گەشتى گەڕیدەکان و دانراوى کوردناسەکان پڕن لە زانیارى ورد و هەندێکجار نەزانراو لەبارەى شار و ناوچە و دێهاتى کوردستان و خەسڵەتى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵى کوردییەوە. کورد بەهۆى نالەباریى ژیان و ناجێگیریى دۆخە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکەى دەرفەتى ئەوەى نەبووە مێژوو و جوگرافیاى ناوچەکانى کوردستان بەشێوەیەکى ورد و پڕ زانیارى تۆمار بکات. گەڕیدە و کوردناسەکان لە بارودۆخ و کاتە جیاوازەکاندا ئەو بۆشاییەیان تا ڕادەیەک پڕکردوەتەوە. ئەگەرچى، ئەوەى ئەوان تۆماریان کردووە و لە دانراو و گەشتنامەکانیاندا هەیە هەمیشە لێوردبوونەوە و ساغکردنەوە و دیققەتى زیاترى گەرەکە.
بۆ نمونە گەڕیدەیەکى وەک (فرێزەر) کە ناوەراستى سەدەى نۆزدەیەمى زایینى لەگەشتەکەیدا بۆ بەغداد، دواى ئەوەى لە سلێمانییەوە بەرەو کفرى دێت لە شوێنێکى گەشتنامەکەیدا وتویەتى: هەر کە گەیشتینە کفرى کۆمەڵێک دارخورماى بەرزمان بینى کە یەکەمجاربوو بیبینین، هەموومان هەستمان بەوە کرد گەیشتووین بە (عەرەبستان)!. ئەمە ئەگەر بە دیوەکەى تریدا لەیەک بدرێتەوە وا تێمان دەگەیەنێت کە ئیتر لەکفرییەوە سنورى ناوچەى عەرەبنشین دەست پێدەکات و کفریش ناوچەیەکى عەرەبنشینە. کفرى وەک یەکێک لە شارە دێرین و مێژووییەکان کە تەمەنى بوونیادنان و مێژووى ژیان تیایدا بۆ نزیکەى (پێنج هەزار) ساڵى لەمەوبەر دەگەرێتەوە، یەکێک لەو شارانەیە کە بەشێکى زۆرى گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان و کوردناسەکان سەردانیان کردووە و سەرنج و تێبینى خۆیان لەسەر تۆمار کردووە. کۆتاییەکانى سەدەى هەژدەیەم هەتا سەدەى نۆزدەیەمى زایینى بەشى زۆرى ئەو گەڕیدە و گەشتیارە بیانییانە هاتونەتە ناوچەکە، بە کفریدا تێپەڕیون یان هاتونەتە سەردانى شارەکە و تیایدا ماونەتەوە.
گەشتیارى فەرەنسى (ژان ئۆتەر) کە ماوەى (٩) ساڵ گەشتێکى لە وڵاتى عوسمانیدا ئەنجامداوە (١٧٣٤-١٧٤٣ى زایینى) لەدواى کەرکوک و دووزخورماتوو ڕێى کەوتوەتە کفرى. بەڵام، زانیارى زۆرى لەبارەى شارەکەوە تۆمار نەکردووە و بەشارێکى چۆڵ پێناسەى کردووە. دەڵێت: دواى نۆ سەعات ڕۆیشتن گەیشتینە کفرى کە هیچ کەسێک و هیچ شتێکى تیادا نەدەبینرا. هەروەها، (ئۆتەر) لەبارەى کفرییەوە زانیارییەک ئاشکرا دەکات. دەڵێت: بۆ ئەوەى بگەمە کفرى و لەئاوە بەتامەکەى بخۆمەوە ئارامم لێهەڵگیرابوو. بەڵام، بەپێچەوانەى چاوەڕوانیمەوە بەسەر جۆگەیەکى پڕ قەوزە و لیتەدا کەوتم خەریک بوو چۆڕایى دەهات. بەهۆى پەلەو تینوێتى زۆرەوە ناچار لێم خواردەوە کە هیچ بەدڵەوە نەنووسا. بەهاوڕێکانم وت: ئەمە ئاوە بەناوبانگەکەى کفرى بوو؟ لەوەڵامدا وتیان نابێ لەکەمبوونى ئاوەکە و بۆنە ناخۆشەکەى سەرت سوڕبمێنێ، چونکە عەرەبەکان ئاوى ئەم بن جۆگەیەیان لە ژوورترەوە گێڕاوەتەوە. ئەو پۆلە کولەش لەتاو گەرما خۆ دەخەنە ناوییەوە. لەبەر ئەوەیە کە ئاوەکە بۆگەن بووە.
لێرەدا ئەوەى جێى سەرنجە ئاماژە بەوە دراوە کە (عەرەبەکان) لە ژوورترەوە ئاوى کفرییان گرتوەتەوە، یەکێک لەو زانیارییانەیە کە ناڕوونە. ئایا عەرەب لەژوورووى کفرییەوە نیشتەجێ بووە؟
(کارستن نیپور)ى گەشتیارى دانیمارکى لەگەشتەکەیدا کە لە ئازارى ١٧٦٦ى زایینیدا بەم ناوچەیەدا تێپەڕیوە باس لە کفرى دەکات و واى لێکداوەتەوە کە ئەم شارە لەلایەن یەکێک لە خەلیفەکانى عەباسییەوە درووست کراوە. ناوى کفریشى بە (کورفە) هێناوە. ئەمە بێگومان مەبەستى مێژووى شارى کفرى بووە لە شوێنکەوتەى سێیەمیدا (کە دەکاتە شوێنى ئێستاى کفرى). ئەگەرنا، مێژووى درووستکردن و بوونیادنانى کفرى لەشوێنى یەکەمیدا کە بە(کفرى کۆن-ئاسکى کفرى) دەناسرێت زیاترە لەو مێژووە. هەروەها، گەشتیار (جیمس بیکنگهام) لەگەشتەکەیدا بۆ ئێراق و ویلایەتى موسڵ رۆژى ١٢ى تەمموزى ١٨١٦ى زایینى هاتوەتە کفرى و باسى شارەکەى کردووە و وێنەیەکیشى بۆ کێشاوە. ئەو، بەم جۆرە باسى کفرى کردوە کە دەکەوێتە ناو شورایەکى پتەوەوە و خانوەکانى لەقوڕ درووستکراون. ڕێڕەوێکى ئاو لەنێو شوراکەوە لەلاى ڕۆژهەڵاتییەوە هەڵدەقوڵێت و دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکدا و لەڕێگەى چەند بەشێکى سەرەکییەوە بەنێو شارەکەدا دەڕوات. وتوشیەتى: بازاڕەکانى کفرى میوەى زۆر باشیان تێدایە و بەتایبەتى شوتى و ترێ.
لەبەر ئەوەى کفرى شارێکى دەوڵەمەندە بە شوێنەوارى مێژوویى و خاوەنى شارستانیەتێکى دیار و بناغە پتەوە. بۆیە، بەشى زۆرى گەشتیار و گەڕیدە و کوردناسەکان کە بەم ناوچەیەدا تێپەڕیون لەباسکردنى مێژوو و شوێنەوار و شارستانیەت و خەسڵەتى کۆمەڵایەتى ئەم شارە خۆیان نەبواردووە. گرنگیى ئەم شارە لەڕووى ژیان و ژیارەوە بووەتە جێى بایەخپێدانى کوردناسەکان و ئاماژەیان پێکردووە. (کلۆدیۆس جیمس ڕیچ) لەگەشتەکەیدا لەبەغدادەوە بۆ سلێمانى رۆژى ٢٦ى نیسانى ١٨٢٠ى زایینى هاتوەتە کفرى و سێ ڕۆژى تیادا ماوەتەوە و بەدوور و درێژى باسى کردووە و چووە شوێنەوارەکانى دەوروپشتیشى پشکنیوە و ئاشکراى کردووە کە ئەم شارە جاران لەناو دۆڵ و شاخەکانى ڕۆژهەڵاتیدا بووە. ڕەنگە (ڕیچ) لەناو ئەو گەڕیدە و کوردناسانەى هاتونەتە ناوچەکە، لەهەموویان زیاتر بە وردییەوە باسى کفرى و وشوێنەوارەکانى کردبێت و ئەو زانیارییانەیشى تۆمارى کردووە لە گەشتنامەکەیدا بەکەڵکى ڕابردوو و ئێستا و داهاتووى کفرى و ژیارى کوردستانیش دێت.
ڕیچ لەسەر دوو شوێنەوارى ناوچەى کفرى بەوردى ڕاوەستاوە و سەردانى هەردوو شوێنەکەى کردووە. ئەوانیش شوێنەوارى ناسراو بە (قەرەئۆغڵان) کە دەکەوێتە باکورى ڕۆژهەڵاتى (کفرى)ى ئێستاوە و ئەوەی تریش شوێنەوارى دێرینى (کفرى کۆن-ئاسکى کفرى)یە کە بە (٨) کیلۆمەتر دەکەوێتە باشورى (کفرى)ى ئێستاوە. هەردوو شوێنەوارەکە ئێستاش ماون. بەڵام بەهۆى ئەنجام نەدانى هیچ کنەوپشکنینێکى شوێنەواریى تیایاندا؛ بۆیە مێژووەکەیان بەتەواوى ساغ نەبوەتەوە. بەڵام، ڕیچ لەو کاتەشدا ئاماژەى بەوە داوە کە گردى ئاسکى کفرى و قەرەئۆغڵانیش شوێنى ژیان بوونە لەڕابردوودا و لەوەختى خۆیدا کفرى لەو دوو ناوچەیەدا بووە. تا ڕادەیەک، ڕیچ ئەوەى ساغ کردوەتەوە کە بەپێى ئەو پارچە شوێنەواریى و (سکە)ى پارانەى لەو ناوچانەدا دۆزراونەتەوە، قەرەئۆغڵان بۆ سەردەمى ساسانى و پارتییەکان دەگەڕێتەوە و ئاسکى کفریش بۆ سەردەمى پێشتر لەوان. تێبینى و زانیارییەکانى میستەر ڕیچ تا ئێستاش بۆ توێژینەوە زانستییە مێژوویى و ئارکیۆلۆژییەکان لەبارەى شارستانیەت و مێژووى ناوچەى کفرى و گەرمیانەوە بەکەڵکن.
ساڵى ١٨٣٤ى زایینى وێنەکێش و گەشتیار و گەشتنامەنووسى سکۆتلەندى (جیمس بیلى فرێزەر) لەمیانى گەشتەکەیدا بۆ بەغداد ڕووى کردووەتە کفرى و سەرنج و تێبینییەکانى خۆى تۆمار کردووە. فرێزەر ماوەى تەنها یەک ڕۆژ لەکفریدا ماوەتەوە. کاتێک لەسلێمانییەوە گەیشتوەتە کفرى دەڵێت: کفرى دەکەوێتە دەروازەى بۆشایى ناو زنجیرە چیایەک کە لە ئاستى دۆڵ و شیوەکانى دەوروبەریدا بەرزترە. لەو سەردەمەدا کە ئەو گەشتیارە هاتوەتە کفرى، شارەکە بە شورا دەور دراوە و چەند دەرگایەکى گەورەى چوونە ژوورەوەى هەبووە. ئەوەشى تۆمار کردووە کە پڕ بووە لە دارخورما و وەک ئەوە وابێت فرێزەر و هاوەڵەکانى گەشتەکەى یەکەمجار بێت دارى خورمایان بینیبێت لەم ناوچەیەدا. بۆیە بەسەرسوڕمانەوە وتویەتى: هەستمان بەوە کرد گەیشتووین بە (عەرەبستان). هەروەها جۆرى جلوبەرگ و سیماى خەڵکەکە بۆى سەلماندین کە ئێمە لەناو دامەزراوەى تورکیداین. (ئاماژەیە بۆ سنورى حوکمڕانێتى عوسمانى). فرێزەر لەگەشتنامەکەیدا وێنەى ڕووکارى یەکێک لەدەرگاکانى شوراى کفرى کێشاوە و دایناوە. ماوەى (١٥ى کانونى دوەم-٢ى شوباتى ١٨٧٣ى زایینى) گەڕیدەى ئەڵمانى جۆزێف سێرنیکى هاتوەتە سنوورى زەنگاباد، قەرەتەپە و کفرى. ئەم گەڕیدەیە هەندێ زانیارى وردى لەسەر ناوچەکە خستوەتە ڕوو.
ئاماژەى بەوە کردووە کە لەناوچەکەدا ئاوایى وێران بووى زۆرى لێبووە، لەگەڵ شوێنەوارى گۆڕەکان. بەڵام، ئەوکاتەى ئەو هاتوەتە کفرى هیچ عەرەبێکى کۆچەری بەتایبەت لەنزیک وێرانە ئاوایى (ئەبوعەلى) نەبینیوە. کە پێشتر ئەو باسى کردووە ئەم ئاواییە عەرەبنشین بووە و نزیکەى (١٠٠) خانووى تیادا بووە. سێرنیکى دەڵێت: شارى کفرى نزیکەى ٥٠٠ کەس تیایدا ژیاون و بەشێکیان تورکمان بوون. هەروەها، خانووەکانیان لەگڵ و دار درووستکراون. لەناوچەکەدا کانزاکانى وەک گۆگرد و خوێ بەتایبەت (نەوت) لەکەنارى ڕۆژهەڵات و دیوى چیاکەیدا هەبوون. هەروەها، باسى شوێنەوارى (کفرى کۆن-ئاسکى کفرى)یش دەکات، بەڵام وتویەتى زانیارى زۆرى لەسەر نییە. (فرانسیس ڕیچارد مانسێل) شوێنەوارناس و کارمەندى هەواڵگریى بەریتانى سەردانى ناوچەکەى کردووە و زانیارى نەبیتراوى تۆمار کردووە. لە ٨ى ئایارى ١٨٨٨ى زایینیدا هاتوەتە سنوورەکە. لەبارەى کفرییەوە دەڵێت: شوێنێکە (٦٠٠٠) کەس تیایدا دەژى لەگەڵ (١٢٠٠) خانوو. لەدەوروبەرى شارەکە ژمارەیەک باخى خورما و میوە هەبووە. جگە لەوانە، دەشتەکە بەتەواوى بێ درەخت بووە. هێڵى تەلەگرافى بەغداد-موسڵ بەوێدا تێپەڕ بووە و نووسینگەى تەلەگرافیشى لێبووە. شارەکە بازاڕێکى بچوکى سەرداپۆشراو (قەیسەرى) تیادا بووە.
گەشتیار و گەڕیدە و نوێنەر و سیخوڕى سیاسى وڵاتانى زلهێز و کوردناسانى تریش زۆرن کە گەشتیان بۆ ئەم ناوچەیە کردووە، یان پیایدا تێپەڕیون و بەشێکیان تیایدا ماونەتەوە. سەرنج و تێبینى زۆرتریش لەسەر کفرى و ناوچەکە و دانیشتوان و شارستانیەت و جوگرافیاکەى تۆمار کراون. ئەمانە زەغیرەیەکى ئەوتۆن کە بۆ توێژینەوەى ئەکادیمى و نووسینى مێژوویى بەکەڵکن. شایانى ئەوەن زانیارییەکان دواى شەن و کەوکردن و لێوردبوونەوە، بۆ ساغکردنەوەى مێژووى ئەم شارە بەسوود بن.
سەرچاوەکان؛
١-سوزان کەریم مستەفا: ناوچەى گەرمیان لەنیگاى بەشێک لە گەڕیدە و کوردناسانەوە (کەرکوک، دوزخورماتوو، کفرى و خانەقین) بەنمونە، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان، ٢٠٢٢.
٢-م.ى.سەباح عەلى جاف: ناوچەى کفرى و کەلار لەکۆتاییەکانى دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانیدا (١٨٧٠-١٩١٤ز)، گۆڤارى کوردستانیى بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیجى، ٢٠٢٤.
٣-رابەر انور على: فضا و جامعە شهر کفرى در اواخر دوران عثمانى، پایان نامە کارشناسى ارشد، دانشگاه تهران، شهریور ١٣٩٦.
٤-سەفەرنامەى ژان ئۆتەر ١٧٣٤-١٧٤٣ سەردەمى نادرشا، وەرگێڕانى لەفارسییەوە: محەمەدى حەمەباقى، ٢٠١٣.
٥-کلودیوس جیمس ریج: رحلة ریج المقیم البریطانی فی العراق عام ١٨٢٠ الى بغداد-کردستان-ایران، ترجمة: اللواء بهاءالدین نوری، الطبعة الاولى، ٢٠٠٨.
٦-جیمس بیلى فریزر: رحلة فریزر الى بغداد سنة ١٨٣٤م، ترجمة: جعفر الخیاط، الطبعة الاولى، ٢٠٠٦.
٧-سهیل خورشید عزیز: صفحات من تاریخ منطقة کفری، الطبعة الاولى، مرکز تەما للطباعة و النشر-السلیمانیة، ٢٠٠٢.
٨-مصطفى نەریمان، بیرەوەرییەکانى ژیانم، دار الحریة للطباعة-بغداد، ١٩٩٤.
٩-حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ، ناوچەى کفرى لەنێوان ساڵانى (١٩١٤-١٩٤٥)، چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر، ٢٠١٤.