“ئەم دیدارەی نووسەری ئێراقی “سینان ئەنتوان” دەربارەی ڕۆمانی “مەریەم” ە کە خەڵاتی پۆکەری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠١٣ بردووەتەوە”
+ زمانی ڕۆژانەی ئێراقی و چەند دەستەواژەیەکی کلدانیت تیا بەکارهێناوە؟
سینان ئەنتوان:- بەکارهێنانی زمانی ڕۆژانەم زۆر بەلاوە گرنگە، بێگومان هەموو نوسەرێکیش دەیەوێت بگاتە زۆرترین خوێنەر. ئەم بابەتە زۆر لە خۆ دەگرێت: هەندێک پێیان باشە زمانێکی پاراو بەکاربهێنن، بەڵام بەلای منەوە ئەدەب ئەوەیە ژیان دەرخەی وەکو ئەوەی هەیە. بەکارنەهێنانی زمانی ڕۆژانەش لە گفتوگۆی ڕۆماندا، هەموو تایبەتمەندییەکانی کەسێک چ ناوچەیی یان چینایەتی بێت هەڵدەوەشێنتەوە؛ ئیدی گوندی بێت یان شاری. لە کولتووری عەرەبدا ئەمە هەستیارە، بەڵام لە دنیا ئەمە جیاوازە. بۆ نموونە: لە ئەدەبی ئەمریکادا یەکێک ڕۆمانێک لەسەر ناوچەیەکی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنووسێت، هەر بە زاراوەی ئەو ناوچەیەش دەنووسێت.
کاتێک هەقایەتێک ختوورە دەکاتە سەرم و ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەسایەتییەکاندا دەژیم، تەنیا گوێ لە کەسایەتییەکان و ئەوەی دەیڵێن دەگرم. کەسایەتییەکانی ڕۆمانی مەریەمیش سەر بەم وەچەن و لە هەندێک قەوموقیلە دەزانم ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنن. ڕاستە هەندێک کەس کەشتەنگ دەبن، بەڵام لە خوێنەرانەوە نامەم پێدەگات و دەڵێن چێژیان لەو جۆرە زمانە بینیووە. هەندێکجار هەندێ وشە هەن بۆ تێگەیشتن دژوران، بەڵام لە ڕێگەی کەشی ڕۆمانەکە دەتوانی لێی تێبگەی.
+ لە کارەکانتدا گێڕانەوەی ڕابردوو و ئێستا شێوەیەک لە نۆستالیژیای لە خۆ گرتووە. لە بەرانبەر ئەم هەستەشدا توڕەیی هەیە “مامە، تۆ لە ڕابروودا دەژی.” بەم توڕەییەوە ڕۆمانەکەت دەست پێدەکات. ئەم جیاوازییە لە ڕابردوو و ئێستا، هەستی نۆستاڵیژیا قوڵی کردووەتەوە یان توڕەیی لە دۆخی ئێستا؟
سینان ئەنتوان:- هەستی دژ بەیەک نەک لە ئێراق لە شوێنی دیکەش هەیە. بە چەندین هۆکاری جیاواز و پاڵنەر، هەمیشە ڕابردوو وەکوو پەناگەیەک ئامادەیە. کاتێک لەگەڵ ئەکادیمییەک لەم بارەیەوە قسەمان کرد، وتی: دەکرێت نۆستالۆژیا ڕەخنە بێت بۆ ئێستا. ڕەخنەگرێک (کە ئێستا ناویم بیر نییە) نۆستالۆژیا دەکات بە دوو بەشەوە، نۆستالیژیای قووڵ:- بە واتایەک مرۆ دڵی لەلای ڕابردووە، نەک لەبەرئەوەی دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو دەمە، نەک لەبەرئەوەشی ئەو دەمە وەکو یۆتوپیا وابووە، بەڵکە بۆ ئەوەیە لە پەیوەندی ڕابردوو و ئێستا قوڵ ببێتەوە. جۆرێک نۆستالۆژیای دیکەش هەیە کە وێنای ڕابردوو دەکات، بەڵام بوونی نییە و لە بنەڕەتیشەوە هەر نەبووە. هەمیشە دەپرسم: من یوسفم یان مەها؟ لە ڕاستیدا وەڵامێکی ڕوونیش بە دەستەوە نادات. هەرچەنێ لەگەڵ ڕای مەهادا بین، یوسف پیاوێکی بەساڵاچووە و ڕۆژانە وەکو ژنێک ناژی.
+ دەکرێت “النخلة” لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بێت بۆ مێژوو. وەک چۆن یوسف کاتێک ئاشنای گۆرانییەکانی النخلە بوو و کەوتە داوای خۆشەویستییەوە، داخۆ ئێمەش کاتێک ئاشنای مێژوو دەبین دەکەوینە خۆشەویستی نیشتیمانەوە؟
سینان ئەنتوان:- لە نیشتیمانی ئێمەدا ژیان زۆر دژوارە. فەرمانڕەواکان وێنەی نیشتیمان لەبەرچاوی خەڵکی نابووت دەکەن. مەهایش لەو جۆرە مرۆڤانەیە بە جۆرێک ئازار و نەهامەتی تا بیناقاقای هاتووە کە دەپرسێت: نیشتیمان چییە؟ کاتێک ژیان لە نیشتیمانێکدا دەبێتە جۆرێک لە مەحاڵی، نیشتیمانیش دەبێتە هێزێکی ڕاوکەر، بابەتەکە نابێتە باسی خۆشەویستی دەبێتە بابەتی ماف و دادپەروەری. بێگومان مرۆ شوێنی لەدایکبوونی خۆی خۆشدەوێت، بەڵام جەنگ و نەهامەتی و ناکۆکییەکان وا لە مرۆڤ دەکا بیر لە کۆچکردن بکاتەوە.
+ “زۆر بە بەختم لە تەمەنێکی کەمدا ئێراقم جێنەهێشت. بیست و سێ ساڵی؛ ئەم ساڵانە بۆ لایەنی فکری و ڕۆحی زۆر گرنگن. هەمبارێکی بێ شومارن بۆ مرۆ.” هەر لە مێژە ناکۆکییە سیاسییەکان هەن:- هەر لە کاتی شا-ەوە وەکو: شۆڕشی گەیلانی و کودەتاکەی تەمموز تا دەگاتە ناکۆکییە کۆمارییەکانی نێوان عەبدولکەریم قاسم و عەبدولڕەحمان عارف و کودەتای بەعس، دواتر داگیرکاری ئەمریکا و چەندین کێشەی گەورەی سیاسی کە ئێراقی گەمارۆ دابوو. ئایا ئەم بارودۆخانە هۆکار بوون بۆ هەڵگیرسانی تایفەگەری یان بە هۆکاری دیکە تایفەگەری هەڵگیرسا؟
سینان ئەنتوان:- بابەتی تایفەگەری بابەتێکی ئاڵۆزە، تایفەگەری سیاسی لە گۆڕە، بە واتایەک تایفەگەری دەبێتە بەشێک لە سیستەمی حکومڕانی ئێراق. مەها و یوسفیش هەمان دەردیان هەیە، زیاد لە گرووپ و بۆچوونێک هەیە. هەندێک پێیان وایە تایفەگەری بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێشتر دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی سەقیفەی بەنی سەیدە پەیدا بووە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە هەڵەیە. هەندێکیش دەڵێن دوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ سەریهەڵداوە.
بابەتەکە ئاڵۆزە و پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناوچەکە و جیهانەوە هەیە، دیسانیشەوە دەگەڕێینەوە بۆ بابەتی نۆستالیژیی ڕەخنەیی و ناڕەخنەیی. دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە گرژی لە چینە جیاوازەکاندا هەیە. بوونی گرژیش مانای ئەوە نییە پێویستە تایفەگەریش هەبێت. گرژی هەیە مێژووییە. گرژیش هەیە درێژە. پرسیارەکە ئەوەیە:- بۆچی گەشتوینەتە قوناغێک لەسەر نوسراوی سەر ناسنامەکەیەک مرۆڤ دەکوژرێت؟ ئەمە لە ئێراق و لوبنان و چەندین شوێنی دیکەش ڕوویداوە.
کاتێک باسی ناکۆکی تایفەگەری لە ئێراق دەکەین، ناکۆکی سونە و شیعە بە زەینی وڵاتە جیاوازەکاندا دێت، پێت وایە لە ئێراق تیشک نەخستە سەر کێشەکانی مەسیح بە پێی پێویست. هۆکارێک بوو بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە؟
سینان ئەنتوان:- کارەکتەری سەرەکی نۆبەری ڕۆمانم، مەسیحی بوو، بەڵام گەر هەموو ناوەکانیش بگۆڕین، دینامیکەکانی ژیانکردنی مرۆ لەژێر چەپۆکی ڕژێمێکی دیکتاتۆرییەتدا ناگۆڕێت. کاتێک هەندێ ڕەخنەگر باسیان لێوەکردبوو وتبوویان “نوسەری مەسیحی؛ سینان ئەنتوان” زۆر پێی دڵگران بووم. لەوەیە ئەمە سەرەتای دەستەواژەی تایفەگەری بێت تەنانەت لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا. لەڕاستیدا هیچ ئەوەم بەدڵ نەبوو، چون سەرەتا من وەکو نووسەرێکی مەسیحی نانووسم. بۆچی مرۆ بخەینە پێستی دینەکەیەوە؟ نەمویست خۆم لە نووسەرێکی مەسیحیدا بچووک بکەمەوە. ڕۆمانی دووەمم بە ناوی “وحدها شجرە الرمان” هیچ پەیوەندییەکی بە مەسیحێتەوە نییە، چون سەرەتا ئێراقیم و نامەوێت خۆم لەم خانە گچکۆکەدا تەسک بکەمەوە.
لە ڕۆمانی “مەریەم” دا هەقایەتم دەربارەی پەیوەندی مرۆڤ لە ماڵەوە نووسیوە. لەگەڵ دەستپێکی نووسینی ڕۆمانەکە، تووندوتیژییەکان بەرانبەر خەڵک و مەسیح لە ئێراقدا زیادی کرد. کە هێرشکردایە سەر یەکێک لە کڵێسەکان، کاردانەوەی خەڵک و مەسیح و نا مەسیحیم دەخوێندەوە، گوێم لە ئەندامانی خێزانەکەم دەگرت پێش ئەوەی کۆچ بکەن. کاتێک کاردانەوەی ئێراقییەکانم دەبینی و دەبیست، وتم دەبێت لەبارەیەوە بنووسم و فکری وەچەی نوێی وەکو مەها بئاخزێنمە نێو ڕۆمانەکەمەوە. لەبەرئەوەی یەکەمجار بوو هێرش بکرێتە سەر نوێژ خوێنانی کڵێسا، ڕووداوەکە هەژاندمی. کە منداڵبووم، بۆ بۆنە ئایینییەکان سەردانی ئەو کڵێسایەم کردبوو. زانیم یادەوەری وەکو یادەوەرییەکانی یوسف مەحف دەبێت، هەر بۆیە پێم باشبوو لەبارەیەوە بنووسم.
+ وێنە، ئیلهام بەخشی سینان ئەنتوانە؟ لە ڕۆمانی “مەریەم” بەشێکی تەواوت بەم ناونیشانەوە کردووە و باسی وێنەی خێزانی دەکەی. لە ڕۆمانی “الفهرس” وەسفێکی درشتی وێنەکان دەکەی. پێشتر ئەم شێوازەم نەبینیووە.
سینان ئەنتوان:- مایەی دڵخۆشیمە. هەر لە کۆنەوە حەزم لە وێنە بووە. مخابن دیمەنەکان کە دووبارە دەبنەوە زۆرن: ماڵەکان خاپوور دەبن و دەیان هەزار کەس ئاوارە دەبێ. هەموو ئەوەشی لەگەڵ خۆیان دەیبەن تەنیا جانتایەکە، بۆیە لێرە وێنە دەبێتە ئایکۆنێک. دوای ڕۆمانی “الفهرس” یەکێک لە خوێنەرە ئێراقییەکان پێی وتم: لە موسڵ بووین و لە دەستی داعش هەڵهاتین، ئێستا تەنانەت لە مۆبایلەکەشمدا وێنەیەکم هەڵنەگرتووە. وێنا بکە، کاتێک ڕابردوو و پەرش و بڵاو دەبێتەوە وێنە چ بایەخێکی هەیە.
+ خۆت ڕۆمانی “وحدها شجرە الرمان” ت وەرگێڕا. چۆن بوو؟ پێت وایە بەهۆی زمانەکەوە توانیبێتت بەتەواوی دەقەکە بگوازیتەوە؟ یان سەر لەنوێ داتڕشتەوە؟
سینان ئەنتوان:- وەرگێڕانیش هونەرە. وەکو هەموو نوسەرێکی دیکە، لەگەڵ کەسایەتییەکان و کەشی ڕۆمانەک سەرلەنوێ ژیامەوە. لەڕاستیدا ترسام کەسێکی دیکە وەریبگێڕێت و نەتوانێت پەیامەکان بگوازێتەوە. نامەوێت تاریفی خۆم بکەم، بەڵام ڕۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی سەرکەوتوو بوو. توانیم ئاوازی شیعری و جوانی ڕۆمانەکە بگوازمەوە.
+ شیعر بە لای سینان ئەنتوانەوە چییە؟
سینان ئەنتوان:- یەکەم سەرچاوە شیعرە. کۆنترین هونەرە. پەناگەیەکی ڕۆحی و ئیستاتیکای ڕۆژانەیە. خۆشی دنیا ئەوەیە شیعر بخوێنیتەوە و وەریبگێڕیت. لە ڕووی جوانی و ڕۆحییە بە خۆراکی ڕۆژانەی دەبینم.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://raseef22.net/article/1081227-%25D9%258A%25D8%25A7-%25D9%2585%25D8%25B1%25D9%258A%25D9%2585-%25D8%25AD%25D9%2588%25D8%25A7%25D8%25B1-%25D9%2585%25D9%2581%25D8%25AA%25D9%2588%25D8%25AD-%25D9%2585%25D8%25B9-%25D8%25B3%25D9%2586%25D8%25A7%25D9%2586-%25D8%25A3%25D9%2586%25D8%25B7%25D9%2588%25D9%2586&ved=2ahUKEwjgkZmc5J-KAxUQQvEDHRqnGYsQFnoECBMQAQ&usg=AOvVaw26t0kUpjR1LoIgbWk5wGIm
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد