لە وتارە بەناوبانگەکەی ئۆروێڵدا “بۆچی دەنووسم”، ئیدیعا دەکات، “لە نێوان تەمەنی نزیکەی حەڤدە بۆ بیست و چوار ساڵیدا هەوڵمدا دەستبەرداری ئەم بیرۆکەیە بم، بەڵام بەو هۆشیارییە ئەوەم کرد، کە درەنگ یان زوو دەبێ دابنیشم و کتێب بنووسم”. ئۆروێڵ پێی وابوو کە چارەنووسی ئەو نووسەرە؛ ئەوە شتێک نەبوو کە ئەو بژاردەی تێیدا هەبێت، بەڵکو لە سرووشتی ئەودا بوو. ئەمە پرسیارەکە دەخاتە ڕوو – ئۆروێڵ لە نێوان تەمەنی حەڤدە بۆ بیست و چوار ساڵیدا چی دەکرد و ئەوە چۆن کاریگەری لەسەر ئەدەبیات و ژیانی دواتر هەبوو؟
“لە لاویەوە تا ئیتۆن”
جۆرج ئۆروێڵ بەو ناوە لەدایک نەبووە؛ ناوی دیاریکراوی ئەو “ئێریک ئارسەر بلێر” بوو. لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٠٣ لە هیندستان لەدایکبووە، کوڕی “ئیدا و ڕیچارد بلێر” بووە، کە لە بەنگال وەک جێگری لاوەکی بریکاری ئۆپیۆم لە بەشی ئۆپیۆم لە خزمەتگوزاری شارستانی هیندستان کاریان کردووە، کە بەشێکی سەرەکی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بوو لەو کات. تەنها بۆ ماوەیەکی کورت لەوێ ژیا، کاتێک تەمەنی یەک ساڵ بوو گەڕایەوە بۆ بەریتانیا چونکە خوشکە گەورەکەی مارجۆری بڕیار بوو لە ئینگلتەرا خوێندن بخوێنێت، وەک ئەوەی ئەو کاتە داب و نەریتی بوو. بۆیە زۆربەی تەمەنی منداڵی لە شارۆچکەی بازاڕی ئۆکسفۆردشایری هێنلی ئۆن تەمز بەسەر بردووە. ئۆروێڵ لە چوارەمین ڕۆمانیدا، Coming Up for Air ، ماڵی منداڵی خۆی بەبیر دەهێنێتەوە، کە باس لە “چۆڵەوانییە گەورە و سەوزە شەربەتییەکانی دەوروبەری شارۆچکەکە دەکات و تۆز لە هێڵەکەدا، ئەو ڕووناکیە سەوزە گەرمەی کە لە ڕێگەی لقەکانەوە دێت.”
ئەو بەهەشتە دوورە شارەی کە ئۆروێڵ لە Coming Up for Airدا دەیکێشێت، لە مێژە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە کاریگەرییەکی گەوەرەی منداڵییەکەی دادەنرێت. “مایکل شێڵدن” لە ژیاننامەی ئۆروێڵدا ئاماژە بەوە دەکات کە “وەک جۆرج بۆولینگی گەنج [پاڵەوانی Coming Up For Air] ئێریک لە ڕاستیدا هاوڕێیەکی پێشوازیلێکراو نەبووە لەنێو کوڕەکانی تردا.” لە زۆر ڕووەوە لە نێو دانیشتوانی چینی ناوەڕاستی هێنلی ئۆن تەمزدا کەسێکی بێسەرپەرشت بوو. خۆڕاگری و خەیاڵی بوو و بەزەحمەت هاوڕێیەتی لە تەمەنی خۆیدا دروست دەکرد. جگە لەوەش، لەلایەن دایکیەوە لێی قەدەغە کرابوو کە یاری لەگەڵ منداڵەکانی دراوسێکانیان بکات کە چینی کرێکار بوون. ململانێی چینایەتی و پارە بەردەوام دەبێت لە تایبەتمەندییەکی سەرەکی ژیانی ئۆروێڵ. لە کتێبی ڕێگا بۆ دەرچەی ویگان، ئۆروێڵ پەروەردەی خۆی بەم شێوەیە وەسف کردووە کە “ڕەنگە بە چینی خوارەوە-سەرەوە-ناوەند وەسفی بکەیت.” لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئەوانەی لە پۆلەکەیدا بوون ئەندامی “ئاغای بێ زەوی” بوون: “خەڵکی ئەم چینە خاوەنی هیچ زەوییەک نەبوون، بەڵام هەستیان دەکرد کە خاوەن زەوین لەبەردەم خودادا و تێڕوانینێکی نیمچە ئەرستۆکراتییان هێشتەوە بە ڕۆشتن بۆ ناو پیشەکان و خزمەتگوزارییەکانی شەڕکردن نەک بازرگانیکردن”.
چینایەتی لە بەریتانیا ئاڵۆزترە لە کەڵەکەکردنی داهاتی مرۆڤ. چینی مرۆڤ بەڕاستی بەرهەمی ئەزموون و بەها و پەروەردەی مرۆڤە. خێزانی ئۆروێڵ بە مووچەی ساڵانەی ٦٠٠ پاوەندی باوکی دەژیان، کە لە ئینگلتەرای سەردەمی ئێدوارددا کەم نەبوو بەڵام بە دڵنیاییەوە بڕە پارەیەکی زەبەلاح نەبوو. بەڵام ژیانی پیشەی باوکی لە هیندستان وای لێکرد کە کۆلۆنیالیست بێت و پێداگری دایک و باوکی لەسەر خوێندنی لە قوتابخانەی سانت سیپریان و لە ساڵی ١٩١٧دا و سکۆلەرشیپەکەی لە کۆلێژی ئیتۆن (بەناوبانگترین و گرانترین قوتابخانەی گشتی لە بەریتانیا) بەو مانایە بوو کە بەردەوام گەمارۆدرابوو لەلایەن چینە باڵاکانەوە. ئەمه کاریگەری قوڵی هەبووه له سەری و به درێژایی ڕۆژنامه وانی و ڕۆماننووسییەکەیدا دەبینرێت. ئۆروێڵ بە هەمان شێوە کە ڕقی لە ئیتۆن بوو، ڕقی لە سانت سیپریانی نەبوو. ڕەخنەگر جۆن کاریی بۆ وتارە کۆکراوەکانی ئۆروێڵ ئاماژە بەوە دەکات کە “وەک زانایەک، کە لە نێوان زانایانی دیکەدا دەژی، تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە بەراوردکارییە ناشرینەکان دابڕابوو.”
بەڵگەی لەسەرە کە کاتەکانی ئۆروێڵ لە ئیتۆن چەندین قەناعەتی سیاسی و فەلسەفی بەهێزتر کردووە کە تا تەمەنی گەورەیی وەریگرتووە. ئیتۆن هانی دژە ڕۆشنبیری خۆی و دژایەتیکردنی بەرامبەر بە ئاشتیخوازی و سەرسامی بە “فەزیلەتە سەربازییەکان” دەدا. زۆربەی خەڵک ئۆروێڵ وەک لایەنگرێکی دەنگی سیاسەتی چەپ دەناسن و ئەوەش ڕاستە؛ بەڵام لە زۆر ڕووەوە میزاجەکەی بە یەکلاکەرەوە کۆنەپەرستانەتر بوو. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، وەک کوڕێکی گەنج، بۆچوونەکانی سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیتۆن پێکهاتبێت. لە کاتێکدا لە ژیانی گەورەییدا ساتی گرنگ هەبوون کە نووسین و بیروباوەڕەکانی لە قاڵب داوە، وەک ئەو ساڵانەی لە بۆرما (ئێستا میانمار) بەسەری بردووە و ئەو کاتانەی لە نێو بێ ماڵ و حاڵەکاندا لە پاریس و لەندەن بەسەری بردووە. لە هامان کاتدا دەستی بەسەر مارکەیەکی زۆر تایبەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵایەتی گرتبوو کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئیتۆن فێری بووبێت.
“لە ئیمپریالیزمەوە بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک”
یەکێک چاوەڕێی ئەوە دەکات کە زانای کینگ لە ئیتۆن ڕاستەوخۆ بچێتە کۆلێژی کینگ لە کامبریج بۆ خوێندنی کلاسیکەکان. ئۆروێڵ بە پێچەوانەوە لەبری ئەوە پەیوەندی بە هێزی پۆلیسی ئیمپریال لە بۆرما کرد. ڕەنگە نەبوونی خوێندنی زانکۆیی، بەشێکی بەهۆی کەمی پارەوەبووبێت؛ هەروەها ڕەنگە یەکێک بووبێت لە یەکەم کردەوەکانی یاخیبوونی چینایەتی. بەڵام هەروەها هەنگاوێکە کە دەتوانین گریمانە بکەین بەشێکی لە کاریگەری باوکیەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەیان ساڵە لە کۆلۆنیەکاندا بەسەر بردووە. هەروەها ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە پیشەیە هەوڵێک بووبێت بۆ وەرگرتنەوەی هەندێک وردەکاری لە منداڵی کاتێک کە گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵات. قسە و باسێکی زۆر هەیە لەسەر ژیانی ئۆروێڵ لە بۆرما. زۆرێک لە ڕەخنەگران ئەوە پیشان دەدەن کە ئەو بە کۆی دەنگ لە کۆلۆنیەکاندا بەدبەخت بووە و ئیستغلالکردنی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای بینیووە. بەڵام سەلامەتترە گریمانە بکەین کە ئۆروێڵ لە دوو دڵیدا بووە سەبارەت بە پێگەی دەسەڵاتداری خۆی لەناو ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا.
لە وتارەکەیدا “Shooting an Elephant”، دوودڵی بە هەموو دڕندەییەکانییەوە باس دەکات: “من بیرم لە ڕاجی بەریتانی دەکردەوە وەک ستەمکارییەکی نەشکاو، لە لایەکی دیکەدا پێم وابوو کە گەورەترین خۆشی لە جیهاندا ئەوەیە کە چەقۆیەک بخەمە ناو ڕیخۆڵەی قەشە بوزییەکان”. ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٢٧دا کاری ئەفسەری پۆلیسی ئیمپریالیزم بەجێهێشت، هەنگاوێک کە زۆرێک وەک کردەوەیەکی یاخیبوون لە ئیمپریالیزم لێکیان داوە. لەوانەیە هەندێک توخم لەم بابەتەدا هەبێت؛ بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەو نائارام بوو لە نووسین، بۆ ئەوەی ببێتە نووسەر و بۆیە بەشێک لە پاڵنەرەکانی خۆپەرستانە بوون. وەک شێڵدن ئاماژەی پێکردووە، “ئەو بەو بیرکردنەوەیە بێزار بوو کە ئەوەندە لە جیهانی ئەدەب دوورە.” بەم شێوەیە، ئۆروێڵ گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا، لەگەڵ دایک و باوکی لە شارۆچکە گوندنشینەکەی کەناری دەریای ساوسڤۆڵد دەژیا، کە زۆر جیاواز بوو لە دارستانە باراناوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. لەوێ نیشتەجێ بوو بۆ ئەوەی بنووسێتو لە ماوەی ساڵێکدا، نووسەرێکی چاپکراو بوو و لە ماوەی چوار ساڵدا، یەکەم ڕۆمانی تەواو کرد.
ڕۆبێرت کۆلیس لە ژیاننامەی ئۆروێڵدا، English Rebel دەڵێت، ئۆروێڵ “نەیدەویست تەنها بنووسێت، ویستویەتی بچێتە ژێر پێستی ئەو کەسانەی کە لەسەری دەنووسی” و بە ڕوونی بەڵگەی بەرهەمەکانی هەیە. ئۆروێڵ لە نێوان ساڵانی ١٩٢٨ بۆ ١٩٣٧ چەندین بابەتی لە گۆڤاری ئەدێلفی بڵاوکردەوە، کە گۆڤارێکی ئەدەبی بوو لە ماوەی مانەوەی لە بۆرما بە بەردەوامی دەیخوێندەوە. ئەو بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لە ژیانی هەژاران کردبوو، وەک هەژارێک کە لە لەندەن و پاریس دەژیا؛ ئەزموونەکانی دەڕژایە ناوDown and Out in Paris and London، کە لە ساڵی ١٩٣٠ تەواو بوو بەڵام تا ساڵی ١٩٣٣ لەلایەن گۆلانچەوە بڵاونەکرایەوە و Road to Wigan Pier ویگان کە لە ساڵی ١٩٣٧ لەلایەن یانەی کتێبی چەپەوە بڵاوکرایەوە و دواتر لەلایەن گۆلانچەوە بڵاوکرایەوە. بە پێچەوانەی بۆچوونی جەماوەرییەوە، هەموو ئەو شتانەی ئۆروێڵ نووسیویەتی، بە ئاشکرا سیاسی نەبوون؛ بەڵام هەموو ئەو شتانەی کە نووسیبووی، هەندێک خاڵێکی گەورەتریان لەبارەی کۆمەڵگەی ئینگلیزی و خەباتی چینایەتی و سروشتی هونەرەوە دەخستەڕوو.Coming Up for Air و Keep the Aspidistra Flying دوو ڕۆمانن کە زۆر شت لە ڕیالیزمی ڤیکتۆریا قەرز دەکەن؛ لەڕاستیدا ئۆروێڵ لە کتێبی “بۆچی دەنووسم”دا وتی کە ئارەزووی “نووسینی ڕۆمانی سروشتی گەورە بە کۆتایی ناخۆش، پڕ لە وەسفی ورد و لێکچوونە دەستگیرکەرەکان.”
هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک گەورە نییە، بەڵام Coming Up for Air و Keep the Aspidistra Flying هەردووکیان لەگەڵ ئەم وەسفەدا دەگونجێن. بەڵام وەک ئۆروێڵ خۆی هێڵکاری دەکات، “هەموو دێڕێکی کاری جدی کە لە ساڵی ١٩٣٦ەوە نووسیومە، دژی تۆتالیتاریزم و بۆ سۆسیالیزمی دیموکراسی نووسراوە”.
“لە جەنگێکەوە بۆ جەنگێکی تر”
شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا بنەڕەتیترین ئەزموونی سیاسی ژیانی ئۆروێڵ بوو. ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٣٦ گەیشتە بەرشەلۆنە بۆ ئەوەی بەیعەت بە کۆماری دووەمی ئیسپانیا بدات. شەش مانگ لەوێ بوو، لە نێوان ئایلین هاوسەرەکەی و هێڵی پێشەوەی ئەراگۆن دەسوڕایەوە و شانبەشانی هاوڕێ ئیسپانییەکانی شەڕیان دەکرد. بەڵام هەمووی لە 20ی ئایاری ساڵی 1937 لەناکاو کۆتایی هات، کاتێک گولەیەک لە ملی درا. لە کتێبی (Homage to Catalonia)دا نووسیویەتی کە “بە وردی هەستکردن بوو کە لە ناوەندی تەقینەوەیەکدایت. پێدەچوو تەقینەوەیەکی بەهێز و تیشکێکی کوێرکەری ڕووناکی بە هەموو دەوروبەرمدا هاتبێت و هەستم بە شۆکێکی گەورە کرد – هیچ ئازارێک نەبوو، تەنها شۆکێکی تووندوتیژ بوو.” نزیکەی مانگێک لە نەخۆشخانە بوو و بەختی باش بوو کە لە ژیاندا مایەوە. ئەو نەیدەزانی کە برینەکەی کە نزیک بوو لە کوشندە، دوا نیگەرانییەکانی دەبێت، چونکە لە ١٩ی حوزەیران هێزە ئەمنییەکانی کۆمارییەکانی ئیسپانیا وەک سیخوڕێک ناساندیان و ناچار بوو ئیسپانیا بەجێبهێڵێت. ئۆروێڵ وەک دژە فاشیستێکی ڕاستەو ڕاست چووە ئیسپانیا؛ وەک دژە کۆمۆنیستێکی ڕاستەو ڕاست هاتە دەرەوە. ئەوە وەرچەرخانە زەبەلاحەکانی بوو بەسەر پاندۆلمی بیروباوەڕی سیاسیدا کە زۆرجار خەڵک سەرلێشێواو دەکات سەبارەت بە بۆچوونە سیاسییە ڕاستەقینەکانی. بەڵام ئەگەر شتێک هەبێت کە ئۆروێڵ بە درێژایی ژیانی مابێتەوە، ئەوا دژە ڕۆشنبیرییە چەسپاوەکەیە.
ئەوەی لە ئیسپانیا بینی، لە کاتی نووسینی Road to Wigan Pier دووبارە بینیەوە، سۆسیالیزمێک کە پێویستی بە “پڕۆفیسۆرە بچووکە وردەکانی” نەبوو بۆ ئەوەی پێی بڵێن چییە. بابەتی داهاتووی ژیانی ئۆروێڵ جەنگی جیهانی دووەمەوە گرتەوە، هەرچەندە لە هەژدە مانگی نێوان کۆتایی هاتنی بەشداریکردنی لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و ڕاگەیاندنی شەڕی چەمبەرلین دژی ئەڵمانیای هیتلەر،Coming Up For Air ی نووسی. ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٤٠ پەیوەندی بە پاسەوانی ناوخۆوە کردووە و سێ ساڵ لەوێ بووە. هەرگیز ناچار نەبووە شەڕ بکات؛ نزیکترین شت کە لە شەڕەوە بوو ئەزموونەکانی بوو لە تۆپبارانەکاندا؛ شاعیر سیریل کۆنۆلی، کە یەکێک لە یەکەم شەوەکانی تۆپبارانەکەدا لەگەڵ ئۆروێڵ لە شوقەکەی خۆی لە پیکادیلی بەسەر بردووە، سەبارەت بە ئۆروێڵ دەڵێت: “ئەو هەستی بە ئاسودەییەکی یەکجار زۆری دەکرد لە تۆپبارانەکەدا ، لەنێو بۆمبەکان، لە نێوان ئازایەتیدا، لە داروخاوەکاندا.” بەبێ گوێدانە ئەو وێرانکارییەی کە لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت، ژیانی پیشەیی ئۆروێڵ لە قۆناغەکانی کۆتایی ساڵی ١٩٤٠دا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە کانوونی دووەمی ١٩٤٠دا بانگهێشتنامەیەکی بۆ نووسین لە گۆڤاری پارتیزان ڕیڤیو وەرگرت کە یەکێک بوو لە کاریگەرترین گۆڤارەکانی ئەمریکا لەو کاتەدا.
جگە لەوەش، کە لە ساڵی ١٩٤١دا نووسراوە، “The Lion and the Unicorn” یارمەتیدەر بووە بۆ بڵاوکردنەوەی ناوبانگی ئۆروێڵ وەک وتەبێژێکی قسەزان بۆ سۆسیالیزمی دیموکراسی. بۆچوونی خۆی دەربڕی کە سیستەمی چینایەتی بەسەرچووی بەریتانیا ئاستەنگ لە هەوڵەکانی جەنگدا دروست دەکات و بۆ شکستپێهێنانی ئەڵمانیای نازی، و بەریتانیا پێویستی بە شۆڕشێکی سۆسیالیستی هەیە. هەر لەسەر پشتی ئەم ناوبانگە بوو کە پۆستی یاریدەدەری گفتوگۆ لە بی بی سی پێشکەش کرا. هیندستان سوپایەکی زیاتر لە دوو ملیۆن پیاوی هەبوو و ئۆروێڵ بەشێک بوو لە هەوڵەکانی گواستنەوەی پڕوپاگەندە بۆ کیشوەری لاوەکی بۆ هاندانی ئەو بۆچوونەی کە ئاسایشی بەریتانیا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هیندییەکان.
ئەوەندەی کە ئۆروێڵ بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لە هەوڵە پڕوپاگەندەییەکانی بەریتانیا، بە تایبەت لە پارێزگا ئیمپراتۆرییەکاندا، زۆر کەس تووشی سەرسوڕمان دەکات کە ڕۆمانە سیاسییەکانی وەک دژایەتی ئەو جۆرە شتانە دەبینن. ئۆروێڵ ئامادە بوو شتگەلێکی لەو جۆرە بنووسێت، چونکە پێیوابوو ئەم کارە یارماتی وڵات دەدات بۆ بردنەوەی جەنگەکە، بەڵام زۆری نەخایاند تێگەیشت کە هەوڵەکانی بێهودەن. شێلدن باس لەوە دەکات کە ڕاپرسییەک لەناو بی بی سیدا دەریخستووە کە لە وڵاتێکدا کە ئەو کاتە نزیکەی سێ سەد ملیۆن کەسی تێدابوو، تەنها ١٥٠ هەزار کەس توانای تەکنەلۆژییان هەبووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خزمەتگوزاری ڕۆژهەڵاتەوە بکەن. لەوانە ڕەنگە تەنها مشتێکی کەم جگە لە هەواڵەکان گوێیان لە شتێکی تر بووبێت. هەواڵەکە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بوو، وەک شێلدن دەیگێڕێتەوە، بە تایبەتی وتی: “زۆربەی ئەو شتانەی لە بی بی سیەوە دەچنە دەرەوە تەنها دەچنە هەواوەو کەس گوێی لێناگرێت و لەلایەن بەرپرسانی ئەو کارەوە وای لێ دەکەن کە کاس گوێی لێ نەگرێت. هەر ئەم ئەزموونانەن کە دواتر دەڕژێنە ناو ڕۆمانی ١٩٨٤. ئەو شتانەی لە (بی بی سی) ئەزموونی کرد لە کۆتاییدا بەسوود بوون بۆی کاتێک ئیلهامیان لێ وەرگرت بۆ دروستکردنی بیرۆکراسی کابوساوی وەزارەتی ڕاستی. بەهۆی ئەوەی هەرگیز لە ژینگەیەکی ئاوادا کار نەکردووە، زانیارییەکی زۆری پێبەخشی کە چۆن ڕێکخراوەکان پاساو بۆ چالاکییە بێماناکان دروست دەکەن و زۆرێک لە کرێکارەکانیان ڕازی دەکەن کە کارەکە بە جددی وەربگرن.
لە کۆتایی شەڕەکەدا ژیانی ئۆروێڵ بەهۆی کێشەی تایبەتییەوە تێکچوو. ئیدا، دایکی ئۆروێڵ بەهۆی سستبوونی دڵەوە دەمرێت، شێلدن دەڵێت ڕەنگە ئەمە پاڵنەر بووبێت بۆ تامەزرۆیی ئەو بۆ منداڵی خۆی. ئۆروێڵ لە یاداشتە تایبەتەکانیدا دەریخستووە کە تامەزرۆی بەخێوکردنی منداڵی هەبووە بووە بەڵام خۆی بە نەزۆک زانیووە، هەرچەندە شێلدن ئاماژەی بەوە کردووە کە ناتوانرێت بزانرێت ئایا ئەمە ڕاستە یان نا. هەر لەم خەمەوەیە کە ئۆروێڵ و ئایلینی هاوسەرەکەی بڕیاریاندا بۆ هەڵگرتنەوەو بەخێوکردنی ڕیچارد هۆراشیۆ بلێر. مایکل شێڵدن ئاماژە بەوە دەکات کە ئایلین سەرەتا دوودڵ بووە لە بڕیارەکەیان بۆ هەڵگرتنەوەی منداڵێک ئەگەر نەتوانن منداڵێکیان هەبێت. بەڵام ئەوە ڕوون بووەوە کە هەردوو دایک و باوکە نوێیەکە حەزیان لە منداڵە نوێیەکەیان بووە و دەیڤید ئەستۆر، سەرنووسەری بەناوبانگی ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر، ئەو بڕوایەی هەبوو کە جۆرج و ئایلین “هاوسەرگیری خۆیان نوێ دەکەنەوە ‘لە دەوری منداڵە نوێیەکەیان”، وەک شێلدن ئاماژەی پێکردووە. لە دەوروبەری ئەم کاتەدا بوو کە کێڵگەی ئاژەڵان بڵاوکرایەوە، ڕۆمانێک کە وای لێکرد ناوبانگێکی جیهانی بەدەستبهێنێت و ژیانی پیشەیی خۆی لە قاڵب دا. دی جەی تایلۆر لە کتێبی Orwell: The Life ئاماژە بەوە دەکات کە کاردانەوەی ئۆروێڵ بەرامبەر بە سەرکەوتنی ئەم ئەفسانە سیاسییە تێکەڵەیەک بوو لە ڕەزامەندی و نائارامی. هەرچەندە، لە ڕووی سامان و ناوبانگی ئەدەبیەوە، جارێکی دیکە ژیانی وەک خۆی نابێتەوە، بەڵام دەمارگیر بوو لەوەی ڕەخنەیەکی چەپ لە ستالینیزم وەک هێرشکردنە سەر خودی سۆسیالیزم بە چەواشەکاری بخرێتە ڕوو
تا ڕادەیەکی زۆر ترسەکانی هاتە دی و بەردەوامترین ڕەخنەی کتێبەکە ئەوە بوو کە هەر جۆرە ڕەخنەیەک لە یەکییەتی سۆڤیەت یاری بۆ دەستی نازییەکان دەکات. جارێکی تر دی جەی تایلۆر دەگێڕێتەوە کە ئۆروێڵ پێیوابوو کە ئەم دەستەواژەیە “جۆرێکە لە سۆز و جادوو بۆ بێدەنگکردنی ڕاستییە قورسەکان.” ئەوەی کە بەنیازی بوو بیکات، تەنیا هێرشێکی زۆرەملێ بوو، بە شێوەیەکی خەیاڵی، بۆ سەر ئەفسانە بەردەوامەکانی یەکێتی سۆڤیەت. لە قۆناغەکانی کۆتایی ژیانی ئۆروێڵدا، کارەساتە کەسییەکانی دەستیان کرد بە داگیرکردنی ژیانی پیشەیی. لە ساڵی ١٩٤٥دا، هەر لەو کاتەی کە کێڵگەی ئاژەڵان ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا، ئایلین بلێر دوای نەشتەرگەرییەک کە هیوای خواستبوو تەندروستی باشتر بکات، گیانی لەدەستدا. ئۆروێڵ لەو کاتەدا لە دەرەوەی وڵات بوو؛ بە بیستنی هەواڵەکە ڕاستەوخۆ گەڕایەوە ماڵەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، بیرۆکەی ئەوەی کە ئۆروێڵ بەهۆی مردنی هاوسەرەکەیەوە هیچ کاریگەر نەبووە، چیرۆکەکانی پەیوەندییەکەی نێوانیان پڕکردبوو. بەڵام ئەمە زۆر لە ڕاستییەوە دوور بوو. ئەو نامانەی لەم قۆناغەدا نووسیویەتی، پیاوێکی شکاوو و خەمگین نیشان دەدەن، کە بەهۆی مەیلی ستۆیکی خۆیەوە دەشاردرایەوە. منداڵێکی لەگەڵ مابووەوە کە دەبێت ئاگاداری بێت و زۆر پەشیمان بووەوە لەو شێوازەی کە هەندێک جار مامەڵەی لەگەڵ ئایلین کردبوو. خزمەتێکی ناشرین دەکات، بۆ ئۆروێڵ بەڵام بە تایبەتی بۆ ئایلین، ئەگەر بیر لە ژیانی پێکەوەیی خۆیان بکەینەوە وەک شتێکی تر جگە لە پڕبوون لە سۆز و خۆشەویستی، هەرچەندە ئەو خۆشەویستییەی نووسەرێکی کێشەدار لە ساڵانی نۆزدە و چلەکاندا دەبێت بیدات، زۆرجار زۆر شت بەجێدەهێڵێت کە بەپێی پێوەرەکانی مۆدێرن قبووڵ کراوبێت.
بەڵام ئەوە ڕاست بوو کە ئۆروێڵ حەزی دەکرد دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە. وەک شێلدن ئاماژەی پێدەکات، بەهۆی ئەوەی منداڵێکی بچووکی هەیە و مێژوویەک لە لاوازی سییەکانی هەبووە، هەستی بە ئارەزووی بەهێز کردووە بۆ ئەوەی یەکێک ئاگای لێبێت. بە گوتەی شێلدن، لە دوای مردنی ئایلین لەگەڵ زۆرێک لە ژنانی گەنجتردا داوای هاوسەرگیری کردووە، دیارترینیان سیلیا پاگێت و سۆنیا براونێل و ئان پۆفام بوون. هەموویان ڕەتیان کردەوە، زۆربەیان بەو پاساوەی کە هیچیان ئەویان بە سەرنجڕاکێش نەزانیوە یان ئارەزووی بوون بە هاوسەریان نەبووە، هەموویان لەو کاتەدا لە تەمەنی ناوەڕاست تا کۆتایی بیستەکاندا بوون. بەڵام لە کۆتاییدا یەکێک لەو خانمانەی پێشتر باسمان کرد پێشنیارەکەی قبوڵ کرد. ئەمەش دوای چوار ساڵ ڕوویدا، لە ساڵی ١٩٤٩، کاتێک ئۆروێڵ بە شێوەیەکی گشتی بە کەسێک کە لە سەرەمەرگدا بێت دانرابوو. سۆنیا براونێل لە سەر تەختی نەخۆشخانەکەی لە نەخۆشخانەی زانکۆی کۆلێج لە لەندەن لەگەڵ ئۆروێڵ هاوسەرگیری کرد و تەنها چەند مانگێکی کورت پێش مردنی پێکەوە بوون. هەرچەندە زۆر نزیک بوو لە مردنەوە لە کۆتا ساڵەکانیدا، بەڵام ئۆروێل توانی ڕۆمانی ١٩٨٤ تەواو بکات و بژی بۆ بینینی بڵاوبوونەوەی. بڵاوکەرەوەکانی کتێبەکە، Secker & Warburg، بە “ترسناکترین کتێب ناویان بردووە کە تا ئێستا خوێندومەتەوە”، وەک لەلایەن دی جەی تایلۆرەوە وەرگیراوە.
هەروەک چۆن لەگەڵ کێڵگەی ئاژەڵان، نیگەرانی ئەوە هەبوو کە ڕۆمانەکە هێرشێکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر سۆسیالیزم بە گشتی پێشکەش بکات و کتێبەکە بەهای ملیۆنێک دەنگی بۆ پارتی پارێزگاران هەبووە، وەک دی جەی تایلۆر دەگێڕێتەوە. لە بەرامبەر ئەم جۆرە ڕەخنانەدا، ئۆروێڵ هەمیشە حەزی دەکرد جەخت لەوە بکاتەوە بە توندی کە خاڵی سەرەکی دژە کۆمۆنیست نییە بەڵکو دژە تۆتالیتارییە. لە پاییزی ساڵی ١٩٤٩دا ٢٥ هەزار چاپ لە ڕۆمانی ١٩٨٤ لە چاپدا بوو و فرۆشتنی لە ئینگلتەرا و ئەمریکا پەرەی سەند. هەرچەندە مقۆمقۆی ئەوە هەبوو کە ڕۆمانە تازە بڵاوکراوەکە هەموو نیشانەکانی کلاسیکێکی هەیە، بەڵام ئۆروێڵ هەرگیز ناژیا تا ئەو دەنگۆیانە ببینێ ببێت بە ڕاستی. لە ٢١ی کانوونی دوومی ١٩٥٠دا لە تەمەنی چل و شەش ساڵیدا خوێنبەرێک لە سییەکانی ئۆروێڵدا دەپچڕێت و چەند ساتێک دوای ئەوە کۆچی دوایی دەکات.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/george-orwell-life-influenced-literature/
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه؛ ئهحمهد ڕێبوار