ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر؛ ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە توانای هەیە لە کاتی کارکردندا هەست بە ژینگەی دەورووبەر بکات، بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ. پێویست ناکات سەرنشین لە هیچ کاتێکدا کۆنترۆڵی ئۆتۆمبیلەکە بکات. ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر ئەتوانێت بۆ هەر شوێنێک بڕوات کە ئۆتۆمبێلی ئاسایی دەڕوات هەروەها هەموو شتێک بکات کە شۆفێرێکی بە ئەزمون دەتوانێت بیکات. کۆمەڵەی ئەندازیارانی ئۆتۆمبێلی خۆکار (SAE) لە ئێستادا (٦) جۆر ئۆتۆمبێلیان پۆلێنکردوە کە لە ئاستی سفرەوە دەست پێ ئەکات “تەواو عادییە” تاکو ئاستی ٦ “تەواو خۆ-کارە”.ئەم پۆلێنکردنە لە لایەن بەشی گواستنەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاوە پەسەند کراوە.
“مێژووی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر”
بیرۆکەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی (٢٠٠٠)، ئەو کاتەی کە تایبەتمەندی خۆ-کاری(ئۆتۆماتیکی)، بە مەبەستی سەلامەتی و ئاسانکاری داهێنرا، بە تایبەت تایبەتمەندی جێگیرکردنی خێرایی و برێکی دژە قوفڵ. دواتر تایبەتمەندی سەلامەتیی پێشکەوتوو، وەک کۆنترۆڵی جێگیریی ئەلیکترۆنی، پشکنەری ناوچەی کوێر و ئاگادارکەرەوە لە کاتی دەرچوون لە ساید دا، لەم ئۆتۆمبێلانەدا بەردەست خرا. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تاکو ٢٠١٦،توانا پێشکەوتووەکانی یاریدەدەری شۆفێر وەک کامێرای پشتەوەی ئۆتۆمبێل، برەیکی ئۆتۆماتیکی و یاریدەدەری دیاریکردنی ساید داهێنرا. لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەرەو نیمچە خۆکاری هەنگاویان ناوە، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیانەی کە یارمەتی شۆفێر دەدات لە سایدی خۆی بمێنێتەوە هەروەها تەکنۆلۆجیای ACC و پارککردنی خۆ-کارانە. لە مانگی (٩)ی ساڵی ٢٠١٩دا، کۆمپانیای “تێسلا” تایبەتمەندی بیرگەی زیرەکی بۆ ئۆتۆمبێلەکانی داهێنا، کە بەم تایبەتمەندییە ئۆتۆمبێلەکە توانای هەیە بە دوای شوێنی پارککردندا بگەڕێت و خۆی پارک بکات بە بێ یارمەتی و دەست تێوەردانی شۆفێر. لە مانگی (١١) ساڵی (٢٠٢٢)دا، کۆمپانیای “تێسلا” ڕایگەیاند، کە ئۆتۆمبێلی خود شۆفێر هەنگاوی دووەمیان ئەبێت، هەرچەندە ئەوە تایبەتمەندی خودشۆفێری تەواو نەبوو بەڵکو سیستەمی ئۆتۆماتیکی ئاستی (٢) بوو.
تایبەتمەندیەکانی ئەم ئاستە ئەوەیە کە یارمەتیدەرێکی باشن بۆ شۆفێر بەڵام هێشتا پێویستیان بە شۆفێرە بۆ ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەرنەچن. لەمڕۆدا، ئۆتۆمبێلە مۆدێرنەکان بە تایبەتمەندی برێکی ئۆتۆماتیکی لەناکاو، جێگیرکردنی خێرایی، ئاگادارکەرەوە لەکاتی دەرچون لە ساید دا، پارککردنی ئۆتۆماتیکی، سوکانی زیرەک، یارمەتیدەری شۆفێر لە ڕێگای دەرەوە دا خەریکە بەردەست دەبن. ئۆتۆمبێلی تەواو خۆکار تا ئێستا بەشێوەی بەربڵاو بەردەست نیە و پێدەچێت تا ساڵانێکی زۆر بەردەست نەبێت .لە مانگی(٦)ی ساڵی (٢٠١١)دا ، ویلایەتی (نیڤادا) یەکەم دەسەڵاتی دادوەری بوو لە جیهاندا، کە ڕێگایدا ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر لە ڕێگاوبانە گشتییەکاندا تاقیبکرێتەوە. کالیفۆرنیا، فلۆریدا، ئۆهایۆ و واشنتۆن ماوەی چەند ساڵێکە پەیڕەوی ئەو یاسا دەکەن. تا ئێستا بە نزیکەیی (٣٠) ویلایەتی ئەمریکا یاسایان دەرکردووە بۆ ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر مێژوی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر، بە گشتی بۆ زۆر زیاتر لەمە دەگەڕێتەوە. هەرچەندە، “لیۆناردۆ داڤنشی” بە شێوەیەکی سەرەتایی، بۆ یەکەمجار لە دەوروبەری ساڵی (١٤٧٨)دا دیزاینی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری کرد. ئۆتۆمبێلەکەی “داڤنشی” لە شێوەی ڕۆبۆتێکی خۆ بزوێنەر کە ئسپرینگێک هێزی دەداتێ،هەروەها سوکانێکی پرۆگرامکراو کە پێشوەخت دەتوانێت ئاراستە دیاری بکات، دیزاینکرابوو.
“ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر چۆن کار دەکات؟”
ئەم ئۆتۆمبێلانە پشت دەبەستن بە هەستەوەرەکان، بزوێنەر، ئەلگۆریزمی ئاڵۆز، سیستەمەکانی فێرکردنی ئامێر هەروەها پرۆسێسەرێکی بەهێز بۆ جێ بە جێ کردنی سۆفتوێرەکان. ئۆتۆمبێلەکە نەخشەیەک دروستدەکات بۆ شتەکانی دەورووبەری لەسەر بنەمای هەستەوەری هەمەجۆر کە دەکەوێتە بەشە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلەکەوە. هەستەوەرە ڕادارەکان چاودێری دەوروبەری ئۆتۆمبێلەکە دەکەن. هەروەها کامێراکانی لە ڕێگەی گرتنی ڤیدیۆوە لە ترافیک لایتەکان تێدەگەن، نیشانەکانی هاتووچۆ دەخوێننەوە هەروەها مەزەندەی ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری دەکەن و چاودێری کەسانی پیادەش دەکەن. هەستەوەری لیدار “پشکنەری ڕۆشنایی و مەودا” نۆبەی ڕۆشنایی دەوروبەری ئۆتۆمبێلەکە پێچەوانە دەکاتەوە بۆ زانینی پێوانەی دووری ئۆتۆمبیلەکانی تر، هەروەها قەراخەکانی ڕێگەکە دیاری دەکات و نیشانەکانی سەر ڕێگەکە دەناسێتەوە. هەستەوەری سەرودەنگ کە لە ویلەکانی ئۆتۆمبێلەکەدایە هەست بە قەراغی ڕێگاکەو ئۆتۆمبێلە وەستاوەکان دەکات. دواتر سۆفتوێرێکی لێهاتوو هەموو داتا وەرگیراوەکانی ئەم هەستەوەرانە پرۆسێس دەکات، وێنەی ڕێگاکە دەکێشێ،دواتر فرمانەکان دەنێرێت بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە، کە کۆنترۆڵی خێرایی، برێک هەروەها لێخوڕینی دەکات. یاسا بە کۆد داڕێژراوەکان، ئەو ئەلگۆریزمانەی بۆ دورکەوتنەوە لە تەنە ڕێگرەکان دروستکراون، مۆدێڵەکانی پێشبینی کردن هەروەها ناسەرەوەی تەنەکان یارمەتی سۆفتوێرەکە دەدات کە بەپێی یاساکانی هاتوچۆ بڕوات.
“ڕێگرییەکانی بەردەم ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر چیە؟”
ئۆتۆمبێلی تەواو ئۆتۆماتیک “ئاستی ٥” لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە تاقیدەکرێتەوە. بەڵام ئەنجامی هیچکام لەو تاقیکردنەوانە تا ئێستا بەردەست نین بۆ خەڵک، هێشتا ساڵانێکی ماوە بگاتە دەستمان.ڕێگرییەکانیش بریتین لە هۆکارە تەکنۆلۆجی و یاسایی و ژینگەییەکان کە لە خوارەوە هەندێکیان ڕوندەکەینەوە:-
لیدار و ڕادار:- لیدار تێچوی زۆرە و هێشتاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ هاوسەنگکردنەوەی مەوداکەی و ڕونیەکەی. ئەگەر چەند ئۆتۆمبێلێکی خۆ-کار لەسەر هەمان ڕێگە بن ئایا سیگناڵەکانی لیدارەکە کار لەیەکتر ناکەن؟ هەروەها ئەگەر چەند لەرەلەرێکی ڕادیۆیی هەبوو، ئایا مەودای لەرەلەرەکە ئەوەندە دەبێت کە کێشە بۆ ئیشکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست نەکات؟
کەش و هەوا:- چ ڕودەدات کاتێک ئۆتۆمبێلێکی بێ شۆفێر لە کەش و هەوایەکی سەختدا کاردەکات؟ کاتێک چینێک بەفر لەسەر ڕێگاکەیە و نیشانەکانی سەر ڕێگاکەی داپۆشیوە. چۆن کامێرا و هەستەوەرەکان نیشانەکان دەدۆزنەوە ئەگەر بە بۆنەی ئاو، نەوت یان بەفرەوە دیار نەبێت؟
یاساکانی هاتوچۆ:- ئایا ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر تووشی کێشە ئەبێت لە تونێل یاخود سەر پردەکان؟ چۆن لە ڕێگا زۆر قەرەباڵخەکاندا کار دەکەن؟ ئایا ئەم ئۆتۆمبێلانە ئەتوانن ساید بگۆڕن و ئۆتۆمبێلی تر تێپەڕێنن؟ ئەی چی دەربارەی ئۆتۆمبێلی تەقلیدی؟ ئایا هەمان ڕێگا بەکار دەهێنن بۆ ماوەی ٢٠-٣٠ ساڵی داهاتو؟ توشبون بە ڕووداوی هاتوچۆ کێ بەرپرسە ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی خۆ-کار تووشی ڕوداوی هاتوچۆ بوو؟کۆمپانیای بەرهەمهێن؟ سەرنشینەکە؟ لە کاتێکدا پێشنیار دەکرێت تازەترین نەخشەی ئەم ئۆتۆمبێلە کە تەواو خۆ-کارە و ئاستی (٥)ە، هیچ داشبۆرد یا سوکانی نەبێت، بۆ ئەوەی سەرنشینەکە هیچ هەڵبژاردەیەکی لەبەردەستدا نەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی حاڵەتی لەناکاو کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە بکات.
زیرەکی دەستکرد بەرامبەر زیرەکی سۆزداری:- مرۆڤ زۆر جار لە کاتی شۆفێریکردندا پشت بە ئاماژەی وردو پەیوەندی ناگفتوگۆیی دەبەستێت، وەک پەیوەندی چاو لەگەڵ پیادەکان یان خوێندنەوەی دەربڕینەکانی ڕووخسار و زمانی جەستەی شۆفێرەکانی تر بۆ بڕیاردانی خێراو پێشبینی کردنی کاردانەوەکانیان. ئایا ئۆتۆمبێلی خۆکار دەتوانن ئەم پەیوەندیە دروست بکەن؟ ئایا ئەوان هەمان غەریزەی شۆفێرێکی مرۆڤیان هەیە لە پاراستنی ژیانی مرۆڤێکی تردا؟
“سوودەکانی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر چیە؟”
پلانەکان بۆ ئاسانکاری و بەرەو پێشچونی کوالێتی ژیان بێ سنوورە. کەسانی بەساڵاچو و پەککەوتوو ئیتر پشت بەخۆیان دەبەستن. وادابنێ مناڵەکانت بۆ مەلە و کات بەسەربردن چونەتە شوێنێک و کەلوپەلی مەلەکردنیان لەبیرچووە، لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلەکە دەتوانێت پێداویستیەکانیان بە دەست بگەیەنێت. تەنانەت دەتوانیت سەگەکەت بنێریت بۆ بینینی دکتۆر.بەڵام مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی خۆکار جگە لەم خاڵانە، بریتیە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن (Co2). لە توێژینەوەیەکی نوێدا، زانایان سێ مۆدێل دەناسێنن کە ئەگەر بێتو جێ بەجێ بکرێت ئەوا ئەگەری هەیە لە داهاتودا ئۆتۆمبێلی خۆکار بەتەواوی پێشبکەوێت:ئۆتۆمبێلی خۆکار، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئۆتۆمبێلی خۆکار بۆ گواستنەوەی گشتی “واتا کۆمەڵێک سەرنشین یەک ئۆتۆمبێلی خۆ-کار بەکار دەهێنن و لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە کۆنترۆڵی دەکەن”. ئەوا تاکو ساڵی ٢٠٥٠،ئەم سێ شۆڕشە دەتوانن:-
١- قەرەباڵخی هاتووچۆ کەمبکەنەوە “بە نزیکەیی ڕێژەی ٣٠٪ ئۆتۆمبیل لەسەر ڕێگاکان کەم دەکەنەوە”.
٢- ٤٠٪ تێچوی گواستنەوە کەم دەکەنەوە.
٣- پیادەڕەوی زیاتر ئەبێت،
٤- ئەو ڕووبەرە زۆرەی بۆ پارکینی ئۆتۆمبێل بەکار دەهێنرا، ئێستا دەکرێت تەرخان بکرێ بۆ پرۆژەی تر وەک (قوتابخانە، پارک، شوێنی نیشتەجێبون).
٥- کەمکردنەوەی ڕێژەی CO2 بە ڕێژەی ٨٠٪ لە جیهاندا.
سهرچاوه؛ synopsys.com
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا