“پێشتر وابیرمدەکردەوە ژیان تراژیدییە، بەڵام ئێستا دەزانم کۆمیدیایە”
جۆکەر
لە خۆرئاوا مشتومڕێکی زۆر و بۆر دەربارەی چارەنووسی کارەکتەرە خەیاڵییەکان لەناو فیلمدا هەیە، دەیانگووت؛ بۆچی ئێمەش وا بیهێنینە پێشچاومان کە ئەمانیش بوونەوەری ڕاستەقینەن و لازمە وەک ئێمە بێت چارەنووسیان، ئەو باسەش لای هزرڤانان تێرکرا بە فۆڕمی هونەری و، پرسیار کرا بۆچی دەبێت بەلامانەوە گرنگ بێت کە کارەکتەرە خەیاڵییەکان چیان بەسەردادێت؟ پرسیاریش کرا؛ بەو شێوەیەیی خەیاڵن بۆ دەبێت بە بەرتاقای مرۆڤە ڕاستەقینەکان چارەنووسیانمان بۆ گرنگ بێت؟ فەیلەسووفانی فیلمیش بە ڕادەیەک سەرنجیان خستە سەر باسەکە و ئەوەیان وروژاند کە نەک ئێمە بۆیان بە داخین، بگرە هاوشوناس دەبین لەگەڵ بونەروەرە خەیاڵیان و زۆر جاریش چارەنووسی خۆمان بەوان بەراورد دەکەین، بە بیانووی ئەوەی پێشنیار کراوە ئۆبژەی کارەکتەرە خەیاڵییەکان، ئۆبژەیەکی گەورەتر بێت، تا لەمپەڕەکە قورستر بێت بۆ تێپەڕاندن و تێکشکاندن، ئینجا ژێێستیکی پاڵەوانانەی لێ بەرهەم بێت، کە تیایدا توخمەکە بەردەوام لەخۆیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە دروستبکات.
کارەکتەرە خەیاڵییەکان سەرکەوتووانە دەبنە نموونەی سەرەکی بارودۆخی “ڕاستەقینە”ی مرۆڤ، چونکە لە جیهانێکی ناتەواودا دەژین کە ئێمە دەستڕاگەیشتنێکی مەعریفیمان پێی هەیە، بەڵام ناتوانین بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر دروست بکەین، هیچ کردەوەیەکیان ناتوانرێت هەڵبوەشێتەوە، بە پێچەوانەی هەموو شتە مەدلوولەکانی دیکە، کە لە ڕووی کولتوورییەوە کەوتوونەتە ژێر پێداچوونەوە، ڕەنگە تەنیا هاوشێوەی بوونە لۆژییکەکان، کارەکتەرە خەیاڵییەکان هەرگیز ناگۆڕێن، وەک ئەکتەرانی شکڵگرتوو و پیشەگەر دەمێننەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەناسرێن. دەگونجێت یەکێک لە هەرە وەڵامە باوەکان لە تیۆری فیلم سازیدا، وەڵامێک بێت بۆ ڕاستی ژیانی کارەکتەرە خەیاڵییەکان؛ کە لەوێدا ئێمە ئایدیاڵمان کردووە بەو جۆرەی ئەم کارەکتەرانە دەبنە هیزێک بەرامبەر ڕووبەر بوونەوەی سیستەمی ناعەدالەتی ژیان، دەبێت بۆ بینەران کاریگەری دابنێ، چونکە بەو سانا و سادەییە نیە، لە واقیعدا ئێمە هێزکی وامان هەبێت، یانژی دەشێت بەو ڕەنگە، ئەو ئیمکان و ئازایەتییە پۆتێنشیاڵە لە ئێمەدا نەبيت، بە وەها هۆکاری ئەوەی واقیعەکە هەر خۆی نا، بەڵکو فەزا و دەوربەرەکەشی هەر خەیاڵییە و چێکراوە، دەکرێت ئەمەش پاڵنەرێک بێت بۆ نیگا بەرگرییەکە بەرامبەر بەو دژە-بوونە، ئیدی بوونەرە خەیاڵییەکەش پەیوەندیدار بەم ئادیاڵەوە دەجەنگێت، کە لە ڕاستیدا خودی کێشەی لێدەربچێت، هەموو شتێک دروستکراوە. هەمیشە بیرکرنەوە لە کێشەی مرۆی یان، گرفتی سوبژێکتیڤیتە جۆرێک لە تەپ قو تۆزی نارەتیڤی شوناسی دەنێتەوە، کە هاوشاناسمان دەکات، بە دەرگیربوون بە چارەنووسەوە، لێ کاتێک کێشە هەر یەک کێشەیە، کەوابوو بونیادی جەوهەرەکەی وەک یەکە، دەخوازێت چارەسەرەکەشی هەمان چارەسەر بێت.
دیدگا و ڕوانگە فێمێنیزمەکان لەبارەی کارەکتەر و کەسایەتییە خەیاڵییەکان وەک ئەوانی دیکە نین، ئەوان وا بیریان دەکردەوە کە کارەکتەرە خەیاڵییەکان لە هەناوی خۆیاندا یان بە دیرۆکی ژیانی خۆیان کێشە ون دەکەن، باشترە بڵێن ئەوان نیگەرانی سادە بوونی کێشە بوون، ئەم تێڕوانینەش تا ڕادەیەک ڕێز لێگیراوە، بە هۆی ئەوە کارەکتەرەکان بە ژیانی خۆیان هیچ شتێک لەبەرەی کێشەوە نازانن ئەوان کێشەی خودی دانەرەکە دەکەنەوە بە کێشەی خۆیان، بەمەش دیماگۆجیەتێک بەرامبەر کێشە دێتە ئاراوە و، چیدیکە کێشە بۆ “چارەسەرکردن و ڕووبەڕووبوونە” نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئاساییە هەبێت، قەیدیچدەکات؟ ئەسڵان بۆ نەبێت،؟ تاڕادەیەک کەمکردنەوەی ئاستی بەهای کێشە بوو، بۆ ئەوجی ئاسایبوونەوە. لای تیوریستە فیمینیزمەکان پڕۆسەی نۆرماڵیزاسیۆن هیچ نییە جگە لە بێ بەهاکردنی “کێشە” کە خۆبەخۆ درێژدەبێتەوە بۆ کوشتنی ڕۆحی دەنگی بەرگری، یانژی لەقەڵەمڕەوخستی وزەی شۆڕشگێڕانە. ڕەخنەی فێمێنیزمەکان تەنها لەمەدا کۆتای نەهات، بەڵکو ئەوان دەقە ڕەخنەییەکەیان بە نیشانەناسی (semiotics) درێژکردەوە، کە لەڕووی نیشانە ناسییەوە کارەکتەرە خەیاڵییەکان زۆر دەردەکەون و دوبارە دەبنەوە، بەمەش ژێستی ئایدۆلۆژیا، کە هەرە ڕادیکاڵترین جەوهەرە لە بونیادی هەر تاکێکدا، بە ئاسانی دەمرێت.
لەڕاستیدا؛ ناکرێت ئەم ڕوانگەیەش لە بیربکەین کە بوونیادی کارەکتەرە خەیاڵییەکان بەهایەکی ڕەسەنانەی وەرگرتووە، کەم نەبوون ئەو فیگەرانەی وا چونە ناو مێژوو و زەمەنی خۆیانەوە، یانژی زۆر جار وەک کۆچەرییەک زەمەنەکانیان دەبڕی و، دەهاتن و، دەچوون، بۆ لێرەدا وەک بوونێکی ڕەسەن لێێان نەڕوانین؟ ئایا هاملێت یان شێرلۆک هۆڵمز جۆرێک لە بوونیان بەدەستهێنا کە گەورەتر لە ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی سەدەکەی خۆیان و سەدەکانی تر بێت؟ ئایا ئەوان بە شێوەیەک زۆر بەرچاو زیاد لە نمرەی باڵای کەسایەتییەکانی دیکە کاریگەریان لەسەرمان دانەنا؟ كێ هێندەی ئەوان زیندووە؟ لەبەرئەوە گرنگترە لەم بارەیەوە پلەی نایابیان پێببەخشین، کە ئەوان پاڵەوانی کولتووری خۆیان و زۆرێک لە کولتوورەکانی دیکە بوون، بەڕاستی ئەوان دەچنە ناوچەیەک لە گەردوون تیایدا زۆر بەزەحمەتە جڵەوییان بکەین. هەندێکیان تەنانەت لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر کۆچ دەکەن، چونکە خەیاڵی بەکۆمەڵ، یانژی ڕاسترە بڵێین زەوقی ڕەشۆک لە ماوەی سەدەکاندا، وەبەرهێنانی سۆزدارییان تێدا نەکراوە و نەگۆڕاوە بۆ بابەتێک کە لە بوونە ڕەسەنە کۆمەڵایەتییەکە دوورکەوێتەوە.
ڕهخنەگرانی فیلم باس لەوە دەکەن، ئامڕازێکی زۆر سەرەتاییمان لەبەردەستە بۆ خوێندنەوەی کارەکتەران، لەبەر ئەوەی ئێمە هەڵوێستی جۆرا و جۆر دەگرینە بەر بۆ ناساندنیان، بۆ تێکەڵبوونیان، بەو ژیانەی کە ئێمە خۆمان بۆمان بنیاد ناون، تا بەو شێوەی دەمانەوێت ڕەفتاربکەن و، بجوڵێنەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی هەمان چارەنووس و هەمان پڕۆژە و خەون، وەک؛ ئەوەی گەر ڕێگەیەکی تر هەبووایە لە هەمبەر چارەنووسمان ئێمە هەڵماندەبژارد، بەگوێرەی ڕەخنەگران بێت؛ کارەکتەرە خەیاڵییەکان هیچ نین جگە لە گەمە چارەنووسێک؛ وا لەگەڵ خۆمانی دەکەین، دەزانین هەلومەرج و باردۆخ ناگونجێت، لانی کەم دەتوانین تێبگەین جیهانێک هەروا ئاسان بۆمان نەیەتە پێش و، ناتوانین بە خەون و ئارەزووەکانمان بگەین، بۆیە جیهانێکی بەم مواسەفەتە دە ئافرێنین، تا بۆ ساتێک و بۆ ماوەیەک هەستبکەین هەموو شتێک تیایدا باشە، ئیدی هێڵکارییە گشتییەکە وەڵامی ڕەخنەگرانی فیلم بەو شێوەیە دەداتەوە کە تێوەگلانی سۆزداریمان پێشمەرجێکی گرنگە بۆ خەیاڵکردن، چونکە فیلم کە ناوەندێکی هەستییە کاریگەری لەسەر مەیل و فانتازیامان هەیە، ڕەنگە پێشهاتەکەش لانی کەم لە کاتە ئاساییەکەدا نەبێت، بەڵکو لەو کاتەدا بێت کە کارەکتەران ئێمە گینگڵ دەدەن و توڕەمان دەکەن.
پێدەچێت ئێمە بە سرووشتی خۆمان لایەنە سۆزدارییەکانمان بمانجوڵێنن، ئەگەر نا بۆ چێژ لەو کەسانە وەرناگرین کە ڕقمان لێیەتی و چێژ لەو کەسانە وەردەگرین کە کەیفمان پێیان دێت؟ لەگەڵ کارەکتەرە ترسانەکاندا چێژ لە ڕووداو و لە فەزا ترسناکەکان وەردەگرین، لە کاتێکدا خودی هەمان پێشهات لە ڕووی دەروونییەوە ئێمە هیوا ناخوازین بۆمان بێتە پێش، یان بە شێوازێکی دیکە ئارەزوو ئەم جۆرە بەسەر داهاتنە بۆ خۆمان ناکەین، کارەکتەرە خەیاڵییەکان ئادیاڵترین فۆڕمی هونەرین، کە هەموو جۆرە بەسەرداهێنانێکیان قبووڵە، ئێمە بەجێی ئەوان خەمبار دەبین، لەبەر ئەوەی شایەت حاڵییانین و ڕووداوە ڕاستەقینەکە لە ئێمە دووردەخەنەوە، بە نموونە گۆدزێلا زەبلاحێکی خەیاڵییە، لە ساتی تەقینەوەی بۆمبی هایدرۆجینی بە ئاگا دێتەوە و دەستدەکات بە تیرۆرکردنی دانیشتوانی ژاپۆن، گەرچی تا ڕادەیەک دایناسۆڕەکە ترسناکە، بەڵام ڕووداوێکە کە ئیحتیمالی ڕوودانی کەمە، بە هۆی ئەوەی ئیمکانی ئەگەرێکە توانای ڕوودانی کەمە، ناکرێت دایناسۆرەکان هەبووبن و گۆدزێلاش پاشماوەی هەموویان بێت.
بیرکردنەوە دەتوانێت ژیانێکی ڕاستەقینە بێنتە ئارەوە، ژیانێکی کە گونجاو و ژیانێک کە توانای ئەوەی هەیە لە خۆیدا بەختەوەری بهێنێت، بەو پێیەی ژیان ئاوا بە ناڕێکی و ناڕێکخراوی ناڕوات، بەڵکو دەبێت هێزێکی بیرکردنەوە بەڕێوەی ببات. کارەکتەرە خەیاڵییەکان ئەو هێزەیان نیە، بۆیە دەبێت سیناریۆیەکی وە دابڕێژرێت کە ئێمەی(بینەر) لەگەڵیدا هاو شاوناس بین و، ژیانی خۆمانی لەگەڵ ئەزموون بکەین، تاکو بە ناڕەوا گەمە هەستییەکان نەکات، توڕەبین، دەبێت لە ڕێگای نادادەپەرەوەرییەوە ببێت، کە بەڕاستی توانای ئەوەی هەیە؛ مرۆڤ توڕەی ئەزموونبکات، لێیەوە ئایدیای ڕزگاری بەرهەمبێت، سەبارەت بەبێ تواناییەکەی (کارەکتەر خەیاڵییەکە) نیگەرانمان بکات، وابکات لەجیاتی “مرۆڤە ڕاستییەکان” دایانبنێن، بەو ئەگەرەوە بژین کە ئاگاداری ئەمانبین، بڵێن بەس نیە خۆمان نەبووین، بەڕاستی لە مەترسیداین. ئەمەش نەک بەو شێوەیەش وابزانین هەموو دۆخێک ڕاستییە، بەڵکوو جۆرە هۆشیارییەکمان دەوێت کە جیایی کەینەو، چونکە بەڕاستی لە کارەکتەرە خەیاڵییەکاندا هیچ خواستێک بۆ ڕزگارکردن نیە، ئێمە هەمیشە وا دەزانین کەس لە مەترسیدا نییە.
لە ئەنجامدا تیۆری فیلم کێشەدارە، بیرکرنەوەش لێی سادە نیە، وەک پێچەوانەبوونەوەی هەستێک، شتێک بێت وەک ئەوەی وەڵامەکانمان پشت ئەستورە لەسەر لایەنی سۆزداریمان، یان باوەڕهێنان بەوەی ستەمێک کراوە، لە کارەکتەرێکی خەیاڵی، کەوایە ئیتر ستەم شتێکی ترە، لێرەوە ناتوانین باوەڕی تەواومان هەبێت بە کارەکتەرە خەیاڵییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین تیۆری بیرکرنەوەکانمان فەرامۆشبکەین دەربارەی ئەوەی کە بۆچی ئەوەندە هاوشوناس دەبین بە چارەنووسی کارەکتەرە خەیاڵییەکان، کەواتە ئەوان شتێک دەڵێن کە پەیوەندی بە ژیانی ئێمەوە هەیە، کە هێشتا بەو شێوەیە لێی ئاگادار نەبووین.
سهرچاوهكان؛
- Planting a, Carl, and Grey M. Smith (eds.), 1999.Passionate Views: Film, Cognition, and Emotion, Baltimore: Johns Hopkins University Press.
- Dialogue from the movie Joker (2019).
- Sherlock Holmes is afictional character created by the Scottish writer Arthur Conan Doyle.
- Hamlet is a tragedy Play written by William Shakespeare.
- Godzilla,a giant monster is discovered in the sea and rises to threaten Japan.