لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا و لە سەردەمی زیادبوونی پسپۆڕی تەکنیکدا، “تۆماس ئەلڤا ئەدیسۆن” بە گەورەترین داهێنەر و ئەندازیاری جیهان، بەپێی میراتی سەرەتاکانی شۆڕشی پیشەسازی تەماشا دەکرا، کە تواناکانی لە هەموو لقەکانی زانست و تەکنەلۆژی تێپەڕی. هەروەها وەک ئەفسانەکانی نەوەی یەکەم بوو، ناوبراو پتر لە بەهرەیەکی هەبوو، چەندین داهێنانی بەناوی خۆیەوە تۆمار کرد لەوانە گڵۆپی کارەبایی، فۆتۆگرافی، هەروەها ڕۆڵی هەبوو لە زۆرێک لەو شێواز و ئامڕازانەی کە دەستیان کرد بە داڕشتنی ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەس لە جیهانی پیشەسازیدا وەک تەلەفۆن، ئامێری نووسین(تایپکردن)، بەمەش لە نیشتیمان و جیهاندا وەک جادووگەری سەردەمی پیشەسازی نوێ دادەنرا. ئەدیسن، یەکێک بوو لە بەهرەمەندە دیارەکانی ئەمریکا، کە چەندین داهێنانی هێنایە نێو ژیانی مرۆڤایەتییەوە کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەدواوە سەردەمی پیشەسازی نوێی پێکهێنا. لە ساڵی (1807) ” ڕۆبەرت فۆڵتن ” یەکەم کەشتی هەڵمی دروست کرد و لە ساڵی (1844) ” ساموێل مۆرسی “یەکەم تەلەگرافی کارەبایی داهێنا. ئەمانە ئەو داهێنانانەن کە لە چاوی زۆر لە ئەمریکییەکاندا پێوەرێکن بۆ پێگەی ئەوان لە ئێستادا، وەک “ئەندرو ریچی” کە بە پادشای پۆڵا ناسراوە دەڵێت “هەموو گەلانی جیهانی کۆن بە ڕیتمی شەیتانۆکە(Snail) دەجۆڵانەوە، لە کاتێکدا کۆمار(سیستمی کۆماری) بە هێزی ئێکیپرێس(خێرا) پێشڕەوی دەکات”.
بیرۆکەی پێشکەوتن کە پیاوانی وەک ئەدیسۆن نوێنەرایەتی دەکەن، نوێنەرایەتی ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەمریکا بوو، بە تایبەتی کە زیاتر لەسەر بیرۆکەیەکی فشەڵ دامەزرابوو نەک لەسەر بنەمای زمانێکی هاوبەش و کولتوورێکی بەهێزی ڕەگداکوتاوی قووڵ. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، ئەدیسۆن بوو بە کێشە، سوپایەک لە زانایان و داهێنەران بەدوای چارەسەرێکدا مژۆڵ بوون، ئەویش داهێنانی ئامێرێک بوو بۆ نمایش کردنی وێنەی جۆڵاو، بیرۆکەیەک کە بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم زۆر کەسی سەرقاڵ کرد، سەرەتا لە ئاکتۆگراف(Actograph) و تاوماتۆگراف(Thaumatograph) و فانتاسکۆپ(Phantascope)ەوە دەستیپێکرد، کە لە هەموو شوێنێک کاری خۆی دەکرد و وێنەی تۆمار دەکرد، بەڵام ئەمە تەنها یارییەک بوو و بەخێرایی پشتگوێ خرا، بەجۆرێک کە وا دیار بوو چارەسەرکردنی ئەم گرفتە قورسە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کام لەم داهێنەرانە ناتوانرێت بەراورد بکرێن بە ئەدیسۆن لەڕووی ناوبانگ و کاریگەرییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی ژیانی ئەدیسۆن تێکەڵە بە چیرۆکی ئەفسانەکان کە خۆی دروستی کردو و خۆی بنیادی نا، هەر لە سەرەتاوە هەموو ئەمانە یەکسانە بە گەشتە ڕاستەقینەی ئەدیسۆن لە ویلایەتی ئۆهایۆ تا ناوبانگی وەک یەکێک لە داهێنەرە سەرکەوتووەکانی ئەو سەردەمە. ئەدیسۆن لە ساڵی (1847) لە باوکێکی بە ڕەچەڵەک هۆڵەندی لەدایک بووە و لە بازرگانی تەختەدا کاری کردووە، ئەدیسۆن پتر لەلای دایکی فێرە خوێندەواری بووە، ڕەنگە هەر لەدایکییەوە ئیرادەی پۆڵاینی بە میرات بۆ ماوبێتەوە کە تایبەتمەندی کۆچبەرانی پرۆستانت بووە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەدیسۆن لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا یەکەم کاری وەک ڕۆژنامەفرۆشی و شرینیفرۆشی لە نێو شەمەندەفەرە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەستپێکرد، زیادبوونی حەزی لە زانستی تێلیگرافی نوێ وای لێکرد کارگەیەکی بچووک لە گۆشەی فارگۆنێکی شەمەندەفەرێکدا دابمەزرێنێت، دواتر ڕایگەیاند کە بەشێک لە دیزانی کارگەکە لە ئەنجامی یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی ئەو لەو کاتە بووە. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا یەکەمین داهێنانی خۆی تۆمار کرد کە بریتیبوو لە شریتی تۆماری تێلیگراف (Ticker Tape) کە بوو بە هێمای زیندوێتی و جۆڵەی سەرمایەداری ئەمریکی، لە ماوەی دە ساڵدا تاقیگەیەکی گەورەی لە ” مینلۆ پارک ” لە ویلایەتی لە کالیفۆڕنیا دامەزراند، بەهۆی ئەم داهێنانە سەرسۆڕهێنەرەوە – کە بەکارهێنانی تووڵی گەیەنەر کارەبا بوو – ناوی پەیوەست بوو بە جادووگەرەکەی مینلۆ پارک. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی داهێنانەکانی، تاقیگەیەکی گەورەتری لە نزیک ” وێست ئۆرەنج ” دامەزراند و خزمەتگوزای بۆ دابین کرد بۆ ئەوەی خۆی و تیمەکەی بتوانن دوای شەوێکی درێژ لە کارکردن سەرخەوێکی تێدا بشکێنن.
ئەدیسۆن حەزی دەکرد بە ئاشکرا وەک داهێنەرێک دەربکەوێت و گرنگی بەو شتانە نەدەدا کە وەک داهێنەرێک دەیخاتەڕوو وەک داهێنەرێک کە بایەخ بە زانست دەدات، دیزاینەکەی یارمەتیدەر بوو لە پێدانی ڕۆاڵەتێکی ڕۆحی پێی، یەکێک لە هاوچەرخەکانی ئەدیسۆنی بەوە وەسپ کرد کە لە تۆرێکی وایەر و ئامێر دروست بووە، بەڵام وی خۆشەویستی خۆی لەپشت ڕوخسارە گشتییەکەی شاردبووەوە کە وای لێدەکرد زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی تر بۆخۆی بدزێت، تا ئەو ڕادەیەی کە هەوڵە زانستییەکانی هەوڵێکی شاراوە بن بۆ بەزاندنی ڕکابەرەکانی، جا هاوڕێکانی بن یان ڕکابەرەکانی. لەم نێوەندەدا دەگوترێت کە ئەدیسۆن بە نهێنی لە پشت کوشتنی داهێنەری فەرەنسی “لوی ئۆگەستین لو پرانس” بووە، بۆ ڕزگار بوون لە ڕکابەرییەکەی، لە ڕاستیدا ئەدیسۆن ناوبانگ و پێگەی خۆی لە ڕێگای جادوو و کوشتن و پڕوپاگەندەوە نەپاراستووە بەڵکو لە ڕێگای زنجیرەیەک کەیسەوە کە گوایە ڕکابەرەکانی ویستویانە پێشێلی داهێنانەکانی بکەن، ئەمەش ئەو شێوازەیە کە توانی بەهۆیەوە بەسەر جیهانی وێنەی جوڵاودا باڵادەست بێت. تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی نۆزدەهەم، ئەدیسۆن ئارەزووی بۆ تەسویر و یەکەم هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی وێنەی جوڵاو نیشان نەدا. لە ساڵی (1888) ئەدیسۆن بەشداری لە سیمپۆزیۆمێکی فۆتۆگرافەری ئینگلیزی “ئیدوارد مایبریج” کرد، کە سەرەڕای داهێنانە زانستییەکانی وەک گەمژەیەک دەردەکەوت. “لیلند ستانفۆرد” پارێزگاری کالیفۆڕنیا پازدە ساڵ لەمەوبەر بانگهێشتکرابوو بۆ وێنەگرتنی زنجیرەیەک وێنەی فۆتۆگرافی ئەسپێک بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەسپەکە لە کاتی غارداندا پێیەکانی لەسەر زەوی هەڵدەگرێت.
دوای سیمپۆزیۆمەکە ئەدیسۆن، لیلند ستانفۆردی داوەتی تاقیگەکەی کرد و ناوبراو پرسیاری ئەوەی لێکرد ئایا دەتوانرێت وێنە – فۆتۆگرافی – لەگەڵ ئامێری زۆپراکسسکۆپ(Zoopraxiscop) کە “ئیدوارد مایبریج” پەرەی پێ دەدات بەیەکەوە بگونجێنرێن؟ هەڵبەتە بەدیهێنانی ئەم بیرۆکە بوێرانەیە دەرەنجامێکی وروژێنەری دەبێت، لە ئەگەری بەدیهێنانی ئەم بیرۆکەیە چل ساڵ پێش یەکەمین فیلمی درێژی دەنگدار دەکەوێت، بەڵام هەماهەنگی نیوان ئەدیسۆن و مایبریج هیچی لێ سەوز نەبوو، دواتر حەز و ئارەزووی ئەدیسۆن بۆ وێنەی جوڵاو دەرکەوت و یەکێک لە یاریدەدەرە گەنجەکانی بە ناوی ” ویلیام دیکسۆن “ی سکۆتلەندی ڕاسپارد بۆ کارکردن لەسەر ئامێرێک کە لەیەک کاتدا وێنەگرتن و نیشاندان – تۆمارکردن و نیشاندن – ئەنجام بدات. دیکسۆن لە سەرەتادا بەرەوپێشچوونێکی کەمی بەدەستهێنا. لە ساڵی (1889) ئەدیسۆن سەردانی پێشانگای جیهانی کرد لە پاریس، لەوێ ئامێرێکی نوێی بینی کە لەلایەن “ئیتیان ژیل ماغێ”ی فەرەنسی دیزاین کرابوو بە ناوی کرۆنۆفۆتۆگراف (Chronophotograoh)، ئەم داهێنانە سەرنجی ئەدیسۆنی ڕاکێشا، هەرکە گەیشتەوە ئەمریکا دیزاینی ئامێرێکی کێشا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیزاینی ئامێرەکەی ” ئیتیان ژیل ماغێ ” بوو. دوو ساڵ دواتر و لە ساڵی (1891) ئەدیسۆن بەرهەمی ماندوبوونی خۆی خستەڕوو، داهێنانێکی نوێ کە ناوی لێنا کینتۆسکۆپ(Kinetoscope) کە لە ڕێگایەوە دەتوانرێت دیسکێک لە ناو سندۆقێکی قورسی تەختە دابنرێت و لەگەڵ سوڕانی وێنەی سەر دیسکەکە بە ماتۆرێکی بچووک سلیولیو سەر دیسکەکەی دەجوڵاندەوە و بە گلۆپێکی کارەبایی کە ڕاستەوخۆ لە شریتی سلیولیود دەدات، دەتوانرێت مرۆڤ و ئاژەڵەکان بە وێنەیەکی جوڵاو لە کۆنی سەر سندوقەکەوە ببینرێت. ئەمانە فیلمە سەرەتاییەکانن کە دیمەنەکانی ڤاودەڤیڵ و یاری مشتەوانی(بۆکسێن) و سێرک بوون و ماوەی ئەم فیلمانە لە بیست چرکە تێپەڕی نەدەکرد.
ئەم ئامێری کیتنۆسکۆپە لە ستۆدیۆکی ئامادەکراو جێگیرکرا و بەهۆی لێکچوونی شێوەی ستۆدیۆکە لەگەڵ شێوەی ئۆتۆمبێلی پۆلیس -ی ئەوکات – ناوی لە ستۆدیۆکەی نا مارییای ڕەش(Black Maria). سەبارەت بە ئەستێرەکانی ئەم فیلمانە کۆمەڵێک ئەکتەری سەیر و جیاواز بوون لەوانە ئەکتەری ڤاودەڤیڵ، سێرک، هاوکات سەگ و پشیلەش کرابوونە ئەکتەر. ویلیام دیکسۆن بە توڕییەوە گوتی “هیچ شانۆیەک لە جیهاندا ئەو جەماوەرە ناهاوئاهەنگەی(نارێک و نەگونجاو) لە نێوان هونەرمەنداندا کۆنەکردووەتەوە”. دواتر ئەدیسۆن ڕووی لە زۆر پڕۆژەی تر کرد بەبێ ئەوەی چاوی لە قازانجی ماددی و ئیستیغلالکردنی بازرگانی بێت، ناوبراو درکی بە پێشکەوتووی – بەرزی – تەکنیکی ئامێرەکە کرد و هەستا بە کاری تۆمارکردن لە ڕێگای ئامێرەکەوە، دواتر ڕووی کردە شتی تر وەک هاوداهێنەرەکانی. ئەدیسۆن حەز و ئارەزووی لەمەڕ جیهانی وێنەگرتن و جیهانی وێنەی جوڵاو بە خێرایی کەمبووەوە کاتێک هەستی کرد سەرکەوتووانە بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ بووە. وی زۆربەی سەرنجەکانی تەنها لەسەر تەکنەلۆژیا بوو بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پێش ئەو درکی ئەوە بکات کە گرنگی ڕاستەقینەی داهێنانەکەی ئەدیسۆن لە خودی وێنەدایە واتە کارکردن لە وێنەی جوڵاو دڵی داهێنانەکەی ئەدیسۆنە لەم بوارەدا، ڕەنگە ئەم بۆچوونە ڕەنگدانەوەی ڕەگ و ڕیشەی باوەڕی پاکخوازیی(Puritanism) ئەدیسۆن بێت کە باوەڕێکە ڕقێکی زۆری لە خۆشی و سەرگەرمی و بیرۆکەی نوێنەرایەتیکردن هەیە. پێدەچێت ئەدیسۆن بۆیە وازی لە کارکردن لە وێنەی جوڵاو هێنابێت کە بەرگەی ئەوەی نەگرێت کە داهێنانەکەی لەسەر گاڵتەجاڕەکان و پشیلەی سەماکەر بژێت.
ئەوەی ئەم دیدگایە پشتڕاست دەکاتەوە دانپێدانانی دواتری ئەدیسۆنە بەوەی کە سینەما وەک ئامڕازێکی پەروەردەیی سەرنجی ڕاکێشاوە “پێدەچێت ئەمە سەیر بێت بەڵام دەستکەوتی ماددیم لە فیلمدا بەخەیاڵدا نەهاتووە، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام توانای سینەما بوو وەک ئامڕازێکی پەروەردەیی. من وێنای ئەوە دەکەم کە کامێرا دەتوانێت چی بکات یان پێویستە چی بکات لە فێرکردنی ئەو شتانەی کە پێویستە لە ڕێگای پەروەردەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و زیندوو بزانرێت” بەم شێوەیە ئەدیسۆن سەد ساڵ پێش سەردەمی خۆی کەوتووە پێش ئەوەی توانستەکانی وێنەی جوڵاو وەک ئامڕازێکی پەروەردە بناسرێن و بزانرێن. لە ساڵی (1893) ئەدیسۆن دەرگای داهێنانی بازرگانی بەڕووی دوو سەرکێشیکاردا کردەوە ئەوانیش “تۆزمان ڕاف” و “فرانک گادون”، کە لە ماوەی ساڵێکدا توانیان سەدان هۆڵی پێشانگای کینتۆسکۆپ لە سەرانسەری ئەمریکادا بکەنەوە. دوو ساڵ دواتر لەبەردەم ئامێرە نوێتر و باشترەکاندا کە خەیاڵ و سەرەنجی جەماوەری ڕاکێشا، جددییەتەکەی نەما و بوو بە هەڵم، ئامێرەکەی ئەدیسۆن لە شێوەی سندوقێک بوو بە ناوی (Peep Show)، کە نیشانەی کۆتایی بەشی یەکەمی گەشەسەندنی سینەما بوو، بەڵکو لەوەش زیاتر نمایندەی پێشکەوتنی جیهانی وێنەی جوڵاوی دەکرد، لەبەرئەوە هەوڵ و ناوبانگی ئەدیسۆن هانی بازرگاکانی ئەمریکا و ئەوروپای دا کە دژی وی هەڵوێست وەربگرن. لەگەڵ ئەوەی ئەدیسۆن خۆی بۆ شتی تر تەرخان کرد، بەڵام ڕکابەرەکانی لە هەردوولای زەریای ئەتڵەسی خۆیان بۆ شەڕێک ئامادە کرد.
لە کۆتایی ساڵی (1893) لە شاری لیۆنی فەرەنسی، ڕکابەرەکەی “ئانتۆن لومێیر” کە شکۆ و بەهرەیەکی هەبوو کە ڕکابەری ئەدیسۆنی پێ بکات، ناوبراو پێش ئەوەی ببێتە وێنەگرێکی پیشەیی وەک وێنەکێش دەستی پێکردبوو، هەندێک جار لە توڕەییدا کەلوپەلەکانی دەشکاند بۆیە هەر زوو وازی لە وێنەگرتن هێنا. کاتێکیش کە لەبارەی تەکنکێکی نوێی دروستکردنی سڵایدێکی شوشەیی کە بە ماددەیەکی هەستیار ڕووبۆش کراوە بە ناوی (Dry Plate) لێکۆڵینەوەی کرد کە لەلایەن کیمیازانی بەلجیکی بە ناوی ” ڤان مۆنکهۆڤن “ەوە دروست کرابوو، تانەنەت بڕیاریدا ئەزموونەکەی – تاقیکردنەوەکەی – لە ستۆدیۆکەی خۆی لە نهۆمی خوارەوە لە ناوەڕەستی شاری لێۆندا دووبارە بکاتەوە. بەڵام یەکەم هەوڵی شکستی هێنا. لە ساتێکی نائومێدیدا ڕووی کردە “لوی” کوڕە بچووکەکەی کە لە کایەی زانستدا سەرکەوتوو بوو، زۆری نەخایاند لوی توانی نەک تەنها لاسایی داهێنانەکەی “ڤان مۆنکهۆڤن” بکاتەوە، بەڵکو لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا توانی شێوازێکی نوێی (Dry Plate) دابهێنێت و ناوی لێنا (Black Label) کە بە بەراود بەوانەی پێش خۆی هەستیارییەکی زۆری بە ڕووناکی هەبوو. لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر وێنەی کەسی، لەلایەن هەمووانەوە بەتایبەتی خێزانە هەژارەکان، بنەماڵەی لۆمێیر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەوڵەمەند بوون، لوی ناچار بوو کارگەیەکی نوێ و گەورەتر لە قەراغی شاری لیۆن بکاتەوە بۆ دابینکردنی خواستی زیادبوونی بەرهەمهێنان. لەگەڵ لێشاوی ئەو پارەیەی کە هاتە نێو ماڵی لومێیرەوە، ئانتوانی باوک دەستی کرد بە خەرج کردن لە پارە و زیادەڕۆیی کردن لە چیژ و سەرگەرمی و سازکردنی شەوە ئاهەنگ بۆ هاوڕێ و خزمانی، کە زۆربەی کات بە شکاندنی بادەی شەراب کۆتایی دەهات، ئەمەش بووە هۆی مایەپووچ بوونی کارگەی خێزانەکە لە ساڵی (1882) و ناچار هەردوو کوڕەکەی (لوی و ئۆگەست) جڵەوی دۆخەکە بکەن.
سرووشتی کێبڕکێکاریی ئانتوانی باوک وەک بزوێنەر مایەوە، بەتایبەتی ڕق و کینەی بەرابەر ئەمریکییەکان، کە شێوازی وێنەگرتنی بەرهەمە فۆتۆگرافییەکانی فەرەنسای پەسەند نەدەکرد ئەمەش لە ڕێگای زنجیرەیەک باجی پارێزگاریکردنەوە دوای ئەو باجەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا “ویلیام ماکینلی” یەوە لە ساڵی (1890) سەپێنرا، کە ئەمەش دژی سیاسەتی بازرگانی ئازادە و ناوی لێنرا “بەرگریی گەورە”، کە باجێکی گومرگی بوو، هاوکات توانی باجەکانی لە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە ئەمەش وەک ئامڕازێک بۆ پاڵپشتیکردنی پیشەسازی تازە بەرهەمهاتووی بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی زەبەلاحی ئابووری لە هەمبەر ڕکابەرەکانی لە ئەوروپا. لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بازرگانی کاغەزی وێنەگرتن – ئەو کاغەزەی کە وێنەی لەسەر پرێنت دەکرێت – کە ئانتوان لومێیر دوای سەردانەکەی بۆ پێشانگای جیهانی لە شیکاگۆ لە ساڵی (1890) پێشکەشی حکومەتی فەرەنسای کرد، ناوبراو دوای سەدەیەک پێشبینی هەمان مەرجەکانی دانوستانکارانی ئەمریکای کرد سەبارەت بە ڕێککەوتنی گات(GATT): “ئەمە باجی داهات نییە کە زیان بە بەرهەمەکانمان دەگەیەنێت، بەڵکو جۆرێکە لە قەدەغەکردن، لە کاتێکدا ئێمە بە تەواوی دەرگاکانمان بەڕووی ئەواندا کردووەتەوە”، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری بەناوبانگبوونی کاڵا و کەلوپەلی ئەمریکی، کوالێتییان نییە، بەڵکو بەهرە و شارەزاییە لە ڕیکلامکردن و بازاڕدۆزی بۆی، ئەمەش وا لەم کاڵا و شمەکانە دەکات لە بەرابەر کاڵا و شمەکی ئەوانی تر خوازراوتر بن.
لە هاوینی ساڵی (1894) هاوڕێیەکی ئامێرێکی نوێی کینتۆسکۆپی خستەبەردەم ئانتوان، ئانتوان خۆشحاڵانە درکی بەوە کرد کە دەرفەتی دزینی کارێک هەیە کە لووتی ئەمریکییەکانی پێ بشکێنێت، بە پەلە ڕۆیشت بۆلای لوی کوڕی و لە گیرفانی سڵایدێکی فیلمی کینتۆسکۆپی دەرهێنا کە لە یەکێک لە بریکارەکانی ئەدیسۆن بەدەستی هێنابوو، ” چارلز مۆیسۆت ” یەکێک لە کارمەندەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنتوان بە لوی کوڕی گوتووە ” دەبێت شتێکی لەم شێوەیە دروست بکەیت، بە تایبەتی کە ئەدیسۆن بە نرخێکی گران دەیفرۆشێت و بەنیازە لێرە لە فەرەنسا دروستی بکات”. ئەوەتا ئێمە لەبەردەم جادووگەرێکی وەک ئانتوان لومێیر داین لە دژی ئەدیسۆن، فەرەنسا دژی ئەمریکا، بۆ دەستپێکردنی جەنگ لە نێوانیان. هەر زوو بۆ ئانتوان و کوڕەکانی ڕوون بووەوە کە بۆ بەدەستهێنانی پشکی گەورە لەم بازاڕە نوێیەدا، دەبێت کامێرایەک و پرۆژێکتەرێک بۆ خۆیان دروست بکەن، بەداخەوە ئەمان وەک ڕکابەرەکانی دیکە نەیانتوانی ڕێگایەک بۆ جوڵاندنی – ڕۆیشتن – شریتی (Strip)، واتە فیلم ستریپ(Film Strip) بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە ئاسانی لەناو کامێرادا بدۆزنەوە. جارێکی تر، لوی ڕێ چارەیەکی دۆزییەوە ئەویش بەڕێککەوت لوی بەهۆی سەرئێشەیەکی توندەوە نەیتوانی بنوێت و هەر بیری کردەوە، ئەمە وای لە ئۆگەستی برای کرد شانازی بە لوی برایەوە بکات بەوەی لە شەوێکدا بیرۆکەی داهێنانی سینەمای بۆهاتووە. ئەمجارە لوی بە سادەیی پەنای بردە بەر بەکارهێنانی میکانیزمی چەرخی دانداری ئامێری دوورمانی نوێ کە ڕێگا بە شریتی فیلمەکە دەدات بە خێراییەکی بەردەوام بەنێو ئامێرەکەدا تێپەڕێت، لەبەرئەوەی ئامێرەکە سندوقێکی دارینە بوو، دەتوانرا وەک کامێرا یان پڕۆژێکتەر بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە ئەو ئامرازە نوێیە لەبری ئەوەی سنووردار بێت تەنها لە یەک بینەر واتە تەنها یەک کەس بتوانێت تەماشای بکات، بە پێچەوانەوە ڕێگا بە کۆمەڵێکی بەرفراوانی خەڵک دەدات ئەو وێنە جوڵاوانە ببینن کە ئامێرەکە نمایشی دەکات، لێرەوە بیرۆکەی بینینی گرووپ، واتە بینینی بە کۆمەڵ لەدایک بوو کە نوێنەرایەتی کرۆکی ئەزموونی چوونە سینەما دەکات.
بنەماڵەی لومێیر ناکۆک بوون لەسەر ناونانی ئامێرە نوێیەکە، ئانتوانی باوک پێشنیاری کرد ناوی بنرێت دۆمیتەر(Domitor)، ناوبراو پێی وابوو کە بەسەر ڕکاەرەکانیدا زاڵ دەبێت، پاشان ئارەزووی ئەوەی کە هەمیشە براوە و باشترین بێت. لێ هەردوو کوڕەکەی واتە (لوی و ئۆگەست) دژی وەستانەوە و ناوی ئامێرەکەیان نا سینەماتۆگراف(Cinematograph) کە لە وشەیەکی یۆنانییەوە هاتووە بە واتای “جوڵە”. لە کۆتایی هاوینی ساڵی (1894)، پەرە بە کامێرا درا و توانرا فیلمی – کورتە فیلم – سەرەتایی وەک “کرێکاران کارگەی لومێیر بەجێ دەهێڵن” (La Sortie de l’Usine Lumière à Lyon)، وێنە بگرن و نمایشی بکەن، لە مانگی ئازاری ساڵی دواتردا، بنەماڵەکە چەندین نمایشیان بۆ دامەزراوە زانستییەکان ئەنجامدا. بنەمەڵەکە پتر سەرسام بوون بە وێنەی جوڵاو وەک لە داهێنانی فۆتۆگرافی ڕەنگاوڕەنگ کە بەشێک بوو لە نمایشەکە. هەواڵی داهێنانی سینەما – وێنەی جوڵاو بە بەردوامی – بەخێرایی بڵاوبووەوە و ڕۆژانە پرسیار لە داهێنەر و پێشانگەرەکان دەکرا کە چۆن بتوانرێت ئەو ئامێرە نوێیە بەدەست بهێنرێت، بەڵام هەردوو برا لوی لومێیر و ئۆگەست لومێیر لە ترسی دزینی ئامێرەکە – کۆپی کردنەوەی – ئامادە نەبوون بە هیچ کەسێکی بفرۆشن. بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکانیدا، ئانتوانی باوک هەوڵیدا نمایشی گشتی واتە لەبەردەم خەڵکانێکی زۆر لە پاریس ئامێری سینەماتۆگراف پێشکەشی خەڵک بکات، ئانتوان سەرەتا ئەم بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە، تا دواجار قایل بوو، ئەمەش دوای ئەوەی قەناعەتی پێکرا کە ڕەنگە ڕکابەرەکان ئامێری نوێ پێشکەش بە خەڵکی پاریس بکەن. شوێنی هەڵبژێردراوی پیشاندان سالۆنی هیندی بوو کە دەکەوێتە نهۆمی خوارەوەی گراند کافێ لە شەقامی (14 Rue des Capucins) نزیک ئۆپێرا، شوێنێک کە دەستەبژێری پاریسییەکان زۆر سەردانی دەکەن و ئاڵوگۆڕی سیاسی و فیکری و ئەدەبی تێدا دەکەن، و دواجار لە کۆتاییدا بۆ ئانتوان دەرکەوت کە ئێرە شوێنێکی گونجاوە بۆ نمایشکردنی وێنە جوڵاو، کە بۆ ماوەیەکی درێژ بە چاوێکی سوکەوە تەماشای دەکرا و بە تەرزێکی ناشرین مامەڵەی لەگەڵ دەکرا کە بەحساب وێنەی جوڵاو تەنها بۆ گێڕەشێوێنەکان و ئاژاوەگێڕەکان گونجاوە، هەربۆیە لە شوێنێکی هەرزانبایی دوور لە کۆمەڵی ئەریستۆکراتی و چینی سەرەوەی کۆمەڵگا نمایشکرا.
بڕیار بوو یەکەم نمایش لە ئێوارەی (28 / 12 / 1895) دەستپێبکات، چەند کاتژمێرێک پێش نمایشکە ئانتوان هەستی بە دڵەڕاوکێ کرد، دەستی کرد بە پاڕاوە لە هەموو ئەوانەی کە دەیناسین کە ئەو ئێوارەیە ئامادەی نمایشەکە بن: “ئەی ئەوەی خەڵکی سەرسام دەکەیت، چی سەرنجت ڕادەکێشێت، وەرە بۆ ئەوەی بزانن چی سەرنجت ڕادەکێشێت” ئەمە ئەو گوزارشتانە بوون کە بە (ژۆرژ میلیەس)ی جادووگەر و بەناوبانگی هاوڕێی گوت، کە یەکێک بوو لەو (33) بینەرەی کە یەک فرانکی وەک کرێی چوونە ژوورەوە دا. ژۆرژ میلیەس دەڵێت: ” خۆمم لەگەڵ بینەران بینییەوە کە ڕووبەڕووی شاشەیەکی بچووک دانیشتوین، شاشەیەک وەک ئەوەی ئێمە لە نمایشەکاندا بەکاری دەهێنین، دوای چەند خولەکێک وێنەیەکی وەستاو – جێگیر – لەسەر کۆشکی بێلکۆ لە لیۆن دەرکەوت و چرپە بەوەی تەنیشت خۆمم گوت ئایا ئێمە تەنها بۆ بینینی پڕۆژێکتەرێک هاتووین کە بۆخۆم زیاتر لە دە ساڵە بەکاری دەهێنم؟ کە قسەکەم تەواو نەکرد ئەسپێک دەرکەوت عەرەبانیەک ڕادەکێشێت و بەرەو ڕووی ئێمە دێت و بەدوایدا وێنەی چەند ڕێبوارێک. بەو هەموو ژاوەژاوەی سەر شەقامەکە، ئێمە سەرسام و حەپەساو دانیشتبوین. تا کۆتایی نمایشەکە هەمووان سەرسام و حەپەساو بوین، هەریەکەمان هەوڵمان دەدا بزانین چۆن دەتوانین بگەینە هەمان دەرەنجام واتە هەمان وەڵام بۆ ئەم داهێنانە نوێیە”. ئەو کورتە فیلمانە ئەو ئێوارەیە نمایشکران سادە بوون، بۆنمونە کورتە فیلمی ” خواردنی بەیانیانی منداڵ “(Repas de bébé) کە ئۆگەست لومێیر و هاوسەرەکەی خواردن بە منداڵەکەیان دەدەن، هەروەها فیلمی ” گەیشتنی شەمەندەفەرێک بۆ وێستگەی لا سیۆتا “(L’Arrivée d’un train en gare de La Ciotat) و چەند دیمەنێکی ژیانی ڕۆژانە کە هەریەکەیان خولەکێکی نەخایاند، هەموو نمایشەکە کەمتر لە نیو کاتژمێری خایاند. ئەوەی وێنەکانی وروژێنەتر و سەرنجڕاکێشتر کرد لە وێنە لەرزۆق و شڵۆقەکانی کینتۆسکۆپ ئەوەیە کە ئەم وێنانە گەورە دەکرێن و بە ڕوونی لەسەر شاشەیەک بۆ هەموو کەسێک لەو ژورە نیشان دەدرێن، ئەم شێوازە گەرچی سادەیە، بەڵام چەقی هێزەکەی لەم خاڵەدایە بە بەراورد بە شێوازەکانی دی. بینەرانی یەکەم نمایشەکە لە ترسی ئەوەی کە شەمەندەفەرەکە بەرەو ڕووی ئەوان دێت و دەیانشێلێت، لە شوێنی خۆیان هاواریان کرد و بازیاندا. سەرەڕای سەرەتاییبوونی ئەم وێنانە – وەک ئەوەی ئێستا بۆ فیلمسازان دەردەکەوێت – هەمان کاریگەری قوڵی لەسەر دەیان ساڵی دواتر هەبوو، بە دەربڕینێکی تر وەک چۆن سەرەتاییبوونی وێنەی جوڵاو کاریگەری لەسەر بینەرانی ئەوکات هەبوو، هەمانشێوە سینەما کاریگەری تایبەتی لەسەر دەیان ساڵی دواتر جیهێشت.
کەمەندکێشی سەرەکی سینەما وەک فۆڕمێکی زۆر کاریگەر و وروژێنەر هێشتا لەناونەچووە. هەروەک چۆن یەکەمین فیلمەکان بەشێکی گرنگ بوون لە ڕاکێشانی سەرنجی بازاڕی وەرزی، واتە جەوهەری سەرنجراکێشی نمایشە بازاڕە وەرزییەکانیان(Fairground) پێکهێنا. ئەزموونی سەیرکردنی زۆرێک لە فیلمە سەرکەوتووەکانی هۆڵیوودیش ئەو شتانە پێکدەهێنێت کە لە پارکە گشتییەکاندا(Amusement) دەگوزەرا. دوای سەدەیەک هەندێک لە ڕۆشنبیران – بەتایبەتی لە فەرەنسا – کەوتنە سەر کەڵکەڵەی سەرکۆنەکردنی ئەو چێژە ڕووکەشە – بێ قوڵایی -یە کە سینەمای ئەمریکی پێشکەشی دەکات، بەڵام بێئاگا لەوەی کە سەرچاوەی ئەم چێژە لە بنەڕەتدا خستنەڕووی شێوازێکی مشتومڕە لەبارەی ناسنامەی نەتەوەیی.
لە سەروبەندی ئەو شڵەژانەی دوای یەکەم نمایش دروست بوو، “فولی بێغژیغ ” بەڕێوەبەری هۆڵی شانۆی و یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی جیهانی سەرگەرمی(تەرفیهی) لە فەرەنسا، پەنجا هەزار فڕانکی پێشکەش بە ئانتوان کرد بۆ کڕینی یەک پڕۆژێکتەر، لێ ئانتوان بە هەموو شێوەیەک فرۆشتنی ئامێری پڕۆژێکتەری ڕەتیکردەوە جا بە هەر نرخێک بێت، ئەمەش لە ترسی جەردەیی و کەللـە ڕەقییەکەی. دوای ئەوە ژۆرژ میلیەس دەڵێت: “ئێمە لەلایەک سەرسام بووین و لەلایەکی دییەوە نائومێد، چونکە هەر زوو درکمان بەو سەرکەوتنە گەورەیە کرد کە ئەم داهێنانە بەدەستی دەهێنێت” میلیەس درکی بەوە کرد کە قازانجە ماددییەکانی ئەم داهێنانە بە تەنها لەلایەن بنەماڵەی لومێیرەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، واتە تەنها لومێیرییەکان دەتوانن داهاتەکەی بۆ خۆیان خڕبکەنەوە. فەرەنسا هەر زوو درکی بە نیگەرانی خاوەن نمایشەکانی سەرگەرمی و خوشبوێری کرد لە بەرابەر نمایشی ساڵۆنی هیندی – ئەو هۆڵەی کە یەکەم نمایشی تێدا ئەنجام درا – ڕیزی بینەران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە شەقامی کاپوسین کۆدەبوونەوە و چاوەڕوانی دەرفەتێکیان دەکرد بۆ سەیرکردنی نمایشەکانی برایانی لومێیر، ئەمەش هەندێک جار پولیسی ناچار دەکرد پێش نمایش کردنی کورتە فیلمەکان لە بەردەم هۆڵەکە ئامادەبن بۆ ڕێکخستن و پاراستنی بینەران لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و پێکدادان، لە کاتێکدا بەڕێز ” فولپینی ” خاوەنی گراند کافێ، وەک خاوەن شانۆکانی تر بەگومان بوو لەوەی کە بەهۆی نمایش کردنی ئەم فیلمانەوە قازانج و داهاتێک بەدەست بهێنرێت، لەبەرئەوە ناوبراو بەتوندی ئۆفەری (20%)ی قازانجی داهاتی فیلمەکانی ڕەتکردەوە لەبری (30) فرانک لە ڕۆژێکدا، بڕیارێک کە دواتر لێی پەشیمان بووەوە و بەڵام زۆر درەنگ بوو.
ئەوە لوی لومێیر بوو کە بووە خاوەنی دەستکەوتی تەکنەلوژیای نمایشکردنی وێنەی جوڵاو بۆ جەماوەری بینەر. ئانتوانی باوک لوی کوڕی ئاگادارکردەوە لە پێشکەوتنی ئەدیسۆن لەم بوارەدا و لوی ڕاسپارد کە بەردەوام بێت لە نمایشکردنی کورتە فیلمەکانی لە گراند کافێ، ئەوە ئانتوان بوو کە بەڕاستی وێنەی جوڵاوی کرد بە نمایشێکی گشتی. ئانتوان و داهێنەرانی دیکەی سینەما پتر پشت بە هەست و ڕەمەک دەبەستن وەک لە ئەقڵ و حیکمەت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بە پێچەوانەوە لوی کوڕی کە حەزی لە وێنەی جوڵاو بوو، سەرسام بوو بەو وێنانەی کە لە تاریکییەوە دێن وەک خەونێک لە ڕێگای شریتێکی بچووکی وەک سلیولیودەوە. هەردوو برا لوی و ئۆگەست لە شەوی یەکەمی نمایشەکەدا لە شاری لیۆن مانەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارکردن لە کارگەگەیان وەک گرنگترین ئەرک بە بەراورد بە هەموو ئەرکێکی تر. تەنانەت دوای نمایشەکەش لوی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئەم داهێنانە هیچ ئایندەیەکی بازرگانی نییە. ئۆگەست دڵنیا بوو کە وێنەی جووڵاو هیچ نییە جگە لە داهێنانێکی زانستی و ئەو قازانجەی کە بەدەستیان هێناوە بۆ دابینکردنی بوجەی توێژینەوە زانستییەکانیانە، بۆیە لوی وازی لە دروستکردنی فیلم هێنا و تیمێکی لە قوتابییەکانی کە هەم فۆتۆگرافی و هەم نمایشکردنیان بەیەکەوە گرێدابوو ڕاسپارد بۆ گەشتکردن بە جیهاندا بەنیازی گەڕان بەدوای کەرەستەی نوێدا. لوی هێشتا ئەم داهێنانەی وەک شێتییەک دەبینی کە وەک چۆن بە خێرایی دەستی پێکرد بە هەمان خێرایی بەرەو ئاوابوون و پشت تێ کردن دەچێت، وی بە وێنەگر – کامێرامان -ەکەی بە ناوی ” کینجی میزوگوجی ” گوت: ” ئێمە شتێک پێشکەش ناکەین داهاتوویەکی هەبێت، جگە لە شتێکی باڕازی، شتێکە وەک کارێکی بازاڕی کە ڕەنگە شەش مانگ یان ساڵێک بخایەنێت یان ڕەنگە کەمتر”.
لوی پێی وابوو کە جەماوەر بەم زووانە واز لە داهێنانەکەی دەهێنێت بۆ داهێنانێکی نوێی دیکە، ڕیشەی ئەم باوەڕەش لە ڕق و قینی بەرابەر بۆرژوازی لە نمایشە بازرگانییەکانیانەوە سەرچاوەی گرتبوو، وا دیارە تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو لەسەر سووکایەتی کردن و ڕق لێبوونەوە لە شێوازی بکارهێنانی داهێنانەکەی کە بەهۆی ئیستیغلال کردنی بازرگانییەوە گەندەڵ بوو. دواتر دانی بەوەدا نا کە ” ئەگەر بمتوانیبا پێشبینی ئەوە بکەم کە چی دەبێت، ئەوا سینەمام دانەدەهێنا”. ئەم ترسە زۆرە لە کۆمەڵگا بەرابەر ئامێرێک کە ئامانجی سەرەکی هەژارانە، لە ساڵانی دواتردا لە هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسیدا ڕەنگەدانەوەی هەبوو، بە تایبەتی لە ئەوروپا. بایەخی هونەری و زانستی و تەنانەت بازرگانی سینەما بە گومان و دڵەڕاوکێیەکی توند لە نێو دەستەبژێری ڕۆشنبیراندا دەورە درابوو، زۆرێکیان بە ئاشکرا سووکایەتییان بە سینەما دەکرد چونکە سینەما پشت بە کڕیاری خاو دەبەستێت، واتە کڕیارانی نزمترین توێژی کۆمەڵگا. بۆیە هۆکاری سەرەکی گەشەسەندنی سینەما دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پڕەنسیپ و وزە و توانای بڕیاری یەکلاکەرەوەیان هەیە. جگە لە کارگەکەی ئەدیسۆن، هیچ کۆمپانیایەک لە دیوی ئەتڵەسیدا نەبوو کە ئامادەیی بۆ پێشخستنی سینەما نیشان بدات. بەم شێوەیە ئامڕازە نامۆ و نوێیە بەبێ پشتیوانییەکی ڕوون سەریهەڵدا جگە لە چەند بکرەیەکی شریتی سلیولیود کە دوور لە سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێکهاتبوو، لەبەرئەوە سەیر نییە دوای سەرکەوتنە جەماوەرییەکەی هێرشی بکرێتەسەر لەلایەن هەموو کایەکانی تری سەرگەرمی و سەرفیهی بەبێ گوێدانە نەبوونی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئامڕازەکە و ئەوەی پێشکەشی دەکات.
لەگەڵ بڵاوبوونەوە و بەزاندنی دیاردەی نوێیەکە – وێنەی جوڵاو – لە زەریای ئەتڵەسییەوە بۆ ئەوروپا، ئەدیسۆن شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی ئامێری پڕۆژێکتەر وەک ئەوەی برایانی لومێیر دروستیان کردبوو. لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (1895) یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ئەدیسۆن نامەیەکی بۆ برایانی لومێیر نارد و تێیدا داوای کڕینی ئامێرێکی پڕۆژێکتەری دەکرد، لێ ئانتوانی باوک ڕەتیکردەوە و وەڵامی دایەوە کە ئامێرەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی پەرەپێداندایە. دوای یەکەم نمایش لە گراند کافێ، ئەدیسۆن نامەیەکی نارد و داوای کڕینی ئامێری پڕۆژێکتەری کردبوو بۆ پیشەسازی سینەماتۆگراف، بەڵام برایانی لومێیر لەترسی ناوبانگی ئەدیسۆن داواکەی ئەدیسۆنیان ڕەتکردەوە. چەند مانگێک دواتر، گومان گۆڕا بۆ دوژمنایەتی. لە مانگی ئایاری ساڵی (1896) ڕێکخەرانی پێشانگایەکی بازرگانی لە جنێف پێشنیاریان کرد کە ئامێرەکەی برایانی لومێیر لە یەکێک لە شوێنە تایبەتییەکان شانبەشانی ئامێرەکەی ئەدیسۆن پیشان بدرێت، بەڵام لوی لومێیر بەتوندی ڕەتی کردەوە و گوتی: “ئەگەر ئەمەیش ڕووبدات، دەبێت لەژێر ئاڵای فەرەنسادا بێت”، ئەم هەڵوێستەی لوی بەرەیەکی یەکگرتووی دژی ئەمریکا پێکهێنا.
گومانی داهێنەرەکانی هەرچییەک بێت، سینەماتۆکراف بەخێرایی ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. یەکەمین نمایشی ئەم کورتە فیلمانە لە دەرەوەی فەرەنسا لە لەندەن بوو لەلایەن هاوڕێیەکی ئانتوان بە ناوی “فلیسێنترۆی” لە (20/ 2/ 1896). نمایشەکە – کورتە فیلمەکان – پێشوازییەکی زۆری لێ کرا، دوای دوو هەفتە گواسترایەوە بۆ شوێنێکی گەورەتر ئەویش لە هۆڵی شانۆیی ئیمپایەر لە گۆڕەپانی لانکاستەر لە لەندەن کەتێیدا نمایشەکە بۆ ماوەی هەژدە مانگ بەردەوام بوو. برایانی لومێیر ئەم کورتە فیلمانەیان لە هەر شوێنێک لە مۆمبایەوە بۆ ئۆساکا یان لە قودسەوە بۆ دی جانیرۆ نمایش بکردایە هەمان پێشوازی گەرمی لێدەکرا، کورتە فیلمەکانیش وەک کورتە فیلمی (خواردنی بەیانیانی منداڵ)، (گەیشتنی شەمەندەفەرێک بۆ وێستگەی لا سیۆتا)،… هتد ئەم کورتە فیلمانە بەس بوون بۆ ئەوەی بینەران سەراسیمە و شێت بکات.
برایانی لومێیر ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی تووند بوونەوە. بە تایبەتی لە ئەمریکا دوای ئەوەی لە (20 /6 / 1896) ئامێری سینەماتۆگراف لە بەردەم خەڵکانێکی زۆردا لە هۆڵی شانۆی “کیس” نمایش کرا، ناوبانگێکی گەورەی بەدەستهێنا. ڕۆژنامەی نیویۆڕک تایمز نووسیویەتی: “سەرسوڕهێنەرێکی ئەوروپی لە بەردەم کەسانی پلەبەرز نمایش دەکرێت، کە بە سەرسوڕهێنەری سەدەی نۆزدهەم دادەنرێت”. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئامێرەکە – کە ناوی لێنرا سەرسوڕهێنەری ئەمریکا – لە شانۆکانی ڤاودەڤیڵ لە سەرانسەری ئەمریکادا نمایشکرا. بە وتەی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی : ” لە نێو هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر بینیومانە، هیچ شتێکمان نەبینیوە کە وەک سینەماتۆگراف سەرنجی جەماوەر ڕابکێشێت، سەبارەت بە ئامێرە دروستکراوەکانی ئەمریکا کە بە حساب کێبڕکێی ئامێرەکەی برایانی لومێیر دەکەن، چوونە کەنارەوە لەوانە ئامێری (ڤیتاسکۆپ)، کە ئامێرێکی سەرەتایی پڕۆژێکتەرە کە ئەدیسۆن لەسەر بنەمای دیزاینی داهێنانێکی تری “تۆماس ئارمات” دروستی کرد. ئەم سەرکەوتنە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وروژاند، فەرەنسییەک چۆن دەتوانێت بچێتە نێو بازاڕی ئەمریکاوە و قازانجی خۆی بەدەستب بهێنێت کە مافی خۆیەتی؟ بەم شێوەیە کۆمپانیا ئەمریکییەکان جارێکی تر گەڕانەوە بۆ جڵەوکردنی بازاڕ، ئەم ململانێیەش لە نێوان کۆمپانیای “مۆتۆسکوپ”ەوە سەرکردایەتی کرا کە لە ساڵی (1896) لەلایەن “ویلیام دیکسۆن” یاریدەدەری پێشووی ئەدیسۆن کە هاوپەیمانی لەگەڵ دوو بازرگانی نیویۆڕک بە ناوەکانی (هێرمان کیسلەر و هاری مارڤن) بەست، دامەزرا. لە ئۆکتۆبەری ساڵی (1897) کۆمپانیای دیکسۆن ئامێری “بایۆگراف”ی خستەڕوو، کە وێنەی گەورەتر و ڕوونتری بە بەراورد بە ئامێرەکەی برایانی لوومێیر نیشان دەدا(22)، وەک یەکێک لە ڕۆژنامە هەرێمییەکان ئاماژەی پێدەکات ئەم ئامێرە تەنها بۆ نمایشە ئەمریکییەکان نیشان دەدرا، دوای ئەوە ئامێری “ڤیتاگراف” دەرکەوت. لە نیسانی ساڵی (1897) لقی لومێیر لە ئەمریکا مایەپووچ بوو و فرۆشرا بە ئەمریکا.
هەرچەندە برایانی لومێیر شەڕی باڵادەستی تەکنەلۆژیایان دۆڕاند، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەوان بوونەتە قوربانی پێشێلکارییە یاساییەکان، بەگوێرەی قسەکانی “فلیکس مایسگویچ” “کۆمپانیای لومێیر ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی تووند و هەڕەشە بووەوە و برایانی لومێیر بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی گومرگی ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کەیس بوونەوە، فلیکس ماسگوشی وەک خۆی ئیدیعای کردووە گوایە لە کاتی وێنەگرتن بەبێ مۆڵەت لە سنتڕاڵ پارک دەستگیرکراوە”. سەرۆکی کۆمپانیای لومێیر لە ئەمریکا ناچاربوو بەنهێنی بە بەلەمێک لە ئەمریکا هەڵبێت تا کەشتییەکی جەنگی فەرەنسی بینی کە لە “هودسن” چاوەڕوانی دەکرد بۆ پارێزگاری کردن لە گیانی. گومانی تێدا نییە کە ئەم چیرۆکە زیادەڕەوی تێدا کراوە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە کۆمپانیای مۆتۆسکۆپ پەیوەندی بە هەندێک لە پارێزەرانی گومرگەوە هەبووە کە لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک “ویلیام ماکینلی”دا دەستیان بەسەر واشنتۆندا گرتبوو. لەوانەیە کۆمپانیاکە کاریگەری لەسەر ئیدارەی ئەوکاتی سەرۆکی ناوبراوی ئەمریکا هەبوو بێت لە هەوڵی ڕزگاربوون لە لەشکرکێشی فەرەنسی ” Gellic Imvasion ” لە بازاڕێک کە ئەمریکییەکان بە هی خۆیانی دەزانن.
لە چوارچێوەی کێبڕکێی پەرەپێدانی وێنەی جوڵاودا، هەردوو داهێنەر لە فەرەنسا و ئەمریکا داوای مافی داهێنانیان کرد، ئەمە ململانێیەکی بازرگانی ئاساییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە تەنها لە ڕێگای ململانێی قوڵی ئایدیۆلۆژی نێوان هەردوو وڵاتەوە دەتوانرێت بەدی بهێنرێت. هەردووکیان لەمیانەی ئەم شوڕشەوە – شۆڕشی وێنەی جوڵاو – بە دوای کۆمەڵێک بەهای ڕۆشنگەری، ئازادی، پێشکەتن دەگەڕان بۆ ئەوەی ببێتە بەهایەکی جیهانی. لە فەرەنسا چەندین حکومەت زۆرێک لەو بەهایانەیان پشتگوێ خستووە و زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی فەرەنسی چیتر ئەمریکایان وەک خاکی دیموکراسییەتی ئیدیاڵ نەدەبینی، بەڵکو وەک نەتەوەیەکی کۆنەپەرستان دەیانبینی کە جگە لە پارە هیچ شتێکی دی بایەخی نییە لەلای ئەوان و تاکە غەمیان پارەیە، ئەمەش ئەوەیە کە شاعیری فەرەنسی “بودلێر” بە ” Gaslit Barbary ” گوزارشتی لێ کردووە. پەیکەری ئازادی کە لەلایەن پەیکەرتاشی فەرەنسی “فرێدریک ئۆگەست بارتۆلدی” تاشراوە و ساڵی (1886) لە نیویۆڕک دانرا دیارییەک بو لە فەرەنساو بۆ ئەمریکا. ناردنی ئەم دیارییە بە ئامانجی زیندووکردنەوە و گەرمکردنەوەی دۆستایەتی و برەودان بە بازرگانی نێوانیان و هێمایەک بو بۆ ئەو ئایدیاڵە لیبڕاڵانەی کە هەردوو وڵات یەکیان دەخات. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی بەزرگانیدا، ئەم پەیوەندییە دۆستایەتییە کە لە پەیکەری ئازادیدای خۆی نمایندە کرد بەخێرایی بیرچووەوە، پەیکەرێک کە بوو بە ئایکۆنی بەهاکانی ئەمریکا بە تەنها. بەم شێوەیە بۆ فەرەنسییەکان وا دیار بوو کە وێنەی جوڵاو لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
نووسینی: دەیڤد پوتنام، نیڵ واتسن
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شڤان نەوزاد، پێشکەشە بە هاوڕێی سینەمادۆستم “سەروەر محەمەد”.