هەرچەندە زلهێزە بیانییەکان هەر لە سەدەی ١٣دا ئارەزووی خۆیان بۆ چین دەربڕیبوو، بەڵام ئیمپریالیزمی بەریتانیا لە چین لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لە چوارچێوەی گەورەتری ئیمپریالیزمی ئەوروپی لە ئاسیا دەستیپێکرد. چین بە کاڵا و سەرچاوە تایبەتەکانی وەک چا و پۆرسەلین و ئاوریشم زلهێزە بیانییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی ئەوروپی بە سەردەمێکی گەڕان و دۆزینەوەدا تێدەپەڕی، پارەی گەشت بۆ گەڕان بەدوای خاکە نوێیەکاندا دابین دەکرا کە توانای بەرهەمهێنانی سامانیان هەبوو بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتەکانی ئەوروپا. بەڵام لە هەمووی گرنگتر دەوڵەتانی ئەوروپا بەدوای ڕێگای بازرگانی نوێدا دەگەڕان بۆ جێگیرکردنی ئەو بەرهەم و تەکنەلۆژیایانەی کە لە سەدەی ١٨ و ١٩ی پیشەسازی ئەوروپادا بەرهەم دەهێنران. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، وەک یەکێک لە زلهێزە گەورەکانی جیهانی سەدەی نۆزدەهەم، ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا ئامانجی ئەوە بوو کە خۆی وەک هێزی باڵادەست لە چین جێگیر بکات، سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەرەوەی ناوخۆیی وڵاتەکە و هەروەها داهاتووی وەک دەوڵەتێکی سەروەری لە قاڵب بدات.
“شانشینی چینگ و دەستپێکردنی ئیمپریالیزمی بەریتانیا لە چین”
شانشینی چینگ لە کۆتایی سەدەی ١٧دا جێگەی شانشینی مینگی گرتەوە کاتێک ژەنەڕاڵە سەربازییەکانی شانشینی مینگ مانچوسیان وەرگرت، کە کۆمەڵگەیەکی نیمچە کۆچەری سەربازییە لە مانچوریا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی دیواری گەورەی چین. مانچوسەکان بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکی بەرچاویان بەدەستهێنا و توانیان لە ساڵی ١٦٤٤ دەست بەسەر وڵاتەکەدا بگرن و دەسەڵاتی شانشینی چینگیان دامەزراند. شانشینی چینگ نزیکەی ٣٠٠ ساڵ حوکمڕانی کرد و شاهیدی ئیمپریالیزمی بەریتانیا و دەرئەنجامەکانی بوو. پێش باڵادەستی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە چین لە سەدەی نۆزدەهەمدا، شانشینی چینگ لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرچیان لۆنگ ئیمپراتۆریەتەکەی نەک تەنها لە ڕووی خاکەوە بەڵکو لە ڕووی ئابووریشەوە فراوانتر کرد. ئەم قۆناغەی حوکمڕانی چیان لۆنگ بەڵێندەر بوو، چونکە شانشینەکە توانی بە سەرکەوتوویی زلهێزە بیانییەکان لە دوورەوە بهێڵێتەوە بە دانانی سنوورەکان لە شێوەی سیاسەتی سنووردارکردندا. حەزی شانشینی چینگ بۆ گۆشەگیری بە واتای سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئەکتەرە دەرەکییەکان بۆ بازرگانی لە چین لە ڕێگەی سیستەمی بەناو کانتۆنەوە. تاکە خاڵی بازرگانی بەندەری کانتۆن بوو (لە سەر خاکی ئەمڕۆی شاری گوانگژۆ) لە باشووری چین. سیستەمەکە بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە سەرپەرشتیکردنی چالاکییە بیانییەکان لە چین و کۆکردنەوەی باج ئاسانتر بێت. خواست لەسەر بەرهەمە چینییەکان وەک چا و ئاوریشم و پۆرسەلین لە بازاڕەکانی ئەوروپا و بەتایبەتی بەریتانیادا بەرزبووەوە. تا سەدەی ١٧ چا بوو بە خواردنەوەیەکی پەسەندکراو هەم بۆ ئەرستۆکراسی بەریتانیا و هەم بۆ خەڵکی ئاسایی. کاتێک باس لە خێراکردنی هاوردەکردنی چا دەکرا، British East India Company بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەستی بە چای چینی بگات، نەک لە ڕێگەی کۆمپانیا هاوردەکارەکانی دیکەوە، وەک کۆمپانیای The Dutch East India Company. جگە لەوەش، باجی بەرز لەسەر چای چینی بەشداربووە لە قاچاخچێتی و چالاکییە نایاساییەکان. لە ساڵی ١٧٨٤ پەرلەمانی بەریتانیا یاسای گۆرینی دەرکرد، کە سیستەمی باجی بەرزی نەهێشت لە وەڵامی بەرزبوونەوەی بەرچاوی خواست لەسەر خواردنەوەکە. بازرگانی بەریتانیا و چین بۆ چا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کرد. بە پلەی یەکەم بەهۆی جیاوازییە کولتوورییەکانەوە بوو کە شانشینی چینگ بەرەنگاری کردنەوەی بەندەرەکانی بووەوە بۆ بازرگانی بەریتانیا. تا کۆتایی سەدەی ١٨، هەرچەندە بوونی بەریتانیا لە چین زیادی کرد، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی بەریتانیا ڕەتیانکردەوە یان نەیانتوانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەپێی سیستەمی باجدانی چینی بەڕێوەببەن، نەریتێک کە سەرکردایەتی کولتووری چین لە ئاسیادا نیشان دەدا. دراوسێکانی چین نێردراویان نارد بۆ ئەرکەکانی باجدان کە پێویست بوو “کۆتۆو” کە زنجیرەیەک کوڕنوشە، ئەنجام بدەن، هەروەها دیاری بۆ بنەماڵەی شاهانە بهێنن.
زۆربەی کاربەدەستانی بەریتانیا هەوڵیان دا دیپلۆماسی بە شێوەی ڕۆژئاوایی بسەپێنن لە هەمان کاتدا داوای فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پشتگوێخستنی داب و نەریتی هەنووکەیییان دەکرد، چونکە پێیانوابوو بە ئەنجامدانی ئەو کارە خۆیان و ئیمپراتۆریەتی خۆیان ڕیسوا دەکات. ئەمەش چینییەکان بە بێبایەخکردنی شێوازی ژیانی چینییەکان دەیانبینی. یەکێک لە ناسراوترین نموونەکان ئەرکی لۆرد ماکارتنییە بۆ چین لە ساڵی ١٧٩٢. بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەریتانیا بە کردنەوەی بەندەری بازرگانی زیاتر پشتگیری دەکرێت، لۆرد ماکارتنی ڕەتیکردەوە کڕنۆش بکێشێت. ئیمپراتۆر کیان لۆنگ تووڕە بوو. لە نامەیەکدا بۆ شای بەریتانیا جۆرجی سێیەم هەڵوێستی چینی سەبارەت بە فراوانکردنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی بەریتانیا ڕوونکردەوە: “هەموو گەلانی ئەوروپی، بە بازرگانانی بەربەری وڵاتەکەتەوە، بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ئاسمانیمان لە کانتۆن بەردەوام کردووە. ساڵانێکی زۆرە ڕێکارەکە بەم شێوەیە بووە، هەرچەندە ئیمپراتۆریەتی ئاسمانیمان بە زۆری خاوەنی هەموو شتێکە و لە هیچ بەرهەمێکی کەم نییە سنوورەکانیدا. بۆیە پێویست نەبوو بەرهەمهێنەرانی بەربەری دەرەکی هاوردە بکەین لە بەرامبەر بەرهەمی خۆماندا”.
چا بووە بزوێنەرێکی سەرەکی لە دروستکردنی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیادا و یاسای گۆڕانکاری و دەرئەنجامەکانی نموونەی سەرەتایی ئەم بابەتەن. لە کۆتاییدا شانشینی چینگ شکستی هێنا لە سنووردارکردنی بازرگانی بەریتانیا لە یەک بەندەردا. بەم شێوەیە دەتوانرا چڕبوونەوەی بازرگانی وەک یەکەم هەنگاوی ئیمپریالیزمی بەریتانیا لە چین سەیر بکرێت. دواتر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا توانی بە سەرکەوتوویی پێکهاتەی ئابووری سەرەتایی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریی سیاسی بەسەر شانشینی چینگدا دووبارە ئامانج بکاتەوە.
“ئیمپریالیزمی بەریتانی لە چین و جەنگەکانی ئۆپیۆم”
بەریتانیا پارەی چای چینی بە زیوەوە دەدا. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکی کەمی چین بۆ کاڵاکانی بەریتانیا و جەماوەرییەکی زۆری چا لە بەریتانیا، ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا کورتهێنانی بازرگانیی بەخۆیەوە بینی و لەناکاو زیو بەردەست نەبوو. بەریتانیا هەوڵیدا زیو بە کاڵایەکی تری بازرگانی بگۆڕێت. تا کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بازرگانانی بەریتانی پلانیان دانابوو کە بۆشایی بازرگانی خۆیان چاک بکەنەوە بە پێشکەشکردنی ئۆپیۆم کە دەرمانێکی زۆر ئالوودەکەرە، بە چینییەکان لە بەرامبەر چادا. ستراتیژییەکە کاریگەر بوو. بازرگانی ئۆپیۆم گەشەیسەند سەرەڕای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی لەلایەن شانشینی چینگەوە لە ساڵی ١٨٠٠دا، و تا ساڵی ١٨١٩ بەریتانیا توانی کورتهێنانی بازرگانی پێچەوانە بکاتەوە. بازرگانی ئۆپیۆم بۆ شانشینی چینگ نیگەران بوو بەم هۆکارانەی خوارەوە؛ یهكهم، زیان بە تەندروستی هێزی کاری دەگەیاند. دووەم، چینییەکان زیوێکی زۆریان دەدا بۆ ئۆپیۆمی هاوردەکراو؛ بەوهۆیەشەوە بەهای ناوخۆیی زیو زیاد بوو بەهۆی ئەوەی باجەکان دەبوو بە زیو بدرێت، لەبەرئەوەش بووە هۆی زیادبوونی باج و لە ئەنجامدا نائارامی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایی بەرامبەر بە حکومەتی ئیمپراتۆری دروست بوو.
حکومەتی چینگ لە ساڵی ١٨٣٩ کۆمیسار لین زێشوی نارد بۆ گوانگژۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە و کۆتاییهێنان بە بازرگانی نایاسایی ئۆپیۆم. بەگشتی کۆمیسار زیاتر لە ٢٠ هەزار سندوق ئۆپیۆمی لەناوبرد کە کێشیان نزیکەی ١٣٠٠ تۆن بووە. ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بەهۆی ئەوەی دەیویست ئەو بازرگانییە قازانجبەخشەی چا و ئۆپیۆمی کە دامەزراندبوو بپارێزێت، ئەو کارەی وەک دەستبەسەرداگرتنی توندوتیژانە لە سەر موڵک و ماڵی خۆی سەیر دەکرد و لە نیسانی ساڵی ١٨٤٠دا بەریتانیا جەنگی ڕاگەیاند. ئەم جەنگە چەکدارییە بە یەکەمین جەنگی ئۆپیۆم ناسراوە. ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو و لە ئەنجامدا پەیمانی نانجینگ لە ساڵی ١٨٤٢ واژۆ کرا، بەپێی پەیماننامەکە بەریتانیا دوورگەی هۆنگ کۆنگی بەدەستهێنا و لە بەرامبەر ئەو ئۆپیۆمە لەناوچووە داوای قەرەبووکردنەوەی کرد. لە هەمووی گرنگتر بەندەرەکانی چین لەوانە شەنگەهای و گوانگژۆ ئێستا کراوە بوون بۆ بازرگانی بەریتانیا. جگە لەوەش مافی دەرەوەی خاکی بە هاووڵاتیانی بەریتانیا درا، ئەمەش بەشداری کرد لە پێکهێنانی نیشتەجێبوونی نێودەوڵەتی بە سیستەمی یاسایی و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بە خۆیان لە شارە گەورەکانی چین.لە ئەنجامدا هۆنگ کۆنگ گۆڕا بۆ وێنەیەکی ڕوونی ئیمپریالیزمی بەریتانیا، کە ئاوێنەدانەوەیەکی حوکمڕانی و دامەزراوە و دەسەڵاتی دادوەری لەسەر شێوازی ڕۆژئاوایی بوو.
لە ساڵی ١٨٥٦ شەڕی دووەمی ئۆپیۆم ڕوویدا. ئەگەر خاڵی سەرەکی جەنگی یەکەمی ئۆپیۆم درێژکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان بووبێت، لەم جارەدا بەریتانیا داوای پەیوەندی دیپلۆماسی یەکسان و بە یاساییکردنی بازرگانی ئۆپیۆمی دەکرد. هەروەها شەڕەکە بەرژەوەندی نێودەوڵەتی فراوانتری بەخۆیەوە بینی. فەرەنسا بەهۆی پاڵنەرە ئابووری و سیاسی و ئایینییەکانەوە پەیوەندی بە بەریتانیاوە کرد و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بینی. شانشینی چینگ جارێکی تر شکستی هێنا. پەیمانی تیێنسین کە لە ساڵی ١٨٥٨ واژۆ کرا، نەک هەر ڕەهەندێکی ئابووری هەبوو بەڵکو بوونی ئیمپراتۆری بەریتانیای لە کولتوری چینیدا چەسپاند. جگە لە کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ بازرگانی، پەیماننامەکە مافی ئەوەی بە قەشە مەسیحییەکان بەخشی کە بە ئاشکرا بانگەشەی ئایینی مەسیحی بکەن. زۆری نەخایاند نەخۆشخانە و قوتابخانە و کڵێساکانی بەریتانیا لە سەرانسەری شارەکانی چین سەریان هەڵدا. هەروەها ئەم پەیماننامانە بە “پەیماننامەی نایەکسان” ناودەبرێن، چونکە سەروەری حکومەتی ئیمپراتۆری چینیان سنووردار کرد و باڵادەستی بەریتانیایان بەسەر پایە سەرەکییەکانی دەوڵەتداریدا زیادکرد لە ڕێگای: ئابووری، دەسەڵاتی دادوەری، ئایین و کولتوور.
“یاخیبوونی بۆکسەر”
زیادبوونی ئیمپریالیزمی بەریتانیا دوای “پەیماننامە نایەکسانەکان” بەشداری کرد لە زیادبوونی ناڕەزایی گشتی لە شانشینی چینگ و لە ئەنجامدا سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە چین. لەگەڵ کارەساتی سرووشتی و قاتو قڕی و سەختییەکانی بەڕێوەبردنی دانیشتووانێکی هەمەچەشن و بەرفراوان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتی-ئابوورییەوە، زۆرێک شانشینی چینگیان وەک لاواز و بێدەسەڵات لە بەرەنگاربوونەوەی گەشەسەندنی ئیمپریالیزمی بەریتانی سەیر دەکرد. بێزاری لە کاریگەری و دەستێوەردانی بیانییەکان لە ڕاپەڕینێکی تووندوتیژیدا گەیشتە لوتکە ساڵی ١٨٩٩دا . جووتیارانی باکووری چین ڕاپەڕینێکی جەماوەرییان لە دژی بیانییەکان و بەتایبەتی قەشە بەریتانیاییەکان و چینە مەسیحییەکانی ڕێکخست. کۆمەڵگەیەکی نهێنی چینی بە ناوی ییهێتوان (مشتە ڕاست و هاوسەنگەکان) دەستیان بە ڕاپەڕینەکە کرد. ئەوان شارەزا بوون لە جۆرێکی دیاریکراو لە هونەری جەنگی چینی کە لە بۆکسێن دەچوو لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا، و بە شێوەیەکی بەرفراوان بە “بۆکسێنەرەکان” ناسران. زۆری نەخایاند بۆکسێرەکان توانیان پشتگیری سەربازانی چینی ئیمپراتۆری بەهێز بکەن و چەک و ئامێری باشتر بەدەست بهێنن.
لە مانگی حوزەیراندا، بەرپرسانی بیانی و دیپلۆماتکاران و قەشەکان و سەربازەکان لە کەمپێکی پەنابەران لە گەڕەکی نوێنەرایەتی داوای هاوکاری نێودەوڵەتییان کرد. زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا کە بە هاوپەیمانی هەشت نەتەوە ناودەبرێن “ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، شانشینی چینگ لە چین، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، ژاپۆن و ئیتاڵیا”، دەستبەجێ هێزێکی فریاگوزاری نێودەوڵەتییان پێکهێنا. مانگەکانی حوزەیران و تەمموز توندوتیژ بوون، بەتایبەتی لە پەکین. هێزی فریاگوزاری نێودەوڵەتی تەنیا تا کۆتایی مانگی ئاب توانی ڕاپەڕینەکە سەرکوت بکات. پرۆتۆکۆڵی بۆکسێر لە ٧ی ئەیلوولی ١٩٠١ واژۆ کرا و داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زلهێزە بیانیانە دەکرد کە بەشداربوون لە هەڵمەتە سەربازییەکەدا.
“سیاسەتی دەرگای کراوە”
سیاسەتی دەرگای کراوە دوای ڕاپەڕینی بۆکسێرەکان لە چین هاتە ئاراوە. هەرچەندە چەمکەکە لەلایەن ئەمریکاوە وردتر کرابووەوە بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەتە بازرگانییەکانی، بەڵام ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە داڕشتن و جێبەجێکردنیدا. سیاسەتی دەرگای کراوە لە ساڵانی ١٨٩٩-١٩٠٠ دەستیپێکرد و مەبەست لێی پێدانی دەرفەتی یەکسان بوو بە هەموو گەلان بۆ بازرگانیکردن بە ئازادی لە چین. هەروەها ئامانجی ڕێگریکردن بوو لە باڵادەستی تایبەتی هەر دەسەڵاتێک لە چین. دوابەدوای “پەیماننامە نایەکسانەکان”، زلهێزە گەورەکانی ڕۆژئاوا – بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیا – چینیان بەسەر “کایەکانی کاریگەری”دا دابەشکرد. ئەم زلهێزانە لە بوارەکانی کاریگەری خۆیاندا ئیمتیازاتی تایبەتی ئابووری و سیاسی و یاسایییان هەبووە. ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا کە ئامادەیییەکی بەهێزی لە چین دامەزراندبوو، بەشێکی زۆری بەندەرەکانی سەرەکی چینی کۆنترۆڵکرد. هەرچەندە حکومەتی بەریتانیا گرنگی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی چینی بە یەکسانی زانی بۆ ڕێگریکردن لە باڵادەستی یەک نەتەوە، بەڵام هێشتا دوودڵ بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جێبەجێکردنی پراکتیکی سیاسەتی دەرگای کراوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەوە، کە بووە هۆی شکستی دوای جەنگی جیهانی دووەم.
“کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزمی بەریتانیا لە چین”
هەرچەندە شانشینی چینگ سەروەری و کۆنترۆڵی فەرمی بەسەر حکومەتی نیشتمانیدا پاراست، بەڵام ئیمپریالیزمی بەریتانیا و شەڕەکانی دواتر کە بە پەیماننامەی نایەکسان کۆتایی هات، چینیان خستە ژێر کۆنترۆڵی دەرەکییەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. شانشینی چینگ بە لاوازی و زەلیل مایەوە. دواجار لە ساڵی ١٩١١ شۆڕشی شینهای دەسەڵاتی چینگی ڕووخاند و کۆماری چین دامەزرا. ئەم قۆناغە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم لە ئەوروپا. هێزە ئیمپراتۆرییەکان سەرچاوەیەکی سنوورداریان هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئیستعماری دوور و کایە بەرژەوەندییەکان و زیاتر سەرنجیان لەسەر خۆپاراستن بوو. ئەم قۆناغە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوو لە چین و زەمینەی بۆ سەردەمێکی نوێی چارەنووسی چینی خۆشکرد.
جەنگی جیهانی دووەم تەواوی سیستەمێکی سیاسی نێودەوڵەتی گۆڕی و بووە هۆی بەرەوپێشبردنی نەهێشتنی ئیستیعماریەت و پرۆسەی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیی جیهانی. تا ساڵی ١٩٤٩، دوای یاخیبوونی ماو تسی تونگ (ماو زی دۆنگ)، چین لە ژێر دەسەڵاتی پارتی کۆمۆنیستی چینیدا بەڵێنی پێدرا کە ئەنجامی کۆلۆنیالیزەکردنی زەلیلکەری ڕۆژئاوا پێچەوانە بکاتەوە. جگە لەوەش کە بەهۆی شەڕەوە ئیفلاسی کردبوو ، بەریتانیا لە ڕووی ئابوورییەوە ئازاری دەچێژت و بە سەختی دەزانی خاکە ئیستیعیماری فراوانەکانی بپارێزێت. دوا قۆناغی کۆتاییهێنان بە ئیمپریالیزمی بەریتانیا لە چین، گەڕانەوەی کۆنترۆڵی هۆنگ کۆنگە کە نیشانەی بوونی بەریتانیایە لە چین بۆ چینییەکان. دوای زیاتر لە ١٥٠ ساڵ لە دەسەڵاتی ئیمپراتۆری، بەریتانیا بە واژۆکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە ١ی تەمموزی ١٩٩٧دا هۆنگ کۆنگی دایەوە، لە بەرامبەر بەڵێنی چین کە سیستەمی سەرمایەداری بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ دەهێڵێتەوە، چەمکی “یەک وڵات، دوو سیستەم ” وەرگیرا. تا ئەمڕۆش هۆنگ کۆنگ وەک ناوەندێکی سەرمایەداری لە ئاسیادا ماوەتەوە.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/british-imperialism-china/
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه؛ ئهحمهد ڕێبوار