“داهێنانی پووپێر”
“کاریل پووپێر” بە داهێنانێکی مەعریفە ناسانەوە توانی پرسی دەیڤید هیۆم42 بە شێوەیەکی ئەقڵانی وەڵام بداتەوە. هیۆم، ئەزموون خوازێکی پەتی hard empiricist و پرۆفیشێناڵ بوو، تا شوێنێک کە دەڵێت: ئەگەر رۆشتنە ناو کتێبخانەیەک و کتێبگەلی میتافیزیکیتان بینی…هتد ئەو کتێبانە بخەنە ئاگرەوە، چونکوو جگە لە سەفسەتە شتێکیان تێدا نییە(هیووم- لێکۆڵینەوەیەک لە بارەی تێگەی43 مرۆیی-1751-ل164). چونکوو لە روانینی هیۆمەوە لەم کتێبانەدا هیچ هەقیقەتێکی بەرهەست و ئەزموونیار44 نادۆزرێتەوە. ئەوەی کە هەیە لە کتێبگەلی فیزیک و تیۆرییە بەرهەستەکان و بیردۆزییەکانی زانستە سرووشتییەکان دایە. تیۆرییە بەرهەست(ئەزموونیار)ە کانیش سەرتاپا لە سەر ئیستقرا و روانینی پاژتەوەرانە راوەستاون، واتە دەبێت قورساییان بخەنە سەر تۆژینەوە و بینینی راستەوخۆوە و دەبێت لەو تۆژینەوە بەرهەست و پاژتەوەرە هەڵخێزن تاکوو بتوانین لەسەر بنەمایان بانگەشەی ئەوە بکەین کە هەقیقەتگەل و راستیگەلێکمان لە جیهان دا بینیوەتەوە.
بەڵام ئەو “هیۆم” کە بە چەک و بەڵگەی ئیستقراوە چوو بووە شەڕ لەگەڵ میتافیزیکدا تێگەیشت کە ئیستیقراش خۆی تووشی کێشە و گرفتی ناوەکییە، چوونکوو هیۆم لە سەر بنەمای گومانخوازییەکی میتۆدمەند میتافیزیکی رەت دەکردەوە نەک بە گوێرەی هەست یان دژایەتی باوەڕمەندانە و ئیمانییەوە، بە شێوەیەک کە دەیگووت: گومانخوازی راستەقینە هەم فۆرم و قەوارە فەلسەفییەکان و هەمیش ناوەرۆک و واتای باوەڕە فەلسەفییەکانی خۆی دەخاتە ژێر گومان و شکەوە(هیۆم- نامیلکەیەک لەمەڕ سرووشتی مرۆڤ- 1740-ل273)، هیۆم لە رێگەی کۆڵشتە میتۆدیک و شێوازمەندەکانی خۆیەوە تێگەیشت کە بنەماکانی ئیستیقراش بنکۆڵ و لەرزۆکە. ئەو، بۆی دەرکەوت کە باوەڕ بە ئیسیقرا یان لە سەر وەرسووڕان(دەور) دەگیرسێتەوە یان سەر لە دژوازی45 دەدات. پاساو ئانینەوە و چەسپاندنی ئیستیقرا لە رێگەیەکی غەیری ئیستیقراییەوە دەبێتە دژوازی و پاساودانەوەشی لە رۆچنەی خودی ئیستیقراوە دەبێتە وەرسووڕان. لەبەر ئەوە هیۆم بۆ روونکردنەوەی پێگەی چەمکی مەعریفە تەنها یەک رەهەند و رووبەری بۆ مایەوە؛ رووبەری زەین. ئەو، لە دواجار دا دان بەوە دا دەنێت کە مەعریفە دەشێت تەنیا لە زەیندا بە دەستەوەڕا بگات. بە تێگەی هیۆم ئەگەر ئێمە بتوانین لە نێوان ئەو وێنانەی کە لە ئەمری واقیع لە زەینماندا هەیە هاوتەریبی و هاوئاهەنگی ببینینەوە، لە راستیدا مەعریفە و لەدواجاریش هەقیقەتمان بە دەست هێناوە. پووپێر لە رێگەی داهێنانی مەعریفەناسانەی خۆیەوە واتە بینینەوەی ناهاوتەریبی و نایەکبووگی لە نێوان “چەسپاندن و بەتاڵکردن”46 دا کۆتایی بە پرسی هیۆم هێنا. ئەو، بە سەرنج و هەڵوێستەی پێویست و شیاو تێگەیشت کە لە سیستەمی لۆژیکیی هەڵهێنجان (استنتاج)، دا ناکرێت بایەخ و نرخی سیدق و راستیی47 تەنانەت هەزاران گوزارەی تاکەکەسی بە سەر گوزارەیەکی گشتیدا بسەپێنین و ساغی کەینەوە و راست بوونی لێ بە ئەنجام بگرین، بەڵام بە سانایی و ئاسانی دەکرێت کە نرخ و بایەخی ناراست (کیزب)بوونی گوزارەیەکی تاکەکەسی بە سەر گوزارەیەکی گشتیدا ساغ کەینەوە و ناراست بوونی لێ بە ئەنجام وەربگرین. پووپێر لە لایەک بە هاودڵی و هاوسۆزی لە گەڵ هیۆم لە رەتکردنی ئیستیقرا یان پاژتەوەری دا و لە لایەکی دیکەوە بە رەخنەگرتن لە سەر ئەو بە هۆی بە زەینی دانانی مەعریفەوە، گەیشتە ئەم ئاکامە کە دەشێت بە میتۆدی قیاسی-ئیستینتاجی(گشت تەوەری-هەڵهێنجانی)، مەعریفە لە رووبەر و پانتای زەینەوە هەڵگەڕێنینەوە بۆ ناو دونیای واقیع، هەڵبەت بەم جیاوازییەوە کە روانینی چەسپاندنخوازییpositivistic هیۆمی گۆڕییە سەر رەتکردنخوازیfalsifiable و بە باشی خۆیای کرد کە مەعریفە یان گوزارە متمانەدارەکان، ئەو گوزارانە نین کە بسەلمێندرێن و بچەسپێن(بەو شێوەیەی کە پوزیتیڤیستەکان دەڵێن)، زەینیش نین (بەو شێوەیەی کە هیۆم بانگەشەی بۆ دەکرد)، بەڵکو گوزارە گەلێکن کە:-
- دەرە زەینین (بەرهەست و هەستپێکراون واتە هەڵگری زانیاریگەلێکی رێژەیی و ژمارەییانە لە کات- شوێنن)
- بە لۆژیکی بەتاڵگری خوازی بەرهەم دێن( بۆیەش غەیری رێکەوتنین)
- واتا دارن( بەم هۆیەش زمانناسانەی تەواویش نین و کایەی زمانی نایەنە ئەژمار).
بەم شێوەیە پووپێر دەری خست کە مەعریفەی زانستی، تیۆرییەکە کە لەرووی ماهییەت و چییەتییەوە بەتاڵگر (بەتاڵهەڵگر) refutableبێت. ئەگەر بشێت بارودۆخی بەتاڵگریی بەرهەستانەی تیۆرییەک وێنا بکەین و دواتر بواری جێ بەجێ کردنیشی بۆ یڕەخسێنین، چ تیۆرییەکە بەتاڵ بێتەوە و چ نەبێتەوە، ئەو تیۆرییە لە رەگەز و جینسی مەعریفە و زانستە. پووپێر بەم داهێنانە مەعریفەتناسانەیەوە، سێ تایبەتمەندیی زەینی بوون، رێکەوتنانە بوون و زمانناسانە بوونی کە بە هەڵە بە بەری تیۆری زانستییان کردبوو رەتکردەوە و پیشانی داکە ئەم سێ تایبەتمەندییە تیۆرییە زانستییەکان بە ریز لە سێ ناوەرۆکی بەرهەستانە obgective ، لۆژیکیlogical و هەروەها ناوەرۆکی ماناییmeaningful بۆش و خاڵی دەکاتەوە. ڤەژیاندنی سێ تایبەتمەندیی سەرەکی مەعریفەی زانستی واتە “بەرهەست بوون، لۆژیکی بوون و مانادار بوون” دەرهاوێشتە و بەرئەنجامی داهێنانی مەعریفەناسانەی پووپێرە، داهێنانێ کە ناوی “بەتاڵگری” لێ نرا. هەڵبەت مەبەست لە بەتاڵگری، بەتاڵ بوونەوەی لۆژیکی- بەرهەستانەیە نەک قبووڵکردنی بەتاڵیی. چوونکوو لەو سێ قۆناغەی کە لە بەتاڵگری بەرهەستانە(ئەزموونی تیۆری زانستی) دێتە ئاراوە واتە:-
- ئەنجامگری گوزارە بنەماییەکان لە تیۆری( ئەنجامگیری رستە وجوودییەکانexistentia statements کە هەڵگری رێژەیەکی تایبەتی ژمارەییانە لە کات و شوێنن)
- رووبەرووکردنەوەی گوزارە بنەماییەکان لە گەڵ یەکدی دا( بەراورد کردن لە نێوان گوزارەگەلی بنەمایی بەرهەمهاتوو لە تیۆری لەگەڵ گوزارەگەلی بنەمایی کە بە شێوازێکی سەربەخۆ لە ئەزموون سەلمێندراون)
- قبووڵکردنی گوزارەی بنەمایی نوێ و بەتاڵ کردنەوەی تیۆری زانستیی پێشوو و خستنە رووی تیۆری زانستیی نوێ.
بەتاڵگریی تەنها لە ئاست قۆناغی یەکەم و دووەم بەرپرسیاریەتی هەیە. چونکوو بەتاڵگری دەپەرژێتە سەر بەراوردکردنی نێوان تیۆری لەگەڵ تیۆری (لە رێگەی رووبەرووکردنەوەی گوزارەیەکی بنەمایی لە گەڵ گوزارەیەکی بنەمایی تردا) نەک بەراوردکردنی لە گەڵ ئەمری واقیع دا. بەم پێیە قۆناغی سێیەم کردەیەکی دەروونناسانەیە کە لە رووبەری بەتاڵگریی بەدەرە و لۆژیکی دەروونیی زانست بەرپرسایەتییەکی لە ئاستدا نییە. ئامێرگەلێکی دەروونناسانە و کۆمەڵناسانە وەکوو “بڕیاری کۆمەڵەی زانستی”، “دۆخگۆڕیی پارادایمی لە زانستی باو” و “رێکەوتنی شەقامی گشتی” چارەنووسی قۆناغی سێیەم دیاری و دەست نیشان دەکەن. گوزارە بنەماییەکان بەم شێوەیە لە زانستە بەرهەست(تجربی)ەکان(زانستی فیزیک و زانستە کۆمەڵایەتییەکان) دا دەوری بەتاڵگرانی هێزەکی بۆ تیۆرییەکانیان هەیە. گوزارە بنەماییەکان دوو چەشنن،1- گوزارەیەکی بنەمایی کە ئاماژەیە بۆ پێشهاتێکی بەتاڵکەر Occurrence و 2- گوزارەیەکی بنەمایی کە ئاماژەیە بۆ کۆی پێشهاتێک، واتە وەگێڕی رووداوێکی بەتاڵگرەEvent. رووداو، سەردێڕ و رەهەندە گشتییەکان و چەشنێک لە پێشهات دەخاتە روو. گوزارەگەلی تاکەکەسیی بنەمایی ئاماژەکەر بۆ پێشهاتێک، بە گوزارەگەلی هاورەگەزیEquivalent statements هەمان پێشهات ئەژمار دەکرێن. کۆمەڵە گوزارەگەلی هاورەگەز، ئەندامێک لە رووداوێکن بەم پێیەش هەر کۆمەڵەیەک لە گوزارەگەلی بنەمایی هاوڕەگەز، گوزارەیەکی تاکەکەسیی بنەمایی لە دەرخستن و هێنانە گۆی رووداوێکە. کۆمەڵە گوزارەگەلی تاکەکەسیی بنەمایی ئاماژەدەر بۆ رووداوێک، گوزارەگەلی هاوچەشنHomotypic statements لە گەڵ هەمان رووداون. کۆمەڵە گوزارەگەلی تایبەتی بنەمایی هاوچەشنە کە لە دواجار دا بە (گوزارەیەکی بنەمایی) Basic statementناوبردە دەکرێت. (شیکاری بابەتەکە لە “لۆژیکی بینینەوەی زانستی”-پووپێر-1985-بڵاوکراوەی هارپێر- چاپی دوازدەیەم- ل90 تا100).
لەم روانگەیەوە، تیۆری، کۆیەکە لە چەندین پێکهاتی گوزارەیی درووست بووە. تیۆری لەگەڵ کۆمای48 گوزارە ناوەکییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمری واقیع دا بەرەوڕوو دەبێت، نەک بە تاقانە گوزارەگەلی تاکیانە(منفرد). ئەم تایبەتمەندییە لە لایەک شیمانە و ئەگەری فامکردنی گوزارەیەک لە ژێر تیشکی پێکهاتی گوزارەیی دا مسۆگەر دەکات و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر و مەرجە لۆژیکی و ئەقڵانییەکانی ئاڵووگۆڕی پێکهاتیانەی تیۆریش(گۆڕاندنی تیۆری “ئەلف” بە تیۆری “ب” یان بگاردن49 لە پێکهاتی “ئەلف” بەرەو پێکهاتی “ب”) روون دەکاتەوە و دەیخاتە روو. هەر بەم پێیە گوزارەی بنەمایی لەپێگەی بەش و ئەندامی بنەڕەتی پێکهاتەی تیۆری بەتاڵگر، بەهۆی ناهاوتەریبی لۆژیکیی کە لەگەڵ تیۆری دا هەیەتی، لەمەڕ و پەیوەست بە بەتاڵاندن یان چەسپاندنی تیۆرییەکی زانستی(فیزیکی و کۆمەڵایەتی) دەور و رۆڵی سەرەکی و بنەوایی50 دەگێڕێت. نەبوونی هاوتەریبی لۆژیکیی گوزارەی بنەمایی لە گەڵ تیۆری دا بەرهەمهێنەری کردەی رەخنەشە. کردەی رەخنە، دەرئەنجامی بەرەوڕووبوونەوە و دیالیکتیک گوزارە بنەماییەکانە. رەخنەکاری لەسەر بنەمای ئەم میتۆدە، کۆڵەکەکانی تیۆری زاڵ لە هەر بوار و بەستێنێک دا، چ لە بوار و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و چ لە رووبەر و پانتای گوتاری هونەری ( هونەرە ئەدەبی- هونەرە وێناندنییەکان51) دەلەرزێنێت و بە خستنە رووی دژوازییە ناوەکییەکەی نامتمانەیی و لاواز بوونی دەردەخات و بێ نرخ و کەڵکییەکی جاڕ دەدات. قبووڵ کردن یان قبووڵ نەکردنی گوزارە بنەماییەکان هۆکاری سەرەکی مشت و مڕ و گێرمەوکێشەی نێوان زانستمەندان و توێژەرانە و بابەتی هەمیشەیی کۆدەنگییانە لە فۆرمی رێکەوتنی دا. ئەگەرچی هەڵبژاردنی گوزارە بنەماییەکان لەسەر بنەوای هزری کۆیی، بۆ خۆلادان لە کەوتنە داو و تووش بوون بە زنجیرە و تەسەلسولی ناکۆتا52، وەکوو ئامێر یان پەیڕەوی رێژەخوازی دەریان ناخات و هەر بۆیەش بێ نرخ و بایەخیشیان ناکات لە رووی مەعریفییەوە، چونکوو شان وشکۆ و پێگەی مەعریفی رابردووان و پێشینیان هەر لەرێگەی ئەم هزرە کۆییەیە کە دەخزێتە ناو هەناوی گوزارە بنەماییەکانەوە.
هەر بەم هۆیەوە گوزارە بنەماییەکان ئەگەرچی سەلمێندراو نین (چوون دەکەونە داوی تەسەلسولی ناکۆتاوە) بەڵام بەڵگەهەڵگرن53(غەیری ئایدۆلۆژیکن) و هەر ئەم تایبەتمەندییەیە کە پاساوهەڵگر Justifiableیان دەکاتەوە( مەبەست لە پاساو، پاساوی ئەقڵانییە کە ئەرکی نرخاندنی گوزارەکانی لەسەرە نەک پاساوی مەعریفی و یەقینی. پاساوی مەعریفی، ئامانجی پاساوی ئەقڵانییە نەک میتۆدەکەی). پووپێر بە پاڵپشتی داهێنانە مەعریفەناسانەکەی خۆی بە رەتکردنەوەی پێودانگی ماناداریی زانست (رەتکردنەوەی ئەمەی کە زانست مانادار و غەیری زانست بێ مانا بزانین)، پانتا و رووبەری میتافیزیک و مانای، واتە هەمان هەرێم و پانتایەک کە سووژە تێیدا نیشتەجێیە، لە دەستی زانست و بەرهەستخوازی و ئەزموون گەرێتی رزگار کرد، و هاوکاتیش زانست و بە دەربڕینێکیتر متمانەدارترین فۆرم و شێوازی تێگەیشتن لە ئۆبژەی بە رێگەی تیۆری بەتاڵگری لە چنگۆڵ و چڕنووکی غەیری زانست و ئایدۆلۆژی قوتار کرد. پووپێر هاوکات هەم هاوێر و هەڵاواردنی واتایی نێوان ئەمری واقیع و بایەخەکانی54 رەت کردەوە (ئەوەی کە پۆزیتیویستەکان لە سەری راوەستا بوون) و هەمیش داکۆکی لە هەڵاواردن و تەتڵەکاری(جیاوازی دانان) لەنێوان تیۆری و ئەمری واقیع دا کرد (ئەوەی کە هابێرماس و کڤاین55 هاوڕا نەبوون لەگەڵی، هابێرماس بە درێژکراو و پێشەوەهاتووی پوزیتیڤیسم و کۆواین بە خوازەیی و میتافۆڕیک بوونی ئەژماردە کرد بەڵام دواتر هەر دووک دانیان بەوە دا نا کە هەڵاواردن و هاوێرکردنی تیۆری لە ئەمری واقیع پێویستیە بۆ جێ بەجێ کردنی میتۆدە بەرهەستەکانە و هەروەهاش لۆسە (اهرم)یەکە بۆ ئامادەکردن و گوڕ و تین وەبەرکردنیان بۆ بەرهەم ئانینی مەعریفە و ناسینی زانستیی بە مەبەست و ئامانجی دۆزینەوەی یاسا و رێسا گشتییەکان)، چونکوو پووپێر بەراستی لەمە تێگەیشتبوو کە تیۆریەکانی ئێمە، لە باری چییەتی و ماهییەتەوە مەزەندە و بۆچووننConjectural و هیچ کاتێکیش بە راستی و درووستی تێ ناگەین کە پێوەندی تێوری لە گەڵ ئەمری واقیع دا چۆناوچۆنە.
پووپێر هەر بەم داهێنانە مەعریفەناسانەیەی لە چارەسەری و یەکلاکردنەوەی پرسی هیۆم دا ئەقڵانییەتی رەخنەکارانەی تەواو و چڕوپڕتر کرد و گەیاندییە تەشق و ترۆپکی خۆی. ئەقڵانییەت بەم شێوەیە دەتوانێت و بۆی دەلوێت کە خۆی بباتە ژێر پرسیارەوە و گومانکاری بزۆز و ئەبەدی Dynamic skepticalبکاتە چاوساغ و پێشڤەبەری خۆی بێ ئەوەی کە بکەوێتە داوی تۆڕی رێژەیی خوازیی و رێژەیی بازیی Relativismەوە. لە نیشانە و تایبەتمەندییەکانی ئەقڵانییەتی رەخنەکارانە، رەخنە لەسەر خودی بەتاڵگری و دانان و درووستکردنی جیاوازی و هەڵاواردن لە نێوان بەتاڵگری بەرهەست و بەتاڵگری رەخنەکارانەیە. لە بەتاڵگری بەرهەستیانە(پووپێری) دا تیۆری تەنها رەخنەکاری دەکرێت و ئەگەریش کرا بەتاڵگری بەسەریدا جێ بەجێ دەکرێت، بەڵام لە بەتاڵگری رەخنەکارانەدا، سەرەڕای هەوڵ و کۆشش بۆ بەتاڵکردنەوەی تیۆری بە پێی تاقیکردنەوەی بەرهەستانە(بە گوێرەی تیۆری پووپێر)، هەم ئەگەر و دۆخە سەرەتاییەکە (بە پێی تیۆری دووەم) و هەمیش ئامێرە ژمێریارییەکانی تیۆری وەکوو لۆژیک و بیرکاری”ماتماتیک” (بە پێی تیۆری کۆواین)، بە شێوازی کۆمایی یان گشتی رەخنەکاری (و لە حاڵەتی شیاو و کراو دا) بەتاڵگری دەکرێت. بۆ نموونە بەپێی تیۆری پووپێر، لە رێگەی گوزارەی بنەمایی ” قاڵاوێکی سپی بینراوە”، گوزارەی گشتی “هەموو قاڵاوەکان رەشن” دەکەوێتە بەردەم بەتاڵگری و رەتکردنەوەوە. بەڵام لە تیۆری دووەم دا، هەم گوزارەی گشتی “هەموو قاڵاوەکان رەشن” و هەمیش بابەتی بەتاڵکەری ئەو واتە گوزارەی بنەمایی” قاڵاوێکی سپی بینراوە” بە جووت دەکەونە بەردەم بەتاڵگری و رەتکردنەوە. چوونکوو ئەگەری ئەوە هەیە کە قاڵاوی بینراو بەراستی سپی نەبێت یان هەر قاڵاو نەبێت. ئەگەر لە تیۆرییەکەی پووپێردا بازنەی بەتاڵگری، تەنها یاسای گشتی لە خۆ دەگرێت لە تێوری دووەم دا، بازنەی بەتاڵگری، هەم یاسای گشتی و هەمیش گوزارە بنەماییە بەتاڵکەرەکەی (واتە بەتاڵکەری یاساکە) لە خۆدەگرێت. بازنەی بەتاڵگری لە تیۆری کۆواین بەربڵاوتر و پانتر بووە و هاوکات، هەم یاسای گشتی، هەم گوزارەی بنەمایی بەتاڵکەری یاساکە و هەم ئامێرە تێوریکەکانی تیۆری داڕێژیی وەکوو بیرکاری و لۆژیک دەگرێتە خۆی و دەیخاتە بەردەم بەتاڵگرییەوە.
بەم حاڵەش بەرسڤی پووپێر بۆ کۆواین و رەخنەی دووەم ئەمەیە کە هەبوونی کێشە و درز لە بارودۆخی سەرەتایی یان لە ئامێرە ژمێریارییەکان دا، پێوەندی بە لۆژیک و زانستەوە نییە، چوونکوو هەبوونی ئەم درز و قەڵشت و کێشانە لە بنەڕەتدا کێشەی زانایان و زانستمەندانە و پەیوەستە بەوان نەک پرسی لۆژیکی زانست.( فەلسەفەی کارێل پووپێر- بەرگی دووهەم- لە زنجیرە کتێبەکانی کتێبخانەی قەیلەسووفانی زیندوو-1974).
“هەڵەی پووپێر”
بەڵام پووپێر بە هەمان ئاست و رێژە کە لە داهێنانی مەعریفەناسانەی خۆی بۆ چارەسەری پرسی هیۆم و هەروەها خستنە رووی پێناسەیەکی ورد و رێک و پێک لە “زانست” سەرکەوتووانە جووڵایەوە، لە هەڵپێکاندن و گرێدانی چەمکی(راستیی-ێدق) بە زانست و گوزارە زانستییەکانVerisimilitude سەرکەوتوو نەبوو. پووپێر لە خستتنە روو و نواندنی ئەمەی کە ” کامە بێ مانا نییە یان کام شت بێ مانا نییە” سەرکەوتووانە جووڵایەوە (بە باشی پیشانی دا کە میتافیزیک بێ مانا نییە)، بەڵام لە روونکردنەوەی ئەمەی کە “مانادار کامەیە” سەرکەوتوو نەبوو (نەیتوانی پیشان بدات کە مەرجی واتاداری گوزارەیەک چییە، ئەو کارەی کە دواتر فەیلەسووفی شیکاری، دۆناڵد دەیڤید سۆن پێی هەستا و لە ئەستۆشی هات و پیشانی دا کە: گوزارەیەک واتادار و بامانایە کە راست یان سادق بێت، بە دەربڕینێکیتر مەرجی راست بوون مەرجی مانادار بوونیشە).
یەکێک لەو رەخنە بنەماییانە کە “تیۆری راستیی” پووپێر بێ متمانە و نرخ دەکات، رەخنەی دەیڤید میلەرMiller و Tichyتیچی لەسەر تیۆری نێزیکایەتی بە حەقیقەتVerisimilitude ، رەخنەیەک کە تەنانەت خودی پووپێریش قبووڵی کرد، پیشانی دا کە لە رێگەی بەتاڵگرییەوە( وەکوو پێودانگی بەراوردکردنی ناوەرۆکی بەرهەستیانەی تیۆرییەکان لە گەڵ یەکتر)، زانست لە حەقیقەت نێزیکتر نابێتەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لێی دوورتر و دوورتر دەبێتەوە.(دوو وتار لە میللەر و تیچی-گۆڤاری بەریتانی فەلسەفەی زانست-1974). بە پێی بەڵگاندنەکەی میلەر، بەکاربردن و بەبەرداکردنی راستیی و ناراستیی(صدق و کذب) بۆ گوزارە زانستییەکان کارێکی سووک و ئاسان نییە. گوزارە زانستییەکان لەدواجار و لەو پەڕەکەی خۆیاندا دەتوانن عەقڵانی و رەخنە هەڵگر بن نەک بەشێوەیەکی لێبڕاوانە راست و سادق.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
تێبینییەک: وشەی گوزارە لە هەموو دەقەکەدا هاوتای statementهاتووە و واتای رستەیەکی هەواڵدەرانە کە زۆر جار هەڵگری بڕیار و حوکمە دەگەیەنێت، هاوتای رستە بۆ گوزارە هێشتا شیاو نییە!
*ئەم وتارە لە راستیدا بە بۆنەی سیازدەیەمین ساڵی کۆچی دوایی کارل پووپێر لە ژێر ناوی “عقلانیت انتقادی پوپر”ەوە نووسراوە و لە رۆژنامەی “اعتماد ملی” ژ476 سێ شەممە 10ی رەزبەری ساڵی 1386ل9 لەلایەن موحسین خەیمەدووز، هاتۆتە نڤیسان، بەڵام بە هۆی ئەوەی باسەکە تازەیی و واتای هەنووکەییانەی خۆی بەتەواوەتی پاراستبوو، هەڵمبژارد.
1-بۆ عەقڵانییەت و هزرمەندیی پووپێر لە زۆربەی وتار و نووسینەکاندا ئاوەڵناوی رەخنەگرانە بەکار براوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە کایەی زمانیی گوتاری کوردیدا “گر” کە پاشگری ئەو ئاوەڵکردارە بێت، رووبەرێکی بچووک لە هەڵس و کەوتی رەخنەیی واتە تەنها ئەدەب و سیاسەت و ئەوپەڕەکەی کۆمەڵگاش دەگرێتەوە، شیاو و لەبار نییە، بەڵام رەخنەکاری بەو پاشگرەی کە”کار”بێت، دەشێت چالاکی و هەڵسووڕانی لە هیچ رەهەند و رووبەرێکدا تەسک و تەنک نەکرێتەوە.
2-ناوکە و ناوی هەر شتێک:(هستە)، وەکوو وشە لە قەوارەی باسی تیۆریکدا لە کتێبی ئیمان و جەنگاوەرانی بەختیار عەلی دا (کە کۆمەڵێک باس و بیری تیۆریکە بە روانینی رەخنەکارانەوە بۆ کتێبێکی د.فاروق رەفیق لە ژێر ناوی “ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار”)،بینیومە.
3-مسیر و روند. “رەوگەم” لە وتارێکی د.رەهبەر مەحموودزادە بە ناوی “ئاوەزمەندێتی کوردی لەنێوان ناوەرۆکە ناوچەییەکان و میتۆدە جیهانییەکاندا” بینیوە، بڕواننە کتێبی کوردوستان ژ2 ساڵی1382ل60
**ئەم سێ هاوتایە بۆ ئەو سێ چەمکەی پێکهاتی فەلسەفی مارکسیزم سازێندراوی خۆمە. کردە، تێزی ئێمەیە و دژکردە ئانتی تێزی ئەویدییە و لە پێکدادان و دیالیکتیکی ئەم “دووانە لێکدژە” کۆکردە یان ئەنجامی گشتیی کردەکان وەردەگرینەوە، جا چ کردەی رووت بێت یان دژکردەی نارووت و پۆشراو بە کردەی رووت بێت! ئەم حاڵەتە لە هاوکێشەی نێوان چەمکەکان دەشێت شێوازگەلیتریشی هەبێت ئەمە تەنها نموونەیەکە.
4- ئەم دوو لێکدانە کایەی زەمانە لە ناو زماندا، هەر ئەوە!
5-لۆڤاتان لەبنەڕەتدا ناوی دۆڵپایەکی فرەسەر و دەستە کە تۆماس هابز وەکوو میتافۆڕێک بۆ کتێبەکەی خۆی لەسەر دەوڵەت و سیاسەت هەڵیبژاردووە. ئەگەرچی لەم دواییانەدا لە زنجیرەدرامایەک کە هۆلیڤوود درووستی کردبوو گێڕانەوەیەکی سورریالی و واقیع-خەیاڵییانەی لێکراوە.، ئەم زنجیرە درامایە کەناوی Super natural واتە بان سرووشتە، بەگشتی دەپەرژێتە سەر تەواوی توخم و ماکە بانسرووشتییەکان لە ئادەم تا خاتەمەوە و تا ئێستە160ئاڵقەیم بەدەست کەوتووە و بینیومە. لەو زنجیرەیەدا لە ئەپیزۆدی 7 و لە ئاڵقەی 5بەم لاوە یەکسەر باسی بوونەوەرانێکە بەناوی لۆڤاتان کە لە رێگەی فریشتەیەکی داکەوتوو و چەپڕەو(سقوت کراو) لە بەرزەخەوە دێنە دونیای زەمینەوە و توانایی هەیە بۆ کۆپیکردن و شکڵ وەرگرتنی هەموو مرۆڤێک، بەهەموو بیرەوەری و ئەزموونە دەرهەست و نادەرهەستەکانییەوە و خۆشترین پێخۆریشیان گۆشتی مرۆڤە بە تایبەتی گۆشتی لەشی منداڵانی هەتیو! هەروا کە ژیانی دڕندانەیان دەبەنە پێشەوە دەزانن مرۆڤگەلێک هەیە کە کۆپی ناکرێن چوونکوو لەوپەڕی هەڵکەوتوویی و مێشک واڵایی و هزرقووڵی دان و لەوێوە دەکەونە ناو کێشەگەلێکەوە… دواتریش واتە پاش ئەم درامایە رۆمانی “کەشتیی فریشتەکان” بەرگی یەکەمم دەس کەوت، لەوێش تەعبیرێکی خوازەیی لە لۆڤایاتان کرا بوو(هەڵبەت نووسەری ئەم رۆمانە لە لاخت و داڕشتنی وشەی “لیڤیتانت” دا باسی دەکات) بەڵام ئەم لۆڤایاتانە کە ئاوەڵناوی کوردییانەشی بەسەرەوەیە؛ لیڤیتانت هۆمەر بۆتانی، لە هەناوەوە ئەو هێزە رام نەکراو و کەوی نەبووەی دەسووڕێت و هەڵدەکات، و ئێمە لە درێژەی رۆمان و کەسایەتی داڕێژی دا دەزانین کە لیڤیتانت چەند فرەسەر و فرەخەون و فرەگەڕ وهتد و وەکوو دەربڕینێکی میتافۆریک و خوازەییانە دەیخوێنمەوە. من دواتر لە وتارێکدا دێمە سەری ئەم باس و خواسەوە، ئەمەش لەمەڕ لۆڤاتان تەنها بۆ “مەعلووماتتان” بوو!
6- بێگومان هابزیش لایەنی خوازەیی لوڤاتانی لەبەر چاو بووە بەڵام ئەم گێڕانەوەیە کە باسی دەکەم لە لایەن هیگلەوە بوو. لە کتێبی (از دولت اقتدار تا دولت عقل)”لەبارەی فەلسەفەی سیاسی مۆدێڕنەوە، نووسینی کمال پولادی،نشر مرکز،ل11
7-“با” هەمدیس ئاماژەیە بە ئەو کەش و هەوایەی کە لە رێگەیەوە جەمشید توشی سەرلێشێواوی و شپرەزیی و چارەنووس نادیاری دەبێت! ناوی رۆمانێکی کورتی بەختیار عەلیە(هەڵبەت بە بەراورد لە گەڵ رۆمانەکانیتری دا کورت!)بەناوی “جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لە گەڵ خۆیدا دەیبات” نازانم بۆ ئەوەندە باسی ئەم “با”یەی جەمشید خان دەکەم؟! کە لە چەند وتاریترم دا یەخەی گرتووم و لە کۆڵم نابێتەوە! یان من لە کۆلی نابمەوە!نازانم کاممان بە کۆڵی کاممانەوەین!بڵێی”با” نەمیبردبێت و بەکۆڵییەوە نەبم کە ئەوەندە باسی دەکەم؟!(گوڵ ئەندام ئەی تەنافی گەردنم زولفی پەرێشانت- عیلاجێک، چارەیەک، رۆحمێک دەستم بە دامانت…ئەی چۆن یار بەو هەموو زوڵفەیەوە کە بەردەوام “با” بەپڕ تێیدا هەڵدەکات نایبات؟، تۆ بڵێی “با” زولفی یاری شەکاندبێت و بردبێتی و “با”گیری کردبێت و زلفی یاریش من؟ داگیربوون باشە یان “با” گیر بوون؟ یان بە زوڵفێکەوە کە “با”، “با”گیری کردووە پێوەبوون و تیاچوون؟(ئەمە بەشێک بوو لە وتارێکی بڵاو نەکراوەم لە سەر “با”ی کوردیی).
8- بۆشستان و چۆڵەوانی لە مێژووماندا بە بەراورد لە گەڵ جیهانی رۆشنگەری و مۆدێڕنیتە و پۆست مۆدێڕنیتە و ئاپۆکالیپس(ئاخرزەمانی)دا دەڵێم، ئەگینا هەوڵ و هەوڵدەری پیرۆز و مەزنمان هەبووە و هەیە.
9- وشەی فراژووم لە وتارێکی د.رەهبەر مەحموود زادە لە ژێر ناوی “پێگەی مەعریفەناسانەی رەخنەی ئەدەبی لە رووناکبیریدا” لە دێڕی یەکەمدا بینیوە، وابزانم پێشتریش ئەم وشەیەم دیوە بەڵام نازنم لە کوێ!
10-ئاماژەیە بە پرس و پرسیارێکی زمانناسانە کە ئایا ئێمە زمان شکڵ دەدەین یان بە پێچەوانەوە؟ بەرسڤ و بەدواداچوون و باس و خواس بۆ ئەم بابەتە زۆرە کە هەر لە جۆرج ئیدوارد مۆر و بێرتراند راسێلی فەلسەفەی شیکارییانە تاکوو ویتگنیشتاین و چامسکی دەکرێ بەدوای دا بگەڕێین.
11- ئەو مانایەی هێڵ هەم لە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار موکریانی ل 1019 دا هاتووە و هەمیش لە کتێبی بنەماکانی وشەسازی و وشەرۆنان لە زمانی کوردیدا نووسینی کامران رەحیمی ل24
12-گوڵچینێک لە شیعری شاعیرانی کورد ل؟ بڵاوکراوەی ؟. تەنها بەوشێوەیە لەبیرم دا مابوو!
13-لە سەردێڕی وتارێکی بەختیار عەلی وەرمگرتووە بە ناوی “سیاسەتسالاری و زمان”، هەڵبەت ئەم وشەیە پێشتر لە کتێبی فارسی دەورەی ناوەندی دا بینیومە و بە جاران بیستوومانە!
14- “دەڵوەت” دەربڕینی زارەکیانە و خۆماڵییانەی “دەوڵەت”ە، کە لێرەدا وەکوو پلار هاوێشتن بۆ کەلتووری کۆیی زارەکی بەکارم هێناوە. لە زۆر ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردوستان بیستوومە کە دەڵێن: دەڵوەت!
15-خۆڕۆ لە دوو وشەی “خود” و “بڕۆ” پێکم هێناوە و دواتر ئاویتار و تێکەڵی یەکم کردوون و بۆتە خۆڕۆ واتە خودبڕەو و خودجووڵ و خودبزوێن کە مانای ئۆتۆماتیکم لا مەبەستە.
16-لە تێکەڵیی دوو وشەی کۆمیدی و تراژیدی درووست بووە، نازانم یەکەم جار کام نووسەری گەورە دەکاری کرد؟ ئەم وشەیە کە لە پێگەی چەمک دایە، کارەساتاویترین دۆخ دەگێڕێتەوە، حاڵەتێک کە لە سەر لێوی ناسک و تەنکی کچۆڵەی مێژوو گریان و پێکەنین بەشەڕ دادێن و بەتەواوەتیش ئاشکرایە کە هیچ کامیان سەرناکەون و دەبێ پێکەوە هەڵکەن، بۆیە لەم حاڵەتەدا کچۆڵەی مێژوومان بەشێک لە لێوی خوار و گریاناوییە و ئەو بەشەکەشی ژوور و پێکەنیناوییە، ئەم کچۆڵە لێوەکانی لە ئاوەها حاڵەتێکدا چی بەسەر دێت؟!
17-ئەم دێڕە و چەند دێڕ و زانیاریتر لە وتارێک بەناوی “ئەو پیاوەی داکۆکی لە گومان دەکرد” نووسینی پیتەر ڤان ئۆس وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە مەریوان وریا ،گۆڤاری رەهەند ژ 17و16ل293 تا 298بەشی ئاوێنە بچکۆلەکان، ئەم دێڕەی ئێستا لە ل296.
18- ئاماژەیە بە ریفۆرم خوازی ئایینی خەڵکی ئاڵمان مارتین لۆتەر(1483-1546)
19-بڕگەی17ل294 بە کەمێک دەسکارییەوە لە باری زمانییەوە.
20-بڕگەی پێشوو هەمان لاپەڕە بە هەمان تێبینییەوە.
21-سەردێڕی هەمان وتارە کە لە بڕگەی 17دا ئاماژەم پێ دا.
22-ئالفرێد ئادلێر دەروونناسی نەمساوی کە چەند ساڵێک لە پووپێر گەورەتر بوو.
23-ناوی بەرهەمێکی پووپێرە لە فەلسەفەی زانست دا.
24-مەبەست لە گومانێکە کە ئاکامەکەی بێ سەروبەری و پاشاگەردانی و نیهیلیزم نەبێت و نابێت، بە پێچەوانەی ئەو گومانەی کە ئێمەمانان ئیشی پێ دەکەین!لە دەقی وەرگێڕانەکەدا باسی دەکرێت.
25-“رێبڕ” لە دوو وشەی “رێگە” و “بڕین” پێکم هێناوە و لەیەکدیدا ئاویتار(تێکەڵ)م کردوون و بۆتە “رێبڕ “واتە ئەو کەس یان شت و دیاردەیە کە بەرێگادا دەڕوات و دەیبڕێت.
26-“بەتاڵگری”م کە هاوتای ابطال پذیری داناوە، لە دوو وشەی “بەتاڵ” و “هەڵگری” پێکهاتووە، و بە تێکەڵکردنیان دەبێتە بەتاڵگری و بۆ هاوتای “ابطال پذیری” کە ئاماژەیە بە دۆخ و پرۆسێسی هەڵوەشانەوە نەک خودی هەڵوەشان، باشتر لەو هاوتایانە بوو کە بینی بووم.
27-گۆڤاری رەهەند وتاری “ئەو پیاوەی داکۆکی لە گومان دەکرد” نووسینی پیتەر ڤان ئۆس وەرگێڕانی مەریوان وریا ل296.
28- بڕواننە بڕگەی پێشوو
29-ئەگەر چاوێک لە خەتیبان و بوێژانی کۆمەڵگای کوردیی بکەین، ئاخۆ ئەم دووانە تاقانەیەمان بۆ لەیەکدی جوێ دەکرێنەوە؟ خەتیب تریبۆنێکی لە مێژینەی بە ناوی مزگەوت بە دەستەوەیە و بوێژی لە خەتیب جیاش تریبۆنێکی تازەی بەناوی میدیاوە پێیە!ئەم تاقە جیاوازی ئەو دووانەیە! خەتیب بوێژە و بوێژ خەتیب!مزگەوت دێتە ناو میدیاوە و میدیاش دەچێتە ناو مزگەوت!
30- “داگەڕان” بە واتای گرایش لە وتارێکی یوونس رەزایی لەژێر ناوی “زمان، مەودایەک بۆ دۆزینەوە و سڕینەوەی شوناس” کە لە گۆڤاری زمانەوانی ساڵی 1385ژ 3 ل 79 بڵاو کراوەتەوە.
31-“هزرین” لە سەر لاختی و فۆرمی وشەیی تێفکرین، پەرژین(چواردەور پۆشاندن)، راماڵین و…کە پاشگری “ین” وەردەگرن و رۆڵی کردە(فعل) دەگێڕن، سازم کردووە.
32- “بەردەنگ” لێرەدا بە واتا هەمیشەییەکەی نەهاتووە، ئێمە دەتوانین خوێنەری کتێبیش بە “بەردەنگ” ناوبردە بکەین، بەڵام مەبەستم لێرەدا گوێگر و ئەو کەسەی کە دەنگەکانی خەتیب بەردەوام بەری دەکەون!
33-پیرۆزاندن و شکاندنی خەتیب دوو رووی یەک دراون، “پیرۆزاندنی” خەتیبی من لە سەر شکاندن و لاقەکردنی “پیرۆزایی” خەتیبی تۆ رۆدەنرێت.
34-وەک دیارە “لاڕێگەیی” یان “لاڕێیی” لای ئێمە خۆی رێبازێکی قەرەباڵغە!
35- بەواتای (عبارت) لە سروەی ژ 204 ساڵی 1382 ل 83واتە بەشی فەرهەنگۆک دا بینیومە.
36-لایەنگری لێکراو.
37-هەمان رێکخراوە، بەڵام لەرووی دەرکەوتنی فۆرمی ریشەی چاوگەوە کە لێرەدا رۆڵی پاشگر دەگێڕێت جیاوازن، واتە خراو و کراو=رێک+خراو،رێک+کراو
38-پێوار بە واتای غیاب لە ژ ؟ ل؟ گۆڤاری هەنار دا بینیومە.
39-“دەبێت و نەبێت” لە هەر سیستەم و پێکهاتێک دا بن نیشانە و هێمای ئایدۆلۆژیک بوون و دۆگماتیزمن و تەنانەت لە هەنووکەی جیهانی هاوسەردەمیش دا لە هەناوی فەلسەفەی ئەخلاق دا دەرکەوتەیەکی هەیە.
40- ئەو کەس و بکەرەی کە لە هەموو بزوتن و جووڵەیەکی دا “خود” یان “خۆ” رۆڵی سەرەکی بەشێوەیەکی نەرێنی دەگێڕێت، هەڵبەت لێرەدا ئەم “رۆڵە”وایە نەک هەمیشە!
41-ئەم وشەیەم لە وتارێکی د.رەهبەر مەحموود زادە لە ژێر ناوی “تیۆری نێوان دەقێتی لە بەر تیشکی راڤەیەکی نوێ” ل1 لەسەر ویبلاگەکەی بینیوە.
42-دەیڤید هیۆم، ئەو بیرمەندە گەورەیەیە کە کانت لەبارەیەوە دەڵێت: هیۆم، منی لە خەوی دۆگماتیزم و رەهاگەرێتی هەستاند. بە باوکی هەست و بەرهەست خوازی ناوی زڕاوە، لە ساڵی 1711لە ئیدینبۆرگ لە دایک بووە.
43- بەواتای فام و بڕێجار خوێندنەوەش بەکار دێت.
44- لێرەدا ئەزموونیار و بەرهەست دوو وشەن بۆ واتای (تجربی) بەکارم هێناون و ئەزموونیار بەواتای تاقیکردنەوەی ئەزموون و ساوکەکان دێت.
45-دەور(وەرسووڕان) و دژوازی یان تناقض دوو وشە و چەمکی ناو زانستی لۆژیکن کە واتاکانیان لە ناو دەقەکەدا دەرکەوتووە.
46-اثبات و رەتکردنەوە
47-لەم وتارە راستی لە هەمبەر سیدق و ناراستی لە هەمبەر کیزب دانراون، کە دوو وشە و چەمکن سەر بە دونیای زانستی لۆژیک.
48-کۆما:مجموعە
49-بە واتای تێپەڕین دێت و لە چەند وتار دا لەسەر رەگ و ریشە و شێوازی سازدان و مانا و مەدلوولەکانی قسەم کردووە.
50-بەواتای بنەمایی دێت و لە کتێبی “بنەماکانی وشەسازی و وشەرۆنان لە…” کە سەلمێندراوی کۆری زانستیی زمانی کوردی-ئێرانیشە، وەرگیراوە.
51-وێناندنییەکان بەواتای تەجەسومییەکان دێت.
52-لێکدانێکی ناو زانستی لۆژیکە و ناودارە بەوەی کە”زنجیرەی هۆکان مەحاڵ و نەکردەیە” واتە لە شوێنێکدا هۆیەکی سەرەکی و سەرەتایی هەر هەیە تاکوو ئەم سووڕانە ئەبەدی و نەوەستاوەی زنجیرەی هۆکان بوەستێت.
53-واتە ئیستدیلال و بەڵگە بە خۆیانەوە دەگرن و دەکرێت ئێمە لە رێگەی بەڵگەوە هەڵسەنگاندنیان لە سەر بکەین.
54-بەواتای ئەرزش و دیسیپلین
55-ویلارد ڤان ئۆرمەن کۆواین، کە مامۆستای زانکۆی هاروارد بوو و کاتی خۆی ئیستوارت هامشێر،فەیلەسووفی هاوچەرخی ئینگلیسی، لەبارەیەوە گوتویەتی: کە گرینگترین فەیلەسووفی سیستەماتیکی زیندووە. یۆرگێن هابێرماس فەیلەسووف و زۆرتر دەڵێن رۆشنبیری گەورەی هاوچەرخی ئاڵمانە.
نووسین: موحسین خەیمەدووز
وەرگێڕان و پێشەکی: عادڵ قادری