“پێشەکی”
دوای شکستی هەوڵەکانی تورکیا بۆ چوونە ناو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنقەرە ناچاری کڕینی دوو باتری لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی S400 رووسی بوو، کە بووە هۆی توڕەبوونی ئەمریکا و دوورخستنەوەی تۆرکیا لە ساڵی ٢٠٢١ لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئیف ٣٥؛ لە رێکەوتی ٦/٨/٢٠٢٤ تورکیا پرۆژەی سیستەم بەرگریی یەکپارچەی ئاسمانی راگەیاندووە بە ناوی ”گۆمەزی پۆلاین”. ناوی ئەم سیستەمە دیارە کە لە ناوی ”گۆمەزی ئاسنین”ی ئیسرائیل وەرگیراوە، بەڵام چونکە پۆلا لە ئاسن بەهێزترە، بۆیە تورکیا ناوی پۆلاینی هەڵبژاردووە وەک دروشمێک کە لە سەروی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیانە دێن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا جێگر بوونە. ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئایا تورکیا بە راستی پێویستی بەم سیستەمە هەیە یاخود هۆکاریتر لە پشتەوەی ئەم ”موغامرە”یەی تورکیا لە ئارادایە؟
١.گۆمەزی پۆلاین چییە؟ بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی پێشەسازیی بەرگریی تورکیا گۆمەزی پۆلاین، سیستەمێکی بەرگریی یەکپارچەیە کە گشت ئاسمانی تورکیا لەخۆ دەگرێت و لە رێگەی چەکی هەستیار و هۆشی/زیرەکی دەستکرد، سیستەمی بەرگریی زەمینی و ئاسمانی تورکیا پێکەوە گرێدەدات و وەک چەترێک ئاسمانی تورکیا دەپارێزێت. ئەم گۆمەزە لە رووی سەربازییەوە لە چووار چین پێکدێت، یەکەم، مەودای زۆر کورت. دووەم، مەودای کورت. سێیەم، مەودای ناوەند. چوارەم مەودای درێژ-بڕ. ئەم گۆمەزەی بەرگریکردنە لە پێنج کیلۆمەتری بەرزایی بەلانیکەم تا سی کیلۆمەتر بەرزایی، بۆ خستنەخوارەوەی هێرشەکان کارایی هەیە. هەر بۆیەش دروشمی گۆمەزی پۆلاین لەلایەن تورکیاوە بریتییە لە ”بە بێ روخسەت وەرگرتن، تەنانەی یەک مێش ناتوانێ ئاسمانی تورکیا ببەزێنێ”.
٢.تێچووی گۆمەزی پۆلاین، تا ئێستا داتایەکی ورد لەسەر تێچووی ئەم گۆمەزە دیار نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان تێچووی کەرتی سەربازیی تورکیا لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵ (٢٠١٤-٢٠٢٣) نزیکەی ٥٩٪ زیادی کردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا بۆ مانگی ٧ی ٢٠٢٤، سەرووی ٧١٪ تێپەڕاند. لە ئێستادا، بەپێی داتاکان، بودجەی کەرتی سەربازیی تورکیا نزیکەی ٤٥ ملیار دۆلارە و چاوەڕێ دەکرێت لە پێنج ساڵی داهاتوو، واتە بۆ ساڵی ٢٠٢٩، بگاتە سەرووی ٧٣ ملیار دۆلار. ئەمەش وایکردووە، پرسیار لەسەر تێچووی ئەم سیستەمە دروست بێت کە ئایا ئیدارەی ئەردۆغان وەک دروشم و خولیای خودی ئەردۆغان بۆ ناوبانگ پەیداکردن بە دوای دەستگەیشتن بەو سیستەمە گەیشتووە یاخود هەر لە بنەڕەتەوە تورکیا بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی پێویستی بەم سیستەمە هەیە؟
٣.مەترسییە سەربازییەکانی سەر تورکیا، ئەنقەرە، رایگەیاندووە کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و ئیسرائیل-حەماس، پاڵنەری سەرەکی تورکیا بوونە بۆ چوون بەرەو دامەزراندنی ئەم سیستەمە. بیانۆی تورکیا لە هێنانی ناوی ئەم دوو جەنگە کە تەنیا لە دوو ساڵ بەسەر هەڵگیرسانیان دەرباز بووە، هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم دوو جەنگەیە کە گوایە لە سنورەکانی تورکیا نزیکە.
“یەکەم؛ رووسیا”
هەرچی تایبەتە بە رووسیا، تورکیا لە ماوەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و گاز لە رووسیا دەکڕی، کەچی لەهەمبەردا درۆنی بە ئۆکراین دەفرۆشت. رووسیا نزیکەی ٤٩٪ پێداویستی گازی تورکیا دابیندەکات. هاوکات تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣، تورکیا سەرووی ٤٥ ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی رووسیا کردووە. زیاد لەمەش تورکیا لە پاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبژیوانی سەرەکی بوو بۆ رازیکردنی رووسیا لە گواستنەوەی گەنمی ئۆکراینا و لە ژێر چاودێری خودی تورکیا بۆ بازارەکانی جیهان بۆ ئەوەی کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خوارک لە ئاستی جیهانی دروست نەبێت. زیاد لەمەش، هەر لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرینا ژمارەی کۆمپانیاکانی رووسیا لە تورکیا لە ١٧٧ کۆمپانیا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ بۆ ١٣٦٣ کۆمپانیای تۆمارکراو بەرزبووەتەوە. زیاد لەمەش رووسیا و تورکیا لە ئێستادا لە سەر دۆخی سوریا هەماهەنگییەکی تەواویان هەیە. ئەگەر مەترسی هەلگیرساندنی جەنگ لە نێوان رووسیا و تورکیا لە ئارادابوایە، دەبوایا ئەم جەنگە لە ساڵی ٢٠١٥ و دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی سیخوی رووسی لەلایەن تورکیاوا هەلگیرسابایا، کەچی دوای ماوەیەکی کەم پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە لە گشت ئاستەکان ئاسایی بوونەوە. کەواتە لە ئێستادا پەیوەندییە.
“دووەم؛ ئیسرائیل”
تورکیا یەکەمین وڵاتی زۆرینەی موسڵمان نشین بووەکە لە دوای سەربەخۆیی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨، ئەنقەرە لە ساڵی ١٩٤٩، ئەم دەوڵەتەی بە فەرمی ناساند. لە روی سەربازییەوە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە و بەپێی مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ئەم رێکخراوە سەربازییە، هەر دەوڵەتێک هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ، ئەم هێرشە وەک هەڕەشە بۆ سەر گشت ئەندامانی ناتۆ هەژماردەکرێت و ناتۆ وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە. هەر بۆیەش ئەستەمە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر تورکیا. زیاد لەمەش ئیسرائیل و تورکیا هاوپەیمانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکان و هەر دوو دەوڵەتیش هاوکاریی سەربازیی و هەواڵگرییان لەگەل یەکتر هەیە.
لە رووی ئابورییەوە، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢، دەسەڵاتی لە تورکیا گرتە دەست، قەبارەی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە تەنیا یەک ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەم قەبارەیە لە ٧ ملیار دۆلاری ساڵانە نزیک بووەتەوە. بەپێی داتای دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٣، بووە سیزدەیەمین هاوبەشی هەناردەکردنی تورکیا. لە هەمان ساڵ کۆی بەهای بازرگانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ٦.٨ ملیار دۆلاری دەرباز کرد، هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل نزیکەی ٧٦٪ کۆی گشتی ئەم بازرگانییە بووە. کالاکانی هەناردەکراوی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی بریتی بوون لە پۆڵا، کەرەستەی بیناسازی، ئامێری میکانیکی، نەوت و بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆراکییەکان. لە ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا پێنجەمین هاوبەشی هاوردەکردنی ئیسرائیل بووە (٤.٦ ملیار دۆلار). ئەوەی لەم بازرگانییە زۆترین تێبینی لەسەر تورکیا دروستکردووە، بریتییبووە لە هەناردەکردنی پۆلای تورکی بۆ ئیسرائیل، ئەگەرچی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم پۆلایە بۆ بوونیاتنانی ژێرخانی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، بەڵام رەخنەگران ئەم رەخنەیە ئاراستەی تورکیا دەکەن کە بڕێکی بەرچاوەی ئەم پۆڵایە لە کەرتی سەربازیی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت و بە هەمان پۆڵای تورکی کە دەبێتە چەک و تەقەمەنی هێرشدەکرێتە سەر فەلەستین. ئەگەرچی لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، و رووداەکانی کەشی ”ماڤی” لە دەریایی مەڕمەڕە، پەیوەندییە سیاسییەکانی تورکیا و ئیسرائیل تێکچوو، بەڵام هیچ کات نەگەیشتووەتە دۆخی پچڕانی تەواوەتی، بەتایبەتیش لە رووی بازرگانی و هەواڵگریی سەربازییەوە.
“بە کورتی”
نە دۆخی نالەباری ئابووری تورکیا رێگە بەوە دەدات کە ئەنقەرە دەست بە دروستکردنی گۆمەزی پۆلاین بکات، نە مەترسی هێرشی دەرەکی لەسەر تورکیا هەیە کە تورکیا پێویستی بە گۆمەزی پۆلاین بێت. پەکەکەش توانایی سەربازیی ئەوتۆی نییە کە بتوانێت مەترسی جیدیی بەتایبەتیش لە رووی سەربازییەوە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەنقەرە دروست بکات. بەتایبەتیش دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی لە نێوان ئەنقەرە-بەغداد لە مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢٤؛ خودی تورکیاش لە جیهانی ئیسلامیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە کە رێگرە لە هەر جۆرە هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئەم وڵاتە، ئەمەو سەرەڕای ئەندامێتی تورکیا لە ناتو و هەڵکەوتەی جیوپۆلیتیکی ئەم وڵاتە. کەواتە، لە ئێستادا ئەم هەنگاوی تورکیا دەکرێ زۆرتر وەک ”موغامرەیەک” سەیر بکرێ، بەڵام ئەگەر تورکیا لە بونیاتنانی ئەم گۆمەزە سەرکەوتوو بێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تورکیا لە رووی سەربازییەوە پێگەیەکی تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و وڵاتانی عەرەبی کەمتر پێویستیان بە ئەمریکا هەبێت بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئەم وڵاتانە بەتایبەتیش ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعودی.