“چارەسەر و بنەڕەتی کارەسات”
زۆربەی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تا پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە عەرەب لە ناوچەکە بوونی نەبووە. رووباری فورات سنووری نێوان کورد و عەرەب بووە، عەرەب لەوبەری فوراتەوە بوونیان نەبووە.[1] بە گشتی لە سەردەمی ساسانییەکان، کە ئیمپراتوریایەکی کوردی بووە، ئەبینین بۆ پارێزگاری لە سنووری باشووری ئیمپراتۆرییەکە، پشتیان بە کۆمەڵە هۆزی عەرەب بەستبوو، کە دواتر لە کوردە ساسانییەکان هەڵدەگەرێنەوە.
بە دەستپێکردنی فتوحات، پرۆسەی تەعریب دەست پێی دەکات، بە چڕی لە مووسڵ دەستی پێی کرد، شاری تکریت بە تەواوی لەناوبرا و دانیشتوانی بە یەکجار جینوساید کران. یەکەم گەرەک و مزگەوت بە ناوی “خەزرەج” لەناو مووسڵ دروستکرا، پاشان دەرگا بۆ هاتنی هۆزەکانی تر کرایەوە و خێڵە عەرەبەکان هاتن وەک “تەمیم-تەعلوب-قەیس-ربیع-حزاعە” لە سەردەمی عوسمانی کوری عەفان ژمارەی عەرەب زیادی کرد و ئەو فەرمانی کرد چوار هەزار کەس لە قەبیلەکانی (ئەز- کندە-عبد-قیلی) بنیردرێن، لە سەردەمی عەلی کوری ئەبو تالیب ژمارەیەکی زۆری هۆز و تیرە عەرەبییەکانی کوفە و بەسرە کوچیان کرد بۆ ناو شاری مووسڵ، بەم شیوەیە عەرەب کردیان بە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. لە سالی ١٢٠٠ زاینی ژمارەیەک لە خێلە عەرەبەکانی (شەمەر و تەی) کە دەوارنشین بوون لە عەرەبستانی سعودی هێنران و لەناوچەکە نیشتەجێکران، عەشیرەتەکانی “عوبید و جبور و عگیدات و حرید و لهێب” ئەمانە عەرەبی دەوارنشین بوون و لەناوچەکانی مووسڵ و خوارووی هەولێر و خوارووی کەرکوک نیشتەجێ کران. شەنگال و ڕوها، ئەوانیش بەر تەعریب کەوتن.[2]
ئیبن خەلدونی فەیلەسوفی مەزن دەڵێت “عەرەب دەست بەسەر هەر وڵاتێکدا بگرن وێرانی دەکەن، چونکە بەرای ئەو عەرەب نەتەوەیەکی وەحشییە و سرووشتەکەی ئەوەیە کە شتی ناو دەستی خەڵک برفێنن و رزقیان لە سایەی شمشێرەکانیانەوەیە، نەک هەر سل لەوە ناکەنەوە ماڵ و سامانی خەڵک بەرن، بەڵکو چاویان بە مال و سامانی خەڵک کەوت تاڵانی دەکەن.[3]
کەواتە ئەکرێت بڵێین پرۆسەی جەنگی هەزار ساڵەی نێوان دوو نەتەوە هەقیقەتێکی مێژووییە، لە سەرەتادا فورمی ئەم جەنگە بەمشێوەیە بۆوە جەنگی (ساسانی ـ عەرەب) دواتر بۆ بە جەنگی ( کورد ـ عەرەب)، بەمشیوەیە عەرەبەکان وەک نوێنەری خەلافەتی عەباسی و ئومەوی، کوردەکان لە چوارچێوەی نوێنەرایەتی ئیمپراتوریەتی ساسانی، درێژەیان بە ململانێکان دا، لە سەردەمی خەلافەتی عەباسی و ئومەوی، چەندین ڕاپەرین و هەستانی مەزن بەرپابوون، کە کورد ڕۆڵی مەزنیان دەگێرا دژی سیستەم و بوونی عەرەب و خەلافەت. کاتێک ئەگەین بە سەدە نوێیەکان دیسان ئەم ململانێیە بوونی هەیە، چونکە هەقیقەتێکی مێژووییە. پرۆسەی تەعریب لە سەردەمی فتوحاتەوە دەستی پێی کرد و هەموو ئەو هۆزە کوچەر و بەدوی عەرەب ئەهێنران و لەسەر خاکی کورد نیشتەجێ ئەکران، لە خوارەو ئێمە ئەگەین بە سەدەی بیست و هەمان هەقیقەت و فورمی ململانی ئەبینین.
“قۆناغەکان و سیستەمەکان”
- لە سەدەی بیستەم کاتێک دەوڵەتی ئێراقی دامەزرا، لەو کاتەدا حکومەتی پاشایەتی ئێراق دروستکرا، ئەو دەوڵەتە وەک دەوڵەتێكی عەرەبی بە سیستەم پاشایەتی هەستا بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە کوچرەوەکان ( بەدوکان)، لەسەر خاکی کورد.
- لە ساڵانی ١٩٥٨ دوای کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشایەتی و دامەزراندنی سیستەمی کۆماری لە ئێراق، لەگەڵیدا بە فاکتەری دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک کە پێگەی شارەکەی ستراتیژی کرد، دەوڵەتی ئێراقی یەکراست دەستی کرد بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، لە پرۆژەی حەویجە لە ساڵی ١٩٣٩ کە پێشتر زیاتر لە (٢٠٠٠٠) خێرانی عەرەبی تێدا نیشتەجێکرا، ئیتر عەرەبی کوچرەوی تر لەهۆزەکانی “العبید و توی” لەو ناوچەیە نیشتەجێکران، لەهەمان کاتدا دەستکرا بە وێرانکردنی ماڵ و حالی کوردەکان لە بارزان.
- لە ساڵی ١٩٤٨ بەناوی “توطین العشائر” کۆمەڵێک شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هۆزە عەرەبەکان لە دەشتی تەلەعفەر و شەنگال و حەزەر دروستکران و عەرەبیان تێدا نیشتەجێکردن.
- لە ساڵی ١٩٥١ لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبە کوچەرەکان و هەر ماڵە عەرەبێک (١٥٠) دونم خاکی پێدرا، ئەمەش لەسەر حسابی خاکی کورد لە دەشتی قەراج و حەویجە و کەرکوک.
- لە ساڵی ١٩٦٣ دا هێرشی “حەرەس قەومی” بۆ سەر شار و گوندەکانی کورد دەستیپێکرد و گوندەکانی ناوچەی کەندیناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بوون بە قوربانی، کە هەر لە مزگەوت و قوتابخانە سوتاندن تا خەڵک جینوسایدکردن درێغیان نەکرد.
- لە ساڵی (١٩٨٨) پرۆسەی نەگریسی ئەنفال دەستی پێی کرد بە کە نزیکی ( ٢٥٠) هەزار جینوسایدکراو و بێسەروشوێن و کیمیاباران کراو، بوونە قوربانی دەستی عەرەب و دەوڵەتی ئێراق.[4]
- بێجگە لە کوشتن و بێ سەروشوێن کردن، لەلایەکی تر رژێمی بەعسی عەرەبی، کۆمەڵێک منداڵ و ئافرەتی گەنجی بە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو فرۆشت کە نزیکەی ( ٦٠٠ تا ٧٠٠) کەسبوون.[5]
- تێروانین و دیدگایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر ئەنفالدا ئەکرێت بڵێن هەر لە ڕۆشنبیرەکانی عێراق و وڵاتە عەرەبی و موسلمانەکان نۆزەیەکیان نەهات لە بەرامبەر ئەنفال و پرۆسەی جینوساید.[6] ( قسەنەکردن بە مانای رازیبوون و پاڵپشتیکردنە نەک هیچ شتێکی تر)
- یەکێکی تر لەو کارەساتانەی کە وەک نەنگی بە چاوی جیهانەوە ئەمێنێتەوە، بارودۆخی ئەو ژن و منداڵانە بوو کە لەو ئۆردۆگاکاندا هێشتبوویانەوە و دەوروبەریان بە ئەمن و موخابەرات گیرابوو لەگەڵیدا ئاو و کارەبایان لەسەر بردرابوو و دەست درێژی بەردەوامیان دەکردە سەر ئابروو و کەرامەتی ئەو ژن و کچانە و چەندین منداڵی زۆلیان لێ نانەوە، خواردن بوونی نەبوو و شەوانە وەک جەنگی دەروونی تەقەیان بە ئاسمان دەکرد.[7]
- لە جینوسایدی ئێزدییەکان، دەیان هەزار ئیزدی جینوساید کران و زیاتر لە (٥٠٠٠) کچی کوردی ئێزدی بەکەنیزەک کران لەلایەن داعشەکانەوە و لە وڵاتانی عەرەبی تریش ئێستە کچە ئێزدییەکان ئەدۆزرێنەوە کە کرین و فروشتنیان پێوە کرابوو، نەک تەنها لە ئێراق و سووریا و عەرەبەکانی ئەوێوە.
هەموو ئەو هەقیقەتە مێژوویانەی سەرەوە دەرخەری ئەمەن:-
1. کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبەکانە وەک نەتەوە، نەک کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عەرەب بێت، وەک دەبینین هەر لە مێژووی کۆنی سەردەمی فتوحات تا سەردەمی خەلافەتی عەباسی و دواتر عوسمانی و هاتنی سەدە نوێیەکان و سیستەمی پاشایەتی و کۆماری و توتالیتار، عەرەب خەریکی کوشتار و تەعریب و داگیرکردنی کوردە، کەواتە ئەمە درێژکراوەی ململانی ( کوردە ساسانییەکان ـ عەرەبەکان) بۆ ململانێی ( کوردەکان ـ عەرەبەکان).
2. کێشەی خاک و تەعریب و جینوساید و جیاوازی نەتەوەی و نەبوونی سەروەری بنەڕەتی کێشەی کوردن، بەمجۆرە کێشەی کورد نە پەیوەندی بە پێکەوەژیان هەیە، نە بە دیموکراسی و یاساکان لە ئێراقدا، کورد هەزار ساڵە خاکی داگیرکراوە و داوای پێکەوەژیان ئەکات، ئەگەڕ کێشەکە پێکەوەژیان بایە، دانەیەک لە سیستەم و فورم و حوکمرانی عەرەبی تا ئێستە چارەی کردبوو، پرسی کورد، پرسی نەتەوە و خاک و سەروەرییە نەک هیچی تر.
3. بوونی کورد لەسەر خاکی خۆی، مێژووی ڕەسەن و کەوناری، پێوەری بوون بە خاوەنداریەتی تەواوی خاک ئەبەخشێت بە کورد، بۆیەش کورد ئەبێت هەقیقەت قەبووڵ بکات و ئیتر دیوارێکی دیموگرافی لەبەرامبەر عەرەب هەر لە حەزەر و شەنگالەوە تا کوت و مەندەلی ئەبێت ساز بکات، هەمان سیاسەت و ستراتیژی چینییەکان کە بەکاریانهێنا لە بەرامبەر تورکەکان و مەغولەکان، ئەوجا رەوی ئەم کۆچەیان ناو لێ ناوە ( کۆچی کەشوهەوا یان کۆچی تەعریب یان کۆچی بازرگانی) هەر ناوێکی هەیە، هیچ پێوەرێکی ئەقڵی و لوژیکی قەبووڵی هیچ تەنازولێک ناکات لە بەرامبەر خاکدا.
4. کێشەی تەعریب و کوردستان، فورمێکی ئایدۆلۆژی وەرگرتووە، کە عەرەب هەوڵ دەدات لە ڕێگای بەکارهێنانی ئایینەوە، درز بخاتە کولتوور و نەریتی کوردییەوە تا ئاسان کورد لە کوردبوون بخات یان بیانکات بە عەرەب یان خاکەکە بە ئاسانی دەست بەسەردا بگرێت و مرۆڤی کورد پاسیڤ بمێنێت ئاستێکی تریش هەیە کە پاسیڤ بوونە یان ناچالاکبوونە، ئەمیش بەمجۆرەیە (هەر بوو نموونە تاک هەیە لە ماڵی خۆی دانیشتووە قسەی نەشیاو بە ئالا و نیشتیمان و خاک و مێژووی خۆی ئەلێت چونکە نادادپەروەی بەرامبەر کراوە یان کەسێک مێشکی ئالۆز کردووە کە فلان و فیسار شت لە نەتەوە و ئالا لە پێشترن، لەبەرامبەردا ئەبینێ خاکی تەعریب کراوە، خۆی و دەورووبەری هەموو بە نەتەوەیەکی تر تەنراون، ئەیکات بە خەتای فلان و فیسار لایەن و کەس، بەمە خۆی لە چالاکبوون دادەمالێ، ناچالاک ئەبێت و بەمەش واقیعەکانی بەسەردا فەرز ئەبن) بۆیە گرنگە کولتووری کورد و زمانی کوردی یەکگرتوو و بونیادی ڕۆحی نەتەوەی، نوێ بکرێتەوە و تاکەکانی پێوە پەیوەست بکرێن، تا نەتەوەکانی تر لە ڕیگەی هەژموونی ئایدۆلۆژی و نەریتی نەتەوەی خۆیانەوە درز نەخەنە ناو ماڵی کورد و جل و بەرگ و زمان و نەریت و ئەقڵیەتی خۆیان زال نەکەن و ئامانج بپێکن.
لە کۆتایدا کێشەی کورد لەگەڵ تەعریب و بێ دەوڵەتی و نەتەوە نەبوون، کێشەیەکی قوڵی ئەقڵی و کولتوورییە پێش ئەوەی هیچ بنەڕەتێکی تری هەبێت. کورد بۆ ئەوەی گوزەرا بکات و بگات بە ئامانج و بنەڕەتێک، ئەبێت هۆشیاربێتەوە دەست بە مێژوو و سیاسەت و ئابووری و جومگە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە بگرێت و لە سفرەوە تا سەد، هەموویان بداتە بەر تێفکرینی قوڵ و رەخنەی بابەتی تا لاوازی و کێشەکانی خۆی دیاری بکات و ببێتە مرۆڤێکی سیاسی و خاوەن نەتەوە و دەوڵەت، و دووبارە ئەقڵیەت و بونیاد و هێز و بوونی خۆی سازبکاتەوە، بەمە کێشەکانی تری ئاسان چارە ئەبن. کێشەی کورد لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکانە، بە خۆهۆشیارکردن ئەگات بە قوناغی یەکەمی بە نەتەوەیبوون و دواتر ڕۆشنگەری و سیستەم سازکردن، ئیتر ئەم کێشانە لە ڕەگەوە کۆتاییان پێی دێت. هەقیقەتەکان قەبووڵ بکەن و چارەسەر لە ئەقڵەوەیە.
سەرچاوەکان
1. بەعەرەبکردنی کوردستان، عەفوور مەخمووری، چاپی چوارەم، ٢٠٢٠.
2. پاکتاوی رەگەزی کورد لە مێژوودا، شێخ سدیق، ٢٠٠٥.
3. راگواستن لێکۆڵینەوەیەکی جوگرافی و مێژووی و راگواستنی زۆرەملێێ گوندنشینەکانی کوردستانە، عومەر هەمزە ساڵح، چاپخانەیی خانی ـ دهۆک، ٢٠٠٩.
4. جینوساید و کاڵبوونەوە، لەتیف فاتیح فەرەج، چاپخانەی کورۆ، ٢٠٠٤.
5. کورد و جینوساید و ئیبادەکردن هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی، هەژار عەزیز سورمێ، چاپخانەی خەبات ـ دهۆک، ١٩٩٨.
[1] بەعەرەبکردنی کوردستان، عەفوور مەخمووری، چاپی چوارەم، ٢٠٢٠، ٢٦.
[2] پاکتاوی رەگەزی کورد لە مێژوودا، شێخ سدیق، ٢٠٠٥، ١١-١٤.
[3] بەعەرەبکردنی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، ٢٧ـ٢٨.
[4] بەعەرەبکردنی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، ٣٦ـ٤٠ـ٤٣ـ٤٨ـ٦٦.
[5] راگواستن لێکۆڵینەوەیەکی جوگرافی و مێژووی و راگواستنی زۆرەملێێ گوندنشینەکانی کوردستانە، عومەر هەمزە ساڵح، چاپخانەیی خانی ـ دهۆک، ٢٠٠٩، ١٠٠.
[6] جینوساید و کاڵبوونەوە، لەتیف فاتیح فەرەج، چاپخانەی کورۆ، ٢٠٠٤، ٢٩.
[7] کورد و جینوساید و ئیبادەکردن هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی، هەژار عەزیز سورمێ، چاپخانەی خەبات ـ دهۆک، ١٩٩٨، ٥٠.