“دەروازە”
لەوكاتەوەی ڕەوڕەوەی ژیان وەرچەرخانی بەخۆوە بینی و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە قۆناغی ژیانی سەرەتایی و ڕاوشكار و ژیان لە ئەشكەوت و كوخ و كەوڵۆزەكانەوە، پێی نایە پێدەشتەكان و لە فۆڕمێكی نوێی ژیانكردندا كشتوكاڵی دۆزییەوە و دەستی كرد بە چاندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئاو و زەوی بەپیت وەك وێستگەیەكی نوێ بۆ بژێوی. ئەمە جیا لەوەی هۆكارێكی سەرەكی نیشتەجێبوون بوو لە دەشتەكان و كەنار رووبارەكان. هەروەها بە سەرەتای دەركەوتنی ژیاری مرۆڤایەتیش دادەنرێت. چونكە مرۆڤ لەم قۆناغەدا و لە چاخی بەردینی نوێ‌دا كشتوكاڵی ناسی و نیشتەجیبوونی هەمیشەیی هێنایە كایەوە، هێدی هێدی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بچوك بچو‌كی دامەزراند لە شێوەی گوند و دواتر بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەكردنی گوندەكان. لە قۆناغی دواتردا شارەكان وەك نموزجێكی ژیاری و یەكێك لە ڕواڵەتەكانی شارستانی بەدەركەوتن. بوون بە ناوەندێك بۆ ڕێكخستنی كارگێڕی و ژیانی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و…هتد. هێنانەكایەی دامەزراوە و دەزگا جۆربەجۆرەكانی تایبەت بە چالاكییە مرۆییەكانی دانیشتوانەكەی.
“شار؛ وەك ناوەندێك بۆ ژیان”
شار؛ ستراكتۆرێكی داینامیكە، به‌وه‌ی كه به‌رده‌وام له گه‌شه‌كردن و فراوانبوون و گه‌وره‌بووندایه. هەروەك پێكهاته‌یه‌كی جێگیرە، به‌وه‌ی كه شوێنێكه جێكه‌وت بەجێدەهێڵت و پێگە و هەڵكەوتەی جوگرافیای خۆی هەیە. هه‌رله كۆنه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا، شاریش له ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كرندا له‌بزاوتندا بووه. شار له‌ڕووی زاراوه‌وه‌سازییەوە له وشه‌ی (citizen) له لاتینی (cives)، له یۆنانی (polites)، له‌سه‌ر چه‌مكی شار و ئه‌ندامانی به‌شدار له شار داڕێژراوه، ئەوەی واردە چەمكەكە؛ چه‌مكێكی (یۆنانی ـــ ڕۆمی)یه.
شار لای یۆنانیه‌كان ڕه‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی و سیاسی هه‌یه، چونكه شار له ڕوانگه‌ی یۆنانیه‌كانه‌وه، باری سیاسی و مه‌عنه‌وی هه‌یه. پێناسه‌ی ئه‌و مرۆڤانه ده‌رده‌خات كە تیایدا ژیاون یان دەژین، ڕه‌سه‌نێتی بۆ (شار) و تاك به‌شێكه له ده‌رونی شار به مانایه‌كی تر مرۆڤێتی مرۆڤ له هه‌ناوی شاردا به‌دیدێت و به كرداره‌كی بوونی هه‌یه. شار؛ رەهەندێكی مرۆیی هەیە و خاوه‌ن پێناسه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ژیانی تاك(مرۆڤ) هیچ مانایه‌كی نییه.
هه‌روه‌ها وشەی شار (city) ڕەگەکەی لە وشەی لاتینی (civis) هاتووە واتە هاووڵاتی و “ستیزن”، واتە جیاکردنەوەی هاووڵاتی لە “دڕندە یان کێوی”، مرۆڤانێك كە شارین و لە شاردا ژیان دەكەن هەڵگری ئادگار و كولتوور و فەرهەنگی مەدەنین. کۆمەڵناسان ئەم پێناسەیان درێژتر کردوەتەوەو پێیانوایە شار لە کەمترین باردا. بریتییە لەو شوێنەی ڕووداوگەلێکی تیادا ڕوودەدەن کە مێژوو دروست دەکەن یان لانی کەم کاریگەریان هەیە لەسەر ڕەوتی مێژوو. شار ئەو جێگه‌یەیە کە تایبەتمەندی بەڕێوەبردنی خۆی هەیەو تاڕادەیەک سەربەخۆیی خۆی هەیە بەجۆرێك هەموو لایەک لە دانیشتوانی شار، لەناو شاردا گوزارشت لە خودی خۆیان دەکەن. پاشان شوێنێکە بۆ ئازادبوون لە گرێدان بە زەوییەوە واتە زەوی کشتوکاڵی یان ژیانی کشتوکاڵی و سەرەتایی. دیسانەوە شار پێگەو شوێنێکە بۆ چالاکی ئابوری و بازرگانی و هەروەها گەشەسەندنی فکری و مەعریفی و فەرهەنگی.
یه‌كێك له توخمه هه‌ره دیاره‌كان له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی شاردا. ئه‌وه بوو كه قه‌ڵا و شورایان هه‌بووه، واتا له‌كۆندا قه‌ڵا به ڕه‌مزێكی دیاری شار دانراوه، “قەڵا، دیوار، ئۆردوگای سەربازی”، له زۆربه‌ی شارستانیەت و شارە کۆنەکاندا باو بووە. بەڵام ئەمە گشت جیھانی نەگرتوه‌تەوە، چونکە شارەکانی “یۆنانی و سپارتاییەکان” دیوار‌یان نەبووە، بەڵام سەرجەم شارەکانی وڵاتی “چین” دیوار‌یان ھەبووە. ھەر لەم کاتەدا گوندیش ھەبووە قەڵا و دیواری بووە. بەلام ئەوەی گرنگە لە پەیكەربەندی شارە كۆنەكاندا، نەخشە و دیزاینی شارەكان فۆرمێكی تایبەتی هەبووە، هەروەك بوونی دیوار لەدەووری شار لەسەرەتای دەرکەوتنی شارەكان بەشێك بووە لە شورای پاراستنیان، قەڵاش وەك شوێنی حکومەت ناوەندی بڕیار و لایەنی بەڕێوەبردن و پیادەكردنی سیاسەتی شارەكە یاخود دەوڵەت شار بووە و ئۆردوگای سەربازیش هەر لە سەر قەڵا بووە، لە دەوری قەڵاش دوكان و بازاڕەكان؛ وەك ناوەندێكی بازرگانی و پیشەسازی جموجۆڵیان بە شار بەخشیووە.
ڕه‌نگه قۆناغه‌كانی ڕواڵه‌تسازی پرۆسه‌ی بوونیادنانی شار به‌پێی مروری زه‌مه‌ن به چه‌ندین قۆناغدا تێپەڕبووبێت و بەپێی هەر سەردەمێك پێوه‌ر و پۆلێنبەندی تایبەتی بۆ كرابێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی شار له سه‌رده‌مێكدا پێوه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه بووە، كه باڵه‌خانه و ته‌لار و بازاڕ و سینه‌ما و ناوه‌ندی ڕۆشنبیری هه‌بێت كه‌چی له سه‌رده‌مێكی تردا مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه بێت كه بازرگانی تێدا بكرێت و بۆرسه‌ودراو و ئاڵوێر(ئاڵشت)كردن و جموجۆڵی سه‌نعه‌تی و كه‌شتیڕانی و به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوێری سه‌رزه‌مینی ده‌ریایی و ئاسمانی و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی تێدا بێت. خۆ ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا بوونی كه‌ناره‌كانی زۆنه ئاوییه‌كان هه‌ڵقوڵاوی دیارده‌ی ده‌ركه‌وتنی شار و ڕه‌گه‌زه‌كانی شارستانی بووبن، ئه‌وا شار له كۆندا بێ كه‌نارێكی ئاوی پێكنه‌ده‌هات. گه‌ر پێكهاتبا ئه‌وا نه‌یده‌توانی شارێكی زیندو بێت. له‌گه‌ڵ گۆڕانی ته‌كنیكیدا شار قه‌یرانی كه‌نارگه‌رایی خۆی تێپه‌ڕاند، به‌ڵام نه‌یتوانی بنه‌ماكانی تری وه‌ك چالاكی “بازرگانی و پیشه‌سازی و ڕۆژنامه‌گه‌ری فره كو‌لتووری) فه‌رامۆش بكات. به‌ڵكو له‌سایه‌ی شۆرشی زانستی(زانینگه‌یی) و ته‌كنیكیه‌وه بایه‌خی ئه‌مانه له‌وسای خۆیان زیاتر بوون.
دیاره مه‌به‌ست له شار به‌پێی وه‌زیفه‌ی كارگێڕی و لەڕووی كارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە ئه‌وه‌یه، شار؛ گشت ئه‌و نشینگە مرۆیی و ئاوه‌دانیانه دەگرێتەوە، كە مه‌ركه‌زی كارگێڕی ئه‌ستانه(پارێزگا) یان قه‌زا یان ناحیه‌یان لێبێت. به‌بێ له به‌رچاوگرتنی ژماره‌ی دانیشتوان و چه‌شنی چالاكی ئابوری (پیشه‌سازی یان كشتوكاڵی) و شێوازی ژیانی ڕۆژانه و چه‌شنی خانووبه‌ره و خه‌سڵه‌تی خزمه‌تگوزاری و كو‌لتووری و ته‌ندروستی و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی. له بچو‌كی و گه‌وره‌بوونی شاردا قه‌باره‌و چالاكی و گردبوونه‌وه‌ی دانیشتوان ڕۆڵ ده‌بینێت، هه‌روه‌ك شار، بریتیه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاوه‌دانی دانیشتوانی، كه قه‌باره‌كانی له بچوكه‌وه بۆ گه‌وره ده‌گۆڕێت. ئه‌مه له كاتێكدایە دروستبوونه‌كه‌ی پشت به چالاكی ده‌به‌ستێت. بەجۆرێك زیاتر له چالاكیه‌كانی كشتوكاڵ یان بازرگانی یان گه‌شتوگوزار… شار له‌نێوان گوند‌و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا به خاڵی په‌یوه‌ندی داده‌نرێت كه ناوه‌ندێكه بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ڕابواردن و ئابوری و كارگێڕیی و شارستانی و هه‌رێمی داده‌نرێت.
“شار؛ وەك ڕانگەیەك بۆ شارستانی”
هەر لە دێر زمانەوە شار؛ ناوەندێك بووە بۆ ئاوەدانی و ڕوانگەیەك بووە بۆ شارستانی، خۆ ئەگەر بمانەوێت جیاوازی بكەین لەنێوان چەمكەكانی شار و بەشاریبوون. ئەوە دەتوانین بڵێین ڕه‌نگه جیاوازی دیار‌و ئاشكرا له‌نێوان وشه‌ی (City)، به زمانی عه‌ره‌بی (المدینه). (Urban)، به زمانی عه‌ره‌بی (المدن)، له‌وه‌دابێت. كه (City) به واتای شار دێت به‌ڵام (Urban) به‌واتایه‌كی نزیك له شارستانی یان به‌شاریبوون دێت. بەڵام ئەوەی هاوبەشە لەنێوان هەردوو چەمكەكەدا، جگەلە لە ڕەهەندە شوێنی و پێگە و جوگرافیەكەی شار، ڕەهەندی جۆرایەتی ژیان و ڕادەی چەندێتی و شێوازەكانی كوالێتی ژیانە لە شارەكان نەوەك قەبارە و ڕووبەر. شار بە قەبارە و ڕووبەر گەورەدەبێت و قەرەباڵغ دەبێت بەڵام پێش ناكەوێت و گەشە ناكات. بەڵكو دەبێتە گوندێكی گەورە. هەروەك ئەوەی ڕەوتی شارستانیەت دەگۆڕێت و كاریگەری لەسەر پەرەپێدان و پێشكەوتنی شارە، دەستەبەركردن و بەدیهێنانی كوالێتی ژیان و كاركردنە لەسەر جۆرایەتی و شێوازەكانی ژیان كردن لەشارەكاندا. كە ئەمەش گرێدراوە بە لایەنی هۆشیاری و دونیابینی دانیشتوانەكەی و قەبارەی بەشداریان لە نۆرماڵیزەكردنەوە و بونیادنانەوەی شارستانیەت و پێشكەوتنی شارەكەیان.
ئەوەی جێی ئاماژە بۆ كردنە شار، خاوەن مۆزایك و تێكەڵەیەكی هامۆجینە. پەیوەندییەكی گرێدراوی هەمەلایەنەی فرە ڕەهەندی هەیە، شار لەیەككاتدا ڕەهەندێكی مێژوویی و جوگرافی و كۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژی و فەلسەفی و كارگێڕی و ئابوری و پلانسازی و فەرهەنگی و…هتدی هەیە. واتا قسەكردن لەسەر شار بەندە بە هاوپشكی زانستە مرۆڤایەتیەكانەوە، هەم لە ساتی سەرهەڵدانیەوە هەتاوەكو ساتی گەشەكردن و نەش و نماكردنی. هەرچەندە لە سەردەمی مۆدێرندا چەمكی شار گرنگی خۆی لەدەست نەداوە بەڵكو لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و هۆكارەكانی ژیان شاریش گەشەی بەخۆوە بینووە. ئەمڕۆكە هەمووان شایەدی دەركەوتنی چەندین مۆدێلی شاری مۆدێرن و پۆست مۆدێرنن، كە بەرهەمی فیكر و ئایدیای مرۆیین، هەڵگری خەسڵەتی ژیاری قۆناغەكەن، بە نموونە میرۆپۆلیتان و مێگالاپۆلیس و دایك شارەكان “شارلەناو شاردا”، تەكنۆ شار و شاری تایبەتمەند و شاری زیرەك و…هتد.
بیلۆگرافیای سەرچاوەكان:
- بێرنارد لویس، و: له‌یلا حه‌مید، فره‌شوناسه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2011.
- سه‌ید محه‌مه‌دی خاته‌می، و: مه‌لا ڕه‌شاد، له دنیای شاره‌وه تا شاری دنیا، چاپی یه‌كه‌م، له‌بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری نما بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی، هه‌ولێر، 2006.
- عه‌لی محمد زه‌ڵمی، شار وه‌ك شوناس، تیۆره‌كانی شارناسی و دیارده‌ی شاری كوردی، گۆڤاری كه‌وانه، ژ: 18ی نیسانی 2013.
- سمكۆ محمد، شار له دونیابینی مۆدێرنه‌وه تا جه‌نگی جیاوازیه‌كان، گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت، ژ: 33، ساڵی 2014.
- هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، شار و زانكۆ، گۆڤاری وه‌شت، ژ:6، ساڵی 2009.
- د. عه‌بدوڵڵا غه‌فور، جوگرافیای باشوری كوردستان، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، سلێمانی، 2008.
- د.حسام ا‌لدین جاد الرب، و: محه‌مه‌د چیا، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافیه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، چاپه‌مه‌نی چوارچرا، سلێمانی، 2012.