زاراوەی “سیستەمی وێنە” لە سەرەتادا لەلایەن تیۆریستەکانی فیلمەوە لەو وتارانەی کە هەوڵیان دەدا بە دروستکردنی تێگەیشتنێکی سیستماتیک لە ڕێگەی شیکردنەوەی وێنە، شێوازی دەستکاریکردن، پێکهاتەی گرتە و مەیلی ئایدیۆلۆژی بۆ هەندێک فیلمسازی دیاری کراو ناسێندرا. لە هەندێک لە تیۆرییەکانی فیلمدا، سیستەمی وێنە بەکاردەهێنرێت بۆ شیکردنەوەی ئەو ڕووانەی کە فیلمێک لەوانەیە هەیبێ، بە پشتبەستن بەو واتا بەخشراوانەی کە هەندێک وێنە جگە لە واتا وشەییەکەیان هەیانە. بۆ نموونە، گرتەیەکی کارەکتەرێک کە لە ئاوێنەدا سەیری ڕەنگدانەوەی خۆی دەکات، دەتوانێت چەمکی خودێکی دابەشکراو و ململانێی ناوخۆییش نیشان بدات، بەهۆی واتا هێمادارەکان کە پەیوەندییان بە ئاوێنە و ڕەنگدانەوەیەوە هەیە لە تیۆری دەروونشیکاریدا؛ ئەمە ترۆپێکی بینراوی باوە کە لە زۆرێک لە فیلمەکاندا دەبینریت و باس لە کارەکتەرەکان دەکەن کە کەسایەتییان تێکچووە یان تووشی ململانێی ناوخۆیی بوون.
هەروەها سیستەمی وێنە پێناسەیەکی زۆر سادەتری هەیە، زۆربەی کات لەلایەن سینەماکاران و سیناریۆ-نووسەکانەوە بەکاردەهێنرێت؛ ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی دووبارە بوونەوەی وێنەکان و پێکهاتەکان لە فیلمێکدا بۆ زیادکردنی چینەکانی واتا بۆ چیرۆکێک. دووبارەبوونەوەی وێنەکان دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ ناساندنی تەوەر و بیرۆکەکان و وێنەی هێمادار کە ڕەنگە لەناو پڵۆتە(گرێ)کەدا بە ڕوونی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت یان نەکرێت لە فیلمەکەدا. هەروەها دەتوانرێت بۆ نیشاندانی گەشەی کارەکتەرەکان، پێشبینیکردنی زانیاری گرنگ و دروستکردنی واتا پەیوەندیدارەکان لە نێوان کارەکتەرەکاندا کە لە چیرۆکەکەدا ڕوون نین بەکاربهێنرێت. چونکە ئەزموونی سەیرکردنی فیلمێک ئەوەندە پشت بە بەکارهێنانی وێنە دەبەستێت (هەرچەندە بە شێوەیەکی دیاریکراو نا، بەو پێیەی ئەزموونی فیلمەکە هەمیشە پێکهاتەیەکی دەنگی لەخۆ گرتووە، تەنانەت کاتێک فیلمەکان بێدەنگ بوون) جا فیلمسازەکە نیازی ئەوەی هەبێت یان نا زۆربەی فیلمەکان سیستەمێکی وێنەییان لە هەندێک ئاستدا کاردەکات. ئەم وەبیرهێنانەوە و بەراوردکردنە بینراوە لە شێوازی دەرهێنانی واتا لە وێنەکاندا لە لایەن بینەران بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکێک خودییە، بەردەوام پەیوەندی لە نێوان و لەناو گرتەکاندا دروست دەکەن. سیستەمی وێنە دەتوانێت زۆر ورد بێت، بە دووبارە کردنەوەی هەندێک گرتەی پێکهاتەی دیاریکراو، ڕەنگ و وێنە بە چەند شێوەیەک کە لە سەرەتادا ئاسان نییە تێبینی بکرێت بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەلایەن بینەرەوە لە ئاستێکی نائاگاییدا لە ناخدا درکی پێدەکرێت.
لەم حاڵەتەدا، تەنیا هەندێک لە بینەران دەکرێت سەرنجی دووبارەبوونەوەی وێنە و گرتە پێکهاتە گیراوەکان بدەن و گرنگی گێڕانەوەیان دەربخەن، ئەمەش چینێکی واتایی دیکە بۆ تێگەیشتنیان لە چیرۆکەکە شیدەکاتەوە دەکاتەوە. بەڵام ڕەنگە بینەرانی دیکە بە تەواوی سەرنجیان لەدەست بدەن، تەنیا دەستیان بە گێڕانەوەی سەرەکی فیلمێک بگات. هەندێک لە سینەماکاران زیاد لە پێویست لە فیلمەکانیاندا سیستەمی وێنە بەکار دەهێنن کە ئەستەمە پشتگوێ بخرێت، بە پڕ ڕەنگکردنی چەندین لە گرتەکان بە بایەخی ئایکۆنیک، گرافیکی، یان هێمادار، هەندێکجار لەسەر ئاستی ڕێگەدان بە بینەران کە خۆیان چیرۆکەکەدا ببینن؛ ئەمە بەگشتی بیرۆکەیەکی باش نییە، لەبەر ئەوەی سیستەمی وێنە باشتر کار دەکات کاتێک پشتگیری خاڵی سەرەکی فیلمەکەت دەکات و واتای زیاتر پێدەبەخشێت نەک ببێتە خاڵی سەرەکی فیلمەکەت. مەرج نییە سیستەمی وێنە تەنیا پشت بە دووبارەبوونەوەی وێنە ببەستێت بۆ ئەوەی خاڵێکی گێڕانەوە بخاتە ڕوو. بۆ نموونە سیستەمە وێنەییەکان دەتوانێت کە بەتەنها پشت ببەستێت بە دووبارە بوونەوەی وێنە بوو پێکهێنانی خاڵی گێڕانەوە.
دەکرێت سیستەمێکی وێنەیی بۆ نمونە پێکبێت لە چەند گرتەیەک کە تێیدا مەودای نێوان دوو کارەکتەری سەرەکی وردە وردە کەم دەبێتەوە (لە ڕێگەی بە شاردنەوەی یان بە بەکارهێنانی دووری تێشکۆیی درێژتر بۆ کەمکردنەوەی مەودای بینراوی نێوانیان بە درێژایی تەوەر z) لەگەڵ قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکەیان، یان گرتەیەک کە وردە وردە لە گۆشەی بەرزەوە دەگۆڕدرێن بۆ گۆشەی نزم بۆ ئەوەی ئاماژەدان بەوەی کە کارەکتەرێک لەگەڵ پێشکەوتنی چیرۆکەکەدا زیاتر باوەڕی بەخۆی بێت. جیاوازییەکی گرنگ کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە سیستەمێکی وێنە نابێت لەگەڵ ستراتیژی بینراو تێکەڵ بکرێت (هەڵبژاردنەکان سەرچاوە، فۆرمات، هاوێنە و ڕووناکی لە خۆ دەگرێت). ئەم توخمانە سیستەمێکی وێنە پێک ناهێنن بەڵکو لەبری ئەوە دەبن هەندێک لەو ئامرازانەی کە وا لە سیستەمی وێنەکەت دەکەن کار بکات بە شێوەیەکی هاوتا لەگەڵ پێکهاتەی گرتە، دەستکاریکردن، ئاراستەی هونەری و هەر توخمێکی تر کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پەرەپێدانی واتا ڕوون و شاراوەکانی وێنەیەک. هەبوونی سیستەمی وێنە پێویست نییە؛ لەوانەیە نەتەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکەیت کە دەبێت یەکێکیان دروست بکەیت و هەڵبژێریت لەبری ئەوە چیرۆکەکەت بگێڕیتەوە بەبێ هیچ چینێکی زیادەی مەبەستدار لە واتا.
لە لایەکی ترەوە خوڵقاندنی سیستەمێکی وێنە دەتوانێت ئەزموونێکی زۆر ورووژێنەر بێت کە یارمەتیت دەدات بۆ تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە پێکهاتەی چیرۆکەکەت بەدەست بهێنیت (پێویستە بۆ ئەوەی سیستەمی وێنە هاوتا و واتادار بێت). بۆ دروستکردنی سیستەمێکی وێنە، سەرەتا دەبێت بیرۆکە سەرەکییەکانی چیرۆکەکەت، تەوەرە سەرەکییەکان و مەبەستەکانی دەستنیشان بکەیت (شتێک کە ڕەنگە کردبێتت کاتێک چەمکی سەرەتایی بۆ ستراتیژی بینراوی فیلمەکەت داڕشتووە). کاتێک دەزانیت چیرۆکەکەت دەربارەی چییە، دەتوانیت سیستەمێکی وێنە دیزاین بکەیت کە پشتگیری بیرۆکە سەرەکییەکانت بکات بە شێوەیەکی ئاشکرا یان ورد کە پێویستە بە بەردەوامی بە درێژایی فیلمەکەت جێبەجێ بکرێت.
هاوتایی زۆر گرنگە ئەگەر بتەوێت سیستەمی وێنە لەلایەن بینەرانەوە بناسرێتەوە؛ پێویستە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەکاربهێنرێت کە تەنها هێڵکاری ئەو ڕووداوانە بکات کە واتادارن بۆ تێگەیشتن لەو چەمک و مەبەستانەی کە دەتەوێت تیشکیان بخەیتە سەر لە چیرۆکەکەتدا.
“سیستەمی وێنەی فیلم Oldboy”
فیلمی Oldboy (2006)ی پارک چان-ووک سیستەمێکی وێنەی ئاڵۆزی هەیە کە دووبارەبوونەوەی پێکهاتەی گرتە و وێنە هێمادارەکان بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی قووڵی سۆزداری بۆ چیرۆکی وەسوەسە و تۆڵەسەندنەوەکەی. Oldboy چیرۆکی ئۆ دای-سو (چۆی مین-سیک) دەگێڕێتەوە، بازرگانێک کە دەڕفێنرێت و دواتر بۆ ماوەی پانزە ساڵ زیندانی دەکرێت؛ لەو ماوەیەدا، دەزانێت کە ڕفێنەرەکانی ژنەکەیان کوشتووە وە ئەویان تاوانبارکردووە بە تاوانی کوشتنی ژنەکەی. بەبێ ڕوونکردنەوە، دای-سو لەناکاو ئازاد دەکرێت، ژنێکی گەنج بە ناوی می-دۆ “کانگ هی جیۆنگ” دەکات بە هاوڕێی خۆی دوای بێهۆشبوونی لەو چێشتخانەیەی کە ئەو کچە کاری لێ دەکات. بە یارمەتی ئەو کچە، بەوە دەزانێت کە کچەکەی کە تەنها کۆرپەلەیەک بوو لە کاتی ڕفاندنیدا، هەڵگیراوەتەوە لەلایەن خێزانێکەوە کە لە وڵاتێکی دیکە دەژین.
پاش ماوەیەکی کەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئەو پیاوەوە پێدەگات کە زیندانی کردبوو، ئەویش تەحەدای دەکات هۆکاری ڕفاندنەکەی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا بدۆزێتەوە ئەگەرنا می-دۆ دەکوژێت. ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەو کەسە هۆکارەکەی پێی دەڵێت لەبری ئەوە خۆی دەکوژێت. ئەمەش دای-سو دەخاتە پێشبڕکێیەکەوە لەگەڵ کاتدا بۆ ڕزگارکردنی می-دۆ و تۆڵە لەو پیاوە بکاتەوە کە هاوسەرەکەی کوشتووە و پانزە ساڵ لە ژیانی بردووە.بە پشتگیری می-دۆ، دای-سو سەرکەوتوو دەبێت لە ئاشکرا کردنی نهێنی زیندانیکردنەکەی؛ ملیۆنێرێک بە ناوی وو-جین “یوو-جی تای” کە لەگەڵ خۆی لە هەمان قوتابخانەی ئامادەیی خوێندوویەتی، ئەوی بە خۆکوشتنی خوشکەکەی تاوانبار کرد دوای ئەوەی دای-سو دەنگۆیەکی بڵاوکردبووەوە سەبارەت بەو پەیوەندییە تابویەی نێوانیان. بەبێ ئاگاداری دای-سو، پێش کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لە دواجاردا وو-جین تۆڵەی خۆی سەندبوو، بەو پێیەی دەستکاری هەموو ئەو شتانەی کردبوو کە دوای ئازادکردنی دای-سو ڕوویان دەدا بۆ ئەوەی ئەو و می-دۆ ئاشق ببن. لە یەکێک لە کۆتاییە شۆککەرەکانی فیلمەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، دای-سو بە ترسەوە بۆی دەردەکەوێت، کە می-دۆ لە ڕاستیدا ئەو کچەیە کە پێی وابوو پانزە ساڵ لەمەوبەر هەڵگیراوەتەوە، و تۆڵەی وو-جین ئەوەیە کە لەگەڵیدا پەیوەندی سێکسی تابو ئەنجام بدات. سیستەمی وێنە لە Oldboy بە چڕی لەگەڵ گێڕانەوەکەیدا یەکدەگرێتەوە؛ دووبارەبوونەوەی پێکهاتەکان و مەبەستەکان تەنیا بۆ زیادکردنی چینەکانی واتا کار ناکات بەڵکو لە هەندێک کاتدا بەشێکی چالاکە لە چیرۆکەکەدا، لە خاڵە سەرەکییەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ بەرەو پێشبردنی پڵۆتەکە. بۆ نموونە دای-سو بۆی دەردەکەوێت کە لە ڕێگەی ئەلبوومێکی وێنەییەوە لەگەڵ کچەکەیدا پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە کە وێنەی کچەکەی لە تەمەنە جیاوازەکاندا تێدایە کە وێنەیەکی تێدایە کە لە سەرەتای
فیلمەکەدا بەدەستیەوەیەتی (شێوەی ١٥)، خوشکی وو-جین وێنەیەکی خۆی دەگرت چەند چرکە ساتێک پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، کە لە کۆتایی فیلمەکەدا لە شەقەی (پێنت هاوسەکەی) وو جین دەردەکەوێتەوە. هەروەها مەبەستی دووبارەبوونەوە لە ڕێگەی ڕنگدانەوەی ڕووداوەکان و وێنەکانەوە بە درێژایی چیرۆکەکە بەکارهێنراوە؛ دای-سو ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر ئەلبوومی وێنەکان دەبینێت کاتێک پلانی وو-جین لا ئاشکرا دەبێت، خوشکی وو-جین سەیری ڕەنگدانەوەی خۆی دەکات لەسەر ئاوێنەیەک لە کاتێکدا کە ئەویش ڕەنگدانەوەی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ براکەیدا هەیە، خەوێنەرێکی موگناتیسی وا لە دای-سو دەکات ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر پەنجەرەیەک بەکاربهێنێت بۆ سڕینەوەی یادەوەری پەیوەندییە تابۆکەی، و پلانی تۆڵەسەندنەوەی وو-جین لە دەوری ئەوە بنیات نراوە کە دای-سو ئاشق بێت و پەیوەندی تابۆی لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەیدا ئەنجام بدات، بەڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی.هەروەها OldBoy دووبارەکردنەوە بە چەندین شێوە بەکاردەهێنێت بۆ پشتگیریکردنی بیرۆکە سەرەکییەکانی فیلمەکە کە کاریگەرییە دراماتیکییەکانی چیرۆکەکە گەورەتر دەکات. شێوەی یەکەم، تابلۆیەک نیشان دەدات کە دای-سو بە درێژایی زیندانییەکەی تەماشای دەکات؛ نووسراوێکی لەسەرە کە نووسراوە “پێبکەنە، جیهان لەگەڵ تۆ پێدەکەنێت. بگری، تۆش بە تەنیا دەگریت” (وتەیەکە وەرگیراوە لە Solitude ، لە شیعرێکی Ella Wheeler Wilcox). دوای ئەوەی ئازاد دەکرێت، هەندێک جار لە بەرخۆیەوە ئەم دێڕە دەڵێتەوە، هەرکاتێک خۆی لە دۆخێکی ناخۆشدا دەبینێتەوە کە بەزۆری لەلایەن وو-جینەوە داڕێژراوە.
دەربڕینی سەر ڕووخساری ناو تابلۆکە ناڕوونە، ئەمەش وایکردووە قورس بێت بزانین وێنەکە (پیاوێک کە قژی ئاڵۆسکاو لە دای-سو دەچێت) زەردەخەنە دەکات یان دەگری. شێوەی ٢ یەکێکەکە لە دوا گرتەکانی فیلمەکە، کە دوای ئەوە نیشان دراوە کە دای-سو بە ڕواڵەت یادەوەریی پەیوەندی تابۆکەی سڕیوەتەوە و لەگەڵ کچەکەیدا ئاشنا دەبێتەوە. وەک پیاوی ناو تابلۆکە ئەستەمە بزانیت ئەگەر دای-سو زەردەخەنە دەکات یان دەگری، ئەمەش پێشنیاری ئەو ئەگەرە ترسناکە دەکات کە هێشتا ئەو پەیوەندییە تابۆیەی لەبیرە کە هەڵخەڵەتێندرابوو بۆ کردنی. تەنانەت ئەگەر بینەر ئەو کۆنتێکستەی لێکچوونی لەگەڵ ڕووخساری ناو تابلۆکە و تەوەری تەنیایی کە شیعرەکە وەبیری دەهێنێتەوە لەبەر دەست نەبێت بینینی ڕوخساری ئەو دڵتەزێن دەبێت لای، بەڵام پەیوەندی بینراوی نێوان ئەوان و شیعرەکە ئەم ساتەوەختە لە ڕووی سۆزداری و دەروونییەوە ئاڵۆزتر دەکات لە گێڕانەوەکەدا. شێوەکانی ٣ و ٤ دای-سو لە دیمەنی سەرەتای فیلمەکەدا نیشان دەدەن، لەوەدا کە دواتر فێر دەبین فلاشفۆرۆردە، ڕێگری دەکات لە خۆکوشتنی پیاوێک. پێکهاتەی سەرنجڕاکێشی ئەم گرتانە و ئەو پرسیارانەی کە دروستی دەکەن (ئەم پیاوانە کێن؟ بۆچی هەوڵدەدات ئەو پیاوە بکوژێت؟) وایان لێدەکات زۆر بە ئاسانی بە بیر بێنەوە لە کاتی ڕنگدانەوەیان لە کۆتایی فیلمەکەدا، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو (بەهێشتنەوەی لەگەڵ تەوەری ڕەنگدانەوەیەکان و وێنەی ئاوێنەیی) کە خۆکوشتنی خوشکی وو-جین لە ژێر بارودۆخێکی هاوشێوەی سەرنجڕاکێشدا ئاشکرا دەکات (شێوەکانی ٥ و ٦). دووبارەبوونەوەی پێکهاتەکان و بارودۆخەکان کە لێرەدا نیشان دراون، ئەوە پیشان دەدات کە پەیوەندییەکی چارەنووسساز لە نێوان دای-سو و وو-جین هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەنگە لە هەوڵەکانیاندا بۆ هەمان تۆڵەسەندنەوە لە یەکتر، ڕەفتارە وەسوەسییەکانیان زۆر لەیەک دەچن.
ئەم لێکچوونەی ڕەفتار چەند جارێک بە درێژایی فیلمەکە ڕوون کراوەتەوە؛ وو-جین بە پلانێکی پێچاوپێچی باوەڕپێنەکراودا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی دای-سو سزای ئەم سەرپێچییە وەربگرێت، پانزە ساڵ چاوەڕێ دەکات تا کچەکەی دای-سو دەبێتە ژنێک بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی بکاتەوە. لە بەرامبەردا دای-سو دە ساڵی پێشوی تەمەنی خۆی لە زیندانیدا بەسەر دەبات و خۆی دەگۆڕێت بۆ ئامێرێکی کوشتن، بە وازهێنان لە مرۆڤایەتی خۆی لە پرۆسەکەدا وەک خۆی بۆ تۆڵەکردنەوە ئامادە دەکات. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایییان، لێکچوونیان ئەوەندە بەرچاو دەکەوێت کە تەنانەت کردەوەی سادەی لەبەرکردنی کراس لە ڕووی بینراوەوە بە جەختکردنەوە بە بەکارهێنانی پێکهاتەی گرتەیەکی زۆر نزیک لە چیرۆک گێڕانەوەی یەکسان بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بە نزیکبوونەوەیەکی زۆر لە دای-سو کە قۆپچەی دەستی کراسەکەی دەکاتەوە (شێوەی ٧)، کە چەند خولەکێک دواتر کاتێک وو-جین نیشان دەدرێت کە هەمان شت دەکات دەبیندرێتەوە (شێوەی ٨). هەروەها ئەو هێماسازییەی کە پەیوەندی بە هەندێک وێنەوە هەیە، بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەک لە نێوان کارەکتەرەکاندا بەکاردەهێنرێت. (وێنەی ٩) دای-سو لە سەرەتای فیلمەکەدا نیشان دەدات، کە دوو باڵی فریشتەیی دەستکرد پیشان دەدات کە لە ڕۆژی ڕفاندنیدا بۆ کچەکەی کڕیبووی؛ لە کۆتایی فیلمەکەدا، وو-جین باڵەکانی دەگەیەنێتە می-دۆ لە کاتێکدا دای-سو ڕاستییەکانی پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا بۆ دەردەکەوێت. باڵە دەستکردەکانی تاقیدەکاتەوە و هەوڵدەدات وایان لێبکات باڵەفڕێ بکات، وەک چۆن باوکی کردوویەتی (شێوەی ١٠).
دووبارەبوونەوەی کردار و وێنەگریەکە ناخ هەژاندن دەبەخشێت بە دووبارە دەرکەوتنەوەی دوو باڵەکە (دواجار دوای پانزە ساڵ پێی گەیشت)، لە کاتێکدا ئەو هێماسازییەی کە پەیوەندی بە فریشتەکانەوە هەیە، ئەمەش واتایەکی ئایینی بۆ ئەم دیمەنانە زیاد دەکات؛ می-دۆ و دای-سو بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامیان داوە لە نیعمەت(فەزڵ) بێبەش بوون و چیتر ناتوانن بفڕن. هەروەها وێنەی ئایینی بە دووبارە نمایشکردنی تابلۆیەک کە لە ژووری زیندانەکەی کە می-دۆ تێیدا دەمێنێتەوە پێشنیار دەکرێت لەکاتێکدا چاوەڕێی گەڕانەوەی دای-سو دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ وو-جین. گرتەیەکی نزیک لە تابلۆکە کچێکی بچووک نیشان دەدات کە دەپاڕێتەوە (شێوەی ١١)، پێکهاتەیەکە کە لە گرتەیەکی درێژدا دووبارە دروستکراوەتەوە کە می-دۆ تێیدا دەپاڕێتەوە (شێوەی ١٢). پەیوەندی می-دۆ لەگەڵ تابلۆی ژووری زیندانەکەدا، پەیوەندی دای-سو لەگەڵ تابلۆکەی ژووری زیندانەکەی لە کاتی زیندانیکردنیدا بەرچاودەخاتەوە (شێوەکانی ١ و ٢).
هەروەها دووبارەبوونەوەی وێنەکان ڕاستەوخۆ لە پڵۆتەکەدا دانیان پێدا دەنرێت، لە دیمەنێکدا کە دای-سو بەدوای ئەو ئاماژانەی کە وو-جین بەجێی هێشتووە، سەردانی یەکێک لە هاوپۆلە کۆنەکانی لە ئامادەیی دەکات لە ئارایشتگایەکدا. لە کاتێکدا کە زانیاری لێ وەردەگرێت، ژنێکی گەنج دەچێتە ناو دوکانەکە؛ دای-سو کە چەند ساتێک پێشتر دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی سەیر هاوپۆلەکەی سەرنجی چۆتەسەر ئەژنۆ ڕووتەکانی هاوپۆلەکەی، لەکاتێکدا هاوپۆلەکەی هەوڵی دەدا ناوێکی وەبیربێتەوە، کە لە گرتەیەکی نزیکدا پیشان دەدرێت سەرنجی خۆی دەخاتە سەر ئەژنۆی ژنە گەنجەکە (شێوەی ١٣).بە لە ناکاو بینینی ئەژنۆی کچەکە یادەوەرییەک دەخاتەوە بیری دای-سو دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە لە قۆناغی ئامادەییدا لەگەڵ خوشکی وو-جین هەیبوو، لە فلاشباکێکدا پیشاندرا لەگەڵ گرتەیەکی نزیک ئەژنۆکانی (شێوەی ١٤). دای-سو نەیتوانی ئەم یەکتر بینینەی بیر بێتەوە تا ئەژنۆی کچەکەی نەبینی، ئەمەش پێشنیاری ئەوە دەکات کە لەوانەیە ئەو ئەم یادەوەرییەی ئەوی لەبیرخۆی بردێتەوە “بلۆک کردبێت” بەهۆی ئەو زەبرە دەروونییەی کە پەیوەندی بەم یەکتربینینەوە هەیە. ئەم خاڵە زەقتر نیشان دەدرێت کاتێک کە دای-سو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژوورەی کە پەیوەندییە تابۆکەی وو-جین و خوشکەکەی تێدا بینیوە. کاتێک سەردانی هەمان شوێن دەکاتەوە کە سیخوڕی لەسەریان کردووە دەتوانێت ڕووداوەکەی بیر بێتەوە و لە کۆتاییدا هۆکاری تۆڵەسەندنەوەی وو-جین ئاشکرا بکات.
هەروەها سیستەمی وێنە لە Oldboy دووبارەکردنەوە بەکاردەهێنێت بۆ نیشاندانی گەشەکردن و گۆڕانکاری کارەکتەرەکان. شێوەی ١٥ لە سەرەتای فیلمەکەدا دای-سو نیشان دەدات، کە وێنەی خێزانەکەی لە دەستدایە لەکاتێکدا سەرخۆشە و لە بنکەیەکی پۆلیسە؛ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ وو-جین، ئەو پێکهاتەیە دووبارە دەبێتەوە کاتێک ئەو وێنەیەی پیشان دەدات کە خوشکەکەی چەند چرکەیەک پێش خۆکوشتنی گرتبووی (شێوەی ١٦). بەڵام ئەمجارەیان دای-سو بە تەرکیز و ئیرادەدار و هەڕەشەئامێز دەردەکەوێت. ئەو لە بنەڕەتدا بووەتە پیاوێکی نوێ، بەهۆی ئەو سەختییەی کە چەشتویەتی گۆڕاوە، گۆڕانکارییەک کە لەو کراسە ڕنگ سوورە خوێنییەکەیدا کە لێرەدا لەبەریدایە لە بری کراسە سپییەی کە لە بنکەی پۆلیس لەبەری کردووە ڕەنگدەداتەوە. هەروەها چیرۆکی دای-سو لە فیلمەکەدا لەم دوو گرتەیەدا کۆدەکرێتەوە؛ ئەو لە ژیانێکی بێ ئاکام و بێخەمەوە دەڕوات بۆ ژیانێکی پڕ مەبەست (تۆڵەکردنەوە)، لە بە هەند وەرنەگرتنی خێزانەکەی بە شتێکی ئاسایی (لە سەرخۆشبوون و دەستبەسەرداگرتنی لە ڕۆژی لەدایکبوونی کچەکەیدا) بەرەو کردنیان بە جێگەی سەرنجی ژیانی (بەنیازە تۆڵەی کوشتنی هاوسەرەکەی بکاتەوە و لە کۆتاییدا لەگەڵ کچەکەیدا یەکبگرێتەوە)، لە بازرگانێکی سەرلێشێواو بۆ پیاوێک وەک ئامێرێکی کوشتن.
بەکارهێنانێکی باوتر لە سیستەمی وێنە بریتییە لە دووبارەکردنەوەی وێنەیەکی دیاریکراو کە ئاسانە بەبیر بێتەوە لە کۆتایی فیلمێکدا، کە ئاماژە بە بینەران دەکات کە چیرۆکەکە بازنەیەکی تەواو کردووە و هەربۆیە بەرەو کۆتایهاتن دەچێت. شێوەی ١٧ ئەوە نیشان دەدات دای-سو لەسەرەتاکانی فیلمەکەدا لە دوای دانیشتنێکی خەواندنی موگناتیسی لە زیندان ئازاد دەکرێت، لە کاتێکدا وێنەی ١٨ لە کۆتا دیمەنی فیلمەکەدا دای-سو نیشان دەدات، دوای ئەوەی لە دانیشتنێکی دیکەی خەواندنی موگناتیسی لە خەو هەڵدەستێت ئەمەش بە مەبەستی لە بیرکردنی ئەو پەیوەندییە تابۆییەی لەگەڵ کچەکەیدا هەیبوو. پێکهاتەی هەردوو ئەم گرتانە بە مەبەست نائاساییە و هەربۆیە ئاسانە وەبیربێتەوە لەلایەن بینەرانەوە، هەردوو گرتەکە گرتەی درێژی گۆشە بەرزیان بەکارهێناوە بە خستنە ڕووی دای-سو کە لەسەر زەویە و دەلەرزێت. ئەم بەکارهێنانە دیاریکراوەی سیستەمی وێنە لە نێو فیلمسازاندا زۆر بەناوبانگە، تەنانەت لەو فیلمانەی کە سیستەمی وێنە بە شێوەیەکی ئاڵۆز وەک Oldboy لەخۆناگرێت. یەکێک لە هۆکارەکان کە دووبارەکردنەوەی وێنەکان زۆر زیاتر دەکات لە تەواوی کردنی چیرۆکەکە بە شێوەی بازنەیەکی تەواو؛ هەروەها هەستی پڕی گێڕانەوە بە بینەر دەبەخشێت بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک چارەسەرنەکراو بێت، تەنانەت ئەگەر ئەمە لە ڕاستیشدا وا نەبێت.
Oldboy سیستەمێکی وێنەی ئاڵۆزی هەیە کە بە شێوەیەکی شارەزایانە لەگەڵ گێڕانەوەکەیدا تێکەڵ بووە، بە شێوەیەک بەکارهاتووە کە دەنگدانەوەیەکی دراماتیکی بۆ ئەو تەوەر و شێوانە زیاد دەکات کە پێشتر لە چیرۆکەکەیدا هەن. ئەمە بە باشترین ڕێگا دادەنرێت بۆ بەکارهێنانی سیستەمی وێنە، بۆ قووڵکردنەوەی کاریگەریی سۆزداری و سەرقاڵبوونی بینەر بە گێڕانەوەی فیلمێک، زیادکردنی چینەکانی واتا کە پاداشتی بینەرێکی سەرنجڕاکێش دەداتەوە و بانگهێشتی دووبارە بینینەوەی فیلمەکەت دەکاتەوە بۆ ئاشنابوون بە قووڵایی، ڕەهەند و تێگەشتنی نوێ هەر جارێک کە سەردانی چیرۆکەکە دەکرێتەوە. بەڵام جێبەجێکردن و کاریگەری سیستەمێکی وێنەیی پشت بە دروستکردنی پێکهاتەی واتادار و گێڕانەوەی سەرنجڕاکێشیش دەبەستێت بۆ هەر وێنەیەکی بنەڕەتی وشەسازی سینەمایی، کە بابەتی بەشەکانی تری ئەم کتێبەیە.
سەرچاوە: کتێبی THE FILMMAKER’S EYE
LEARNING (AND BREAKING) THE RULES OF CINEMATIC COMPOSITION
GUSTAVO MERCADO
لاپەڕە ٢١ بۆ ٢٧
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا