کاتێک باسی ده‌سته‌واژه‌ی “دیالۆگ” ده‌کرێت، ڕاسته و ڕاست ئێمه فه‌یله‌سوفی کۆنی یۆنانی یان به وته‌ی هه‌ندێک که‌س یه‌که‌مین فه‌یله‌سووفی ئه‌خلاقی مێژووی ڕۆژئاوا یانی سوقرات(470-390 پ.ز)مان دێته‌وه یاد، به‌ڵام له ڕاستیدا ناکرێت کاتێک باسی سوقرات و ئه‌و ده‌وره مێژوویی و ڕچه‌شکێنه‌ر و هاوکات ڕچه‌دانه‌رانه‌یه‌ی ده‌کرێت ژینگه‌ی ئه‌سینا و سه‌رجه‌م کو‌لتووری سه‌رشه‌قام و پێشکه‌وتنه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و شارستانییه‌ته کۆنه له بواره جۆراوجۆره‌کانی له چه‌شنی مۆسیقا، په‌یکه‌رتاشی، شانۆ و یارییه‌کان و…هتد له‌به‌رچاو نه‌گرین.
سوقرات خۆی له‌دایکبووی ژینگه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ده‌نگ بوو! دنیای ئه‌سینای کۆن به “خودا” جۆراوجۆره‌کان ده‌ناسرایه‌وه، هه‌ر خودایه‌ک پێگه و ده‌وری دیاریکراوی خۆی هه‌بوو و به‌شێوه‌ی سیمبولی(هێمایی) له جیهانی ئیلاهیاتی و یه‌زدانناسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا خودای به‌هێز و به‌هێزتر و که‌م هێز و که‌مه هێزتر هه‌بووه، به‌ڵام خودای تاکانه‌ی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی به‌و مانایه‌ی له کو‌لتووری ئایینیه تاک په‌رسته‌کاندا هه‌بووه، نه‌بووه. واته فره‌ده‌نگی له کو‌لتووری زاڵ و باوه‌ڕی ئایینیی سه‌رده‌مه‌که‌دا جێگیر بوو. هه‌ر ئه‌م شکڵه له چه‌ندخودایی له یۆنان‌دا به شێوه‌یه‌کی دیکه له به‌شێکی زۆر وڵاتانی کۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی که بوتپه‌رست بوون هه‌بووه، به‌ڵام بێگومان ئه‌م ڕه‌وته له هه‌ر دوو گۆشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا به یه‌ک ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه و یه‌ک ڕێگه‌ی نه‌پێواوه. گرنگی ژینگه‌ی چه‌ند خودایی خۆی له خۆیدا ده‌توانێت دروستکه‌ری که‌شێکی ئاشتیخوازانه و دیموکراتیانه بێت، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌ک که له یۆنان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی که له وڵاتێکی وه‌کوو نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بیی پێش ئیسلام هه‌بووه جیاوازییان زۆر بووه.
گرنگی چه‌ند خودایی له کو‌لتووری گشتیی مرۆڤدا به ڕاده‌یه‌ک بووه که تاک خودایی له به‌رکه‌وتن له‌گه‌ڵیدا ده‌بووه هۆی دروستکردنی کێشه و گرفتی نوێ. له فلیمی ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ی “الرساله” له ده‌رهێنانی “مسته‌فا ئه‌کاد” (که دوایی تیرۆر کرا) دیالۆگێکی ئه‌بووسوفیان له‌گه‌ڵ ئه‌بوتالیبی تێدایه که به ئه‌بوتالیب ده‌ڵێت: “محه‌مه‌د ده‌یه‌وێت ئێمه سێسه‌د خودا بگۆڕینه‌وه به یه‌ک خودا! ئه‌ویش خودایه‌ک که هه‌م لێره‌یه و هه‌م له‌وێیه و هه‌م له که‌عبه‌یه و هه‌م له سه‌ر مانگ”. دیاره ئه‌م ده‌ربڕینه بڕێک له ته‌وس و ته‌نزیشی هه‌ڵگرتووه له‌گه‌ڵ خۆی، به‌ڵام ئێسته له کو‌لتووری ڕۆژهه‌ڵاتیدا بتپه‌رستی و چه‌ندخودایی چه‌نده سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن و زۆر جار به شه‌یتانپه‌رستیش ناویان لێ ده‌برێت، ئه‌وکات تاک خودایی وه‌کوو کفرێکی گه‌وره بوو له هه‌مبه‌ر ئیلاهیاتی کۆنی ئه‌و سه‌رده‌مه. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج له‌م ڕه‌وته مێژووییه جیاوازه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ئه‌مه‌یه که تاک خودایی له ڕۆژهه‌ڵات گلا به سیسته‌می سیاسییه‌وه و ئیسلام له سیما مه‌عنه‌وی و میتافیزیاییه‌که‌ی ده‌رهێنرا و به ناوی سیاسه‌ت و ئیسلامی سیاسییه‌وه هه‌رچی به‌های مرۆڤانه‌ی وه‌کوو ئازادی، مافی بژارده‌کردن، مافی یه‌کسانی ژن و پیاو به‌پێی ته‌علیمات و هه‌ندێک ته‌فاسیر پشتگوێ خران و یه‌ک گێڕانه‌وه و ته‌فسیر واته یه‌ک مانا و یه‌ک هه‌قیقه‌تی ڕه‌ها سه‌پێنرا و له هه‌ر کوێش ئه‌مه‌یان بۆ نه‌چووه سه‌ر یان به ته‌کتیکه‌وه نه‌رمییان ده‌نواند و سیاسه‌تیان ده‌کرد و نموونه‌ی وه‌کوو ئیخوان الموسلمینیان لێ شین ده‌بوو یان وه‌کوو داعش له پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته له کیس چووه که به حیسابی خۆیان ڕۆژئاوا ئه‌تکی کردووه، دنیا کاول و وێران ده‌که‌ن و که‌رامه‌تی مرۆڤ و ژن له بازاڕه‌کاندا به قه‌ڵبترین پاره ده‌فرۆشنه‌وه.
هۆکاری ئه‌م دۆخه‌ی تاق هه‌قیقه‌تی له ڕۆژهه‌ڵات سه‌رهه‌ڵنه‌دانی دیالۆگ و هاوپێچی ئه‌وه بیری “ڕه‌خنه‌گرانه” بوو. هه‌رچی ڕۆژئاواشه له پاش ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌لاتی ئیمپراتۆریای ڕۆم به چرا سه‌وزی جووه‌کان مه‌سیحیان له خاچ کێشا، دوای سه‌رده‌مێک کوشت و بڕ و ڕاوه‌دوونانی باوه‌ڕدارانی ئایینه نوێکه (واتا مه‌سیحییه‌ت) دۆخه‌که پێچه‌وانه بوویه و به باوه‌ڕهێنانی کونستانتینی یه‌که‌م؛ ئیمپۆراتۆری ئه‌وکاتی ڕۆما(306-337 ز) به مه‌سیحییه‌ت ئیتر ئه‌و دۆخه دژی باوه‌ڕدارانی نوێ له کزی دا. به‌ڵام خاڵی دژواز و پێکه‌نیناوی و هاوکات تاڵی مێژوو ئه‌مه‌یه که مه‌سیحییه‌ت دوای ئه‌وه‌ی که ورده ورده په‌ره‌ی سه‌ند و باوه‌ڕ و مۆجیزه و په‌رجۆکانی حه‌زره‌تی مه‌سیح بۆ ناو خه‌ڵک و دنیای ده‌روونیان شۆڕ بوویه‌وه که‌وتنه دژایه‌تیکردن و سه‌رکوت و له‌ناوبردنی هه‌ر باوه‌ڕ و ڕێبازێک که له‌گه‌ڵ ئایینه‌که‌ی ئه‌وان وێک نه‌ده‌ها‌ته‌وه، ئاگردانی به‌ناو جادووگه‌ران و به‌ندکردنی به‌ناو مولحیده‌کان له سه‌رداب و زیندانه‌کانی کڵێسه و خانه‌کانی ته‌مبێکردنی کڵێسه‌دا هه‌زاران ئاسه‌واری لێ ماوه‌ته‌وه، له هه‌موو سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست واته له سه‌ده‌ی پێنجه‌م تا کۆتایی سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م(500-1500 ز) تاریکی و ئیمان و یه‌قین ڕێگایان به هه‌ر جۆره ئایدیا و خه‌یاڵ و هونه‌رێک گرت و تاریکیی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له بنه‌مادا ته‌عبیر له ڕۆژگارێکه که ته‌نها یه‌ک خودا و یه‌ک ده‌نگ ده‌یتوانی قسه بکات و ئه‌مر ده‌ربکات ئه‌ویش نه‌ک خودای هه‌قیقی و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو که‌ون و کائینات، به‌ڵکوو خودایه‌ک بوو که کڵێسا پێناسه‌ی ده‌کرد.
ئه‌م ڕه‌وته له ڕؤژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا به باره تووندئاژۆکه‌ی خۆیدا به‌رده‌وام بوو ده‌بێت بزانین که شه‌ڕی خاچپه‌رستان یان شه‌ڕی سه‌لیبی هه‌ر له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و چاخی تاریکیدا ڕوو داوه واته ساڵانی (1095-1500) که ئه‌م شه‌ڕانه پنتی پێکگه‌یشتنی ئه‌و ڕۆحیه‌ته توندئاژۆیه‌ی دوو ئایینی تاک په‌رست بوون که هیجیان ئه‌وی تریان به ڕاست نه‌ده‌زانی، ماهییه‌تی ئه‌م شه‌ڕه ئه‌وه بوو که به بیانووی سه‌رزه‌مینی پیرۆز و هه‌رێمی به‌ڵێندراو هه‌ر کام له خاچپه‌رستان و جوو له لایه‌ک و موسڵمانان له لایه‌کی دیکه بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده درێژه‌یان به شه‌ڕ دا و دنیایه‌ک له برینی له نێوان هه‌ر دوو ئایینه تاک په‌رست یان تاکخوداکه دروست کرد که تا ئێسته‌ش قه‌تماغه‌که‌ی خوێنی لێ ده‌تکێت و مایه‌ی شه‌ڕی نوێ و ڕقی تازه‌ن بۆ هه‌ر دوولا و ئێسته‌ش جۆگه‌له‌که له ئورشه‌لیم و ته‌ل ئه‌بیب و فه‌له‌ستین ڕێچکه‌ی به‌ستووه، خاڵه جێگه سه‌رنج ئه‌مه‌یه که له‌م لایه‌نه‌وه ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له حاڵه‌ته گشتییه‌که‌یدا واته باوه‌ڕداربوون به یه‌ک خودا هاوبه‌ش بوون به‌ڵام له قۆناغی دواتردا واته له سه‌رده‌می ڕینیسانس (سه‌رده‌می نێوان سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و ڕۆژگاری مۆدێڕن واته سه‌ده‌ی 14 زاینی له باکووری ئیتالیا له‌دایک بوو و دواتر کۆی ئه‌ورووپای گرته‌وه و سێسه‌د ساڵ به‌رده‌وام بوو واته تا چاخی ڕؤشنگه‌ری) و به سه‌رپشکیی شاری فلۆرانس هونه‌ر و هزری نوێ و ڕچه‌شکێن له‌دایک ده‌بێت و ده‌سپێکی ڕینیسانس و گه‌ڕانه‌وه بۆ یۆنانی که‌ونار ده‌بێت به پرۆژه‌یه‌ک، پرۆژه‌یه‌کی سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌کرا که پێش هه‌ر شتێک له نه‌ست و ناوشیاری ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندانێکی وه‌کوو دانته، پیتڕارک، بووکاچیۆ و داڤینچی و…هتد گه‌ڕایه‌وه.
ڕه‌وتی ڕێنیسانس و له‌دایکبوونه‌وه یان وه‌کوو هه‌ندێک ده‌ڵێن “بووژانه‌وه” ته‌نها پرۆژه‌یه‌کی وشیارانه نه‌بوو به‌ڵکوو ده‌کرێ بڵێین بانگهێشتێکی زه‌ین و ڕۆحی ڕۆژاوایی بوو بۆ هه‌ڵاتن له سه‌ده‌کانی تاریکی و تاکده‌نگی و خودافرۆشیی کڵێسا، بانگهێشتێکی دیکه‌ی یۆنانی که‌ونار بوو بۆ ڕزگارکردنی ڕۆحی ڕۆژاوا له چنگ ئایینێکی تاقپه‌رست که پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به خاچێکی چوار گۆشه‌وه هه‌ڵبه‌سترابوو، بانگهێشتی فریاکه‌وتن بۆ یۆنانی فره ده‌نگ و فره ڕه‌نگ، یۆنانی سیمبولی و ئوستوره جۆراوجۆره‌کان له‌باره‌ی ئافراندنی دنیاوه، یۆنان و دنیای ئه‌گه‌ره‌کان، چاخی ڕێنیسانس ئه‌و پنته بوو که زه‌ینی ڕؤژاوایی ڕێگه‌ی خۆی له ڕه‌هابینیی گشتیی و هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ڕۆژهه‌ڵاتی به لێدان له بنه‌ما ڕه‌ها و نه‌گۆڕه‌کانی مه‌سیحییه‌ت جوێ کردوه و پاش چه‌ندین سه‌ده قوربانیدان و به‌رهه‌مهێنانی جۆراوجۆر له بوارانی جیاوازی وه‌کوو فیکر، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و ئایین پێی نایه چاخی ڕۆشنگه‌ری و هه‌تا دوایی. هه‌رچی ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه به شه‌ڕی نێوان فیرقه و باڵه جۆراوجۆرکانی ئایین له سه‌ر هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی کام یه‌ک له‌و خودایانه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن ڕاست و ڕه‌هایه به‌ر بوونه گیانی یه‌کدی و تا ئێسته‌ش له شکڵ و فۆرمه جۆراوجۆره‌کانی ته‌فسیر و ڕاڤه‌ی ئایین و شه‌رع له ژێر ناوه‌کانی سه‌له‌فی، مه‌دخه‌لی، جیهادی، ئیخوان و…هتد، به‌رده‌وامه.
ئه‌م ڕه‌وته له ڕۆژهه‌ڵات نه‌ک ته‌نها خوداپه‌رستییه ساده و ئاساییه‌که‌ی سه‌رده‌می کۆنی نه‌پاراستووه به‌ڵکوو خۆی بووه به مایه‌ی لێک ترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌روونیی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها پێکهاته و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش، جا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که‌مان و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌نه سامناک و سه‌یره‌ی دوو کو‌لتوور و جیهان واته ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات بکه‌ین و له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی “دیالۆگ” بوه‌ستین، ده‌زانین ئه‌و سوکرات و ئه‌سینایه‌ی که پانسه‌د ساڵ پێش زایین دیالۆگ و فره‌ده‌نگیی په‌سند کراوبوو له چاخی ڕینسانسدا دیسان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مۆنۆلۆگ و تاق گێڕانه‌وه‌یی له خودا دێنه‌وه و مونتیسکیۆ، کانت، هیگل و فیشته‌یان لێ له‌دایک ده‌بێت، دیالۆگێک تا ئێسته‌ش به هه‌موو که‌م و کوڕی و لاوازییه‌کانییه‌وه هه‌ر مایه‌ی پێشکه‌وتن و مانه‌وه‌ی به‌کوالێتیی کو‌لتووری ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها له ئاستی زانستیش گه‌شه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره و ته‌نانه‌ت نهێنیی زانست له‌و وڵاتانه بووه و به پێی ڕوانگه‌کانی میشیل فۆکۆی(فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی) که ده‌ڵێت زانست هێزه، هه‌ڵکه‌وته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی زل و زه‌به‌لاحیش ده‌که‌ین، که هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه لایه‌نی دیکه ده‌گرێته خۆی و کۆلۆنیالیزم و چه‌وساندنه‌وه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه کوردستانی به دواوه بووه.
ئه‌م کۆلۆنیالیزمه تا ئێسته‌ش به سه‌ر وڵاتانی لاوازی ڕۆژهه‌ڵاتیدا زاڵه و بووه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێکی دیکه له به‌ناو ڕینیسانی ڕۆژهه‌ڵاتی به تایبه‌تی له ڕوانگه ئاینییه‌که‌یه‌وه که تێزه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامیی و هه‌روه‌ها ئیماره‌تی ئیسلامیی ئه‌فغانستان جێگه‌ی ئاماژه‌ن که هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه لاڕێچکه نوێی ڕینسانسن به مانا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ی، ئه‌م به‌ناو ڕێنسانسه‌ی له جیهانی ڕۆژهه‌ڵات که ئاوه‌ڵناوی جۆراوجۆری وه‌کوو ئیسلامی یان عه‌ره‌بی یان ئێرانی و له‌و بابه‌ته کۆمیدیایانه‌یان بۆ دانابوو نه‌ک ته‌نها مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی دیالۆگ نه‌بوو به‌ڵکوو ده‌رئه‌نجامه‌که‌شی بوو به هۆی ده‌ستێوه‌ردانێکی دوور و درێژی مێژوویی له مانای ڕینسانس و ده‌لاله‌ته ڕاسته‌قینه‌که‌ی له زه‌مینه مێژووه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆیدا، ڕێنیسانسی ئیسلامیی کوا ده‌یتوانی ڕوخساره سوکرات ئاساکانی خۆی بدۆزێته‌وه و بانگهێشتیان کات بۆ دیالۆگ له کاتێکدا هیچ مێژوویه‌ک له دیالۆگ و دانوستانی مه‌عریفیی نه‌هێشتووه‌ته‌وه که ڕه‌وایی به فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگیی بیروڕا بدات، ڕێنیسانسی ئیسلامی شه‌یخ شه‌هابه‌دین سۆره‌وه‌ردییه‌کان و مه‌نسور حه‌لاجه‌کانیان به تووندترین شێوه کوشت! ئایا هیچ ئاره‌زوویه‌کیان هه‌بوو بۆ بانگهێشتکردنه‌وه‌ی ئه‌م حه‌کیمانه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یانبایه ئێسته موفتییه‌کانی قه‌ته‌ر و ئه‌لئه‌زهه‌ر جاڕده‌ری تووندئاژۆیی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕۆژاوا له بنج و بناوانه‌وه نه‌بوون، ڕاسته کو‌لتووری ڕۆژئاواش سوکراتی کوشت، به‌ڵام به دادگاییکردنێکی ڕه‌مزی و مه‌ده‌نیانه‌وه!
هاوکات ده‌بێت بزانین که کوشتنی سوکرات زۆر جیاوازه له کوشتنی مه‌نسوری حه‌لاج و سوهره‌وه‌ردییه‌کان، سوکرات له هه‌مبه‌ر کێ داده‌نیشت له دانیشتنی دادگه، به گشتی له هه‌مبه‌ر ئه‌و ڕێچکه دێرین و پێشینه‌داره‌ی که پێیان ده‌وتن سۆفیست، بیرمه‌ندانێکی وه‌کوو هیراکلیتۆس، پرۆتاگوراس و… خودی سۆفیسته‌کان نه‌ک ته‌نها باوه‌ڕیان به چه‌ند ده‌نگی بوو به‌ڵکووش به ڕاده‌یه‌کی زێده‌ڕۆیانه ده‌یانوت ئێمه له ناو ئاپۆره‌ی ده‌نگ و ڕێژه‌گه‌رێتیی و ماناکانی هه‌قیقه‌تدا ون و سه‌رگه‌ردانین و ئه‌مه هه‌ر ئه‌و خاڵه بوو که دواتر بیرمه‌ندی گه‌وره واته فریدریک نیتشه چه‌ند سه‌ده پاشتر گه‌ڕایه‌وه سه‌ری و پشتگیریی له سۆفیسته‌کان کرد. واته سوکرات دانوستانی له‌گه‌ڵ جۆرێک له فره‌ده‌نیی زێده‌ڕۆیانه کرد به مه‌به‌ستی به‌رگری له فره‌ده‌نگییه‌کی لۆژیکی و له سه‌ر بنه‌مای دانوستان و دیالۆگ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی مه‌نسوری حه‌لاج و سۆهره‌وه‌ردییان کوشت ئه‌وانه بوون که ته‌نها باوه‌ڕیان به کوفر یان ئیمان هه‌بوو، واته دنیایان له ده‌لاقه‌ی ئه‌و دوو وشه‌یه‌وه ده‌بینی، ئیمکان و ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بوو، جیاوازی کوشتنی سوکرات و سوهره‌وه‌ردی یان حه‌لاج له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه فام ده‌کرێت ئه‌گه‌رچی هه‌ردووکی هه‌ر کوشتن و کرده‌یه‌کی دژه مرۆڤانه‌یه و مه‌حکوومه له هه‌ر دوو کو‌لتوور و شارستانییه‌ته‌که‌دا.