دوای ئەو پۆستەی پێشوو هەندێ هاوڕێ نامەیان بۆ ناردم کە تێزی ئەکادیمیک دروستە یان تێزی ئەکادیمی؟ ئەم پرسیارەشم پێشتر لێکرابوو دەربارەی ناونیشانی دواهەمین کتێبم کە تێیدا دەستەواژەی “نووسینی ئەکادێمیکی کوردی” بەکارهێنراوە. بۆیەش بە پێویستم زانی هۆی دانانی “ئەکادیمیک” لەبری “ئەکادیمی” شی بکەمەوە:
لە ئینگلیزی و فەرەنسیدا پاشگری ئیک (ic و ique) بۆ دروستکردنی ئاوەڵناو بەکارئەهێنرێت. لە زمانی لاتینیشدا، بۆ هەمان مەبەست کەڵک لە ئیک، ئیکا و ئیکۆس وەردەگیردرێ. کاریگەریی زۆری لاتین بەسەر زمانە زیندووە ڕۆژئاواییەکانەوە بەتەواوی دەبیندرێ.
هەندێ نووسەر و وەرگێڕی فارس هەمان پاشگر بۆ هەمان مەبەست بەکارئەهێنن، وەک چۆن لەبری زیباییشناسانە و زیباییشناختی دەنووسن زیباییشناسیک؛ یان، لەجیاتی هستیشناسانه و هستیشناختی دەنووسن هستیشناسیک.
مامۆستا مەسعوود محەمەد، چەندین ساڵ بەر لەو نووسەرە فارسانە، پێی وا بووە هەمان پاشگر لە کوردیشدا هەیە. لە زاراوەسازیی پێوانەدا ئاماژەی بۆ هەندێ پاشگری ئاوەڵناوساز کردووە وەک ئەک، ئۆک، ئوک، ئیک. بۆ هەمووشیان نموونەی هێناوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەو وشە لاتینییەی پاشگری “ئیک”ی لەگەڵدایە بۆخۆی ئاوەڵناوە و پێویست ناکات سەرلەنوێ بیکەینەوە بە ئاوەڵناو و پاشگری “ی” بخەینە سەر. بۆ نموونە، کلاسیک و رۆمانتیک بۆخۆیان ئاوەڵناون و بۆیەش کلاسیکی و رۆمانتیکی هەڵەن.
ئەکادیمی و ئەکادیمیک هەر دووکیان دروستن، بەڵام یەکیان ناوە و ئەویتر ئاوەڵناو. کەواتە، لەبەر ئەم سێ هۆکارەی خوارەوە لە کوردیدا بۆ ئاوەڵناو ئەکادیمیک دروستە نەک ئەکادیمی. یەکەم، پاشگری ئیک وەک چۆن لە ئینگلیزی و فەرەنسی و فارسیدا هەیە لە کوردیشدا هەیە. دووەم، ئەو وشانەی بە ئیک کۆتاییان دێت بۆخۆیان پێشوەخت ئاوەڵناون و پێویست ناکات بیانگۆڕین. سێیەم ئەکادیمی وەک ناو دروستە نەک وەک ئاوەڵناو؛ کەچی لە عەرەبیی و کوردیدا ناوەکەی وەک ئەکادیمیا بەکارئەهێنرێت. هەندێ نموونەی تر بریتین لە:
ستراتێجیک و ستراتێژیک لەبری ستراتێجی و ستراتێژی
ئایدیۆلۆجیک و ئیدێئۆلۆژیک لەبری ئایدیۆلۆجی
تێئۆریک و تیۆریک لەبری تیۆری
ڕۆمانتیک لەبری ڕۆمانسی
دێمۆکراتیک لەبری دیمۆکراتی
تێکنۆلۆجیک و تێکنۆلۆژیک لەبری تێکنۆلۆجی
فیزیۆلۆجیک و فیزیۆلۆژیک لەبری فیزیۆلۆجی
هۆکاری جێکەوتنی هەڵەی ئەو دەستەواژانەی سەرەوە لە باشووردا کاریگەریی زمانی عەرەبییە. لە عەرەبیدا تیۆری کراوە بە تیۆر، وەک چۆن ستراتێجی کراوە بە ستراتیج. لە هیچ کوێی جیهان شتێک لە ئارادا نییە بە ناوی ڕێککەوتنی ستراتیجی؛ ئەوەی هەیە ڕێککەوتنی ستراتیجیکە. هەروەتر، لە کوردیدا، دیسانەوە بە هۆی عەرەبییەوە، ئایدیۆلۆجی کراوە بە ئایدیۆلۆجیا و تێکنۆلۆژی و تێکنۆلۆجی کراوە بە تەکنۆلۆجیا.
ئەم جۆرە بەکارهێنانە گەلێک کێشەی تێگەیینی بۆ خوێنەری کورد سازکردووە، بە تایبەت بە سەرنجدان بەوەی تا نیوسەدە لەمەوبەر لە باشووردا ئینگلیزی و لە ڕۆژهەڵاتدا فەرەنسی زیاتر کاریگەرییان بەجێهێشتبوو. ئێستا و بۆ زاراوەکانی بواری زانست و تەکنۆلۆجی ئینگلیزی لە زمانەکانی دیکە زاڵترە لە سەرتاسەری دونیادا.
وەک نموونە، دەستەواژەی “نووسینی تیۆری” لە ڕۆژهەڵات و باشووردا دوو واتای جیاوازیان هەیە. لە ڕۆژهەڵاتدا بە مانای نووسینە بۆ تیۆریسازی و ئەمەش جۆرێکە لە کردە و کردار، بەڵام لە باشووردا ئەو نووسینەیە کە لایەنی تیۆریکی پێوە دیارە، واتە ئەو نووسراوەیەی هەڵگری ڕەهەندێکی تیۆریکە. گەر بیانکەینە فارسی، ئەوەی ڕۆژهەڵات دەبێتە “نوشتن نظریه” و ئەوەی باشوور دەبێتە “نوشتار نظری” که دیاره بە تەواوی جیاوازن. هەر بە هەمان شێوە، گەر بۆ ئینگلیزی و فەرەنسیش وەریانبگێڕین، دوو ئەنجامی جیاوازمان وەدەست دەکەوێت.