پرۆسەی خوێندن و فێربوون سەرەڕای زانست بوارێکی بازرگانیشی تیادا هاتووەتە ئاراوە، کە ساڵانە دەیان ملیار دۆلاری تیادا وەبەردەهێنرێت، بگرە ئێستا یەکێکە لە بزنسە گەورەکانی جیهان و کێبڕکێی تیادا دەکرێت، خوێندنی حکومی یان خوێندنی خۆڕایی و خوێندنی ئەهلی یاخوود خوێندن بەپارە. خوێندنی خۆڕایی پێویستی بە ناسین نیە لەبەرئەوەی هەمووان دەزانین و زانیاریمان هەیە لەسەری ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین خوێندنی ئەهلیە یاخوود خوێندن بە پارە کە وا پێناسە دەکرێت “سەرچاوەیەکە بۆ کۆکردنەوەی پارە و وێرانکردنی پەروەردە و زانست”.
لەو نێوەندەشدا؛ تیشک دەخەینە سەر خوێندنی ئەلیکترۆنی کە لە ئێستادا لە برەودایە، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا پرۆسەی خوێندنیش پێشکەوتنی زیاتری بەخۆوە بینی و لە خوێندنە تەقلیدیەکە دەرچوو، ئامێرەکانی پەیوەندی ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو پرۆسەیەدا بینی و یارمەتیدەری قوتابی و مامۆستاش بوون.
“خوێندنی ئەهلی چیە؟”
خوێندنی ئەهلی بە هەموو ئەو خوێندنگایانە دەوترێت لەلایەن کەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت خوێندنگای ئەهلی هەیە بۆباخچەی ساوایان، بۆ قۆناخی بنەرەتی، بۆ قۆناخی ئامادەیی. هەموو خوێندنگایەکی ئەهلی لەسەر بنەمای قازانج دروستبووە جا ئەگەر تاکە کەسێك یان کۆمپانیایەك خاوەنی بێت. خوێندنگای ئەهلی دەبێت مۆڵەت لە بەڕێوەبەری گشتی خوێندنگاکان وەربگرێت و پەیڕەوی هەموو یاساکانی خوێندنگا بێت. هەموو فێرخوازێکیش مافی ئەوەی هەیە لە خوێندنگای ئەهلی بخوێنێت. لە کوردستان کێشەیەکی گەورە هەیە لە سیستەمی پەروەردەدا بە تایبەتی لە خوێندنگا ئەهلییەکاندا، چونکە ئەم خوێندنگایانە کراوە نین بۆ هەموو فێرخوازان، تەنها ئەو فێرخوازانە دەتوانن لە خوێندنگای نمونەیی بخوێنن کە لە خێزانێکی دەولەمەندن چونکە دەبێت پارەیەکی زۆر بدەن. ئەمەش گەورەترین کێشە و گرفتی پەروەردەیە کە دەبێتە هۆی جیاوازی چینایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا. خوێندنگا دەبێت بۆ هەموان بێت بەبێ مەرجی ئابوری، ئەمە وەک پێناسێکی کورت بۆ خوێندنی ئەهلی. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر خوێندنی باڵا و مێژووی خوێندنی باڵا لە کوردستان و پاشان زانکۆ ئەهلیەکان و خوێندنی باڵا:-
كاروانی زانست و خوێندنی باڵا لە كوردستان بە دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی (١٩٦٨) دەستی پێكردوە، بەرلە دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی، گەنجانی كورد بۆ خوێندن دەچوونە بەغداد و وڵاتانی دەوروبەری ئێراق، بەكردنەوەی زانكۆی سلێمانی ژمارەی فێرخوازانی خوێندنی باڵا لە شارەكانی كوردستان ڕووی لە زیادبوون كرد. بەڵام لە ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی بەعس بڕیاری تەواوەتی گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی دەرکرد بۆ شاری هەولێر و ناوەکەشی گۆڕی بە زانکۆی سەڵاحەدین.
كاتێكیش كە ڕاپەڕینی ساڵی (1991) ڕوویدا؛ حكومەتی بەعس ئیدارەی كێشایەوە، زۆربەی مامۆستاكانی زانكۆكەش، كە بەشێكی زۆریان لە مامۆستایانی عەرەب بوون بەرەو زانكۆكانی خوارو ناوەڕاستی ئێراق ڕاژەكەیان گواستەوە، ئەوەش فشارێكی زۆری خستە سەر پێشخستنی بواری خوێندنی باڵا لە كوردستان، هاوكات بڕیاری سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری فشارێكی دیكەی گەورەو زۆری خستە سەر زانكۆ، زۆرێك لە مامۆستاكان زیاتر لە چەند بابەتێكیان دەوتەوە. لە دوای ڕاپەرینی ساڵی (1991) تەنها یەك زانكۆ و سێ پەیمانگە لە كوردستان هەبون، بەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئەوكات دەبینین دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا ڕووبەڕوی چەند گیروگرفتێكی گەورە بونەتەوە، وەك: كۆچكردنی مامۆستایان، ئابلۆقەی ئەكادیمی، باری ئابووری سەخت.
پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (1993) بڕیاری كردنەوەی (2) زانكۆی تر لە كوردستان پەسند كرد، ئەوانیش زانكۆی سلێمانی و زانكۆی دهۆك بوون. لە ساڵی (2004) پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (33)ی ساڵی (2004) یاسای وەزارەتی فێركردنی باڵا و لێكۆڵینەوەی زانستی پەسند كرد. لە هەڵبژاردنی ساڵی (2005) پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2006) وەزارەتێك بە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دامەزرا، دامەزراندنی ئەو وەزارەتە بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە ڕێرەوی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كورستان، ئەم وەزارەتە ئەركێكی پیرۆز و قورس و گرانی كەوتە ئەستۆ، كە بریتی بوو لە یەكخستنەوەی تەواوی ڕێنماییە زانستی و كارگیڕی و داراییەكان. لە ئێستادا ژمارەی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە(١٥) زانكۆی حكومی و، دوو دەستەو ئەنجومەنێك و، (١٥) زانكۆ و لقی زانكۆی تایبەت، لەگەڵ (٩) پەیمانگەی تایبەت. لەو ژمارەیە لە زانكۆ حكومییەكان(٦) زانكۆیان لە سنووری ئیداری پارێزگای سلێمانین لەگەڵ (٥) زانكۆی تایبەت و (٢) پەیمانگای تایبەت. ژمارهی زانكۆ و كۆلێژە ئههلییهكان له هەرێمی کوردستان ڕۆژ له دوای ڕۆژ لە ھەڵكشاندایە، بەجۆرێك ساڵانە زانكۆی نوێی ئەھلی دەكرێنەوە. ئەم ھەڵكشانەش لەكاتێكدایە، لە ڕووی ئەدای فێركردن و زانستەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر بوونەتەوە، بهوهی هێنده بووهته شوێنی كۆكردنهوهی پاره و بهخشینهوهی بڕوانامهكان، هێنده بایەخ به بابهته پهروهردهیی و زانستییهكان نادرێت.
“خوێندنی ئەلیکترۆنی”
ماوەیەكی زۆرە مشتومر لەسەر پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی خوێندن دەكرێت لە کوردستان، بەڵام توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن ٢٠ ساڵ زیاترە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگا و ناوەندە پێشكەوتووەكانی دونیادا كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام ڕەخنەگرانی ئەو بوارە باس لەوە دەكەن ئەگەر بۆ هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا سەركەوتنی بەدەست هێنابێت، ئەوا بۆوڵاتانی تازە پێشكەوتوو ئابووری نزم نەك نابێتە فریاد ڕەس، بەڵكوو دەبێتە نەهامەتییەكی گەورە. خوێننی ئەلیکترۆنی لە ساڵی ٢٠٠١ بەدواوە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆجیا و ئینتەرنێتیش لە ماوی ٢٠ ساڵی ڕابردوو ئەم جۆرە خوێندنەش گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە خۆی لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیا لە خوێندن و فێرکردن دەبینێتەوە و دەبێتە هاوکاری قوتابی و مامۆستا بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی فێرکردنی سەرنج ڕاکێش و پەیوەست نیە بە شوێن و کاتەوە. خوێندنی ئەلیکترۆنی جۆرێکە لە جۆرەکانی گەیاندنی زانیاری و بابەتی خوێندن بۆ قوتابی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تایبەتەوە کە پێویستە زانکۆ فەراهەمی بکات لە ماڵپەری زانکۆ یان پۆرتاڵی قوتابیەوە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا بۆ گەیاندنی زۆرترین زانیاری بە قوتابی بە کەمترین کات و کەمترین هەوڵ بەڵام بۆ گەیاندنی زۆرترین سوود بە شیوازێک کە چاودێری توانا و لێهاتووی مامۆستاش بکرێتە پێوەر.
خوێندنی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا وا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە کە ئێستا زۆرێک لە زانکۆ و خوێندنگاکانیش (Smart Class) یان هەیە بە شێوەیەک کە زۆربەی قوتابیان لە ڕێگەی ئەم كڵاسانەوە بەشداری لە ۆڕک شۆپ و کۆنفڕانس و چالاکیە جیهانیەکانیش دەکەن. خوێندنی ئەلیکترۆنی بابەتەکانی خوێندن بۆ فێرخوازان دەستەبەر ئەکات لە هەر کات و شوێنێکدابێت واتە پەیوەست نیە بە کات و شوێن.
“تایبەتمەندیەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی”
١- بە کەمترین تێچوو زۆرترین فێربوون و ڕاهێنان.
٢- هاوکاری قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکان دەکات لە وەرگرتن و لەخۆگرتنی ڕێژەیەکی زۆری فێرخواز.
٣- بە بەردەوامی چاودێری وردی زانست دەکات بەتایبەتی زانستی ڕۆژ و سەردەم.
٤- پێشەکەشکردنی خوێندن بۆ فێرخوازانی ناوچە دوورەکان، لەم ئامانجەدا ئوستوراڵیا پێشەنگە.
٥- دەتوانرێت سوود لە کاتی کورتیش وەربگیرێت لە خوێندن لەسەر ئێنتەرنێت. ئەگەر ماوەی (5) خولەک کاتمان هەبێت دەتوانین لەو ماوە کورتەدا کەمێک وانە گوێ لێ بگرین، بەڵام بۆ وانە خوێندنن لەناو سەنتەر یان پۆلەکاندا ئەستەمە سوود لە ماوەی کورت وەربگرین.
٦- خوێندن لە چوارچێوەی ناوخۆییەوە دەچێتە چوارچێوەیەکی جیهانی، لەو قاڵبە چەقبەستووە دەردەچێت پەل دەھاوێت بۆ خوێندنێکی جیھانیی پێشکەوتوو.
لە خوێندنی ئەلیکترۆنی فێرخواز پابەند نیە بەکاتێکی دیاریکراوو بوونی پەیوەندی یەکسەری لەگەڵ مامۆستا لە یەک کاتدا، بەڵکوو لە خوێندنی ئەلیکترۆنی مامۆستا دەتوانێت لە پلاتفۆڕمە دیاریکراوەکاندا:-
١- فایلی (PDF) وانەکان دادەنێت.
٢- مامۆستا (Video Lecture) ی وانەکان تۆمارئەکات.
٣- سەرچاوەی پێویست و بابەتە هاوبەشەکان دادەنرێت.
فێرخواز ئازادە لە کوێ و لە چ کاتێکدا دەگەرێتەوە بۆ ئەو زانیاریانە بەڵام مامۆستا پێویستە لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان هەر ئامرازێکی پەیوەندی یان گوگڵ کڵاس روومەوە وەڵامی بۆ پرسیارەکانی فێرخواز هەبێت، کە لەسەر هەر وانەیەک دروست دەبێت، ئەمەش مەرج نیە پێویستی بە بوونی ئینتەرنێت لەکات و شوێنێکی دیاریکراودا هەبێت بەڵکوو دەکرێت فێرخواز بە چات یان ئیمەیڵ پرسیارەکانی لە مامۆستا بکات وە وەڵامەکەشی بەو شێوازە وەربگرێتەوە. لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خوێندنی ئەلیکترۆنی بەهیچ شێوەیەک بۆ زانستە پەتیەکان (Pure Science) نابێت و لەزۆربەی زانکۆکانی جیهاندا تەنها بۆ وانە تیۆری و زانستە مرۆڤایەتیەکان جێ بەجێ دەکرێت لەگەڵ کەمینەیەک لە زانکۆکانی جیهان چەند وانەیەکی تیۆری لە زانستە پەتیەکان لەم ڕێگەیەوە دەگەیەننە فێرخواز.
“ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو لە خوێندنی ئەلیکترۆنی دا”
١-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:- ئەمەریكا بە یەكێك لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی دوونیا دێتە ئەژمار، سەدان كۆلێژ كاریان لەسەرخوێندنی ئەلیکترۆنی كردووە، هەزاران وۆركشۆپ و خولیان لەوبارەیەوە ئەنجام داوە بۆ قوتابیەكانیان، ساڵی 2011 یەكێك لە دامەزراوە ئەمەریكییەكان بەناوی “سلون كونسرتیوم” دامەزراوەو كاریان لە سەر خوێندنی ئەلیكترۆنی كردوەوە، 6 ملیۆن قوتابی لەو وڵاتەدا لەڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە دەخوێنن، هەر یەكێك لەو قوتابییانەش لایەنی كەم یەك خولیان بینیوە لەو بوارەدا. خوێندنی ئەلیكترۆنی لەنێو زانكۆ ئەمەریكییەكاندا بایەخی زۆری پێدەدرێت و دەیان زانكۆی بەناوبانگی وەك “ئستانفۆرد، بیركلی، برینستۆن، كالیفۆڕنیا… هتد” و چەندین زانكۆی دیكە پشتیان بە خوێندنی ئەلیكترۆنی بەستووە، بۆئەو مەبەستە دەیان خولی فێركارییان ئەنجام داوە، زۆرینەی ئەو زانكۆیانە بۆ نزیكەی 10 ساڵ دەچێت ئەم شێوازی خوێندنە بەباش و سەركەوتووتر دادەنێت لە دانیشتنی ناو پۆل و گروپە فیزیكیە كلاسیكیەكەكان.
دەبێت ئاماژە بەوەش بدرێت؛ كە خوێندنی كراوە لە ئەمەریكا بەیەكێك لە خوێندنە سەركەوتووەكان دادەنرێت و لە هەموو جیهانیشدا بە ئەزموونێكی سەركەوتوو بەناوبانگە، بەتایبەتی پەیمانگای ماساتشوستس–ی تەكنۆلۆژی و لە دەیان وڵاتی دیكەوە وەك سەرمەشق و پێشڕەو لێی دەڕوانن.
٢- هیندستان:- لە ئێستادا فێربوون لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە زۆر لەپێشتر و سەركەوتووترە تا شێوازی ئامادەبوونی فیزیكی ناوپۆل، ئەوە لە كاتێكدایە نیوەی دانیشتوانی ئەو ولاتە گیرۆدەی دەستی خوێندنن و ڕێژەی نەخوێندەواریی و دابڕان لە قوتابخانەكانیش زۆر بەرزە، بەشێوەیەكە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە هیندییەكان ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەكانی خوێندن بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن، لەبەر خراپی باری داراییان، لە لایەكی دیكەشەوە هۆكاری جوگرافیش بەشێكی ترە لە كێشەكانی بەردەم خوێندنی كلاسیكی ، لەبەر ئەوەی ڕووبەری زەوی فراوان و دووری قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆكان لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانەوە، ئەوە سەرەڕای شوێنە دوورە دەست و عاسییەكانی هیندستان ڕێگرێكی گەورەی ئەو بوارەیە، ئەم هۆكارانە لەبری ئەوەی ببێتە ڕێگر بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی و دوور لەیەك كەچی كراوەتە هۆكارێكی زۆرباش بۆ بەرەو پێشچوونی خوێندنی ئەلیكترۆنی و لە دوای ئەمەریكا هیندستان ئەزموونی زۆر بەهێزیی لەو بوارەدا هەیە.
٣- چین:- چین بەیەكێك لەوڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی دونیا دادەنرێت لەبواری خوێندنی ئەلیكترۆنیدا، بۆ ئەو مەبەستەش 70 دامەزراوەو كۆلێژی تایبەتی ئەو بوارەیان هەیە، لەبەر ئەوەی بەدەستهێنانی هەلی كار لە وڵاتەدا زۆرسەختە زۆرینەی ئەوانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن كاربۆ ئەوە دەكەن هەڵگری بڕوانامەی بەرزبن و خولی زۆریان بینیبێت و سوودمەندی سەرەكی ئەو بابەتەنانە بووبن كە هەلیانبژاردووە، هەربۆیە ئەمە بووەتە هۆی هەوڵدانی زیاتر بۆ فێربوونی زیاتر و باشترین و كەم خەرج ترین بواریش فێربوونی ئەلیكترۆنییە، لە وڵاتی چین دا پێویستی ئابووری و دەستخستنی هەلی كار بووەتە هۆی ئەوەی فێربوونی ئەلیكترۆنی سەركەوتوو بێت.
٤- مالیزیا:- وڵاتی مالیزیا بەخێراییەكی لە ڕادەبەدەر بەرەو فێربوونی ئەلیكترۆنی هەنگاو هەڵدەگرێت، زانكۆی ئاسیای ئەلیكترۆنیAsia e- University) ( كە لە نێو “كوالا لامپور”دایە بەگرنگترین زانكۆی تەكنۆلۆژیی مالیزیا دادەنرێت، ئەم زانكۆیە توانیویەتی هەلی فێربوونی ئەلیكترۆنی بۆ بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی ناوخۆو بیانیش دابین بكات، بەجۆرێك قوتابیانی 31 وڵاتی جیهان بەشێوەی ئەلیكترۆنی سەرقاڵی خوێندن و لەو بوارەشدا سەركەوتنی زۆریان بەدەست هێناوە، تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوكاریی كۆمپانیایەكی دانیماركی كاریان بۆ ئەوەش كردووە كە خوێندنی باڵاش لەڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە بەڕیوە ببەن.
٥- ئوستورالیا:- ماوەی 5 ساڵ زیاترە لەنێو ئوسترالیادا بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی خوازیاری ئەوەن بەردەوام بن لە كارەكانیان و لە هەمان كاتیشدا بخوێننەوەو بڕوانامەی بەرزتر بەدەست بهێنن، بۆ ئەو مەبەستە لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا ڕێژەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت 20% زیادی كردووە، هەربۆیە بەردەوام خواست لەسەر خوێندنی ئەلیكترۆنی رووی لە زیادبوونە، زۆرینەی ئەو كەسانەش كە لە كیشوەری ئاسیاوە لە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا دەخوێنن سودمەندی سەرەكی بوون لە خوێندنی ئەلیكترۆنی، لەبەر ئەوەی لە ڕووی ئابووری و ئاسایشییەوە زۆر گونجاوەو توانای ڕاستەقینەی قوتابیش نیشان دەدات.
“بازرگانی لە خوێندن دا”
بازرگانی لە خوێندندا ساڵانە لە برەودایە و بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی “یونسکۆ” لە ساڵی (٢٠٢٢)دا دەڵێت “ساڵانە وەبەرهێنان لە بواری خوێندندا زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە” کە ڕۆژ بە ڕۆژیش داهاتەکە ڕوو لە زیاد بوون دەکات بۆ نموونە وڵاتێکی وەکوو ئێراق، له دوای ساڵی 2003 له ئێراق ژمارهی زانكۆ و كۆلێژە ئههلییهكان بهڕێژهی سهدا 500 زیادی كردووه، 66 لەو زانکۆیانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا دانیان پێدا نراوە، لەكاتێكدا كە تهنیا 35 زانكۆی حكوومەتی ههیه. ژمارهی زانكۆ و كۆلێژە ئههلییهكان له ئێراق ڕۆژ له دوای ڕۆژ لە ھەڵكشاندایە، بەجۆرێك ساڵانە سێ زانكۆی نوێی ئەھلی دەكرێنەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئێستا 72 زانكۆ و كۆلێژی ئەھلی ھەن، لەكاتێكدا لەساڵی 2013 ژمارەیان 38 زانكۆ و كۆلێژی ئەھلی بوون.
ئەم ھەڵكشانەش لەكاتێكدایە، لە ڕووی ئەدای فێركردن و زانستەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر بوونەتەوە، بهوهی هێنده بووهته شوێنی كۆكردنهوهی پاره و بهخشینهوهی بڕوانامهكان، هێنده بایەخ به بابهته پهروهردهیی و زانستییهكان نادرێت.
سەرچاوەکان؛
1-هذا هو التسويق؛ سيث جودين.
2- اسرار دوت كوم؛ راسل برنسون.
3- بناء قصة العلامة التجارية؛ دونالد ميلر.
4- تقرير اليونسكو لعام 2022
5- تقرير وزارة التعليم العالي العراقي 2023