێت بە “رەمزی کورد” ناوبنرێت. درێژە پێدەدات دۆگین دەڵێت “کورد مێژووییەکی یەکگرتوویان هەیە. لەهەمان کاتیشدا نیشانیانداوە کە خەڵکێکن دەتوانن دەتوانن بەبێ دەوڵەتیش هەبن و بەشێک نەبن لەو گەلەی کە ماوەی سەدا ساڵیشە لە نێویدا دەژین”[7] دۆگین دەڵێت “لە سەردەمی پێداچوونەوەی سیاسی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بە تایبەتی لە ماوەی دروستکردنی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن”ی ئەمریکییەکان کە “کۆندەلیزا رایس” لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی پێکرد، پرسیار هاتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکییەکان هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی دەکەن یان نە، لەو ساتەوە کە کۆلۆنیالیزمی سیاسی نوێی وڵاتانی رۆژئاوا بە دیارکەوت، بەڵام ئەمجارە لە جیاتی ئینگلیزەکان، ئەمریکییەکان بوون، ئەوان بڕیاریاندا نەخشەی نەتەوەیی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکێشنەوە و لەوەشدا نەخشەی دەوڵەتی کوردی بەدیارکەوت.[8]
“هەڵبەت لێرەدا دۆگین وا باسی ئەم بابەتە ئەکات کە ئەمریکا هەڵدەستێت وەک ئامراز کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت لێرەدا ئێمە ئەبێت ئەو روونکردنەوەی بدەین کە دەوڵەت مافێکی سروشتی نەتەوەی کوردە و ئەبێت جیهان قەبوڵی بکات، نەک ئەوەی دەوڵەتی کوردی بابەتێک بێت، لە ململانێێ نێوان دەوڵەتەکانی تر لە ڕێگەیەوە کورد فریوبدرێت، ئەم دیدگایە زۆر ئایدۆلۆژییە و ئێمە تەنها باسەکەمان وەک خۆی ورژاند تا لە تێفکرینی دۆگین شارەزابین” دۆگین دەڵێت “ئێمە لەناو ئەو پلانە جیهانییە کوردییە داین کە کورد بریتین لە نەتەوە و بە دڵنییایەوە لە قوناغی ئێستەدا لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان بسازێت
1. لە بواری ئابووریدا خاکی کوردانی باشوور دەوڵەمەندە بە نەوت.
2. سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی هەموو ئێراق دەکەونە ناوچە کورردییەکان، لەبەر ئەوە بەدڵنیایەوە کورد دەتوانن زۆر بەجدی ئیدارەی کارۆباری سرووشتی و ئیدارەی سیاسی ئەو جوگرافییە بکەن و لە یاریی جیۆسیاسیدا کۆمەڵە بژاردەی لەبەر دەستی کوردن وەک:-
- دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەی، دەتوانن سوود لە پشتیوانی ئەمریکا ببینن.
- پەسەندکردنی ناسنامەی کوردی بە دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بە بێ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەی دابمەزرێت.[9]
دەتوانین بڵێین چارەسەرکردنی “پرسی کورد” دەبێتە یەکێک لە مەرجەکانی پێکهێنانی پەیکەری نوێی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پرۆسە سیاسییە گەورەکانی جیهانی و بەیەکەوەکارکردن و پەیوەندی نێوان زلهێزەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە.[10] ئەتوانین بڵێن دۆگین لە باسی نەتەوە و بوونی نەتەوەی رووس، زۆر بە جوانی مانا ئەداتە نەتەوەیبوونی خەڵکی رووس و مافی حوکمداری و حاکمیەت و دەوڵەتداری و زلهێزبوونی نەتەوەی رووس، بەڵام کاتێک دێتە سەر نەتەوەیی کورد، لە زۆربەی بارودۆخەکان پرۆژەی دەوڵەتی کوردی بە ئامرازی دەست ئەمریکاوە دەبینێت نەک وەک مافێکی نەتەوەی و سرووشتی، ئەمەش تووشی پارادوکسمان دەکات لە سەرەتا و کۆتایی هزر و ڕوانینی دۆگین بۆ پرسی کوردستان و کورد.
سەرچاوەکان؛
1. تیۆری چوارەمی سیاسەت، ئەلێکساندەر دۆگین، وەرگێرانی ـ وریا غەفوری، ٢٠١٧.
2. کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسل، کۆمەڵە نووسەر، ٢٠١٧.
3. فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانەر ئەبوبەکر، چاپخانەی هەژار موکریانی، ٢٠٢٣.
[1] تیۆری چوارەمی سیاسەت، ئەلێکساندەر دۆگین، وەرگێرانی ـ وریا غەفوری، ٢٠١٧، ٤٥.
[2] تیۆری چوارەمی سیاسەت، سەرچاوەی پێشوو، ٢٨٨ـ٢٨٩.
[3] تیۆری چوارەمی سیاسەت، سەرچاوەی پێشوو، ٢٩٠.
[4] تیۆری چوارەمی سیاسەت، سەرچاوەی پێشوو، ٢٩٥.
[5] تیۆری چوارەمی سیاسەت، سەرچاوەی پێشوو، ٢٩٩ـ٣٠٠.
[6] کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسل، کۆمەڵە نووسەر، ٢٠١٧، ٢٠ـ٢١.
[7] کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسل. سەرچاوەی پێشوو، ٢١.
[8] کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسل. سەرچاوەی پێشوو، ٢٣.
[9] کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسل. سەرچاوەی پێشوو، ٢٥ـ٢٦.
[10] فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانەر ئەبوبەکر، چاپخانەی هەژار موکریانی، ٢٠٢٣، ٢١.