“پێش درووستبوونی هەرێمی کوردستان (1950-1991)”
“دیپلۆماسی چییە؟”
هەروەک شارل دی گۆول دەڵێت: “بریتییە لەو هونەرەی کە چینێکی شوشەیی درزاوی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و هەمیشەیی بهێڵیتەوە”. واتە توانای دروستکردن و پاراستنی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکان بەشێوەیەکی ئەقڵانی و نەرم. کاتێک باس لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، زۆرێک پێیان وایە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی دەوڵەتی نەبووە و چۆن توانیویەتی پەیوەندی دیپلۆماسی دروست بکات لەگەڵ وڵاتان و جیهانی دەرەوەدا. بەڵام بابەتەکە تێگەیشتنێکی قووڵ هەڵدەگرێت و ئەو پەیوەندییە دەرەکیانەی ئێستای هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو تێگەیشتنە قووڵە دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ پەیدابوون و گەشەکردنی تیۆری هزری ڕیالیزمی نوێ لەساڵی ١٩٧٩ لەلایەن “کینز واڵتز” و دوای هەردوو جەنگە جیهانییەکە، سیستەمی جیهانی کۆمەڵێک ئەکتەری دیکەی کاریگەر لەسەر سیاسەتی دەرەکی وڵاتە زلهێزەکان و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆگرت، لەوانە ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییە هەرێمی و نێودەوڵەتی و جیهانییەکان، هەروەها کۆمپانیا فرەلایەنەکان و فرە نەتەوەییەکان و ئەکتەری تری نیمچە دەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستانی ئیستا کە توانیویەتی چالاکی پەیوەندییە دەرەکییەکانی زۆر بە تووندی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵدا بچەسپێنێ. هەرێمی کوردستان لەوکات دا هاوشێوەی ناوچە و ڕووداوەکانی تری جیهان بە قۆناغێکی ڕاگوزەر و تایبەتدا تێدەپەڕی و کۆمەڵێک پێشهات تێیدا ڕوودەدەن و سەرەتایەک دەبن بۆ لە قالبدانی چوارچێوەیەکی دیپلۆماسی بۆخۆی کە دەکرێت دابەش بکرێنە سەر دوو قۆناغی جیاواز.
“قۆناغی یەکەم؛ ئامادەسازی و ئامادەکارییە نێودەوڵەتییەکان”
لەقۆناغی نوێی جووڵەی خەباتی سیاسی کورددا، ماوەی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ماوەیەکی گرنگ بوو کە تێیدا ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی کورد بە ھەوڵی تاکەکەسی دەستی پێکرد، ئەوەش بەھۆی گۆڕان بەسەر تێگەشتنی کورد سەبارەت بە گرنگی جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی وڵاتان و کاریگەری زلھێزەکان لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکان و دەرئەنجامەکانیان. لەپێش ئەوکات کورد بەردەوام خەباتی دەکرد بە شێوەی ھێزی ڕەق و چەکداری، بەڵام لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی و دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان، ھاوکات باشتربوونی ئامرازەکانی پەیوەندی لەو سەردەمە کە یارمەتییەکی باشتری کوردیشی دا بتوانێ لەڕێگەیەوە ئاشنا و ئاگاداری زیاتری ھەبێ بە گۆڕانکاری و پێشھاتەکان، وایکرد پرسی دۆزی کوردیش ھەر لەڕێگەی ڕۆژنامە و نێردراو بۆ دەرەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و بڵاوبێتەوە بەجیھان و ببێتە پرسێکی جێی سەرنچی ڕۆژنامە بەناوبانگەکان و دەوڵەتان هاوشان لەگەڵ خەباتە چەکدارییەکەی.
هاوشێوەی ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە، بەربینای جیاواز لە بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕش دروست بوو، هەر بۆیە ئاڕاستەی جوڵە نەتەوەییەکەش گۆڕا. بەجۆرێک کە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، پرسی ئایینی هێندەی پرسی نەتەوەیی پارسەنگ بووە، بەڵام ئەم خاڵە لە شەستەکانەوە دەگۆڕێت لەگەڵ هاتنی “مستەفا بارزانی”. ناوبراو بەشێوەیەکی هزری سیاسی جیاواز لەوانی پێش خۆی خەباتی دەکرد، هەروەک “بازیل نیکیتین” نووسەری فەڕەنسی باسی لێوە دەکات، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە “مستەفا بارزانی” دوازدە ساڵ لە سۆڤیەت مایەوە کە وای کرد تێگەشتنێک و بەربینایەکی سیاسی ئاوێتە لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان پەیدا بکات.
قۆناغی یەکەمی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکرێ لە دوای کودەتای ١٤ـی تەمموزی ١٩٥٨ ببینرێ لە ئاستی ناوەخۆییدا، کە لەو کاتەدا “مستەفا بارزانی” و ھاوڕێکانی لە ڕووسیا بوون داوا گەڕانەوە لە “عهبدولکهریم قاسم” دەکەن و دەگەڕێنەوە، دواتر چەند ڕێککەوتنێک ئەنجام دەدەن و لە دەستووری کاتیش مافی خوێندن بە زمانی کوردی دەچەسپێنن، هەم لەلایەکی تر، هەندێک هەوڵ هەبوون لە شێوەی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا وەک ئەو پەیام و یاداشتانەی ئاڕاستەی وڵاتانی بیانی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکران بۆ هاوسۆزی و بەدەمەوە هاتن.
هەروەک “مستەفا بارزانی” لەئاستی دەرەوەدا “کامەران عالی بەدرخانی” ڕاسپاردبوو کە وەک نوێنەری ئەنجومەنی فەرماندەی شۆڕش ناوی هێنراوە لە ئەوروپا، یان لای هەندێک مامۆستای زانکۆ و نووسەری بیانی وەک باڵیۆزی کورد ناوی هاتووە، کە سەرەتا بەمەش توانرا لە ئاداری ١٩٦٦ کۆمیتەی پشتیوانی بۆ شۆڕشی کورد پێک بێت لە فەڕەنسا. “کامەران عالی بەدرخان” بەردەوام دەبێت و چەندین نووسراو و پەیام وەک خۆی بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی لە نێوان (١٩٥٧-١٩٦٩) لە ڕۆژنامە بیانییەکانی ئەوروپا بڵاودەکاتەوە و سیاسەتی شۆڤێنی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق بەرامبەر کورد ئاشکرا دەکات و بەرپەرچی ڕا جیاوازەکان دەداتەوە کە لەسەر کورد دەگوترێت و نکۆڵی لە ڕاستی بارودۆخی ناوەخۆیی دەکەن. پاشان دوای ئەم ھەوڵانە، بەهۆی خراپتربوونی دۆخی دۆزی کورد و چەوساندنەوە و زۆرەملێکانی حکومەتی ئەوکاتی ئێڕاق بەرامبەر کورد، “کامەران عالی بەدرخان”، پەیامێک لە چوارچێوەی یاداشتنامەیەک لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٨ ئاڕاستەی ئەمینداری نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات. بۆ جاری دووەم لە ٢٠ی ئایاری ١٩٦٩ نامەیەکی تر ئاڕاستەی ئەمینداری نەتەوەیەکگرتووەکان “یوو تان، سێیەم ئەمینداری گەشتی نەتەوەیەکگرتووەکان” دەکات بۆ دانانی ناوبژیوانێک لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ململانێیەکانی نێوان کورد و حکومەتی ئێڕاق.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی “کامەران عالی بەدرخان” بەردەوام و سەرکەوتوو دەبێ، بەو پێیەی لەڕێگەیەوە چەندین ڕۆژنامەنووس هاتوونەتە کوردستان بۆ بە ئەرشیفکردن و ناساندنی نەریت، خەبات و دۆخی کورد. بە نموونە، ڕۆژنامەی “لو مۆندی” فەڕەنسی باسی هاتنی پەیامنێری “دەیلی تێلیگراف” دەکات بۆ کوردستان، کە هاتنی ڕۆژنامەیەکی جیهانی وەک “دەیلی تێلێگراف” وادەکات سەرنجی ڕۆژنامەکانی تریش ڕابکێشێت و سەردانی کوردستان بکەن و چەندین چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕش. هاوکات، بەو پێیەی ڕۆژئاوا لە هەوڵی بەرگرتن بوون لە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم، بەمەش رێگە بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەدرا بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەری فکرەی کۆمۆنیزم بۆیە ژمارەیەکی زۆری ئەوکاتی کورد وەک پەنابەر و خوێندکار لەدەرەوە وەردەگیران، بۆیە پەیوەندییەکانی “کامەران عالی بەدرخان” لەگەڵ نووسەر و مامۆستاکان لەوانەش جۆیس بلوو مامۆستا لە زانکۆی پاریس وای کرد بەشێکی ئینالکۆ کە پەیمانگای نیشتیمانی زمان و شارستانییەتییەکانی ڕۆژهەڵاتە، تایبەت بکرێ بە قوتابییە کوردەکان بۆ زمانی کوردی کە ئەمەش لۆبییەکی باشی دروست کردبوو بۆ دیپلۆماسییەتی کورد.
هەنگاوێکی تری ئەو هەوڵ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییانەی کورد ئەو کۆمیتە و ڕێکخراوانە بوون کە لەلایەن خودی ئەو قوتابییانە دەدەمەزرا، لەوانەش کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کوردستان (International society of Kurdistan) لە ١٩٦٠ و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (KSSE) (The Kurdistan Students Society in Europe) کە ئەمانە ھاوکاری باشی گەیاندنی دەنگی سەرکردەکانی شۆڕشی کورد بوون بۆ جیھانی دەرەوە. بەڵام بەھۆی سەرقاڵی جیھان بەتایبەت بە جەنگەکانی جەزائیر (١٩٥٢-١٩٦٢) و شۆرشی کوبا (١٩٥٦-١٩٥٩) و جەنگی ڤێتنام (١٩٦٠-١٩٧٥)، ھێشتا ئەوەندە شۆڕش و دەنگی کورد پانتایی داگیر نەکردبوو.
لەلایەکی ترەوە، لە سەردەمی شەڕی سارددا فەرەنسا خۆی وەک دابینکەری سەرەکی چەک بۆ ئێڕاق جێگیر کرد، ڕەوتی بەردەوامی چەکی فەرەنسی مەترسییەکی بەرچاوی بۆ سەر کوردەکانی ئێراق لە شەڕیان دژی ڕژێمی سەدام حوسێن دروست کرد. تا دواتر مستەفا بارزانی لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی ئەم دابینکردنە لە شوباتی ساڵی ١٩٦٨ نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆماری فەرەنسا “چارڵز دیگۆلی” نووسی و داوای هاوکاری بۆ دۆزی کورد لە ئێراق دەکات. مستەفا بارزانی داوای لێکرد دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئێراق” چەک دژی کورد بەکارنەهێنێت. ژان پرادیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی کورد: شۆڕشێکی بێدەنگ ئەم نامەیە بە بیر دێنێتەوە و دەڵێت: بە بۆنەی سەردانەکەی “ژەنەڕاڵ عارف” بۆ فەرەنسا، “مستەفا بارزانی”، نامەیەکی بۆ سەرۆک دیگۆل نارد، کە بەشێکی لە نامەیەکدا لە ساڵی ١٩٩٩دا بڵاوکراوەتەوە: دڵنیام چارەنووسی گەلی کورد لای ئێوە لە چارەنووسی گەلی ڤێتنام کەمتر ئازیز نییە، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێمان دەخات و هەندێک زلهێز شەڕ دەکەن لەسەر دابینکردنی ئەو چەکە مۆدێرنانە بۆ ئێراق کە پێویستی پێیەتی بۆ قڕکردنمان. بەم شێوەیە بوو فەڕەنسا بە مەرج چەک بە ئێراق دەدات کە دژی کورد بەکاری نەهێنێت.
“قۆناغی دوووەم؛ ھەوڵ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورد لە ١٩٨٠ تا ١٩٩١”
ماوەی دووەمی جووڵەی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورد لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە زیندوو دەبێتەوە. بەوپێیەی لاوێکی زۆری کورد دەچنە دەرەوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە کە بەیەکەوە دەیانەوێت بەردەوامی بە خەباتی کوردی بدەن لە ئەوڕوپا، کە هەوڵی دروستکردنی دامەزراوە و کۆمەڵەیەک بدەن بۆ زیاتر گەیاندنی دەنگی کورد و هاوکاریکردنی لە جیهانی دەرەوە. خودی پێویستی هەبوونی جووڵەیەکی داڕیژراوی کوردی لە دەرەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەوشی نەتەوەی کورد لەو کاتەدا هاوشێوەی ساڵانی پێش خۆی زۆر خراپ بووە، هەروەک شەڕی ئێڕاق-ئێران لەسەرەتای هەشتاکان دەست پێدەکات و کوردیش پڕوشکی ئاگری شەڕە هەشت ساڵییەکەی بەردەکەوێت. دوای ئەو جەنگە هەزاران کورد وەک پەنابەر ڕوویان لە ئەوڕوپا و بەتایبەت فەڕەنسا کرد چونکە لەوکاتەدا چەپەکان حوکمی فەڕەنسایان دەکرد. ئەوەبوو ئێڕاق لە ڕووسیا کوردەکانی دەرەوەی بە پیاوی ئەمریکا ناوزەند دەکرد و لە فەڕەنساش بە پیاوی ئێران، ئەمە پێویستبوو بەری لێ بگیرێت و وەڵامی قسەکانی ئێراق بدرێتەوە، بۆیە دوای ئەوەی لە ڤیستیڤاڵی کان لە ١٩٨٢ فیلمی “پۆڵ” ـی یەڵماز گۆنای خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین وەردەگرێت بەم شێوەیە بۆ داکۆکی لە مافی کورد پەنابەرێکی کوردی سیاسی لە فەڕەنسا دەردەکەوێت ئەویش “کەنداڵ نەزان”ـە کە پەیوەندی بە یەڵماز گۆنای دەکات و دەچنە لای دانیاڵ میتران خانمی یەکەمی فەڕەنسا و داوای هاوکاری دەکەن بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی ئەنستیتووتی کورد لە پاریس، بەمشێوەیە لە ساڵی ١٩٨٣ بە هاوکاری دوازدە ڕۆشنبیری تری کورد دامەزرا وەک یەکەم کتێبخانە و گەورەترین لۆبی کوردی لە ئەوڕوپا تاوەکو ئێستاش.
لەبەرامبەردا لەو ماوەیەدا، لەبەریتانیا کۆمەڵە کەسایەتیەکی تر لەچالاکی خەباتی کوردیدا دەرکەوتن دیارترینیان “سەفین دزەیی” یە کە تەمەنێکی لاوی هەبووە و پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسایەتی تر هەبووە لەوانەش “سامی عەبدولڕەحمان، موحسین دزەیی، نەجمەدین کەریم، فوئاد حوسێن” و هەندێکجار “جەمال عەلەمدار”. ئەمانە هاوکاری تەواو سەرکردەکانی کوردیان دەکرد لەکاتی هاتنییان بۆ ئەوروپا بۆ بەستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. ڕۆڵی کەنداڵ نەزان کەمتر نەبووە لەوەی “کامەران عالی بەدرخان” کە بەهۆی نەخۆشی خێزانەکەی لەو کایەیەدا دورکەوتەوە. دەرگا زیاتر واڵا دەبێت و کەنداڵ نەزان لە ١٩٨٨ سەردانی ئەمریکا دەکات و لەوێ “سیناتۆڕ کەنەدی” دەبینێت و باس لەوە دەکات کە: ١٤ سیناتۆڕی ئەمریکی و ٢٥ کەسی هەڵگری خەلاتی نۆبڵ نامەیەک بۆ پاڵپشتی لە زمان، ئەدەب و کولتووری کوردی واژو بکەن، ئەمەش بە یەکێكی تر لەو هەوڵ و دەستکەوتە دیپلۆماسییە ڕۆشنبیرییانەی ئەوکاتی کورد دادەنرێت.
لەسەر ئاستی ناوەخۆیی، دیمەنی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ١٩٩١ بەهۆی ململانێکانی ناوچەیی و خەباتی کورد ڕزگاری و گۆڕانی داینامیکی نێودەوڵەتی لە قاڵب درا، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
1. شەڕی ئێران و ئێراق (١٩٨٠-١٩٨٨):- لە سەردەمی شەڕی ئێران-ئێراقدا، هەردوو بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور بوون بە بەشێک لەگۆڕەپانی شەڕ. پارتە کوردییەکان بەتایبەت “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” ململانێ و شەڕی نێوان ئێراق و ئێرانیان قۆستەوە بەئامانجی بەدەستهێنانی جۆرێک بەشێك لەمافەكانی گەلی كورد لە باشوور و پاراستنی گەلەكەیش لەو کارەساتانەی لەلایەن ڕژێمی ئێڕاق ڕووبەڕووی ببوونەوە. ئەوان پێیان وابوو ئەم جەنگە ئێراق لاواز دەكات و دەبێتە مایەی سازشكردنی بۆ گەلی كورد، هەندێكیشیان پێیان وابوو ڕژێمی ئێراق دەڕوخێت لەئەنجامی ئەو شەڕە، بۆیە بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد لە باشور لەگەڵ ئێران وەک جۆرێک لە هاوپەیمانیان لێهاتبوو، بەو هیوایەی کە ئەم هاوپەیمانییە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی میللەتی کورد کەڵکی لێ وەربگرن.
2. کەمپینی ناساندنی تاوانی ئەنفال:- لە بەبیانوی نزیک بوونەوەی کورد لە ئێران، حکومەتی ئێراق لە سەردەمی “سەدام حوسێن” هەڵمەتی لەناوبردنی لەژێر ناوی (ئەنفال)دا بەرانبەر كورد جێبەجێكرد، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دڕندانە بوو و دانیشتوانی کوردی کردە ئامانج لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی كوردستان، تیایدا هیچ پێوەرێكی یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی حسابی بۆ نەكرا، ژن و منداڵ و كەسانی پەككەوتە و بەتەمەن و خەڵكیی سڤیل وبێ چەك، هەموویان پێكەوە گیران و بێ سەروشوێن كران، ئەم هەڵمەتە وەك تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ وابوو، كە قڕکردنی كورد، وێرانکردنی گوندەکان، ئاوارەبوونی زۆرەملێی لێكەوتەوە، هەر بۆیە ئەم شاڵاوانەی ئەنفال و وێرانکردنی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەروا نەمایەوە و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی هومان ڕایتس ۆچ و ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەگەرچی كاردانەوەكان كاریگەریان نەبوو بۆ ڕاوەستاندنی تاوانەكە یان دادگایی كردنی تاوانبارەكان لە دادگای نێودەوڵەتی، بەڵام جۆرێك لە هاوسۆزی بۆ كورد دروستكرد.
3. وەڵامی نێودەوڵەتی:-لەم ماوەیەدا دۆخی نالەباری کورد و تاوانەكانی ڕژێمی ئێراق بەرانبەر كوردستان، وایكرد تاڕادەیەك پرسی كورد لە ئێراق ببێتە جێی سەرنجی نێودەوڵەتی و چاوەڕوان دەكرا شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی فراوان بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام هەڵوێست و كاردانەوە نێودەوڵەتیەكان وەك پێویست نەبوو، تەنها چەند وڵاتێكی دیاریكراو نەبێت وەک هەڵوێستی فەڕەنسا کە لەسەرەوە باسکرا، بەتایبەتی دوای کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لە 1988 لە لایەن ڕژێمی ئێراقەوە. ئەمە بەهۆی داینامیکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتری شەڕی ساردەوە بوو، کە جیهان دابەشبوو بەسەر هەردوو بلۆکی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەسەرکردایەتی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو، بۆیە پێگەی گرنگی ستراتیژی ئێراق لەلایەن زۆرێک لە زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە كە وەک میحوەری بەرپەرچدانەوە لە دژی ئێران سەیردەکرا، بۆیە لە ئەنجامدا، وڵاتانی جیهان ئارەزووی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ئیدانەکردنی کردەوە تاوانكاریەکانی عێراقیان دژی کورد نەبوو یان زۆر لاواز بوو.
4. گۆشەگیری دیپلۆماسی:- لەبەر ئەوەی كە كورد دەوڵەتی خۆیی نەبوو، هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا نەبوو. حکوومەتی ئێراق کۆنترۆڵی تووندی بەسەر کارلێکەکانی دەرەکی لە سنوورەکانی خۆیدا پاراستبوو، ئەمەش توانای کورد بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر سنووردار کرد بوو.
5. کەناڵە نافەرمیەکان:- سەرکردە کوردەکان بە تایبەتی لە دەربەدەریدا هەوڵیان دەدا پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ حکومەتە دەرەکییەکان دروست بکەن، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم هەوڵانە بە پلەی یەکەم لەسەر هۆشیارکردنەوەی نێودەوڵەتی و خەڵک لە دۆخی نالەباری کورد و داوای پشتیوانی مرۆیی بوو نەک دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی. ھەروەک ئەوەی کامەران عالی بەدرخان و پاشان کەنداڵ نەزان و ھاوڕێکانیان و قوتابی و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە كردیان. بۆ نموونە، کوردانی دیاسپۆڕا لەبەردەم باڵیۆزخانەکان خۆپیشاندانیان کردووە لە کاتی کیمیبارانی هەڵەبجەدا، کە زۆرجاریش لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێڕاق یان ئەمریکا وەک کاریگەرێکی جیھانی، مانیان لە خواردن گرتووە لەوانەش خەڵکانی وەک شەفیق قەزاز، سیامەند بەننا، دلاوەر عەلائەدین و زۆر کەسی تر ڕۆڵیان هەبووە لەم چالاكیانەدا.
6. کاردانەوەی نێودەوڵەتی و پەناگەیەکی سەلامەت دوای جەنگی دووەمی كەنداو:- دوای دەركردنی هێزەكانی ئێراق لە كۆیت لە 1991، ڕژێمی ئێراق پەلاماری كوردستان و ناوچە شیعە نشینەكانی باشوری ئێراقیدا، هەرێمی كوردستان كە تازە ڕاپەڕینی كردبوو و ئازادكرابوو، لەترسی دووبارەبوونەوەی تاوانەكانی پێشووی ڕژێم كۆڕەوێكی گشتی دەست پێكرد بەرەو سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران و توركیا، بەمەش قەیرانی پەنابەرانی کورد سەریهەڵدا و وای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بکا هەنگاوی بەپەلە بنێت. سەرەتا لە ڕێگەی دەنگی سەرکردەکانی کوردەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردانی دەرەوە، توانیان بەردەوام بن و کاریگەری لەسەر فەڕەنسا دروست بکەن، كە بە پرۆژە یاسایەك داوای پاراستنی كورد و سزادانی ئێراقی كرد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەھۆی دیمەنە نا مرۆڤانەکانی ڕژێمی ئێڕاق بەرامبەر کورد، ئەوەبوو لە ٥ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩١ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دە دەنگی بەڵێ، بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی نەتەوەیەکگرتووەکانی دەرکرد کە سەرکوتی گەلی كوردی ئیدانە کرد و داوای کرد ئێراق ڕێگە بە ڕێکخراوە مرۆییەکان بدات بچنە ناوچە زیانلێکەوتووەکان. ئەم بڕیارنامەیە خاڵی وەرچەرخان بوو لە تێوەگلانی نێودەوڵەتی لە پرسی کورد دا. دوابەدوای دەرچوونی بڕیارنامەی ٦٨٨، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا ناوچەی دژە فڕینیان سەپاند لە باشوور و باکووری ئێراق، كە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی دەگرتەوە. ئەمەش سەرەتای ئیدارەیەكی دیفاکتۆی ئۆتۆنۆمی بوو لە كوردستان، ئەم هەنگاوە بەشداریکردنێکی نێودەوڵەتی سنووردار بوو بەڵام زیاتری بە کورد بەخشی.
7. بناغە بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو:-ئەزموونەکانی ئەم قۆناغە زەمینەسازی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییە فەرمیەکان دانا کە حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان و دواتر پەرەی پێدەدان. دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی كە كورد پێویستی بە پاراستن و پشتیوانی هەیە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە پەرەسەندنی دیپلۆماسی کوردیدا.
کەواتە، قۆناغی دووەم لە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی کورد ھەروەک ماوەی یەکەم زیاتر ھەوڵی تاکەکەسی بوون، بەڵام ئەوەی ماوەی دووەم لە ماوەی یەکەم جیا دەکاتەوە، دەستێوەردانی دەوڵەتان وسەرۆکی دەوڵەتە زلھێزەکانی وەک فەڕەنسا و دواتر ئەمریکایە سازكردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردستانی باشوور، کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان زیاتر مرۆیی بوون ھێندەی ئەوەی سیاسی بن، ئەوەش ئامانج لێیان ڕاگرتنی داپڵۆسینی زیاتری کورد بوو لەلایەن ڕژێمی ئێراقەوە.
“پوختە”
1. لەقۆناغی یەکەم، لە پەنجاکان تا حەفتاکان بەهۆی ئەوەی کورد لە دوخێکی سەختی مرۆیی و قڕکردن و مەترسی لەناوچوندا بوو، بەربینا و تێڕوانینی سەرکردەکانی شۆڕش فراوانتربوو بە گرنگی تێگەیشتن لە جیهانی دەرەوە و سیاسەتی دەرەکی و گرنگی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لە شەرعیەتدانی زیاتر بە دۆزی خۆیاندا. بۆیە هەوڵیاندا پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا دروست بکەن بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە عێراق بگەیەننە قۆناغێکی نێودەوڵەتی و ھەروا نەمێنێتەوە.
2. بۆیە هاوئاڕاستە لەگەڵ ھزری سیاسی شۆڕشی کورد، سەرکردەکانی شۆڕش بیری لە داواکاری و یارمەتی و هەماهەنگی کردەوە وەک ئامرازێکی گرنگ و دەرەچەیەک بۆ ڕزگار بوون یاخود کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلی کورد. کەواتە، لەقۆناغی یەکەم ئەوەی دەکرێ تێبینی بکەین، بینین و دووپاتکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کوردە لە ڕێگەی ڕابەری شۆڕشی كوردستان مستەفا بارزانی و چەند ڕوناكبیرێكی كورد لەنمونەی “کامەران عالی بەدرخان” و ھاوڕێکانیەوە بۆ پرسی کورد، کە زیاتر لە شێوەی هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی، کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی دەرەکییە لەرێگەی نوێنەر لە دەرەوە، جیاواز لەوەی ئێستا کە لەشێوەی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانە لەسەرجەم بوارەکان. کە ئەمەش سەرەتایەکی دەرکەوتن و بەردەوامبوونی هەوڵ و کۆششە دیپلۆماسییەکانی کورد بووە لەو ماوەیەدا کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی هاوکاریی ڕۆشنبیری و مرۆییەوە لە قاڵب درابوو.
3. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ١٩٩١، هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لە ناوچەیەکی سەرکوتکراو و دابڕاو لە چوارچێوەی ئێراقەوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ لەگەڵ زیادبوونی بەشداریکردنی نێودەوڵەتی.
4. ھەرچەندە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە، بە هۆی شەڕی ئێران و ئێراقەوە و دواتریش بەهۆی تاوانەكانی جینۆسایدکردنی کورد لەلایەن ئێڕاقەوە، ئازار و ناسۆری زۆریان بۆ كورد دروستكرد و هاوڵاتیان ڕوبەڕوی چەوساندنەوە بوونەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، پارتە کوردییەکانی وەک “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” وەک دوو پارتی سەرەکی درێژەیان بە خەباتەکانیاندا بۆ وەدەستهێنانی مافەكان و دانپێدانانی دیپلۆماسی سنووردار و بەدەستھێنانی پشتیوانی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
5. ١٩٩١، پاشهاتی شەڕی کەنداو و دواتریش ڕاپەڕینی خەڵك لە باشوری کوردستان بوو بەهۆی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین، ئەمەش پەناگەیەکی ئارام و دەرفەتی دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کورد ڕەخساند. ئەمەش سەرەتای خۆبەڕێوەبەریی کورد بوو و زەمینەی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییە فەرمیەکان لە ساڵانی دواتردا ڕەخساند.
بۆیە ئەو قۆناغە بناغەی گەشەسەندنی سیاسی داهاتووی هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی وردە وردە وەک قەوارەیەکی سیاسی دانپێدانراو لە چوارچێوەی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی دانا وەک دەرکەوتنی مۆدێلێکی دیپلۆماسی و سیاسی جیاواز.
- سەرچاوەکان:
- The KRG’s Representation in France. (2023). Kurdistan Diplomacy and Political Thought.(Book).
- Kiliç, D. (2023). The Trajectory of The KRG and French Relations (Online). Available at https://cfri-irak.com/en/article/the-trajectory-of-krg-and-frances-relations-2023-10-27
- Natali , D. “The Kurds and the State: Evolving National Identity in Iraq, Turkey, and Iran”. Middle East Journal. https://scholar.google.com/
- Kreyenbroek, G, P. Sperl, S. The Kurds: A Contemporary Overview”. https://books.google.com/
- United Nations Security Council Resolutions and Reports. https://www.un.org/en/sections/documents/un-documents/index.html