“پێشه‌کی”
له‌نێو هه‌ر کۆمەڵگەیه‌ک که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که هه‌ست به نه‌هامه‌تی و کێشه‌کانی کۆمەڵگەکه‌یان ده‌که‌ن و له ڕێگای هزر و کرده‌وه‌دا، خه‌ڵکی کۆمەڵگەی خۆیان هان ده‌ده‌ن که له ئاست کێشه‌کانی ده‌وروبه‌ریان ده‌سته‌وه‌ستان و بێده‌نگ نه‌بن. مێژووی هاوچه‌رخ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یە که له زۆربه‌ی و‌ڵاتانی ڕزگارکراوی ژێر چه‌پۆکی ئێستعمار، ڕۆڵ و کاریگه‌ریی که‌س یان تاقمێک له که‌سایه‌تیی نیشتمانی له پرۆسه‌ی ڕزگاریی گه‌لان حاشاهه‌ڵنه‌گره.
له‌و وڵاتانه‌ی که سێبه‌ری سه‌ره‌ڕۆیی و دیکتاتۆری باڵی به‌سه‌ر و‌ڵات کێشابێت؛ به‌هۆی ستراتێژیی ئابووریی سیاسی، به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و ڕانت له پێناو ئامانج و به‌رنامه‌ی گه‌ڵاڵەکراوی سیستەمی سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر و‌ڵات، پراکتیزه ده‌کرێت و له‌م ڕێره‌وه‌دا به‌شێکی زۆری پێکهاته‌ی کۆمەڵگە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان، سه‌رقاڵی ژیانێکی کوله‌مه‌رگی ده‌بنه‌وه. له دۆخێکی ئاوه‌هادا له‌به‌ر پیلانی داڕێژراوی ئابووری و هه‌وڵدانی تاکی کۆمەڵگە بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سێتی، بووژانه‌وه‌ی شوناس و فه‌رهه‌نگی خۆماڵی و هه‌وڵدان بۆ ڕزگاری و ده‌ربازبوون له سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی به تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی که زۆرینه‌ی زمانی، ڕه‌گه‌زی و ئایینی به‌سه‌ر که‌مینه‌ی جیاواز له خۆی حکوومه‌ت ده‌کات، کز و لاواز ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له ڕێگای ده‌ستوپه‌یوه‌نییه‌کانییه‌وه به شێوازی جۆراجۆر کۆمه‌ڵگه‌ی ژێرده‌سته‌ی خۆی به‌رەو ئیلیناسیۆن و ئاسیمیلاسیۆن ده‌بات (به واتایه‌کی تر خه‌ڵکی کۆمەڵگەی بنده‌ست به‌هۆی له‌ده‌ستدانی باوه‌ڕبه‌خۆبوون تووشی دۆڕانی شوناسیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌بێته‌وه).
پاراستنی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رگری له فەوتان و توانه‌وه له‌نێو فه‌رهه‌نگه باڵاده‌سته‌کان، له هه‌موو کات و ساتێک، وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌نوێنێت و هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵ، له به‌رانبه‌ر پارێزگاری له زمان و کو‌لتووو و سامانی نه‌ته‌وه‌یی به‌رپرسیار و ئه‌رک له‌سه‌رشانه. بیرمه‌ندان و که‌سایه‌تییه ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌کان وه‌ک پێشه‌نگ و تاقمی لێهاتووی هه‌ر کۆمەڵگەیه‌ک، له‌هه‌مبه‌ر پارێزگاری و هه‌وڵی پێشخستنی زمان و کو‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌رکێکی قورسیان له‌سه‌ر شانه و هه‌ر هه‌نگاوێکی ئه‌وان له پێناو بووژانه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، له ئاستی جه‌ماوه‌ری شوێندانه‌ر و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ره. کوردستان له‌و و‌ڵاتانه‌یه به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی خۆی و دابه‌شبوونی له‌نێو چه‌ند ده‌وڵه‌تدا، خه‌ڵکه‌که‌ی به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆیییەکان و جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، له زۆربه‌ی به‌شه‌کانی ئه‌و و‌ڵاته به تایبه‌ت کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌رەتانی بووژانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی و زمانیی له داموده‌زگای فێرکردن و بارهێنان به منداڵانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه نەدراوه و به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رەتانی گه‌شه و بووژانه‌وه‌ی زمانی و فه‌رهه‌نگی، به‌داخه‌وه له به‌شێکی زۆری ئه‌م و‌ڵاته، زمان و کو‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی به هه‌موو له‌ق و پۆپه‌کانییه‌وه، تووشی مه‌ترسی و له‌نێوچوون هاتووه. ئه‌وه‌ی که تا ئێستا زمان و که‌له‌پووری کوردی به خۆشییه‌وه ماوه و له ڕەوتی سیستەماتیکی سیاسه‌تی ئاسمیلاسیۆن و توواندنه‌وه‌ی زمانه ناوچه‌یییه‌کان له زمانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ڕزگاری بووه، هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێوچانی کۆمه‌ڵێک له ڕووناکبیران، مامۆستایان و شاعیرانی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی گه‌له‌که‌مان بووه که له‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاریه‌تییان له به‌رانبه‌ر پاراستنی زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها گه‌شه‌ی زمانی و کو‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی به درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوو نواندووه و به تایبه‌ت دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی ناسیونالیستیی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستان، وه‌ک قه‌ڵایه‌کی پۆڵایین به‌رگرییان له زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی کردووه (مۆباره‌کشاهی، 1393: 123).
له‌م وتاره هه‌وڵ ده‌درێت به شێوه‌یه‌کی زانستی باس له‌و کۆمه‌ڵە چه‌مک و تێرمه بکرێت که له پێکهاتنی بیرۆکه‌ی نیشتمانی و هه‌وڵدان بۆ سازدانی یه‌که‌یەکی سیاسی له شێعره‌کانی شاعیری نیشتمانی “مامۆستا قانع” و به که‌ڵکوه‌رگرتن له ئاسه‌واری به‌جێماوی ئه‌و بلیمه‌ته و به تایبه‌ت دیوانه‌که‌ی بکرێت. بێگومان شرۆڤه و لێکۆڵینه‌وه له ئاسه‌واری شاعیرانی نیشتمانپه‌روه‌ر، زه‌مینه‌یەکی له‌بار بۆ خه‌سارناسیی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌روه‌ها بووژانه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی له‌نێوان خه‌ڵکی کوردستان به تایبه‌ت لاوان ده‌بێت. ئه‌م وتاره له بواری مێتۆدۆلوژی به شێوه‌ی “ته‌وسیفی- ته‌حلیلی” ئاماده کراوه و بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی پێویست له سه‌رچاوه‌ی کتێبخانه‌یی که‌ڵکم وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها له‌م وتاره هه‌وڵ ده‌درێت به لێکدانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له ناوه‌ڕۆکی (تحلیل محتوا) به‌رهه‌مه شێعرییه‌کانی شاعیری نیشتمانیی گه‌له‌که‌مان “مامۆستا قانع” وڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه:- کاریگه‌ریی هزری نیشتمانیی شاعیران له بووژانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی تا چ ڕاده‌یه‌ک شوێندانه‌ر ده‌بێت؟
“چه‌مکه گشتییه‌کان”
له‌م به‌شه له وتاره‌که‌دا ئه‌و چه‌مکانه دێنمه به‌رباس که له زۆربه‌ی شێعره نیشتمانییه‌کانی شاعیرانی نه‌ته‌وه‌یی به گه‌شتی و “مامۆستا قانع” به تایبه‌تی ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه. “مامۆستا قانع” ڕه‌نگه به‌هۆی سه‌خڵه‌تیی ژیانی و ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌ی پێویست، ئاشنایه‌تییەکی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکی زانستییانه‌ی ئه‌م چه‌مکانه‌ی نه‌بووبێت به‌ڵام به جوانی ده‌رد و مه‌ینه‌تیی گه‌له‌که‌ی خۆی به تیشک خستنه‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه وه‌رووژاندووه.
“هه‌ستی مه‌کانی”
چه‌مکی هه‌ستی مه‌کانی(حس مکانی) سه‌ره‌کیترین ده‌ستپێکی نواندنی هه‌ست و خۆشه‌ویستی بۆ شوێنگه‌یه‌کی جۆگرافیاییه. “حافێزنیا” له پێناسه‌کردنی هه‌ستی مه‌کانی ده‌ڵێت: “هه‌ستی مه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیی ئیکۆلۆژیکیی “سرووشت- ئینسان” مرۆڤ له‌گه‌ڵ فه‌زای جۆگرافیایی پێک دێت (حافێزنیا، 1391، 192). مرۆڤ له فه‌زایه‌کی جۆگرافیایی وه‌ک شوێنگه‌ی ژیانی په‌یوه‌ندیی ئیکۆلۆژیکی به‌هێز ده‌کات و هه‌ستێکی خۆشه‌ویستی بۆ زێدی له‌دایکبوونی له دڵ و ده‌روونی ئه‌و مرۆڤه دروست ده‌بێت که به ڕاده‌یه‌ک بۆی گرینگه که له به‌رانبه‌ری ئه‌ودا ئاماده‌یه ته‌نانه‌ت گیانی خۆشی بۆ ته‌رخان بکات.هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه بۆ نیشتمان، مافی ئه‌وه به مرۆڤ ده‌دات که له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و گه‌شه‌ی شوێنگه‌ی جۆگرافیی خۆی، داوای مافه‌ی هاوو‌ڵاتی بکات و وه‌ک شارۆمه‌ندێکی ئه‌و شوێنگه‌یه ڕۆڵی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بگێڕێت (هه‌مان سه‌رچاوه، 194). هه‌بوونی هه‌ستی مه‌کانی به نیسبه‌ت هه‌ر شوێنگه‌یه‌ک، سه‌ره‌تایه‌ک ده‌بێت بۆ دروستبوونی زه‌نجیره‌یه‌کی دیالێکتیکی له هه‌ست به نیشتمان که ده‌کرێت به “شوناسی شوێن” پێناسه بکرێت که له هه‌ر قۆناخێکدا تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. خۆشه‌ویستی بۆ زێدی له‌دایکبوون، هه‌ستێکی به‌هێزه که له زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان به‌دی ده‌کرێت. ئه‌و هێزه بزوێنه‌ری هه‌ستێکی ناوچه‌یی و به‌رته‌سکه که وا له مرۆڤ ده‌کات پتر له هه‌ر شوێنێک بۆ زێدی باب و باپیرانی خۆی خۆشه‌ویستی و ته‌عه‌سوب بنوێنێت.
ئه‌م هه‌سته له قۆناخی دوای زێدی له‌دایکبوون به‌نیسبه‌ت ئه‌ڵقه‌یه‌کی گه‌وره‌تر، خۆی ده‌نوێنێت که ئه‌ویش نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یییه. ئه‌م خۆشه‌ویستییه ئه‌گه‌ر ته‌نیا ڕه‌نگ و بۆنی زێدخۆشه‌ویستی و هاوزمانی، هاوڕه‌گه‌زی و هاوئایینیی پێوه دیار بێت و داوای ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی نه‌کات، چه‌مکێک ده‌خوڵقێنێت که پێی ده‌ڵێن”patriotism”. دواقۆناخی خوشه‌ویستی بۆ نیشتمان و و‌ڵات داوای پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌ییه که له‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو هاونیشتمانییانی هاوزمان، هاوڕه‌گه‌ز و هاوئایینه له چوارچێوه‌ی یه‌که‌یەکی جۆگرافیایی.
“خێڵ و هۆز”
هۆز و خێڵ به کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵک ده‌وترێت که له پێوه‌رێکی جۆگرافیایی ده‌ژین و له بواری ڕه‌گه‌زی، زمانی و ئایینی په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵیان هه‌یه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریی خێڵ و هۆز له‌سه‌ر ئه‌ساسی ژیانی کۆچه‌ری داده‌نرێت، پانتایی جۆگرافیایی جووڵه‌ی هۆز و هه‌روه‌ها خاوه‌نداریه‌تی له ڕوه‌ک و لێڕه‌واری نایاب و دیاریکردنی کاتی کۆچ، بۆ پێوانه‌کردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و هۆز زۆر گرینگه؛ له‌م نێوه‌دا کاریگه‌ریی سه‌رۆک هۆز له‌سه‌ر ئه‌م هۆکارانه شوێندانه‌ر و حاشاهه‌ڵنه‌گره. له پێناسه‌کردنی پێکهاته‌ی ده‌روونیی هۆز، شێوازی به‌ڕێوه‌به‌ری له‌سه‌ر ئه‌ساسی زه‌نجیره‌ی جێگه و پێگه‌ی که‌سه‌کان دیاری ده‌کرێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه “ڕێز و حورمه‌ت” و “گه‌وره و بچووک” له‌نێو هه‌موو هۆزه‌کان نۆرمێکی دانپێدراوه. له سیستەمی خێڵه‌کی، به‌رژه‌وه‌ندیی خێڵ و گوێڕایەڵی له سه‌رۆک هۆز، وه‌ک پرەنسیپێکی سه‌لمێندراو چاوی لێ ده‌کرێت که هیچ یه‌ک له ئه‌ندامانی هۆز توانای لادان له‌و ئۆسلووبه‌ی نییه وهه‌ر له‌به‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌یە که هه‌ر هۆزێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر له‌گه‌ڵ هۆزه‌کانی تر له به‌ربه‌ره‌کانێدایه. له‌م جۆره به‌ربه‌ره‌کانێیه‌دا، به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌شتیی نه‌ته‌وه ده‌کرێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سکی خێڵ. لە سێبەری سیستەمی عەشیرەگەریدا ئەگەری پێکهێنانی و‌ڵات “یه‌که‌یه‌کی سیاسی” بەدەگمەن ده‌ڕه‌خسێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کە هۆز و عه‌شیره بەستراوەتەوە بە پێداویستییه بچووکەکانییەوە و ئەم پرسە بەردەوام جۆرێک لە هەڵچوون و پێکدادان لەنێوان هۆزەکاندا پێک ده‌هێنێت. “ئیبن خەلدون” ئەم دۆخە ئاوەها شرۆڤە دەکات. “ناوچەگەلێک کە لەگەڵ چەندهۆزی و فرەکۆمەڵگەییدا ڕووبه‌ڕوو دەبنەوە ئەگەری پێکهێنانی ده‌وڵەتێکی به‌هێزیان نابێت” (بێشکچی، 2002 ،264-265).
“نه‌ته‌وه”
له پێناسه‌کردنی نه‌ته‌وه یان میلله‌ت خاوه‌نڕایان له‌و باوه‌ڕه‌دان که نه‌ته‌وه یان میلله‌ت به کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵک ده‌وترێت که فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌شیان هه‌یه و له خاک و سه‌رزه‌مینێکی تایبه‌ت ده‌ژین و به‌هۆی باوه‌ڕ و داب و نه‌ریتێکی هاوبه‌ش گرێدراو‌ی یه‌کن. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه گرینگانه که یه‌ک نه‌ته‌وه پێک ده‌هێنێت بریتین له: ئایین، زمان، ڕێکخراوه سیاسییه‌کان، بایه‌خه‌کان و ئه‌زموونه مێژوویییه‌کان. ئاوه‌ها خه‌ڵکێک هه‌ست ده‌کات که له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوپه‌یوه‌ندیی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر ئه‌و هه‌سته‌ی نییه (بێهفرووز، 1374، 184). “ژان گاتمه‌ن” گه‌وره جۆگرافیزانی سیاسی له پێناسه‌کردنی چه‌مکی نه‌ته‌وه، هۆکارگه‌لی “ئایکۆنۆگرافی” وه‌ک باوه‌ڕێکی ئایینی، کۆمه‌ڵێک بیروڕای کۆمه‌ڵایه‌تی و بیره‌وه‌رییه هاوبه‌شه سیاسییه‌کان یان تێکەڵاوێک له‌وان، له پێناسه‌ی نه‌ته‌وه به کاریگه‌ر ده‌زانێت (مۆجته‌هێدزاده، 1381، 63). میللەت یان نه‌ته‌وه به کۆمه‌ڵێک له مرۆڤه‌کان ده‌وترێت که له چوارچێوه‌ی سنوور و جۆگرافیای سیاسیی یه‌ک و‌ڵات (واته کیانێکی سیاسی) ده‌ژین و ماف و به‌رپرسیاریه‌تیی وه‌ک یه‌کیان هه‌یه (حافێزنیا، 1388). به باوه‌ڕی به‌شێک له جۆگرافیزانانی سیاسی، کاتێک قه‌ومییه‌ت و ئیتنیک به‌رگی نه‌ته‌وه ده‌پۆشێت که بتوانێت خۆی له چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی یان “State” ڕێک بخات. بۆ وێنه ئه‌فغانستان، تاجیکستان و ئێران له زۆر بواره‌وه و به‌تایبه‌ت زمان، ئایین و که‌لتوور وه‌ک یه‌کن، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازیی سنوور و وڵاته‌وه، سێ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێک ده‌هێنن. له به‌رامبه‌ردا نه‌ته‌وه‌ی سویس هه‌یه که له و‌ڵاتێکی بچووکدا چوار زمانی جیاواز به یه‌کڕا، نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێک ده‌هێنن.
“ناسیۆنالیسم”
ناسیۆنالیسم جۆرێک ئاگاهی کۆمه‌ڵییه به واتایه‌ک ئاگاهی به په‌یوه‌ستبوون به نه‌ته‌وه. ناسیۆنالیسم له‌و باوه‌ڕەدایه که ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی باشترین شێوازی ڕێکخستنی سیاسییه. ئه‌م باوه‌ڕه هه‌ستی به‌یه‌کبوون و یه‌کیه‌تی پێک دێنێت که سه‌رچاوه‌که‌ی له هۆکارگه‌لی وه‌ک زمان، نۆرمه ئه‌خلاقییه‌کان، ئایین، ئه‌ده‌بیات و نه‌ریته مێژوویییه‌کان، مێژوو، هێما و ئه‌زموونی هاوبه‌ش سه‌رچاوه ده‌گرێت (ئاشووری، 1379، 320). ناسیۆنالیسم Nationalism)) جیاوازه له وڵاتخۆشهویستی ((patriotism و چه‌مکێکی تازه‌یه (عاله‌م، 1376، 159). ناسیۆنالیسم هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسییه. به‌ڵام پاتریۆتیسم ته‌نیا گوزارشت له جۆرێک له خۆشه‌ویستیی سروشتی بۆ شوێنێکی تایبه‌ت ده‌کات (مۆجته‌هێدزاده، 1381، 69).
“حکوومه‌تی نه‌ته‌وه- پێگه (Nation-state)”
ئه‌م چه‌مکه یه‌که‌م جار له‌لایه‌ن “ماتسینی” هاتوه‌ته ئاراوه. تیۆریی (Nation-state) ڕوونی ده‌کاته‌وه که هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی خۆیه‌تی که وه‌ک حکوومەتێکی سه‌ربه‌خۆ خۆی ڕێک بخات و پێناسه بکات. “جان ئێستوارت میل” یه‌کێک له بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره له‌و باوه‌ڕه‌دایه که له هه‌ر شوێنێک هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ر ئاستێک هه‌بێت، نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه هه‌موو پێکهاته‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌رەو یه‌کیه‌تییه‌ک له چوارچێوه‌ی یه‌ک حکوومەتی جیاواز بۆ خۆیان هه‌نگاو ده‌نێن. دوکتۆرینی حکوومەتی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له جاڕنامه‌ی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان په‌سه‌ند کراوه و ئه‌م مافه بۆ هه‌موو گه‌لانی جیهان مسۆگه‌ره (عاله‌م، 1376، 160). ئه‌وه‌ی که له زۆربه‌ی و‌ڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ناوی پرۆژی (Nation-state) و نه‌ته‌وه‌سازی (Nation-building) کاری پێکراوه، به‌پێچه‌وانه‌ی جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌یه که له تیۆریی حکوومەتی نه‌ته‌وه‌یی کراوه.
له و‌ڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی که کوردستانیان له ناوخۆیان دابه‌ش کردووه، پرۆژه‌ی Nation-state)) له ئاست و‌ڵاتێکی چه‌ندنه‌ته‌وه‌یی و له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌ک زمان-یه‌ک نه‌ته‌وه و په‌راوێزخستنی که‌مینه نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی دانیشتووی ئه‌و و‌ڵاتانه پراکتیزه کراوه. پرۆژه‌ی سه‌قه‌تی حکوومەتی نه‌ته‌وه‌یی له‌م و‌ڵاتانه نه‌ته‌نیا توانای نزیککردنه‌وه‌ی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ی له پێناو یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، به‌ڵکوو دوورکه‌وتنه‌وه، شه‌ڕی چکداری و قین و ڕقی له‌نێوان حکوومەت و گه‌لانی جیاوازی ئه‌و وڵاتانه‌ی لێکه‌وتووه‌ته‌وه.
“قانع و هه‌ستی مه‌کانی”
خوشه‌ویستی بۆ زێدی باب و باپیران ڕه‌نگه زۆرتر له هه‌موو شاعیرێکی نیشتمانیی کورد له شیعره‌کانی “مامۆستا قانع” ڕه‌نگی دابێته‌وه. “مامۆستا قانع” به زمانێکی ساکار و شیرین هه‌ستی زێدخۆشه‌ویستیی خۆی که به ”هه‌ستی مه‌کانی” پێناسه کراوه له چه‌ندین بڕگه شێعردا به جوانی باسی کردووه.
برا، خۆش بوو مه‌ریوانم، که جێگه‌ی جانی جانان بوو
نه جێگه‌ی خه‌ڵکی بێکاره و نه جێگه‌ی جه‌وری ده‌وران بوو
مه‌ساحه‌تگاه و مه‌یدانی (ده‌رتفێ) جه‌نه‌تۆلمه‌وا
زه‌ڵ و زوزی (زرێبارم)، به عه‌ینی باخی رێزوان بوو
نه‌سیمی سۆبحی (سه‌رمارۆ)، هه‌ناسه‌ی به‌ردی (قاراوا)
سه‌ری گۆڵبه‌ندی (میراجی)، ته‌ماشاگاهی که‌یوان بوو
گۆڵاڵه‌ی ده‌شتی (دۆڵاش) و وه‌نه‌وشه‌ی (گۆیزه‌به‌یخانم)
له چاوی به‌د به دووری که‌ی، وه‌کوو فێردۆس و غیلمان بوو.
دیوانی شێعری شاعیری نه‌ته‌وه‌ییمان لێوانلێوه له مه‌زامینی خوشه‌ویستی بۆ زێدی ئازیزی و له هه‌ر شوێنێکدا ژیانی به‌سه‌ر بردبێت ئه‌مگناسیی بۆ زێدی له‌دایکبوونی له بیر نه‌بردووەته‌وه و سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو کوردستان، به‌ڵام زێدی خۆی وه‌ک پارچه‌یه‌ک له نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رده‌م له بیر و زاریدا بووه:-
مه‌ریوان فێکر و هۆشم هه‌ر به تۆیه ده‌روون ڕێش و سه‌راسیمه‌م له کۆیه
ئه‌گه‌رچی په‌رته‌وازه‌ی ئه‌م دیارەم خه‌ریداری (دۆڵاشی) مه‌روخانم
له شوێنیکی تر ده‌ڵێت:-
له دووری مه‌سکه‌نی ئه‌ژدادی خۆم پێم نایه دنیاوه
به ئاواتم که ڕۆژێ خزمه‌تی خاکی مه‌ریوان که‌م.
“مامۆستا قانع” له شێعری ستایشی مه‌ریوان خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ ناوچه و زێدی له‌دایکبوونی ده‌گەیەنێته لووتکه و به شانازییه‌وه ستایشی مه‌ریوان و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کات:-
ئه‌م خاکی مه‌ریوانه وه‌کوو جه‌نه‌تی خه‌زرا
پڕیه له مه‌له‌ک، یه‌عنی خه‌جێ و فاتم و عۆزرا
ئاو سارد و هه‌وا سووک و فه‌رح به‌ش و عه‌تردار
بۆنخۆشتره دڕکی، له دووسه‌د نه‌رگسی شه‌للا
پیاوانی هه‌موو ژیر و ژنانی هه‌موو عاقڵ
پیرانی هه‌موو ڕه‌ند و مناڵی هه‌موو دانا
له شوێنکی تر ده‌ڵێت:-
مه‌ریوانه مه‌کانی مه‌هڕۆخانه مه‌ریوانه وه‌کوو باخی جینانه
مه‌ریوانه به‌هه‌شتی ڕووی زه‌مینه مه‌ریوانه که نایابی جیهانه
“قانع و پاتریۆتیسم”
هه‌روا که له پێناسه‌ی چه‌مکی پاتریۆتیسم ئاماژه‌ی پێ درا، قۆناخی دوای خۆشه‌ویستی بۆ زێدی له‌دایکبوون، پانتاییه‌کی گه‌وره‌تر ده‌گرێته‌وه که لێره‌دا به و‌ڵات ده‌یناسێنین؛ و‌ڵاتێک که له بواری سه‌رزه‌وینی، مێژوو، زمان و داب و نه‌ریت و ئایین، پێکهاته‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت. پاتریۆتیسم قۆناخی به‌ر له ناسیۆنالیسم و به‌ده‌وڵه‌تبوونی و‌ڵاتێکه که تێیدا شاعیران، بیرمه‌ندان و تێکۆشه‌رانی سیاسی ڕۆڵی کاریگه‌ریان ده‌بێ له ورووژاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئامانجی دیاریکراو. “مامۆستا قانع” هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوێتیدا هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ و‌ڵاته‌که‌ی له دڵ و ده‌روونی چه‌که‌ره‌ی کردبوو و له پێناو سه‌ربه‌رزیی نیشتمان و هه‌وڵدان بۆ هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له هیچ چه‌شنه تێکۆشانێک سڵی نه‌کردووەته‌وه و له‌م پێناوه‌دا تووشی گه‌لێک چه‌رمه‌سه‌ری و ماڵوێرانی هاتووه. “مامۆستا قانع” له به‌شێکی به‌رچاوی هۆنراوه‌کانی خۆیدا و‌شه‌گه‌لی نیشتمان، وه‌ته‌ن، و‌ڵات، هۆز، گه‌ل و میللەتی به‌کار هێناوه و به شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه و ڕه‌چه‌شکێنانه “394” جار وشه‌ی کورد و کوردستانی له دیوانه‌که‌یدا دووپات کردووەته‌وه. له دیوانی شێعری مامۆستا قانعدا ده‌یان پارچه هۆنراوه به به‌ژن و باڵای کوردستان وتراوه که هه‌موویان له خانه‌ی “وڵاتخۆشهویستی و پاتریۆیتیسم” جێ ده‌بنه‌وه.
ئه‌ی وه‌ته‌ن! ده‌ردت له دڵما زامی سه‌د خه‌نجه‌ر ئه‌کا
بۆ برینی جه‌رگی له‌ت له‌ت، ئیشی سه‌د نه‌شته‌ر ئه‌کا
چۆن به قوربانت نه‌بم! بۆ مه‌نزه‌ره‌ی پڕقیمه‌تت؟
دڕک و داڵت تف له لاله و سۆسه‌ن و عه‌نبه‌ر ئه‌کا
یه‌کێک له کارکه‌رده ئیجابییه‌کانی خۆشه‌ویستی بۆ و‌ڵات له هه‌موو جیهان، په‌روه‌رده‌کردنی تاک یان کۆمه‌ڵێکی نیشتمانپه‌روه‌ره که ئاماده‌یه گیانی خۆی له پێناوی سه‌ربه‌رزی و ئازادیی و‌ڵات به‌خت بکات. شه‌هیدی وه‌ته‌ن به‌رزترین شانازییه که دڵخوازی مرۆڤێکی نیشتمانپه‌روه‌ره؛ ئه‌م به‌ها پیرۆزه زۆرجار له شێعره‌کانی مامۆستا قانعدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بووه:-
قوربانیی ئه‌م خاکه‌یه ئه‌م ڕۆحه له‌به‌رما
سۆزی دڵی پڕده‌ره‌د که خۆلیایه له سه‌رما
ئاماده‌ی مه‌یدانم و ئه‌م به‌رگه که پۆشیم
کفنه! نه وه‌کوو چاکه‌ت و پانتۆڵه له‌به‌رما
“مامۆستا قانع” به باشی کۆمەڵگەکه‌ی خۆی ناسیبوو و له پرۆسه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر کۆمەڵگەی کوردستان به تایبه‌ت داب و نه‌ریتی خێڵه‌کی و هه‌روه‌ها شوێندانه‌ریی ئایینی ئیسلامی له ڕه‌وتی نه‌ته‌وایەتیی گه‌لی کوردی له‌به‌رچاو گرتووه و خه‌ڵکی باوه‌ڕمه‌ندی موسڵمانی له ڕێگای ده‌قه پیرۆزه‌کانه‌وه بۆ خۆشه‌ویستیی و‌ڵات هان داوه.
دڵ‌پاکی له‌گه‌ڵ هه‌م وه‌ته‌نت لازمه کورده
حۆببی وه‌ته‌نت ڕۆکنه له ئه‌رکانی عێبادات
بۆ سوودی وه‌ته‌ن، خزمه‌تی خه‌ڵکی وه‌ته‌نت که
(حب الوطني) تۆشه‌یه بۆ ڕۆژی مۆجازات.
له‌م پارچه شێعره‌دا به جوانترین شێواز هه‌ستی نیشتمانی و و‌ڵاتخوشه‌ویستیی خۆی ده‌رده‌بڕێت:
ئه‌گه‌ر، مردم وه‌ته‌ن لاوانی تۆ خۆش
ئه‌گه‌ر هیتلر نه‌ما، گاوانی تۆ خۆش
موخه‌یه‌ر بم له به‌ینی تۆ و به‌هه‌شتا
له جه‌ننه‌ت دوور ئه‌بم سه‌یرانی تۆ خۆش
له شوێنێکی تر ده‌ڵێت:-
تا کڵاشی به‌ن چنی ژێر مه‌حکه‌می خۆم ده‌س بدا
قۆنده‌ره‌ی ته‌سک و تروسک و لار و خوارم بۆ چییه؟
تا کتێبی وه‌سفی خاکی کوردستان ئینشا ببێ
وه‌سفی رۆکناباد و نه‌هه‌ری ڕوودبارم بۆ چییه؟
“قانع و ناسیۆنالیسم”
“مامۆستا قانع” له سه‌رده‌مێک ژیاوه که نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌ر یه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی و ڕێکخستنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له ته‌قه‌لای بێ وچان ده‌بوون و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی جیا له خۆیانیان تووشی قه‌ڵاچۆ و له‌نێوبردن ده‌بردنه‌وه. تێگه‌یشتنی چه‌وت و سه‌قه‌تی ناسیۆنالیسم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست له پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی خۆیاندا، جۆرێک له فاشیسم و خۆبه‌زلزانینی لێکه‌وتووه‌ته‌وه که ئاکامی ئه‌م بۆچوونه، نه‌ته‌نیا له‌و و‌ڵاتانه نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی به‌رەو مه‌به‌ستی دیاریکراوی ئه‌وان نه‌بردووه، به‌ڵکوو شه‌پۆلێک له ناڕه‌زایه‌تی و خۆڕێکخستنی له‌ناو نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان لێکه‌وتووه‌ته‌وه. نه‌ته‌وه‌ی کورد که به درێژایی مێژوو له‌سه‌ر خاکی باب و باپیرانی خۆی ژیاوه، یه‌ک له‌و نه‌ته‌وه ژێرده‌ستانه بووه که به تێگه‌یشتنێکی ئینسانی له ناسیۆنالیسم، خوازیاری دابینکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین له چوارچێوه‌ی سه‌رزه‌وی و خاکی خۆی بووه و ده‌کرێت به دڵنیاییه‌وه بوترێت که کوردان ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یەکن له‌م ناوچه‌یەدا چاویان له‌سه‌ر خاکی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر نه‌بووه.
“مامۆستا قانع” به هه‌ستکردنی ئه‌م دۆخه، نه‌ته‌وه‌ی کوردی هان داوه به له‌به‌رچاوگرتنی به‌ها ئینسانییه‌کان خۆیان له چوارچێوه‌ی یه‌که‌یه‌کی سیاسی ڕێک بخه‌نه‌وه. “قانع” له پارچه شێعری ئاڵای کورد به جوانترین شێوه هه‌ستی ده‌روونیی خۆی سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان، وه‌ک هێما و ده‌سکه‌وتی ناسیۆنالیسمی کوردی نیشان داوه و وشه‌ی ئاڵای وه‌ک ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ده‌وڵه‌تبوون بۆ چه‌ندین جار له‌م پارچه شێعره‌دا دووپات کردووه‌ته‌وه.
سه‌د شوکور وامن نه‌مردم، تاکه دیم ئاڵای کورد
که‌وته به‌رچاوم به به‌رزی، سووره‌ت و سیمای کورد
باز بوو، دوورا بوو دیده‌ی نه‌رگسی شه‌هلای کورد
مژده‌بێ ئه‌مڕۆ که به‌ربوو، چاوی پڕ بینای کورد
هه‌ربژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کورد
“قانع و دژایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندی خێڵه‌کی”
“مامۆستا قانع” که خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی سه‌رده‌مانێک بوونه قوربانیی قین و ڕه‌که‌به‌رایه‌تیی خێڵه‌کی، زۆر به وردبینییه‌وه ده‌ڕوانێته ئاکامه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندیی خێڵه‌کی، سه‌رۆک هۆز و سه‌رکرده عه‌شیره‌ییه‌کان بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی نیشتمانی هان ده‌دات و دووبه‌ره‌کی و قازانجی خێڵه‌کی و هه‌روه‌ها ناوچه‌گه‌رایی، دژ به به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت و دڵسۆزانه هاوار له خه‌ڵک و سه‌رۆک هۆزه‌کان ده‌کات که خۆیان له دووبه‌ره‌کی و به‌رژه‌وه‌ندیی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کی دوور بخه‌نه‌وه و به وردبینی خوێندنه‌وه‌یان بۆ پیلانی دوژمنان و نه‌یارانی کورد ببێت که له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان، له هه‌موو کات تۆمی دووبه‌ره‌کی و ئاژاوه‌یان به مه‌به‌ستی به‌رگرتن له پێکهێنانی یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی کورد چاندووه و به فێڵ و ته‌ڵه‌که، کوردیان به گژ یه‌کتردا داوه.
به فیت و ماڵی عوسمانلی، له خوێنی ئه‌رده‌ڵانی دا
سه‌ری نینۆکی سوور بوو، له‌شکری میرانی بابانم
ئه‌سه‌ف دارێک ئه‌بێته کلکی ته‌ور و دارێ تر ئه‌بڕێ
به ئه‌م ده‌رده گرفتاره، سه‌راسه‌ر خاکی کوردانم
له شوێنێکی تر ده‌ڵێت:-
برا، خۆکرده ده‌ردی نیشتمانم گڕی خۆمه ئه‌سووتێنێ ژیانم
له‌به‌ر بێ وه‌حده‌تی و ئاواره‌ییمان نه‌ما قه‌دری به‌گ و شوان و سه‌پانم.
مامۆستا قانع کاتێک له‌ده‌م پیاو ماقووڵێکی خه‌ڵکی هه‌ورامانه‌وه باسی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندخوازیی خێڵه‌کی له‌نێوان مه‌ریوان و هه‌ورامان ده‌بیسێت، زۆری پێ قه‌ڵس ده‌بێت و له پارچه شێعرێکدا ناڕه‌زایه‌تیی خۆی له شه‌ڕی براکۆژی نیشان داوه و تانه و ته‌شه‌ری له‌و که‌سانه‌ی داوه که خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕووت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خێڵه‌کیی خۆیان دژ به براکورده‌کانی تریان به کاریان ده‌هێنن.
چ خاکێکه به‌سه‌رمانا ڕژاوه
چ ئاوێکه له به‌رمانا ڕژاوه؟
شه‌ڕی هه‌ورامی و ڕۆڵه‌ی مه‌ریوان
چ حه‌ربێکه، به چی ناوی نراوه؟
چ جه‌نگێکه برای هه‌ورامی مه‌زڵووم
به کام شه‌ڕ بوو، ده‌وای ده‌ردی کراوه؟
به کام تاوان هه‌ژاری “ده‌رزیانی”
له ڕێی کێدا بووه خوێنی ڕژاوه؟
شه‌ڕی دوو که‌س له یه‌ک ماڵا له به‌رچی؟
چ تۆمێکه به پیسی چێنراوه؟
شه‌ڕی کێ بوو؟ به ده‌س کێ بوو له به‌رچی
مه‌ڕی کام ماڵه کورده جووته زاوه؟
مه‌ریوان مامه‌یه و هه‌ورامی لالۆ
چ پیلان و چ داوێکه نراوه؟
شه‌ڕی به‌ین دوو برا ئه‌قڵه‌ن مه‌حاڵه
براکوشتن چ پیس و بێزراوه؟
به وه‌ڵا کورد شه‌ڕاشۆ نه‌بووه هه‌رگیز
هه‌میشه‌ی خوا شه‌ڕی پێ گێڕدراوه؟
نه هه‌ورامی و مه‌ریوان دژ به یه‌ک بوون
به پیرشالیار قه‌سه‌م مه‌جبوور کراوه
به ڕۆحی کابل و شێخ ڕه‌ش قه‌سه‌م بێ
مه‌ریوانیش به گۆچان نێردراوه
که‌سێ گه‌ر نه‌چووه بۆ سووتان و تاڵان
به ئه‌مری ئاغه‌کان تێی هه‌ڵدراوه
“ئاکام”
به‌چاو خشاندنێک له‌و باسانه که به کورتی له‌م وتاره کراوه به‌ڕوونی وڵامی پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌م وتاره ده‌درێته‌وه که چۆن شاعیرانی نیشتمانیی وڵاته‌که‌مان و به تایبه‌ت “مامۆستا قانع” له ڕێگای ورووژاندنی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی به که‌ڵکوه‌رگرتن له هۆنراوه‌ی ساکار و خه‌ڵکییانه دڵ و ده‌روونی گه‌له‌که‌ی بۆ خۆشه‌ویستیی نیشتمان پاراو ده‌کات و بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌یەکی پراکتیکی و کرده‌یی بۆ گه‌له‌که‌ی نیشان بدات خۆی وه‌ک که‌سایه‌تییەکی نیشتمانی له هه‌رجۆره گه‌نده‌ڵییه‌ک به‌نیسبه‌ت گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی سه‌رەڕای ئه‌و هه‌موو ده‌ربه‌ده‌ری و ده‌ستکورتییه ده‌پارێزێت و له پێش ئه‌وه‌ی ئامۆژگاری خه‌ڵک بکات، خۆی و بنه‌ماڵه‌ی ئازیزی له هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌ک که بۆن و به‌رامه‌ی دژایه‌تیی گه‌ل و نیشتمانی پێوه دیار بێت هایا ده‌کاته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان؛
فارسی
1:آشوري، داريوش. (1379). دانشنامه سياسي. تهران: انتشارات مرواريد.
2:حافظ نيا، محمد رضا. مراد كاوياني راد. (1393). فلسفه جغرافياي سياسي. تهران: انتشارات مطالعات راهبردي.
3:عالم، عبدالرحمان. (1386). بنيادهاي علم سياست. تهران: انتشارات ني.
4:مجتهدزاده، پيروز. (1381 ). جغرافياي سياسي و سياست جغرافيايي. تهران : انتشارات سمت.
5:مجتهدزاده، پيروز. (1387). دمکراسی و هویت ایرانی. تهران: نشرنی.
کوردی
6:دیوانی قانع. (2000). سلێمانی
7:نه‌زیری، ئه‌حمه‌د. (1382). زایڵه‌ی زرێبار. سنه. بڵاوکردنه‌وه نووسه‌ر.
8:مۆباره‌کشاهی، مه‌حموود. (1393). زانا ئایینییه‌کانی کوردستان و زمان و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی. وه‌رزنامه‌ی هایا. ساڵی سێهه‌م. ژماره‌ی 9 و 10.