“پوختەی وتار”
لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت کە هەندێ لایەنی ئەزموونی شیعریی شێت کەشف بکرێت و بخرێتە روو، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کە کەمتر پەرژاونەتە سەر زمان و فۆرم لە رووی ئۆنتۆلۆژی و بوون ناسییەوە. ئەم ئەزموونە شیعرییە دەشێت هەڵگری باس و خواسی زۆرتر لەوەی بێت کە من لێرەدا و لەهەندێ بەش دا تەنها فایلێکم بۆ کردۆتەوە و بە شێوەیەکی هێزەکی وتارەکەم ئاوس کردووە بە کۆمەڵێک ئایدیا و بیرۆکە کە دەشێت نووسەران و رەخنەگرانی تر لەسەری بڕۆن و تیشکی زۆرتری بخەنە سەر و باشتر شی کەنەوە. لە بەشی بەرایی دا باسی رۆڵ و پێگەی خوێنەری کورد دەکرێت و ئەو هاوکێشەی دەقیی و نڤیسکاریی و مەعریفییەی کە گرێدراوی دۆخ و دۆزی مێژوویی تاکت کوردە بە روانینێکی گشتی باس کراوە، هەر چەند لە شوێنیتر دا و لە قەوارەی وتاری درێژ دا باسم کردووە. لە بەشی دووهەم یان کۆتایی باسەکەشم لەم وتارە ئەزموونی شاعیری شێت و گەشە و نەشەی زمان و فۆرم و پێکهات و مانا لە روانینێکی تایبەتەوە و بە هێنانەوەی چەند نموونەی شیعری و لێکدانەوەی پاژبینانەی دوو دەفتەری شاعیر خراوەتە روو.
کلیل وشەکان؛ ئەزموونی “شێت”، وێناندن(imagination)، هاوبوون(coming community)، ئاسۆی چاوەڕوانی(horizon of expectation)، وێنەی بزۆک(حەرەکەتی).
“بەراییەکی پێویست”
دەستنیشانکردنی کۆڵەکە یان توخمەکانی ئەزموونی شیعریی شێت لە ئاستێکی داخراو و ئاسۆیی دا ناپۆڕێت و باشترین رێگە بۆ فامکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەزموونە خودی دەقی شێتە، واتە دەبێت لە رووبەرێکی ئەستوونی و باڵاکردنی دا بخوێنرێتەوە. رووبەێک کە لەدایک بوون و گەشە و نەشەی “شێت” لە رووی پێکهات و فۆرم و تەنانەت ماناشەوە بگێڕێتەوە. هەمیشە گەڕانەوە بۆ دەق بە روانینێکی فرەراڤەیی و کراوەوە دەشێت بەشێک لە تایبەتمەندی و جیهانی دەق بۆ ئێمە دەربخات و بەشێک لە دەقێتی ئێمەش وەکوو خوێنەر و نڤیسکاریتری دەق بخاتە روو. بەم پێیە کاتێک ئێمە دەڵێین “دەق” تەنها لە خودی دەق قسە ناکەین بەڵکوو لە ئاستێکیتری زێڕین و زۆر گرینگ باسی خوێنەر دەکەین، دەقێک کە لە دواجار دا هیچ چارەنووسێک لەبەردەمی نییە جگە ئاراستەی چاو و زەین و رۆح و بەگشتی وجوودی خوێنەر، ئەوەی کە خوێنەر چۆن دەق دەخوێنێتەوە بێگومان کێشەی دەق نییە یان با بڵێین هەمووی کێشەی دەق نییە، بەڵام پێوەندییەکی بزۆز لە نێوان دەق و خوێنەر لە پرۆسەی خوێندنەوە دا لە ئارایە کە بێگومان لە فۆرمێکی دانوستان و تەعامولی دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەق تیشکەکانی بپپرشێنێت. ئەوەش کە دەق بۆ چ خوێنەرێک دەنووسرێت و ئایا بۆ خوێنەر دەبێت بنووسرێت یان نا؟ باسێکی دوور و درێژە و لای من وەڵامەکەی روونە ئەگەرچی باس هەڵگریشە. کاتێک ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە لە گۆشەنیگایەکەوە ئەگەرچی رۆڵی دانەری دەق زەق دەبێتەوە بەڵام ئەم پرۆسێسە لای ئەو کۆتایی پێ نایەت و ئێمە دەگەینە ئەو پنتە راستەقینەیە کە سێ کۆڵەکەی دانەر، دەق و خوێنەر پێکی دێنن.
شتێک کە لەم هاوکێشەیە دا بەردەوام دەکرێت باسی لەسەر بکەین و کاکڵی روانینی ئێمە بۆ خوێندنەوە بە مانا هایدیگرییەکەی بسازێنێت1. چەمکی خوێنەر لە لای هایدیگر تەنها بەواتای وەرگر(خوێنەر) نایەت بەڵکوو مانای دانەر یان نووسەریش دەدات بەڵام لە ئاستێکیتر و پلەیەکی دیکە دا. نووسەر یان دانەر ئەو خوێنەرەیە کە فامی خۆی لە جیهان وتێگەیشتنی لەو شتەی کە لە بوونی ئەو دا دەرکەوتووە، دەکات بە دەق. لەم پرۆسێسە دا خوێنەر دوو پلە وەردەگرێت پلەیەکی دانەرانە و نڤیسکارانە کە دانەری دەقە و پلەیەکی مێژوومەندانە و خوێندنەوەتەوەر کە وەرگری دەقە. خوێنەری یەکەم ئەو خوێنەرەیە کە فام و خوێندنەوەی خۆی بۆ جیهان چ وەکوو بابەتێکی دەرهەست و ئینتزاعی و چ وەکوو بابەتێکی بەرهەست و مێژوویی لەقەوارەی دەق و زمانی خۆی دا دادەڕێژێت و خوێنەری پلەی دووهەم تەنها کاتێک دەتوانێت لە پلەی وەرگر و بەرکاری دەقی دانەر یان خوێنەری پلە یەک تێپەڕێت، کە فامی خۆی لە خوێندنەوەی دەق (کە بێگومان لە فۆرمیتر دا لە سەر بنەمای خوێندنەوەی ئەو بۆ جیهان و بوونی خۆی تا ئەو ساتە دێتە ئاراوە واتە رووداوێکی بوونناسانەیە)بنووسێتەوە، واتە بخوێنێتەوە و دواتر رەخنەی بکات، ئەم خوێنەرە هەر ناوێکی بە باڵا دا ببڕین(بزۆز)، چالاک، وشیار، کراوە و لە پرۆسێسێکی بەردەوام و دانوستانە لەگەڵ دەق و دانەر دا گەشە و باڵا دەکات.
کەواتە بەم پێیە ئەزموونی دانەر خوێندنەوەیەکی بوونناسانەیە لە قەوارەی زمان و فۆرمێکی زمان(کە لێرەدا شیعرە) و ناوی دەقە، کە لە رێگەی خوێندنەوەی کۆچەرییانە2 و ئۆقرەنەگرتووی وەرگر رەهەندەکانی کەشف دەکرێن و دەخرێنە روو و لەم تۆڕە سێ گۆشە و تێکتەنراوە دا “تێگەیشتن” روو دەدات، تێگەیشتنێک کە کاتێک ئێمە رووبەڕووی دەقی ئەدەبی و بە تایبەتیتر شیعر دەبینەوە رێژەییتر و سڵۆکتر دەبێت. بێگومان ئەم رەوت و پرۆسێسەی دەق و خوێنەر و دانەر پلە و ماهییەتیان لە هەر دیسکۆرس(discours) و کولتوور و زمانێک دا بە زۆر هۆکاری مێژوویی و سیاسی زۆر هەمدیس رێژەیی دەبێتەوە، واتە خوێنەرێکی ئێستای دەقێکی ئەدەبی تۆ بڵێ شیعرێکی فەرەنسی لە پاریس زۆر جیایە لە خوێنەری شیعرێکی ریمبۆ لە کوردستان، خوێندنەوەی خانمێکی ئەمریکی بۆ شیعری مەحوی زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەی کچێکی سنەیی یان سلێمانی یان هەولێری لە مەحوی. ئەمە بەشێکی لە تێڕوانینی دیاردەناسانە بۆ بوونی دەق و تیۆرەی وەرگرتن(دریافت)3 و رێژەمەند بوونی خوێندنەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی سەرەکی دەقی یان شیعرێک کە لەناو ئەو زمانە دا رووی داوە ئەم تەوەرەی دووهەم باسێکی ئاڵۆز و سەربەخۆیە و لێرەدا ناپەرژێمە سەری بەڵام بەگشتی دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە خوێندنەوە بەرهەم و ئەنجامی پلە و ماهییەت و ئاستی وجوودی خوێنەرە کە ئەمەش کاتێک وابەستە و پێبەستەی زمانی دەق دەبێتەوە باشتر ماناکەی دەردەکەوێت.
واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە خوێنەرێکی ئەمریکی قووڵتر لە مەستوورەی ئەردەڵان بڕوانێت (ئەگەرچی زمانەکەشی کوردی نییە و لەرێگەی وەرگێڕانەوە مەستوورە دەخوێنێتەوە واتە با کوردی و فارسیش فێربووبێت و لەو رێگەیەوە مەستوورە بخوێنێتەوە) تا خوێنەرێکی کوردستان کە زمانی کوردی و فارسی دەزانێت، هەرچەند بێگومان ئەم حوکمە رەها نییە بەڵام مەبەستمە باسی ئاستی وشیاری و پلەی بوون(bee) و هەبوون(become)ی کەلتووری زمانی و شیعری و مێژووی ئەو کولتوورانە بکەم کە ساڵەها بە سەر یەکەوە گەشەیان بە زمان و پاشخانی مەعریفی ئەو کولتوورە داوە و روانینی جیهانگیر و یونیڤێرساڵ(universal)ی سازاندووە خوێنەری ئەوان ئەوەندە جیهانییە ئەوەندە پاریسی یان نیۆیۆرکی یان بەرلینی نییە، چوونکوو ئەوان کۆمەڵێک قۆناغ و لارێگە (تۆ بڵێ شاڕێگە)ی مێژوویی و کولتووری و سیاسیان تێپەڕاندووە ئیتر بۆ ئەوان پرسەکان(problems) شتی دیکەن بۆیە لە هاوکێشەیتری خوێندنەوەدا دەژین، بەگشتی رەنگە خوێنەرێکی بەرلینی ئازادتر و باشتر بتوانێت مەحوی بێت یان نالی یان هێمن، بەڵام خوێنەرێکی کورد بە سەختی بتوانێت گوتە یان دانتە یان شکسپیەر بخوێنێتەوە، راستە هەرکام لەم خوێنەرانە لە جیهانی هەنووکە دا و لە نەمانی کۆمەڵێک سنووری جوگرافی و کولتووری دا بە هۆی جیهانگیری(Globalization)یەوە لە دۆخێکی نێزیکی گشتی دا دەژین و بەپێی ئەمەش فۆرمێک لە چوونیەکبوونی کۆمەڵگاکان و هاوبوونی(The coming community)4 کولتووریی هاتۆتە ئاراوە و تارادەیەک ئاسۆی چاوەڕوانی(horisen of expecteatione) و شێوازی وەرگرتن(reception) ی خوێنەرانی جوگرافیا جیاجیاکانی لێک نێزیک کردۆتەوە بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە هەر کام لەم خوێنەرانە سەر بە زمان و میتافیزیکێکن کە زەینی ناوشیار و وشیاریانی پێ سواخ دراوە و هەر کامیشیان لە هاوکێشەی”دەق”ی و زمانی خۆیان دا دەژین و هەر ئەمەشە دۆخە رێژەییەکەی پێکهێناوە.
بێگومان بەم باسانەوە بەسانایی دەشێت لەمە بگەین کە رێژەیی بوونی دەق لە کوردستان دا هەمان مانای نییە کە لە وڵاتێکی ئەورووپایی هەیەتی و هەر هەمان ماناشی نییە کە لە وڵاتێکی ئەفریقی هەیەتی، بەگشتی خوێندنەوە و پلە و ماهییەتی دانەر، وەرگر و بەپیی ئەوەش دەق هەڵگری رەهەندی یونیفرساڵ و گشتەکین بەڵام لەپاڵ ئەوەش دا خاوەنی لایەن و رەهەندی کەمینەیی و مێژوویی و دۆخی سیاسی و لەپلەیەکی گشتیتر دا دۆزی شوناسمەندانەن. ئەم باسە بۆیە لێرەدا کرایەوە کە بەرەو گەڵاڵەکردنی ئەم بابەتە بڕۆین کە بڵێین دەقی کوردی لە دوای دەرچوونی کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخی داخراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و زمانیی کە لە هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستان ئاراستە و رەوتی خۆی پێواوە و ئەزموونی تایبەتی بۆ خۆی رەقەم داوە واتە سەرەڕای هەموو ئەو کێشە سیاسی و ئایدۆلۆژیکانە و ئامادەیی قەیرانی شوناس لە فۆرمە ئایدۆلۆژیکەی دا کە بەسەر دەق و زمانی کوردییە بووبوون بەماڵ هەمدیس توانی هەندێ رەهەندی یونیفرساڵ و بان مێژوویی(سەرووتر لە مێژووی گەشە و نەشەی خۆی وەکوو باسێکی فۆکۆیی واتە داشکاو و لادەر لە رەوتی ئاسایی ئەو مێژوویەی تێیدایە) و جیهانگیر و ئینسانی ئەزموون بکات، ئەم حاڵەتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەزموونی شاعیرانی نوێترخواز( کە مەرج نییە بە روانینێکی بەرەییەوە چاویان لێبکەین) زەقتر دەرکەوت. ئەو ئەزموونەی کە لە سوارەوە دەستی پێکرد و لای ئەو رەوتە شیعریانەی کە لە ژێر ناوی پێوەر-جیاواز، بەرەی چوار، شیعری شێت و “ناشوێن”5 و بەگشتی بەرەی نوێترخواز گەیشتە چڵە پۆپە و گەشەی خۆی.6 لەراستی دا بە زۆر هۆکار ناکرێت پێڕستێک لەم شاعیرانە بخەینە روو، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە فەزای چاپ و هەلی بڵاوکردنەوەی دەق و نموونە دەق ئەوەندەی ژورنالیستی و میدیاییە ئەوەندە کتێبی و فەرمی و گشتەکی نییە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی ئەزموونی شاعیرانی پێش ئەم ئەزموونانە هەیە تاکوو پێگەی درووست و شیاوی نوێترخوازان ببینینەوە و دەستنیشانیان کەین، بەم هۆیانەوە هەنووکە دەشێت دەیان شاعیرمان هەبێت کە کتێبیان چاپ نەبووە و تەنها لە گۆڤار و حەوتەنامەکان دا دەقیان بڵاوبۆتەوە، بەڵام ئەزموونەکانیان لەخشتەی بەرەی نوێترخواز دا جێبگرن یان خاوەنی توخمگەلی نوێترخوازانە بن.
بەهەرحاڵ شتێک کە لەئاکام دا پێی دەگەین دیسان هەمان باسی کۆن بەڵام رەوای ئەدەبی کوردی و بێناز بوونیەتی، ئەدەبێک کە بەرای من ئەزموونێکی بوونناسانەی وەهای خستە روو کە دەشێت لە ئاستی جیهانی دا خوێنەری خۆی هەبێت بەهەموو توخمە نێوخۆییەکانیشییەوە، بێگومان ئەزموونی “ساڵەح سووزەنی، یوونس رەزایی، رەزا عەلیپوور” هەڵگری ئەوە هەن کە خوێنەرێکی جیهانی تێیاندا سەفەر بکات و بیکات بە بەشێک لە یادەوەری و بوونی خۆی. بێگومان ئەم ئەزموونانە لە زمانی فارسی دا باشتر و قووڵتر لێی تێدەگەن تاکوو زمانی کوردی. هۆکارەکەشی بەشێکی ئەو جیاوازیە کولتووری و دیسکۆرسییەی نێوان دوو نەتەوە و دوو زمان بە ناوی فارسی و کوردی بوو کە لەسەرەوە تیشکم خستە سەری، ئەوان بەهۆی هەبوونی پێکهاتێکی فەرمی و بەدەسەڵات بۆ زمان و پەروەدەی زمانی و بەو پێیەش گوتارێکی رەخەنییانەی فیکری-ئەدەبی بزۆز و گەشەدار باشتر لە ئێمە هەوڵیان دا پلەی وشیاری و هاوسەنگی گەشەی دەق و وەرگر بپارێزن و باڵانسێکی بۆ دابنێن (ئەگەرچی مەرج نییە باڵانس هەمیشە نیشانەی باشبوونی ئەو هاوکێشەیە بێت چوون ناباڵانسییەت رەهەندێکیتری هەڵکۆڵین دەدات بە دەق) بەڵام ئێمە هێشتا لە راهێنانی خوێنەر بەواتای خوێنەری کتێب بە زمانی کوردی نەبووینەتەوە بێگومان هەموو ئەمانە ئەرکی ئێمە نین بەڵکوو زەقکەرەوەی غیابی ئەو پێکهاتانەیە کە زمان بزۆز دەکەن و خوێنەر بەرهەم دێنن بە واتا سادەکەی، من لە شوێنیتر و لە ژێر ناوی “بەشداری خوێنەر لە قەوارەی شیعری نوێی کوردی دا”7 بە تێر و تەسەلی ئەم پرس و کێشانەم باس کردووە و لێرەدا تەنها چەند پرسیار دەخەمە روو. خوێنەری کوردی چۆن کارئەکتەرێکە؟ نووسەری ئێمە چەندە خوێنەرە؟ (بەو واتایەی کە لە سەرەوە باسم کرد) خوێنەری ئێمە چەندە هەوڵ دەدات ببێت بە نووسەر و نڤیسکاری دەق؟ پێگەی دەق لەم هەموو هاوکێشەی ئالۆزەی زمانیی کوردی لە چ ئاست و پلەیەک دایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بابەتی تۆژینەوەی زانستی و بگرە میتۆدیکی مەیدانیشن و دەشێت کاری لەسەر بکرێت. خستنەرووی ئەم باسە بەو مەبەستە بوو کە رەهەندی گەشەی دەق و پێوەندی قووڵی لەگەڵ دانەر و خوێنەر باشتر زەق ببێتەوە. بەم باسە گشتییەوە دەچینە سەر باسی ئەزموونی شیعریی یوونس رەزایی و خستنەبەرباسی چەند تایبەتمەندییەکی شیعریی ئەو.
“کۆچەرییانە بوون لە نێوان “شین ترین بەتاڵ” و “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان”
(بە لێکدانەوەی چەند نموونەی شیعریی)
ئەزموونی شیعریی “یوونس رەزایی” بە چاپی یەکەم دەفتەرە شیعری شاعیر لە ژێرناوی “شین ترین بەتاڵ” لە ساڵی 1380دەست پێدەکات، ئەگەرچی کات و ساتی لەدایک بوون و نووسینی شیعرەکانی ئەم دەفتەرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش 76 ، واتە شیعرکان لە مێژوویەکی پێشتر لە چاپکردنی کتێبەکە نووسراون و لە نێوان ساڵانی 76 تا80لەدایک بوون واتە بۆ نموونە شیعری “خنکان” و “تاڵ” لە هاوینی 76ەوە نووسراون کە قەدیمیتر لە باقی شیعرەکانن، هەڵبەت دەشێت ئەمەش لەبەرچاوبگرین کە هەندێک شیعری ناو ئەم دەفتەرە مێژووی نووسینیان تۆمار نەکراوە وەکوو “بەرچەی گومان دا”، “ئووستوورە”، “لە تابووتەوە-لەئاسۆوە-تا ئەبەد” و “گورگێک وەک من” و هەندێکیشیان دوا مێژووی لە دایک بوونی شیعرەکانی ئەم دەفتەرە دەگەڕێتەوە بۆ پاییزی 80 وەکوو “شین ترین بەتاڵی تەنیایی” و “ئەگەر خەرامان و زۆر شتیتریش” پێکهاتی کۆی ئەم دەفتەرە شیعرە چەند شتێکی گشتیمان بۆ دەخەنە روو، یەکەم ئەوەی کە ئەم دەفتەرە وەکوو مانیفێست و پێناسەی رچەی شیعریی شاعیر دەخرێتە روو و لە چاوەی دەفتەری دووهەمی شاعیر واتە “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” کەمتر رادیکاڵانەتر و سرکترە.
هەڵبەت هەموو شیعرەکانی ئەم دەفتەرە وا نین و زۆرتر مەبەستی من بەشی یەکەمی پێکهاتی دەفتەرەکەیە کە لە ژێر ناوی “مێژووی شێتی و بیست و دوو هەنگاو” خراوەتە روو، کو 22 هەنگاوە و مێژووی شێتی، بەم پێیە بە مێژووی شێتی دەکات بیست و دوو هەنگاو و نیو یان بیست و سێ هەنگاو کێ دەزانێ “مێژووی شێتی” بکات بە ژمارە؟ بە نیو حسێب دەکرێت یان یەک؟ لێرەوەیە دەبێ سەرنج و شیکاریمان چڕبکەینەوە لەسەر ژمارە لە شیعریی ئەم دەفتەرە دا و بەتایبەت لە بەشی یەکەمی پێکهاتی گشتی دەفتەرەکە دا کە هەر وەکوو وتمان مانیفێستێکی دەقیانە و پێناسەیەکی شیعرییانەیە لە ئەزموونی شاعیر. ژمارە یان رەقەم ئەگەرچی توخم و “پیتی” زانستێکی کارکردگەرا و کردەکی وەکوو بیرکاری (ماتماتیکن) بەڵام لێرە دا تەنها هەڵگری ئەو رەهەند و کارکردی ژمارەییە نییە و زۆرتر روانینێکی ماناخواز و دژەباو و بە فۆرمیتر دژەمانا لە رەقەم و ژمارە دەخرێتە روو، ژمارە لەم دەفتەرەدا ئەوەندە ئاماژەیە بۆ بردنەژێر پرسیار و رەتکردنەوەی ژمارە و خوێندنەوە و پێناسەی نوێ بۆ ژمارە لە قەوارەیەکی شیعری دا ئەوەندە هاوکێشە و چوارچێوەیەکی ماتماتیکی نین، ئەگەر ئێمە بڕێکی کەمیش لە ماتماتیک شارەزا بین دەزانین کە ماتماتیک تەنها دەپەرژێتە سەر ژماردن و ژمێریاریی و حیسابکردن بۆ ئەو هێڵ و هاوکێشە و رووبەرانەی کە بۆ ژماردن دەلوێن، بۆ حیسابکردن دەشێن و ژمارە دەستی پێیان رادەگات، ئایا رەقەمی پی لە ماتماتیک ئەوەندەی چارەسەرە بۆ ئەنجامدانی حسێبێک ئەوەندەش هەڵهاتن نییە لە ژمارەهەڵنەگریی و فامنەکردەییەکی ماتماتیکیانە لە کۆمەڵێک “شت”؟ ئەگەر لە دەرەوەی هاوکێشەکانی ماتماتیک و فیزیا چاو لە ژمارە بکەین لە راستی دا ژمارە چییە؟ئایا ماتماتیک دەتوانێت”ژومارەی بزە” یان “ژومارەی سەروا” حیساب کات؟ئەگەر توانی ئەمە بکات ئەوکات هاوکێشەکە چەندە میکانیکی و ناشیعریی دەبێتەوە؟ژمارە لە شیعری شێت دا فۆرمێکیترە لە دەور و رۆڵی “پیت” بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ جیهان و بوونی وەگێڕ:-
سەرەتای بەشی یەکەمی شێتی
یەک…دوو…سێ
{درێژەی ژوماردنی حەبەسانەکانی زەمان}
من…تۆ…ئێمە{دووپاتەی شیرینی نەسرەوتن}
ترس…پێداویستی…هیرەمی ئارەزوو
{زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}
مەملەکەتێکی وشەیی
بەندیخانەیەکی خەون و
حکوومەتێکی شێتۆکڕات
شین ترین بەتاڵ ل20
هەر وەک دەبینین لەم بەشە دا تەقارون و هاوتەریبییەکی فۆرمی لە نێوان سێ برگە و دێڕی سەرەتا دا دەبینرێت کە هەر بڕگ و دێڕێکیش کەوانەی تایبەتی خۆی هەیە و لە کۆتایی ئەم بەشەش دا روونکاریی و ئەنجامگیرییەک لەو تەقارونە دەخرێتە روو کە بە ژمارەوە دەست پێدەکات، ئەگەر ئەو تەقارونە بە شکڵیتر دابڕێژینەوە وای لێدێت:-
یەک=من…دوو=.تۆ…سێ=ئێمە
یان:
یەک+من=ترس/دوو+تۆ=پێداویستی/سێ+ئێمە=هیرەمی ئارەزوو
یانتر:
یەک(من)+دوو(تۆ)=سێ(ئێمە) کە دەکاتە ترس…پێداویستی…هیرەمی ئارەزوو
لەم نووسینەوەی تەقارونە دا دەشێت ئێمە باسی یەک(one) یان من(i) یان ئیگۆ(ego) بکەین کە پیتەکانی سەرەتای هەر کام لە دێڕەکانن( هەڵبەت بەو مەرجەی ترس بە ماتۆڕ و رووداوی خەلیقەتی مرۆڤ بزانین بەو فۆرمەی کە نیچە باسی دەکات8 و بەم پێیەش لە دێڕی سێهەم وای وێنا بکەین لەباتی ئیگۆ ترس دانراوە، ئەو ساتە بوونناسانەیەی کە ترس خودی ئیگۆیەو بەپێچەوانەشەوە). “یەک” وەکوو پیتێک کە ئاماژەیە بۆ ژمارەیەکی مانادار (تاقانە، خودا، هەڵبژێردراو وەکوو ئەوەی لە عیرفانی رۆژهەڵاتیانە دا هەیە و لەفیلمی ماتریکسیش باسی کراوە9) یەکەم وشەی دەەسپێکی”سەرەتای بەشی یەکەمی شێتی”یە…ئایا “یەک” یان تاقانە و واحید و ئیگۆ هەر هەمان ئاماژە و خوازەگەلی جیاجیا نین بۆ ئید(id) و ئەو سەرچاوە ئاسمانی و نەناسراو و دەست پێڕانەگەیشتووەی کە بنەمای “خود”(self)ە؟10ئایا ئەم منە کە “یەک”ە و ترسیشە و لەگەڵ دووواتە(تۆ) (پێداویستی) تێکەڵ دەبێت و دەبێت بە “سێ” و “ئێمە” و “هیرەمی ئارەزوو”، هەر هەمان نیشانەکانی سووژەی شێت لە قەوارەی پیتی شێتانە و ماتماتیکیانەی شێتیی دا نین؟ بە دڵنیاییەوە ئەگەر کەوانەکانی بەردەم هەر کام لەم دێڕانە لەبەرچاو بگرین تێدەگەین کە نیشانەکانی سەرهەڵدانی سووژەی شێتی و مانیفێستی دەقیانە بۆ “فۆرمیتر لە بوون” بە خەستی دەردەکەوێت:-
یەک…دوو…سێ {درێژەی ژوماردنی حەبەسانەکانی زەمان}
لەم دێڕە دا بە روونی لێکدژیی ژمارە و رستەی ناو کەوانە دیارە، وەگێڕ بۆ فۆرمیتر لە زمان دەگەڕێت…فۆرمیتر لە بوون کە لە دێڕی پاش ئەمە بە تێمێکی دەروونناسانە و فەلسەفییەوە دەیخاتە روو:-
من…تۆ…ئێمە{دووپاتەی شیرینی نەسرەوتن}
ئەم دێڕە و کەوانەکەی بەردەمیشی هەڵگری هەمان لێکدژی هەن بەڵام لە ژێر تیشکی تەقارونێک کەلەگەڵ دێڕی یەکەم و کەوانەکەی دا هەیە واتە بەگشتی دووپات بوونەوە و تیکرار با شیرینیش بێت قەبیحە…تکراروقبیح ولو کان ملیح…با پڕ بێت لە مەلیحی و شیرینی نەسرەوتنیش بەڵام کاتێک من و تۆ ئێمە بین و یەک و دوو بکات سێ ئیتر:-
ترس…پێداویستی…هیرەمی ئارەزووە کە دەڵێت:{زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}
لەم دێڕە دا ئێمە لەگەڵ فۆرمێک لە دەرکەوتنی تایبەتی و بوێرانەی وەگێڕ رووبەرووین ئیتر کەوانەی بەردەم ئەم دێڕە دژایەتی نییە لەگەڵ دێڕی پێش خۆی و تەقارونیش نییە لەگەڵ کەوانەکانی پێش خۆی بەڵکوو سەرەتایەکە بۆ مانیفێستکردنی مانا و جیهان و ژمارە لای خۆی لە رێگەی: {زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}. لەم خاڵە دا تێدەگەین کە وەگێڕ دەیەوێت دێڕەکانی یەکەم و دووهەم کە دەشێت سەر بە جیهانی ماتماتیک و دەروونناسی یان زمان و رێزمان بن تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی:-
مەملەکەتێکی وشەیی
بەندیخانەیەکی خەون و
حکوومەتێکی شێتۆکڕات. شین ترین بەتاڵ ل20
رۆبنێت. واتە ئێمە ئەگەر سەرنج بدەینە لێکدانی “هیرەمی ئارەزوو” کە لێکدانێکی ماتماتیکیانە و دەروونناسانەیە لەو چڕ بوونەوەیەی ئیمکان و ئەگەر و نەناسراوەیی و نایاسایی و…شێتییەی جیهان تێدەگەین. ئەگەر “هیرەم” یەکێک لەو شکڵە سەیرانەی ماتماتیک بێت کە هێشتاش میعمارەکان و ئەندازیاران (کە بێگومان لە چاوی رەقەم و ژمارە و حەجمەوە چاو لە هیرەم دەکەن و هەرواش دەکرێت لە زانست دا) لە درووست بوونی هیرەمە سێیانەییەکانی میسر حەپەساو و سەرسووڕماون لە گرینگی هیرەم و رۆنانی حەجمێکی ئەندازەیی وەها تێدەگەین، کاتێک ئەم نەناسراوەییە و پێناسەهەڵنەگریی و سەیروسەمەرەبوونە لەگەڵ چەمکی ئارەزوو لای فرۆید تێکەڵ بکەین، رووبەڕووی جیهانێکی لێڵ و پێڵ و نەناسراو و دەست پێڕانەگەیشتوو و ناوشیار و شێت دەبینەوە. ئایا شێتی چەندە لە ناو وشیاری(the consciousness) دا دەژی؟چەندە سەر بەهەرێمی ناوشیاریی(the unconscious) ە؟ئایا چەشنێکە لە نیوەوشیاری و خەونکردن و ئارەزووکردن؟فۆرمێکە لە حەجم و چەند لاپاڵی بوون لە هیرەمی ئارەزوو دا؟
هیرەمی ئارەزوو مەجازێکە بۆ جیهانێکی نەناسراوی بێ بن و بێ یاسا، مەجازێکە بۆ جیهانێکی ناوشیار و شێت، مەجازێکە بۆ خوازەیەک بە ناوی شیعر، کە هەڵگری ئاوەڵناوی شێتە…خوازەیەک کە لە درێژە دا ئەم وتانەمان دەسەلمێنێت:-
حکوومەتی شێتۆکڕات
بە خوێنی گومانی نەسرەوتن مۆر کراوە: سەنەدی وێڵیمان
-ئەو هەستە شیرینە شیعرە. ل 20
تا ئێرە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەزموونی شێت سەرەڕای مانیفێستکردنێکی شیعریی کەهەڵگری وەها سیحر و دژەباویی و نەناسراوییەکە کە لەلایەن وەگێڕ و لەم دێڕانە دا خراوەتە روو لەهەمانکاتیش دا لەم دێڕانەی کۆتایی دا نیوەچڵ بوون و سەرەتای رێگەی ئەزموونی شێت دەبینین، ئەو رێگایەی کە لە بەشی دووەمی دەفتەری “شین ترین بەتاڵ” واتە لە شیعری”پەری دەریایی لە تەلاری ئاو دا”ل43 بەو لاوە و بە تایبەتیش لە شیعرە کۆتاکان دا بەرەو پوختە بوون و تەکاموڵ دەڕوات، تەکاموڵێک کە لە شیعرەکانی دەفتەری دووەم واتە “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” دەگاتە ئەوپەڕی دەربڕین و کارکردی شێتانەی خۆی لە جیهانێکی تا سەر ئێسقان شێت و بێ یاسا و لێوانلێو لە وڕێنە و ئارەزووی سەیر و خەون. لە شیعرە کۆتاکانی دەفتەری یەکەم دا دەکرێت وەکوو هەڵبژاردە ئاماژە بە شیعری کورتی “!” بکەم، کە نموونەی هەرە باش و کورتی هەڵسوکەوتی وەگێڕە لەگەڵ پیت و گرینگتر لەوەش شوێن و شوێنگەی پیتەکانە لە ئاستی یەکدی دا، لەم شیعرە دا ئێمە لەگەڵ وێنەی بزۆک یان جووڵەیی دا کە یەکێکە لە تەکنیک و فۆرمەکانی شیعری شێت بە زەقی رووبەڕوو دەبینەوە. وێنەی بزۆک، کایەکردنە بە پیتەکان لە تۆڕی چنینی دێڕەکان لە ناو گێژەنێکی سیحراوی وێناکردن(imagination) دا. واتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت وێنە ببزوێت و بجووڵێت ئەمە جگە لە رێگەی خەیاڵ و وێناکردن چ لای شاعیر و لە قەوارەی پیتیانەی شیعر و چ لای وەرگر و لە قەوارەی پیتیانەی شیعری داڕێژراو و نووسراو بۆ خۆی، نایەتە دی.
جگە لەمەش وێنە بەر لەوەی لە رێگەی وێناکردن و خەیاڵەوە بکەوێتە جووڵە و گەڕ، دەشێت لەنگەرێکی واقیعی هەبێت، هەرچەندە ئێمە هەنووکە ناتوانین باسی واقیع وەکوو جیهانی دەرەکی و بەرهەست بکەین، بەڵکوو واقیع ئەوەندە وشە و خوازەیەکە بۆ ئاماژە بە دنیایەکی دەرەکی ئەوەندە هەقیقەتێکی روون و ئاشکرا و کۆنکرێت نییە و هەر لێرەوەڕا جیاوازی واقیع و هەقیقەت دەست پێدەکات. دریدا گوتەنی واقیع وشەیەکە بۆ ئاماژە بە واقیعێک کە ئێمە کردوومانە بە وشە، وشەیەش ئەوەندە بونیادێکی ناوشیارانە و خوازەیی هەیە دەبێت هەر دەم واسازی و پێکهاتشکێنی بکرێت. دەشێت وشەیەک چەندە واقیع بێت و واقیع چەندە وشە بێت؟ پرسیارێکە کە باسێکی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەندەی بەم باسەوە پەیوەست بێت و بۆ لێکدانەوەی کورتە شیعری “!”، دەشێت بڵێم ئەم شیعرە بە لەنگەرێک و لە قەبارەی وێنەیەکەوە دەست پێدەکات، ئێمە بەر لە فڕین دەشێت وێنای ئەوەمان هەبێت کە لە سەر زەمین داین و سەر بەهەرێمی نەفڕیوەکان، ئێمە بەر لە خەیاڵکردن دەشێت گریمانەی ئەوە بکەین کە لە واقیع داین، رەنگە بۆیە ئەم شیعرە بەر لەوەی ناوێکی وشەیی و نیشانەیەکی باوی نووسراوەیی لە سەر بێت، نیشانەیەکی رێزمانیی واتە نیشانەی سەرسووڕمانی بە سەرەوە بۆ دانراوە، نیشانە وەکوو ناو، ئەمەش دەشێت ئەوە بگەیەنێت کە ئەم شیعرە سەرەتایەکی باشە بۆ گەشەی ئەزموونی شێت هەم لە رووی زمان و هەم لە رووی فۆرم و پێکهاتەوە، شیعرێک کە مەحکوومە بە زمان ئەگینا زمانەوەری تایبەتمەندیی شێت نییە، یان با بڵێین شێت فۆرمی باوی زمانی بەلاوە هەر پێ فام ناکرێت.
“!”
ئەڵماسی هیچ بزەیەک نەخشەی خەڵووزی وێرانی دڵم…
ئەو رستەیە تەواو نابێ بە دڵپڕی
ئەڵماسی وێرانی بزەت کە خەریکە چاوەکانم…
ئەو شیعرە درێژە نادرێ ئاوا بە هەست
هزر دەڵێ: ئەڵماسی ئەوین درۆیە.
3/11/78شین ترین بەتاڵ ل65
لەم شیعرە کورتەی دەفتەری یەکەم دا لە چاوەی ئەو وێنە بزۆک و جووڵەیی و حەجمدار و چەند لاپاڵیانە دا کە لە شیعری درێژی”سەردێڕی شیعرێکی خوێناوی بە پەیڤی دارەبەن” و “قامەتی بێ زەمانی مانا” و هەروەها “رۆژ ئەژمێرێ رەوەز” کە سەر بەدەفتەری دووەمی شاعیرن، ئاستێکی کەمتر بزاوتوو و کەم جووڵەی وێنە ئامادەیی هەیە و هەمدیس ئەوەندەی مانیفێستکردنی تەکنیکی وێنەی جووڵەیی و تاقیکردنەوەی تەکنیکەکەیە ئەوەندە درەوشانەوە و گەشانەوە و رادیکاڵبوونی ئەم تەکنیکە نییە. لەو شیعرانەی دەفتەری دووهەم دا وێنەی بزۆک لە فۆرمێکی تەواو و گەشەکردوو دا دەردەکەوێ. بۆ نموونە لە شیعری درێژی “قامەتی بێ زەمانی مانا” دا ئەگەرچی وشەی “لەیلا” لە سەرەتا دا خوازەیە، بەڵام لە کروتەون و تان وپۆی شیعرەکە دا ئیتر بەم فۆرمە نامێنێتەوە ئەوەندە بزواندی خەیاڵ و وێناندنی وێنەی ئەو خوازەیەیە ئەوەندە مونادا و خیتاب و قاوکردنێک نییە لە کارئەکتەر و کەسایەتییەک. بەڵکوو ئەم کارئەکتەر و کەسایەتییە بە شکڵیتر و فۆرمیتر وێنا دەکرێت، ئەگەر بە وتەی “د.رەهبەر مەحموودزادە” وێنەی بزۆکی شیعری شێت هەڵگری دوو لایەنی خەیاڵی و حەجمی بێت ئەو من دەڵێم کە لە بڕێک لە شیعرەکان11 دا و بۆ نموونە لەم شیعرە درێژە دا هەڵگری رەگەزی خوازەییشە و هەر ئەمەیە کە تەکنیکی شیعری شێت و زمانی شیعری شێت سرک و کەوی نەکراوە دەکات. ئێمە لە هەر پیت و لە کڵاورۆچنەی هەر وشەیەکەوە بچینە ناو شیعریی شێت سەفەرێکی تایبەت و جیایە لە کڵاورۆچنەی پیت و رێگای وشەکانیتر دەست پێ دەکەین، تایبەتمەندیی دژە باویی شێعریی شێت لە خوازەمەند کردنی پیت لەرێگەی وێناندنی وێنە بە ناو وێنە دایە.