“ماڵاوا ئه‌ی ئه‌ده‌ب”
کۆتایی سه‌رده‌می ئه‌ده‌ب نزیکه. ته‌مه‌نی ئه‌ده‌ب ته‌قریبه‌ن کۆتایی هاتووه. ئیدی کاتی گه‌یشتووه، واته نۆره‌ی سه‌رده‌مانی دیکه بۆ میدیاکانی دیکه گه‌یشتووه. ئه‌گه‌رچی کۆتایی ته‌مه‌نی ئه‌ده‌ب نزیکه، به‌ڵام ئه‌ده‌ب نه‌مر و جیهانگیره. ئه‌ده‌ب له هه‌موو گۆڕانکارییه مێژوویی و ته‌کنه‌لۆژییه‌کان گیان ده‌رده‌بات. ئه‌ده‌ب تایبه‌تمه‌ندیی به‌رجه‌سته‌ی هه‌موو کو‌لتووره مرۆییه‌کان له هه‌موو کات و سه‌رده‌مه‌کان و له هه‌موو شوێنه‌کاندایه. هه‌نووکه هه‌رکات تێڕامانی جیددی له “ده‌وروخولی ئه‌ده‌ب” ده‌که‌ین ئه‌م دوو گریمانه لێکدژه ده‌بێت سێبه‌ریان له‌سه‌ر تێڕامانه‌کانمان ئاماده بێت.
ئه‌م حاڵه‌ته لێکدژه له کوێوه هه‌ڵده‌خێزێت؟ ئه‌ده‌ب خاوه‌نی مێژووه، مه‌به‌ستی من له ئه‌ده‌ب، “ئه‌ده‌ب” به مانای ئه‌و وشه‌یه‌یه که ئێمه له ڕۆژئاوا، له زمانه جۆراوجۆره‌کانی خۆمان به‌کاری ده‌هێنین: به فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی:-(literature)؛ به ئیتالی (letteratura)؛ به ئیسپانی (literature)؛ به ئاڵمانی (literature). به هه‌مان شێوه که ژاک دێریدا[1] له “مه‌نزڵگه، حیکایه‌ت و شایه‌تیدان”[2]دا ده‌ڵێت، وشه‌ی (literature) له ڕیشه‌یه‌کی لاتینه‌وه جوێ ده‌بێته‌وه. ئه‌م وشه‌یه ناکرێت له ڕیشه و ڕه‌چه‌ڵه‌که ڕۆمی-مه‌سیحی-ئه‌ورووپییه‌که‌ی جوێ کرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌ده‌ب به مانا نوێکه‌ی، له ڕؤژئاوادا سه‌ریهه‌ڵدا و ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌مه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. هه‌ر له‌و کاته‌شدا ئه‌م وشه‌یه مانای نوێی هه‌نووکه‌ی نه‌بوو. به‌پیی گه‌رهه‌نگی ئینگلیزیی ئاکسفۆرد، به‌کارهێنانی وشه‌ی(literature) به مانا باوه‌که‌ی شتێکی به‌ته‌واوه‌تی نوێیه. پێناسه‌ی (literature) وه‌کوو پانتایه‌ک که له خۆگری بیره‌وه‌رییه‌کان، مێژوو، کۆمه‌ڵه نامه، په‌یماننامه زانستمه‌ندانه‌کان و هتد، له‌گه‌ڵ شیعر، شانۆنامه‌ی چاپکراو و ڕۆمان، ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ پاش فه‌رهه‌نگی سامویۆل جانسۆن (1755). مانای سنوورداری (literature) وه‌کوو پانتایه‌ک له خۆگری به‌ته‌نها شیعر و شانۆنامه و ڕۆمان له‌مه‌ش نوێتره. پێناسه‌یه‌ک که جانسۆن له وشه‌ی (literature) ده‌یخاته ڕوو، مانایه‌ک که ئیدی له دنیایه‌کی کۆندا هه‌ناسه ده‌کێشێت، ئاوه‌هایه “ئاشنایی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب”[3] یان کتێب؛ زانستی مرۆیی یان به‌ئه‌ده‌بانه؛ کولتووری ئه‌ده‌بی. نموونه‌یه‌ک که له کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی 80ی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م له فه‌رهه‌نگی ئاکسفۆرددا هاتووه ئاوه‌هایه: He was a man of very small literature، ته‌نها به‌پێی سێهه‌مین پێناسه‌ی فه‌رهه‌نگی ئاکسفۆرده که ده‌گه‌ینه ئه‌م پێناسه‌یه: به‌رهه‌م(کار)ی ئه‌ده‌بی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی؛ کۆمه‌ڵه نووسراوه‌یه‌ک که له وڵاتێکی دیاریکراو و له سه‌رده‌مێکی دیاریکراو و تایبه‌تدا، یان له جیهاندا به‌شێوه‌ی گشتی ده‌رده‌که‌ون. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، هه‌نووکه به مانایه‌کی به‌رته‌سکتر مه‌به‌ست نووسراوه‌یه‌که که به‌هۆی جوانیی فۆرم یان کاریگه‌ریی عاتیفیی خۆی وا ده‌خوازێت که بکه‌وێته به‌ر سه‌رنج و بایه‌خدانه‌وه.
به‌پێی فه‌رهه‌نگ ئاکسفۆرد، “سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م پێناسه‌یه هه‌م له ئینگلیز و هه‌م له فه‌ره‌نسه زۆر تازه‌یه”. مێژووی بره‌وسه‌ندنی ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌ن و لانیکه‌م به به‌رهه‌مه‌کانی ژۆزێف و توماس وارتۆن[4](1722-1800؛ 1728-1790). ئێدمۆند گاس[5] له ساڵی 1915-196 له وتارێکدا به‌ناوی “پێشه‌نگه‌کانی ڕۆمانتیسیزم؛ ژۆزێف و توماس وارتۆن” ئه‌م دوو که‌سه‌ی به دوو که‌سایه‌تیی ناوبردووه که پێناسه و مانای نوێی ئه‌ده‌ب لێیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌ده‌ب به‌م مانایه، هه‌نووکه خه‌ریکه ده‌گاته کۆتاییه‌کانی ڕێگای خۆی: کۆمه‌ڵێک میدیای نوێ به‌ره‌به‌ره جێگه‌ی کتێبه چاپییه‌کان ده‌گرنه‌وه.
“که‌واته ئه‌ده‌ب چییه؟”
هه‌رچه‌ند (به هه‌مان شێوه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا” له لایه‌که‌وه ڕه‌نگه ته‌مه‌نه‌ی ئه‌ده‌ب گه‌یشتبێته کۆتایی، ئه‌گه‌رچی سه‌رده‌می نووسینی وشه‌کان به ده‌ست ڕه‌نگه ئیدی کۆتایی پێ هاتبێت، یان باشتر وایه بڵێین هه‌موو وشه‌کان ئێستا پیکسێل یان ڕه‌نگه-وردیله‌کانی سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیوته‌رن، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌ده‌ب یان “کاری ئه‌ده‌بی” به هه‌مان شێوه که له‌سه‌ره‌وه وتم، جیهانگیر و نه‌مره. له هه‌ر چاخێکدا، به‌کارهێنانێکی تایبه‌ت له وشه‌کان، یان کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی دیکه به شێوه‌یه‌ک له هه‌موو کو‌لتووره مرۆییه‌کاندا هه‌بووه. ئه‌ده‌ب به مانای یه‌که‌می واته له پێگه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌کی کو‌لتووریی ڕۆژئاواییه بریتییه له شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له ئه‌ده‌ب و به مانای دووه‌میش ئه‌مه‌یه که مه‌رجداره به مێژوومه‌ندییه‌وه. که‌واته ئه‌ده‌ب به مانای دووه‌می بریتییه له توانستی گشتگیربوونی وشه‌کان یان نیشانه‌کانی دیکه بۆ بوون به شێوه‌ی ئه‌ده‌ب، یان به شێوه‌یه‌ک که بکرێت ناوی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر بنرێت. که‌واته ده‌پرسین ئه‌ده‌ب چییه؟ چییه ئه‌و “به‌کارهێنانه تایبه‌ته‌ی وشه‌کان یان نیشانه‌کانی دیکه” که ناوی ئه‌ده‌بی لی ده‌نێین؟ کاتێک ده‌ڵێین ئه‌م ده‌قه “ئه‌ده‌ب”ه یانی چی؟ ئه‌م پرسیارانه به ده‌یان جار خراونه‌ته ڕوو. به‌راده‌یه‌ک که ئیدی وا ده‌نوێنن که زایه‌ڵه‌ی پرسیاریان نییه. هه‌مووان ده‌زانن ئه‌ده‌ب چییه. هه‌موو ئه‌و ڕۆمان و شیعر و شانۆنامانه‌ی که کتێبخانه‌کان، میدیاکان، دامه‌زراوه‌کانی نه‌شری زانکۆ و بازرگانی، مامۆستاکان و خوێندکاران له قوتابخانه و زانکۆکان ده‌یخوێنن، ئه‌ده‌بن. به‌ڵام ئه‌م ڕستانه یارمه‌تییه‌کی ئه‌وتۆمان نادات. به‌پێی ئه‌م ڕسته‌یه، ئه‌ده‌ب شتێکه که له ژێر ناوی ئه‌ده‌بدا دیاری کراوه، ناوی ئه‌ده‌بیان به باڵایدا بڕیوه. ئه‌م وته‌یه له لایه‌نێکه‌وه دروسته. ئه‌ده‌ب ئه‌و شته‌یه که له کتێبفرۆشییه‌کان له ژێر ناوی “ئه‌ده‌ب”دا له جێکتێبه‌کاندا چنراون، یان له ژێر ناوی سه‌ردێڕه لاوه‌کییه‌کان:- “به‌رهه‌مه کلاسیکییه‌کان، شیعر، حیکایه‌ت، چیرۆکه مه‌ته‌ڵئامێزه‌کان و..هتد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م بابه‌ته‌ش له ئارادایه که کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی دیاریکراو هه‌نه که بوار ده‌دات به هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که له چوارچێوه‌ی كو‌لتووری ڕۆژئاواییدا ده‌ژین به دڵنیاییه‌وه بڵێن، “ئه‌مه ڕۆمانه”، یان “ئه‌مه شیعره”، یان “ئه‌مه شانۆنامه‌یه”. لاپه‌ڕه‌کانی تایبه‌ت به ناو و سه‌ردێڕی کتێب، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شێوازی چاپ یان فۆرماتی چاپ (بۆ نموونه له ئینگلیزی‌دا شیعر دێر به دێڕ له ژێری یه‌کدیدا چاپ ده‌کرێن و هه‌ر دێڕێکیش به پیتی گه‌وره ده‌ست پێ ده‌کات) له جوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی چاپ به ڕاده‌ی تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونییه‌کانی زمان که به خوێنه‌ری شاره‌زا ده‌ڵێن ئه‌و شته‌ی له‌به‌رده‌ستێتی ئه‌ده‌به، گرنگی و بایه‌خی هه‌یه. ئاماده‌یی-پێکه‌وه‌یی(Co-Presence) هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه بوار ده‌دات به تێکه‌ڵاویی و لێکدانێکی تایبه‌ت له وشه چاپکراوه‌کان تاکوو وه‌کوو ئه‌ده‌ب بناسرێنه‌وه. ئاوه‌ها نووسینگه‌لێک ده‌کرێت وه‌کوو ئه‌ده‌ب به‌کار ببرێن، ئه‌وه‌ش له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که شاره‌زا و پسپۆڕی ئه‌م کاره بن. “به‌کارهێنانی ده‌قێک وه‌کوو ئه‌ده‌ب” واتا چی؟
ئه‌وانه‌ی وا پرۆستیان خوێندۆته‌وه، ئه‌و باسه‌ی که له سه‌ره‌تای “گه‌ڕان به‌دوای کاته ونبووه‌کاندا “هاتووه ده‌هێننه‌وه یاد. نووسه‌ر باسی فانۆسێکی جادوویی که هی پاڵه‌وانه‌که‌ی واته مارسێل له سه‌رده‌می منداڵی‌دا بووه، ده‌کات. ئه‌م فانۆسه جادووییه له‌سه‌ر دیواره‌کانی ژووره‌که‌ی مارسێل و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر کیلۆنی ده‌رگای ژووره‌که‌ی کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی له گولو(Golo)ی ئه‌ریمه‌نی و “ژێنێڤیو دێ برابانێ” Genevieve de Brabant ی به‌دبه‌خت و دێز دروست ده‌کرد، ڕابردووی سیلسیله‌ی مێرۆڤینجییه‌نی[6] هێناوه‌ته ژووری خه‌وه‌که‌ی مارسێل. ئه‌زموونی خودی من که ڕێک هاوشێوه‌ی به‌سه‌رهاتی فانۆسی جادوویی مارسێله، باکسێک بوو که وێنه‌کانی به شێوه‌ی ئێستریۆپتیکون(سینه‌مان بێ جووله/ stereopticon) پیشان ده‌دا که به ئه‌گه‌ری زۆر دروستکراوی مه‌تیڤ برادی (Matthew Brady) بوو. ئه‌م وێنانه‌ی من په‌یوه‌ندیدار بوون به ڕووداوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مریکاوه. کاتێک که منداڵ بووم هه‌ر کاتێک ده‌چوومه مه‌زرای باپیرانی دایکم له ویلایه‌تی ڤیرجینیا، ده‌یانهێشت ئه‌م وێنانه ببین. باوکی باواگه‌وره‌م له سوپای باشوورییه‌کان بوو پێشتر. له‌و کاته‌دا ئه‌مه‌م نه‌ده‌زانی، ئه‌گه‌رچی به منیان وتبوو یه‌کێک له خاڵۆکانی دایکم له دووه‌ه‌مین شه‌ڕی بوول ڕان (Bull Run)دا کوژراوه. له‌و وێنه سامناک و دڕانه به هه‌مان ڕاده که ئه‌سپه مردووه‌کانم له‌بیره، به هه‌مان ڕاده‌ش ته‌رمی سه‌ربازه‌کان به‌بیرمدا دێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی وه‌کوو فانۆسی جادوویی زۆر بۆم گرنگ بوو ئه‌و کتێبانه بوو که دایکم بۆی ده‌خوێندمه‌وه و دواتر فێر بووم خۆم بیخوێنمه‌وه.
منداڵ که بووم حه‌زم نه‌ده‌کرد زانم بنه‌ماڵه‌ی ڕابینسۆنی سویسی(The Swiss Family Robinson) نووسه‌ریشی هه‌یه. ئه‌م کتێبه به‌ڕای من وه‌کوو کۆمه‌ڵێک وشه ده‌هاته پێش چاوان که له ئاسمانه‌وه داهاتوون و که‌وتوونه‌ته کۆشی منه‌وه. ئه‌و وشانه بواریان ده‌دا به من تاکوو شێوه‌یه‌کی جادوویی له دنیا بۆ خۆم وێنا بکه‌م، پێش له داهاتنی مرۆڤه‌کان و ده‌رکه‌وتنی به‌سه‌رهاته‌کانیان. وشه‌کان منیان ده‌برد بۆ ئه‌و دنیایه. کتێبی بنه‌ماڵه‌ی ڕابینسۆنی سیوسی شتێکی ده‌به‌خشی و چالاکی ده‌کرد که سیمۆن دورینگ (Simon During) له سه‌ردێڕی دووهه‌می ئه‌فسوونه نوێکان(Modern Enchantments)، به “هێزی کو‌لتووریی جادووی ناڕۆحانی” ناوی ده‌برد. هه‌ڵبه‌ت من دڵنیا نیم هه‌ر به‌م ئاسانییه بکرێت جادووی پیرۆز له جادووی ناڕۆحانی جوێ بکرێته‌وه. وا ده‌هاته پێش چاو جیهانێکی دیکه که له ڕیگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ڕابینسۆنی سیوسییه‌وه ده‌ستم پێی ده‌گه‌یشت بۆ بوونی خۆی پێویستی به وشه‌کانی ئه‌و کتێبه نه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌و وشانه هه‌بوو، ئه‌مه له حاڵێکدا بوو که ئه‌م وشانه تاقانه ده‌رگای من به‌ره‌و ڕووی ئه‌و واقیعه مه‌جازییه بوو. هه‌نووکه ده‌توانم بڵێم، بێگومان ئه‌م ده‌رگایه به یارمه‌تیی کۆمه‌ڵێک فیگه‌ر و ته‌کنیکی ڕه‌وانبێژانه و به‌لاغیی جۆراوجۆر ئه‌و واقیعه‌ی دروست کردبوو. ئه‌م ده‌رگایه هێنده‌ش ڕوون و بێ ڕه‌نگ نه‌بوو. به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه من ئاگام له‌مه نه‌بوو. من له کڵاوڕۆژنه‌ی وشه‌کانه‌وه شتێکم ده‌دیت که له سه‌رووی وشه‌کان بوو و سه‌ربه‌خۆ بوو له وشه‌کان، له حاڵێکدا من به خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و وشانه بوو که سه‌فه‌رم بۆ سه‌رووی وشه‌کان ده‌کرد. بێزار ده‌بووم له‌وه‌ی که که‌سێک بڵێت ناوێک که له لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌دا هاتوو ناوی ئه‌و “نووسه‌ره” یه که هه‌موو ئه‌م شتانه خۆی دایهێناون.
ئه‌مه‌ی که ژماره‌یه‌کی زۆر له مرۆڤه‌کان ئه‌م ئه‌زموونه‌ی منیان تێپه‌ڕاندووه یان نا؛ ئاگادار نیم؛ به‌ڵام دانی پێدا ده‌نێم که بۆ زانینی په‌رۆش و به‌خرۆشم. ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م دێڕانه‌ی که ده‌ینووسم هه‌موو بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه بوو زێده‌ڕۆییم نه‌کردووه. ئایا ئه‌و ئه‌زموونه ته‌نها به‌هۆی دڵسافییه‌کی منداڵانه بوو یان نا، واقیعی بابه‌ته‌که ئه‌مه‌یه که من، ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی منداڵانه، به‌ڵام به نیسبه‌ت شتێکه‌وه خرۆشاوانه ده‌جووڵامه‌وه که بن و بناوانی ئه‌ده‌به؟ ئێستا گه‌وره‌تر و ئاقڵتر بووم. ده‌زانم بنه‌ماڵه‌ی ڕابینسۆنی سیوسی له لایه‌ن نووسه‌رێکه‌وه به ناوی یوهان ده‌یڤید وایس (Johan David wyss)(1743-1818) به زمانی ئاڵمانی نووسراوه و من وه‌رگێڕانه ئینگلیزییه‌که‌یم خوێندۆته‌وه. به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه باوه‌ڕم وایه ئه‌زموونی منداڵیی من جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌یه. له‌م ئه‌زموونه ده‌کرێت وه‌کوو سه‌ره‌داوێک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره که “ئه‌ده‌ب چییه؟” که‌ڵک وه‌ربگیرێت.
سه‌رچاوه: پیرامون ادبیات/جی.هیلیس میلر؛ ترجمه‌ی علی اصغر بهرامی. تهران: نشر نی، 1384.
[1] -Jacques Derrida
[2] -Demeure: Fiction and Testimony
[3] -وشه‌ی ئه‌ده‌ب هاوتای letters هاتووه که له بنه‌مدا واته پیت یان پیته چاپکراوه‌کان(و).
[4] -Joseph and Thomas Wharton
[5] -Edmund Gosse
[6] -سیلسیله‌ی مێرۆڤینجییه‌ن Merovingian ناوی بنه‌ماڵه‌یه‌کی پاشایه‌تی بووکه له 500 تا 751ی زاینی به‌سه‌ر گال و ئاڵمان‌دا حوکمڕانی ده‌کرد.
نووسین؛ جۆزێف هیلیس میلێر
وه‌رگێڕان؛ سپێده ساڵحی