ئاشنای کتێب نەبووی تاوەکو سەردانی باپیرت نەکرد. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە باوانت هیچ کتێبێکیان نەبوو؟
ئەمبرتۆ ئیکۆ:- ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەبوو باوکم لە هەڕێتی لاوێتیدا خوێنەرێکی جدی بووە. لەبەرئەوەی باپیرم سیازدە منداڵی هەبووە تەنها بە پێداویستییەکاندا گەشتووە، نەیتوانیووە کتێب بکڕێت. هەر بۆیە باوکم لە کۆشکەکانی کتێبی سەر شەقام سەرگەرمی خوێندنەوە بووە. کاتێکیش خاوەن کۆشکەکە بێزار دەبوو لە ڕاوەستانی باوکم لە پەنای کۆشکەکەیەوە، باوکم ئەو کۆشکەی بۆ کۆشکی دواتر جێدەهێشت. بەمشێوەیە وێنەی ئەو پێداگرییەم وەکو گەنجینەیەک هەڵگرتووە. باوکم کە تەمەنی گەنجێتی ئاوا بوو، دەمەوئێواران کاتی بۆ خوێندنەوە نەبوو، هەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی پێ بەسبوو. هەر بۆیە لە ماڵەکەماندا ڕۆمانی کەمی تێدابوو، هەندێکجار باوکم دەبینی ڕۆمانی هاوڕێکانی دەهێنا و دەیخوێندەوە.
تا چ ئاستێک ڕۆمانەکانت سەربووردەین؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- دەتوانی هەموو ڕۆمانەکانم بەوشێوەیە هەژمار بکەی. کاتێک کارەکتەرێک دەئافرێنی، بەشێک لەیادەوەرییەکانی خۆتی پێ دەبەخشی. بەشێک لە خۆتی پێ دەبەخشی و بەشێکی دیکەش بۆ کەسێکی دیکە. بەمشێوەیە من سەربووردە نانووسم، بەڵکە ڕۆمانەکانم سەربووردەن، ئەمە دوو شتی جیاوازە.
چی وایلێکردی ڕۆمانی مێژووی بنووسی؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- بەلای منەوه ڕۆمانی مێژووی ئەوە نییە کە هەر ڕووداوی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، لەڕێگەیەوە دەتوانین باشتر لەمێژوو تێبگەین. حەزدەکەم لەگەڵ ڕۆمانی تاکی دەروونی یان بڵدۆنگزومان ڕۆمانی مێژووی تێکەڵ بکەم. هەمیشە لەڕۆمانەکانمدا گەنجێک کە دەناڵێنێت و گەورە دەبێت و لەڕێگەی ئەزموونەکانەوە فێردەبێت، هەیە.
پڕۆسەی دەستپێکردنی گەڕان بۆ نووسینی ڕۆمانەکانت چۆنە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- لەبەرئەوەی سەدەکانی ناوەڕاستم بەلاوە گرنگ بوو، سەدان دۆسییەم لەبەردەست بوو. دواتر نووسینی تەنها دوو ساڵی دەخایاند. گەڕان و نووسینی پەندەدۆڵ ڤۆکۆ هەشت ساڵی تەمەنی بردم!
لەبەرئەوەی هیچ شتێک لای هیچ کەسێک نادرکێنم، ماوەیەکی باش لە جیهانی تایبەتی خۆمدا ژیام. دەچوومە سەر شەقام و ترۆمبیلێک یان دارێکم بەرچاو بکەوتایە دەمووت: دەکرێت ئەمە لە چیرۆکەکەمدا سوودی هەبێت. هەر شتیک کە دەمکرد: هەرخاڵێک هەر حیوارێک بیرۆکەی زیاتری پێ دەبەخشیم و ڕۆژ بە ڕۆژ چیرۆکەکەم گەورەتر دەبوو. دواتر دەڕۆشتم بۆ سەردانی ئەو شوێنانەی سوارچاکە دوورەکان لە فەڕەنسا و پورتوگاڵ تیایدا ژیاون. دەتوانم ببمە جەنگاوەرێک و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش دەچمە شانشینی جادووگەرەکان.
وتت کاتێک ڕۆمانێک دەنووسی دەبێت جیهانێکی تایبەت بخوڵقێنی دواتر “وشەکان لە خۆوە دێن.” کەوایە مەبەستت ئەوەیە ئەوەی بابەتەکە دیاری دەکات شیوازی ڕۆمانە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- بەڵی، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە جیهانێک بئافرێنم: کڵێسایەکی سەدەی چواردە و ڕەبەنێکی ژەهراویکرا و گەنجێکی ترۆمبێت ژەنی ترسنۆک و قۆڵبڕێکی قوستەنتینیە. دواتر مانای گەڕان دەبێت بەدانان: ژمارەی پلیکانەکانی ڵۆڵبی چەندە؟ ئیدی وشەکان لەم چوارچێوەدا دەخولێنەوە. زۆربەیجار هەڵەدەکەین کە پێمانوایە شێواز پەیوەندی بە ڕێکخستنەوە نییە. شێوازی سەربووردەیی کە وات لێدەکات دۆخەکە بوونیاد بنێی، هەیە. ئیدی فلاش باگت بۆ دێتەوە، فلاش باگ چەمکێکی بوونیادنەرە، بەڵام پەیوەندی بە زمانەوە نییە. کارەکە هەر لە نووسیندا کورت نابێتەوە، بەڵکە بەلای منەوە ڕۆڵی مۆنتاژێک دەگێڕێت.
چیدەکەیت بۆ باشتر نووسین؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- هەر پەڕەیەک دەجار دەینووسمەوە، هەندێکجاریش بە دەنگی بەرز دەیخوێنمەوە، زۆر هەستیارم بەرانبەر بە نووسینەکانم.
وەکچۆن فلۆبێر دەڵێت: ئافراندنی ڕستەیەکی دروست بە ئازارە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- نا، بەلای منەوە بە ئازار نیە. من چەندینجار ڕستەکە دەنووسمەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆمپیوتەرەوە شێوازی کارکردنم گۆڕاوە. کاتێک دە جار هەمان ڕستە دەنووسیتەوە ئەستەمە لەبەری بگریتەوە. پێشتر کارمان دژوار بوو، بەڵام ئێستا لەسایەی کۆمپیوتەرەوە دەتوانین بۆ ڕاستکردنەوە لە ڕۆژێکدا دە بیست جار بگەڕێینەوە سەر پەڕەی یەکەم. ئێستا ڕاستکردنەوەکان هاسان بوون و لەوەشە هەر لەبەر ئەمەبێت خواستمان زۆر لەسەرە.
لە ڕۆژێکدا چەند پەڕە دەنووسیت؟ هیچ بنەمایەکت هەیە بۆ ئەوە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ: –نا. بڕوانە، نووسین مانای ئەوە نییە دەبێت وشە لەسەر کاغەز بنووسیت. دەتوانی لەکاتی پیاسەکردن یان نانخواردنیشدا بەشێکی تەواو بنووسیت.
پێت وایە سەرکەوتنەکانت وەکو ڕۆماننوسێک. تێگەیشتنتی لەبارەی ڕۆڵی خوێنەر گۆڕیووە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- دوای کارکردنێکی زۆر لە ئەکادیمیا، نووسینی ڕۆمان وەکو ڕاوەستانی ڕەخنەگریک لە ناوەڕاستی هاوڕێ کۆنەکانیدا خۆی دەرخست. سەرەتاش ئاڵۆز بوو.
بەڵام نووسینی ڕۆمان، وەکو نووسەرێک فکری تۆی لەبارەی ئەوکاریگەرییەی لەسەر خوێنەری دروست دەکەی. گۆڕی؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ: هەمیشە پێم وایە کتێبێکی باش لە خودی نووسەر بلیمەتترە، کاتێک نووسەر ناتوانێت شتانێک بڵێت، ئەو بەم کارە هەڵدەستێت.
بڕوات بە خودا هەیە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ: بۆچی لە ڕۆژێکی دیاریکراودا و کەسێکی دیاریکراو دەکەوێتە خۆشەویستی و کەچی دواتر بۆی دەردەکەوێت ئەم خۆشەویستییە پەرت بووە؟ بەداخەوەم کە هەستەکان بەبێ پاساو وندەبن، زۆربەیجاریش هیچ شوێنەوارێک لە دوای خۆیانەوە بەجێناهڵێن.
گەر بڕوات بە خودا نییە کەوایە بۆچی ئەم هەمووە شتەت لەسەر ئاین نووسیوە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- چون بڕوام بە خودایە. مرۆڤ و ئاژەڵەکان باوەڕدارن و ناکرێت ئەم خەسڵەتە دیارەی مرۆڤایەتی لەبیربکەین و فەرامۆشی بکەین.
کاتێک وەرگێڕان بۆ کارەکانت دەکەن. تا چەندێک خۆتی لێ وەردەدەی؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- بەو زمانانەی کە دەتوانم بخوێنمەوە، وەرگێڕانەکان دەخوێنمەوە. دڵخۆشدەبم کاتێک لەگەڵ وەرگێڕەکاندا پێکەوە کاردەکەین، لە بەخت باشیشمە کە بەدرێژایی تەمەنم دوو وەرگێڕ لەگەڵمبوون. لەڕێگەی لێکتێگەشتنەوە پێویستمان بە سازانە. ناوبەناویش لەگەڵ وەرگێڕی چەند زمانێکی وەکو یابانی و ڕووسی کە نایزانم، کاردەکەم. ئەمەندە بلیمەتن هەر کێشەیەک لە زمانەکەیاندا هەبێت دەیدۆزنەوە و دەتوانین پێکەوە دەرەتانێک بدۆزینەوە.
ڕوودەدات وەرگێڕ پێشنیارێکی باشتر لەوەی لە دەقە ڕەسەنەکەدا هەیە بخاتەڕوو؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- بەڵێ، ئەگەری ڕوودانی هەیە. جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە دەق لە نووسەر زیرەکترە. دەکرێت هەندێکجار دەق فکرگەلێک کە بە مێشکی نووسەریشدا نایەت بخاتەڕوو. وەرگێڕیش، گەر دەقێک لە زمانێکی تر دابنێت، پەی بەم فکر و ئەو فکر دەبات.
بەڵام بۆچی گوێبیستی نووسەری دیکەی ئیتاڵی نابین؟ لەوانەیە تۆ تاکە نووسەری ئیتاڵی بیت کە خوێنەرێکی زۆری هەیە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- وەرگێڕان ئاریشەکەیە. لە ئیتاڵیا پتر لە سەدا بیستی بازاڕ بۆ بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان تەرخانکراوە، لەکاتێکدا لەئەمریکا سەدا دووی تەرخان کراوە.
ناپۆکۆڤ دەڵێت:- “من ئەدەب بۆ دوو بەش دابەش دەکەم: ئەو کتێبانەی خۆزگەم دەخواست من بمنووسیبایە و ئەوانەشی کە نووسیومە.”
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- بەرهەمەکانی کیرت ڤۆنیژت، دۆن دێڵیڵۆ، فیلیپ ڕۆث، پۆڵ ئۆستەر لەبەشی یەکەمی قسەکەی فلۆپیر دادەنێم. وێڕای ئەوەی بەهۆی جوگرافیا و نزیکی لە سنوور یەکەم زمان کە خوێندم فەڕەنسی بوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پتر لە ئەدەبی فەڕەنسی کەیفم بە ئەدەبی هاوچەرخی ئەمەریکا دێت. دەتوانم بڵێم لە ئەدەبی فەڕەنسیدا زیاتر مەعلانم وەک لە ئیتاڵی.
دەتوانی ئەوانەی کاریگەریان لەسەرت هەبوو دەستنیشان بکەیت؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- زۆرجار بۆ ئاسوودەیی دیدارسازەکان دەڵێم جۆیس و پۆرخێس، هەرچەندە واش نییە. بێگومان جۆیس و پۆرخێس کاریگەرییان لەسەرم هەبووە، بەڵام ئەرستۆ و تۆما ئەکوینی و ژۆن ڵۆک و هەرکەس تۆ بەخەیاڵتدا دێت هەیە.
کاتێک دەڕۆیت بۆ نێو کتێبخانەکەت. چۆن بڕیار دەدەیت لەسەر ئەوەی ئەمە ئەو کتێبەیە دەیخوێنمەوە؟
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- من بۆ خوێندنەوە ناڕۆم بۆ کتێبخانەکەم، بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبەی دەزانم لەو ساتەدا پێویستمە دەڕۆم. ئەگەر لەبارەی کتێبی هاوچەرخەوە پرسیارت لێبکردمایە، بەوردی بەرهەمەکانی فیلیپ ڕۆس و دێلێلۆم بیردەبوو.
تۆ یەکێکی لە ڕۆشنبیرەکانی جیهان. پێناسەی تۆ بۆ ڕۆشنبیر چییە؟ تا ئێستا واتایەکی دیاریکراوی هەیە.
ئەمبەرتۆ ئیکۆ:- گەر مەبەستت لە ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە کار بەدەستەکانی دەکات نەک ئەقڵی، ئەوا کارمەندی بانک ڕۆشنبیرترینە، بەڵام مایکڵ ئەنجلۆ نا. وای بۆ ناچم ڕۆشنبیر هیچ پەیوەندی بە پیشە یان چینەکانی کۆمەڵگەوە هەبێت. بەلای منەوە ئەو جوتیارەی کە پەی بە جۆرێکی نوێی خۆراکپێدان بۆ زیادکردنی بەرهەمە سێوەکانی دەبات، زۆر لەو پڕۆفیسۆرەی زانکۆ کە چەندین ساڵە دووبارە و دووبارە وانەوتار لەسەر هایدگەر دەدات، ڕۆشنبیرتر و خوێندەوارترە. ڕەخنەی داهێنەرانە تاکە نیشانەی وەزیفەیەکی فکرییە.
سەرچاوە؛
بيت حافل بالمجانين(حوارات باريس ريفيو)
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد