“پانتەییزم چییە؟”
پانتەییزم ڕێبازێکی فەلسەفییە کە پێی وایە “خودا”، گەردوون، بوون یان ئەو خودایەی لەتێگەیشتنی ئایینە یەکتاپەرستەکاندا هەیە هەمان چەمکن و هاوشێوەن. بە بۆچوونی پانتەییزم، “خودا” جگە لە ڕێگەیەک بۆ ئاماژەکردن بە یاسای سروشت و بوون شتێکی دیکە نییە. پانتەییستەکان باوەڕیان وایە بەدیهێنەر “خودا” و بەدیهاتوو “جیهان و هەموو ئەوەی بە کاری ئیلاهی دروستکراوە” هەمان شتن و یەک شتن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە مۆنیزم “تاک پەرستی” ناسراوە و دژی خوداپەرستییە ئاسایییەکەی زۆربەی ئایینەکانە، کە تێیدا “خودا” و “جیهان” لە باری ئەقڵانییەوە دژ بە یەکترن. سەرەڕای جیاوازییە ئەگەرییەکان لە نێوان جۆرە مێژووییە جیاوازەکانی پانتەییزمدا، ئەوەی هەموویان هاوبەشن تێیدا بریتییە لەوەی ڕاستی بە شتێکی خۆماکی دەبینن (واتە داخراوە لە ناو خۆیدا)، کە تاکە شتە هەیە.
“ڕیشەناسیی زاراوەی پانتەییزم”
وشەی “پانتەییزم” لە یەکگرتنی دوو وشەی یۆنانییەوە وەرگیراوە: ئاوەڵناوی بێ لایەن “سەر بەهیچ ڕەگەزێک نییە” (pan (πᾶν، بە واتای “هەموو” و ناوی (théos (θεός، بە واتای “خودا”. بەو پێیە، “پانتەییزم” دەکرێت وەک “خودا لە هەموو شتێکدا” وەربگێڕدرێت.
“بنەڕەتی پانتەییزم”
زاراوەی “پانتەییزم” یەکەم جار لە زمانی لاتینیدا لە کتێبی “دی سپاتیۆ ڕیالی سو ئێنتی ئینفینیتۆ” (De Spatio Reali su Ente Infinito) لە نووسینی بیرکاریزانی ئینگلیزی “جۆزێف ڕاڵسۆن” دەرکەوت، کە لە ساڵی ۱٦۹۷ بڵاوکرایەوە. بنەچەی پانتەییزم وەک بیرۆکەیەک نەزانراوە. هەرچەندە، تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم سیستەمە دەتوانرێت بۆ فەیلەسوفانی پێش ڕاڵسۆنیش بگەڕێندرێتەوە، وەک جۆن سکۆتەس ئێریوگێنا (٨۱٥-٨۷۷ ز) یان نیکۆڵاسی کوسا (۱٤۰۱-۱٤٦٤). بەشێک لە بنەماکانی پانتەییزم لە کارەکانی جۆردانۆ برونۆشدا دەبینرێتەوە (۱٥٤٨-۱٦۰۰). ئەم توێژینەوە سەرەتاییانە ڕێگەیان بۆ دەرکەوتنی پانتەییزم وەک سیستەمێکی سەربەخۆ خۆش کرد لە سەدەی شازدەهەمدا، و وەک پێشینەیەک خزمەتی بە ماددەگەرایی و بێ خودایی کرد.
“پانتەییزم چی لە خۆ دەگرێت؟”
پرسی بنچینەییی پانتەییزم ئەوەیە کە خودا و سروشت یەک شتن و هەمان شتن. ئەمە جۆرێک لە فرەخودایی نییە کە تێیدا هەر ڕوالەتێکی سرووشت وەک خودایەک دیاری کرابێت، بەڵکو هەموو ئەوەی بوونی هەیە یەکێتییەک پێکدەهێنێت کە دەکرێت پێی بگوترێت خودا. ئەمەش شتەکان و، یاسا سرووشتییەکان، تەنە ئاسمانییەکان و خودی مرۆڤیش لە خۆ دەگرێت. پانتەییزم خودا وەک بوونەوەرێکی جیاواز و لەزانینهاتوو پێشنیار ناکات، کە بە شێوازێک بتوانیت پێی بگەیت. لە بری ئەوە، کۆی ڕاستی دەربڕینی خودایەتیی ئەوە، دەرکەوتەیەکی خودایە، کە دەبێت وەک بنەمای ئەوەی هەیە تێبگەیت لێی بەڵام لە هەمان کاتدا وەک ئەوەش کە بوونی پاراستووە.
“هزرمەندە سەرەکییەکانی پانتەییزم”
“جۆردانۆ برونۆ” گەردوونناس، فەیلەسوف، ئاییناس و شاعیری ئیتاڵی، “جۆردانۆ برونۆ” لە کارەکانیدا چەندین بۆچوونی سەبارەت بە ڕاستیی سرووشتی خستەڕوو، بەتایبەتی لە کتێبەکەیدا “لە بارەی هۆکار، بنەما، و یەک” لە ساڵی ۱٥٨٤. پانتەییزمەکەی، کە لە جۆری بێخوداییە، گەردوون وەک “ڕۆحی جیهان” دەبینێت، وەک هۆشێکی گشتگیر کە تەشەنە دەسەنێتە ناو هەموو شت و پڕی دەکاتەوە. بیرۆکەکانی برونۆ شۆڕشگێڕانە بوون و لە بیروباوەڕە پەسەندکراو و پشتگیریکراوەکانی کڵێسای کاتۆلیک جیاواز بوون، تا ئەو ڕادەیەی کە کارەکەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی پیرۆزەوە قەدەغە کرا و خۆیشی بە تۆمەتی کوفرەوە دادگایی کرا و لە ئاگردا سووتێنرا.
“بارۆخ سپینۆزا” یەکێکە لە بیرمەندە سەرەکییەکانی ئەقڵگەراییی سەدەی حەڤدەهەم لە پاڵ لایبنیتز و دیکارت، کارەکەی فەیلەسوفی هۆڵەندی و بە ڕەگەز جوو؛ بارۆخ سپینۆزا بەرپەرچدانەوەیەکی ئەقڵگەرایانەی قووڵی بۆ ئۆرتۆدۆکسی ئایینیی ئەو سەردەمە خستەڕوو. بانگەشەکەی کە گوایە “هەموو ئەوەی هەیە، لە خودادایە، و بەبێ خودا هیچ شتێک ناتوانێت بوونی هەبێت یان بیری لێ بکرێتەوە” (ئەخلاق، XV) یەکگەرایی جەوهەر (substance monism) و بەرتەسکیی تاکە پێبەندەکان بە ڕادیکاڵ دەکات و، خودا لە ناو بەدهێنانەکەیدا ئاشکرا دەکات. ڕوانگەکەی بۆ پانتەییزم دەکرێت بە پانێنتەییزم دابنرێت “باوەڕ بە خودایەک کە گەردوون لەخۆ دەگرێت بەڵام سنووردار نییە تێیدا”، کە دواتر لەلایەن فەیلەسوفانی وەک فریدریش ڤۆن شێلینگەوە ڕەخنەی لێ گیرا.
“سکۆتەس ئێریوگێنا” فەیلەسوفی ئێرلەندیی سەردەمی ڕێنیسانسی کارۆلینجی، لە سەدەی نۆیەمدا ژیا، بیری کردەوە و نووسی (٨۱۰-٨۷۷ پ.ز). هەرچەندە جڤاکی ئەکادیمی لەسەر پانتەییزمی ئێریوگێنا ڕای خۆی دەرنەبڕیوە، بەڵام جەختکردنەوەکەی لەسەر یەکێتی و ناسنامەی خودا لەگەڵ بەدیهێناندا، “Deus est omnia” (خودا هەموو شتێکە)، بێگومان ئەو لەم لیستەدا دادەنێت.
“ئەنتۆنیۆ ڕۆسمینی” هزرمەند و فەیلەسوفی ئیتاڵیی سەدەی نۆزدەهەم، دامەزرێنەری ڕێکخراوی کڵێسایی ئینستیتوتۆ دێلا کاریتا، ئەنتۆنیۆ ڕۆسمینی کتێبێکی نووسی تێیدا هەوڵی دەدا ڕۆشنگەری لەگەڵ هەستگەرایی بەراورد بکات و، هێرش بکاتە سەر ئەزموونگەرایی و سکۆلاستیک. کارەکەی لەلایەن کورسیی پیرۆزی کاتۆلیکەوە سەرکۆنە کرا بەڵام لە کۆتاییدا لە ساڵی ۲۰۰۷ پیرۆزکرا. “پیێر تێیار دی شاردان” قەشەیەکی جێزویتیی بەئەمەک بۆ فەلسەفە و دێرینناسی، ڤێرژنێکی زۆر تایبەتیی خستەڕوو لەمەڕ پەرەسەندنەوە (evolution)، خۆی لە ململانێی نێوان زانست و ئایین بردە دەرەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. لە ئەنجامدا، لەلایەن کڵێساوە هێرشی کرایە سەر و لەلایەن زانستەوە پشتگوێ خرا.
“جۆرەکانی پانتەییزم”
بە زۆری دوو جۆری پانتەییزم دەستنیشان دەکرێن:- پانتەییزمی ئایینی یان ئەکۆسمیزم: ناوەکەی لە بیرۆکەی بوونی ڕاستییەکی خودایی وەک تاکە ڕاستیی ڕاستەقینە سەرچاوە دەگرێت کە جیهانی بۆ کورت دەکرێتەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، جیهان خستنەڕوو یان هەڵقوڵینێکی خودایە. پانتەییزمی بێخودایی یان سرووشتگەرایی: ئەمەیان سرووشت وەک تاکە ڕاستیی ڕاستەقینە دەبینێت کە خودا، بنەمایەکی ئۆرگانیی خودی سروشت و خودئاگاییی گەردوون لەگەڵیدا یەکسان دەکرێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە، خودای ئایینە یەکتاپەرستەکان کە وەک بوونێکی جیا وێنا کراوە، بوونی نییە.
“ئایین و پانتەییزم”
زۆربەی ئەو ئایینە یەکتاپەرستانەی کە باوەڕەکانیان پاڵپشتیی پەرستنی یەک خودای ڕاستەقینە دەکات، هەموو بۆچوونێکی پانتەییستی ڕەت دەکەنەوە. بە بڕوای ئەوان جۆرێک لە بتپەرستییە یان نزیکە لە بتپەرستی چونکە لە جیاتی پەرستنی خودایەکی ڕاستەقینە، شت دەپەرستن. لە حاڵەتی تردا، وەک فرەخوداییی هیندۆسی، تێڕوانینەکانیان لەسەر پەیوەندیی نێوان جیهان و خودای بەڕێوەبەری گەردوون، لەوانەیە لە پانتەییزمەوە نزیک بن. ئەم ئایینانە خاوەن پانتیۆنی خوداکانن کە نزیکن لە بێکۆتایی، نەک تەنها لایەنە دەرەکییەکان بەڵکو لایەنە ناوەکییەکانی مرۆڤیش دەناسێنن. هەرچۆنێک بێت، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تەنانەت لەم حاڵەتانەشدا خوداکان بوونێکی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەمەش مانای وایە ئەوان لە جیهانێکی جیاواز لە جیهانی ڕاستەقینە دەمێننەوە.
“پانێنتەییزم و پاندێیزم”
نابێت پانتەییزم لەگەڵ ئەم چەمکانەی خوارەوە تێکەڵ بکرێت:-
پانێنتەییزم: جیاوازیی لەگەڵ پانتەییزم لەوەدایە پانێنتەییزم خودایەک دەخاتە ڕوو کە گەردوون لەخۆ دەگرێت بەڵام سنووردار نییە تێیدا. مانای وایە خودا بەدیهێنەری گەردوونە، وزەی ژیانییەتی، سەرچاوەی هەموو یاسا سرووشتییەکانە. ئەمە باوەڕبوونە بە خودایەکی تڕانسێندێنت (سەروو سرووشتی)، جیاواز لەو باوەڕە خۆماکییەی پانتەییزم هەیەتی لە بارەی خوداوە. پاندێیزم: مۆدێلێکی فەلسەفییە کە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی پانتەییزم و دێیزم دروست بووە. پێی وایە بەدیهێنەری گەردوون لە ڕاستیدا بووە بە خودی گەردوون لەگەڵ بەدیهێنانەکەیدا و وەک بوونەوەرێکی جیاواز کۆتایی بە بوونی هاتووە. پاندێیزم هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی خودا گەردوون دەئافرێنێ و دوایی هەر ئاوا دەستبەرداری دەبێت.
“بۆچی پانتەییزم گرنگە؟”
وەک ڕێبازێکی فەلسەفی، پانتەییزم ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنی کولتووری ڕۆژئاوادا گێڕا. بەشێک بوو لەو ڕاگوێستنە بەسوێیەی بیری ئایینی کە بەشێکی زۆری سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحیی داگیر کردبوو بەرەو بیری مۆدێرن و عەقڵگەرا و زانستی کە لە سەدەی حەڤدەهەمەوە باڵادەست بوو. وەک پێشینەیەک بۆ ئەگەری بێخودایی “ئەیتییەزم” و ئەگنۆستیزم “نازانمگەرایی”، پانتەییزم گرنگ بوو چونکە، بە یەکخستنی خودا لەگەڵ سرووشتدا چیتر پەرستشی پێکهاتمەند پێویست نەبوو. بەم شێوەیە دەکرا واز لە پەرستگا ئایینییەکان بهێنرێت چونکە بە لای پانتەییزمەوە، خودا زاتێکی دیاریکراوی نییە تاکو لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی ئایینییەوە بناسرێتەوە.
دووبارە واتادانەوەی ئێستا؛ لە سەردەمی ئێستادا، پانتەییزم لەلایەن قوتابخانە ئایینی و فەلسەفییە ئایدیالیستی و کۆنەپارێزەکانەوە دووبارە واتای پێدراوەتەوە. ئەوان پانتەییزم بەکاردەهێنن بۆ ئاشتکردنەوەی گوتاری زانستی لەگەڵ ئایین، چونکە خودا هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، لەوانەش دۆزینەوە زانستییەکان. نموونەی گەورەی سیستەمە پانتەییستییەکان لە ئەدەبیات و تەلەڤزیۆن و سینەماشدا دەبینرێنەوە. هزرەکانی وەک “هێز” لە زنجیرە فیلمی “جەنگی ئەستێرەکان” ( Star Wars) یان ئەو جیهانەی “جەیمس کامیرۆن” لە “ئاڤاتار”دا وێنای کردووە، تێگەیشتنی پانتەییستین لە گەردوون، کە تێیدا خودایەتی بە شێوەیەکی ناوەکی لە بەدیهێناندا دەردەکەوێت.
سەرچاوە: https://humanidades.com/en/pantheism/
نووسین: خوان پابلۆ سێگوندۆ ئێسپینۆلا
وەرگێڕان بۆ ئینگلیزی: ماریلینا گاری
وەرگێڕان بۆ کوردی: دانا حەکیم