“دەستپێک”
ئاشکرایە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای پێکهاتنییەوە لەسەر بنەمای هاوسۆزی و هاریکارییە مرۆییەکان خۆی بوونیادنابوو، بەڵام ئەم قۆناغە بەتایبەت لەدوای دەستووری نوێی ئێراق لە ٢٠٠٥ەوە دەگۆڕدرێت. لەڕابردوودا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وابەستەبوو بە خستنەڕووی ئێش و ئازار و مەینەتییەکان، پەیوەستبوو بەبەھا مرۆییەکانی دەوڵەتان بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە داپڵۆسێنەرەکانی. دەگەڕان بەدوای ئەو دەوڵەت و قەوارە حوکمی و ناحوکمییانەی بەھا مرۆییەکان دەپارێزن بەپێی جاڕنامەکانییان، جگە لەوەی خودی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسییەکان تاکەکەسی، حیزبی و نادامەزراوەیی بوون. لەقۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، کورد ھاوبەشە لە بەھا مرۆییەکان و ڕێزگرتن لەبنەماکانی یاسا و پەرەپێدان و هەماهەنگی زیاتر لە سەرجەم بوارەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بۆ تێگەیشتن لەم تێڕوانینەی سەرەوە، دەبێ بگوترێ لەئێستادا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە: قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێگە یاساییەکەی لە دەستووری ئێراق و ژێرخانی مێژوویی، ئابووری، ئاسایشی و پارادیپلۆماسییەکەی.
قەوارەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەرێمە فیدڕاڵییەکانی تر، وەک قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەت یان وەک ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی ناوی دەهێنرێت کە بەشێکە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی، هاوکات دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری هەیە. فیدڕاڵیزم وەک شێوازێکی ڕێکخستنی دەوڵەتی ئێراق هەڵبژێردراوە، چونکە فیدڕاڵیزم پەیڕەو و کارەکانی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە نێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵی و پێکهاتە سیاسییە فەرمییە سەربەخۆکان “قەوارە فیدڕاڵییەکان” دابەش دەکات. لەو بارەیەوە “ژیل ڕێمیارد” پێی وایە، فیدڕاڵیزم لەوە زیاتر شێوەیەکی سادەی حوکمڕانی بێت، شیوازی ژیانکردنە کە هەڵیدەبژێریت بۆ ئەوەی بوونت بەو شێوەیە بێت کە ھەیت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێ هەڵبژاردنی فیدڕاڵیزم وەک ویستێکی ناچاری کورد سەیر بکرێ، ئەویش بەهۆی ئەو پاشخانەی لە نێوان ڕژێمەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبووە. هەرچەندە بوونیادی مێژوویی هەرێمی کوردستان لە ڕووی جەوهەر و ڕواڵەتەوە جیاوازە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمەکانی تر، بەڵام هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی کەشی نێودەوڵەتی لەباری هەبووە بۆ برەودان بە سیاسەتەکانی، هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی وەک ئامانج و بەرژەوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێڕاقدا داوە.
بەرەوپێشچوونی دەسەڵاتی هەرێمەکان و کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان لەناوەڕاست بۆ کۆتایی سەدەی ڕابردوو دەستپێدەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای درووستبوونی هەرێمی کوردستان، و زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ خۆبوونیادنان و ئامادەیی بوونی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. لەدوای پەیمان و سیستەمی وێستڤالیاوە سیستەمێکی نێودەوڵەتی دێتە کایەوە، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی قەوارە نادەوڵەتییەکان، لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە هاوشان بە دیپلۆماسی دەوڵەتان چەمکێکی نوێ بەهەمان هێز دێتە نێو پانتایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە چەمکی پاڕادیپلۆماسییە. بەپێی ستێڤان پاکان پڕۆفیسۆر و سیاسەتناسی کەنەدی، ڕەچەڵەکی چەمکی پاڕادیپلۆماسی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە لە ئەدەبیاتی زانستیدا خۆی تۆمار دەکات لەپرسی نوێبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە فیدڕاڵیزم و سیاسەتی بەراوردکاریدا بۆ وەسفکردنی چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەت و هەرێمە فیدڕاڵییەکان.
پاڕادیپلۆماسی ئاماژەیە بۆ جۆرە ستراتیژییەتێکی نێودەوڵەتی قەوارەی هەرێمە فیدڕاڵییەکان کە تییدا خەبات دەکەن لەشێوەی ئامراز و هێزێکی نەرم بۆ پاراستنی قەوارەی خۆی، و هاوکات هەوڵ و تەقەڵایە بۆ دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش و شێوازێکی نوێنەرایەتی کردنی تەواوی هەرێمەکە، حکومەتەکە و خەڵکەکەی لە دەرەوە و هەروەها خۆشی ببوژێنێتەوە، وەک ئەوەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت کە لەچوارچێوەی بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٢١ی دەستووری عێڕاقدا هاتووە: هەرێمەکان دەتوانن ئۆفیسیان لە دەرەوە هەبێت و لەبوارەکانی ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و پەرەپێدان چالاک بن. بەم شێوەی بیرۆکەی لامەرکەزی دەسەڵاتی سیاسی ناسێنراوە لە چوارچێوەی ئەم بوارانەی سەرەوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم ببێتە ئەکتەرێکی دیار لە کایەی نێودەوڵەتیدا، چونکە ئەو پاڕادیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان گرتوویەتییە بەر و بەکاری دێنێت، تیشک دەخاتە سەر فرەچەشنی هەرێمەکە، نەک تەنها وابەستەبوون بەناسنامەیەکی تاکلایەن وەک شوناسی نەتەوەی کوردی، بەڵکو هاوشان بە شوناسی کوردی، شوناسێکی تری فرەچەشنی پێکهێناوە کە بە “کوردستانیبوون” ناودەهێنرێت و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری وەک یەک ناسنامە دەکاتە سیمبولی خۆی. بۆ نموونە، سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان لە ٧ی ئاداری ٢٠٢١ وەک دووپاتکردنەوەی ئەو دەستکەوتانە بوو کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکی ھێناوە ھەم لە ڕووی ئاسایش ھەم لەڕووی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیان.
هەرچەندە زۆرێک پارادیپلۆماسی بە پەسەند نابینن، هەروەک بەلای “بریان هۆکین”، سیاسەتناسی کەنەدی، هەردوو چەمکی پارادیپلۆماسی و پڕۆتۆدیپلۆماسی بەمانای تووندکردنی جیاوازییەکان و توخمەکانی ململانێ دێت لە نێوان حکومەتە فیدڕاڵی و هەرێمە فیدڕاڵییەکان. بەڵام دەبێت جیاوازی بکرێ لە نیوان ئەم دوو چەمکە و ئەم تێگەشتنەی هۆکین بۆ پڕۆتۆدیپلۆماسی گونجاوترە نەک پاڕادیپلۆماسی، چونکە ئامانجی سەرەکی لە خەباتی پڕۆتۆدیپلۆماسیدا بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیە و سەروەری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکە و شەرعیەتی نێودەوڵەتی تێک دەدەن. لەبەرامبەردا، پاڕادیپلۆماسی هەرێمەکان ئەگەر لەڕووی ناسیۆنالیزمییەوە ئاڵۆزی بۆ حکومەتە فیدڕاڵییەکە دروست بکەن، ئەوا لەڕووی ئابووری و کاراییان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی چالاکییەکانی حکومەتە ناوەندییە فیدڕاڵییەکەش، هەرچەندە ئەم خاڵەش وابەستەیە بە سروشتی پێکهاتەی پەیوەندی نێوان هەرێم و دەوڵەتەکە.
بەم جۆرە، پارادیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بریتیە لە دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، ڕێککەوتن و گرێبەستی بازرگانی خۆی پێکهێناوە بەشێوەیەک تەنانەت بووەتە نموونەیەکی بەرچاوی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان نەک تەنها لە سنووری چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، بەتایبەت دوای جەنگی دژ بە داعش، کورد و پەنادانی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارەکان پێگەیەکی دی بۆ کورد پێکهێناوە لە جیهانی دەرەوەدا. بێرنارد کۆشنەر لە پێشدەستی کتێبی فریدریک تیسۆ دەڵێت: سەربەخۆیی بە گەورەترین نەتەوەی بێسنوور “کورد” نادرێت لەجیهاندا، بەڵام بەملیۆنان کورد وەک قەڵغان لەدژی گرووپی ئیسلامی داعش وەستاونەتەوە، ئەوان ئێمە لەوان دەپارێزن.
لە بەرمەبنای ئەم تێگەشتنەی سەرەودا، ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوو پایتەختی جیاواز دەبینن لە ئێراق، یەکێکیان بەغدایە و ئەویتریان ھەولێرە و سەرۆک و سەرکردە جیھانییەکانی تری دەوڵەتان بە جیا سەردانی ھەولێریش دەکەن لەسەر پرس و بابەتی سیاسی، ئەمنی، ئابووری وزز ھیتر، بۆیە پایەتەختی ھەرێمی کوردستان جیاوازە لە ھەرێمە فیدڕاڵییەکانی تر، بەجۆرێک کە پارادیپلۆماسی قەوارەکانی وەک کیبێک و کەتەلۆنیادا، پێش ھەموو شتێک ھەوڵ و چالاکییەکانیان بۆ دانپێدانانە لە فەزای نێودەوڵەتیدا وەک پاڕادیپلۆماسییەکی شوناس. بەڵام پاڕادیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان ھێندە وابەستەی دانپێدانانی نەتەوەیی نییە، نەک لەبەر بەھای خودی پرسەکە، بەڵکو ھەرێمی کوردستان پێشتر بە شێوە جیا جیاکانی دانپێدانانی نەتەوەیی خۆی بەدەست ھێناوە. بۆیە لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین، لەچوارچێوەی پاڕادیپلۆماسی خۆیدا، ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوار و ئاستەکان شوێن پێگەی خۆی دامەزراندووە، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی، ئاسایش، ئابووری، کەلتوری و ڕۆشنبیرییەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
١- پاڕادیپلۆماسی سیاسیی:- لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر چەتری سیستەمی فیدراڵی ئێراقدا کاردەکات، هەوڵی دامەزراندنی ناسنامەیەکی سیاسی جیاواز لەسەر شانۆی جیهانی داوە. لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ناوەندی بڕیاریان ھەبێت وەک لۆبیکرن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی زیاتر. لەم چوارچێوەیەدا، ئێستا حکومەتی هەرێم نزیکەی 15 نوسینگەی نوێنەرایەتی لە سەرانسەری جیهاندا دەپارێزێت، لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک کونسوڵخانەی گشتی بیانی و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی هەمەچەشن. لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ نوێنەرایەتی بیانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن،. ئەم نووسینگە و کونسوڵانە بەشێکی سەرەکین لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم و جەخت لە گرنگی ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
٢- پاڕادیپلۆماسی ئابووری و گەشەپێدان:- حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری فیدڕاڵی ئێراقدا و بەھۆی دەرنەچوونی یاسایەکی فیدڕاڵی نەوت و گازی ئێراق لە ٢٠٠٧، ناچاربوو یاسای ژمارە ٢٢ی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٠٧ دەربکات و بەشێوەیەکی فەرمی دەست بکات بە ڕێکەوتنی فەرمی لە بواری وزە و ھاتنی کۆمپانیای وزەی جیھانی وەک ئیکسۆن مۆبیل و گەنەڵ ئینێرجی بۆ دۆزینەوە و وەبەرھێنان و پاشان بەفەرمی ھەناردەکردنی نەوتەکەی لە ٢٠٠٩ وەک بڕبڕەی پشتی داھات و ئابوورییەکەی. بەڵام، حکومەتی ھەرێم وەک تاکە سەرچاوەی گەشەی ئابووری لەڕێگەی نەوتەوە نەوەستا. دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2023 نووسینگەیەکی نوێی نوێنەرایەتی بازرگانی لە کۆریای باشوور کردەوە، ئامانج لێی زیادکردنی بازرگانی دوولایەنە و ڕاکێشانی وەبەرهێنانە لە کەرتەکانی تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنان. ھەروەھا بەپێی چەند داتایەک هاتنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 12% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2.8 ملیار دۆلار، لەگەڵ بەشدارییە گەورەکانی کەرتەکانی بیناسازی و کشتوکاڵیش، ھەروەک گەیشتن بە توانای ئاستی خۆبژێوەی لە ھەندێک بەروبومی خۆراکی و ھەناردەکردنی بەرھەمەکانی پەتاتە و ھەنار بۆ وڵاتانی کەنداو و بەڕیتانیا و ئیماڕات، کە ئەمە جۆرێکە لەھەوڵەکانی بەردەوامدان بە توانا نێوەخۆییەکان و بوژانەوەی سێکتەرەکانی دیکە و پیشاندانی بە ڕووی دەرەوەدا. بەشداریکردنی کارای سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری لە داڤۆس نمونەیەکی تری گرنگی و تایبەتمەندی پاڕادیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان دەردەخات.
٣- پاڕادیپلۆماسی ئاسایش:- لەڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە، دامەزراوە ئاسایشی و سەربازییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە پێکھێنانی لێژنەی ئەمنی و ئۆپەڕاسیۆن و ئاڵوگۆڕی ھەواڵگری سەربازی لەناوچەکەدا. لەگەڵ ئەمەشدا، ھەرێمی کوردستان بۆتە هاوبەشی ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پرسی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، چونکە لە ئەیلولی ٢٠١٤ ەوە کاتێک گرووپی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستهێنان و لەناوبردنی داعش لە ٨٥ ئەندامی جیهانی پێکهێنرا، کورد و پێشمەرگە بوو بە کارایەکی گرنگ لەم هاوپەیمانییە جیهانییەدا، تەنانەت لەئێستادا ئارامی ناوچەکە وابەستە بووە بە هەرێمی کوردستانەوە. لە ساڵی 2023 حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتی کەمبوونەوەی 20%ی ڕووداوەکانی سنوور بەزاندن و حاڵەتەکانی قاچاخی ڕاگەیاندووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی هاوکاری ئاسایشی سنوور لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ. ھەروەھا بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن، نمونەیەکی تری پێگە و پاڕادیپلۆماسیەتی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات.
٤-پارادیپلۆماسی کولتووری:- لە بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە ساڵی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەکی گەورەی دیپلۆماسی کولتووری لە ئەوروپا دەستپێکرد، لەوانە “هەفتەی ڕۆشنبیری کوردستان” کە لە پاریس و بەرلین و لەندەن بەڕێوەچوو. لەم بۆنانەدا فیلم و میوزیک و پێشانگای هونەری و پانێڵی ئەکادیمی کوردی نمایشکرا و سازکرا. هەرەوەها:-
- لە ڕووی ئاڵوگۆڕی پەروەردەییەوە، حکومەتی هەرێم پرۆگرامەکانی سکۆلەرشیپی فراوانتر کردووە بۆ خوێندکارە کوردەکان بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بخوێنن. لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٥٠٠ خوێندکار ڕەوانەی زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور کران، کە سەرنجیان خستە سەر ئەو بوارانەی کە گرنگن بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە و برەودان بە تواناکانی پڕۆگڕامسازی و ئایتی.
- بەشداریکردنی ڕەوەند و دیاسپۆڕای کوردی:- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆنە و چالاکییەکانی وەک “کۆڕبەندی ڕەوەندی کوردستان” کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە واشنتۆن دی سی بەڕێوەچوو، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕەوەندی کوردی زیاتر کردووە. تەنانەت ڕەوەندەکان ساڵانە نزیکەی 1.2 ملیار دۆلار لە ڕێگەی حەواڵە و وەبەرهێنانەوە بەشداری لە ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەن.