“یاخود چۆن بینەر بۆ فیلمێکی جددی دروست بکەین؟”
ئایا دەکرێت فیلمێک بە ئاستێکی بەرزی فیکری و هونەری دروستبکرێت لە هەمان کاتدا ئامادەیی بینەرێکی بەهێز لەسەر پەردەی سینەما و شاشەی ماڵەوە بەدەستبهێنێت؟ ئایا پاش پتر لە سەدەیەک سینەما پرسیارێکی لەو چەشنە وەک جۆرێک لە بێمانایی تیۆری دەرناکەوێت؟ ڕەنگ سەرەڕای ئەوەش ناتوانین نکۆڵی لە دوو دیاردە بکەین کە لەم سەدەیەدا – مێژووە کورتەی سینەما – سەریانهەڵداوە و لەمیانەی ئەو دوو دیاردەیەوە دەردەکەوێت کە وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا کێشەدارە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە و مشتومڕ و شیکاری زیاترە.
دیاردەی یەکەم: بوونی ژمارەیەکی زۆر لە فیلمە کە سەر بە گەنجینەی سینەمای جیهانین، کە نە لە ساتەوەختی دەرکەوتنیان و نە دواتریش هیچ بینەرێکی دڵخوازیان نەدۆزیوەتەوە -نەبووە- وەک زۆر بەرهەمی جددی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، لە بەرامبەردا فیلمگەلێک توانیان لە قۆناغێکدا بینەر ڕابکێشن و دواتر بە تێپەڕبوونی کات ڕەونەقی خۆیان ون کرد وەک فیلمە ڕیالیستییەکانی ئیتالیا – فیلمی سەردەمی ڕیالیزمی ئیتالی – کە ئەمڕۆ پێناچێت بینەرێکی وەک ئەوانەی کۆتایی چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بینەری بن، کە تا سەرەتای حەفتاکان ئەم سینەمایە بەرگری لە سیما و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکرد. یانژی ئەو فیلمانەی توانیان بینەر لە دەوری خۆیان خڕبکەنەوە، بە دەربڕینێکی تر بگەنە بینەران لە وڵاتان یاخود ناوچەیەکی دیاریکراو واتە نەگەیشتنە ئاستێکی جیهانی و نێودەوڵەتی، وەک زۆرێک لە فیلمە سۆڤێتییەکان کە زۆرجار هەمان ئەو ناوبانگەیان لە دەرەوەی وڵات نەبوو کە لەنێو خۆی وڵاتدا هەیان بوو، بۆنمونە ئەستێرەکانی کۆمیدییەکانی سۆڤیەت لە دەرهێنەران و ئەکتەران تا ئێستاکێش لە سەرانسەری دونیادا گومناو و نانەسراون، لە کاتێکدا هاوشانەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا توانیویانە لە هەموو شوێنێک ببنە ناوێکی دیار و درەوشاوە، پێدەچێت سینەمای جەنگی سۆڤیەتی زۆرترین ئەگەری بڵاوبوونەوە -بە جەماوەر بوون-ی هەبوو بێت تا ئەو ڕادەیەی کە باوەڕیان وا بوو تاکە سینەمایە یەکێتی سۆڤیەت بەرهەمی هێناوە.
دیاردەی دووەمیش: دەتوانین بە دیاردەی ” سینەمای جددی ئەمریکی” ناودێری بکەین، کە وەک یاسایەکی گشتی نەک تەنها لە ناوخۆی وڵاتدا بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕێگای خۆی بۆ بینەر دۆزییەوە. ڕەنگە هۆکاری ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە سینەمای ئەمریکی بە قووڵی پەیوەست بوو بە سازوکار(میکانیزم)ەکانی بازاڕ و قۆرخکاریی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی فیلم، چونکێ بە تەنها پشکی هۆڵیوود لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتە نزیکەی (90%)ی کۆی بەرهەمهێنان، بە بەراود بە تەنها (10%) بۆ بەرهەمهێنانی سینەمای -فیلم- سەربەخۆ، کە بووە ڕێخۆشکەری نەریتەکانی بەرهەمهێنانی بەبڕشت کە تەنانەت “سینەمای جددی ئەمریکی”ش لەم نەریتەی لانەداوە و هەر لە سەرەتاوە تا هەنووکە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ بۆکس ئۆفیس پاراستووە ئەمەش لەمیانەی چوار ڕەگەزی پێکهاتەییەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوە کورتی دەکەینەوە:-
یەکەم:- هونەری بانگەشە و ڕیکلامکردن.
دووەم:- ئەستێرەسازی -دروستکردنی ئەستێرەی سینەمایی.
سێیەم:- ناوەڕۆکی فیلم .
چوارەم:- ڕێبازە هونەرییەکان.
کەواتە ئێمە ڕووبەڕووی دوو دیاردەی تەواو دژ بەیەک دەبینەوە کە دەیان پرسیار لەبەردەمماندا قوت دەکەنەوە، کە هەموویان دەبنە هۆی لەدایکبوونی یەک پرسیاری بنەڕەتی ئەویش ئەوەیە: نهێنی ناوبانگی فیلمی سینەمایی چییە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە دەستوپەنجە لەتەک کۆمەڵێک نهێنی گەورەدا نەرم دەکەین کە پەیوەندی تەنگاتەنگی جەماوەر بە سینەماوە هەیە، هەربۆیە باسی سرووشتی دوو جیاوازی شتەکان دەکەین. یەکەم، سازوکار(میکانیزم)ی کارلێککردن لە هۆشیاری بینەر لەگەڵ ئەوەی دەیبینێت، دووەم، ناوەڕۆک و میتۆدەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دڕدۆنگی -وروژاندن-ی سینەمایی لە فیلمدا، لێرەدا چەمکی “دڕدۆنگی-قەلەقی” بەو مانایە بەکاریدەهێنم کە بریتییە لە هەموو ئامڕازەکانی فیلمەکە بە دوای بەرزترین ئاستی کارلێککردنی بینەر لەگەڵ فیلمەکەدا دەگەڕێن -هەموو ئەو توخمانە سینەماییانەی کە کارلێک لەگەڵ ڕووانەر دەکەن- و لە چوارچێوە بەیەکگەیشتنی ئەم دوو سرووشتەدا هەوڵ دەدەین گەنگەشەی وەڵامەکەی بکەین.
بەڵگەنەویست کە هۆشیاری بینەر پەیوەندی خۆی لەگەڵ فیلمدا بەرمەبنای دوو ئاستی بنەڕەتی بنیاد دەنێت.
یەکەم:- پاڵەوان.
دووەم:- ڕووداو بە هەموو مانا مەعریفی و بینەرا و بیستراوەکانییەوە.
“پەیوەندی بینەر بە پاڵەوانەوە”
ئەگەر مۆدێلی “هانز ڕۆبەرت یاوس” فراوان بکەین بۆ شێوازەکانی کارلێکی بینەر لەگەڵ پاڵەواندا، ئەوا لە شەش شێوازدا کە بریتین لە “بەرجەستەکردنەوە، سەرسامبوون، بەراودکردن، هاوسۆزی، ڕقلێبوونەوە، بێلایەنی” کورتیان دەکەینەوە.
۱. بەرجەستەکردنەوە-بەرجەستەبوونەوە:- کە تێیدا بینەر خۆی لە شوێنی پاڵەوان دادەنێت و ڕەنگە بە شێوەیەکی هەمەکی -کولی- خۆخستنە شوێنە ڕووبدات، واتە بینەر بە درێژایی فیلمەکە یاوەری پاڵەوانەکەی دەبێت و لەگەڵ “کۆژان، بیرکردنەوە، هەستەکان، ململانێ، ئارەزوو، خۆشی، سەرکەوتن … هتد”ی پاڵەوانەکەدا دەژی، یانژی ڕەنگە بە شێوەیەکی هەندەکی -جوزئی- خۆی بخاتە شوێنی پاڵەوانە. کاتێک بینەر لە یەکێک لە جومگەکان – ساتەکان -ی فیلمەکەدا پاڵەوانەکە جێدەهێڵێت ئەمە ئەنجامی یاخیبوونی دووەمە لە دژی ژێدەر(مەرجەعییەت)ی یەکەم جا چ ژێدەرێکی ئەخلاقی یاخود سیاسی یاخود ئایدیۆلۆژی بێت. ئێمە لێرەدا باس لە بنەوانێکی شاراوە لە نائاگایی بینەردا دەکەین، بنەوانێک کە مەرج نییە لە کۆمەڵگادا باڵادەست بێت، ئەگینا چۆن دەتوانین کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بینەر لە دەوری فیلمە سێکسییەکان لە وڵاتەکەمان ڕوونبکەینەوە، و ئایا پاڵەوانی شۆڕشگێڕ مۆدێلێکی خۆشەویست -خوازراو-ی بەرجەستەبوونەوە نییە لەنێو بینەرانێک کە لە سیستمێکی دیکتاتۆریدا داپڵۆسێنراون؟ بەڵام بەرجەستەکردنەوە[وەک ئەوی تر بوون]ی بەشەکی کاتێک دەردەکەوێت -بەدیدێت- کە بینەر پاڵەوانێک دەبینێت بەڵام خۆی تێدا نابینێتەوە بەڵکو خۆی دەخاتە شوێنی پاڵەوانەکە لە دیمەنێک یاخود چەند دیمەنێک لە فیلمەکەدا.
۲. سەرسامبوون:- بەرجەستەبوونەوە[وەک ئەوی تر بوون] کەسایەتییەکە بۆ بینەر بەردەستە(واتە بینەرێکمان هەیە خۆی دەخاتە شوێنی ئەوی تری پاڵەوان)، جا چ لەڕووی ئینتیمانی چینایەتی یان پێکهاتەی دەروونی و ئەخلاقی یان توانستی جەستەیی یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان توانای هزری یان بەهرە یان پێگەی مێژوویی … هتد، بەڵام بینەرێکمان هەیە ناتوانێت ئەمە بکات و دەستەوەستانە لە خۆ بە ئەویدی کردن-خۆبەرجەستەکردنەوە لەویتر- واتە ناتوانێت لە هەموو ئەم شتانە یانژی بەشێکیان خۆی بکاتە پاڵەوانەکە، سەرەنجام جگەلە سەرسامبوون پێی هیچی تری بۆ نامێنێتەوە، بۆ نموونە وەک سەرسامی بە عیسا، ئیبن ڕوشد، … هتد.
۳. بەراوردکردن-خۆ بەئەویتر بەراوردکردن:- زۆرجار ئەم شێوازە دەکەوێتە نێوان دوو شێوازەکەی پێشوو، چونکێ سەرسامی لە هەندێک حاڵەتدا بریتییە لە هەوڵی بەرجەستەکردنەوەی ئەوی تر[خۆکردن بە ئەویدی]، کە مەحاڵە بەرجەستە بکرێتەوه، ناچار هەوڵی خۆ بەراورد کردن دەدات، واتە خۆی بەراورد دەکات لەگەڵ هەندێک کەسایەتی پاڵەوانەکە وەک بارودۆخی دارایی یاخود ئەخلاقی. هەروەها ڕقلێبوونەوە لە پاڵەوان دۆخێکی هاوشێوە دروست دەکات کە بینەر هەست بە جۆرێک لە سەروەری دەکات بەسەر پاڵەواندا.
٤. هاوسۆزی:- بینەر بەشێویەکی یەکلاکەرەوە ڕەتیدەکاتەوە خۆی لەتەک پاڵەوانی لاوازدا دابنێت -تەماهی لەگەڵ بکات- جا بێگوێدانە چەشنی ئەو لاوازییە “جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی”، لێ بوون(وجود)ی ئەو پاڵەوانە لاوازە ڕەتناکاتەوە، چونکێ لەگەڵ ئەم چەشنە لە پاڵەوانە – پاڵەوانی لاواز – چێژی بەڵادەستی دەکات کاتێک لە هزریدا بژاردەکان ڕیزدەکات و بڕیار دەدات کردارگەلێک یاخود ڕەفتارگەڵێک بکات کە لە توانای پاڵەوانە لاوازەکەدا نییە-پاڵەوانە لاوازەکە تێدەپەڕێنێت- ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت یان بەزەیی بە پاڵەوانەکەدا بێتەوە و هاوسۆزی بێت یان جۆرێکی تری کارلێککردن کە ڕق لێبوونەوەیەتی. شایەنی باس لە هەندێک حاڵەتدا پاڵەوانی ناتەواو -کەموکوڕ- پاڵ بە بینەرەوە دەنێت بۆ ئەوەی سەرسامی بێت، وەک پاڵەوانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە کەموکوڕی لە جەستەی ڕێگڕیی لێناکات لە کردنی هەندێک کاری گەورە.
٥.ڕقلێبوونەوە:- زۆرجار ئەم کارلێکە کاتێک دروست دەبێت کە دێتە سەر پاڵەوانێکی نەڕێنی وەک تاوانکار، داگیرکەر، دیکتاتۆر، خیانەتکار … هتد، واتە لەگەڵ پاڵەوانێک کە بینەر ڕەتیدەکاتەوە و ئاگری ڕق و کینەی خۆی ئاڕاستەی ئەم چەشنە پاڵەوانە دەکات لەبەر ئەم یان ئەو هۆ، لێ نابێت ئەوەمان بیربچێت کە ئێمە باس لە ڕووانگەی سینەمایی پاڵەوانی نەرێنی دەکەین نەوەک لە ڕوانگەیەکی نەرێنی پەتی-ئەبستراکت- ئەم کەسە، بۆ نمونە تاوانکار لە زۆرێک لە فیلمە سینەماییەکاندا وەک پاڵەوانێکی ئەرێنی پیشان دەدرێت.
٦. بێلایەنی:- لە ڕاستیدا شێوازێکە لە نەبوونی کارلێک لە نێوان بینەر و پاڵەواندا، واتە غیابی کارلێک لە نێوان ڕووانەر و ئەوی دیکەی پاڵەواندا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی بینەر لە مۆدێلی -چییەتی- پاڵەوانەکە کە لە فیلمەکەدا خراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو واتا و دەلالەتە نائاشنا و نامەئلوف یاخود نامۆیانەی کە لە کەسایەتی پاڵەوانەکەدا هەیە و بۆ بینەر نەزانراو و شاراوەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر خۆی لە تەواوی فیلمەکە دووربخاتەوە -بێلایەن بێت- یانژی بەهۆی خەسڵەتە لاوازەکانی کەسایەتی پاڵەوانەکەوە پەیوەندی نێوان بینەر و پاڵەوانەکە لاواز و کەمخوێن بێت تا ڕادەی بێڵایەنی. یاخود پاڵەوانەکە بە تەرزێک خرایەڕوو کە هیچ بوارێکی بۆ تەماهیکردن لەگەڵیدا نەهێشتەوە.
لەمیانەی ئەم خاڵانەی سەرەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندی بینەر لەگەڵ پاڵەوان ناکرێت هەمیشە سنوودار بکرێت بەگوێرەی شێوازێکی دیاریکراوی کارلێک، چونکێ بینەر زۆرجار لە نێوان پتر لە یەک شێوازدا جۆلانێ دەکات بۆنمونە گۆڕینی پەیوەندییەکەی لە هۆاوسۆزییەوە بۆ سەرسامی یاخود لە سەرسامییەوە بۆ بەراوردکردن یاخود لە بەرجەستەبوونەوەوە بۆ ڕقلێبوونەوە … هتد .
لێ گومان لەوەدا نییە کە ئەم شێوازانە ئاستی جیاوازی کاریگەری جەماوەرییان هەیە وا لە جەماوەر -بینەر- دەکات کە لە ئاستێک جێگیر نەبێت بەڵکو لە ئاستێک بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی دیکە، هەروەها گواستەوەی بینەر لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی تر یارمەتیدەری بینەرە لە فیلمەکەدا یان بە پێچەوانەوە، چونکێ ئەمە پەیوەستە بە ڕەوتی جوڵە لەلایەک و پەیوەندی بینەر لەگەڵ ڕوداود و چەمکی دڕدۆنگی سینەمایی لەلایەکی ترەوە.
“پەیوندی بینەر بە ڕووداوەوە”
ئاشکرایە شێوازی کارلێکی بینەر لەگەڵ پاڵەواندا -بە جۆرێک یان جۆرێکی تر- پەیوەستە بە کارلێکی خودی پاڵەوانەکە بەو ڕووداوانەی کە دەوریان داوە و دەیجوڵێنن و بەو ڕۆڵەی کە پاڵەوان دەیگێرێت شێوازگەلێک دروست دەکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر کارلێک لەگەڵ ڕوداوەکەدا بکات، ئەم شێوازانەش بەسەر پێنج بەشدا دابەش دەکەین “تێڕامان، خەیاڵکردن، بیرهێنانەوە، وروژاندن، بێباکی”.
۱. تێڕامان:- ئەم شێوازە کاتێک دروست دەبێت کە بینەر پەیوەندییەکی هۆشیارانە (زۆرجار بێ ویست) لەگەڵ ئەوەی دەیبینێت دادەمەزرێنێت و شیکردنەوە و بەراوردکردن ئەنجامگیریی دەستپێدەکات و بە ڕەتکردنەوە یاخود بە قبوڵکردنی ئەو گوتارەی کە فیلمەکە پێشکەشی دەکات یاخود هەندێک لە دیمەکانی کۆتایی دێت (جا گوتارەکە چ ڕاستەوخۆ بێت یان لە نێوکۆیی(سیاق) گشتی فیلمەکەدا بگاتە بینەر)، زۆرجار ئەم شێوازە بە جۆرێک لە “چارەنووسی سینەمایی” دەناسرێتەوە کە هۆشیاری بینەر دەخاتە ژێر باری گوتاری فیلمەکەوە و وادەکات بە تەواوی تەسلیمی گوتارەکە ببێت -قبووڵی بکات- لێ له کەمجاردا بە ” کاریگەریی سینەمایی” دەناسرێتەوە کە هۆشیاری بینەر بووروژێنێت و هانی بدات دووبارە لەو بەڵگەنەویست و بنەمایانە ڕابمێنێتەوە کە بەسەریدا سەپێنراون واتە کەمجار ئەمە ڕودەدات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ڕەنگە بینەر لە ڕووانەرێکی نەرێنی -پاسیڤ-ەوە بگۆڕێت بۆ ڕزوانەرێکی بەکردار و کاریگەر لەسەر کەتواری دەوروبەری.
۲. خەیاڵکردن:- ئەم شێوازە کارلێکەی بینەر لەگەڵ ڕووداودا بەربڵاوترین شێوازە، چونکێ خەیاڵکردن بۆ بینەر گەنجینەیەکی نەبڕاوەیە کە پێکدێت لە ئەندێشە و خەونی وێنەیی کە تێیدا هاوتایەک بۆ خەون و هیواکانی خۆی لە فیلمەکەدا دەدۆزێتەوە کە واقیع ئەم خەون و هیوایانەی سەرکوت کردووە، بەڵام سینەما ئەم خەونانە بە شێوازێکی کامڵتر و سەرسوڕهێنەرتر و قەشەنگتر و قەناعەتپێکەرتر و کاریگهرتر پێشکەش بە بینەر دەکات. خەیاڵکردن لە ڕێگای دوو میکانیزمەوە بەدیدێ؛ میکانیزمی یەکەم:- یانژی بینەر خۆی دەخزێنێتە ناو فیلمەکەوە، واتە وەک یەکێک لە پاڵەوانەکە پیشان دەدات -خۆی بەرجەستە دەکاتەوە لە پاڵەوانەکەدا بە خەیاڵ- یانژی لەنێو هەموو کارەکتەرەکانی بەشداربووی ڕووداوەکاندا پێگەیەکی وەهمی بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، ئەمەش کاتێک لە هۆشی خۆیدا درک بە مەحاڵی گواستنەوەی هەقیقەتی فیلمەکە دەکات بۆ واقیعی ژیانی (هەرچەندە ڕەنگە ئەم گواستنەوەیە لە ئاستێکی نزمی هۆشیاریدا ڕووبدات وەک ئەوەی له منداڵی خوار تەمەنی یاساییدا ڕودەدات)، میکانیزمی دووەم:- بریتییە لە دەرهێنانی هەندێک ڕەگەز لە واقیعی فیلمەکە لەلایەن بینەرەوە و تێکەڵکردنیان -پەیوەستکردن- لەگەڵ واقیعی ژیانیدا، کە ئەمەش خەیاڵپڵاوی بۆ دروست دەکات، ئەم پڕۆسەی خەیاڵپڵاوییە بە شێوەیەکی هاوتەریب و هەندێکجاریش بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لە ساتەوەختی تەماشاکردندا لەگەڵ بینەردا تا دوا دیمەنی فیلمەکە بەردەوام دەبێت، هەندێکجار ئەم خەیاڵپڵاوییە پەیوەستە بە هیوا و خەوەکانی ئایندەوە.
۳. بیرهێنانەوە:- هەروەک چۆن سینەما فەنتازیا و ئەندێشەکانی ئایندە لە نائاگایی بینەردا گڕ دەدات، هاوکات یادەوەری بینەر دەوروژێنێت کاتێک ڕووداوەکانی فیلمەکە لەگەڵ ڕووداوەکانی نێو یادەوەریدا بەریەک دەکەون. ڕەنگە ئەم یادەورییە (هاوبەش) بێت کاتێک دێتە سەر ڕووداوە مێژوویی، یاخود دوور لەو شوێنانەی کە ڕابردوو ڕەهەندێکی ئەبستراکت وەردەگرێت، بینەر لەسەر بنەمای ئەزموونی مەعریفی خۆی بەر ئەم “بیرهێنانەوە/وەیادهێناوەیە دەکەوێت -دەرگیری دەبێت- کە زۆرجار تا ڕادەی ڕەتکردنەوەی هەر ڕەخنەیەک لەم یادەوەرییە بەرگری لە دڵنیایی ئەم یادەوەرییە دەکات، یاخود لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەقینەی بینەر لە ڕابردوویەکی تەواو واقیعیدا نزیک دەبێتەوە، پێدەچێت ئەم بیرهێنانەوە بۆ هەر بینەرێک “تایبەت” بێت واتە بۆ هەر ڕووانەرەو بە چەشنێک بێت کاتێک بەهۆی (ڕوداوێک، بارودۆخێک، هەڵوێستێک، ڕەوشێک)ەوه ئەم پڕوسەی “بیرهێنانەوەیە” هاندەدرێت یان دەوروژێنرێت بۆ هەڵگۆزینی هاوتایەکی هاوشێوەی ئەو ڕووداوە – یان هەرشتێکی دیکە- لە یادەوەری بینەر کە لە ڕابردوودا ئەزموونی کردووە.
٤. شێوازێکی کارلێککردنە کە بە پلەی یەکەم لەسەر هەستوسۆز و ڕەمەک(غەریزە)ی بینەر دامەزراوە:- کتومت لە هەناوی ئەم شێوازەوە تەواوی ژانرە سینەماییەکان بە قورساییەکی زۆرەوە دەرکەوتن و پەیدابوون، هەڵبەتە هەر ژانرە و پشتئەستورە بە هەستوسۆزێکی تایبەت لە نیهانی بینەردا، بۆنموونە ژانری میلۆدراما ڕووەو غەم و ژانری کۆمیک بەرەو خۆشی و ژانری ترسناک بەرەو بیم ژانری پۆڕن بەرەو هەڵچوون و، ژانری ڕۆژئاوایی(وێسترن) بەرەو تووندوتیژی و … هتد هەنگاویان نا، ئەمە بەبێ ئەوەی ئیمکانییەتی تەوزیفکردنی هەریەک لەم ژانرانە لە فیلمە سینەماییەکاندا لە یاد بکەین کە لەڕووی “پێکهاتەی دراماتیک و هونەری و فیکری”یەوە تەواو لە یەکتر جیاوازن، ئەمەشە بە نیازی ڕاکێشانی سەرنجی بینەر چونکێ بەبێ ئەمە فیلمەکە هەموو ئیمکانییەتی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بینەردا لەدەست دەدات.
٥. بێباکی:- ئەگەر هەر چوار شێوازەکەی سەرەوە لە ئاستی جیاوازدا کارلێک لە نێوان بینەر و فیلم پێکبهێنن و لە کۆتاییدا ببنە هۆی بینەرێکی لەم چەشنە یانژی لەو چەشنە، ئەوا لەگەڵ ئەم شێوازە (بێباکی)دا مامەڵە لەگەڵ کارلێکێکی زۆر نەرێنی یان لەگەڵ غیابی هەموو کارلێکێک لە نێوان بینەر و فیلمدا دەکەین، دەتوانین ئەم حاڵەتە بگێڕینەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی:-
یەکەم:- دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی بابەتی ڕوداوەکە -تێما- زۆرجار لە مێژووی سینەمادا ڕوویداوە کە بینەر لەم یان ئەو وڵات توانایەکی چۆنایەتی پیشانداوە بۆ وەرگرتنی بابەتی دیاریکراو -نەوەک ئەوانی دیکە لە زەمەنێکی دیاریکراودا- ئەمەش وای کردووە قسەکردن لەمەڕ بابەتگەلێکی نوێ کە لە ڕەوتی سەرەکی -دەرەوەی بابەتی سەرەکی- سەرکێشێ بەرهەمهێنان بێت کە دەرهێنەران بە دەگمەن خۆیانی لێبدەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو فیلمانە توانیویانە بگەنە خەڵک، بەڵام ئەم ئەگەرەی گەیشتن بە خەڵک -ئەگەری گەیشتن بە بینەر- بە تەواوی لەنێو دەچێت کاتێک بینەر بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری سرووشتی بابەتەکە و گوتاری گشتی فیلمەکە نەبێت.
دووەم:- دەگەرێتەوە بۆ سرووشتی مامەڵەی هونەری یانژی فیکری یاخود هەردووکی بەیەکەوە لەگەڵ ڕووداودا. سرووشتی مامەڵەی هونەری ڕەنگە ببێتە هۆی تێنەگەیشتن لە تەوەری فیلمەکە، ڕەنگە ئەو فیلمانەی کە زۆر زیاتر بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن فیلمگەلێکن کە میلی مۆدێرنیستی و ئەزموونییان هەیە، کە لە هەندێکیاندا ڕەنگە بابەت/تەوەرەکە ئامادەیی نەبێت -لاببرێت- هەروەها لەوانەیە بینەر نەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ڕەوتی ڕووداو بکات سەرەڕای ئاگاداربوون لە کرۆکی بابەتەکە. سەبارەت بە مامەڵەی لە ئاستی هزریدا ئاشکرایە بینەر بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و مەبدەئیانە (خاو/خام)ی گوتاری هەر فیلمێک ڕەتدەکاتەوە کە به تەواوی پێچەوانەی گریمانە مێژوویی و ئایینی و سیاسی …هتد کانی بێت.
نووسینی: نەوار جەلاحج
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد