“ڕەشبینی و دەربڕینی ناڕەزایی تووند بووە بە پێوەرێک بۆ ژیانی ئەخلاقی”
ئەگەر بەدواداچوون بۆ مشتومڕە ئەکادیمی و ڕۆژنامەوانییەکان سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگای ئەمڕۆ و داهاتووەکەی بکەیت، ڕەنگە چەندین جار ڕووبەڕووی ئەو شرۆڤە و شیکارییانە بووبێتیتەوە کە دەڵێن سەردەمی ئێستا یەکێکە لە تاریکترین، کارەساتبارترین، نایەکسانترین و بەژانترین قۆناغەکانی ژیانی مرۆیی. ڕەشبینی لەمەڕ داهاتوو ئیدی تەنیا مەیلێکی دەروونی نییە، بەڵکوو مۆدی ڕۆژە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر چێژ لە ژیان وەربگریت و هیوات بە داهاتوو هەبێت، وەک ئەوەیە گوناهێکی وات کردبێت کە شایانی لێ خۆشبوون نەبێت. ئەم کولتووری ناڕەزایی و ڕەشبینییە چۆن ئەوەندە پەرەی سەند و لێکەوتەکانی بۆ ژیانی بەکۆمەڵیمان چین؟
لە دەوروبەری ساڵانی(١٩٧٠)دا، شوناسی ئەمریکی گۆڕانی بەسەرداهات. لە دەیەکانی پێشتردا مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕۆڵەی لە کۆمەڵگادا دەیانگێڕا پێناسەی خۆیان دەکرد، بۆ نموونە دەیانگوت: من جووتیارم، مامۆستام، ژنی ماڵەوەم یان قەشەم، بەڵام لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کولتوورێکی تاکگەراتر هەژمووندار بوو. “جۆزێف ورۆف”، دەروونناس لە زانکۆی میشیگان و هاوکارەکانی لە ڕاپرسییە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکانی ساڵانی (١٩٥٧ و ١٩٧٦)یان کۆڵییەوە و پەییان بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە شێوازی پێناسەکردنی ئەمریکییەکان بۆ خۆیان برد؛ ئەقڵییەتی بەکۆمەڵی “لەڕووی کۆمەڵاتییەوە یەکپارچە”جێگەی بە ئەقڵییەتی “تایبەت یان تاکەکەسی” لەق کرد. ڤێرژنە ڕاستڕەوییەکەی ئەم تاکگەراییە (کە جەختی لە ئازادی ئابووری دەکردەوە) جیاوازبوو لە ڤێرژنە چەپگەراکەی (کە جەختی لە ئازادیی ستایلی ژیان دەکردەوە)، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئازادیی تاک لە هەردوو ڤێرژنەکەدا گرنگ بوو. ئەم کولتوورە تاکگەراییە ئاشکرایە لە ساڵی (١٩٩٧)دا بە بڵاوبوونەوەی بابەتێک لە گۆڤاری کۆمپانیای فاستدا بە لووتکە گەیشت. ناونیشانی ئەم بابەتە بریتی بوو لە “براند ناودێرت دەکا” تۆم پیتێرزی نووسەری بابەتەکە، کە لەو کاتەدا پرۆفیسۆرێکی دیار بوو لە بواری بەڕێوەبردندا، گوتی “ئێمە بەڕێوەبەریی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی خۆمانین. بەڵام گۆڕانکارییە کولتوورییەکان ڕیتمێکی هاوشێوەی بەندۆڵیان هەیە و ئێمە هەنووکە لە سەرەتای کولتوورێکی نوێی بەکۆمەڵیداین. بەداخەوە ئەم کولتوورە جەماوەریی و نوێیەش چەندین کێشەی گەورەی هەیە.
کولتووری بەکۆمەڵی سەدەی بیست ویەک جۆرێکی تایبەتی کولتووری بەکۆمەڵییە. یەکەم: لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە زۆر هۆشیارە. جا چ ڕاستڕەو بیت، کە دروشمەکەی گەڕاندنەوەی مەزنییە بۆ ئەمریکا، یان چەپ بیت، کە خوازیاری دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، تۆ بەپشتبەستن بە چۆنیەتی وەستانەوەت بەرانبەر ستراکتۆرە باڵادەستەکانی کۆمەڵگا، پێناسەی ناسنامەی خۆت دەکەیت. گرووپە چالاکەکانی هەردوولای ئەم دابەشبوونە سیاسییە زیاتر بەهۆی هەستکردن بە هەڕەشەی هاوبەش و ئەزموونی چەوساندنەوەی بەکۆمەڵ یەکدەگرن نەک بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. کولتووری بەکۆمەڵی ئەمڕۆ لەسەر ئەو باوەڕە هاوبەشە جێگرە کە کۆمەڵگا نابودبووە، سیستەمەکان گەندەڵن، یارییەکی پڕ لە فریودان لە ئارادایە، نادادپەروەری هەژمووندارە و دەستەبژێرە پارەپەرستەکان لە بۆسەدا بۆمان دانیشتوون؛ ئێمە هاودەنگی و مانا لە بەرەنگاربوونەوەی بەکۆمەڵ لە بەرانبەر ستەمدا دەبینینەوە. ڤێرژنێکی ڕاستڕەو (دۆناڵد ترەمپە کە دەڵێت “من تۆڵەسەندنەوەی تۆم”) و ڤێرژنێکی چەپ (کۆمەڵگەیەکی بەیەکداچووی گرووپە چەوساوەکان) لەم کولتوورە بەکۆمەڵەدا بوونی هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەمان ئەو بیرۆکەی مانیچییەکانە کە دەبێژێت “ئێمە لە بەرانبەر ئەوان”داین. ئەم شەڕە کولتوورییە پێکهاتە و مانا بە ژیانیان دەبەخشێت.
بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ناچار بوون بۆ تێگەیشتن لەم دونیابینی و پراکتیزە کولتوورییانە چەمک و تێگەی نوێ چێ بکەن. لە ساڵی (٢٠١٥) جۆناسان هایت و گرێگ لوکیانۆف چەمکی “بەرگری تۆڵەسەندنەوە”یان داهێنا. ئەم زاراوەیە کاتێک بەکاردەهێنرێت کە کۆمەڵگە ئۆنلاینەکان(کۆمەڵگەی ئۆنلاین کە کۆمەڵگەی ئینتەرنێت یان کۆمەڵگەی وێبیشی پێ دەگوترێت، ئەو کۆمەڵگەیەکە کە ئەندامەکانی بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کارلێک لەگەڵ یەکدا دەکەن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.) بۆ شکستپێهێنانی هەڕەشەی کەسێک یان گرووپێکی ستەمکار یەکدەگرن. هێنریک کارڤالۆ و ئەناستاسیا چەمبەرلینیش چەمکی “هاودەنگیی دوژمنکارانە”یان بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو ڕێبازانەی کە تێیاندا هەنگاوە تۆڵەسەندنەوانەکان دەبنە هۆی پێکەوەگرێدانی خەڵک دژی دوژمنان. ئەم جۆرە کۆمەڵگەرایییە دەمانکاتە ئەندامێک لە کۆمەڵگەیەک، بەڵام ئەم کۆمەڵگایانە دۆستانە نین؛ بەڵکوو تووڕە و قەڵسن. مرۆڤەکان لەم کولتوورەدا نەک بەهۆی هاوکارییەوە، بەڵکوو بەهۆی تووڕەیی هاوبەش لەبارەی بابەتە هاوشێوەکانەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. وشەی “وۆک” لەبەرچاو بگرن، کە هێندە بە سیاسی کراوە و هێندە بێڕێسا بەکارهێنراوە کە سوودی خۆی لەدەست داوە، بەڵام کاتێک ئەم وشەیە – لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٣)- هاتە ناو ڕەوتی سەرەکیی زمانی ڕۆژانەوە، دەرخەری ئەوەبوو کە مرۆڤەکان دەتوانن بە ئاسانی و بە گرتنەبەری شێوازێکی هۆشیاری بچنە نێو بازنەی ڕۆشنبیرانەوە، ئەو بازنە ناوەکییەی کە هەستی ئینتیمای کۆمەڵایەتی دروست دەکات. “وۆک” مانای تێگەیشتن بوو لە جیهان بە شێوەیەکی تایبەت، تێگەیشتن لەوەی کە هەموو شتێک چەندە تۆقێنەرە. تاکەکان بە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە سەلماندیان ئەوەندە ڕۆشنبیرن کە گەندەڵی بەربڵاو و پەلوپۆ هاویشتوو لە هەموو شوێنێکدا ببینن و بەم شێوەیە هاودەنگی خۆیان پیشان دەدا.
بەم ئاوایە ڕەشبینی بوو بە جۆرێک لە کارتی ئەندامێتی و دواین هێما بۆ ئەوەی کە تۆ لە پێڕی باشەکاندایت. ئەگەر شرۆڤەت ڕەشبینانە نییە، ئەوا تۆکەسێکی گێلۆکە و نائەخلاقی و هاودەستی بارودۆخی ئێستایت. ئەم کولتوورە زنجیرەیەک پەیامبەری ڕەنج و ئازاری لەپانتایی ئایدیۆلۆژیادا دروستکرد، کەسانێک تا دەلوا بارودۆخەکەیان بەنەرێنی وێنا دەکرد و بەم ئاوایە ئازایەتیی ئەخلاقی خۆیان پیشان دەدا. “مایکڵ ئەنتۆن”، کە وتارنووسێکی پارێزکار و کۆنزەرڤاتیڤە، لە وتارەکەیدا “هەڵبژاردنی گەشتی ژمارە ٩٣” (گەشتی ژمارە ٩٣ ناوی یەکێک لەو چوار گەشتە بوو کە لە هێرشە تیرۆستییەکانی یازدەی سێپتێمبەردا ڕفێندرا و لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.) باڵی ڕاستی شوێنکەوتووانی ترەمپی یەکخست. لەم وتارەدا گوتی پێویستە ڕێوشوێنی سەخت و دژوار بۆ ڕێگریکردن لە لەنێوچوونی ئەمریکا بگرینەبەر. لە درێژەدا، ترەمپ بە دەربڕینی “کۆمەڵکوژی ئەمریکییەکان” لە مەراسیمی سوێندخواردنیدا، ئەمریکای وەک شارێکی وێران و ئاژاوەلێدراو خستەڕوو. کارەساتسازی ڕۆژانە بووە بە یەکێک لە مشتومڕە سەرەکی و گرنگەکانی کۆمارییەکان. بۆ نموونە، لێرەدا دەقی ڤیدیۆیەکمان هێناوە کە یەکێک لە نوێنەرانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چواری تەمموزدا بۆ لایەنگرانی بڵاویکردوەتەوە:- سڵاو هاوڕێیان! من “ئەندی ئۆگلێس” ئەندامی کۆنگرێسم و لە چواری تەمموزدا هیوای ڕۆژێکی پڕ پیت و خۆشتان بۆ دەخوازم. هاوڕێیان! باوکانی دامەزرێنەرمان بەبیربهێننەوە. ئەوە ئێمەین کە بەرپرسی ئەم وڵاتەین، نەک کەمینەیەکی چەپ. ئاگاداربن چەپەکان دەیانەوێت وڵات و خێزانەکانمان لەنێوببەن. ئەوان سۆراغتان دەکەن. چواری تەمموزتان پیرۆز بێت، ئاگاتان لەخۆتان بێت، بە هیوای کاتێکی خۆش، خودا ئەمریکا بپارێزێت. بەدەربڕینێکی دیکە: بزانن چەپەکان بەدواتانەوەن تاکوو خێزانەکانتان نابود بکەن، هۆتدۆگ نۆشی گیانتان بێت.
بەڵام لە باڵی چەپیشدا ڕەشبینی بەهەمان ڕادە زاڵە. گیانی گەشبینانەی کەسانێکی وەک “باراک ئۆباما و لین مانوێل میراندا” – کە پێشکەوتنی نەژادییان بە هێواش بەڵام بەردەوام دەبینی – جێگەی خۆیان بە ڕەشبینیی کەسانێکی وەک تا-نێهیسی کۆتس و تیۆریستان و ڕەخنەگرانی نەژادی دا. لەم ئانوساتەدا، هەڵوێستی بنەڕەتی لە هەموو باسەکاندا ڕەشبینی لە ڕادەبەدەرە. ئەم تویتەی “تایلۆر لۆڕێنس” پەیامنێری واشنتۆن پۆست بە باشی وێنای ئەو کەشە دەکات: “خەڵک دەپرسن، ‘بۆچی منداڵان خەمۆکن؟’ ڕەنگە هۆکارەکەی مۆبایل بێت، بەڵام هەرگیز باسی ئەو کەتوارە ناکەن کە ئێمە لە دۆزەخی سەرمایەداری و سەردەمی تەشەنەسەندنی نەخۆشیی کوشندە، نایەکسانی بێ پێشینەی سامان و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کاردا دەژین و لەم نێوەندەدا گۆڕانە هەرێمییەکان زەوی بەرەو لەناوچوون دەبات.” ئەم هەستە قووڵەی ڕەشبینی، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا تادێت زیاتر بەرچاو دەکەوێت. لە ساڵی (٢٠٠٤)ەوە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی پۆلی (١٢) لە ئەمریکا کە دەڵێن ” ئیدی هیچ هیوایەکیان بەم جیهانە نەماوە” زیادی کردووە. ئەم ڕاپرسییانەی ڕێکخراوی(Monitoring the Future)پیشانی دەدەن کە بەدواداچوونی بۆ جیهانبینی خوێندکارانی ئامادەیی لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە کردووە. هەروەها ژمارەی ئەو خوێندکارانەی پۆلی (١٢) کە دەڵێن “هەر کاتێ بمەوێت بەرەوپێش هەنگاو بنێم، شتێک یان کەسێک ڕێگریم لێ دەکات” زیادی کردووە. لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی پۆلی (١٢) کە هیوایان بە تەواوکردنی خوێندن یان دۆزینەوەی کار هەبوو کەمیکردووە.
کولتووری زاڵ بووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم تێڕوانینانە. هەرچەندە لە نێوان ئەم تێڕوانینە نەرێنیانە و واقیعدا کەلێنێکی گەورە هەیە. بۆ نموونە لە ناوەڕاستی (١٩٧٠)دا ژمارەی ئەو ژنانەی کە بڕوانامەی زانکۆیان بەدەست هێناوە و لە کۆمەڵگەدا گەیشتوونەتە پێگە و پۆستی بەڕێوەبردن بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. هەروەها کرێ و هەقدەستی ژنانی ئەم نەوەیە زۆر زیاترە لە هەقدەستی ژنانی نەوەکانی پێشووتر. هەر بەو شێوەیەی کە دەروونناس “جین توینگی” لە کتێبی نەوەکاندا دەڵێت، کچانی هەرزەکاری ئەمڕۆ پتر لە کچانی هەرزەکاری ساڵانی حەفتاکان لەو باوەڕەدان کە ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەبنەوە. بێگومان ئەمە تاڕادەیەک بەرئەنجامی شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی فێمینیزمە، کە هۆشیاری ژنانی بەرانبەر بە هەڵاواردنە بەردەوامەکان زیاد کردووە. هەرچەندە ئێستا دۆخی ژنان لە جاران باشترە، کەچی ژنە گەنجەکان هەستێکی خراپتریان هەیە. ساڵانێک لەمەوبەر بۆ کاری بێژەری بەرنامەی “کرۆسفایر” لە کەناڵی سی ئێن ئێن بەشداریی تاقیکردنەوەیەکم کرد. پێش تاقیکردنەوەکە یەکێک لە دەرهێنەرانی بەرنامەکە منی ڕاکێشایە پەنایەک و گوتی نەخێر خاڵی کلیلی ئەم بەرنامەیە ئەوە نییە کە تۆ دەیڵێیت، بەڵکوو خاڵی سەرەکی ئەوەیە لەکاتی قسەکردنی کەسی بەرانبەردا بە بیچمێکی مڕومۆچ و تووڕەوە دەربکەویت. ئەم تووڕەییە ڕقاوییەی کە کامێراکان لە نزیکەوە پیشانیان دەدا، شتێک بوو بەرنامەکەی بەهێز دەکرد و بینەرانی سەرقاڵ دەکرد. لە ساڵانی دواتردا، تاکەر کارلسۆن کە بوو بە بێژەری بەرنامەی کرۆسفایر، بەم بیچمە- لێوی داخراو، چاوکرژکردنەوە، برۆی تێکگیراو- ناوبانگ و سەروەت و سامانێکی زۆری بەدەستهێنا. ئەو بەم بیچم و ڕووخسارەیەوە دەڵێت “ئەوان” وڵاتیان وێران کردووە و “ئێمە” دەبێ تووڕە بین. جێگای سەرسووڕمانە کە کارلسۆن ڕاستڕەوە، بەڵام ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە هەردوو لای چەپ و ڕاست لە وەها چاویلکەیەکی چەواشەکەرە و لەڕێلادەرەوە لە جیهان دەڕوانن.
لە کولتووری ئێستادا ئەوانە جێی متمانەن و ئینتیمایان هەیە، تا ئەوپەڕی ژیان بە ڕەش و تاریک دەبینن. کاتێک مرۆڤەکان درکیان بەمە کرد، جیهانیان وەک یاریی برسییەکان و شارێکی وێران بینی. ئەم ڕەشبینییە باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە. دێریک تۆمپسۆن، نووسەری ڕۆژنامەی ئەتلانتیک، لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا (٥٥٠٠) پۆدکاست هەن کە لە ناونیشانەکەیاندا کەڵکیان لە زاروەی تراوما وەرگرترووە. هەروەها ژیانی سیاسی بە بەهایەکی نەرێنی دادەنرێت. ماڵپەڕی یوگۆڤ لە نێوان (٣٣)هەزار ئەمریکیدا ڕاپرسییەکی ئەنجام داوە و گەیشتووە بەوەی کە لە مشتومڕە سیاسییەکاندا هەردوولا دەڵێن دەدۆڕێین؛ لیبراڵەکان پێیان وایە وڵات بەرەو ڕاستڕەوی دەڕوات و کۆنزەرڤاتیڤ و نەریتپارێزان پێیان وایە وڵات بەرەو چەپڕەوی دەڕوات. لەهەر دەلاقەیەکەوە بڕوانیت، هەموو شتێک لە خلۆربوونەوەدایە. تەنانەت ڕێوڕەسمێکی وەک دایکایەتیش بووە بە شتێکی ترسناک. لە مانگی کانوونی دووەمدا ماڵپەڕی ڤۆکس وتارێکی لەژێر ناونیشانی “چۆن نەوەی ئەم هەزارەیە فێربوون لە دایکایەتی بترسن” بڵاوکردەوە. چەند هەفتەیەک لەوەوبەر ڕۆژنامەی نیویۆرکەر وتاری “بنەما ئەخلاقییەکانی منداڵبوون لە جیهانێکدا کە لەسووتان و نوقم بووندایە” بڵاوکردەوە. پێشتر کولتووری باو ئەوە بوو کە منداڵبوون ئەزموونێکی ئاڵەنگاری ئامێزە، بەڵام بەقووڵی شایان و پڕاوپڕ لە خۆشەویستییە. ئێستا بوون بەدایک بە کارێکی بێمانای جیهانی دوای- ئاخرزەمان (پۆست- ئاپۆکالیپتیک) دادەنرێت. ناوونیشانی هەندێک لەو کتێبانەی کە لەم دواییانەدا لەبارەی دایکایەتییەوە چاپ و وەشان کراون، بریتین لە: کتێبی توڕەیی دایک، هاوارکردن لە ناخەوە و ئەوپەڕی تووڕەیی و قەڵسی.
لە کولتوورێکدا کە ڕەشبینی لەگەڵ کارڕاسیدا بە یەکسان داداەنرێت، هەر شتێکی باش دەبێتە هێمای ئیمتیازێکی ناڕەوا. هەروەها ئەگەر کەسێک بەپێی ڕێکەوت چێژێک ئەزموون بکات، نابێت بێباکانە لەبەردەم خەڵکدا ددانی پێدا بنێت، چونکە پیشاندەری ئەوەیە بەپێی پێویست هاوپەیمانی ستەملێکراوان نییە. ڕاشڵ کۆهین لەم وتارەی ماڵپەڕی ڤۆکسدا دەنووسێت “کاتێک لەبارەی ئەزموونی دایکایەتییانەوە پرسیارم لە ژنان کرد، سەرم سووڕما لەوەی کە بینیم چەند زۆرن ئەوانەی دوای پێداگری من، بە شەرمەوە ددانیان بەوەدانا لەگەڵ هاوبەشی ژیانیاندا هەلومەرجی منداڵبوونیان لەبار نییە، هەرچەندە پێیان خۆشە ببنە دایک، بەڵام بەئاشکرا دەرینابڕن. چونکە ئەم کارە ناخۆش دەبێت بۆ ئەوانەی ئەزموونێکی ئەرێنیان نییە یان پەیوەندییەکی نائومێدکەرانەیان لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا هەیە. تەنانەت هەندێکیان نیگەرانی ئەوەبوون نەکا تامەزرۆیی لەڕادەبەدەریان بۆ منداڵبوون ببێتە هۆی لاوازبوونی ڕەهەندە جەوهەرگەراییەکان یان لە گرنگی ئامانجە گەورەکانی فێمینیزم کەم بکاتەوە”. ددان پێدانانی ئاشکرا بەوەی کە دەتەوێت ببیتە دایک و چێژی لێ وەردەگریت، بە چەشنە ناپاکییەک لە فێمینیزم دادەنرێت. کولتووری ڕەشبینیی بەکۆمەڵ کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئاستی متمانەی تاکەکان هەبووە. بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ٤٥%ی ئەمریکییەکان لە ساڵی (١٩٦٤) گوتوویانە دەکرێت متمانە بە زۆربەی مرۆڤەکان بکرێت، بەڵام ڕاپرسییەکی زانکۆی شیکاگۆ کە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا ڕێک هەمان پرسیاری لە ئەمریکییەکان کردووە و دەریدەخات کە ئێستا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ٢٥%. لە ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی پیویشدا لە ساڵی (٢٠١٩)دا دەرکەوتووە کە لەسەدا ٧٣%ی پێگەیشتوانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ پێیان وایە مرۆڤەکان زۆربەی کات بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن. هەروەها ٧١% ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی خەڵک ” ئەگەر بتوانن، هەوڵدەدەن خراپ کەڵکت لێ وەربگرن.
ئەمڕۆ لە ڕوانگەی دەسەڵات و دەستبەسەراگرتنەوە لە پەیوەندییە مرۆییەکان دەڕوانرێت. لە بنەڕەتدا دامەزراوەکان بە ناڕەوا و خەڵەتێنەر دادەنرێن. هاوڕێیەکم کە لە زانکۆی ستانفۆرد وانە دەڵێتەوە لەم دواییانەدا پێی گوتم زۆرێک لە خوێندکاران بڕوا بەوە ناکەن کە بۆ خزمەتکردنی خوێندکاران بووەتە پرۆفیسۆر یان چاکەی ئەوانی دەوێت. بەڵکوو وەک بزوێنەرێک لە سیستەمێکی گەندەڵدا دەیبینن کە ڕێگری لە گەشەکردنیان دەکات. لەم دواییانەدا وتارێکم لە ماڵپەڕی کرۆنیکلی خوێندنی باڵادا بەرچاوکەوت و ڕستەیەک سەرسامی کردم. وتارەکە سەبارەت بە ئابووریناسێک بوو بە ناوی ڕاج چێتی چۆن تاقیگە توێژینەوەییەکەی لە زانکۆی هارڤارد بەڕێوەدەبات. چێتی گرنگترین بیرمەندی کۆمەڵایەتی ئەمریکییە لە ئێستادا، کە لێکۆڵینەوە ڕۆشنگەرییەکانی لەسەر پەیوەندی نێوان نایەکسانی داهات و دەرفەتەکانی ژیان گرنگییەکی زۆری پێدراوە. کارکردن لە تاقیگەکەیدا شەرەفێکی گەورە و ئەزموونێکی فێرکردنی باڵا و سەکۆیەکی پێگەیشتنی پیشەییە، بەڵام چەند یاریدەدەرێکی بۆچوونێکی دیکەیان هەیە. ماڵپەڕی کرۆنیکل خوێندنی باڵا بڵاویکردەوە “هەندێک لە ستافەکەی دەڵێن دوای وەرگرتنی هاوکاری تێچووی خوێندن، ڕووبەڕووی کولتوورێک دەبنەوە کە داوای کارکردنی لەڕادەبەدەریان لێ دەکات و سەریەشەیان بۆ دروست دەکات، بەڵام ناچارن بەرگەی بگرن تاکوو بتوانن ڕاسپێرنامەیەک بۆ دکتۆرا بەدەستبهێنن”. ئەگەر تۆ سیستەمەکە بە ڕەوا ببینیت، ئەگەری هەیە کاری قورس بۆ توێژەرێکی تازەپێگەیشتوو وەک دەرفەتێک ببینیت تاکوو وەک بەشێک لە تیمێکی باڵا بە دەستکەوتە گەورەکان بگات، بەڵام ئەگەر سیستەمەکە بە ناڕەوا ببینیت، ئەو ماندووبوونە تەنیا جۆرێکە لە ئیستغلالکردن کە ئازارت دەدات. ئەگەر سیستەمەکە بە ڕەوا ببینیت، ئەوا خزمەتکردنی ڕاهێنەر وەک دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی ڕێزی کەسێک دەبینیت کە ڕێزی ئەو بۆ تۆ بەهادارە، بەڵام ئەگەر سیستەمەکە بە ناڕەوا ببینیت، ئەوا تەواوی یاری ڕاسپێرنامەکە لەلات فریودەرانە دەردەکەوێت و ئامرازێکە بۆ تاکە دەستەبژێرەکان کە بتوانن پێگەی خۆیان بپارێزن.
دوا قۆناغ کە تێیدا کۆمەڵگەراییەکی ڕەشبینانەم دیت، سەردەمی “مەککارتی” بوو. “ڕاینهۆڵد نیبوهر”، تیۆلۆژیستی ئەمریکی لەو سەردەمەدا بۆی دەرکەوت کە هاوتەمەنە دژە کۆمۆنیستەکانی بەردەوام خوازیاری “نەفرەتێکی تەواون لە دوژمن” تەنیا دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم بەس نەبوو؛ تاکەکان دەبوو لە هەندێک کاتدا بەشداری لە ڕق و نەفرەتی گرووپیدا بکەن. لەهەمان کاتدا ڕۆشنبیرانی باڵی چەپ لە نزیکبوونەوەی سەردەمی فاشیزمی ئەمریکی هۆشدارییان دەدا. ئەم دۆخە توندەی توڕەیی بوو بە هۆی شتێک کە نیبوهر ناوی لێنا “تووندڕەویی تووڕەکەر”، واتا بێتوانایی لە دیتنی جیهان بەو شێوەی کە هەیە و کۆبیری نواندن تەنیا لەسەر ئەو ڕەگەزە مۆتەکەییانەی کە ڕق و تووڕەیی ئاڕاستە دەکەن. ئەم ڕق و توڕەییەش سەرچاوەی بەرزەخۆیی وعیززەتی نەفسی خەڵک بوو. هێندەی نەخایاند، تووندڕەویی تووڕەکەر بوو بە پێشمەرجی تێگەیشتن لە کاروبارەکان کە زیانی بە توانای درککردنی واقیع دەگەیاند. یەکێک لە مەتەڵە گەورەکانی دۆخی سیاسی هەنووکەیی ئەوەیە کە بۆچی هەمووان لە ئابووری دەترسن، لە کاتێکدا بارودۆخ هێندەش خراپ نییە. بەرهەمی ناوخۆیی لە گەشەکردندایە، هەڵاوسان لە دابەزیندایە، وادیارە نایەکسانی داهات کەم دەبێتەوە، هەقدەست و کرێ بەرز دەبێتەوە، بێکاری کەمە و بازاڕی بۆرسە لەباری گەیشتنە لووتکەی نوێ دایە. لەگەڵ ئەمەشدا، زۆربەی خەڵک پێیان وایە ئابووری لە دۆخێکی خراپدایە. تەنیا کۆمارییەکان نین کە نایانەوێت ددان بەوەدا بنێن لە سەردەمی سەرۆککۆمارێکی دیموکراتەکاندا شتەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. کەلێنی سەرەکی لە ڕاستیدا لەنێوان نەوەکاندایە. بەپێی ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی نیویۆرک تایمز و زانکۆی سیێنا، ٦٢% ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە و لە ساڵی (٢٠٢٠)دا دەنگیان بە جۆ بایدن داوە، دۆخی ئابوورییان بە “زۆرباش” یان “باش” پەسن داوە، بەڵام لەنێوان لایەنگرانی بایدندا ئەوانەی تەمەنیان دەکەوێتە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵی تەنیا ١١% یان دەڵێن دۆخی ئابووری زۆر باش یان باشە، ٨٩%شیان گوتویانە دۆخی ئابووری خراپە یان لە کەمترین ئاستدایە.
ئایا ئەمە لەبەر ئەوەیە کە هەلومەرجی ئابووری بۆ گەنجان بەشێوەیەکی تایبەت خراپترە؟ داتاکان وەها شتێک پیشان نادەن. بەپێی گوتەی توینگی، کۆی ئەندامانی بنەماڵەیەکی نەوەی ئەم هەزارەیە، بە شێوەیەکی مامناوەندی و بە هەڵاوسانیشەوە تەمەنیان زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکانی نەوەی بێدەنگ [لەدایکبووانی نێوان ساڵانی ١٩٢٨ تا ١٩٤٥]، بەیبی بوومرزەکان [لەدایکبوونی نێوان ساڵانی ١٩٤٦ تا ١٩٦٤] و نەوەی ئێکس [لەدایکبووانی نێوان ساڵانی ١٩٥٥ تا ١٩٨٠] زیاترە هەمان داهاتیان هەیە. ساڵانە ٩ هەزار دۆلار زیاتر لە بنەماڵەکانی نەوەی ئێکس و ١٠ هەزار دۆلار زیاتر لە بنەماڵەکانی بەیبی بوومرز کە هەمان تەمەنن داهاتیان هەیە. داهاتی بنەماڵە بۆ گەنجانی پێگەیشتوو لە بەرزترین ئاستیدایە، لە کاتێکدا ڕێژەی خاوەندارێتیی شوێنی نیشتەجێبوون لای ئەوان شایانی بەراوردکردنە لەگەڵ نەوەکانی پێشوودا. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە جیاوازی لە ئەزموونی نەوەکاندا جیاوازییەکی ئابووری نییە، بەڵکوو جیاوازییەکی دەروونییە.
دەزانم بۆچی لە جیهانێکی دارماڵ لە تەنیاییدا، مرۆڤەکان پێشوازی لە کۆمەڵگایەک دەکەن کە ڕەواج بە ڕەشبینی گشتی بدات. هەر بەو جۆرەی کە دەیڤید فرێچ نووسەری نیویۆرک تایمز ئاماژەی پێ دەدات، گردبوونەوەکانی دەوروبەری ترەمپ پڕن لە توڕەیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەشێکی خۆش و هەستی وابەستەیی دوولایەنە ئەزموون دەکەن. کۆچبەران خوێنی ئەمریکییەکان پیس دەکەن، بەڵام ئێمە پێکەوە گۆرانی (YMCA) دەچڕین و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین. وێڕای ئەوە، ڕوانگەی ڕەشبینانە وا دەکات زیرەک دەربکەویت. لە توێژینەوەیەکی کۆنی ساڵی (١٩٨٣)دا کە لەلایەن دەروونناس “تێرێزا ئامابیل”ەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو نووسەرانەی کە لەسەر کتێبەکان ڕەخنەی نەرێنی تووند دەنووسن لەچاو ئەو نووسەرانەی ڕەخنەی ئەرێنی دەنووسن بە زیرەکتر دادەنرێن. ئەو کەسانەی لەڕووی هزرییەوە ناجێگیر و لەرزۆکن حەزیان لە نێگەتیڤڕوانینە، چونکە وا دەزانن ئەو کارە هێزی هزریان پیشان دەدات. هەروەها باوەڕبوون بە تیۆرەکانی پیلانگێڕی، بەرزەخۆییت (عیززەتی نەفس) بەرز دەکاتەوە. بەم کارە دەبیتە ئەقڵێکی باڵاتر کە دەتوانیت قووڵاییەکان ببینیت و ئەو قەڵەمرەوە شاراوانە بناسیت کە بەڕاستی شەیتان لێیەوە جیهان بەڕێوە دەبات. مەعریفە و زانینی تۆ لەبارەی جیهانەوە واقیعییە و بەگشتی خەڵک هێندە گێلن نایبینن. تیۆرییەکانی پیلانگێڕی ڕۆڵی پاڵەوانێکی ڕاستگۆت پێدەدەن. پارانۆیا ئەفیونی ئەو کەسانەیە کە دەترسن بێ بەها دەربکەون. کێشەکە لێرەدایە ئەگەر بتەوێت یاری بە هەست و سۆزە نەرێنییەکان بکەیت، ئەم هەستانەش یاریت پێ دەکەن و لە کۆتاییدا دەست بەسەر ژیانتدا دەگرن. کۆبیری نواندن لەسەر شتە نەرێنییەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕەشبینی. بەپێی قسەکانی “جۆن تیرنی” و “ڕۆی ئێف”. باومیستەر لە کتێبەکەیاندا بەناوی هێزی خراپ، ئەگەر لە ڕوانگەی زیانە بەکۆمەڵییەکانەوە جیهان ڕاڤەبکەیت، ڕووبەڕووی شەپۆلی بەردەوامی ترس و توڕەیی و ڕق دەبیتەوە؛ ڕەنگە بکەویتە نێو خولگەی دەروونشێواوییەوە و بەزۆری لەم دۆخەدا ڕووداوەکان بە نەرێنی دادەنێیت. ئەمەش وا دەکات هەستێکی زۆر خراپت هەبێت، کە لەمەڕ هەڕەشەکان زیاتر هۆشیارت دەکاتەوە، لە بەرەنجامدا پتر هەست بە ڕووداوە نەرێنییەکان بکەیت و ئەم خوڵانەوەیە بەم ئاوایە بەردەوام دەبێت. وێڕای ئەوەش کاتێک مرۆڤەکانی دەوروبەرمان ڕەشبین و ئازاردیدە و تووڕە دەبن، یەکسەر ئێمەش وەک ئەوانمان لێ دێت. بەم شێوەیە کە کولتووری ئەمڕۆ ئاپۆڕای دەروونشێواو بەرهەم دەهێنێت.
کێشەی دەروونشێواوی لە باڵی چەپدا تووندترە. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا لەلایەن توێژەرانی نەخۆشییە دەروونییە درمییەکانەوە ئەنجام دراوە، بەدرێژایی دەیەی ڕابردوو ڕێژەی خەمۆکی لەنێو گەنجانی پێگەیشتوودا زیادیکردووە، بەڵام زیادبوونە لە سەرجەم گرووپەکاندا وەک یەک نەبووە. ژنە گەنجە لیبڕاڵەکان زیاتر ئەزموونی خەمۆکییان کردووە. هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی زیاترە لە چاو ئەوانی دیکە و دوای ئەوانیش پیاوە گەنجە لیبڕاڵەکان، پاشان ژنە گەنجە کۆنزەرڤاتیڤەکان و پیاوە گەنجە کۆنزەرڤاتیڤەکان هەن کە کەمترین ڕێژەی خەمۆکییان تێدابووە. هۆکاری ئەمە چییە؟
لەو لێکۆڵینەوە گرنگانەی لەسەر کاریگەریی دوولایەنەی نێوان دڵخۆشی و ئایدۆلۆژیا ئەنجام دراون، یەکێک لە باوەرپێکراوترین دۆزینەوەکان ئەوەیە کە کۆنزەرڤاتیڤەکان دڵخۆشترن لە پێشکەوتنخوازان. ئەم دۆزینەوە بۆ ماوەیەکی دوروو و درێژ لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە شرۆڤەدەکرا کە کۆنزەرڤاتیڤەکان زیاتر هاوسەردارن و سەردانی کڵێسا دەکەن، ئەو دوو چالاکییەی کە پەیوەستن بە بەرزی ئاستی دڵخۆشییەوە (هەروەها، کۆنزەرڤاتیڤەکان، بە سرووشت پتر لە دۆخی ئێستا ڕازین).
بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی دیکەش بۆ ئەم دۆزینەوەیە هەیە، کە پێم وایە قایلکەرترە. گوتاری چەپی هاوچەرخ، هەستی کارامەبوون لە مرۆڤ زەوت دەکات و بە گوتەی دەروونناسەکان، “ناوەندی کۆنترۆڵی دەروونی” یان لێ دەسەنێتەوە. بۆ نموونە لە ڕاپرسییەکی ساڵی (٢٠٢٢)دا، (٥٣%)ی ئەو کەسانەی خۆیان “زۆر بە لیبڕاڵ” دەناساند هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی “ژن لە ئەمریکادا بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، هیچ هیوایەکیان بەسەرکەوتن نییە”. هەروەها (٥٩%)ی ئەوانەی خۆیان “زۆر بە لیبڕاڵ” دەزانی، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی “کەمینە نەژادییەکان لە ئەمریکا بەهۆی ڕەگەزپەرستییەوە هیچ هیوایەکیان بۆ سەرکەوتن نییە”. ئەگەر تۆ قوربانی نادادپەروەری بیت و لە ئەنجامدا هیچ هیوایەکت بۆ سەرکەوتن نەبێت، چۆن دەکرێ پاڵنەرت بۆ ئەنجامدانی کارێک هەبێت؟ چۆن دەتوانیت هەست بە کارامەیی بکەیت؟ گوتارێک کە ئامانجی بەهێزکردنی ئەو کەسانەیە کە بەدەست زەبرە ستراکتۆرییەکانەوە دەناڵێنن، ئەم کارە لەڕێگەی ئاشکراکردنی ئەو هێزە شاراوانەوە ئەنجام دەدات کە ئەم هەلومەرجانەیان خوڵقاندووە، لە کۆتاییدا ئەنجامێکی تەواو پێچەوانە بەدەستەوە دەدات. ئەم گوتارە تاکەکان لە هەستی قوربانیبووندا نووقم دەکات و وایان لێ دەکات هەست بکەن هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر ژیانیاندا نییە.
“جیل فیلیپۆڤیچ” ڕۆژنامەنووسە و لەم دواییانەدا لە پلاتفۆرمی هەواڵی سەبستاکدا نووسیویەتی، “نزیکەی هەموو ئەو شتانەی توێژەران لەبارەی خۆڕاگری و تەندروستیی دەروونییەوە دەیزانن، دەری دەخەن ئەو کەسانەی هەست دەکەن ئەندازیاری سەرەکیی ژیانی خۆیانن، باشترن لەو کەسانەی کە گریمانەی قوربانیبوون و ئازاردان و پاسیڤبوون لە ژیانیاندا دەکەن”. بەڵام قوربانیبوون و ئازارچەشتن و بێدەسەڵاتی بارودۆخە پشتڕاستکەرەوەکانی سەردەمی ئێمەن. ناڵێم ئەمریکا کێشەی جددی نییە؛ ترەمپ، گۆڕانی کەشوهەوا، نادادپەروەریی نەژادی، نایەکسانی بەردەوامی داهات و بەرزبوونەوەی شەپۆلی پاوانخوازی لە سەرانسەری جیهاندا، کێشەگەلێکی ڕاستەقینە و جددین. لە سەردەمی ئێمەشدا وەک هەر سەردەمێکی دیکە شتگەلێک هەن کە دەبێت ناڕەزایەتییان بەرانبەر دەرببڕین و شتگەلێکی دیکەش هەن کە دەبێت پێزانیمان بۆیان هەبێت. قسەم لەسەر ئەوەیە کەلێنی هەمیشەیی نێوان واقیعی شتەکان و شێوازی درککردنیان، کەلێنێکی نوێ و تەنانەت بێ پێشینەشە. لە زۆر باردا داتاکان شتێک دەخەنەڕوو و ئەقڵ درک بەشتێکی دیکە دەکات. سەرۆککۆمار جۆ بایدن بەڕاستی بە سەرکردایەتییە ئابوورییەکەی ملیۆنان هەلی کاری ڕەخساندووە و حەقدەستیشی زیادکرد، بەڵام ئەنجامی ڕاپرسییەکان سەبارەت بە سەرکردایەتی ئابوورییەکەی زۆر خراپن. ئەو پرۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا دەکات، بەڵام هەمان ئەو کەسانەی زۆرترین گلەیی لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن هیچ گرنگییەکیان پێ نەدا. گوناهی بایدن ئەوەیە کە نەک تەنیا لەگەڵ کۆمارییەکان، بەڵکوو لەگەڵ ڕۆحی سەردەمیشدا جەنگیووە.
ئێمە کولتوورێکمان بوونیاد ناوە کە پێشوازی لە کارەسات نانەوە دەکات. ئەم کولتوورە هیچ بوارێک بۆ ستراتیژە کاریگەرەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ناهێڵێتەوە. گریمانە باوەکە ئەوەیە تا زیاتر خەڵک بە توندی سەرکۆنەی کەتوارێک بکەن، پاڵنەرێکی زۆرتریان بۆ گۆڕینی دەبێت، بەڵام مێژوو ڕێک پێچەوانەکەی پیشان دەدات. بنیامین فریدمان، پسپۆڕی ئابووری لە زانکۆی هارڤارد، لە کتێبی (Moral Consequences of Economic Growth)دا باس لەوە دەکات کە چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە بارودۆخی گەشە و پێشکەوتندا ڕوودەدات، واتە کاتێک مرۆڤەکان هەست بە ئاسایش بکەن و بیانەوێت بەختەوەریی خۆیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی پێ بکەن. ئەمەش کاتێکە کە سەرکردەکان بتوانن دیدێکی پەسەند بۆ چاکەی گشتی بخەنەڕوو.
وتارێک کە لەم دواییانەدا لەلایەن چوار ئابووریناسەوە بڵاوکراوەتەوە، پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە ڕەوش و بارودۆخی کولتووری ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ماددی هەیە. ئەم توێژەرانە لە ١٧٣ هەزار و ٣١ بەرهەمی بڵاوبووەوەیان کۆڵیوەتەوە لە نێوان ساڵانی (١٥٠٠بۆ ١٩٠٠)، بۆیان دەرکەوتووە وشەکانی پەیوەست بە پێشکەوتن لەم بەرهەمانەدا لە دەوروبەری ساڵی ١٦٠٠ەوە زیادیان کردووە. بەم بەرەنجامە گەیشتوون ئەو “پەرەسەندنە کولتوورییەی” لە سەدەکانی دواتردا دەرکەوت، یارمەتی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و ئەو سوودە ئابوورییانەی داوە کە لەمەوە سەرچاوەیان گرتووە. جۆن بایرن موردۆک ڕۆژنامەنووسی فاینانشیاڵ تایمز کە کاری ڕۆژنامەگەرییە لەسەر داتا، لەم دواییانەدا بە بەکارهێنانی ئامرازی گووگڵ نێگرام ئەم شیکارییەی بۆ ئێستا درێژکردەوە و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە “بەکارهێنانی زاراوە پەیوەندیدارەکان بە پێشکەوتن، باشتربوون و داهاتوو لە دەیەی ساڵی (١٩٦٠)دا، بە ڕێژەی (25%) کەمیکردووە و لەبری ئەوە، بەکارهێنانی زاراوە پەیوەندیدارەکان بە هەڕەشە، مەترسی و نیگەرانی چەند هێندە زیادی کردووە.” بایرن موردۆک دەڵێت: خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری لەم ماوەیەدا بەڕێکەوت نییە. پێشبینیی ڕەنج و ئازار وەک هۆشدارییەک وەڕاست دەگەڕێت. بیرکردنەوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ زارەترەکمان دەکات، بەڵام دەبێت بەو هاوڕێ پێشکەوتنخوازانەم کە بەردەوام پێشبینیی ئاخرزەمان دەکەن و سەرقاڵی ڕەشبینیگەرایی و پرتەوبۆڵەن بڵێم کە ئێوە خەریکن یارمەتی ترەمپ دەدەن. دۆناڵد ترەمپ لە کەشێکی هەڕەشەئامێزدا گەشە دەکات. پاوانخوازی لە ڕەشبینی و ترس و توڕەییدا گەشە دەکات. ترەمپ لە بیرکردنەوەی “هەموو یان هیچ” خۆراک وەردەگرێت، لەو بیرۆکەیەی کە کۆمەڵگا گۆڕەپانی شەڕە، لەو بیرۆکەی کە ئێمەین دژی ئەوانین، لە بیرۆکەی خۆپەرستی و دڕندەیی. تا زیاتر ئاگری کولتووری ڕەشبینی و خەمۆکی خۆش بکەین، ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ پتر دەبێت.
دەبوو کولتووری تاکگەرایی جڵەونەگیراو و هەوسارپچڕاو لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بوەستێنرێت. ئەم کولتوورە تاکەکانی ئازاد دەکرد، بەڵام ئەو پەیوەندییانەی لەنێوبرد کە پێشتر بەیەکەوەی گرێدابوون. کولتووری هەمەکی و نوێمان گەرەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پەیوەندییە نەرێنییانەی لەسەر بنەمای دووجەمسەربوونی فەزا و قوربانیکردنی بەکۆمەڵ دامەزراون، بگۆڕن بۆ ئەو پەیوەندییانەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی هاوبەش و کردەی بەکۆمەڵ بونیادنراون. لە مێژوودا ساتێک هەیە کە ئومێدم پێ دەبەخشێت. ئەویش سەردەمی مەککارتیزمە لە ساڵانی (١٩٥٠)دا، بەوچەشنەی کە گوتم، شەپۆلێکی چڕوپڕی ترسی لەمەڕ کۆمۆنیستەکان وەڕێخست، بەڵام ئەو ترسە بوو بەهۆی پاشەکشەی کولتووری و لە کۆتاییدا وتاری دەستبەکاربوونی “جۆن ئێف کەنەدی” بەرهەمەکەی بوو، کە یەکێک لە گەشبینانەترین وتارەکانی مێژووی ئەمریکا بوو و تێێدا گوتی: “وەرن پێکەوە هەسارەکان بدۆزینەوە، دەست بەسەر بیابانەکاندا بگرین، نەخۆشییەکان بنبڕ بکەین، بە قووڵایی زەریاکاندا بچین و هونەر و بازرگانی بەرەوپێش بەرین”. هەروەها ئەوندە تێپەڕنەبووە بەسەر ئەو کاتەی کە باراک ئۆباما بە مژدە و بەڵێنی گۆڕانکاریی ملیۆنان کەسی خرۆشاند. نابێت ڕێگە بدەین وەرزی تاریک و هەڕەشەئامێزی هەنووکەیی پێشگۆیی و نوقڵانەی خۆی وەڕاست بگەڕێنێت، بەڵکوو دەبێت یارمەتیدەربین لە ئامادەکردنی وڵاتدا بۆ هەست و ئینتیمای هاوبەش. مێژوو دەریخستووە کە ڕەشبینبوون بەرانبەر بە ڕەشبینی هیچی لێ سەوزنابێت.
دەیڤید بروکس سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی-کەنەدیی و ڕەخنەگری کولتووری کۆنزەرڤاتیڤە. ئەم وتارەی لە سەرەتای ئەم ساڵدا بڵاوکردووەتەوە و وەک نووسەرێکیش بەشداری بڵاوکراوەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، نیوزویک و ئەتڵەنتیک دەکات. هەروەها مامۆستای زانکۆی یێڵە و تا ئێستا پتر لە ٣٠ بڕوانامەی فەخری لە کۆلێژ و زانکۆکانی ئەمریکا پێ بەخشراوە. لە ساڵی (2004)دا “خەڵاتی سیدنی”ی دامەزراندووە، کە ساڵانە دەبەخشرێتە باشترین وتارە سیاسی و کولتوورییەکان. خاوەنی چەند کتێبێکە لەوانە: The Second Mountain: The Quest for a Moral Life (2019)، The Road to Character (2015)و How to Know a Person (2023)
نووسینی: دەیڤید بروکس
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن