“توێژینهوهیهكی زانستی”
توێژینەوەیەکی زانستی بەڵگەی بۆ بوونی باپیرەیەکی هاوبەشی نێر (ئادەم) و مێ (حەوا) پێشنیاز کردووە. زانا جینناسەکان لە زانکۆی بازل لە سویسرا و پەیمانگای وێڵکەم سانگێر لە بەریتانیا توێژینەوەیەکیان لەسەر دەستنیشانکردنی دایک و باوکانی هاوبەشی مرۆڤایەتی بڵاو کردۆتەوە. دۆزینەوە سەرەکییەکانی توێژینەوەی ئەو زانایانە بەوە گەیشتووە یەک دایک و باوکی هاوبەش بۆ مرۆڤاێەتی هەبوون. دەرئەنجامەکانیان بەوە گەیشتوون کە تاکە باپیرەیەکی نێر (ئادەم) و تاکە داپیرەیەکی مێینە (حەوا) نزیکەی 200,000-300,000 ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقا هەبوون و وەچەیان خستۆتەوە. توێژینەوەکە سەرنجمان بۆ لێکچوونی لێکدانەوە زانستییەکان و “بەسەرهات” و چیرۆکی نێو پەرتوکە ئایینییەکان دەبات تا بپرسین ئاخۆ ئایین و زانست بەیەکەوە هەڵ دەکەن؟ بەپێی پەرتووکە پیرۆزەکان، تایبەت ئینجیل و قورئان، ئادەم و حەوا یەکەم ژن و پیاو بوون لەسەر زەوی کە لە خۆڵ و ئاو یان قوڕ دروستکراون و لە باخی عەدەن وەک تاکە جووتە دایباب/داپیرەوباپیرەی مرۆڤایەتی ژیاون و وەچەیان خستوونەتەوە.
زانایان لێکۆڵینەوەیان لە ‘بارکۆد’ (زنجیرەی ژمارەیی جینەکان) بۆماوەییەکانی پێنج ملیۆن ئاژەڵ کردووە – لەنێویاندا مرۆڤ. لە 100 هەزار جۆری جیاواز و ئەنجامەکان وایکردووە قسە لەوە بکرێت کە ئێمە لە یەک جووتە مرۆڤی بەتەمەنی لە لیواری ڕووداوێکی کارەساتباری نزیک بوو لە سڕینەوەی مرۆڤ دروست بووین.ئەم بارکۆدانە، یان پارچە پارچە و زنجیرە ژامرەی زانیاریی ترشەڵوکی ناوکیی (DNA) لە دەرەوەی ناوکی خانە زیندووەکان دەژین، ئەوە پیشان دەدەن کە ئەوە تەنیا مرۆڤەکان نین کە دەکرێت لە یەک جووت بوونەوەرەوە هاتبن، بەڵکو لە هەر ١٠ جۆرێکی ئاژەڵ نۆ دانە لە هەمان باوانە هاتوون. ٩٠٪ مرۆڤ لە یەک جووتە دایک و باوک پەرەیان سەندووە، “مارک ستۆکل و دێیڤید تاڵەر”، ئەو زانایانەی کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەیان کردووە، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە لەسەدا نەوەدی هەموو جۆرە ئاژەڵە زیندووەکانی ئەمڕۆ لە دایک و باوکانەوە هاتوون کە هەموویان بە نزیکەیی لە هەمان کاتدا دەستیان بە منداڵبوون کردووە، کەمتر لە ٢٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر – ئەمەش وایکردووە شێوازەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ بخاتە گومانەوە.
تالەر دانی بەوەداناوە ئەم ئەنجامە زۆر سەرسوڕهێنەرە و شەڕی لەو پێناوە کردووە. ڕاپۆرتە نوێیەکەی پسپۆڕانی زانکۆی ڕۆکفێلەر لەگەڵ زانکۆی بازل، دۆزینەوە نائاساییەکانیان لە کتێبی پەرەسەندنی مرۆڤدا لەلایەن مارک ستۆکل هاوکارێکی باڵای توێژینەوە و دەیڤید تالەر سەرپەرشتی کراوە. ئەوان پشتیان بە زانیارییە تۆمارکراوە جینییەکان و زانیاریی و روانینە تمارکراوەکانیش کردووە و لەناویان بیردۆزی پەرەسەند و داروین. تێکرا بیردۆز و دۆزینەوە زانستییەکان پێمان دەڵێن کە زیندەوەرانی سەر زەوی جەندە جیاواز بن لێکچوونێکی یەکجار زۆریان لە رووی ترشەڵۆکی ناووکیی و جینیی هەیە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت، جیاوازی 1.8% لەسەدی نێوان مرۆڤ و مەیمونی شیمپەنزیی چی ئافراندووە. جێسی ئاوسوبێل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ژینگەی مرۆڤ دەڵێت:- ئەگەر گرنگیی مایتۆکۆندریال لە توێژینەوەکە لە چی دایە؟ ئەگەر بوونەوەرێکی زیرەکی هەسارەیەکی دیکە لەم گەردوونە تەنانەت مەریخیش لەسەر زەوی بنیشێتەوە و چاوی بە کۆمەڵە کۆترێک و جەنجاڵیی مرۆڤ بکەوێت، بە پێی پێوەرێکی بنەڕەتی DNAی مایتۆکۆندریال لە یەکتر هەمەچەشنتر و ئەوەندە جیاوازتر دەرناکەون’. “دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریال” کە لە توێژینەوەکەدا پشکنینی بۆ کراوە، ئەوەیە کە دایکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەیگوازنەوە و ‘نەبوونی ئیستثنایزمی مرۆڤ’ی نیشانداوە.
دکتۆر ستۆکل ئاماژەی بەوەش داوە “کولتوور و ئەزموونی ژیان و شتەکانی تر دەتوانن مرۆڤەکان زۆر جیاواز بکەن بەڵام لە ڕووی بایۆلۆجیای بنەڕەتییەوە ئێمە وەک باڵندەکانین”. ستۆکل رەخنە لەوەش دەگرێت کە “ڕەنگە مرۆڤ بیری لەوە کردبێتەوە بەهۆی ژمارەی زۆری دانیشتووانیان و دابەشبوونی جوگرافیای بەرفراوانیان، ڕەنگە مرۆڤەکان بووبێتە هۆی جۆراوجۆری بۆماوەیی زیاتر لە جۆرەکانی تری ئاژەڵ”. ئەوەی کە دۆزینەوەکانی ستۆکل و تالەر ئاماژەی پێدەکەن ئەوەیە کە جۆرەکانمان دەبێت زۆر زیاتر لەوەی بیرمان لێدەکردەوە نوێبوونەوە روویدابێت. ئەو دوو توێژەرە؛ مارک ستۆکل و دێیڤید تاڵەر، ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوان لەسەر بنەمای پەرەسەندنی داروینی توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە و لەو تێگەیشتنەی کە هەموو ژیان لە ماوەی چەند ملیار ساڵێکدا لە سەرچاوەیەکی بایۆلۆژی هاوبەشەوە پەرەی سەندووە.
لە روانگەیەکی زانستی کراوە، دەکرێت روانینە زانستیی و ئایینییەکان یەک بگرنەوە؛ وەها لە توێژینەوەکە دەخوێندرێتەوە کە لە روانینێکی کراوەی زانستی دەکرێت هەندێک بەش لە چیرۆکی ئادەم و حەوا ڕاست بن. شوێنەوارناسانیش لای خۆیان بوونی شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان وەکو دەستپێکی شارستانیەتی بە بنچینەیەکی گونجاو دەبینن، ئینجا ئەمە بە گریمانەی شارستانیەتی کۆمەڵیی بێت یاخود جووتە مرۆڤێک دەستیان پێکردبێت، ئەوەی زانستییە ئەوەیە شوێنی شارستانیەت دەبێت بۆ ژیان لەبار و گونجاو بووبێت، گونجاوترین شوێنیش خاکی دێرینی کوردستان-ە لە پاڵ زنجیرە چیای زاگرۆس.
لە ڕووی بایلۆجی مرۆڤەکانی ئێستا هەمان دایبابی بایلۆجیان هەیە؛ بە هەمان شێوە زانایانی بایۆلۆجی دەریانخستووە کە هەموو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ کە لە ژیاندان دەکرێت یەک هاوبەشیان هەبێت. لێکدانەوەکە بەو شێوەیەیە مرۆڤایەتی لە لێواری قڕبوون و لەنێوچوون یەک نێر و مێ رزگاریان بووبێت و مرۆڤایەتی لەوانە دیسان دەستی پێکرد بێتەوە بەهەمان شێوەی نوێ بوونەوەی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی چیرۆکی حەزرەتی نوح و لافاوەکە. لە ساڵی ١٩٨٧ زانایانی جینات سەیری DNAی مایتۆکۆندریالی ١٤٧ کەسیان لە سەرانسەری جیهان وەرگرت. بە بەراوردکردنی جیاوازییەکانی DNA یان، توێژەران دەتوانن بزانن کە دەبێ چەند گۆڕانکاری لە دوایین باپیرە، هاوبەشەکەیانەوە ڕوویاندابێت. دابەشکردنی ئەو ژمارەیە بەسەر ڕێژەی گۆڕانکاریدا دەریدەخات کە ڕەنگە حەوای میتۆکۆندریال نزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقا ژیابێت. بە هەمان شێوە، توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ ١٢٠٠ پیاوی خەڵکی سەردینیا ئەنجامدرا، بەهەمان شێوە دەریخست کە کرۆمۆسۆمی Y ئادەم لە نزیکەی ١٨٠،٠٠٠-٢٠٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.
زانست و ئایین لەسەر بنەچەی مرۆڤ یەک دەگرنەوە؟ هەندێک لە زاناکان پێیان وایە ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی زانست لەگەڵ باسێکی کتێبی پیرۆزدا لەبارەی ئادەم و حەوادا یەک بگرێتەوە. دکتۆر جوشوا سوامیداس، زانای بایۆلۆجی لە زانکۆی واشنتۆن، ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە نەهێندرێت مرۆڤایەتی لە دوو هاوەڵی نێر و مێوە سەرچاوەیان نەگرتبێت. لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری دیدگاکانی زانست و باوەڕی مەسیحی بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر جۆشوا دەنووسێت: لێکچوون لە نیوان چیرۆکە زانستیی و ئایینییەکان هەیە. سەرەڕای لێکچوونەکان، زۆر لە پوختە و ناواخنی چیرۆکەکان لە دیوە زانستی و ئایینییەکە تەواوکار نین. لە پەرتووکە پیرۆزەکان ئادەم و حەوا لە شوێنێکدا دەژین کە پێی دەگوترێت باخی عەدەن و بە واتای خاکێکی جوان دێت، وەکو وێنا کراوە، کە فرە گونجاوە بۆ ژیان و هەموو بنچینە و پێکهاتەیەکی گونجاوی ژیانی تیادایە. بەڵام بۆ ئەوەی کتێبەکان لەگەڵ زانستی مۆدێرن بگونجێت، پێویستی بە فڕێدانی بەشێک لە چیرۆکە نەریتییەکان هەیە. لە لایەکی دیکە، بەڵگە شوێنەوارییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەمە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ پێدەشت و دۆڵی بەپیت کە بۆ یەکەمجار کشتوکاڵ تێیدا سەریهەڵدا.
زانایان دەڵێن؛ هیچ هۆکارێک نییە ڕێگری بکات کە هەموو مرۆڤەکان لە ڕەچەڵەکەوە لە دوو هاوسەر هاتبن. بەڵام ئەم دوو کەسە یەکێک بن لەو مرۆڤە زۆرانەی کە لەو کاتەدا لەسەر زەوی دەژیان و لە هۆمینینەکانی پێشووترەوە پەرەیان سەندبێت یاخود لە بوونەوەری مرۆڤی سەرەتایی پەرەیان سەندبێت. پرۆفیسۆر ئێریک کلاین، شوێنەوارناسێکی کلاسیکی و کتێبی پیرۆز لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن، دەڵێت ئەم بیردۆزە لەگەڵ بەڵگە کتێبی پیرۆز و شوێنەوارناسیدا دەگونجێت. پرۆفیسۆر کلاین لە نووسینەکەیدا لە پەرتووکی ‘لە عەدەنەوە بۆ دەربەدەریی’ دەڵێت: ‘ئەمە لە ڕوانگەی ئایینییەوە دەچێتە ئەقڵەوە. سەرەڕای ئەوەش، نێوان دوو ڕووبار بە شێوەیەکی گشتی ئەو شوێنەیە کە یەکەم ڕووەک و ئاژەڵ لە نێوان ١٠ هەزار بۆ ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەسەر خاکی دێریبی کوردستان خۆماڵیی کراون. بوونی پێکهاتەی مایتۆکۆندریای حەوا دایک لە مرۆڤ، وەکو لە تویژینەوەکان هاتووە میراتی بۆماوەیی داپیرە/مێینە لە هەموو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ پشتڕاست دەکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی یەک ڕەچەڵەکی دایک بۆ مرۆڤایەتی. لە لایەکی دیکە هەبوونی کرۆمۆسۆمی Y-ئادەم – ە. ئەمەش بەو واتایە دێت میراتی بۆماوەیی باپیرانی نێریش لە هەموو مرۆڤەکاندا هەیە بۆ هەمان سەرچاوەی یەک نێر دەگەڕێتەوە وەکو ئاماژە بۆ یەک ڕەچەڵەکیی باوک.
قڕبوونی مرۆڤایەتی و بیردۆزی بۆشاییگەری و ئاسمانەوانی دیرین و ئایین؛ کاریگەرییە زانستییەکانی توێژینەوەکە دەرچە بەڕووی لێکدانەوەی دیکەی کۆمەڵایەتی، زانستی و تەنانەت خەمڵاندنەکانی بیردۆزی بۆشاییگەری دێرینیش دەکاتەوە لەمەڕ لێکدانەوەی ڕۆحی یان ئایینی بۆ پرسگەلێکی ڕاست و زانستی ڕووت. بیردۆزی ئاسمانەوانی دێرین وەها لێکدانەوە بۆرووداوە و تۆمارە ئایینییەکان دەکات کە کۆنتر بن لەو مێژووەی لە ناو باوەڕادارانی ئایینەکانەوە ناسراو بن و ئەزموونە رۆحییەکانیش بە ئەزموونی زانستی و پەیوەندی مرۆڤ بە بوونەوەری ئاسمانی (بوونەوەری هەسارە و گەلەستیرەی دیکە) دەبەستنەوە، کە وەکو خۆیان تۆمار نەکرابن. لایەنێکی دۆزینەوەکانی توێژینەوە زانستییەکە ئاماژەدانە بە کەمبوون، نەمان و قڕبوونی مرۆڤایەتی لە دەوروبەری 200,000-300,000 ساڵ لەمەوبەر. ئەمەش پشتگیری لە بیردۆزی داپیرە و باپیرەی هاوبەش دەکاتەوە. هاوکات، گۆڕانە کەشییەکان و نەخۆشیی و ژینگەی مەترسیداری مرۆڤ دەکرێت هەڕەشەی رژد بووبن لەسەر مرۆڤایەتی لە هەزاران تا سەدان ەهزاران ساڵ لەمەوبەر.
لە رووی گەشەکردن و پەرەسەندنی مرۆڤ دۆزینەوەکان پشتگیری لە بیردۆزی مرۆڤ لە “دەرەوەی ئەفریقا” ش دەکات بەو پێیەی بوونەوەرێکی جێگیر نەبووە و بەردەوام لە گەڕان بووە لە جیهان. هەبوونی جۆراوجۆریی بۆماوەیی دەرئەنجامێکی دیکەی توێژینەوەکەیە. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر گرنگی جۆراوجۆری بۆماوەیی لە تێگەیشتن لە پەرەسەندنی مرۆڤ بە پێی ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی و توێژینەوەکە تێڕوانینێک لەسەر پێکهاتەی دانیشتوانی کۆن و شێوازی کۆچکردنیشیان بەدەستەوە دەدات.
رەخنە و سەرنج و تێبینییەکان؛ توێژینەوەکە لە ڕەخنە و تێبینی بێبەریی نیە، هەندێک لە زانایان دەڵێن مەرج نییە دۆزینەوەکان بوونی یەک جووت (ئادەم و حەوا) بسەلمێنن و سنوورداریی ڕێچکە و رێبازی توێژینەوە/میتۆدۆلۆژی دەکەنە پاساوی گومانە زانستییەکانیان بەو پێیەی توێژینەوەکە بە رەهایی پشت بە زانیاریی جینەکان دەبەستێت، کە ڕەنگە تێکڕای ئاڵۆزییەکانی پەرەسەندن و گەشەی مرۆڤ نەگرێتەوە. ئەمە سەرەڕای گۆڕانکاریی بەردەوام لە جوگرافیای دانیشتوانی جیهان و تێکەڵبوونی هەڕەمەکی جینیی و هۆکاریی بۆماوەیی. بە کورتی، توێژینەوەکە بەڵگەی سەرنجڕاکێش بۆ دایبابی هاوبەشی نێر و مێ بۆ مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو، کە پشتگیری لە چەمکی یەک جووتە دایباب/داپیرە و باپیرە دەکاتەوە. بەڵام کۆمەڵگەی زانستی جەخت لەسەر لێکدانەوەی قوڵتر دەکەنەوە بۆ دەرئەنجامی وردتر. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک گومانی زانستی زیاتر دەئافرێنێت یان زەقتر دەکاتەوە، ئەوەش روانین و لێکدانەوە و تێگەیشتنی مرۆڤە لەسەر رووداوە مێژووییە ئایینییەکان و مێژووی مرۆڤ دەگۆڕێت. بێجگە لەوەی ئەوەشمان بە بیر دەهێنیتەوە کە چۆن چۆنی بە تێپەڕبوونی کات، چیرۆک و رووداوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و پەیام و کڕۆک و ناواخنیان هەر وەکۆی خۆ دەمیننەوە.