“شیعری نوێ و خوێنەرەکانی”
شیعری نوێی کوردی بە هەموو ئەو تایبەتمەندی و ناوەرۆک و پێکهاتانەیەوە لە بەستێنێکی مێژوویی وەها دەستی پێکرد کە گۆڕانکاریی و گۆڕانخوازیی لە رووبەری جوگرافی رۆژهەڵاتی ناوین دا وەکوو پێویستی و دەبێتێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت رامیاری دەرکەوت. پێداگری و شێلگیری ئەدیبگەل و نووسەران و “خوێنەران”ی کوردیی لە پێویستیی هەبوون و دەرخستنی”ئاسۆی چاوەڕوانی” بۆ مانای نوێ و نەسواو پێکهات و فۆرم و قەبارەی “دەقی” کوردی لە زۆر رووەوە گۆڕی. شتێک کە حاشاهەڵنەگر و چەسپاوە ئەوەیە کە نووسەر و بەگوێرەی ئەوەش”دەق” (بە واتا رۆلان بارتییەکەی) چەند هەنگاو و قۆناغێک لەپێش خوێنەرە و هەروەکوو جولیا کریستیڤا دەڵێت: دەق دەبێت لەپێش و سەرەوەی خوێنەر بێت و ئەرکی ئەوە بێت کە خوێنەر بەرەو بەرزاییەکانی خۆی هەڵبزنێنێت و هەڵکێشی واتا بەرزەکانی خۆی بکات، دەق نابێت خۆی بۆ خوێنەر دابەزێنێت و دەبێ خوێنەر پێملی هەڵزنانی بەرزایی و هەڵەمووتەکانی خۆی بکات تەنانەت تا ئەو شوێنەی”سپی خوێنی” وەکوو یەکێک لە قۆناغ و تەکنیکەکانی مانا دۆزیی و دەق خوێنی بێت. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم دا جووڵە و ئارەزوو و خواستی سووژە و تاکی ناسکار و مەعریفەخوازی کورد گەیشتە ئەو رادەیەی کە حاشا لەو فۆرم و پێکهات و ناوەرۆکەی بوونی خۆی بکات و ئەزموونی نوێ خوازی تا وێستگەی دەق و نووسین دا شوێن دۆزی کرد.
ئەزموونی نوێخوازی شیعری نوێی کوردی لە رووی زەمەنییەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردوستان مەودایەکی ئەوتۆیان پێکەوە نییە، بەڵام لەرووی بەستێن و ئامادەگی و شیمانەی کۆمەڵایەتی و رامیارییەوە سەرەڕای ئەو هەموو بارستایی و قەبارەیە لە هاوبەشێتی و چوون یەک بوون، جیاوازی و ناهاوبەشێتی خۆشیان هەبوو کە لە قەوارەی دەقەکانیشیاندا دەرکەوتە و تیشکەی هەبوو. قورسایی گێڕانەوەیی و تیۆریکی و نموونەهێنانەوەیی لێرەدا زۆرتر لە سەر رەوت و گەڕیان و دەقەشیعرییە نوێکانی رۆژهەڵاتی کوردوستان دەخرێتە بەر باس. هەر وەکوو وتم نووسەر و دانەر لە رووی تیۆریکییەوە دەشێت قۆناغان و هەنگاوانێک لەپێشی خوێنەر بن. پاش سەرهەڵدانی شیعری نوێ بە سەرپشکی و ئاڵاهەڵگریی “سوارە ئیلخانی زادە” و بە لەچاپ درانی “خەوە بەردینە” پرس و وتەزا و بابەتگەلی پەیوەست بە شیعری نوێ (لەوانەش خوێنەر) فیل و دەربیجەی دەکرێتەوە. سوارە لە جوگرافیای خۆی دا سامان و میراسی رەوت و ئەزموونگەلێکی لە پشت بوو کە خانە و بینای نوێی شیعری لە سەر ستوون و کۆڵەکەی ئەو سامان و نەریتە دەوڵەمەند و هەراوانە بوونیاد نا. لە رۆژهەڵاتی کوردوستان پاش ئەزموون و جیهانی “حەریق”، “وەفایی و میسباحودیوانی ئەدەب” کە لەژێر سێبەر و کاریگەری مامۆستا “نالی” دا بوون، رەوتێکی ئازاد و تایبەت بە ئەزموون و هەبوونی تایبەت لە جوگرافیای رۆژهەڵات دا شکڵی گرت. رێبازی موکریان ئەو رەوتە نوێیە کلاسیکییە بوو کە بە سەرپشکی “سەیفولقوزات” هاتە ئاراوە و شاعیران و وەگێڕ(راوی)انێکی وەکوو “شێخ ئەحمەدی سریلاوا، دوکتور شەوقی، خاڵەمین بەرزەنجی، سەید کامیل ئیمامی و…هتد” درێژەدەری ئەو رێباز و رەتە بوون کە بە شاعیرانی بەرەی یەکەمی رێبازی موکریان ناوزەد دەکرێن.
بەرەی دووەمی رێبازی موکریان بریتییه لە “هەژار، هێمن، حەقیقی، خالیدی حیسامی-هێدی، مەلاغەفووری مەهابادی، عەتری گۆڵۆڵانی و…هتد” کە ئەمانیش بە شاعیرانی بەرەی دووەمی رێبازی موکریان ناوبردە دەکرێن. لەم سەروبەندە دا شۆڕشی گەلانی ئێران بەهەموو هێزییەوە هاتە روودان و تاقمێک لە شاعیران وەکوو شەریف “حوسێن پەناهی، مەلاعەلی سەعدی، سەیدقادر سیادەت، سەعید نەجاڕی-ئاسۆ، نادر نیروومەند، ئەمین گەردیگلانی و…هتد” ئەزموون و جیهانی بەرەی دووەمی رێبازی موکریانیان درێژە پێدا. لێرەدا خوێنەرانێکی وشیار و جیددی هەبوون کە بەسەر ئەم هەموو میراس و سامانەوە بەرەو شیعری نوێ جمان و بەسەرپشکی سوارە ئیلخانی زادە و بە لەچاپ درانی خەوەبەردینە شیعری نوێی کوردی بە شێوەی فەرمی و مانیفێستوەرانە بوونی خۆی خستە روو. هاوبەشان و هاوشانانی سوارە لەم ئەزموونە دا کە پاش ئەو رێبازی سوارەیان درێژە پێدا و بەرەو شوێنگەیەک بردیان کە دەنگ و رەنگی خۆیان تا رادەیەک لە سوارە جودا کردەوە، دوو کەسی بەرچاو لەوانە بریتین لە: عەلی حەسەنیانی”هاوار”، فاتیح شێخولئیسلامی”چاوە”. سوارە و “هاوسوار”ەکانی لەسەر پشتی ئەو سامان و خەرمانە ئەدەبییەی رەوتی کلاسیک کە باسم کرد خۆیان رۆ نا و باڵایان کرد و دەنگ و رەنگ و سیما و بیچمی خۆیان وەرگرت.
ئەم دەسپێکردنەی سوارە و سەرهەڵدانی شیعری نوێ هاوکات بووە لەگەڵ تەقینەوەی شۆڕشی گەلانی ئێران کە وەکوو نیشانە ناسی دەشێت بڵێین وەها تەقینەوەیەک هاوکات یان پێشتر لەناو جیهانی دەق دا رووی داوە و جیهان و پێکهات و پانتایەکی نوێی ویستووە. شۆڕشی گەلانی ئێران هاوکات بووە لەگەڵ شۆڕشی خوێنەرانی ئێران، کە بووە هۆی داهاتنی نووسەران و دەقانێکی نوێ. بەهەرحاڵ ئەزموونی نوێ و کۆنەبێزی سوارە سەرەڕای جاڕدانی شیعری نوێی کوردی وەکوو نیشان و پەیامێک، ئاماژە و قامک هاوێشتنە بۆ لایەن و رەهەندێکی کەمترناسراو و پەراوێزی (بەپێی هەلومەرجی گوتاریی و زانیاریی ئەو سەردەمە دەڵێم)بە ناوی خوێنەر. کە نووسەری دەق لە کاتی نووسین دا بەشێوەی وێناکراو(تێوری) خوێنەری لە زەین دا ئامادە بووە و بەردەنگی بە لایەنێکی زۆر چارەنووس ساز وێنا کردووە کە دەق بۆ ڤی(ئەو) دەنووسێت و ئەو دەیخوێنێتەوە. ئایا نووسەر دەشێت خوێنەر بناسێت تاکوو بە پێی جیهانی ئەو بنووسێت و دەق داڕێژێت؟ ئایا دەشێت دژی ئەو جیهانەی نووسەر بنووسێت؟ ئاخۆ خوێنەر زمانی ئەوی چەندە لا پەسندە؟و… ئامادەگی خوێنەر لە فۆرمی”بوون” و تەنها “بوون”ی دا لەم فۆرموول و نموونەیەدا دەرکەوتوو و لەسەرپێیە. ئەمەی کە خوێنەر چەندە خوێندنەوە و راڤە(تەئویل)ی لە دەقە نوێکانی پانتای شیعر کردووە پرسیارێکە کە دەشێت ئێمە لەو پانتایانە دا عەوداڵی بین کە ئەگەری دەستنیشان کردن و روخسار ناسینیان بە میتۆدێکی ئەندازەیی و پەیمایشی هەبێت، ئەگینا ناتوانین بوون(Been) و هەبوون(Become) و ماهییەتی خوێنەر لە هیچ قەوارەیەک دا دیاری بەین.
بەهەرحاڵ پاش ئەزموونی سوارە و هاوڕێکانی رەوت و گەڕیانێکیتری شیعری کە بە رەوتێکی سیاسی رۆمانتیک ناوزەد دەکرێت دێتە ئاراوە کە نوێنەرانی بەرچاو و دیاریان مارف ئاغایی، ژیلا حسەینی و جەلال مەلەکشایە. دەقی ئەم شاعیرانە هاوتەبایە لەگەڵ ئەو کەش و هەواسیاسی و خەونە ناسیۆنالیستییەی کە ئەتوموسفێری زاڵی سەردەم و کاتیان بوو. پاش ئەم رەوتەش؛ ئەزموونێکی جیددی تر و پڕچەک بە مەعریفە و عەوداڵمەند بەدوای پرسیارە شوناس تەوەرکان دێتە ئاراوە کە “محەمەدساڵەح سووزەنی، یوونس رەزایی و…هتد” شاعیرانی دەرکەوتەی دیاری بوو. کە بەڕای من ئەزموونی سووزەنی ئەگەر خۆی تەنها وەک دوورگەیەک لەسەقز نەگیرسابێتەوە دەکرا وەک رەوت و رێبازێکی تەواو جودا باسی لێ بکرێت کە خۆی بە زەقی لە دەقی شیعری”عینجە و فینجە” دا تەقاندەوە. ئەم وتەیەش لەبارەی ئەزموونی یوونس رەزایی کە لە ژێر ناوی ئەزموونی شیعری شێت دوو دەقی بەناوەکانی”شین ترین بەتاڵ” و “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” بڵاو کردۆتەوە، هەر دەشێت بکرێت، بەڵام ئەزموون و جیهانی شیعری هەر کامەیان تایبەت و جیاواز لەویدییە، سووزەنی شێتتر لەو شێتییەیە کە یوونس رەزایی تێیدا دەژی و بیردەکاتەوە و خەون دەهۆنێتەوە. پاش ئەمەش رەوت و ئەزموونێکی تر کە تا بینەقاقا خۆی بە تیۆری ئەدەب و هەندێک گوتار و چەمکی فەلسەفی پڕچەک کردووە لە ژێر ناوی بەرەی چوار سەر هەڵدەدات، ئەم رەوتە پاش گرتنی چەند کۆر و دانیشتنێک لەسەر مانیفێستکردنی خۆی”شرۆڤەیان” بڵاو کردەوە و ئاماچەی بە کۆمەڵێک کۆڵەکە و بنەما و خەون و ختوورەی خۆی دا. شاعیرانی ئەم بەرەیە بە هۆی کەمترین هەل لە بڵاوکردنەوەی دەقەکانیان لە قەوارەی کتێب دا، بەزۆری لە گۆشە و پەراوێزی حەوتەنامە و مانگنامە و وەرزنامەکان دا ماونەتەوە ئەگینا رەنگە هەژمارێکی زۆر ناو ریز بکەین کە خۆیان سەر بەم بەرەیە دەزانن.
ئەزموون و بەشداری خوێنەر لەپێوەندی لەتەک دەقی شیعریی هەر کام لەو رەوت و رێبازانە دا حاڵەتی جیاواز و شێوازی جیاکاری بەخۆوە بینیوە، بەرای من بەشداری و هاوسەفری خوێنەر بەناو شیعری نوێی کوردی دا تا پێش لە سووزەنی و رەزایی ساکار و ئاسان بووە، تا پێش لەوان خوێنەر وەکوو ئەوە وابوو قسە و ورتەی دڵی شاعیر دەزانێت تەنها ناتوانێت وەکوو شاعیر لەو زمانە شیعری و سیحراوییە هەڵکێشێت و زمانڕێژی بکات، بۆ ئەم خوێنەرە مانا دەرکەوتە و بڵاچەیەکە کە شاعیر بە وشەڕێژیی تایبەت بە خۆی و رستەچنیی شاعیرانەی خۆی لە دڵ و ناخی خوێنەر دا بە ختووکەیەکی شاعیرانەوە وەدەری دێنێت و چێژی هێزەکی(بالقوە)ی خوێنەر کردەکی(بالفعل) دەکاتەوە. لەم قۆناغەی بەشداری خوێنەر لە شیعری نوێ دا مانا و خەونەکانی ناخی دەقی شاعیر بە شێوەی هێزەکی و ئەگەریی(ممکن)انە ئامادەیە و شاعیر تەنها لە رێگەی زمان و خانە(Topose)کەیەوە بەبیری خوێنەر دا دەیهێنێتەوە و ئەو خەونەی خوێنەر لە یادی کردووە شاعیر بە شێوەیەکی قووڵ و بڵاچەئاسا بە بیری دا دەهێنێتەوە، کەواتە خوێنەری ئەم قۆناغە هاوپێی دەقی شیعری ئەم قۆناغە خاوەنی چلۆنایەتی و کەیفییەتێکی وەها نییە کە لای کەسێکی وەک “هایدیگەر” بە تێڕامانی هەڵوێستەکار (تفکرتاملی) (Gelassenheit) ناوبردە دەکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە باتی هەڵوێستەیەک کە سەر لە تێڕامانەوە بدات زۆرتر هەڵوێست لەم قۆناغەی شیعر دا یەخەی خوێنەر دەگرێت و شتێک کە لەرووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە زۆر سانا و بگرە چێژبەخش و حەماسەت ئامێزە لای خوێنەری کورد گرتنە بەری هەڵوێست و سینەوەپێشەوە دانە خستنەرووی مانای خۆی و خودی مانا. وەک نموونە دەکرێت چەند شیعرێکی “مارف ئاغایی” وەکوو قۆناغی پاش سوارە و خاوەنی تایبەتمەندیی هەڵوێست تەوەر و ماناهێزەکییانە بۆ خوێنەر، بخەمە روو:-
کۆچ
خاک،
توانای کۆچی نییە،
ئەوەیە رازی مانەوەی هەمیشەی من
لەم وڵاتەدا
خوێنەری سادە یان مامناوەند بە خوێندنەوەی ئەم شیعرە تەنها و تەنها خەیاڵ و فەنتازیا و وێنەکانی سەر بەو فۆرمە خەیاڵییەیان دەبزوێت، کاتێک خوێنەر ئەم شیعرە دەخوێنێتەوە، بۆ چرکەساتێک دەچێتەوە ناو دونیای خۆی و بیر لەوە دەکاتەوە کە شاعیر راستییەکی رۆژانە و بەرهەستی چەندە جوان لەگەڵ خەونە وڵات پەرەستانەکانی ئەو دا هۆنیوەتەوە. خاک، ئەو دانە وردیلانەیە کە هەموو جوگرافیا و وڵاتی تەنیوەتەوە، ئەگەر هەموو ئەم خاکە هەناردەی وڵاتێکی دیکە بکرێت ئەم خاکە هیچ لە ماهییەت و چییەتی ناگۆڕێت چوونکوو سەرچاوە و مەعدەنی ئەو دانە وردیلانانەیە کە دەشێت بگوازرێتەوە بەڵام نەچوات، ئەمە سەرەڕای ئەوەشە خوێنەر دەتوانێت بیر لەوەش بکاتەوە کە هەموو نەتەوە و باوباپیر و تروومی شاعیر هەمووی لەم خاکە دا نێژراون و بووگن بەو خاکە و تەنانەت شاعیریش خۆی دەبێت بەوە خاکە، ئەگەر هەمووی ئەو خاکە هەناردەی سەرزەمینانیتر بکرێت کێ دەتوانێ گەرەنتی ئەوە بکات کە وردەپرووسک و گەردیلەیەکی پووکاوە لەو خاکە لەشوێنێک دا نەمابێتەوە و توانستی کۆچ پێکردن لەبنەوەڕا پووچەڵ نەکاتەوە؟
لێرەدا و لەم قۆناغە دا خوێنەر پێویست ناکات شوێن دۆزیی مانا بکات بەڵکوو مانا هێزەییانە و هەڵوێست تەوەرانە خۆی دەدات بەدەستەوە. لەم قۆناغەدا بێگومان پێوەندی خوێنەر و دەق، پێوەندی و لێک هەڵبەستراوییەکی دیالیکتیکییە و خوێنەری سادە و مامناوەند رێژەی زۆر و بگرە زۆرینەی ئەم دەقە شیعرییە نوێیانەی سەر بەم قۆناغە پێک دێنن. نموونەیەکیتر لە شیعری مارف ئاغایی:-
ناسنامە
رەشترین قولەی ئافریقام،
بۆچی بەمن پێدەکەنی خۆ رەنگم نا؛
باسی بەختم دەکەم بەختم.
تەنیا مرۆڤی نێو قەرەباڵغی ئەم دونیایەم؛
باسی رۆحم دەکەم رۆحم.
بێکەسترین لەدایک بووی سەر ئەم خاکەم،
دەبەس قاقام بۆ بکێشە؛
باسی شیعرم دەکەم شیعرم. 1375
لەم شیعرەی شاعیریش دا خوێنەری سادە و مامناوەند هەر بەشدارییەکی شهوودی و هێزەکییانەیان پێ دەکرێت و ئەو واتایانەی کە دەق دەیخاتە روو پێشتر و بەزۆری لەجیهانی ئەم تاقمە لە خوێنەران دا بەجاروبار رووی داوە، بەڵام خوێنەری وشیار دەچێتەوە سەر هەواری پرسیار و هەوڵ بۆ رەخنەکردنی بنەما و پێکهاتی شیعر و تەنانەت سیستەمی واتاڕێژی و ماناپەرەستی دەق و کۆی شەو سیستەمە بەگیروگرفت(چالش)دەکات و لایەنە ئایدۆلۆژی و شیعرییەت کوژەکانی دەق و هەروەها سیستەمی جوان ناسی و نیشانەناسی دەخاتە رۆژەڤ و بەرباسەوە و لەسەر خانەی شیعری رەخنەکراوی ئەم قۆناغەی شیعری نوێ، عەوداڵ و گەڕاڵی چەشن و فۆرم و پێکهاتێکیتر لە جوانی ناسی، واتاڕێژی، نیشانەناسی، زمانبازیی، چەمک مەندیی بەناوی شیعر دەکەوێت. خوێنەری وشیاری ئەم قۆناغە دوو چارەنووس و ئاراستەی لەبەرە:-
- یان تەنها و تەنها لەئاستی خوێنەرێکی وشیاری پەراوێزنشینی حەکیم وام دەمێنێتەوە و هیچ یادداشت و دەقێک لەم ئەزموونە رەخنەکار و بونیاتنەرانەیەی خۆی لە دیالیکتیکی لەگەڵ دەق دا ناخاتە روو، کە بەڕای من بێگومان ئاوەها خوێنەرانێک لە کۆمەڵگای کوردی دا بوونیان هەیە، بەڵام بەهۆکارگەلی جۆراوجۆر هەلی دەرکەوتن و خۆدەرخستنیان بۆ “نەڕەخساوە”. ئەگەرچی ئەم خوێنەرانە لە ئاستی پەنجەکانی دەستێک تێنەپەڕن!
- خوێنەرانێکی وشیار کە بە ئاگادارییەکی باش و تارادەیەک تەواو لە تیۆرییەکان و دەسکەوتەکانی دوونیای رەخنەی ئەدەبی و تێڕامان و هەڵوێستەکانی خۆیان لەو شوێنگە و جوگرافیایەی کە بوون و باڵایان کردووە، دەکەونە شەن وکەوکردن و راڤە و شرۆڤەی دەقی شیعری نوێی ئەم قۆناغە و لە زۆر رووەوە: جوانی ناسی، نیشانەناسی، زمانناسی، تەکنیکەکانی گێڕانەوە، شیعری نوێیان هەڵسەنگاند و لەسەر ئەم جووڵە و هەوڵانەی خۆیان “نالی و خوێندنەوە نوێکانی سەردەمیان”نووسی، یان”دەنگی بلوورینی دەق”، یان” پێکهاتەی بەیت” و…نووسی، خوێنەرانی وشیاری ئەم باڵە ئەو خوێنەرانە بوون کە یادداشتیان لە خوێندنەوە و راڤە و شرۆڤەکانی خۆیان هەڵگرت و بەدەقی خۆیان بەرسڤی ئەزموونی دەقی ئەم قۆناغەیان داوە، یان ئەزموونی نوێی شیعریی ئەم قۆناغەیان بەرەو هەوار و کوێستان و تەنانەت کەندەڵانی بیکر و شەقڵ نەشکاو شۆڕ کردەوە. رەنگە یەکێک لە باشترین خوێنەرانی ئەم قۆناغە نووسەرانی عینجە و فینجە و شین ترین بەتاڵ بووبێتن کە هەر وەکوو لەسەرەوە باسم کرد خۆیان درێژەدەری ئەزموونی شیعری نوێ لە قەوارەیەکی جیاوازتر دا بوون. ئەمە یەکێک لەو قۆناغانە شیعری نوێ بوو کە چەند تاقم لە خوێنەری بەشدار کرد لە سەفەر و خوێندنەوە و راڤەکانی دا، هەر کام لەم خوێنەرانە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیان بوون، کە من تا ئەو شوێنەی زانیارییە بونیادییەکانی(Data basic) پێویست بۆ گێڕانەوەیەکی زانستی لە پانتای زانستەمرۆییەکان دا لەبەر دەستم دا بوو گێڕامەوە و تەنها و تەنها ئاماژەم پێداوە. کاتێک دەڵێم تا ئەو شوێنەی لەبەر دەستم دا بوو، بەو واتایە نییە کەمن ژێدەر و کتێب و وەرزنامەی پەیوەست بەم قۆناغەی شیعری نوێ لەبەر دەست دا نەبووە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ئێمە ناسیاوەتی و زانیارییەکی ئەوتۆمان لە بوونەوەرێک بەناوی خوێنەری کوردیی نییە، بەشێکی ئاڵۆزیی و تێکچوویی بارودۆخەکە یان هەمان پرۆسەی تێپەڕبوونە بەڵام بەشی بنەمایی و فرەتر ئەوەیە کە خوێنەری کوردی لەکەمترین ئاستدا دەرکەوتووە و تەنانەت کەمترین مەجال و رووبەر و لاپەڕەی بووە بۆ دەرکەوتن، بۆیە بێگومان و بە وتەی دۆستێک: قەیرانی خوێنەر جیددی، جیدی ترین قەیرانی جیهانی ئێمەیە.
بەشداری خوێنەر لە رەوت و قۆناغەکانی تری شیعری نوێ بەراستی زۆر ئاڵۆزتر و سەیرتر و دەعجانیتر خۆی نواند و تیشکی هاوێشت، من بۆ پشت قایم کردنی ئەم وتەیەم دوو بیرەوەری خۆم دەگێڕمەوە.
- چەند ساڵ پێش، لە سیمینارێک بە ناوی”رەخنە و لێکدانەوەی شیعری نوێی کوردی” لە مەریوان کە منیش لەبەشداربووان بووم، نووسەری عینجە و فینجە داوەری چەند پەنێلێک بوو، بەڕێزێکی خوێنەر رۆشتە پشت تریبۆن و پاش پێشکەشکردنی کۆمەڵیک وتە حەماسەت ئامێز وتی: ئاخۆ عینجە و فینجە خۆشی نازانێ چی نووسیوە، من چۆن بزانم؟ کە هاتە خوارەوە پێم وت: چەندە ئاگاداری شیعر وەکوو تەکنیک، شیعر وەکوو رووداوێکی بوون ناسانە، وەکوو شۆڕش و… هتد، هەی، وتی: کاکە تۆ لەوە گەڕێ هەر تواشای ناوی کتێبەکە بکە هەموو شتێکت بۆ روون دەبێتەوە، عینجە و فینجە، یانی فڵتەفڵـت، خۆی هاوار دەکە بەناوەکەیەوە.
- جارێکیش دۆستێکی خوێنەرم کە بەردەوام مانای وشەی کوردی بە کورتەنامە و تەلەفۆن لێم دەپرسی، نێزیکەی دە وشەی ناو شیعرێکی نوێ بۆ ناردم، واتاکانیم بۆ ناردەوە، دوای کاتژمێرێک زەنگی دا وتی: بەخوا نیوەی ئەم کتێبەم خوێندۆتەوە بەڵام یەک رستەشی لێ حاڵی نەبووم.
“کۆتایی”
بەڕای من؛ گێڕانەوە و باسکاریی بەشداری خوێنەر لە شیعری نوێ دا پێویستی بە کۆمەڵێک زانیاریی بنەمایی و ناسیاوەتی بابەتییانە لەبارەی خوێنەرەوە هەیە و بەر لە هەر شتێک ئێمە لە رووبەری گوتاری رەخنەی ئەدەبیماندا پێویستمان بە رەوت و رەوایەتگەلێک بۆ ناسین و ناساندن و بگرە درووست کردنی خوێنەرە، ئەگینا باسی بەشداری خوێنەر لە شیعری نوێ دا و لە ئاوەها بارودۆخێکی بشێوە و ئاڵۆز کە زۆر لایەنی مرۆڤ و تاکی کورد لەوانە لایەنی نڤیساری، پەروەردەیی، زانستی، وەشاندن و…تەنیوە، بەهەمان ئەندازە و بارستایی دۆخەکە ئاڵۆز و بشێوە و پەرتەوازە دەردەکەوێت. پێشنیاری ئەم قەڵەمە ئەوەیە کە لە پلەی یەکەم دا ستراتیژ و شاڕێگەیەک بۆ خوێنەرناسی پێ بێت تاکوو شوێن پێ راستەقینەکان و گۆشەنیگا واقیعییەکانی خوێنەر شیمانەی دۆزینەوە و کەشفیان هەبێت، بۆ دانانی هەر جۆرە ستراتیژ و شارێگە و شابگار(شابوار)ێک پێویستە لە سەر خاڵگەلی خوارەوە هەڵوێستە و تێڕامانی جیددی بکرێتەوە:-
١- کاتێک دەڵێین خوێنەر، ئایا مەبەستمان توێژ و تاقمێکی فەرزی و وێنا کراوە کە دەشێت هەنووکە هەبن یان سەدساڵی تر لە دایک بن یان مەبەستمان تاقمێک شاراوە یان ئاشکرای هەنووکەیە کە بە رادەی پێویست دەرنەکەوتووە؟
٢- خوێنەر دەشێت و دەبێت لە کوێدا و لە چ رووبەر و لاپەڕەیەک دا دەرکەوێت؟
٣- ئایا هەل و شیمانەی پێویست و لەبار بۆ دەرکەوتنی خوێنەر رەخساوە؟
٤- خوێنەری وێنا کراوی ئێمە کە وەکوو چەمک لە سەردێڕێک وەکوو “بەشداری خوێنەر لە قەوارەی شیعری نوێی کوردی” دەنیشێت، دەبێت و دەشێت خاوەن چ ئاستێک لە تێفکرین و چ بارستاییەک لە زانیاری بێت؟
٥- ئایا یەکێک لەو هۆیانەی کە خوێنەر بە تەواوەتی و فەرمیانە رووخساری خۆیمان بۆ دەرناخات ئەوە نییە کە دەور و رۆڵێک کە دەشێت هەیبێت دیاری نەکراوە؟جا چ لە لایەن خۆیەوە بێت یان رەخنەگرانەوە.
٦- ئایا ئەم حاڵەتە لە ئاڵۆزی و بشێوی شتێک لە ترسنۆکی لە خوێنەردا درووست نەکردووە کە دەرناکەوێت کە دەریشکەوت بۆ نکووڵی و دیهاوێژی(فرافکنی)جەهلی خۆی تەنها میکانیزمی ئینکار و رەت کردنەوە دەگرێتە بەر؟
٧- لەمەڕ خوێنەرەوە ئەوەندە باس و خواس دەشێت و دەبێت بکرێت کە لەسەر دەق، کە لەسەر نووسەر. ئەم گێڕانەوەیەی منیش تەنها دەربیجە و بەراییەکی تیۆریک بوو کە هەوڵی ورووژاندنی چەند پرسیارێکی دا کە ئامانجی کەشف و بینینەوەی روخساری راستەقینەی خوێنەری واقیعییە ئەوکات لێکدانەوەی بەشداریی و دەوری لەو دەقانەی کە بانگەشەی سپی نووسی و سپی خوێنیان هەیە.
ژێدر و پەراوێزەکان:
١-زندگی در دنیای متن، پل ریکور، ترجمە بابک احمدی،ل64تا70
٢-“بنەماکانی وشەسازی و وشە رۆنان لە زمانی کوردیدا” نووسراوی کامران رەحیمی
٣-شعر، زبان و اندیشەی رهایی، مارتین هایدگر،ترجمە دکتر عباس منوچهری
٤-لەخۆتەن” وشەیەکە کە لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و بن زاراوەی ئەواندا بەکار دەچێت و من خۆم بیرم لێ نەکردبووە بەڵکوو دۆستێک پێی دام.
٦-همبودگی ڕیندە، جورجو ڕگامبن، ترجمە فواد جراح باشی
٦-چاوبگێڕیی بەواتای گەڕانی ورد و بەسەرنجە کە مە یەکەمجار لە گۆرانییەکی حەسەن زیرەک لە ژێرناوی “سەرتای بە پای زێڕ بێ/پڕدەشتی باژێڕبێ/هەموو چاوبگێڕ بێ/هەر تۆم دەوێ تۆ” کە وەکوو دیارە لەم گۆرانییە دا فۆرمە بکەری(فاعل)ییەکەی دەکار کراوە.
٧-بەشێکی باسگەلی پەیوەست بە پیرۆزیی و قودسییەت لەم وتارەدا لە کتێبی”ئیمان و جەنگاوەرانی”بەختیار عەلی کاریگەری وەرگرتووە.
٨-ناڤرە:دوورگە
٩-واتە کارێک کە بە نیوەچڵی و ناتەواوی ئەنجام دەخوات.
١٠-ئەنیمەیشینێک بوو کە ساڵانی منداڵی بەرەی ئێمە لە تەلەڤیزیۆن دا نمایش دەکرا کە گرووپێک بە سەرپەرشتی پیرەپیاوێکی بەئەزموون و سەربەحوکومەتێکی دادپەروەر بەناو وڵات دا دەکەونە سەفەر و هەوڵیانە دادپەروەری جێ بخەن، لەهەر کوێدا کەسێک، زۆردار و زاڵمێک یان تەنانەت کەلانتەرێک رێ و بەر بەکارەکەیان دەگرێت یەکێک لەو گرووپە بەناوی “تێسۆکێ” شتێکی بریقەداری چوارگۆشەیی کە بە گوڵەنگ و هەڵتاقەوە نەخشین کراوە دێنێتە دەرەوە و بە هەموو خەڵک و کەسی هەمبەر ئەوان دەڵێت: ئەمە نیشانەی مەئموور تایبەتی حاکمی گەورەیە، سەری نەوازش و رێز دانەوێنن و خەڵکیش دایاندەنەواند!
١١-هستی و نیستی، ژان پۆل سارتەر، چاپی ئۆفێست، ترجمە عنایت اللە شکیباپوور
١٢-گوڵچینی شیعری شاعیرانی کورد، ئینتیشاراتی سەلاحەدین ئەیوبی،1379
١٣-زەوی سەخت، ئاسمان دوور. مارف ئاغایی،1377
١٤-خوێنەری کوشندە، بەختیار عەلی وتاری خوێنەری کوشندە
١٥-هەندی قسە و وتەی حەمەساڵەح سووزەنی کە لەم لاولای کۆڕەکان دا بیستوومە و خوێندوومە، وەکوو ئەو دابەشکارییەی خوێنەر بە سادە، مامناوەندی و وشیار. وابزانم سووزەنی کتێبی چاپکراویی کاغەزی نییە.