“داهاتووی مرۆڤایەتی لەسایەی ژیری دەستكرد دا”
“دەروازە”
بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت. پێشكەوتنی مرۆڤایەتی پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، ئەمڕۆكە گەشەكردنی تەونەكانی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد، یەكێكە لەو دیاردانەی كە جیهانی بەخۆوە سەرقالكردووە. ئەگەرچی ئەم داهێنانە نوێیەی مرۆڤ و بەكارهێنانە فراوانەكەی زیرەكی دەستكرد لە زۆربوار دا ئاسانكاری بۆ مرۆڤایەتی كردوە و گوڕێكیشی بە كاروانی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی بەخشیووە. وەلێ ئەم دەستكەوتە مرۆییە لەگەل ئەوەی كاریگەری لەسەر چۆنایەتی ژیان هەیە بەڵام وەنەبێت تەونەكانی زیرەكی دەستكرد لەپاڵ هەموو ئەو لایەنە پۆزەتیڤیانەی هەیەتی لە پێشخستنی ژیانی مرۆڤایەتی و ئاسانكاری و چێژبەخشین بە مرۆڤ.
بەڵام بێگومان ئەم داهێنان و دیاردە نوێیە بێ بەری نییە لە لایەنی نێگەتیڤ خۆ ئەگەر مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی دروست و ئەقڵانی مامەڵەی لەگەڵدا نەكات دوور نییە لە داهاتوودا بەشدار بێت لە زیادكردنی رووی ڕەشبینی و مەینەتیەكانی ژیانی مرۆڤایەتی. هەر ئەم هۆكارەیە كە دەركەوتەكانی زیرەكی دەستكرد زۆر ناوەندی زانستی و دەزگای پەروەردەیی و كۆمپانیای وەبەرهینانی بەخۆوە سەرقاڵكردوە. زانایان و بیرمەندان و پەروەردەكاران هەندێكجار گەشبین هەندێكجار بە چاوی گومان و ڕەشبینن لە ئاست تواناكانی داهاتووی ئەم داهێنانەی مرۆڤ.
“مـێژووی پەرەسەندنی ژیری دەستكرد”
هەلومەرچی سەرهەڵدانی ئەم چەمكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم. کاتێک هێزەکانی ئەڵمانیا ئامێری ئینیگمایان بەکارهێنا بۆ کۆدکردن و ناردنی نامە بە شێوەیەکی پارێزراو و زانای ئینگلیزی “ئالان تورینگ” هەوڵی شکاندنی ئەو کۆدانەی دەدا. تۆرینگ و تیمەکەی ئامێری بۆمبیان دروستکرد کە ئەو مەتەڵەی چارەسەر کرد. هەردوو ئامێری (ئینیگما و بۆمب) بنچینەی فێربوونی ئامێرن کە یەکێکە لە لقەکانی ژیری دەستکرد. تۆرینگ ئامێرێکی بە زیرەک دادەنێت کە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤێکدا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی قسەکردن لەگەڵ ئامێرەکە پێبدات و ئەمەش پرسی بنەڕەتی زیرەکی دەستکردە، واتە دروستکردنی ئامێرێک کە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و بڕیار بدات و مامەڵە بکات. (موحەمەد شەریفی، زیرەكی دەستكرد چۆن كاردەكات، 2023). (ئالان ماسیسۆن تورینگ (Alan Mathison Turing) (٢٣ی حوزەیرانی ١٩١٢ – ٧ی حوزەیرانی ١٩٥٤) لە زۆر بواردا کەسێکی داهێنەری بێوێنە بوو. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی ژیانی ئەوە بوو کاتێک تورینگ خوێندکارێکی گەنجی بیرکاری بوو لە زانکۆی کەیمبریج لە ناوەڕاستی ١٩٣٠ەکان، بە ڕێکەوت کۆمپیوتەری داهێنا. ئەم داهێنانەش بەرهەمی بیرکردنەوەی تورینگ بوو لە پرسێکیی ئەوسای بیرکاریی، کە گرفتی بڕیاردان(Entscheidungsproblem) بوو. پێش تیورینگ چی ڕوویدا؟
– سەرهەڵدانی ئەندازەی نا ئیۆکلیدیی(Non-Euclidean geometry). ئەم جۆرە ئەندازیە نوێییە لە سەدەی نۆزدەیەمدا گەشەی سەند، بە تایبەت لە ساڵانی ١٨٢٠ و ١٨٣٠، لەلایەن کەسانی وەک Lobachevsky، Bolyai و Gauss. دەستکاریێکی قووڵی بنەماکانی ئەندازەی ئیۆکلیدی بوو، ئەم تێروانیینە نوێیە تێگەیشتنی ئێمەی لە فەزا و ڕووەکان بەرفراوانتر کرد. دواتر، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، David Hilbert وەک یەکێک لە گرنگترین بیرکاریزانەکان دەرکەوت. – هێلبێرت و قوتانخانەی گۆتینگن. لە نێو قوتابیەکانی هیلبێرت، کەسانی وەک هێرمان ڤایل (Hermann Weyl)، یەکێک لە گەورەترین پاڵەوانەکانی شەترەنج، ئیمانوێل لاسکەر (Emanuel Lasker)، ئێرنست زێرمێلۆ (Ernst Zermelo) و کارل گوستاڤ هێمپڵ (Carl Gustav Hempel) هەبوون. جۆن ڤۆن نۆیمان (John von Neumann)دواتر باسی کاریگەری نۆیمان دەکەین یاریدەدەری هێلبێرت بوو. لە نێو ئەم قوتابخانەیەدا هەندێک لە گرنگترین بیرکاریزانانی سەدەی بیست وەک ئێمی نۆثەر (Emmy Noether) و ئەلۆنزۆ چێرچ (Alonzo Church) وانەیان دەگوتەوە. لە نێو ٦٩ قوتابی دکتۆرا لە گۆتینگن، زۆربەیان دواتر بوون بە بیرکاریزانی بەناوبانگ، لەوانە (لەگەڵ ساڵی تێزەکەیان): ئۆتۆ بلومێنتاڵ (Otto Blumenthal) (١٨٩٨)، فێلیکس بێرنشتاین (Felix Bernstein) (١٩٠١، هێرمان ڤایل (Hermann Weyl) (١٩٠٨)، ڕیچارد کۆرانت (Richard Courant) (١٩١٠، ئێریک هێکە (Erich Hecke) (١٩١٠)، هوگۆ شتاینهاوس (Hugo Steinhaus) (١٩١١و ڤیلهێلم ئەکەرمان (Wilhelm Ackermann) (١٩٢٥.
لە نێوان ساڵانی ١٩٠٢ و ١٩٣٩دا هیلبێرت سەرنووسەری گۆڤاری “ماتەماتیشە ئەنالێن” (Mathematische Annalen) بوو، کە ئەو کات پێشەنگترین گۆڤاری بیرکاری بوو. لە ساڵی ١٩٠٧دا وەک ئەندامێکی نێودەوڵەتی لە ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (United States National Academy of Sciences) هەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٠٠دا، هێلبێرت لیستێک کە پێکهاتبوو لە ٢٣ کێشەی کراوەی بیرکاری خستە ڕوو. دە لەم کێشانەی (ژمارە 1، 2، 6، 7، 8، 13، 16، 19، 21 و 22) لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی بیرکاریزانان لە پاریس لە زانکۆی سۆربۆن خستەڕوو. هەندێک لەم کێشەکانە تا ئێستاش هەر بە کراوەی ماونەتەوە کێ دەتوانێ چارەسەریان بکات خەلاتی گەورە وەردەگرێت و دەولەمەند دەبێت، دەی بتان بینم. بەشداریێکی گرنگی هێلبێرت فۆرماڵیزەکردنی بیرکاری بوو. هەروەها، ئەو کێشەی Entscheidungsproblem “کێشەی بڕیاردان”ی هێنایە ئاراوە، کە پرسیاری ئایا ئەلگۆریتمێکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە بیرکارییەکان بوونی هەیە؟ کارەکانی کاریگەرییەکی قولیان لەسەر گەشەسەندنی لۆژیک و بنەماکانی بیرکاری هەبوو، ئەم داهێنانە نوێیان بوونە هاندەر بۆ زۆر لە توێژینەوە گرنگەکانی سەدەی بیستەم، لەوانە تیورینگ کە بڕیار دەدات چارەسەرێک بۆ کێشەی بڕیاردان بدۆزێتەوە. (سەردار عەزیز، زیرەكی دەستكرد، 2024). پێشكەوتنی زانست و خواستی بە واقیعكردنی خەیاڵی مرۆڤ وای كرد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەكنەلۆژیا بەرهەمی نوی پێشكەش بە مرۆڤایەتی بكات و ئەمەش بووە دەرچەیەك بۆ سەرهەڵدانی زۆر پرۆگرام و بواری نوێ كە شایانی لێكۆلینەوە و گرنگی پێدان بن، لە ئێستادا زیرەكی دەستكرد یەكێكە لەوبوارانە.
“ژیری دەستكرد چییە؟”
ژیری دەستكرد یان زیرەكی دەستكرد یاخود هۆشمەندی دەستكرد، لە ڕووی زاراوەوە لە دەستەواژەی ( Artificial intelligence ) زمانی ئینگلیزیییەوە وەرگیراوە و كورتكراوەكەی پیێ دەوترێت (AI)، بە عەرەبی “ذكاء الاصطناعي”. (سۆزیار عوسمان، زیرەكی دەستكرد، لا9)ئەگەرچی بنەمایەكی میژوویەكی دێرینی هەیە بڵام لە ئیستادا یەكێكە لە تەكنەلۆژیا نوێیەكان. هەرچەندە ئەوەڕاستە كە زیرەکی دەستکرد بوارێكی لێكۆڵینەوەی تیۆری و گەشەپێدانی سیستەمی كۆمپیوتەرە، كە دەتوانێت ئەو چالاكییانە ئەنجام بدات كە بەشێوەیەكی ئاسایی هەر لە مرۆڤەكان دەوەشێتەوە بۆ ئەنجامدانیان. پێویستیان بە هۆشەمەندی(زیرەكی) مرۆڤەوە دەبێت. بۆ نموونە ناسینەوەی بابەت لە وێنەدا و لێكدانەوە و شیكردنەوەی قسەكردن و دروستكردنی بڕیار(بڕیاردان) و وەرگێڕانی دەقی نووسراو لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر. (یۆڤاڵ نووح هەراری، 21وانە بۆ سەدەی 21، لا435)، لەگەڵ ئەوەشدا زیرەكی دەستكرد لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە ئامانجە سەرەکییەكەی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەکی ئەوتۆ کە توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەیان هەبێت کەچۆن پێویستیان بە زیرەکی مرۆڤ هەیە. زیرەکی دەستکرد لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ھاوشێوەکردنی زیرەکی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر، زیرەکی دەستکردیش لە ڕاستیدا ئامێرێکە کە بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و توانای لاساییکردنەوەی ھەڵسوکەوتی مرۆڤی ھەیە. ئەم پێناسەیە دەتوانرێت بۆ هەموو ئەو ئامێرانە بەکاربهێنرێت کە وەک ئەقڵی مرۆڤ کاردەکەن و دەتوانن ئەرکەکانی وەک چارەسەرکردنی کێشە و فێربوون ئەنجام بدەن. هەرچەندە زیرەکی دەستکرد هێشتا پێناسەیەکی وردی بۆ نەكراوە بەشێوەیەك هەموو زاناکان لەسەری کۆک بن. بەڵام زۆربەی پێناسەکان دەتوانرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت.
- زیرەكی دەستكرد، وەک مرۆڤ بیر دەکاتەوە.
- زیرەكی دەستكرد، بە لۆژیکی بیردەکاتەوە.
- زیرەكی دەستكرد، وەک مرۆڤ مامەڵە دەکات.
- زیرەكی دەستكرد، بە شێوەیەکی لۆژیکی کاردەکات. (شكۆفە ئەحمەد عەزیز، زیرەكی دەستكرد، 2023، لا3).
“بوارەكانی بەكارهینانی ژیری دەستكرد”
ئەمڕۆ ڕەنگە زیرەکی دەستکرد بەو شێوەیەی کە ئێمە خەیاڵمان پێدەچێت بوونی نەبێت. بەڵام هێشتا، زۆرێک لەو کارانەی کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، وەک گەڕان لە ئینتەرنێت یان گەڕان بە لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هتد، هەموویان کاریگەری زیرەکی دەستکردیان لەسەرە و لە ڕاستیدا، لە ئەم حاڵەتانە ئێمە بەکاری دەهێنین. ئەم بەکارهێنانە ئەوەندە نامەحسوسە و ئێمە لەسەری ڕاهاتووین کە لەو ساتەدا هەست ناکەین کە ژیری دەستکرد بەکاردەهێنین. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە نازانین زیرەکی دەستکرد بەڕاستی چییە و چی دەکات. بەو پێیەی داهاتوو زیرەکی دەستکرد دەبێت، لەبری ئەوەی خەمی زیرەکی دەستکرد بخۆین، باشترە فێربین چیمان پێدەکرێت و چۆن بتوانین زانیاریمان لەو بوارەدا زیاد بکەین. هەروەك دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبین چۆن ژیری دەستكرد داهاتوومان داگیر دەكات، داهاتوومان لە سایەیی ژیری دەستكردا بە كوی دەگات؟
رەنگە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سەردەمی نوێ، ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە بێت كە جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات هەرچەندە ئێستا وای لێهاتووە كاریگەرییەكانی جیهانگیری كۆمەڵگەیی مرۆیی بەجۆرێك لێك نزیك كردوەتەوە كە هیچ سنورێكی لەوبوارەدا نەهێشتووەتەوە. بەجۆرێك هەر تەكنەلۆژیایەك لە جیهاندا سەرهەڵبدات بەماوەیەكی كەم لەو پەڕی دونیاوە دەگاتە ئەم پەڕی دونیا بەشێوەیەك هەندێك جار رەنگە كات و تێچووشی نەوێت. هەربۆیە ئەوەی چاڵێنجە لە بواری زیرەكی دەستكرد دا؛ ئەوەیە كە بەكارهێنانەكانی زیرەكی دەستكرد ئەمڕۆ پێیناوەتە قۆناغێكی ترەوە ڕەنگە لەداهاتوودا بەهۆی زۆری بەكارهێنانەكانی وامان لێبكات هیچ ڕیگایەكی تر شك نەبەین جگەلە فێربوون و تێگەیشتنێكی نوێ بۆ بەكارهێنانی ئەم موعجیزە نوێیە مرۆییە كە مرۆڤ خودی خۆی خوڵقێنەریەتی لەبوارە جیاوازەكاندا. مادام لەمڕۆدا بڵاوبونەوەی تەكنەلۆژیا بەشێكە لە پرۆسەی گلۆبالیزەیشن و هەمووان دەستمان بە دەركەوتەكانی دەگات كەواتا دەبێت ئیمەش دەست و پەنجە لەگەڵ بەكارهێنانەكانیدا نەرم بكەین، لە هەمووی باشتر ئەم خزمەتگوزارییە خۆڕاییە و تێچووی نییە.
هەرچەندە بەهۆی ئەركە زۆرەكانی لەبواری تەكنەلۆژیای زانیاری و پەروەردە و لایەنی ئەكادیمی و و پەیوەندی كردن و بازرگانی و پیشەسازی و ئابوری و پزیشكی و..هتد جا ئیتر بەهۆی بەكارهێنانی ڕۆبۆت وەك میكانیك یاخود سۆفت وێر بۆ بیركردنەوە و بڕیاردان لە بواری بەرهەمهێنان و فیدباك و ..هتد. لەو رووەوە كارئاسانی زۆری بۆ مرۆڤایەتی پێشكەش كردوە. دیارترین بوارەكانی بەكارهێنانی:-
1. بواری پەروەردەیی:- بۆ ئاسانكاری لەبواری فێربوون و بەكارهینانی بلاتفۆڕمەكانی فێربوون و تەكنیك و تەكنەلۆژیا لە ناوەندە پەروەردەیی و فیركارییەكاندا، چ بە شیوەیەكی زیندو لەناو قوتابخانەكان چ بە ئۆنلاین لەناو خۆ و چ لە دەروەدا. هەروەها داڕشتنی بەرنامەیەكی زیرەكی دەستكرد لەسەر بنەمای سۆفت وێر و ئەو (ئەپ)ا نەی كە بۆ فێربوون لەبواری ئەلیكترۆنی و ئۆنلایندا بەكاردەهێنرێن. لە ڕاهێنان و دروستكردنی ژینگەیەكی پەروەردەیی و فێركاریدا بەشێوەیەك كە كاریگەری هەبێت لەسەر پەرەپێدانی تواناكانی فێربوونی ئەلیكترۆنی و سیستەمی بەڕێوەبردن لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا لەسەر بنەمای جوڵەی زیندو و بەكارهێنانی شاشە و كۆمپیوتەر ، بەمەبەستی گەشەپێدانی لایەنی مەعریفی (د. محمد السید النجار، أ. عمرو محمود حبیب، برنامج زكاء اصطناعي قائم علی روبوتات الدردشە و أسلوب التعلیمی ببیئة تدریب الكتروني و أثره علی تنمیة مهارات استخدام نظم إدارة العلیم الإلكتروني لدی معلمتي الحلقة الإعدادیة، ص91).
2. بواری زانستی و لێكۆڵینەوە:- زیرەكی دەستكرد هۆكارێكی باشە بۆ پەرەپێدانی بواری زانستی و بەكارهێنانی تەكنیكەكانی زیرەكی دەستكرد لە نووسین و دیزاینكردنی تویژینەوە زانستیەكان و بە ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە سەرەچاوە زانستییەكان و پێداچوونەوە و پلیجەریزمی توێژینەوەكان بۆ سەلماندنی ڕاستیەتی لە ڕەسەنایەتی بابەتەكانی توێژینەوەكە و ڕادەی ئەمانەتپارێزی لە بەكارهێنانی سەرچاوەكان و داتاكاندا. هەروەها ئەپەكانی چات جی پی تی و ئەو ئەپانەی تایبەتە بە وەرگێڕان یارمەتی توێژەر دەدەن لە تویژینەوە زانستیەكاندا. هەروەها لە زۆر لایەنی تری تایبەت بە بواری زانستی و توێژینەوە.
3. بواری پزیشكی:- لە ئێستاوە لە هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان سوود لە زیرەكی دەستكرد وەردەگرن لەبواری خێرایی ورد و دەستنیشانكردن و شكنینی وردی نەخۆشییەكان و چاودێری كلینكی و بەهێزكردنی توێژینەوەی تەندروستی و پەرەپێدانی دەرمان و پاڵپشتیكردنی چەندان پڕۆژەی تەندروستی گشتی جۆراوجۆری وەك چاودێریكردنی نەخۆشی و وەڵامندانەوەی بڵاوبوونەوە و بەڕێوەبردنی سیستەمی تەندروستی. ئەمە جگەلەوەی زیرەكی دەستكرد دەتوانێت توانابەخش بێت بۆ نەخۆشەكان تا كۆنتڕۆڵی زیاتر و چاودێری باشتری تەندروستی خۆیان بكەن و باشتر لە پێداویستی و پەرەسەندنە نوێیەكانی بوارەكە تێبگەن. هەروەها دەتوانێت كۆمەكی وڵاتانی هەژار و كەمدەرامەت و وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان و كۆمەڵگە گوندنیشینەكان بكات ، كە زۆرجار نەخۆشەكانیان توانای دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەو ناوچانە سنووردارە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان لە دەستڕاگەیشتیان بەو جۆرە خزمەتگوزارییە تەندروستیانە. (داكۆك عبدالكریم، ژیری دەستكرد و سێكتەری تەندروستی، 2024).
4. بواری پیشەسازی و بازرگانی:- بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد لەبواری پیشەسازی بازرگانیدا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لەبەرەو پێشچوونی ڕەوتی پیشەسازی، هەر لەو رۆبۆت و ئامیرانەی كە لەبواری پیشەسازیدا بەكار دەهێنرێت بەجۆرێك لە توانایاندا هەیە كاری قورس ئەنجام بدەن و بە كەمترین كات و تیچوون و جوانترین دیزاین، ئەمڕۆ لە سایەیی پەرەپێدانی پیشەسازی ئامێرە زیرەكەكان كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە بینووە، هەروەك لەنموونەی سمارت فۆن و ئۆتۆمبێلی زیرەكی خۆكار و..هتد. هەروەها لەبواری بازرگانیشدا لە سایەیی زیرەكی دەستكرد ڕێگاكانی گواستنەوە و گەیاندن ئاسان بووە.
5. بواری ئابوری و ماركێتینگ:- كاروباری بانقەكان و بوارەكانی ئابوری و بازاڕگەری بەهۆی بەكارهێنانی زیرەكی دەستكردەوە گەشەی كردووە. لە جیهانی نویدا بەهۆی هەژماری بانقی و ئەپە ئۆنلاینەكانەوە دەتوانرێت لە ماڵەكەی خۆتەوە بازاڕی بكەیت، هەر كەل و پەلێكت بوێت بە ئاسانترین شێوە دەگاتە دەستت، بە بێ ئەوەی سەردانی ماركیتەكان و مۆڵە بەناوبانگەكانی وڵاتانی دەرەوە بكەیت. ئەمە جگەلەوەی بە ئامێرە سمارتفۆنەكەی بەردەستت دەتوانی چركە بە چركە ئاگاداری ئاڵوگۆڕی بازاڕی دراو نرخەكان بیت.
6. بواری هونەری:- زیكرەكی دەستكرد شۆڕشێكی هونەری مۆدێرنی بەرپاكردوە، چ لە بواری ئاواز و دەنگ و میوزیك. چ لە بواری ڤیدیۆ و ئیدیت و وێنە و چاككردنی وێنە و باشكردنی كولێتی وێنە و ڤیدیۆ و…هتد. ئەمە جگەلە بواری تەرفیهی و یارییە ئەلیكترۆنییەكانیەكان.
7. بواری جوگرافیا:- زیرەكی دەستكرد، لەزۆر بواری جوگرافیادا بەكاردەهێنرێت، هەروەك بۆ چاودێریكردنی كەش و گۆڕانكاری ئاووهەوا و پرسەكانی پەیوەست بە ژینگە. هەروەها لەبواری جوگرافیای سەربازی و تەكنیكی جەنگی وەك تەكنەلۆژیای جەنگی و ڕۆبۆت و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان(درۆن)، یاخود فڕۆكەی زیرەك. ئەم جگەلە بەركارهینانی لە جوگرافیای شار و پلاندانی شاری زیرەكدا كە (ئامانج لە شاری زیرەك ڕەخساندنی ژینگەیەكی شارستانییە، بە كوالێتیەكی بەرز بۆ دانیشتوان و ئاسانكاری لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی بە ژیرخانیكی سەردەمی و تێچوویەكی كەمتر لە كۆمەلگەیەكی سەلامەتدا. (سۆزیار عوسمان، سەرچاوەی پێشوو، لا72).
سەرچاوەكان؛
- شكۆفە ئەحمەد عەزیز، زیرەكی دەستكرد، كتێبی ئەلیكترۆنی، هەولێر، 2023
- سۆزیار عوسمان، زیرەكی دەستكرد، چاپی ئەلیكترۆنی.
- یۆڤال نووح هەراری، 21وانە بۆ سەدەی 21، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هشیار عابد، چاپخانەی كەڵەرست گەیت، لە بڵاوكراوەكانی هیوا فاوەندەیشن، سلێمانی، 2021.
- د. محمد السید النجار، أ. عمرو محمود حبیب، برنامج زكاء اصطناعي قائم علی روبوتات الدردشە و أسلوب التعلیمی ببیئة تدریب الكتروني و أثره علی تنمیة مهارات استخدام نظم إدارة العلیم الإلكتروني لدی معلمتي الحلقة الإعدادیة، مجلة تكنولوجیا التعیم، سلسلةدراسات وبحوث، عدد(31). 2021.
- موحەمەد شەریفی، زیرەكی دەستكرد چۆن كاردەكات، پێگەی زانستی چاوگ، 30\11\2021. یڕوانە لینكی نووسینەكە:
https://chawga.com/artificial-intelligence-2/
- سەردار عەزیز، زیرەكی دەستكرد، ماڵپەڕی چاوی كورد، 21ی تەموزی 2024. بڕوانە لینكی نووسینەكە:
- داكۆك عبدالكریم، ژیری دەستكرد و سێكتەری تەندروستی، ماڵپەڕی مێد سپایر. ویبسایتێكی پزیشكییە. 8\2\2024. بڕوانە لینكی نووسینەكە: