ئەگەرچی ئێمە تاکوو خاوەنی تێرمینۆلۆژی (terminology) و زاراوەگەلی تایبەت بە رەخنەی ئەدەبی خۆمان نەبین ناتوانین قسەیەکی زانستی و بەرهەمهێنەر لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکانمان بکەین، هەرچی هەیە دەچێتە خانەی خوێندنەوە و تەئویل لە کڵاورۆژنەی تیۆری و بیردۆزییە جیاجیاکانەوە، کە لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی رۆژئاوا و وڵاتانیتر هاتوونەتە بەرهەم؛ واتە بۆ نموونە ئێمە لە رێگەی فرۆید و تیۆرەکانییەوە لەبارەی گرێ دەروونییە جینسییەکان و پرسی باوک کوژی دەتوانین خوێندنەوە بۆ حەسار و سەگەکانی باوکم”ی شێرزاد حەسەن بکەین و دواتر رەخنەی بکەین، یان بەم بارەکەی تردا دەکرێت بگەڕێینەوە سەر هەمان دەق، چەمک و زاراوە و تێرمی تایبەت بە کولتوور و پەروەردە و سایکۆلۆژی(psychology)تاک و مرۆڤی خۆمانی لێدەربهێنین کە ئەویش بەپێی میتۆدی زانستە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ئێستای ئێمە دێتە ئاراوە، زانستێک کە موڵکی هیچ کەس نییە و بە زەمینی بۆماوەی هیچ نەتەوەیەک نایەتە هەژمار.
لێرە دایە کە دەتوانین لاچاوێک ببڕینە ئەو ئاسۆیەی کە لە سەرەوە لە ژێر ناوی “رەخنەی ئەدەبی خۆمان” یان “رەخنەی ئەدەبی کوردیی” ناوم هێنا. دەرهێنانی تێرم و زاراوە و دەستەواژە لە هەناوی دەقی ئەدەبی بێگومان کارێکی ئاسان و هەڕەمەکییانە نییە بەڵکوو ئەوەندەی لە هەناوی دەق سەرچاوە دەگرێت لەوە زیاتریش پەیوەستە بە مێژووی ئەو دەقە و هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ئایینیەک کە دەقەکەی تێدا بەرهەم هاتووە واتە لێرەدا هەم دەق(text)سەرێکی زێڕینی هاوکێشەکەیە و هەمیش ژێردەق(context) و بە خوێندنەوە لە ناو هاوکێشە و فۆرموولێکی وەهادا تێدەگەین کە ئێمە دەبێت چ زاراوە و تێرمێک بۆڵد و زەق بکەینەوە، بۆیە بەڕای من پێشمەرجی سەرهەڵدانی رەخنەیەکی سیستەماتیک و خاوەن قسە تەئویل و خوێندنەوەی فرە رەهەندە بۆ دەقە ئەدەبییە خۆماڵییەکان، ئەگەرچی بێگومان دەتوانین کەڵکی زۆر لە تیۆرەی ئەدەبی و گۆشەنیگای فەلسەفی و ئیستاتیکی کەلەپووری ئەدەب و فیکری رۆژئاوایی و نەتەوە و زمانەکانیتر بۆ خوێندنەوەی دەقەکان وەربگرین، چوون بمانەوێ و نەمانەوێ لە دواجاردا بەشێکی زۆر لە ئەدەبی ئێمە بەرهەمی رووبەڕووبوونەوەی جیهانی بچووک و داخراوی ئێمەیە لەگەڵ جیهانی کراوە و بێ هەوساری مۆدێڕن و نوێ و بەم هۆیەش ئەدەب و کولتووری ئێمە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و توخمی وەرگرتووە کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە جیهانی ئێمە و مرۆڤ و وەگێڕی ئێمەوە نییە.
واتە کاریگەری وەرگرتنی ئێمە لە ئەدەبی جیهان ئەوەندەی کاریگەرییەک بۆ بە لۆکاڵی و خۆماڵیکردنی تێم و ناوەرۆکە مرۆییەکانی ئەدەبی جیهان بووە نیو ئەوەندە بە جیهانی کردنەوەی تێم و ناوەرۆک و خەم و داڵغەکانی مرۆڤ و وەگێڕی جیهانی ئێمە نەبووە، واتە کاریگەرییەکە تاک لایەنە بووە و نەگەیشتۆتە ئاستی دانوستان و دیالیکتیک. پێم وایە یەکێک لە هۆکارەکانی دەرنەکەوتنی جیدی ئەدەبی ئێمە لە ئاستی نێونەتەوەیی و لە پاڵ ئەدەبی وڵاتانیتر ئەم خاڵەیە کە ئێمە دەمانەوێت باسی داڵغەکانی ئەوان بە زمانی خۆمان بکەین نەک باسی داڵغەکانی خۆمان بە زمانی خۆمان. ئەگەرچی کەڵک وەرگرتن لە تەکنیک و فۆرمی رەوایی ئەزموونی ئەدەبی جیهانیش شتێکی ئاساییە و ئامرازێکە بۆ خاوێنترکردنی ئامیانی گێڕانەوەی جیهانی خۆمان.
بەشێکی زۆری ئەدەبی چیرۆکیی ئێمە مێژوویەکی نادیاری هەیە و ئەدەبی چیرۆکیی مۆدێڕنی ئێمەش کە خاوەن مێژوویەکی ئەوتۆ نییە کرۆنۆلۆژیا و ریزبەندییەکی زەمانی بۆ دیاری نەکراوە واتە ئێمە لە زۆر رووەوە دەستمان بە هەنبانەی بەتاڵدا دەچێت! بێگومان هەوڵی باش و بەپێزیش لە یەک دەیەی رابردوودا دراون بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم هەوڵانە فەردیبوون و پەرتەوازەییانە کە رەنگە لە ئاسۆیەکی زەمانی درێژدا بەروبوومەکەیان وەبەربێت و ئەمەش رەوتی گەشانەوەی ئەدەبە کە لە هەندێ قۆناغ دا کێسەڵ ئاساییە بەڵام پڕە لە هێمنی و ئەمنییەت لە رووی رەگ داکوتان و بگرە چۆنایەتی و کەیفییەتیشەوە. ئەم کورتە باسە گشتییە دەبێتە دەروازەیەک کە ئاماژە بە هەندێک تایبەتمەندیی ئەزموونی چیرۆک نووس؛ پەری کەریمی نیا بکەم. بە سەرنجدان بە دوو کۆمەڵە چیرۆکی نووسەر واتە “قاوەکان خراپ سەفەر دەکەن” و “کێ لە من و ڤیرجینیا ڤۆڵف دەترسێت”1 دەتوانم بڵێم کە فۆرمی سەرکەوتووی کورتە چیرۆک لەم ئەزموونەدا بەدی دەکرێت، دەکرێت باس لە رەگەزە جۆراوجۆرەکانی شێوازی چیرۆکنووسی ئەم ئەزموونە وەکوو شێوازی گێڕانەوە، توخمەکانی گێڕانەوە، رەهەندی ژنانە، رەهەندی سایکۆلۆژی و دەروونناسانە و لایەنی کولتووری (ناوخۆ و دەرەوە-تاراوگە)بدرێت بەڵام بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی کە لەسەرەوە باسم کرد دەمەوێت هەڵوێستە لەسەر “تایبەتمەندیی”بکەم. ماهییەتی دەبڕین و گێڕانەوە لە کورتە چیرۆکدا میتافۆریک و رەوانبێژییەکی شاعیرانەیە کە ئەم حاڵەتە تایبەتمەندی هەر کورتیلە چیرۆکێکی سەرکەوتووە و لە چیرۆکی “مان”2 دا بە تەکنیکی ئاوەژووکردنەوەی یەک پەرەگراف لە پێکهاتی دووپەرەگرافی چیرۆکەکەدا بەزەقی دیارە.
وەگێڕێک بە هەموو راستیی ژنانەی خۆیەوە لە نێوان دوو “مان”دا یەکیان هەڵدەبژێرێت مان و مانەوەیەک بەدیار ئەشقێکی لەدەست چوو و لەگۆڕنراو و مان و مانەوەی لە رێگای بژاردن و ئینتخابێکی تازەی ئەشق و خۆشەویستی، کە من پێشتر لە یادداشتێک بەناوی “شەڕی نێوان یادەوەری و ئازادی” لایەنەکانیم شی کردۆتەوە و لێرە دووپاتی ناکەمەوە. لە کۆمەڵە چیرۆکی “کێ لە من و ڤیرجینیا ڤۆڵف دەترسێت؟” کە لە یانزە چیرۆکی کورت پێکهاتووە شێوازێک لە کارئەکتەرسازیی دەکار کراوە کە رەنگ و ڕووخساری کولتووری رۆژهەڵاتی و کوردیی تێدا زەقە، واتە لەم کۆمەڵە چیرۆکە کە لە زۆرینەیاندا ڤیرجینا ڤۆڵف نووسەر و بیرمەندی ئینگلیزی (۲۵ ژانویه ۱۸۸۲ – ۲۸ مارس ۱۹۴۱)، کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و ناوەڕاستی سەدەی بیست ئامادەیە، وەگێڕێکی ژن بە تایبەتمەندی و رۆحییەتێکی کولتوورییەوە باس لە ڤۆڵف دەکات و ئەوەندەی وەگێڕی کوردیی ناو چیرۆک قسە دەکات و فامی خۆی لە ئەو دادەڕێژێت ئەوەندە خەمەکانی ئەو زاڵ نابن بەسەر ماهییەتی خەمەکانی ئەمدا. هەر چەند بێگومان لە نێوان نووسەران و بەگشتی مرۆڤەکاندا خەمی هاوبەش هەیە باکوو ڤۆڵف لە سەدەی نۆزدە و بیست ژیا بێ و نووسەری ئێمەش لە سەدەی پڕتەکنیک و دیجیتاڵی بیست و یەک، بۆیە لێرەدا باس لە تایبەتمەندیی کولتووری ئێمەیە بە هەموو لاوازیی و کەم و کوڕی و درەوشاوەیی و داخراویی و ئیستاتیکا و بیکربوونییەوە لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ جیهانێکیتر لەو پەڕی دوورگە و زەریاکانەوە.
لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا دەتوانم بڵیم جگە لەیەک چیرۆک هەموو کارئەکتەرەکانی وێناکراوەی کەسایەتییە ناودارەکانی مێژوون، هەر لە کەسایەتییە ئەدەبییەکانی خۆمان وەکوو پەشێو و مەستوورەی ئەردەڵانەوە بگرە تاکوو دەگاتە کەسایەتییە سیاسی و هونەری و فیکری و ئەدەبییەکانی وەکوو لێنین، پووتین، نیچە، ئاندرێ بوچێلی، ئیسلاوی ژیژەک یان وەکوو وەگێڕ دەڵێت “مراوی ژیژەک” کە هەڵگری نقورچکێکی ئایرۆنیک و لاچاوێکی تەوسئامێزانەیە بۆ بەشێک لەم کەسایەتییە مێژووییانە و هەروەها دەرکەوتنی تایبەت و زەقی ڤیرجینیا ڤۆڵف لە چەندین چیرۆکی ناو ئەم کۆمەڵە؛ کە هەموو ئەم کەسایەتیانە رۆنراوە و وێناکردنەوەی مرۆڤگەلێکن لە دیدی وەگێڕدا و کراون بە کارئەکتەر لەرێگەی تەکنیکێکی مۆنۆلۆگیانە و حەدیسی نەفسەوە کە دەیانپێچێتە تان و پۆی کۆمەڵێک رووداو و مانا و ناوەرۆکەوە کە هەڵگری کەڵکەڵەگەلی ئینسانی، ژنانە، نەتەوەیی(پەنابەر و کۆچبەریی لە چیرۆکی “دڵقی زبڵ” بەتایبەت و لە چیرۆکی “پاس”یش هەروەها)ن، هەندێجار لەو چیرۆکانەی کە ڤیرجینا ڤۆڵفی درووستکراو ئامادەیە کەڵکەڵەیەکی فەردی و تاکەکەسی ژنانەی رووت و قووت هەیە تاکوو خەم و کەڵکەڵە و دڵەڕاوکێکانی خۆی بخاتە ڕوو.
چیرۆکەکانی “دزینی سێو لە عیسا”، “سێوی رووت”، “ئەنگوستیلە سێوییەکان”، “قاپ گرتن لە سێوەکە” و “من بووم کە سێوەکەم خوارد” پێنج چیرۆکن کە تێیاندا ڤۆڵف و وەگێڕی یەکەم کەسی تاک ئامادەیە و لە فەزایەکی زیهنی-عەینی دا لە دیالۆگ دان، دیالۆگێک کە سەرەداو و بنەداوی بە دەست وەگێڕی چیرۆکە؛ واتە دیالۆگێک کە مۆنۆلۆگ و خەونبێژیی وەگێڕ ئاقار و ماهییەتی دیاری دەکات. هەر وەک دەبینین لە هەموو ئەم چیرۆکانەی کە ناوم هێنان “سێو” وەکوو میتافۆڕ یان خوازەیەکی بەردەوام هەم لە ناوی چیرۆکەکاندا و هەمیش لە ناوەرۆکیاندا ئامادەیە. سێو لە هەموو ئەم چیرۆکانەدا ئاماژە و نیشانەیەکی گەڕانەوەیە بۆ گوناهی یەکەم، خوێندنەوەیەکی زەمینییە بۆ راز و رەمزەکانی خودا و ئاسمان، گێڕانەوەیەکی ژنانەیە لە سۆنگەی بێگوناهی حەواوە بەرانبەر ئادەم و وەڕەزی و بێتاقەتییەکانی، سێو دەرخستنی حەز و ئارەزووی جوانی و کرانەوەیی و شەهوەتی شەقڵ نەشکاوی حەوایە بۆ زەمین و سڕ و ئاڵۆزی و پان و بەرینەی و…ەکەی، سێو لێرەدا شێرپەنجەی مەمکە یان مەمک شێرپەنجەی سێوە، پڕە لە بوونی ئینسانی و ئیستاتیکی و کەلتووریی و ئایینی ئێمە، سێو گوناهی جوانی رۆحی کنجکۆڵی حەواکانی وەکوو ڤیرجینیا ڤۆڵفە…بۆیە وەگێڕ(نووسەر)دەپرسێت: کێ لە من و ڤیرجینیا ڤۆڵف دەترسێت؟
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1-ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە ساڵی 2015 و لە فیستیڤاڵی خەڵاتی ئیبراهیمی یوونسی دا خەڵاتی باشترین چیرۆکی(لەگەڵ چیرۆکنووسێکی دیکە دا) وەرگرتووە.
2-ئەم چیرۆکە لە ساڵی 1379فیستیڤاڵی چیرۆکنووسانی بانە، خەڵاتی سێهەمی(لەگەڵ چیرۆکنووسێتر دا) وەرگرتووە.
3-کەریمی نیا، پەری، کێ لە من و ڤیرجینیا ڤۆڵف دەترسێت؟، چاپی یەکەم، 2015، ناوەندی غەزەڵنووس
4-کەریمی نیا، پەری، قاوەکان خراپ سەفەر دەکەن، چاپی یەکەم، 2015، ناوەندی غەزەڵنووس