“ئاخێزگه‌کانی جیهان”
به‌شێکی زۆر له ئوستووره و گێڕانه‌وه ئوستووره‌ییه‌کان له هه‌موو جیهاندا تایبه‌تن به ئافراندن و شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی ئافرێنه‌ر و ئافرێنراوه‌کان، دواتر هه‌موو ئه‌و هه‌وراز و نشێوه‌ی که له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا و له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نیی دوور و درێژدا که بێگومان به پێوه‌ری ئوستووره ده‌پێورێت، ڕوویان داوه. لایه‌نی لێڵ و هاوکات ڕه‌مزیی ئوستووره‌کان زۆرن، هه‌ر ئوستووره‌یه‌ک ده‌شێت چه‌ندین خوێندنه‌وه هه‌ڵبگرێت و هێشتاش به ته‌واوی نه‌هێنرابێته قسه‌کردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مڕۆییه‌که‌ی. به‌شی زۆری ئوستووره‌کان ده‌په‌رژێنه سه‌ر ئاخێزگه‌کانی جیهان یان هه‌مان شێوازی له‌دایکبوونی دونیا و گه‌ردوون. له‌م سه‌ربه‌نده‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانی خه‌ڵکی که‌ونار له‌باره‌ی ئافراندنی جیهان له دوو شێوه به‌ده‌ر نییه. یه‌که‌میان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه که جیهان یان داهێنراو و ئافرێنراوی خوداکان و به‌روبوومی ئه‌وانه به هه‌مان شێوه که دارتاشێک ئامرازێک له چێو داده‌هێنێت، ڕوانگه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه که باوکێکه و داهێنه‌ری ڕۆڵه‌یه‌ک ده‌بێت. ئه‌م وه‌ڵامه سه‌ره‌تاییانه له‌خۆگری پێکهاتێکی ده‌روونناسانه‌یه که له بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی مرۆڤدا دروست ده‌بێت و پرسیارکه‌ر قانێع ده‌کات و له ئاوه‌ها دۆخێکدایه که ئه‌ده‌بی ئوستووره‌یی دێته ئاراوه.
“ئوستووره‌ی ئافراندن”
له گه‌ردونناسیی هیزیۆدیدا سه‌ره‌تا کائۆس (Chaos) (بشێوی) هه‌بوو و دواتر زه‌وی (Earth). له هه‌ناوی کائۆس ئێربوس (Erebus) و شه‌و Night له‌دایک بوو؛ له شه‌ویش ئه‌سیر (Ether) واته هه‌وا و ڕۆژ (Day) له‌دایک بوو. زه‌ویش واته ئێرس سه‌ره‌تا زه‌ریا Sea و دواتر ئوقیانووس Ocean و ئه‌وجار “تیتانه‌کان، کوئوس، سیروس، های پێریۆن، لاپتۆس، تیا، ڕیئا، تێمیس، مێنه مووسین، فووبێ، تێتیس” و له دواجاریشدا کرۆنۆسی داهێنا و زۆرێک له‌م سیما و ڕووخسارانه شتێک نین جگه له وێناکردنی که‌سایه‌تیی مرۆڤ: “تێمیس خودای یاسا و قه‌ده‌ری ئاسمانی، تێتیس کچه زه‌به‌لاحی کچی ئورانووس، “فووبه” ژنه‌خودای مانگ، ڕێئا خوشکی ئورانووس و ژنی کۆرۆنۆس”، های پێریۆن به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌جووڵێت، خۆر و ئوقیانووس جیاکراونه‌ته‌وه له پونتووس یان زه‌ریا و، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووباره‌ی که زه‌وی گرتووه‌ته ئامێز و هیچ زه‌ریاوانێک توانای گه‌یشتن به سنووره‌کانی نییه و، له‌وپه‌ڕیشه‌وه دۆزه‌خ یان هادێس Hades هه‌یه. خۆر هه‌موو ڕۆژێک له ئوقیانووسه‌وه هه‌ڵدێت و له ئوقیانووسیشه‌وه داده‌که‌وێت و دانیشتوانی ئوقیانووس ئه‌و بوونه‌وه‌ره باڵایانه‌ن که ته‌نها نه‌مره‌کان توانایی دیتنی ئه‌وانیان هه‌یه.
له به‌رهه‌مه‌کانی هۆمه‌ردا کۆمه‌ڵێک نیشانه هه‌ن که گوایه ئوقیانووس سه‌رده‌مێک ڕۆڵێکی گه‌وره‌تری له گه‌ردوونناسیدا هه‌بوو. له کتێبی “ئیلیاد”دا دوو جار ئاماژه به ئۆشیێن یان ئوقیانووس دراوه و وه‌کوو ئاخێزگه‌ی خوداکان و هه‌موو شته‌کان و دایکی تێتیس ناوی هاتووه. ئه‌م گه‌ردونناسییه نزیکه له گه‌ردونناسیی میسر و بابل و ئه‌و شوێنه‌ی که زه‌وی له هه‌ڵچوونی ڕووباره‌کان “هێمای نێرینه‌یی” به‌ره‌و زه‌ریای سوێر”هێمای مێینه‌یی” مل ده‌نێت و ده‌ڕوات. له هه‌رێمه وشکانییه‌کانی دیکه‌ی یۆنان‌دا زه‌وی”مێیینه” له لایه‌ن باران”نێرینه”وه ئاوس ده‌کرێت. ڕه‌نگه ئۆشیێن خودای یه‌که‌می زه‌ریا و پوزیئیدۆن Poseidon خودای دواتر بووبێت: چونکه ئۆشیێن زه‌ویی گرتووه‌ته ئامێز و له جێگه‌ی خۆیدا ڕای ده‌گرێت؛ به هه‌مان شێوه له ئوستووره‌کانی وڵاتی نۆروێژدا باسی مارێک ده‌کرێت که زه‌ویی گرتووه‌ته ئامیز و بوومه‌له‌رزه‌ش له جووڵه و بزووتنه‌کانی ئه‌م ماره ئوستووره‌ییه دروست ده‌بێت.
“ئوستووره‌ی جێنشینی”
پاش ئوستووره‌ی هێمایینی ئافراندن، ڕه‌گه‌زنامه‌ی خوداکان له خۆگری پێکهاتێکی ناتورالیستی(سرووشتخوازانه) و ده‌روونناسانه ده‌بێت و ڕه‌نگه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دیمه‌نی جووتبوونی دایک و باوک و هه‌روه‌ها ترسی منداڵ له باوکه هه‌بێت. منداڵان چێژێکی ته‌مومژاوی له گازکردنی دایباب هه‌ست پێ ده‌که‌ن و له‌م کرده‌وه‌یه‌یان ترسان له دایباب و خواردنیان له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئوستووره‌ی کۆرۆنۆس Cronus کوڕی ئورانووس Uranus یان هه‌مان ئاسمان و گایا Gaia واته زه‌وییه.
ئورانووس(ئاسمان) ڕقی له منداڵه‌کانی خۆی بوو و هه‌ر کام له منداڵه‌کانی پاش له‌دایکبوون له ژیرزه‌وی زیندانی ده‌کرد و له ڕووناکی بێبه‌شی ده‌کردن. مه‌زنه زه‌ویی دایک(گایا) که به ژانه‌وه ده‌تلایه‌وه و ده‌یناڵاند فێڵێکی ئه‌هریمه‌نیی کرد و ئامرازێکی سه‌خت و پته‌وی دروست کرد و له ڕێگه‌ی دروستکردنی “داس”ه‌وه به منداڵه‌کانی وت تاکوو له کاتی خه‌وتنی باوکیان له‌سه‌ر زه‌وی تۆڵه‌ی لێ بکه‌نه‌وه. گه‌نجترین منداڵیان وه‌ڵامی ئه‌م بانگهێشته‌ی دایه‌وه و کاتێک که شه‌و داهات و لێوان‌لێو بوو له شه‌هوه‌ت باوک له سه‌ر زه‌وی خه‌وت، کۆرۆنۆس به ده‌سته چه‌پی هێلکه گونه‌کانی باوکی گرت و به‌و داسه‌ی که به ده‌سته ڕاستی بوو قرتاندنی و به‌ره‌و پشته‌وه‌ی سه‌ری تووڕی دا؛ و له‌و خوێنه‌ی که له به‌ر ئورانووس له‌سه‌ر زه‌وی ڕۆیشت فریشته‌کانی تۆڵه و تووڕه‌یی واته فوورییه‌کان Fury، غووله‌کان، نێمفه‌کان Nymph، سێهه‌مین به‌ره له مرۆڤه‌کان یان مرۆڤه‌کانی چاخی مه‌فره‌ق(حه‌وتجۆش) به‌دی هاتن.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌یه‌ک پارچه‌یه‌ک له هێلگه گونه‌کانی ئورانووس که‌وته ناو زه‌ریاوه و له خوێنه‌که‌ی کچێک له‌دایک بوو سه‌ره‌تا به‌ره‌و کیسرا Cythera و دواتر به‌ره‌و قوبرس ڕۆشت و له قوبرس خوداخاتوونێک له زه‌ریاوه سه‌ری ده‌رهێنا و له که‌ناره‌کاندا فه‌رشێک له گژوگیا ڕوا و خه‌ڵک و خوداکانی دیکه ئه‌م خوداخاتوونه‌یان به ئافرۆدیت واته “له‌دایکبووی که‌ف” ناو برد. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ده‌ربڕی ئیتیمۆلۆژی و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی باو و سه‌رزارانی له‌دایکبوونی ئافرۆدیت Aphrodite ه و له ئیلیاددا باسی له‌دایکبوونی ئافرۆدیت به‌شێوه‌یه‌کی دیکه کراوه. ئورانووس کوڕه‌کانی خۆی ناو نا تیتان Titan که به واتای پاڵه‌وان دێت چونکه به سه‌رکێشی و سه‌ربزێوییه‌کانیانه‌وه ئاره‌زووی خۆیان بۆ پاڵه‌وانێتی ده‌رده‌بڕی و ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ش له‌خۆگری ئیتیمۆلۆژیای تیتانه‌کانه. نێمفه‌کانی ئاش Ash یان حۆرییه‌کانی دانیشتووی دارستانه‌کانی بناوه‌چیان به کچانی ئۆرانووس ده‌زانی. داری بناوه‌چ له‌و دارانه‌یه که ساڵانه په‌لوپۆ ده‌کرێت و له لق و ناوقه‌ده‌که‌ی ده‌سکه‌ی ئامرزای پته‌و دروست ده‌که‌ن. گورزی پێله‌ئوس (Peleus) له ناوقه‌دی پته‌و و قاییمی داری بناوه‌چ دروست کرابوو و پاش ئه‌و ته‌نها ئاخیلیس Achilles کوڕی پێله بوو که ده‌یتوانی ئه‌م گورزه بوه‌شێنیت. په‌لوپۆکردنی به‌رده‌وامی بناوه‌چ ڕه‌نگه به شێوه‌یه‌کی ئوستووره‌یی له‌گه‌ڵ خه‌ساندن و هه‌روه‌ها پاکککردنه‌وه(تطهیر)دا په‌یوه‌ندیی هه‌بێت. ئۆرانووس به‌م هۆیه‌وه منداڵه‌کانی خۆی له ژیر زه‌وی زیندانیی ده‌کرد چونکه ڕقی لێیان بوو و نه‌یده‌توانی له کاتی دووگیانبوونی گایا(زه‌وی) له‌گه‌ڵیدا جووت بێت و له ڕوانگه‌ی فرۆیدیشه‌وه خه‌ساندنی پیاو ئه‌و ترسه‌یه که هه‌میشه له کاتی جووتبوون و تێکه‌ڵاویی له‌ئارا دایه.
له هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زاین ئوستووره‌ی ئورانووس له ڕۆژهه‌ڵاتی بچووک نموونه‌ی هاوشێوه‌ی هه‌یه: ده‌قه به‌جێماوه‌کان له 1200ی پێش زاین له پایته‌ختی هیتیه‌کان له ئاسیای بچووک له‌خۆگری ئوستووره‌ی جێنشینی و جێگرتنه‌وه‌یه و ئه‌م ئوستووره‌یه ڕه‌نگه له ئوستووره‌ی هوورییه‌کان له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیای بچووک بێت. به پێی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ئانوو Anu خودای ئاسمان، ئالالو Alalu تێک ده‌شکێنێت و نۆ ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات و پاش نۆ ساڵ کوماربیس Kumarbis له‌گه‌ڵ ئانۆ به شه‌ڕدا دێت و به فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه‌ک گاز له شوێنی نێرینه‌یی ده‌گرێت و قووتی ده‌دات و له به‌شێک له‌م نێرینه‌ییه که له ده‌می کوماربیس ده‌ڕژێته ده‌ره‌وه خودایه‌ک به ناوی تامیسوو Tamisu که هه‌مان ڕووباری دیجله‌یه په‌یدا ده‌بێت و دێته بوون.
له گێڕانه‌وه‌یه‌کی هاوشێوه به‌ڵام کۆنتردا که به بۆنه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی نوێیه له بابل یه‌که‌مین هاوسه‌ره ئاسمانییه‌کان واته ئه‌پسۆ Apsu خودای ئاوه سازگاره‌کان و تیه‌مات Tiamat خوداخاتوونی زه‌ریا و خوداکانی دیکه دێنه بوونه‌وه. به پێی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه تیه‌مات له‌ناو ده‌چێت ئه‌ئا Ea له ڕێگه‌ی ته‌لیسمێکی جاودییه‌وه ئاپسۆ له ناو ده‌بات. له ئوستووره هاوته‌ریبه یۆنانیه‌که‌یدا کۆرۆنۆس به ده‌ستی زیۆس Zeus له‌ناو ده‌چێت و ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ڕه‌نگه به درێژایی چاخی مه‌فره‌ق یان له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش زاین و له سه‌رده‌می ڕۆژهه‌ڵاتخوازیی هونه‌ری یۆنانییه‌کانه‌وه له‌م ئوستوورانه‌وه وه‌رگیرابێت. بێگومان گێڕانه‌وه کۆنتره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی ئه‌م چیرۆکانه له‌سه‌ر گێڕانه‌وه گه‌ردونناسییه‌کانی یۆنان کاریگه‌ریی هه‌بوو. له ئیلیاددا، ئۆشییێن و تێتیسدا ڕه‌نگه جێ‌نشین و جێگره‌وه‌ی ئاپسۆ و تیه‌مات بن و خه‌ساندنی ئوورانووس ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی ئاسمان له زه‌وی په‌یوه‌ندیی هه‌بێت.
خه‌ساندنی “ئینۆ” له لایه‌ن کوماربیس و له‌دایکبوونی ئافرۆدیت ڕه‌نگه له گێڕانه‌وه‌یه‌کی بابیلی وه‌رگیرابێت. له ئوستووره‌ی هیتیدا پێگه‌یه‌ک بۆ زه‌وی له‌ئارادا نییه و ئه‌مه له ئوستووره‌ی یۆنانیدایه که تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی زه‌وی هه‌ڵگری مانا و ده‌لاله‌تێکی ده‌روونناسانه ده‌بێت. ڕه‌گه‌ز و توخمی ئۆدیپی له ئوستووره‌ی یۆنانیدا به‌ڕاده‌یه‌ک به‌هێزه که ده‌شێت له چاخی “که‌لتووری شه‌رم”دا ڕوو بدات و له‌گه‌ڵ “خێزانی ناوه‌ندمه‌ن”دا په‌یوه‌ندیی هه‌یه. توخمه کۆنه‌کانی ئه‌م ئوستووره‌یه له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه وه‌رگیراوه به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه پێکهاته ده‌روونناسانه‌که‌ی یۆنانییه. تایبه‌تمه‌ندیی گه‌ردوونناسانه‌ی ئوستووره‌ی ئۆدیپوس Oedipus له جێنشینیی کوڕ له‌باتی باوک و له‌باره‌ی لێبوورده‌یی دایک لێڵ و پێڵتره و هیزیۆد له‌باره‌ی هۆکاری دوژمنایه‌تیی باوک و کوڕ شتێک ناڵێت: به‌ڵام له‌ڕووی ده‌روونناسییه‌وه کوڕ ڕکابه‌ری باوکه. و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئوستووره‌ی یۆنانی به‌ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵگری ئاڵۆزییه که له‌خۆگری هه‌موو هه‌قیقه‌ت نییه.
سه‌رچاوه: شناخت اساطیر یونان/نوشته‌ی جان پینسنت؛ ترجمه باجلان فرخی، تهران؛ اساطیر، 1379
نووسین: جان پینت سێنت
وه‌رگێڕان بۆ فارسی له لایه‌ن باجه‌لان فه‌ڕوخی
وه‌رگێڕان بۆ کوردی له لایه‌ن سپێده ساڵحی