“وتەیەکی پێویستی وەرگێڕ بۆ خوێنەری کوردی”
لە راستیدا رووبەرووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ جیهانی هزر و فەلسەفە، لێرەدا لەهەمبەر و لەمەڕ جیهان و فەلسەفەی رۆژئاوا، گرێدراوە بە کۆمەڵێک میکانیزمی ناوەکیی کۆمەڵناسانە، زمان ناسانە و هەروەها سیاسی هەناوی کۆمەڵگامانەوە؛ واتە ئەنجام و دەرهاوێشتەی ئەم رووبەرووبوونەوەیە کە بەڕای من زۆرتر لە “پێداهەڵشاخان” و “ئاوقابوونی” دوو جیهانی جیاواز دەچێت، پێوەندی بە چییەتی و ماهییەت و پێکهاتی کۆی سیستەمێک هەیە کە لە هەنووکەمان دا زاڵ و سالارە و ناوکی2 هەناوی کۆمەڵگا ئەو دەیسووڕێنێت. ئەنگوست دانانی قایم لە سەر ئاوەڵکرداری زەمانیی “هەنووکە” دەگەڕێتەوە بۆ دەوری یەکلایی کەرەوەی دۆخ و پێکهاتی کۆیی “ئیستا” لە دیاریکردنی ماهییەتی ئەم دیالیکتیک و رووبەرووبوونەوەیە دا کە هەر وەک وتم: بە هۆکارگەلی زۆر و زەبەندەوە رەوگە و راپێچی3 سرووشتی خۆی لەدەست داوە و لە زۆرانبازی و پێداهەڵشاخان و ئاوقابوون دەچێت، نەک دیالیکتیکێکی رۆنراو و پێکهاتوو لە کردە(تێز)، دژکردە(ئانتی تێز) و کۆکردە(سەنتێز)** کە ئەنجامەکەی بەرهەمهێنان و خولقاندنی توانستی گۆڕان و خواستی بزۆزیی بێت. ئەگەرچی “هەنووکە” لەسەر شانی رابردوو دەژێت و ژیاوە و درێژکراوی رابردووە، بەڵام مەرجیش نییە هیچ رێگا و رۆچنەیەکی بۆ رزگاربوون لە پێکهات و بیچم و بەندە دۆگم و ئایدۆلۆژییەکانی دونیای چەقبەستوو و ئاسنینی رابردوو نەبێت، ئەمەش پەیوەستی هەڵس و کەوت و رۆڵی “تاکە” لە “هەنووکەی مێژوو” و لە “مێژووی هەنووکەی”4 ئەو کۆمەڵگایە دا.
کۆمەڵگای کوردی لە نەبوونی پێکهاتەیەکی چارەنووس ساز و راستەقینەی پڕتەمن و هاوچەرخ بە ناوی “دەوڵەت”، قەیران و پرسی جیددی و مەترسیداری بە بەردا کراوە. پێکهات و چەمکێک کە هەر لە “ئەرەستوو، هابز،مونتسکیۆ، هیگل و مارکس تاکوو نیچە، ئارێنت، پووپێر و هابێرماس” گێڕاوەتەوە و راڤە و شرۆڤەی جۆراوجۆری لێکراوە و بە کۆ دەنگ رۆڵی چارەنووس سازانە، رزگارکەرانە و لە هەمانکاتیشدا(کۆیلەکەرانەی) ئەم چەمک و پێکهاتەیان شی کردۆتەوە. دەوڵەت لێرەدا ئەو دەقەیە کە بوونی خۆمانی لە ناو دا نیگار دەکەین، نیگارێک کە دەسڕێتەوە، چاک دەبێتەوە، رەش دەبێتەوە، واڵا دەبێتەوە و دەشڕووخێتەوە(دەشڕووشێتەوە!). دەوڵەت، لێرەدا تەنها وەکوو پێکهاتێک مەبەستمە کە کۆڵەکە و بنەماکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی رێژەیی قایم و قورس دەکات یان بە پێچەوانەوە!؛ واتە لۆڤاتانێک5 کە هەم باشە و هەمیش خراپ. ئەگەرچی دواتر و لە راڤەیەکی تردا لۆڤایاتان هەر دەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی تاکەکان لێکدرایەوە واتە ماهییەتی دەوڵەت پەیوەست و هەڵپێکراوی ماهییەتی تاکەکان پێناسە کرا6، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئێمە لە نەبوونی ئاوەها پێکهاتێک لە ناو مێژوو دا بنەما و کۆڵەکە کۆمەڵایەتییەکانمان بنکۆڵتر و لەرزۆکتر لەوە بووە کە تاکێک تێیدا پەروەردە ببێت کە لەم ئاوقا بوونەی جیهاندا برینی قورس و کاریی لێ نەکەوێت و “با”7 نەیبات. گەر بمانەوێت ئەو هەوڵانەی ناو جیهانی کوردیی بگێڕینەوە کە لەم رووبەرووبوونەوەیە دا رچەدار و سەرپشک بوونە لە بۆشستان و چۆڵەوانیدا8 رێمان دەکەوێت.
بەشێکی ئەم دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە نەبوونی راستەقینە و بەرهەستی خودی هەوڵ و هەوڵدەرەکەیە، بەشێکیشی نەبوونی پێکهاتێکە بەنای دەوڵەت تاکوو لە رێگەی بناغەپارێزی و بنەماداڕێژی بوونیی کۆمەڵایەتییەوە، بەردەنگ و گوێگر واتە هاووڵاتی و تاک بۆ ئەو هەوڵ و هەوڵدەرانە ئامادە و تەیار بکات. لە ئاوەها نەبوونێکدا هەوڵەکانی تاک پەرش و بڵاو و سەرلێشێواو دەبن. ئەگەر لێرەدا سەرچەشنێک لە وێنەیەک بهێنمەوە کە دوو جەمسەری پێوەندی دار واتە دەوڵەت و زمان پێکەوە دەیکێشن و لە خاڵ و وێستگەیەک بە ناوی “تاک”دا کۆ دەبنەوە و بەیەک دەگەن واتە شوێنگەیەک کە تاک لە کانیلەی دەوڵەت و زمانەوە دەتەقێت، ئاوەها دەگێڕمەوە: وای دانێین هەوڵێکی بەرزەڕۆیانە و فراژوویانەمان9 بووە کە بە هۆی ئەو تایبەتمەندییە بەرزەفڕییانەوە کە وەری گرتووە، خۆی بەرەو ئاقاری شارستانییەتی هزریی مرۆیی بجمێنێت، ئەو بە زمانێک ئیش دەکات کە “ئەندامانی ناو زمانەکەی” یان “زمانی ناو ئەندامەکانی!10” تەنها مانایەک کە لە وشەی “هێڵ11″ وەری دەگرن، ئەو رێچکەیە کە گاوئاسنی پێدا دەڕوات و جووتی تێدا روو دەدات، لەبەر ئەوەیە کە زەحمەت و سەخڵەتی و هەش بەسەریی زۆر دەبات کە مانای هێڵ لەو قەوارە کشتوکاڵی و جوتیارییەوە داتەکێنیت و لە فۆرمی دێڕێکی نڤیساریدا بۆ ئەو”ئەندامە زمانییانە” باسی بکەیت و بە ریزێک لە وشە و تێکەڵەیەک لە رستەی پێناسە کەیت. ئەمە وێنایەکە کە بۆ یەک وشە و پەیوەست بە یەک میکانیزم واتە میکانیزمی زمانناسانە (کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا) جە کاری دەکەین و لە دۆخێکی پارچە پارچەیی و بشێوی دا. تکایە گوێ راخەین بۆ ئەم سیگناڵ و هەواڵ و هەوڵانەی مێژوومان؛ ئەلۆ!! نعم؟ Yes؟ ؛منم یەکەمین رۆژنامەی کوردی(کوردوستان) ساڵی 1898لە قاهیرە، حاجی قادر لە ئەستەمبووڵ، نالی لە غوربەت، شێخ رەزا لە دەرەوە. ئەگەرچی هەموو ئەم هەوڵە پیرۆزانە دواتر لە پێکهاتەیەک بە ناوی زمان دا یەکیان دەگرتەوە، بەڵام ماهییەتی ئەو یەکانگرییە چەندەها لە هەنووکەماندا دیارە؟ ئاخۆ بە بوونی دەوڵەت کەش و هەوا و رەوتەکە چ تایبەتمەندیگەلێکی وەردەگرت؟ هەڵبەت مهلای گهوره لە بیری ئەمە دا بووە بەڵام دەڵێی لە وەڵامەکەی دڵنیایە:-
بە کەشکۆڵ و فەقر و سواڵ و زیللەت کاکی خۆم مەحاڵە تەشکیلی دەوڵەت12
بەگشتی مەبەستمە بڵێم: دەوڵەت بەهۆی ئەو رۆڵەی کە لە تەکوزی و رێک و پێک کردنی دیاردە رۆحی و زەینییەکانی تاکدا لە قەوارەی سازاندن و گەشەپێدانی زماندا دەیگێڕێت، رێگە بۆ دەرکەوتن و واڵا بوونی کرۆک و جەوهەری تاک و کۆمەڵ بە شێوازێکی سرووشتیتر و لۆژیکیتر خۆش دەکات و ئیدی هەر دیالیکتیکێک بە پێداهەڵشاخان و شۆکیزە بوونی لایەنێک نایەتە ئاراوە. لە نەبوونی ئاوا پێکهات و چەمکێک بارودۆخ و چارەنووسی دیاردە رۆحی و هزرییەکانی ئەندامانی ناو زمانی کوردیی چی بەسەر دێت؟ و دواتر زمانی ئەو ئەندامانە چی بەسەریدا نازڵ دەبێت؟ ئەگەر هەوڵێکی سەرەتایی درا بۆ خەمڵاندن و وێناندنی رۆحی و زەینیی تاکی کۆمەڵگا و کۆمەڵگای ناو تاک، ئەم هەوڵە بە چ ئاراستەیەک دەڕوات و چ تایبەتمەندیگەلێک وەر دەگرێت؟ ئایا سیاسەت سالارییەکی13 پراکتیکی و نادەرهەست کە بە جل و بەرگ و دەمامکی دەرهەست و ئینتیزاعییەوە دێتە گۆڕەپانەوە، خاڵێکی کۆتایی نەبووە و نییە لە سەر گەشە و فراژووبوون و واڵارۆشتنی رۆحی و زەینیی تاک و کۆمەڵ؟
سیاسەت و دەوڵەت وەکوو دووانە و جووتەیەکی لێک دانەبڕاو و تاقانەن، وەکوو ئەرەستوو دەڵێت: مرۆڤ بەشێوەیەکی زاتیی بوونەوەرێکی سیاسییە. لە ژێر تیشکی ئەم پێناسەیە، ئێمە کە پێگەیین و باڵامان کرد و هاتینە ناو تاکەکانیتر و تاکەکان لەدەوری یەک کۆبوونەوە و کۆمەڵگایان سازاند پێویستی بە هەبوونی پێکهاتێک بە ناوی دەوڵەت ناخی “کۆی” ئەو “تاک”انە دەتەنێتەوە. لە قۆناغگەلی جیاواز و بەپێی نەریتە کۆنەکانی سەردەمی گەشەکردن و واڵاکردنی مرۆڤ “دەوڵەت” واتا و واقیعگەلی جۆراوجۆری بەسەر دا بڕاوە و کراوە. لە قۆناغێکدا کوێخا و سیستەمی باخ و مەزرا و زەوی و زارەکانی چەشن و رۆڵی پێکهاتێکی وەکوو دەوڵەت بۆ ئەو سەردەمەی خۆی وێنا کردووە و بەپێی رێژەی تاک و ئاستی جەماوەریی بەهێزی یان بێ هێزی “دەڵوەت”14ی کوێخا دیاری کراوە. یان گەورە پیاوانی ئایینی بە جبە و عەبا و زمان و خوتبە و هەڕەشە و… لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا هەر هەمان حاڵەت وەردەگرن، بەڵام لێرەدا قەوارە و فۆرمی هاوچەرخ و مۆدێڕن لە دەوڵەت مەبەستە. قەوارە و پێکهاتێک کە بنەوەنگە و کۆنەستی خۆی لە رووداو و تێڕامان واتە ئەقڵ و واقیعی سیاسی-کۆمەڵایەتی وەردەگرێت کە لە مێژووی ئەو پێکهاتەدا بوونی هەبووە. بە هەر حاڵ لە هەر شێوە و فۆرم و پێکهاتێک دا سیاسەت و دەوڵەت یەکەیەکی تاقانەن. ئەم دۆخەی کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا هەیە سیاسەت ئاوی و سیاسەتمەند بوونێکە کە بووەتە هۆی زاڵێتی تاقانە باس و خواسێک کە سیاسەت بێـت، ئەویش بە شێوازێکی ئایدۆلۆژیک و نافەلسەفی و بەرهەست، ئەمەش دۆخێکی سیاسەت سالارانەی هێناوەتە ئاراوە کە ئەگەر بە تێڕوانینێکی رەخنەکارانەوە هەوڵ لە گۆڕینی نەدەین چارەنووسێکی نادیارتر و کارەساتاویمان دەکەوێتە بەردەم. ئەگەرچی ئەم دۆخەی سیاسەت سالاریش دەشێت هەر خواست و توانستێک بێت بۆ رۆنان و وەدەست ئانینی، دەوڵەت، بەڵام سەری لە زاڵ بوون و بەهەژموونی کردنی گوتارێک داوە بە ناوی سیاسەت کە بە سیاسەت سالاری ناوی دەبەم.
سیاسەت سالاری تایبەتمەندیگەلێکی هەیە لەوانە: ئەلف. تێڕوانینی تاک رەهەند و دۆگم و بە گوێرەی ئەوەش دونیایەکی بچووک، ب. غیابی تێڕامان و هەڵوێستە بە هۆی ئەو کەش و هەوایەی سیاسەتسالاری درووستی کردووە، پ. بە پێودانگ بوونی چەشنێک لە روانینی سیاسی کە هیچ بیر و هزرێکیتر بە ناسیاسی و دەرەسیاسی وەرناگرێت، ئەم گۆشە نیگایە تەنانەت ئەدەب و شیعر بە ئامێرێک دەزانێت بۆ پاساودانی بوونی بەرتەسک و بچووکی خۆی، ت. خەساندن یان کوشتنی وزە و توانستە بێسنوور و فرەلایەنەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی خۆڕۆ15 و ئۆتۆماتیک، ج. بە خیتابی و خوتبەوی و مانیفێست کردنی کەش و هەوا و دۆخی ناو کۆمەڵگا بە مەبەستی چەسپاندن و چەقاندنی بنەماکانیان لە نەستی کۆیی و یادەوەری گشتی کۆمەڵگا.
هەموو ئەو تایبەتمەندییانە “تاک بە تاک” کاریگەری نەرێنی و کوشندەی خۆی هەیە و ئەگەر لە کۆی هەموویان دا بەدوای سەرجەمی کاریگەرییەکان دا بگەڕێین تراژیدی و کۆمیدییەک دەبینین کە ئاوقا و ئامبازی یەکدی بووگن، کە “ئەمیان بەو دەڵێت: یەک، ئەویشیان بەم دەڵێت: دوو!” هەڵبەت سەیر نییە ئەمە دیالیکتیکەکەیانە، ئیدی ئەمەیە ئەو دۆخە سەیر و سەمەرە و پڕ سامناکە کە بە کۆمیتراژیک16 ناو دەبرێت. لێرەدا و پەیوەست بەم وەرگێڕانەوە من تەنها لایەنی تاقانەی تایبەتمەندییەکی ئەو سیاسەت سالاریمە لا مەبەستە، ئەویش بەخوتبەیی کردنی کۆمەڵگا و خولقاندنی دۆخی ئایدۆلۆژیکییانەی مانیفیست کردنی خودێکی رەها خواز کە رەگئاژۆی هەناوی کۆمەڵگا بووە، کە بە شێوەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی تەنانەت لە ئاکار و هەڵس و بنیشتی رۆژانەماندا دیارە و ئەگەر کاریگەری و رۆڵی ئایینی و دینیشی بخەینە سەری مەبەستمان لەو خوتبەیی کردن و خوتبەدان و تریبۆن قۆستنەوە، باشتر روون دەبێتەوە. لەناو دەقی وەرگێڕانەکە دا نووسەری فارس باسی لایەنە سامناک و تراژیکەکانی کولتووری خوتبەیی بوون و خوتبەدان دەکات. ئەگەرچی ئەو باسی کۆمەڵگای ئێران دەکات و تایبەتمەندی خوتبەدان لە پێکهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری وڵاتی ئێران باس دەکات، بەڵام گێڕانەوەیەکی گشتی و سەرتاپاییە کە کۆمەڵگای کوردیش دەگرێتەوە. بەدڵنیاییەوە کولتوور و تایبەتمەندی خوتبەیی بوون لە وڵاتی ئێران هۆکار و میکانیزمی جیایە لەو کولتوور و کەش و هەوا مانیفیستکردن و خوتبەدانەی کە لە وڵات و کۆمەڵگای کوردوستان دا بە گشتی هەیە، بەڵام لە دەرکەوتە و کاریگەری ئەو دۆخە “زارەکی” و “بوێژی”یەدا خاڵی هاوبەش و وەک هەڤی زۆریان هەیە. من بۆ جیاکردنەوەی سەرچاوە و ئاخێزگەی سەرهەڵدانی ئەم کولتوورە خوتبەیی و زارەکییە لە کوردوستان لە گەڵ ئێران ئەم وتە پێویستەم خستە روو نەک هیچیتر. پێم وایە بەشی هەرە زۆری ئەو خەسار و ئاسیوانەی نووسەر بەشێوەیەکی کورت باسی دەکات ئۆباڵ و یەخەی تاک و کۆمەڵی کوردیشی گرتۆتەوە بۆیە خستنە روویان لێرەدا وەکوو دەستنیشانکردنێکی گچکەی خەسارەکان و ئاسیوناسییەکی بەلەزی کۆمەڵگای کوردی لە چەند رووەوە، دەبینرێت.
چەند شتێکی خێرا لە سەر ژیان و پێکهاتی هزری پووپێر دەخەمە روو و لەوێشەوە دەچینە ناو وەرگێڕانەکەوە؛ سێر کارل رەیمۆند پووپێر لە 28ی مانگی ژووییەی ساڵی 1902لە وڵاتی ڤییەن لە دایک دەبێت، ئەو کە هەم لە باری ژیانی تاکەکەسی و تایبەتی دا و هەمیش لە رووی پێکهات و قەوارەی هزری و زانستیی دا کۆمەڵێک بەرزی و نزمی و قەیرانی ئەرێنی و نەرێنی بە سەردا تێپەڕیوە، دواتر بە ناوی فەیلەسووفی کۆمەڵگای کراوە ناوی زڕا، ئەویش بە هۆی کتێبە بەناوبانگەکەی واتە “کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی” کە لە ساڵی 1945 واتە لە ترۆپک و چڵەپۆپەی رۆژگاری جەنگی جیهانیی دووەم دا هێنایە نڤیساندن. ئەو، نووسینی ئەم کتێبە “وەکوو چەشنە بەشدارییەکی خۆی لە جەنگی جیهانی دووەم دا ناوبردە دەکات17”. پووپێر لە بنەوەڕا سەر بە بنەماڵەیەکی جوولەکە بوو، بەڵام بنەماڵەکەی لایان دا بووە بەرەو مەسیحیەتی پرۆتێستان و ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە پووپێر فێرکاری و پەروەردەیەکی لۆتەرییانە18 بە خۆیەوە ببینێت. پووپێر لە ساڵی 1918 دا واز لە خوێندنگە دێنێت و موتاڵا و گەڕانە مەعریفییەکانی خۆی بە شێوەی تاکەکەسی رێچکە دەگرێت. لە ساڵی 1919 بە هۆی هەژموونی و هەیمەنەیەک کە گوتاری کۆمۆنیزم لەو سەردەمەدا هەیبوو، دێتە ریزی کۆمۆنیسم و ئەقڵانییەتی ئەو رێبازەوە. بەڵام وەک دەڵێن: ماوەی کۆمۆنیست بوونی فرەی بە بەردا ناچێت و پووپێر رێگە و رووگەی خۆی دەگۆڕێت، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە؛ “یەکێک لەوانە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی رێ پێوانێک لەساڵی1919دا بوو کە تیایدا دوازدە کرێکار کوژران و هەشتاش بریندار بوون19″، ئەمە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکانە بۆ وەرچەرخانی پووپێر و درووست کردن و خەمڵاندنی داهاتوویەک کە پووپێر تیایدا هەموو هێز و توانایی خۆی بباتە شەڕکردن و بەگژداچوونەوەی کۆمۆنیزم و نازیزم و هەموو ئەو شێوە تێڕوانینانەی کە لە کەش و هەوا و سەرزەمینی رەهاگەرێتی و یەقینخوازیدا هەناسەیان هەڵدەکێشا و دەژیان20. ئەم رەوت و رۆچوونە ببوە هۆی ئەوەی کە بە فەیلەسووفی گومان و شک و “ئەو پیاوەی کە داکۆکی لە گومان دەکرد21” ناو دەر بکات.
دوای دابڕان لە کۆمۆنیزم و چوونە ژێر پرسیاری تیۆر و مەعریفەکانی ئالفرێد ئادلێر22 کە پووپێر ماوەیەک بە شێوەیەکی خۆبەخش لە بەردەستیدا ئیشی دەکرد و هاوکات فێریش دەبوو، بەرەو تیۆری رێژەیی ئالبێرت ئانیشتاین رۆشت و چەقی روانگەی ئەنیشتاینی بوو بە بنەما و کۆڵەکەی ئەو میتۆدۆلۆژییەی کە لۆژیکی دیتنەوەی زانستیی23(منگق اکتشاف علمی)پووپێرییانەی لێ رۆنرا. جیاوازی ئەنیشتاین و ئادلێر لە پرسی گومان و یەقین دا بۆ پووپێر روون دەبێتەوە، ئادلێر دەروونناسێکی نەمساوی بوو کە لە خەستەخانەیەکی بچووکدا ئیشی دەکرد و هەر ئەو سەردەمەش بوو کە پووپێر لە پێگەی بەردەست و قوتابییەک خۆبەخشانە لە لای ئیشی دەکرد. هەموو هوڵ و تێکۆشانی ئادلێر(1937-1870) و هاوکارانی کەوتبووە خزمەتی سەلماندنی زۆرتر و زۆرتری تیۆرەی “هەست بە بچووکی کردن”، تەنانەت هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لە رێگەی خوێندکارانەوە دەگەیشتنە دەستی ئادلێر هەر لە خزمەت هەمان مەبەست، دیسیپلین و بنەما دا بوون. پووپێر بە “گومانێکی زانستی24″یەوە رێگەی خۆی لەوان جودا کردەوە. شتێکی هەرە گرینگی دیکە دەبێت بخرێتە سەر هۆکارەکانی وەرچەرخانی پووپێر لە کۆمۆنیزم و دواتر گەشانەوە و باڵاکردنی زێڕینی مەعریفەناسی، فەلسەفەی سیاسی و لۆژیکی دیتنەوەی زانستی ئەو پیاوە، رۆحی چاخی رۆشنگەری و نوێنەرە ناودارەکەی واتە “ئیمانیۆل کانت” بوو. ئەو کانتی بە فەیلەسووفی ئازادی و مرۆڤایەتی ناوزەد کردووە و کاریگەری ئەم دوو ئاوەڵناوەی کە داویەتییە پاڵی کانت لە سەر هەموو فەلسەفەکەی پووپێر دیارە. ئەو بە پێڕەوی لە رۆحی سەردەمی رۆشنگەری پێمان دەڵێت: کە هیچ بیر و تیۆری و زانیارییەک بە بێ هەڵسەنگاندن و رەخنەکاری قبووڵ مەکەن و چاوساغ و رێبڕی25 ئەم رێبازەش ئەو وتە بە ناوبانگەی کانتە کە دەڵێت: “ئێمە دەبێت بوێری دەکارکردنی ئەقڵ لە خۆماندا دەستەبەر بکەین”. لە راستیدا ئەو دیوی ئەم کاریگەری وەرگرتن و قبووڵ کردنانەی پووپێر، رەتکردنەوە و رەخنەگرتن و لە هەندێک حاڵەتدا توانج و پلار هاوێشتن بووە بۆ چەند فەیلەسووفی بەناوبانگ و گەورەی مێژوو کە ئەفلاتوون، هیگل و مارکس دەگرێتەوە. ئەو، “ئەفلاتوون بە خۆخواز و خۆتەوەر و ئەو کەسەی کە پشتگیری و پاڵپشتی لە دۆگمخوازی و رەها پەرەستی دەکات، دەزانێت. لە روانینی پووپێرەوە ئەفلاتوون کەسێک بوو کە لایەنگر و خوازیاری کۆمەڵگای داخراو بوو. هیگیلیش لە روانینی ئەمەوە رەهاخوازێکی سامناک بووە و کاریل مارکسیش بە هۆی دیالیکتیکە پاساودەرانەکەیەوە و گشتبێژییە رووتەکەیەوە جێگەی رەخنە و پلاری پووپێر بووگە”.
بەهەر حاڵ پووپێر بە تێپەڕین و تێکە و لێکەیەک کە لەم ئاراستە دوورودرێژ و فرەدەنگیەدا گرتیە بەر گەییشتە تیۆری بەتاڵگری یان بەتاڵ هەڵگری26 واتە ئەو تیۆرییەی کە دەڵێت: تاقانە پێودانگی زانستی بوونی تیۆرەیەک توانستی هەڵگرتنی بەتاڵ بوونەوە یان بەتاڵگرییە. ئەو، بەم تیۆرەیە پێمان دەڵێت: “هیچ قسە و تیۆرە و وتەیەکی ئاخر و کۆتایی بوونی نییە” و “هەر تیۆرەیەکی تازە تەنها تا کات و ساتێک درووستە کە بەتاڵ نەبۆتەوە، کاتێک بەتاڵگریی بەسەریدا تاقی کرایەوە و هەڵیگرت، ئیدی ئێمە پێمان ناوەتە دونیا و هەرێمی تیۆرە و مەعریفەیەکی تازەوە”. ئەم تیۆرەیە بنەما و کرۆکی مەعریفەناسی پووپێرە و لە درێژە و دواتر دا روونی دەکاتەوە کە “کێشەکانی مەعریفەناسی واتا شێوەکانی بەرهەمهێنانی زانیاری و زانست بە سیاسەتەوە پێوەندی هەیە27” و لێرەوەڕا پووپێر پێ دەنێتە ناو دونیای فەلسەفە سیاسییەکەیەوە کە بە لیبرالیزم و ئازادی خوازیی ناوبڕ کراوە. پووپێر ئەو کەسە بوو کە میتۆدی سوقراتیانەی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە واتە مشت و مڕێک کە ئامانجی بەتاڵکردنەوەی ڕا و بۆچوونی بەرامبەرەکەیەتی بە رێنوێن و چاوساغی خۆی دادەنێت و دروشمە کۆن و ناودارەکەی سوقرات لەم رێگەیەدا هەڵدەدا؛ من دەزانم کە هیچ نازانم. لەسەر پووپێر قسەکردن بە هۆی ئەو دەورە کاریگەرە قووڵەی لە فەلسەفە و زانستی سەدەی بیستەم و رۆژگارێک کە تێیدا دەژیا(رۆژگاری دوو جەنگی جیهانی) و تەنانەت دانیشتنە سەیر و لێڵاوییەکەی لەگەڵ لۆدڤیک ڤیتگینیشتاین لە رۆژی 25ئۆکتۆبری 1945دا28 و سەدەها بابەتیتر، کۆتایی بۆ نییە، ئەمانەش نەبایە باسەکەمان کۆتایی هەر نەبوو، چوون لە روانینی پووپێرەوە تەنانەت زانستیش قسەیەکی تەواو و کۆتایی پێ نییە، ئەوەی هەیە ناکۆتایە و ئەوەش نییە هەر ناکۆتایە.
“دەستپێکی وتار؛ هەڵسەنگاندنی رەخنەکارانەی بیروڕاکانی فەیلەسووفی کۆمەڵگای کراوە”
تێگەیشتن لە داهێنانی مەعریفە ناسانەی پووپێر و هەروەها رەخنەی لۆژیکی ئەو لە ئێراندا، بەبۆنەی دوو هۆکاری کۆمەڵناسانە و هۆیەکی فەلسەفییەوە نەگەیشتە هیچ ئەنجام و ئاکامێک. یەکەمین هۆکاری کۆمەڵناسانە، خەتیب پەروەر و خیتابەیی بوونی کۆمەڵگای هەنووکەیی ئێرانە. خیتابەیی بوونی “بیرکردنەوە”، لایەنێکی ئەرێنی و باشەی هەیە و خاڵ و لایەنێکی نەرێنی و کوشندەشی هەیە. خیتابەیی بوون لەو روو و لایەنەوە باشە کە ناوکۆ و پردێکی شیاو و لەبار بۆ گواستنەوەی ئەو چەمکە فەلسەفی و رووناکبیرانە دێنێتە ئاراوە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئامادە لە بەر دەستی جەماوەر و خەڵک دا نین. باشترین هەڵگران و راگوێزەرانی بیرکردنەوە و چەمکە ئاڵۆزەکان بۆ ناو خەڵک و جەماوەر، خەتیبەکان یان بوێژەکانن29. بیرکردنەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو قەرزارباری خەتیبەکانە. لە رێگە و بە یارمەتی هەر ئەم خەتیبانە بوو کە کولتووری”گوتاری زارەکی” spoken discourseیان هەمان کولتووری خیتابەیی لە ئێراندا پەرەی سەند و هێزی وەرگرت و بووە هۆی ئەوەی کە هەم بیرکردنەوە و ئاوەزمەندێتی دینی بە هەموو فاق و خوێندنەوەکانی و هەمیش بیرکردنەوە و تێڕامانی غەیری دینییەکان بە هەموو داگەڕان30 و تێڕوانینێک لە ئێراندا وەبەر چاو کەوێت و سەر هەڵ بدات. لەم رووەوە ئەگەر چاوێک بە بارستایی و پانتایی و لە هەمانکاتدا فرەچەشنی و فرەڕەنگی روانگە هزرییە پەرەپێدراو و مانیفیستکراوەکانی نێو کۆمەڵگای ئێرانی بخشێنین و سەرنج بەم دۆخە بدەین، رووبەڕووی خاڵێکی سەرسووڕهێنەر و سەیر دەبینەوە: ئێران لەو وڵاتە دەگمەنانەی گۆی زەوییە (و رەنگە تەنها وڵاتی دەگمەن و تاقانە) کە تێیدا کەلتووری رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە یەک ئەندازە و لە یەک ئاستدا بوونی هەیە.
بەم حاڵەشەوە خەتیبانە و خیتابەیی بوونی “بیرکردنەوە” و هزرین31 رووبەرووی ئەم خەسار و خاڵە نەرێنییەشە کە توانایی و وزەی بیرکردنەوە و تێفکرین لە “بەردەنگ”32 دەسێنێت. بەردەنگانی خیتابە(خوتبە) وردە وردە و بەشێنەیی خیتابە دەخەنە جێگەی هزر و بیر و لەباتی تێفکرین و بیرکردنەوەوە وەری دەگرن و دەپەرژێنە سەر پیرۆزاندن و خەمڵاندنی خەتیب33 و بگرە هەندێ جاریش سەر لە پاواندن و بڤەکردنی(کە بە شێوازێک و لە سۆنگەیەکی دیکەوە هەر پیرۆزاندن و بەرهەمهێنانەوە کولتووری ئایدۆلۆژیک خوازی و پەرەستش تەوەرییە) پێگە و رۆڵی خەتیب دەدات. هەر بەم هۆیەشە کە بەردەنگەکان زۆربەی کات بە رێباز و لاڕێی34 خەتیبەکاندا دەڕۆن، لە باتی ئەوەی کە گەشەپێدەر و درێژەدەری ئەو رێگایە بن کە خەتیبەکان تەنها بەشێکن لەو پرۆسێس و پێشڤەچوونەکەی. کەوتنە دووی رێگە و رێبازی خەتیب و بەو ئاراستەیەی ئەوان دا رۆشتن واتە لە چوارچێوە و حەساری بیرۆکەکانی ئەو دا ون بوون و داچەقین، بەڵام درێژەدەر و گەشەپێدەری رێگەی خەتیب واتە دۆزینەوەی رۆچنە و رێگە و میتۆدی لۆژیکیانە بۆ دەرچوون و دەربازبوون لە چوارچێوەی بیرۆکەکانی ئەو. لە رێزگرتن لە خەتیبێک زۆربەی کات دەپەرژێنە سەر دووبارە وتنەوە یان تۆزێک سەرووتر واتە دووبارە خوێندنەوەی بیرۆکەکانی، بەڵام تا ئێستاکە تەنانەت جارێکیش بەدی نەکراوە کە رێزلێگرتن و بەرزڕاگرتنی خەتیبێک هاوکات و هاوڕێ بێت لەگەڵ لێکدانەوەی بیر و تێڕامانەکانی بیرمەندە گەورەکان و بیر و بۆچوونە گرینگ و کارتێکەرە جیهانییەکان (کە بە رواڵەت هیچ پێوەندییەکیشی لە گەڵ خەتیبە رێزلێگیراوەکە دا نییە)، بە دەربڕین و رێکەوەندێکیتر35 تا ئێستا ئەوە نەهاتۆتە ئاراوە کە رێزلێنان و بەرزڕاگرتنی خەتیبێک ببێتە هۆی ئەوەی کە بەردەنگ و گوێگران، لەگەڵ کاریگەرترین ئەندێشەگەلی فەلسەفی، لۆژیکی، زانستی، هونەری،سیاسی، کۆمەڵناسانە و ئەدەبی ناسیاوەتی پەیدا بکەن، بێ ئەوەی لەدووی تێگەیشتنی پێوەندی ئەم بیر و بۆچوونانە لە گەڵ بیری خەتیبی تایبەت و لایەنگیراوی36 خۆیان بن. ئەم شێوازە لە رێزگرتن کە تا هەنووکە یەک نموونەشی لە ئێراندا بە دی نەکراوە، نموونە و چەشنێکە لە “درێژە و گەشە دان بە رێگە و رەوشتی خەتیب” و ئەوەش تا هەنووکە بینیومانە نموونەگەلێکن لە ” بەرێگەی خەتیب دا رۆشتن”.
شکڵ گرتنی کولتووری خیتابەیی زۆرتر بە دوو شێواز دێتە بەرهەم: ئەلف: یان پەرچەکردار و دژەکردەیەکە لە هەمبەر و دژی تەکوزیی و رێک و پێکیی لە رادەبەدەری رێککراو37 و رێکخراوی ناو پێکهاتی کۆمەڵایەتی کە ئەم تەکوزییە بە شێوازێک هەستی بەئامێربوون لە مرۆڤەکاندا درووست دەکات (وەکوو ئەوەی هەنووکە لە رۆژئاوا دا دەیبینین). تاک و مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگایانە دا هەوڵ دەدەن کە لەرێگەی داڵدەبردن بۆ راڤەکاری(تەئویل) و ماناخوازی بکەونە پەرچدانەوە و بەرگری لە هەمبەر پێکهاتی لە رادەبەدەر ماشینی و گەڵاڵە بۆداڕێژراوەوە. ب: یان لە کۆمەڵگاگەلێک دێتە ئاراوە کە تێیدا “لۆژیکی رەخنە” هیچ پێگە و جێگەیەکی نییە. (وەکوو کۆمەڵگای هەنووکەی ئێران). لەم مۆدێل و چەشنە کولتووریە دا، رووبەرووبوونەوەی هزریی لە گەڵ تەواوی پرس و کێشەکاندا، بێ جیاکاری و هەڵاواردن بە میتۆدی خیتابەیی دێتە کایەوە. چوونکوو لەم شێوازە دا، یەکەم:- پرسیارکردن و پرسینەوە لە خەتیب مانا و جێگەیەکی نییە، خیتابە وەکوو مانیفێست و سپی نووسێک دەپێچێتەوە و ئەرکی دیتران و ئەوانی دی تەنها جێبەجێکردن و ئەنجامدانیەتی. دووەم:- خیتابە، قسەی ئاخر و ئۆخرە و بۆیەش رەخنەکاری و رەخنەگرتنی بەواتای بێ رێزی بە خەتیبە و لەبەر ئەوەش رەخنەی خیتابە هیچ واتایەکی نییە. سێیەم: خیتابە دەتوانێت! بۆشایی و پێواریی38 بیر و ئاوەزمەندێتی بە شێوازێکی باش پڕکاتەوە و پێویست نەبوونی هزر و بیر وردە وردە بخاتە هەناومانەوە.
دڵخۆش بوون بە میوەگەل و بەروبوومی هزر لە باتی سەرنج و رۆچوون بە رەگ و ریشەکانی بیرکردنەوە و تێڕامان، لە ئاکامە لێبڕاوەکانی خیتابەخوازییە و لە دواجاردا ئەوەی کە دەبێتە دەرهاوێشتە و ئاکامە تۆپزیی و زۆرەملیی و لەهەمانکاتدا قێزەونەکەی خیتابە خوازی، زیادکردن و بردنە سەرەوەی ئاستی “دەبێت و نەبێتە خیتابەییەکانە39” کە جێگای دەبێت و نەبێتە لۆژیکییەکان دەگرن(هەر ئەمەش ئایدۆلۆژی و دۆگماتیزم بەرهەم دەهێنێت و بەرەو چەشنەکانی تۆتالیریزم و دیکتاتۆری دەمانبات.وەرگێڕ). لە کولتووری خیتابەیی دا هیچ بەرپرسێک نادۆزرێتەوە کە بەشێکی زۆر لە کاتی بەرپرسایەتیی خۆی بە “دەبێت و نەبێت” تەرخان نەکردبێت. لە پێکهاتی خیتابەیی دا بە رەکارکردنی میتۆدی لەرزۆک و متمانەپێ نەکراوی “دەبێت و نەبێت سازی”، پێگە و ئەرک و ریسالەتی راستەقینەی بەرپرس و دەعیەدار(بانگەشەکەر) جێ گۆڕکێی پێ دەکرێت. بەرپرسێک کە لە رووی لۆژیکییەوە دەبێت وەڵامدەرەوە بێت لە رێگە و بەهۆی بەرهەمهێنانی “دەبێت و نەبێتە” خیتابەییەکان، دەبێت بە بانگەشەکارێک کە خۆی بەشوێن و دووی بەرپرسێکی دیکەدا دەگەڕێت. (لە بەرپرسێکی شارەوانییان پرسی بۆچی لە ناو شاردا مشکەکان مارش لێ دەدەن؟ گوتی: مشکەکان گیاندارانێکی خراپن و دەبێت لە ناو بچن و نابێت بوار بە مشکەکان بدرێت کە هەر کارێک پێیان خۆشە بیکەن، لە بەرپرسێکی ئابوورییان پرسی بۆچی رێژە و ئاستی بێکاری و نرخی شتەکان رۆشتۆتە سەرەوە لە باتی ئەوەوی دابەزێت و بێتە خوارەوە؟، گوتی: گرانی و بێکاری شتێکی خراپە و دەبێت لە ناو بچێت و نابێت خەڵک زۆرتر لەمە بێکاری و گرانی زەختیان بخاتە سەر، لە بەرپرسێکی ئەمنییان پرسی بۆچی لە ناو رێکخراوێکی ئەمنی دا کە لە رێگە پارەی خەڵک و جەماوەرەوە بەڕێوە دەبرێت، گەڵاڵە و پیلانی کوشتنی رۆشنبیران و هاووڵاتیانی بێ گوناە دادەڕێژرێت و جێ بە جێ دەکرێت، گوتی: ئەمن نەبوونی کۆمەڵگا و وڵات شتێکی خراپە و دەبێت لایەنی ئەمنی نیشتمانیی و هاووڵاتییان بپارێزرێت و نابێت هەر مرۆڤێکی سەرەخۆر و خۆڕەو40 دەست بداتە کوشتنی ئەم و ئەو و…).
دووەمین هۆکاری کۆمەڵناسانە لە تێگەیشتنی هەڵە لەمەڕ پووپێر لە ئێراندا، پێواری و غەیبەتی کولتووری نڤیساری written discourse و بڕەو و پەرەئەستاندنی ئایدۆلۆژییەکانە. ئایدۆلۆژییەکان سەرچاوەی شکڵ گرتن و درووست بوونی “دەبێت و نەبێتە” خیتابەییەکانن. بە دەکارکردنی میتۆدی ئایدۆلۆژیکییانەی خیتابەخوازی، قیاس و تەمسیل جێگای هۆ(برهان) و بەڵگە(استدلال) دەگرێتەوە و ئیدی هیچ کەس بۆ خستنەروو و باسکردنی بانگەشە و دەعیەکانی خۆی پێویست نازانێت کە بەڵگاندن و لێکدانەوە و شیکاری بۆ ئەوەی کە دەیڵێت یان رەتی دەکاتەوە، بکات. و بەم هۆیەوە رێگەی سیاسەت سالاری و سیاسەت زەدەگی لە باس و خواسە تیۆریکەکاندا دەکرێتەوە، باوەڕ(ئیمان)ی ئایدۆلۆژیک جێگەی لۆژیکی مەعریفە دەگرێتەوە و بە بەندکردن و کۆیلەکردنی مرۆڤ و تاکەکان لە رایەڵکە41 و پاپۆکەی پرس و بابەتە کۆنکرێت و بەرهەستەکان و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەت و شیمانەی تێڕامان و هەڵوێستە و بیرکردنەوەیان لێ دەستێنێ و بە تەواوەتی هەڵی دەوەشێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان وەکوو جاران و پێشتر بەرێگەی پێشینیان و پێشترانی خۆیاندا بڕۆن لە باتی ئەوەی کە رێگاکەیان درێژە و پەرە و گەشە پێ بدەن.
هۆی فەلسەفی خراپ تێگەییشتنەکەش لە داهێنانی تیۆریکی پووپێر، نەبوونی لۆژیکی رەخنەیە کە ئەم حاڵەتەش خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەگی زانیاری و زانستی رووکەش و لاوازی مەعریفەناسی لە ئێراندا. مەودای و دووریی زۆر گەورەی کولتووری تیۆریکی ئێران لە باس و خواسە جیددی و هاوچەرخەکانی مەعریفەناسی، بێ ئاگایی لە بۆچوون و تیۆری و دەسکەوتە نوێکان لەم بوارەدا، لە گەڵ نەبوونی خولی راهێنانی پسپۆڕانە، نەبوون و بۆشایی راهێنان و فێرکاری ئیستاندارد، نەبوونی مامۆستای زانا، ئامادەگی قارەمانە بۆش و بنکۆڵەکان لە بواری ئەندێشە و ناوداخستن و ناودەرکردنی نائاگا و بێ زانیارییەکانی دوێنێ لە پێگەی بانگەشەکاران و دەعیەخوازانی ئەمڕۆ، کەم بوونی ئاستی ژێدەری زانستی و متمانەپێکراو لە رووبەر و بواری مەعریفەناسی و تێکەڵ پێکەڵ کردنی چەمکە ئانتۆلۆژیک(بوون ناسانە) و تیۆلۆژیک(خوداناسانە)ەکان لە گەڵ پرسە مەعریفییەکان دا، سەرجەم ببوونە هۆی ئەوەی کە نەک رەخنە و رەخنەکاری گوڕوتین وەبەر خۆی نەدات و وزە نەگرێت، بەڵکوو تێگەیشتن لە داهێنانی مەعریفەناسانەی پووپێریش نەیێتە ئاراوە و بۆیەش رەخنەکاری بۆچوونەکانی بوو بە “کاریکاتۆرێکی فەلسەفی” لە باتی تێگەیشتن و فامێکی قووڵ کە بشێت بە هەند و جیددی وەربگیرێت.
تێڕوانین بۆ پووپێر و بۆچوونەکانی گرێدراو و بەستراوی ئەم هۆیە فەلسەفیە و ئەو هۆکارگەلە کۆمەڵناسانەیە بوو. پووپێر بە خوێندنەوەیەکی خیتابەیی خرایە روو و پێشکەش کرا، بێ ئەوەی کە بە میتۆدێکی غەیری خیتابەیی واتە لە رێگەی لۆژیکی رەخنە، فام بکرێت و رەخنەی لێ بگیرێت. ئەو بەڵایەی کە پێشتر بە سەر مارکس هاتبوو و ئێستەیش هایدیگەر تووشی بووە.
نووسین: موحسین خەیمەدووز
وەرگێڕان و پێشەکی: عادڵ قادری