“شرۆڤەیەك بۆ ئێستا، پێشنیازێك بۆ ئایندە”
“پێشەكی”
لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا؛ ستراتیژ و شێوازی بەرێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هاتنە ئارای میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و ململانێكانی لەگەڵ میدیای حیزبی و سێبەردا، كاریگەریی لەسەر بە ئاراستەدابردنی پەیامەكانی بۆ رایگشتی و بیروبۆچوونی جەماوەری هەبوو، لەم روانگەیەوە سیاسەتی میدیا لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بە شەنوكەو و هەڵسەنگاندنە بۆ خستنەڕووی لایەنە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەكانی، پێشنیازكردنی مۆدیلێكیش بۆ ئایندەی ستراتیژى میدیا، هەنگاوێكی بایەخدارە بۆ گەڵاڵەكردنی چوارچێوەی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ڕووداوەكاندا.
بایەخی توێژینەوە لەم بابەتە، بۆ ئەو راستییە دەگەرێتەوە كە بوونی چەندین دۆخی گرنگ، بەتایبەت دۆسییەكانی “جەنگ و تیرۆریزم، قەیرانی دارایی، هەڕەشەی تەندروستی، كەموكوڕییەكانی سیستەم و بەرێوەبردن”، تەوەرەی گەرموگوڕی میدیای كوردین، لە رێی ستراتیژێكی بەرپرسیارانەوە دەتوانرێ دیسپلین و ئامانجەكانی میدیاییەكی دروست بە ئاراستەدا ببەین. بە مانایەكیتر، جەماوەر لە رێگەی ئامرازەكانی پەیوەندی و میدیاوە دەرفەتی دەستەبەری هەواڵ و زانیاری و تەنانەت پرۆسەی بەكۆمەڵایەتی بوونیشیان بۆ رەخسا، لەهەمانكاتدا زاڵبوونی رەوشی سیاسی بەسەر هەلومەرجی هەرێمی كوردستان، ستراتیژی بەرێوەبردنی میدیاكان و پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا خستۆتە بەردەم كۆمەڵێك مەترسی، لەلایەكەوە گرفتی سەروەریی یاسا بۆ گرەنتی ئازادی رادەربڕین بووەمایەی داخستنی چەندین كەناڵ و ئامرازیتری میدیا، هەم دۆخەكەش لەلایەن هەندێ میدیاوە خراپ بەكارهێنرا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی.
ئێستا گرنگترین مەسەلەی ستراتیژى میدیا، شەنوكەوكردنی هەلومەرجەكە و پاشان خستنەڕووی پێشنیازه بۆ ئۆرگانیزەكردنی پەیوەندی نێوان میدیا و كۆمەڵگا لە هەرێمی كوردستان لەسەر هەردوو بنەمای بەرپرسیارێتی ئاكار و یاسا، بەوپێیەی پرەنسیپە ئاكارییەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانیش وەك پاشكۆیەكی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (37)ی ساڵی (2007ز) پەسەند كراوە، ئەو پرەنسیپانە وەك ماددە و بڕگەی یاسایی، ئەركی سەرشانی دامەزراوەكانی میدیایە كه لە پرۆسەی گەیاندنی پەیام و مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەكاندا، لەبەرچاوی بگرن. لەم شرۆڤەیەدا هەوڵ دەدەین دۆخی ئێستای میدیای كوردی و پێشنیاز بۆ چاكسازی لە ستراتیژیی مۆدیلەكانی میدیادا بۆ ئایندەیەكی باشتر بخەینەڕوو.
“تەوەرەی یەكەم؛ چەمكی ستراتیژ، تایبەتمەندی و ئاستەكانی”
بایەخ و قوڵایی مەسەلەی ستراتیژ لە كۆی بوارە گرنگەكانی ژیاندا، بۆتە مایەی فرەچەشنی لەو پێناسانەی بۆ ئەم چەمكه خراونەتەروو. زاراوەی ستراتیژی یەكەمینجار لە سەردەمی یۆنانی كۆندا لە زانستی سەربازییەوە رۆچۆتە بوارەكانی تر، چەمكی (Strategos) پێكهاتووە لە دوو دەستەواژە، (Stratus) بە مانای سوپا و (Ego) بە واتای رێبەرایەتی دێت كە ئاماژەیە بۆ سەركردایەتیكردنی سوپا[1]. گەشەسەندنی دەوڵەتان لە دوای سەدەكانی ناوەراست و فراوانبوونی سنورەكانی هەژموونی كۆلۆنیالیزم بەتایبەتی لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، بایەخی دارشتن و كاركردن لەسەربنەمای “ستراتیژ” لە كۆی رەهەندەكانی تردا هەستیارتر كرد. بەكارهێنانی ئەم زانستە لە بوارەكانی تری مرۆڤایەتی، بە بروای “بێرنارد تایلۆر”: بەئامانجی رەخساندنی دەرفەت و بەرەو پێشبردنی گۆڕانكاریی بنچینەییە، لەپێناو باشتركردنی پرۆسەی ئەنجامدانی كاروبارەكان[2]. لێرەدا بەمەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە چەمكی ستراتیژی و رەهەندەكانی، پێویستمان بەو پێناسانەیە كە لە دیدگای جۆراوجۆرەوە خراونەتەڕوو.
بە بڕوای “مەك دانێل”، ستراتیژ بریتییە لە:- كۆمەڵێك رێسای بەرنامەرێژی و بڕیاردان لەپێناو بەئاراستەدابردنی كار و مامەڵەی دامەزراوەیەك[3].
بەپێی بۆچوونی “بۆفەر ئەندرێ”، ستراتیژ واتا: شێوازی بیركردنەوە كە ئامانجەكەی رێكخستن و دارشتن و پۆڵێنی سیستەماتیكانەیە، بەئامانجی بەرنامەرێژی بۆ هەر جوڵە و هەنگاوێك كە پێویستە بەپێی گرنگی و بایەخ ریزبەند بكرێن، پاشان بەپێی ئەم بەرنامەرێژییە كاریگەرترین رێبازيش بۆ هێنانەدی ئامانجەكان دەستنیشان بكرێت[4]. لە روانگەی ئەم پێناسانەی سەرەوە، دەتوان بڵێین ستراتیژ بۆتە پرۆسەیەكی سەرەكی لە رێرەوی هەر دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە بەشێوەیەكی گڵۆباڵی یاخود لۆكاڵی بیەوێ بەرنامە و ئامانجەكانی بەشێوەیەكی زانستی بەئاراستەدا ببات. خاڵی گرنگی ستراتیژیش، تایبەتە بە دارشتنی بەرنامەی درێژمەودا و دیاریكردنی رێكارە گشتییەكان بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی دامەزراوەیەك یاخود دەوڵەتێك، ئەم بەرنامەرێژییەش دەبێ (3) سێ تایبەتمەندی لەخۆبگرێت:-
ا-بەرنامەرێژی لە كرۆكی خۆیدا پێشبینییە، لە بنەڕەتدا بەرلەوەی پرۆسەیەك ئەنجام بدرێت، پێویستە جۆری كارەكە و چۆنییەتی ئەنجامدانی بزانرێت.
ب-بەرنامەرێژی واتا بڕیاردان، ئەم پرۆسەیەش سەبارەت بەو مەسەلانەیه كه پێویستە لە ئایندەدا ئەنجام بدرێن، هەروەها رێكخستنی پرۆژە جێبەجێكارییەكان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكان لەخۆدەگرێت.
ج-بەرنامەرێژی جەخت لەسەر كۆمەڵێك ئەنجامی پێویست دەكاتەوە كە برياره لە ئایندەدا دەستەبەر بكرێن. بەمانایەكیتر، بەرنامەرێژی ئامرازێكە بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینكردنی ئامانجە سەرەكییەكانی دامەزراوەیەك[5].
لە هەنگاوی یەكەمدا؛ گەڵاڵەكردنی ستراتیژە، پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە هەنگاوی دووەمەوە هەیە ئەویش شێواز و ئاستەكانی پراكتیزەكردنییەتی، واتا ئەو كاراكتەر و دامەزراوانەی ستراتیژ جێبەجێ دەكەن بۆ هێنانەدی ئامانجەكانيان. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ستراتیژ لەلایەن سێ ئاستەوە پراكتیزە دەكرێت:-
1-خاوەن بڕیار و دارێژەرانی ستراتیژ.
2-بەرێوەبەرە گشتییەكان كە پێویستە ستراتیژ ورد بكەنەوە بۆ ئامانج و رێكار و بەرنامەی كار.
3-بەرێوەبەرانی بەرپرسی بەشە جۆراوجۆرەكان كە پێویستە ستراتیژ بگۆڕن بۆ ئامانجی ساڵانە و ستراتیژی كورتمەودا، ئەویش لەپێناو دارشتنی بەرنامەیەكی پراكتیكی كە شیاوی جێبەجێكردن بن[6].
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، ستراتیژی بەرێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیایە، ئەمرۆ لەسەر ئاستی جیهان لە وڵاتە زلهێزەكانەوە تا كۆمپانیا مەزنەكانی كەرتی تایبەت، بودجەیەكی گەورەیان بۆ خستنەگەڕی میدیا بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان تەرخان كردووە.
هەرێمی كوردستانیش لە دوای دەرچوونی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007ز) و گەشەسەندنی میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن، ململانێیەكی تووند لەنێوان میدیای دەسەڵات و ئەهلی و ئۆپۆزسیۆندا هاتەئارا، لە چەندین تەوەرەی گرنگدا قەیرانی ستراتیژ یاخود كەموكوڕییەكانی لە پراكتیزەكردندا، رەنگدانەوەی لەسەر كۆی كۆمەڵگا هەبوو كە پێویستی بە شەنوكەوێكی زانستی و ئەكادیمییانە هەیە، هەركام لەو میدیایانە خاوەنی ئاراستە و خەسڵەتی تایبەت بە خۆیانن، هەربۆیە هەوڵ دەدەین وێرای دەستنیشانكردنی ئاستەنگەكان، كۆمەڵێك پێشنیازیش بۆ چاكسازیی لە ئایندەی ستراتیژیان بخەینەڕوو.
“تەوەرەی دووەم؛ ستراتیژ و مۆدیلی بەرێوەبردنی میدیا لە هەرێمی كوردستان”
لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، مۆدیلی حكومڕانی وڵات كاریگەری لەسەر دەستنیشانكردنی ستراتیژ و سیستەمی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیاش هەیە، واتا لە وڵاتانی تۆتالیتار و دیكتاتۆردا كە دەبێ میدیاكان ڕەنگدانەوەی دەسەڵات بن، كار بە سانسۆری پێشوەخت و مۆڵەتی بەرلە بڵاوبوونەوە دەكرێت و جۆری ستراتیژ و بەرێوەبردنەكەشی لەسەر هەمان چەشنە، لەهەمانكاتدا وڵاتانی دیموكراسیش كە سانسۆری پاشوەخت و دوای بڵاوبوونەوەیە، دیموكراسییەكی شیاو لە بەڕێوەبردندا بەرچاو دەكەوێت.
لەسەر ئاستی جیهان، بەگشتی سێ جۆر بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی میدیا هەیە، ئەوانیش بریتین لە:-
1-لەژێر چاودێری راستەوخۆی دەوڵەتدا:- ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە پتر پەیوەندیدارە بەرژێمە دیكتاتۆریی و تۆتالیتارییەكانەوە، هەرسێ دەسەڵاتە یاساییەكەی دەوڵەت هەوڵ لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی دەزگا و ئامڕازەكانی میدیا دەدەن تا هەمیشە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەكاریان بهێنن. بێگومان لەم مۆدیلی بەڕێوەبردنەدا، ڕەخنەگرتن زۆر بەكەمی بەرچاو دەكەوێت، ئەگەر ڕەخنەش هەبێ ئەوا بۆ چاوبەستەكییە و مەبەستی دەوڵەتی لەپشتەوەیە.
2-لەژێر پشتیوان و سێبەری دەوڵەتدا:- بەڕێوەبردنی میدیا لەم سیستەمەدا، لە وڵاتانی دیكتاتۆری و نا دیموكراسی پیادە دەكرێت، دەوڵەت پشتیوانی میدیایەك دەكات بەڵام سانسۆرێكی توندی دەخاتەسەر تا هێڵە سورەكان نەبەزێنێت.
3-بەڕێوەبردنی لیبڕاڵ:- دەستەبەركردنی زانین و ئازاديى بیروباوەڕ بەمافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان دادەنێت. ئەم جۆرە سیستەمە، تەنها لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا پیادە دەكرێت و دەتوانین بڵێین (تیۆری لیبراڵی)یە[7].
بەپێی بۆچوونێكی تر پۆڵێنی گشتی بۆ دامەزراوەكانی میدیا لەسەر ئاستی جیهان لەرووی جۆری خاوەندارێتی و دۆخی یاساییەوە، بۆ سێ جۆر دابەش دەبن:- دەستەی یەكەم، دامەزراوە حكومییەكانن كە سەرچاوە و بودجەكەیان لە دەوڵەت وەردەگرن. لەڕووی سیاسەتی كار و بەرنامەوە، سەربە دەوڵەتن و دەسەڵاتیش هەوڵی دابینكردنی خواست و كارەكانیان دەدات. دەستەی دووەم، دامەزراوە میدیاییە گشتییەكان یاخود نیشتیمانییەكانن، وێرای وەرگرتنی یارمەتی لە حكومەت و دەوڵەت، بودجەكەیان لە رێگەی هاریكاریی جەماوەری و ئابونەوە دابین دەكەن. میكانیزمی كارەكانیان بریتییە لە چاودێری. دەستەی سێیەم، دامەزراوە میدیاییەكانی كەرتی تایبەتن، بە میدیای بزنسیش ناودەبرێن. ئەم دامەزراوانە وێرای بایەخدان بە بەرژەوەندی كۆمەڵگا، لە كارەكانی خۆیان بەرپرسیارن و بودجەیان لە رێی بەرهەم و خزمەتگوزاری و كارە بازرگانییەكانەوە دابین دەكەن[8]. هەركام لەو سێ جۆرە میدیایەی ئاماژەمان پێدا، وێرای جیاوازی لە سپۆنسەری ماددی و مەعنەوی و ئاراستەی كارەكانیان، پێویستیان بە سێ ئاست كاری میدیایی هەیە. بەمانایەكی تر بەرێوەبردنی ستراتیژێكی سەركەوتوو، پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنە و دروستی ژینگەی كار لە سێ بواری سەرەكیدا كە بریتین لە:-
1-بواری پیشەیی:- لە بواری پیشە و كاری میدیادا، گرنگترین ئەو كەسە سەرەكییانەی رۆڵ دەگێرن بریتین لە:-
ا-خوێنەر و وەرگر.
ب-ركابەر و خاوەن سپۆنسەرەكان.
ج-كۆمەڵگا و دەوڵەت.
د-خاوەندارانی دامەزراوەكان، پشكداران و هاوبەرژەوەندەكان.
2-ژینگە و هەلومەرجی گشتی:- ئەوانەی رۆڵیان لەم بوارەدا هەیە بریتین لە كۆمەڵێك فاكتەری: (ئیكۆلۆژی، ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، یاسایی، كلتوری، كارگێری، ئاڵوگۆڕی تەكنەلۆژیا یاخود تەكنەلۆژیای زاڵ).
3-بواری نێودەوڵەتی:- (4) فاكتەر رۆڵی سەرەكییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی میدیا هەیە وەك:
ا-پرۆسەی گڵۆباڵیزم.
ب-پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی.
ج-هەرەسی رژێمە كۆمۆنیستی و دیكتاتۆرییەكان و ململانێی ئایدۆلۆژی.
د-قەیرانەكان (بۆ نمونە ژینگە)[9].
لەم تەوەرەیەدا ئەوەی جێی بایەخە لە هەرێمی كوردستاندا پشتبەستن بە یاسای ژمارە (35ی ساڵی 2007ز)، سیستەمی ئاگاكاری بۆ میدیا پەیڕەو دەكرێت كە خاوەنی خەسڵەتێكی دیموكراسییانەیە و پشت بە هەردوو تیۆری لیبراڵیزم و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی دەبەستێت. بەمانایەكیتر، هیچ جۆرە سنوورێك (جگە لەو مەسەلانەی لە یاسادا هەن) بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ڕۆژنامەوانی نییە، هاووڵاتیان و كۆمپانیا و گرووپەكان دەتوانن بە ئازادی یا تەنها بەجاڕنامەیەك یا داوای تۆماری ناوی بڵاوكراوەیەك، ڕۆژنامە جێمەبەستەكەی خۆیان بڵاوبكەنەوە[10]. واتا كار بەسیستەمی ئاگاكاری دەكرێت كە بریتیە لە ئاگاداركردنەوەیەكی نووسراو، كەسێك پێشكەشی ئەو لایەنی پەیوەندیدارەی دەكات كە یاسا دیاری كردووە، ئاگاداری دەكاتەوە كە دەیەوێت ڕۆژنامەیەك دەربكات و بڵاوی بكاتەوە[11].
لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، میدیا لە هەرێمی كوردستان سەرەتا بە مۆدیلی حیزبایەتی و پشتیوانی دەسەڵات، دەستی پرۆسەی گەیاندنی پەیامەكانی خۆی كرد، هاوكاتی گەشەسەندنی دیموكراسی و دەركردنی چەند یاسایەكی پەیوەست بەو بوارە، لەلایەن كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی خەمخۆر و دەستەبژێرەوە مۆدیلی لیبراڵی میدیایی و بزنسيش هاتەئارا، دەستوەردانی حیزبەكان و ململانێی توندی ئەو دوو مۆدیلە، جۆری سێیەمیش كە میدیای سێبەر و نیمچە ئەهلی بوو، بە پشتیوانی حیزبەكان لە بوارەكەدا كەوتەگەڕ. ئەم میدیایانە كاریگەرییان لەسەر رای گشتی هەبوو بەتایبەتی لە كاتی قەیرانەكان و ساتە هەستیارەكانی نمونەی پرۆسەی هەڵبژاردن، لەرووی ستراتیژەوە بە مەبەست بێ یاخود بێ مەبەست، كەموكوڕی و خاڵی نیگەتیڤیان هەیە كە زۆرجار سنوورەكانی یاسا و ئاكاری پیشەی پیرۆزی رۆژنامەگەرییان بەزاندووە. بەئامانجی بەرەو پێشبردنی ستراتیژیی میدیایی و چارەسەری گیروگرفتەكانی، لە تەوەرەی سێیەمدا (3) رێكار بۆ چارەسەری گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم ستراتیژی ئەو میدیایانە دەخەینەڕوو.
“تەوەرەی سێیەم؛ رێكارەكانی گەشەپێدانی ستراتیژیی میدیا لە هەرێمی كوردستان”
دامەزراوەكانی میدیا لەپێناو هەنگاونان بەرەو دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێمی كوردستان، پێویستە هاوشانی گۆڕانكارییەكان كار بۆ دارشتنی ستراتیژێكی مۆدێرن بكەن كە وێرای گەیاندنی پەیام، بەرپرسیارێتی لەهەمبەر چارەنووسی میللەتەكەیان بگرنەئەستۆ. ئەزموونی سێ دەیەی رابردوو سەلماندوویەتی كە هەر سێ مۆدیلی میدیا “دەسەڵاتداری و حكومی، ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ و كەرتی تایبەت، نیمچە ئەهلی یاخود میدیای سێبەر”، ناتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤی یەكتر، بەڵكو دەشێ تەواوكاری پرۆسەی كاری میدیایی بن بەمەرجێك لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سنورەكانی ئازادی رادەربڕین و سەروەریی یاسادا بێت. چەند فاكتەرێكی پەیوەندیدار بە ستراتیژی كاری میدیایی هەن (دەشێ بە چاودێری و هاندانی پارلەمان بێت) كە پێویستە میدیاكان لە هەرێمی كوردستان لەبەرچاوی بگرن:-
فاكتەری یەكەم:- سەرجەم دامەزراوەكانی میدیا، لەو روانگەیەوە كە خاوەنی مۆڵەتی فەرمین و ئاراستەی پەیامەكانیان لە جەماوەری كوردستانە، پێویستیان بە چوارچێوەی كاری هاوبەش هەیە (بەتایبەتی لەكاتی قەیرانەكانی وەك: كێشەیی دارایی و تیرۆریزم و مەترسییە تەندروستییەكان). واتا وێرای جیاوازی بیروبۆچوونیان، مادام گریمانەی كاری میدیایی بۆ خزمەتی وڵاتەكەیە، بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی، دەشێ لە رێگەی “دیدار و چاوپێكەوتن، راپرسی” لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی كەناڵەكان، بەرنامەی كۆنفرانسێكی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە و چارەسەری گرفتە ستراتیژی، كارگێڕی، داراییەكانیان سازبدرێت، هەڵوێستیشیان لەئاست مەسەلە نیشتیمانییەكان ڕۆشنتر بێت.
فاكتەری دووەم:- بۆشایی یاسایی لە دوای سەرهەڵدانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زیادبوونی رێژەی كەناڵە ئاسمانییەكان، بۆتەمایەی گرفتی یاسایی و خراپ بەكارهێنانی رێنوێنیە فەرمییەكان دەرهەق بە میدیاكان. لەم روانگەیەوە لەپێناو پاراستنی ئازادی رادەربڕین كە پرەنسیپێكی گرنگی دیموكراسییە، پێویستە دەستەبەری ئەرك و مافەكانیان بەپێی یاسا بێت، هیچ كەس و لایەنێكی نمونەی هێزی سەربازی، مافی دەستوەردانی لە ستراتیژ و كاری بەرێوەبردنیاندا نەبێ. پەسەندكردنی یاسای تایبەت بە میدیای نوێ بەمەرجێك لەسەربنەمای دیموكراسی و لەبەر رۆشنایی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادیی میدیادا بێت، قازانجی بۆ سەرجەم دامەزراوەكانی میدیا هەیە بەهۆی گرەنتی مافەكانیان، هەم دەسەڵاتیش لەبری بەكارهێنانی هێز، دەتوانێ بەپێی یاسا مامەڵە بكات.
فاكتەری سێیەم:- داواكاری گشتی و سەروەریی یاسا ئەكتیڤتر بكرێت، ئەركی سەرشانییەتی لەپێناو پاراستنی مافە گشتییەكانیش لێپێچینەوە لە میدیاكان بكات، هەم سزای هەر لایەنێكیش بدات كە دەستدرێژی بۆسەر میدیاكان ئەنجام دەدات. لە هەرێمی كوردستان، ستراتیژی میدیاكان بەهەموو ئاراستەكانەوە “حكومی، حیزبی، ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆ”، بەپێی تایبەتمەندییەكانیان و لەكاتی پراكتیزەكردنی بەرنامەكانیان، كەموكوڕی تایبەت بەخۆیان هەیە كە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەدەین:-
“ستراتیژی میدیای لیبراڵ و و ئەهلی و كەرتی تایبەت”
لە هەرێمی كوردستان، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، رێژەیەكی زۆری میدیا “چاپكراو و ئەلیكترۆنی، كەناڵ و رادیۆی لۆكاڵی و ئاسمانی” هەن كە بە خاوەندارێتی سەربەخۆ تۆمار كراون، لەهەمانكاتدا زۆرجار ململانێكان بەچەشنێ تووندوتیژ بوون كە ئەو میدیایانە رووبەرووی هەرەشە و داخستن بوونەتەوە. لەپێناو پاراستنی ئازادیی كار و مافى زانین و بڵاوكردنەوە بۆ ئەم میدیایانە وەك پرەنسیپێكی دیموكراسی، هەروەها پاراستنیشیان لە هەرجۆرە ململانێیەكی توندوتیژ و رێزگرتن لە سنورەكانی ئازادی، چەند پێشنیازێك دەخەینەڕوو:-
-پەیڕەویی لە تیۆری بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی:- ئەم تیۆره دوای كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، لیژنەیەك لەژێرناوی ئازادی ڕۆژنامەوانی لەلایەن (12) ئەكادیمی پێكهێنرا و پرۆفیسیۆر “رۆبەرت هۆتشنز” سەرپەرشتی دەكردن، ئەركیان تاوتوێی ڕۆژنامەوانی ئەمریكی بوو كە لەلایەن گۆڤاری “تایم”ی ئەمریكی و ئینسایكۆلۆپیدیای بەریتانییەوە پشتیوانیان لێدەكرا، سەرەنجام لە ساڵی (1947ز)دا راپۆرتێكیان لەدووتوێی كتێبێدا بەناوی “ڕۆژنامەوانی ئازاد و بەرپرسیار” بڵاوكردەوە[12]. ئامانجی ئەم تیۆرە، دانانی كۆمەڵێك پرەنسیپی ئەخلاقی بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان و رێكخستنی پەیوەندی نێوان میدیا و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگا لیبڕاڵەكاندا[13]. لەم مۆدیلەدا هەوڵ دراوە لەنێوان هەرسێ بنەمای (ئازادی تاكەكەس) و (ئازادی راگەیاندنەكان) و (ئەركەكانی راگەیاندن لەهەمبەر كۆمەڵگادا)، جۆرە هەماهەنگییەك دروست بكات[14]. بایەخی تیۆرەكە بۆ میدیای ئەهلی و كەرتی تایبەت لەوەدایە كە سەرەرای فەراهەمكردنی ئازادی رادەربڕین، دەبێ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسییەكانی كۆمەڵگادا بكات، چونكە ئامانجی سەرەكی خزمەتە نەك وروژاندن و دنەدان بۆ توندوتیژی و تاوان.
-شەفافییەت لە بودجەدا:- سەرجەم میدیا لیبراڵ و نیمچە سەربەخۆكانیش كە هەمیشە رەخنەی نادیاری سەرچاوە و بەكاربردنی داهات لە حكومەت دەگرن، پێویستە لە یەكەمین قۆناغدا و ساڵانەش سەرچاوەكانی داهات و مەسرەفی خۆیان بخەنەڕوو لەپێناو دڵنیایی لە سەربەخۆبوونیان.
-مامەڵەكردن لەگەڵ رای گشتی:- پەیوەندییەكی هەستیار لەنێوان میدیا و جەماوەردا هەیە، ئەركی سەرشانی میدیا لیبراڵەكانە لەسەر بنەمای بەرچاوڕوونی و رێنوێنی جەماوەر نەك وروژاندن و هاندان بۆ تووندوتیژی پەیامەكانیان بگەیەنن، چونكە پەرەسەندنی تووندوتیژی لە كۆمەڵگادا زۆرجار زیانی بە خودی میدیاكان و رۆژنامەنووسانیش گەیاندووە، ئاماری ساڵانەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەمیشە جەخت لەسەر كوژران و برینداربوون و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لەو ناوچانەدا دەكەنەوە كە تووندوتیژی تێدا روودەدەن.
-پاراستنی متمانە:- بڵاوكردنەوەی زانیاری ناراست یاخود گوماناویی بەئامانجی سەرنجراكێشان و بەرزكردنەوەی ئاستی وەرگر، كێشەیەكی گەورەی میدیایە كە زۆرجار بۆتەمایەی قەیرانی متمانە لەناو جەماوەردا، لەم روانگەیەوە بەرپرسیارێتی لە پرۆسەی گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی، پارێزگاری لە متمانەی میدیا دەكات.
-بایەخدان بە ئاسایشی نەتەوەیی:- هەرێمی كوردستان رووبەرووی جۆرەها مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی بۆتەوە (بۆ نمونە تیرۆریزم و جەنگ)، ئەركی میدیاش قورستر و هەستیاره، بڵاوكردنەوەی هەر پەیام و زانیارییەك دەبێ بە فلتەری ئاسایشی نەتەوەیی تێپەڕ ببێ، تا خودی میدیاكان لەو هەرەشانە پارێزراو بن.
-رێزگرتن لە پرەنسیپەكانی ئاكاری پیشەیی:- گیروگرفتێكی گەورەی ئەم جۆرە میدیایە، بایەخ نەدانی تەواوەتییە بە یاسا و ئاكاری پیشەیی، ئێستا لەناو میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆندا رێژەی تاوانەكانی بڵاوكردنەوە لە بەرزترین ئاستدایە، بەجۆرێك چەندین هەواڵ و وتار و زانیاری هەن زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنن. بەپێی یاساكانی پەیوەندیدار بە میدیا لە هەرێمی كوردستان و پرەنسیپە ئاكارییەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان كە پاشكۆی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007ز)ە، جێبەجێكردنیان ئەركێكی یاسایی و گڵۆباڵییانەیە.
-بەرپرسیارێتی لە ساتی قەیراندا:- قەیران كاریگەری لەسەر بوارە گرنگەكانی كۆمەڵگا و كەرتە جۆراوجۆرەكانی حكومەت جێدەهێڵێت، لەم روانگەیەوە هەر ستراتیژ و پلانێك بۆ بەگژداچوونەوەی قەیران، هەنگاوێكی گرنگە لەپێناو گەشەپێدانی مرۆیی. هەرێمی كوردستانیش كە لە ماوەی یەك دەیەی رابردوو بە سێ قەیرانی گەورەدا تێپەڕی “جەنگی تیرۆریزم، گرفتی دارایی، هاتنە ئارای كۆڤید-19 و كێشەی تەندروستی”، ئەركی سەرشانی میدیای لیبراڵ و ئەهلییە كە ڕۆڵی رێنوێنی و فێركاریی جەماوەر ببینێ بە ئامانجی كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیران.
-خۆپارێزی لە پۆپۆلیزم:- بڵاوكردنەوەی دروشم و هەواڵ و زانیاری وروژێنەر و هاندان بۆ تووندوتیژی لە میدیادا، بەشێكن لە دیاردەی پۆپۆلیزمی میدیایی، ئەمەش زیان بە ستراتیژی میدیایی و متمانە و بەرپرسیارێتیان لە كۆمەڵگادا دەگەیەنێ، بۆیە خۆپارێزی لەم جۆرە ئاراستەیە، خزمەت بە پەیامی راستەقینە و مرۆیی میدیا دەكات.
-چاودێریی راستەقینەی حكومڕانی و كۆمەڵگا:- هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاو لە وڵاتانی خۆرهەڵات، جۆرەها دیاردەی تاوان و سەرپێچی تیادایە، ئەركی میدیایە كە چاودێریی بارودۆخی كۆمەڵگا بكات بەمەبەستی بڕەودان بە خەسڵەتە جوان و باشەكان و بنەبڕكردنی دیاردە نیگەتیڤەكان.
“ستراتیژی میدیای دەسەڵات و حیزبی”
هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین میدیای سەربە دەسەڵات و حیزبییە، بەگشتی لەناو ئەو وڵاتانەی كە حیزبی تێدایە، سانسۆری سیاسی بەسەر ڕۆژنامەو بڵاوكراوەكان لەكاتی دەرچوونیاندا دەسەپێنن، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی هەر حیزبێك ناتوانن رەخنە ئاراستەی حیزبەكەیان بكەن. میدیای حیزبی بەگشتی ستراتیژی خۆیان لەسەر بنەمای تیۆری دەسەڵاتدارێتی داڕشتووە، كۆنترین جۆری تیۆرەو دەسەڵات هێندە بە پیرۆز سەیر دەكات كە شیاوی رەخنەلێگرتن نییە. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم تیۆرەش دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی دێرینی یۆنان “ئەفڵاتوون”، لەكتێبی “كۆمار”دا بنەمای فەلسەفی سیستەمی حكومڕانی ئەم تیۆرەی داڕشتووەو ئەمڕۆش میدیای حیزبی دەسەڵاتدار ئەم تیۆرە بۆ بواری میدیا بەكاردەهێنن، واتا: دەوڵەت بریتیە لە بەرژەوەندی باڵا و بەرژەوەندیی تاكەكەسیش دەخرێتە خزمەتی[15].
سانسۆر یەكێكە لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی ئەم تیۆرە، موڵكایەتی میدیا دەبێ لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی حكومەت یاخود دەسەڵاتدا بێت[16]. ستراتیژی ئەم جۆرە میدیایانە، چەندین كەموكوڕیی تێدایە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جەماوەرەوە هەیە و پێویستی بە چارەسەرە، گرنگترینیان بریتین لە:-
–زاڵبوونی بەرژەوەندی حیزبی و تەشریفاتی.
–پشتگوێخستنی خواستەكانی جەماوەر بۆ خزمەتگوزاری و چاكسازی.
–بیرۆكراتییەت لە ستراتیژ و دەستنیشانكردنی پۆستە میدیاییەكان.
–قۆرغكردنی سەرچاوەكانی زانیاریی حكومی لەلایەن میدیای حیزبی دەسەڵات.
–گرفتی راستگۆیی لە بڵاوكردنەوەی بابەت سەبارەت بە داتا و داهات و دۆسییە گرنگەكانیتری وڵات.
وێرای ئەم كەموكوڕییانەی سەرەوە، هەر حیزبێك ئەگەر بەرنامەی حكومڕانییەكی جەماوەریی هەبێت، بەدڵنیاییەوە پێویستی بە ستراتیژێكی میدیایی هەیە كە پشتیوانی لە خواستی جەماوەریی و دەستەبەری مافی زانین و بەدیهێنانی پرەنسیپەكانی دیموكراسی بكات.
“ستراتیژی میدیای نيشتيمانی”
تا ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستان خاوەنی گرنگترین مۆدیلی میدیا نین كە ئەویش میدیای نیشتیمانییە. ئەم مۆدیلە، لەسەر بنەمایەكی ستراتیژیی خزمەت بە نیشتیمان دادەمەزرێت، پەیامێكی ڕوون و ئاشكرای بۆ جەماوەر هەیە، ئەویش پاراستنی دەستكەوتى نەتەوەیی و چارەسەری كەموكورتییەكانی بەرێوەبردنە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە. پرەنسیپێكیتری میدیای نیشتیمانی، راستگۆیی و بێلایەنییە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكان، ئەمەش فاكتەرە بۆ بونیادنانی جەماوەرێكی هۆشیار لە ئاست دۆسییەكانی كۆمەڵگا و چۆنییەتی پەروەردە و رێنوێنیان بۆ هەنگاونان بەرەو چەسپاندنی دیموكراسی و خۆشگوزەرانی لە هەرێمی كوردستان. هەروەها شرۆڤەی دروست بۆ پێشهات و دۆسییە گرنگەكانی پەیوەندیدار بە ژیانی كوردەواری، بنەمایەكیتری میدیای نیشتیمانییە كە لە هیچكام لە مۆدیلەكانیتردا نابینرێت. دامەزراندنی میدیای نیشتیمانی، ئەگەر لەڕووی بودجەوە ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوا لە پراكتیكدا پێویستی بە خەمخۆری و هاتنەپێشەوەی ڕووناكبیرانی دەستەبژێر و راستەقینە هەیە.
ئامانج لەو سێ پێشنیازەی سەرەوە بۆ چاكسازی لە ستراتیژیی میدیاكان، بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی پڕ لە قەیران و هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە ستراتیژی میدیاكاندا هەیە، ئەو ئاستانگانەی لەبەردەمدا هەن، چارەسەركردنیان دەبێتە فاكتەرێك بۆ گەشەپێدان و ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی جەماوەر لە میدیادا، هەر ئەمەش گرەنتی سەركەوتنی ستراتیژییان بۆ فەراهەم دەكات.
*سەرچاوەكان:
*سەرچاوە عەرەبییەكان:
احمد بریدی: حریة الصحافة، ، الطبعة الآولی، دمشق 2000.
جیهان مكاوی (الدكتور): حریة الفرد و حریة الصحافة (دراسە مقارنە)، ط1، الهیئة المصریة العامە للكتاب، 1981.
عبداللە اسماعیل البستانی (الدكتور): حریە الصحافة، الطبعة الاول، القاهرە 1950.
محمد سید محمد: الصحافة سلطة رابعة كیف؟ (الدكتور): دارالشعب بالقاهرة، طبعە اولی 1979.
سەرچاوە فارسییەكان:
پەرتوك:
-بوفر اندرە: مقدمه اى بر استراتژی، ترجمه: مسعود كشاورز، دفتر مطالعات سياسى و بين المللى، 1366.
-پيرس و رابينسون: برنامهريزى و مديريت استراتژيك، ترجمه: دكتر سهراب خليليشوريني، انتشارات يادواره كتاب 1377.
-رضا تویسركان منش (دكتر): دوره أموزشی برنامەریزی استراتژیك، شركت اعتباربخشی رسالت رازی، 1394.
-سیدمحمد دادگران (دكتر): مبانی ارتباط جمعی، انتشارات فیروزە، چاپ چهارم، 1381.
-كاظم معتمد نژاد (دكتر)، رویا معتمد نژاد (دكتر): حقوق ارتباطات، جلد یكم، دفتر مطالعات و توسعە رسانەها، چاپ اول 1386.
-مك دانل و انسف: استقرار مديريت استراتژیك، ترجمه: عبدالله زنديه، چاپ اول، انتشارات سمت، 1375.
-هرمز مهرداد (دكتر): مقدمەی بر نظریاتو مفاهیم ارتباطجمعی، ناشر مؤسسە فرهنگی فاران، چاپ اول 1380.
گۆڤار:
طاهر روشندل اربطانی (دكتر): چیستی مدیریت رسانه، فصلنامه رسانه، تابستان 1386، شماره (70).
علی اكبر فرهنگی (دكتر): رهبری استراتژیك در سازمانهای رسانەای، پژوهش های مدیریت راهبردی، سال هجدهم، شمارە 49، زمستان 1390.
سەرچاوە ئینگلیزییەكان:
-Bracker, Jeffrey (1980); “The Historical Development of the Strategic Management Concept”, Academy of Management Review 5.
-Gray, Colin S. (1999); Modern Strategy, New York: Oxford University Press.
-McQuail, Denis: Mass Communication Theory: An Introduction, Second Edition, London: Sage Publications, 1987
[1]-Bracker, Jeffrey (1980); “The Historical Development of the Strategic Management Concept”, Academy of Management Review 5:P 219
[2]-Gray, Colin S. (1999); Modern Strategy, New York: Oxford University Press, P (16-17).
-[3]مك دانل و انسف: استقرار مديريت استراتژیك، ترجمه: عبدالله زنديه، چاپ اول، انتشارات سمت، 1375، ص (96).
-[4]بوفر اندرە: مقدمه اى بر استراتژی، ترجمه: مسعود كشاورز، دفتر مطالعات سياسى و بين المللى، 1366، ص (13).
-[5]د.رضا تویسركان منش: دوره أموزشی برنامەریزی استراتژیك، شركت اعتباربخشی رسالت رازی، 1394، ص (14).
-[6] پيرس و رابينسون: برنامهريزى و مديريت استراتژيك، ترجمه: دكتر سهراب خليليشوريني، انتشارات يادواره كتاب 1377، ص (21).
[7]– د. سید محمد دادگران: مبانی ارتباط جمعی، انتشارات فیروزە، چاپ چهارم، 1381، ص (158).
[8]-دكتر طاهر روشندل اربطانی: چیستی مدیریت رسانه، فصلنامه رسانه، تابستان 1386، شماره (70)، ص (6-7).
[9]– د.علی اكبر فرهنگی: رهبری استراتژیك در سازمانهای رسانەای، پژوهش های مدیریت راهبردی، سال هجدهم، شمارە 49، زمستان 1390، ص (36).
[10]– د. كاظم معتمد نژاد، د. رویا معتمد نژاد: حقوق ارتباطات، جلد یكم، دفتر مطالعات و توسعە رسانەها، چاپ اول 1386، ص (158).
[11]– د. عبداللە اسماعیل البستانی: حریە الصحافة، الطبعة الاول، القاهرە 1950، ص (151).
[12]– Denis McQuail: Mass Communication Theory: An Introduction, Second Edition, London: Sage Publications, 1987, P116.
[13]-احمد بریدی: حریة الصحافة، ، الطبعة الآولی، دمشق 2000، ص (50).
[14]-د.هرمز مهرداد: مقدمەی بر نظریاتو مفاهیم ارتباطجمعی، ناشر مؤسسە فرهنگی فاران، چاپ اول 1380، ص(109-110).
[15]– د. محمد سید محمد: الصحافة سلطة رابعة كیف؟، دارالشعب بالقاهرة، طبعە اولی 1979، ص (26)
[16]– د. جیهان مكاوی: حریة الفرد و حریة الصحافة (دراسە مقارنە)، ط1، الهیئة المصریة العامە للكتاب، 1981، ص (13)