“پێشەکی”
ئابووری کرێخۆرە (موڵکانە کرێ)، بەیەکێک لە چەمکە گرنگەکان دادەنرێت لەجیهانی ئابووری و ڕامیاریدا، ئابووری کرێخۆرە لە جۆرێک لە جۆرەکانی سیستەم دادەنرێت، بەگشتی ئەم جۆرە ئابوورییە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندی نیوان دەسەڵات و خەڵک لە جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و، دەوڵەتانی خاوەن ئابووری کرێخۆرەی وەک وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و ئاوپێک. دەوترێت دەوڵەتی کرێخۆرە، بەشێکی زۆری سەرچاوەی داهاتی نیشتیمانی پشت بەیەک سەرچاوەی داهات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئەویش لە ڕێگای فرۆشتن یاخود بە کرێدانی کەرستە سەرەتایی و بنچینەیە سرووشتییەکانی بە کڕیارە دەرەکییەکان دەستەبەر دەکات، وەکو فرۆشتنی نەوت و گاز و، زەوی تەلار و باڵاخانە وکارگە و تاوەر و موڵکە گشتییەکانی وڵات، بێگومان ئەم جۆرە ئابوورییە بە گوێرەی گۆڕانکاری و بارودۆخی بازاری نەوت و گاز تووشی هەڵبەزین و دابەزینی زۆر دەبێت و ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ئەبێت لەسەر سەقامگیر و پرۆسەی سیاسی لە هەر کیانێکی سیاسیدا، بێگومان هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە دەوڵەتی ئێراقی فیدڕال بێبەش نەبووە لەم جۆرە ئابوورییە و، ڕەنگدانەوەی زۆری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
سەرهەڵدانی ئابووری کرێخۆرە لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی یەکەمین بیرە نەوت و سەرچاوە سرووشتیەکان لە دوای راپەرینە مەزنەکەی بەهاری سالی ١٩٩١، دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵکەندنی یەکەمین بیرە نەوت بەسەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ بیرە نەوتی شیواشۆک بوو، ئەم پاڵاوگەیە بە شێوەیەکی فەرمی لەساڵی ١٩٩٥ دەستیکرد بەبەرهەمهێنانی نەوت. لەم ڕێکەوتە بەدواوە گرنگییەکی ئێجگار زۆر بە کەرتی وزە و نەوت درا لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش بووە فاکتەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی کۆمپانیا بیانییەکان بدات ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی نەوت و سەرچاوە سرووشتیەکان و هەناردەی دەرەوەی بکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر هەمەچەشنەکردنی ئابووری نەکرد، بەپێچەوانەوە تەنها پشتی بەیەک سەرچاوەی داهات بەست، ئەمەش بووە فاکتەرێک بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی ناسەقامگیر و ژێرخانێکی بەهێزی نەبێت، هەرئەمش بووە فاکتەرێکی تر کە لەساڵی ٢٠١٤ دابەزینی نرخی نەوت هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی قەیرانێکی سەختی دارایی بکات، بوو بە فاکتەرێکی سەرەکی کە متمانە لە نێوان دەسەڵات و خەڵک لاوازبێت، ئەمەش کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی متمانی سیاسی لە نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆیە هەر وڵاتێک پشت بە ئابووری یەک چەشن (کرێخۆرە) ببەستێت سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرقەرار نابێت.
“گرنگی توێژینهوه”
گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، کە باس لە کاریگەری ئابووری کرێخۆرە دەکاتە لەسەر سەقامگیری و ژێرخانی ئابووری هەرێمی هەرێمی کوردستان و، چ کاریگەریەکی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و، دیاریکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئابووری کرێخۆرە لەسەر هەرێمی کوردستان، چۆن بتوانین کە لایەنە ئەرێنییەکانی ئابووری کرێخۆرە بەکاربهێنین بۆ ئەوەی لایەنە نەرێنییەکان رەنگدانەوە لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بێتەوە و، بتوانین پشت بەستن بەستن بەیەک سەرچاوەی داهات لەخزمەت گشت سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگادابن ببنە فاکتەرێک بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی .
“ئامانجی توێژینەوە”
ئامانج لەم توێژینەوهیه ئەمەیە کە تیشک بخەینە سەر ئابووری کرێخۆرە لە سیستەمی ئابووری جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هەروەها سەرنج بخەینە سەر بنەما و ڕەهەندەکانی ئابووری کرێخۆرە لە جیهان و هەرێمی کوردستان، کاریگەری ئابووری کرێخۆرە لەسەر گشت سێکتەرەکانی کۆمەڵگا.
“پرسیاری توێژینەوە”
پرسیاری سەرەکی؛ بنەماکانی ئابووری کرێخۆرە چین؟
پرسیاری لاوەکی؛ ئایا هەرێمی کوردستان چ جۆرە سیستەمێکی ئابووری ههیه؟
“گریمانەی توێژینهوه”
گریمانی ئەمە دەکەین لەم توێژینەوەدا، ئابووری کرێخۆرە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، بەهۆی پشتبەستنی حکومەت بە یەک سەرچاوەی داهات و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانە یەک لە دوایەکەکانی هەرێمی کورستان راستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکرد، ئەمەش بووە هۆی ناسەقامگیری ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بووە هۆکارێک بۆ قەیرانە داراییەکەی ساڵی ٢٠١٤، دابەزینی نرخی نەوت.
“میتۆدی توێژینهوه”
لەم توێژینەوەیەدا میتۆدی شیکاری و وەسفی و مێژوویی پەیڕەودەکرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بەشێوەیەکی زانستی و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ بابەتەکان دەکرێت، لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەدا. لەسەرهتا میتێۆدی وەسفی باس لە ئابووری کرێخۆرە، ودواتر شیکاری بۆ سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی لەهەرێمی کوردستان، هاووڵاتی و حکومەت و لە هاوکێشەی ئابووری کرێخۆرەدا.
“پێکھاتەی توێژینەوە”
ئەم توێژینەوەیە جگە لە پێشەکی و دەرئەنجام و لیستی سەرچاوەکان، لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم ئاماژە دەکەین بە ئابووری کرێخۆرە و زاروە و چەمک و تایبەتمەندییەکانی ئابووری کرێخۆرە و لایەنە باش و خراپەکانی ئابووری کرێخۆرە و ئابووری کرێخۆرە وەک سیستەم. لەبەشی دووەمدا، ئاماژەدەدەین بە سیستەمی ئابووری و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و پایەو بنەماکانی سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان و، ڕێکخستنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم و، هاوکێشەی داهات و خەرجی لە هەرێمی کوردستان و، بنەماکانی ئابووری کرێخۆرە، ئاماژەکانی ئابووری کرێخۆرە لە هەرێمی کوردستان، و تایبەتمەندییەکانی ئابووری کرێخۆرە لە هەرێمی کوردستان و، لایەنە باش و خراپەکانی ئابووری کرێخۆرەی هەرێمی کوردستان.
“بەشی یەکەم؛ دەروازەیەکی تیۆری ئابووری کرێخۆرە”
چەمکی ئابووری کرێخۆرە چەمکێکی نوێ نیە لە جیهانی ئابووریدا، گەر سەیری ئەم چەمکە بکەین ئەوە لە نووسینی گشت زانایانی ئابووری کلاسیکی وەکوو “ئادەم سمس” لە کتێبەکەی بەناوی “سامانی نەتەوەکان” لە چوارچێوەی داهاتی زەوی پەیڕەوەی لێکراوە، “مارکس” بەو جۆرە پێناسەی ئابووری کرێخۆرە دەکات “بریتیە لە ڕەوشێک کە هەندێک سێکتەر لە سەرمایە سەرانە لەسەر سەرمایەی بەرهەمهێن وەردەگرێت”، دواتر “ریکاردۆ” لە سەرمایە باسیان کردووە، بەڵام ئەوەی باسی ئابووری کرێخۆرەی کردووە بە شێوەیەکی میتۆدی دەگەڕێتەوە ئابووریزانی ئێرانی “حسین مههداوی”. (محمود، ٢٠٢٢) ئابووری کرێخۆرە شێوازێک یاخود جۆرێکە لە سیستەمی ئابووری پشت دەبەستێت بەیەک سەرچاوەی داهات و زۆر جار ئەم سەرچاوەیەش سرووشتییە، وەکو کانزا و گاز و نەوت. بەبڕوای زانایان؛ ئەم جۆرە ئابوورییە کاتییە و ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت، چونکە ئەم جۆرە ئابوورییە پەیوەستە سەرچاوە سرووشتییەکانەوە کە ئەگەری تەواوبوونیان هەیە، ئەم ئابوورییە پشت بە سەرمایەی مرۆیی نابەستێت کە توانای داهێنانیان هەبێت و، ئەم جۆرە ئابوورییەش دەوڵەت دەکاتە دەوڵەتێکی قۆڕخکاری سەرچاوە سرووشتییەکان.( Harvard BusinessReview,2019)
“ئابووری و دەوڵەت”
ئابووری لە ڕووی فەرهەنگ و پێکهاتەوە وشەیەکی ساده و ساکارە، بەڵام لە ڕووی واتاوە بەردەوامی ژیان و بەرەوپێشبردنی گوزەرانی تاکەکان دێت و، ئابووری هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە ژیان و هەوڵدان بۆباشتربوونی گوزەرانی تاکەکان و هاووڵاتیان و دەستگرتنە بەسەر دەرامەتەکان، شێوازەکانی بەکارهێنان و دابەشکردنی بەسەر پێداویستیە جۆربەجۆرەکان بۆ تێرکردن ویست و ئارەزووەکانی کۆمەڵگا. بۆیە پێی دەوترێت مایەیی ژیان و خۆشگوزەرانی، وشەی( economics )دەگەرێتەوە بۆ یۆنانی کۆن کە ئەم چەمکە لە دوو بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە (nomos ) بەمانی ڕێسا و بەڕێوەبردن دێت و، ( oikos )بەمانای شار دێت واتا بەڕیوەبردنی شار و ماڵ دێت، ئابووری وەک بەشێک لەزانستی کۆمەڵایەتی پێناسەی جۆربەجۆری بۆکراوە تا ئێستا زانایانی بواری ئابووری پێناسەیەکی گشتگیریان بۆ ئەم زانستە دانەناوە، هەر زانایەک لە ڕوانگە و دیدگای جیاوازەوە پێناسەی زانستی ئابووری کردووە، بەڵام دەتوانین پشت بە پێناسەی هەردوو زانای بواری ئابووری ببەستین کە بریتین لە “پول سامویل سون و ویلیام نورد هاوس” لە پەرتووکی زانستی ئابووری پێناسەی چەمکی زانستی ئابووری دەکەن (ئابووری بریتیە لەوەی کە کۆمەڵگاکان چۆن بتوانن دەرامەتە دەگمەنەکانیان بەکاربهێنن، بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای بەهادار و دابەشکردنی لەنێوان گشت تاکەکانی کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی). (ئەنوەر سماقەیی. ٢٠١٩ ،٢١-٢٢).
ئابووری بریتیە لەزەمینە سازییەکی ئابووری، باس و توێژینەوە لە کۆی بەرهەمی کاڵاو و خزمەتگوزارییەکان و دابەشکردنەوەی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا، هەر لە دێر زەمانەوە مرۆڤ لە سەردمی چاخی بەردینەوە تا ئەمڕۆ، چالاکی هەبووە و هەمیشە کاری لەسەر تێگەیشتنی دیاردە ئابوورییەکان کردووە، بۆیە بە ئابووری دەوترێت بەشێکە لەزانستی کۆمەڵایەتی، هەڵدەستێت بە لێکۆلینەوە و توێژینەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی تاک لە نێو کۆمەڵگا دەکات.(علی،٢٠٠٩ : ٢٢). سیستەمی ئابووری؛ بریتییە لەکۆمەلێک یاسا و بنەما و نەریت، حوکم دەکەن لەسەر بنەماکانی ئابووری نەتەوەی لە رێگای ئەم یاسا و بنەمایانە دەرامەتەکان بەکاردەبرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا، ئامانجی هەرسیستەمێکی ئابووری دیاریکردنی شێوازی جۆروبڕی ئەم کاڵاو خزمەتگوزاریانەیە کە پێویستە بەرهەمبهێنرێن و هەروەها دیاریکردنی شێوازی بەرهەمهێنان و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم بەرهەمە. ئابووری هەرکۆمەڵگایەک دیاریکراوە بەو دەرامەت و ئەم زانیاریانەی کە لەسەر تەکنەلۆژیا هەیەتی، لەبەر ئەمە لەسەر هەر کۆمەڵگایەک پێویستە لە نێوان بونیادنانی ڕیگای و کرینی چەک یەکێک هەڵببژێرێ هەروەها لە نێوان خوێندن و خۆراک یەکیک هەلبژێرێ هەروەها لە نێوان تەندروستی و ئاهانگ گێران یەکێک هەڵبژێری. لێرەدا پرسیارێکی جەوهەریمان بۆ دروست دەبێت بۆچی سیستەمی ئابووری لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا گرنگی پێدەدرێت دەتوانین لە چەند خاڵێک دا شیان بکەینەوە:- ( ئەنوەر سماقەی، ٢٠٠٩،ل ٩).
1- پێویستە چ جۆرە کالایەک بەرهەمبێنین، پێویستە چەند بێت کە بەرهەمی دێنین؟ لەسەر کۆمەڵگا پێویستە بریاربدات چەند چەند بەرهەمبهێنێت لە هەر جۆرێکی کاڵا و خزمەتگوزاری کەدەتوانرێت بەرهەمبهێنریت.
2- چۆن کاڵا بەرهەمبێنین؟ پێویستە کۆمەڵگا بریاربدات کێ هەڵبستیت بە بەرهەمهێنان و بە چ دەرامەتێک چ تەکنەلۆژیایەکی بەرهەمهێنان بەکاربهێنرێت لەبەرهەم هێناندا.
3- بۆکوێ بەرهەم بهێبریت؟ ئەرکی سەرەکی هەرکۆمەڵگایەک، بڕیاردانە لەسەر لەسەر ئەوەی هەر سیستەمێکی ئابووری وەڵامی هەرسێ پرسیارەکە دەداتەوە هەریەک بە ڕێگایەکی تایبەت.
“جۆرەکانی دەوڵەت”
- دەوڵەتی سادە؛ دەوڵەتی سادە بریتییە لەو دەوڵەتەی کە تێدا تەواوی دەسەڵاتەکان لە ناوەندێکی بڕیاردان کۆدەکرێتەوە، واتا دەسەڵاتەکان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بەڕێوەدەچێت، تەواوی کاروبار و سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوەدەبات و خاوەنی بنەمایەکی یاسایین، کە بریتیە لە دەستوور بنەماکانی ئەم دەستوورەش لە سەرتاسەری وڵات جێبەجێدەکرێت بەبێ جیاوازی، واتا سەروەری لەیەک سەنتەری بڕیار کۆبووەتەوە دابەش ناکرێت، ئەم جۆرە دەوڵەتە یەک دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە خۆ دەگرێت، کە لەدەستوور دیاریکراون و لە سەرتاسەری دەوڵەت جێبەجێ دەکرێت، خاوەنی دەسەڵاتێکی سەنتڕاڵییە کە تەواوی یەکبوون و یەکپارچەی دەوڵەت دەپارێزێت و یەکەکانی تر لەم جۆرە دەوڵەتانە ڕۆڵێکی لاوەکییان هەیە و پاشکۆی سەنتەرن. ( رەحیم قادر٦٩،٢٠١٧)
لەلایەکیتر دەوڵەتە سادەکان، تەنها لەبەر شێوازی سەنتڕاڵی دەسەڵات، بە دەوڵەتی سادە ناودەبڕین. بەڵام دەبێتە ئێمە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە دەوڵەتی سادە لە بەربوونی سەنتراڵییەتی سیاسی، پێی دەوترێت دەوڵەتێکی سادە. واتا تەواوی بڕیارە سیاسەکان و پرسە چارەنووسسازەکان لە پایتەختی کیانە سیاسیەکانەوە دەردەچن.
- دەوڵەتی ناسادە (لێکدراو)؛ ئەم جۆرە دەوڵەتە، پێکدێ لە کۆکردنەوەی زیاتر لە دەوڵەتێک، یاخود دابەشکردنی دەسەڵاتی سەنتڕاڵی لە نێوان چەند سەنتڕاڵێکی هێزدا، کە تێدا هەموویان بەشداردەبن لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەت، بە گەڕانەوە بۆ بانگراوندە مێژووییەکان زیاتر لەیەک شێوەی دەوڵەتی لێکدراومان نیشان دەدات، بەڵام دیارترین شێواز کە تا ئێستا بەردەوامە بریتیە لە دەوڵەتی (فیدڕاڵی) لەپێناو بەدەستهێنانی چەند ئامانجێکی هاوبەش پێکدێن، کە بەهێزی دەوڵەتەکە دەتوانن دەستەبەری بکەن، هەروەها بەپێی دابەشکاری نێوان دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتی دەوڵەتی یەکگرتوو و ئەو یەکانەی کە پێکی دەهێنن دەگۆڕێت. ( رەحیم قادر٧٠،٢٠١٧)
دەوڵەتی لێکدراو، بریتییە لە بوونی چەند هەرێمێکی جیاواز کە خاوەنی دەسەڵات و دەمەزراوەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیانن، نموونەی وڵاتانی فیدڕاڵی یاخود دەوڵەتی لێکدراو ( ئێراق، بەڕازیڵ، ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) بەگشتی دەوڵەت، بریتییە لە کۆمەڵگایەکی مەدەنی ڕێکخراو بەیاسا، لە سنورێکی دیاریکراو پێکهاتووە هاوکات لەگەڵ بوونی سیستەمێکی سیاسی دیاریکراو، بتوانێت بە هیزێکی ئۆرگانی سەپێنراو و ڕەوا و، یاسایی بوونی هەبێت.(رەحیم قادر، ٢٠١٧ ،ل٦٣).
دەوڵەت، بریتییە گەشەسەندنی بیری سیاسی تاکەکان، بوونیادنانی دەوڵەت پێویستی بە بنەما هەیە ئەمانیش بریتین لە بوونی خەڵک، جوگرافیایەکی دیاریکراو و دەسەڵاتی ڕامیاریه، (دەوڵەت بریتیە لە گەشەسەندنی دەسەڵاتی ڕامیاری، لەنێو کۆمەڵانی خەڵک لەنێوان هۆز و تیرە سەرەتاییەکاندا، دەوڵەت بەندە بە گەشەسەندنی بیری سیاسی تاکەکاندا)، دەوڵەت بە یەكێک لە چەمک و بیردۆزە هەر ئاڵۆزەکانی زانستی ڕامیاری دادەنرێت وەکو هەر زانستێکی تر خاوەنی چەندین پێناسە و چەمکی جیاوازە هەر بیرمەند و زانایەکی زانستی ڕامیاری لە ڕوانگە و دیدگای جیاوازهوە پێناسە بۆ دەوڵەت دەکات،بەشێوەیەکی گشتی، دەتوانین بەم شێوازە پێناسەی دەوڵەت بکەین “بریتیە لەهەبوونی کۆمەڵانی خەڵک و خاکێکی دیاریکراو ئاڵایەکی هاوبەش و سرودێکی دیاریکراو و لە ژێر سێبەری سیستەمێکی سیاسی درێژە بەژیاندەدەن”. (گەزنەیی_ئەحمەد، ٢٠١٢ ،ل ١٥-١٧). دەوڵەت بریتیە لە کیانێک کە لەپانتایەکی دیاریکراوەی زەوی پێکهاتوو لەتاکەکان، بەسیستەمێکی دیاریکراودا تاکەکان بەیەکەوە گرێدەدات.(هەرکی،٢٠١٨ ،ل٩).
“سەرچاوەکانی داهات”
داهات:- بریتییە لە داهاتی هەر پرۆژەیەک بە چەماوەی خواستەکەی دیاریدەکرێت کە ڕوبەڕووی دەبێتەوە، چەماوەی خواستیش لە جۆری بازارێک بۆ بازاڕێکی دیکە جیاوازە، وەک بازاڕی ڕکابەری یان بازاڕی قۆرخکاری لە باسکردنی بازاڕەکان زیاتر ئاشنای دەبین.(ئەنوەر سماقەی، ،٢٠٠٩،ل ١٦٣-١٦٥ ( بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەمان پێوەر بۆدیاریکردنی بیگرینە بەر بۆ پێوان و دیاریکردنی داهات کە سێ جۆر داهات هەیە:-
یهكهم، داهاتی گشتی؛ بریتییە لەسەرجەمی ئەو گوژمانەی پڕۆژە دەستی دەکەوێت لە فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە بازڕدا یاخود لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەسانی دیکە، یاخود دەتوانین بڵێین بەهای خزمەتگوزاری و بەرهەمە فرۆشراوەکانیەتی، دەتوانین بەم شێوەیە شیبکەینەوە .(ئەنوەر سماقەی،٢٠١٩،ل ١٦٣-١٦٥ (.
داهاتی گشتی = هێندەی فرۆشراو= نێوەنجی نرخی فرۆشتنی یەک دانە
دووەم، نێوەنجی داهات؛ بریتیە لەبەشی هەر یەکەیەکی فرۆشراو لە داهاتی گشتی، بریتیە لەئەنجامی دابەشکردنی داهاتی گشتی بەسەر دانەی فرۆشراو، دەتوانێت بەم شێوەیە دەرببڕێت: .(ئەنوەرسماقەی ،٢٠١٩:ل١٦٣-١٦٥ (.
نێوەنجی = داهاتی گشتی/ هێندەی فرۆشراو
سێیەم، داهاتی ڕادەدار؛ بریتیە لە بڕی گۆڕان لە داهاتی گشتی لە ئەنجامی گۆڕانی هێندەی فرۆشراو بەیەک دانە، یان داهاتی دەستکەوتووە لە فرۆشتنی یەک دانەی زیاد لە بەرهەم. یاخود داهاتی دواین دانەی فرۆشراوە دەتوانین بەم شێوەیە دەری ببڕین:-
داهاتی ڕادەدار= گۆڕان لە داهاتی گشتی/گۆڕان لە هێندەی فرۆشرا.
لەبەر ئەوەی هەرجۆرێک لە داهاتەکانی سەرەوە دەگۆڕێت بە گۆڕانی سرووشت و شێوە و جۆری بازاڕ کە پرۆژە تییدا بەرهەمەکانی دەفرۆشێت، لەبەر ئەوەی زۆر پێویستە ڕەفتارو شێوەی چەماوەی داهات بزانین لەهەر بازاڕێک.(ئەنوەر سماقەی ، ١٦٣،٢٠١٩-١٦٥ (.
“جۆرەکانی ئابووری و دەوڵەت”
جۆرەکانی ئابووری خۆی دەبینێتەوە لە چوار جۆری سەرەکی، هەریەکێکیان تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی هەیە، لێرەدا هەوڵدەدەین جۆرەکانیان بخەینە ڕوو، بەم شێوەیەی خوارەوە:- (جبریل ،٢٠٢١)
- ئابووری نەریتی، ئەمە بە یەکێک لە کۆنترین جۆرەکانی ئابووری دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتی مامەڵەی پێوە کرا بێت، ئەم جۆرە سیستەمە لە وڵاتانی خاوەن ئابووری بەهێز بوونی نەماوە، ئەم سیستەمە بەم جۆرە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لەم سیستەمەی کە بەتەواوی پشت بە مێژوو و دابونەریت و بیروباوەڕە دێرینەکان دەبەستێت، وەک چۆن پشت بە کشتوکاڵ و ڕاوکردن و ماسیگرتن، ئەم جۆرە بازاڕە لەوڵاتە تازەپێگەیشتوەکانی وەک ئاسیا و ئەمریکای لاتین، ئەفریقیا بوونیان هەیە یەكێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەمە ئەوەیە کە سنووردارە بەهۆزێک یان بنەماڵەیەک کە هەمان دابوونەریتیان هەیە.
- ئابووری بەڕێوەبردنی فەرماندهیی (سۆشیالیستی)، سیستەمیکە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندی یان فەرمانڕەوا، کە کاروباری دەوڵەت بەڕێوە دەبات ئەمەش بە ئابووری بەرنامە بۆ داڕێژراو ناسراوە، بەو پێیە فەرمانڕەوە نرخی کاڵای بەرهەمهێنا و نرخی فرۆشتن و دابینکردنی دیاری دەکات ئەم ئابووریەش پێی دەوترێت کۆمۆنیستی.
- ئابووری ئازاد (سەرمایەداری)، ئەم ئابووریە هەندێک کات ناودەبرێت بە ئابووری بازار سەرچاوە و بیرۆکەی ئەم ئەم ئابووریە دەگەڕێتەوە، بۆ بەرهەمهێنەری ئازاد لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان جگە لە یاساکانی بازار هیچ جۆرە یاسایەکی تر ناتوانێت ئازادی ئەم جۆرە ئابووریە سنورداربکات، کە لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە داواکار و خواست کۆنتڕۆڵ دەکرێت حکومەت هیچ دەست وەردانێک لەکاروباری بازاڕەو ناکات.(علی ،٢٠٠٩،ل٢٨ )
- ئابووری تێکەڵاو، مەبەست لەم جۆرە ئابوورییە ئەمەیە، سوود لە تایبەتمەندییەکانی هەردوو جۆری ئابووری ئازاد و ئاراستەکراوە وەرگیراوە، لەم جۆرە ئابوورییە حکومەت دەست وەردان ناکات جگە لەهەندێک سێکتەری گرنگ نەبێت.
“ئابووری کرێخۆرە؛ زاراوە و چەمک”
ئابووری موڵکانە(کرێخۆرە)، ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، کە لەلایەن زانای سیاسی و ئابووری ئێرانی “حسێن مەهداوی”. موڵکانە (کرێخۆرە) بریتییە لەم داهاتە وەرگیراوە بەبڕی گەورە و بەشێوەی هەمیشە لەدەرەوە، چ وەک داهاتی فرۆشراوە نەوت و گاز چ بەخشینی دەرەکی (بیانی) لێرەدا مەبستمان فرۆشتن و هەناردەکردنی سامانی سرووشتییە لەلایەن حکومەتەوە کە باوترین دەربڕینە بۆ ئەم چەمکە. ( صدیق احمد، ٢٠٢١،ل ١٠٢) زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک، ئابوورییەکەیان ئابووری کرێخۆرە(موڵکانە)یه، دەوڵەت بەگشتی ئەم ئابوورییە بە ئابوورییەکی شکست خواردوو لە قەڵەم دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نەوت بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و جەوهەری ئابووری جیهان دادەنرێت، بۆیە هەمیشە وڵاتانی زلهێز دهستێوەردان دەکەن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی بەهای نەوت دەکەن، لەبەر ئەمە کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئابووری وڵاتانی هاوردەکاری نەوت و ئامانجیانە نرخەکەی سنوردار بێت و لە ئاستێکی دیاریکراودابێت، مەبەست لەم دەست تێوەردانە ئەوەیە کە ئابووری خۆیان هەمیشە لە گەشەسەندنی بەردەوام دابێت. بێگومان ئەم جۆرە بارودۆخانە زۆر جار زیانی گەورەی بە دەوڵەتانی کرێخۆرە گەیاندووە و نەیانتوانیوە کورتهێنانی بودجەی خۆیان بە نەوت پڕبکەنەوە هەموو ئەمانەش وایانکردووە وڵاتانی کرێخۆر هەمیشە توشی قەیرانی یەک لە دوای یەک ببنەوە بەهۆی نا سەقامگیربوونی داهاتەکەیانەوە، هەمیشە تووشی قەیران ببن، لەزانستی ڕامیاری دەوڵەتی کرێخۆر بەم دەوڵەتە دەوترێت کە کۆمپانیای بیانی سەرچاوە و سامانی سرووشتی وڵاتەکەیان دەردەهێنن، هەناردی دەروەی دەکەن بەمەبەستی فرۆشتنی، ئەم دەوڵەتە تەنها پشت بەیەک سەرچاوەی داهات دەبەستن و بەڕێوەدەچن، بریتیین لە سەرچاوە سرووشتییەکان، زۆر جار ئابووری کرێخۆرە لە چوارچێوەی دەوڵەتانی نەتەوەی دێتە ئاراوە، لەم کاتەی نەتەوەی سەردەست دەست دەگرن بەسەر سەرچاوەی یەکەمی داهاتی وڵات بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیان بەکاری دەهێنن، لەبەشێکی زۆری وڵاتانی کرێخۆرە دا دەسەڵات لە دەستی خێزانێک یان چینیکی دیاریکراودایە، هەرچەندە دەوڵەتانی نەتەوەی دەبێت ببێتە چوارچێوەیەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ دیموکراسی، ئەگەرنا خودی دەوڵەتی نەتەوەی دەبێتە هۆکاری ئاڵێنگاری و سەرچاوەی ستەمکاریی مانەوەی وڵاتەکە و بەردەوام بوونی بەندە بە قەبارە و توانا ئابووری و سەرکەوتنەکەی بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی کاڵاو خزمەتگوزارییە گشتییەکان.( کەریم، ٢٠٢١ :ل ٤-٥).
“تایبەتمەندییەکانی ئابووری کرێخۆرە”
دەوڵەت پشت بەم قەبار گەورەیەی داهات دەبەستێت لەدەرەوەی وڵات و بۆی دەگەڕێتەوە، لێرەدا ئەم وڵاتە پێویستییان بە گەشەی ئابووری نیە لەناوخۆی وڵات ڕووبدات، ئەگەر بتوانێت کۆنتراکتەکان بەباشی بکرێن و شەفاف بێت. دیارترین تایبەتمەندیەکانی مۆدیلی ئابووری کرێخۆرە بریتین:- ( کەریم،٢٠٢١ : ل ٦-٧)
1- بەشێکی زۆرکەمی دانیشتوانی وڵات بەشداری دەکەن لە دەسکەوتنی ئەم داهاتەدا، بەم شێوەیەش هەلی کارکردن ناڕەخسێت بۆ تەواوی دانیشتوانی ئەم وڵاتە.
2- هەمیشە دەسەڵاتدارانی وڵات ئەو کرێیە وەردەگرن کە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە، هەر ئەمانیش سەرپەرشتی داهات و دابەشکردنی دەکەن بەسەر هاونیشتیمانیاندا، ئەمەش بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی ئابووری لە ناوەوەی وڵاتدا.
3- هەمیشە ئەم کارمەندانەی لە دەزگاکانی حکومەت، دادەمەزرێنرێن پێویست نین و بەرهەمیشیان وەکو پێویست نییە، واتە ڕێژەیەک لە کۆمەڵگا دەبێتە موچەخۆری بێ بەرهەمی دەوڵەت، ئەمەش زیاتر وەک دیاردەی بێکاری شاراوەی کۆمەڵگا دەردەکەوێت.
4- بەشێوەیەکی گشتی ئابووری وڵاتانی کرێخۆرە تەنها پشت بە نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکان دەبەستن، ئابووری وڵات هەمەچەشن ناکرێت، بەم شێوەیەش سێکتەرەکانی دیکەی ئابووری و هەمەچەشنکردنی داهات پشتگوێ دەخرێن.
- تەنانەت کەمترین ڕێژەی هەلی کار لە سێکتەری نەوت و گازدا دەڕەخسێنێت، ژمارەی ڕێژەی بێکاری لە هەڵکشان دەبێت.
“لایەنە باش و خراپەکانی ئابووری کرێخۆرە”
بێگومان ئابووری کرێخۆرە وەکو هەر مۆدێلێکی تری ئابووری چەندین لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە:-
یەکەم:- لایەنە ئەرێنییەکان. (خدر زێندین،٢٠١٥ :٢٨)
1- بوونی دەستورێک لەلایەن گەلەوە، کە هەرسێ دەسەڵاتە سەرهکییەکان جیابکاتەوە بەمەرجێک دەسەڵاتەکان نەتوانن لەدەروەی دامەزراوەکە و سنووری دەسەڵاتی خۆی بڕیاری چارەنووسساز بدات.
2- دوور خستنەوەی دەسەڵات لە دەست بەسەرداگرتنی داهاتی نەوت، ئەمەش پشت بەستن بە دانانی سندووقی جیگیر بۆ داهاتی نەوت بەگوێرەی یاسا، تەواوی لایەنەکان لەسەری کۆکبن.
- پشبەستن داهاتی نەوت بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری وڵات، نەوهک تەنها پشت بەستن بەیەک سەرچاوەی داهاتی سرووشتی.
- هەبوونی شەفافیەت لە بەدەستهێنان و دابەشکرنی داهاتی نەوت، چاودێری کردنی لەلایەن دامودەزگای تایبەتەوە.
دووەم:- لایەنە نەرێنییەکان. ( ساری زەڵمی،٢٠٢٠:ل ١٣٥-١٣٦)
1- وڵاتێکی دەوڵەمەند و هاووڵاتیەکی کەم دەرامەت.
2- هاوردەکردنی کرێکاری بیانی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکی ئامادەکراو و کاڵا بەرهەم هاتووەکان.
3- دەبێتە هۆی لاواز بوونی توانای ڕکابەرایەتی لەلای بەرهەم و کاڵا ناوەخۆییەکانە لە بەرامبەر کاڵا هاوردەکراوەکان ولە ناوچوونی بەرهەمی ناوەخۆیی، بۆیە بەرهەمەکان لە دەرەوە هەرزانتر دەبن بە بەراورد لەگەڵ بازاڕە ناوەخۆییەکان.
4- ئەمەش دەبێتە هۆکاری بازاڕی ڕەش و دزەکردنی کاڵا و کاری قاچاغ و لاوازی توانای بەرهەمهێنان، لە ئەنجامدا هاڵاوسانی ئابووری و زۆر بوونی دراو، لە ئەنجامی فرۆشتنی بەرهەم و سامانە سرووشتییەکان لە بازاڕەکانی دەرەوە.
- هەموو ئەمانەی باسمانکرد وادەکەن کە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە لە هاووڵاتییەکی بەرهەم هێن بگۆڕن بۆ هاووڵاتییەکی بەکاربەر و مشەخۆر.
“ئابووری کرێخۆرە وەک سیستەم”
سیستەمی ئابووری کرێخۆرە پشت بەسەرچاوەی داهاتی سرووشتی دەبەستێت، کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەشێکی کەمی دانیشتوانی وڵاتانی کرێخۆرە سوودمەند دەبن، لەم سیستەمە سوودمەندی یەکەم لە وڵاتانی موڵکانە (کرێخۆر) تەنها حکومەتە. لە فۆرمێکی زۆر سادەدا لە سیستەمی ئابووری موڵکانە(کرێخۆر) دەوڵەت بانگەشەی ئەو دەکات کە دەوڵەت پابەند نابێت بە پێدانی هیچ جۆرە سەربەستیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بە هاونیشتیمانیانی خۆی، چونکە بێ بەرهەمن بە درێژایی ژیانیان پشت بە دەوڵەت دەبەستن (فندی ،٢٠٢٠). هەرچەندە وڵاتانی کرێخۆرە بانگەشەی پیادەکردنی بازاری ئازاد دەکەن، بەڵام لەم جۆرە سیستەمەدا ئەم بازاڕە بوونی نیە، فەرمانڕەواکان ئەم جۆرە سیستەمەیان ناوێت، چونکە ئابووری ئازاد بەندە بە بوونی:-
1- جێبەجێکردن و پراکتیکردنی یاسا.
2- سیستەمێکی بەهێزی دادوەری و سەربەخۆ.
3- بوونی شەفافیەت.
گەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری سیستەمی سیاسی و ئابووری و دادوەری وڵاتانی سیستەمی ئابووری کرێخۆر بکەین ئەو خاڵانەی بازاری ئازادی پێوە بەندە بوونیان نیە، کەواتە وڵاتانی سیستەمی موڵکانە (کرێخۆرە) ناتوانن بانگەشەی بوونی بازاری ئازاد بکەن.(کەریم، ٢٠٢١ ،٩)
“بەشی دووەم؛ سیستەم و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان”
سەرچاوە سرووشتییەکانی وەکو نەوت و گاز ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە گەشەسەندن و بەهێزکردنی ژێرخانی سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان، نەوت و گاز ڕەنگدانەوە و کاریگەری هەیە لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم بەتایبەت دوایی پەسەندکردنی یاسایی نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا زلهێزەکانی جیهان واژۆکرد، بەتایبەت دوای پەسەندکردنی یاسایی نەوت و گاز لەپەرلەمانی کوردستان، ئەمەش بووە هۆی هاندانی زیارتری کۆمپانیا بیانیەکان ڕوو لەهەرێمی کوردستان بکەن بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکان، بووە هۆی وەچارخانێکی گرنگ بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بوونە هۆی بوژانەوە و بەهێزیکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.(فرج،خورشید،ل ١٨).
“پایە و بنەماکانی سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان”
بنەما ئابوورییەکانی هەر سیستەمێکی ڕامیاری یان هەرکیانیکی ڕامیاری، بریتییە لە توانا و هێزی دامەزراوە لە بوارەکانی وەبەرهێنان، گرنگترینیشیان پیشەسازی تەکنەلۆجیا و بواری بازرگانی، هێزی دارایی و هەبوونی سیستەمیکی گونجاوی دامەزراوەی چالاک لەم بوارەدا، گواستنەوە و گەیاندن هێزی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، مەرجێکی لەباری وەبەرهێنان، توانای لەخۆگرتنی سەرمایەداری، هەموو ئەم توانایە ئابووریانەی لەسەرەوە باسمان کرد لەهەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. (گوڵپی،٢٠١٧). سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان سیستەمێکی سەرمایەدارییە، کە تێدا ڕۆڵی حکومەت سنووردارە و ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەست لەهەموو کاروبارێکی بازاڕەوە وەربدات. دەسەڵاتی گشتی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەرتەسکراوەتەوە، یاخوود هیچ دەسەڵاتێکی نیە بەسەر بازاڕاوە دیاریکردنی نرخەکان بەگوێرەی یاسا و ڕێسای بازاڕ دەبێت، لەم سیستەمەدا گرنگی بە کەرتی تایبەت دەدرێت کەرتی تایبەت و تاکەکان بازڕ ئاڕاستەدەکەن.(گوڵپی،٢٠١٨).
“ڕێکخستنی ئابووری”
ڕێکخستنی ئابووری ئاماژەدانە بۆکۆنتڕۆلکردن یان سنووردارکردن و ڕێکخستنەوەی سەرجەم سێکتەرەکانی ئابووری وڵات، بە گوێرەی ڕێساویاسایەکی تایبەت لەلایەن دەسەڵاتی کارگێریەوە دەردەکرێت .https://macra.mw/economic-regulation ڕێکخستنی ئابووری بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە هێزی ئابووری دەوڵەت دەستەبەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەگەڵ سەرجەم سەرچاوە ماددی و مرۆییەکان بۆ پەرەسەندنی ئابووری بەشێوەیەیکی پلان بۆ دارێژرا و بەردەوام، تێدا سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات و دابینکردنی شێوازێکی شایستەی ژیان و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان. (ڕەشید،٢٠١٥،ل ٣).
“سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم”
داهات بریتیە لە کۆکردنەوەی داهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵاتە کە حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتیەکانی و دەستەبەرکردنی ئامانجە ئابووری و رامیاری و کۆمەڵایەتییەکان بەکاری دههێنێت، ئەویش لەچەندین سێکتەر و بواری جیاجیادا، سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانیش پشت بەچەندین سێکتەر و کەرتی جیاواز دەبەستێت (کەریم،٢٠٢٢)داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپلە یەک پشت بەکەرتی نەوت دەبەستێت، دەتوانین بلێن سەدا ٩٠ زیاتر داهاتەکەی پشت بەسەرچاوی سروشتی وەک نەوت،گاز، دەبەستێت هەروها داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلە دوو،پشت بە داهاتی نانەوتی (ناوەخۆ) دەبەستێت دواتریش بەپلە سێ پشت بەوهاوکاریە دەبەستێت کە هێزەکانی هاوپەیمانانی شەری دژ بەتیرۆرستانی داعش پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکەن، بڕی ئەم هاوکاریشە ١٧،٠٠،٠٠ هەڤدە ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە.(نووسینەگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،٢٠٢١،ل٢١_٢٢)
“هاوكێشەی داهات و خەرجی لەهەرێمی کوردستان”
هەروەک لە بابەتی سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەمان بە جۆر و سەچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستاندا، دێین باس لەهاوكێشەکانی داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستان دەکەین، لێرەدا دارایی حکومەت بە هێزێکی سەرهکی دادەنرێت، بۆ هەموو سێکتەرەکانی ئابووری نێوەخۆیی و سیاسەتی دەروە، بەشێکی هەرزۆری سێکتەرەکان پاڵپشتی دارایان پێدەدرێت یان دابین دەکرێت، بێ توانان لە دابینکردنی پاڵپشتی ئابوورییەکان یان پڕکردنەوەی تێچووەکانی خۆیان ئەمە بە ئەرکێکی سەرەکی سێکتەریی دارایی حکومی دادەندرێت لە هەموو سیستەمێکی ڕامیاری و ئابووری هەروڵاتێک، بۆیە دارایی حکومەت ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر دەبینێت لە هاوکێشەی داهات و خەرجی لەهەرێمی کوردستاندا.
پێویستە ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی داهاتی حکومەت بکەین، کەئەویش سەرچاوەی سەرەکییە لە داهاتی بودجەیە، دەستەبەرکردنی بوودجە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە لەگەڵ سیاسەتی کۆمەڵایەتی،ئابووری دارایی وڵاتانی جیهانەوە، سەرەکیترین سەرچاوی داهاتی بوودجە باج وەرگرتنە لە وڵاتە گەشەسەندو پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵام لەهەرێمی کوردستان بارودۆخەکە، بەپێچەوانەوهیە کەسەرچاوەی سەرەکی داهاتی بوودجە ئەویش پشت بە نەوت دەبەستێت. بەڵام لەهەرێمی کوردستان سەرچاوەی پارەدارکردنی بوودجە خۆی دەبینێتەوە، لەداهاتی نەوت و نانەوتییەکان(ناوەخۆ)،یارمەتی هاوپەیمانان، بەڵام زیاتر پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوتەوە، ئەم بودجەیەی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە تاساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ بۆ هەرێمی کوردستانی دەنارد.
لە خوارەوە باس لە شێوازەکانی داهات دەکەین، کەپێکدێت لە پێنج شێوازی داهات.
1- داهاتی گشتی بریتیە، لەم داهاتەگشتیەی کە لەداهاتی هەنووکەیی و داهاتی بەدەستهاتوو لەسەوداکاریی بە سەرمایەداریی بەدەستدێت.
2- داهاتی هەنووکەیی بریتییە لەو داهاتەی، کە لە ئەنجامی ئەو دەستهاتانەی لە ڕێگای داهاتی باج و ناباجیەوە پێکدێت.
3- باج، بریتییە لەم داهاتە سەپێنراوەی کە هاووڵاتیان بەناچاری دەیدەن بە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان.
4- داهاتی ناباجی، بریتییە لەم داهاتەی لە دەرئەنجامی ئەو سهوداکارییەی کە حکومەت بە خاوەنداریەتی لە ئەرکەکانی سەوداکەری بەموڵکەکان وەک زەوی و دووکان و باڵاخانە و گشت چالاکییە بازرگانیەکان پێکدێت.
5- داهاتی سەوداکاری بەسەرمایەوە، بریتییە لەم داهاتەی کە لە دەرئەنجامی سەوداکاریی بەسەرمایە و فرۆشتنەوەی دارایی سەرمایەیی دروست دەبێت.
داهاتی فەرمی، بریتییە لەم داهاتەی کە لەهەموو پێدانەکان بەبێ گەڕانەوی ماف، بەخۆڕایی کە لەلایەن دەزگاکانی تری حکومەت پێکدێت یان لەلایەن وڵاتانی بیانی یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و،خێرخوازیەکانەوە.(مەلائیبراهیم،٢٠٢١،ل ١٧٩،١٨٥،١٨٨ ).
دەوڵەت لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمەڵ و پرکردنەوەی پێداویستییە گشتییەکان، ئەوە دەوڵەت پشت دەبەستێت بەخەرجی گشتی کە بە ئامرازێکی گرنگی دارایی دەوڵەت دادەندرێت یەکەم هەنگاوی دەوڵەت بە پڕاکتیکی دیاریکردنی خەرجی گشتییە دواتر کۆی دەسهاتە گشتیەکان دەستنیشان دەکات،خەرجی گشتی رەنگدانەوەی کاروچالاکییە فرەچەشنەکانی حکومەتە.(علی،٢٠١٨، ل ٣٣ ).
خەرجیەکانی حکومەت دابەش دەبێت بەسەر چوار تەورەی گرنگ:-
خەرجیەکانی بەکاربەری یان سیاسی: کە دەکرێت دابەشی بکەین بەسەر چوار تەوەر.
تەوەری یەکەم:- بریتیە لەکۆی ئەم خزمەتگوزارییە گشتیانە وەک خەرجیەکانی دەسەڵاتی، یاسادانان و جێبەجێکردن، پەیوەندییەکانی دەرەو، پێشمەرگە، دەزگاکانی ئاسایش کە بەشێکی زۆری خەرجیەکانی حکومەتی هەرێم لەم سێکتەرانە خەرج دەکرێن.
تەوەری دووەم:- پێکدێت لە خەرجیی کۆمەڵاییەتی، خزمەتگوزارییە گشتیەکان، وەک پەروەرده، ڕاهێنان، تەندروستی، میدیایی، لەهەرێمی کوردستان خەرجیی گشتی بە ڕێژەیەکی کەمتر خەرجییەکان لەم سێکتەرە خەرج دەکرێت.
بەشی سێیەمی تەوەرهکە:- ئەم خەرجیانە زیاتر پەیوەندییان بە کار و چالاکییە ئابوورییەکانەوە هەیە، وەک ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەشەسەندنی ئابووری، بەشی چوارەمی تەوەرەکە بریتین لەم خەرجییە بۆ قەرەبووکردنەوەی، قەرزەکانی ناوەخۆیی و دەرکییە کە لەگەڵ دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەم توانرا قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی بە بڕی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بدەنەوە.
خەرجی ئابووری:- بەسەر دوو تەوەردا دابەشدەبن.
تەوەرەی یەکەم:- بریتییە لەخەرجییە هەنووکەییەکان مەبەست لەخەرجییە هەنووکەیەکان دەستەبەرکردنی کاڵا و شتومەک و خزمەتگوزاری، دابینکردن و پێدانی مووچە، دەستەبەرکردنی خەرجییەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی و ،دەستەبەرکردنی بەهای قەرز و گشت خەرجیەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی.
خەرجی قەرەبووکردنەوەی قەرز:- مەبەست لێی گەڕاندنەوەی ئەو تێچوانەی کە بۆ مەبەستی سەرمایەگوزاری، گەشەپێدانی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی خانووبەر و، کەرتی کشتوکاڵ ئەم سێکتەرانەی پێویستیان بە پاڵپشتی حکومەت هەیە، یاخود دووبارە بوونیادنانەوەی ئەم وێرانکاریانەی کە بەهۆکاری سرووشتی و جەنگەوە یاخود بەهۆی قەیرانەوە دروستبوون، لەم کاتەدا حکومەت پەنا دەبات بۆ سیاسەتی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانەی بەکاری دێنێت یاخود بەشێك لە پشک و موڵکە گرانبەهاکانی دەفرۆشێت، بینیمان لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان پەنای برد بۆ سیاسەتی قەرزکردن کە سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار “مهسعود بارزانی” داوای قەرزی لە وڵاتی تورکیا کرد، یاخود حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠٢١ بەشێک لە موڵکە گرانبەهاکانی خۆی خستەڕوو بۆ فرۆشتن بۆ ئەوەی پێداوەیستییەکانی خۆی پڕبکاتەو.( علی،٢٠١٨،ل ١٩٢،١٩٣)
“بنەماکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان”
ئابووری کرێخۆرە یاخود نەخۆشی هۆلەندی، کە بەیەکێک لە نەخۆشییەکانی ئابووری دادەنرێت، ڕووبەرووی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەبێتەوە، کێشەی سەرەکی ئەم جۆرە نەخۆشییە دروستبوون و روودانی ههڵئاوسانە لە دارایی ئەم دەوڵەتانەی کە دووچاری دەبن، بەهۆی هەبوونی نەختینەیەکی زۆری بیانی و پشتگوێخستنی بەرهەمی ناوخۆیی، لەمە ترسناکتر ئەمەیە کاتێک ئەو دەوڵەتانە پشت بەداهاتی نەوت و گاز دەبەستن، کە تەنها کەرتی سامانە سرووشتییەکان دووچاری قەیران نابن، بەڵکو تەواوی ژیانی ڕامیاری، ئابووری دەوڵەت دووچاری قەیران دەبێتەوە واتا قەیرانەکان قەیرانێکی یەکانگیر و سەرتاسەرین، ڕەنگدانەوەی لەسەر گشت کەرتەکانی دەوڵەت دەبنەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەقۆناغی بوونیادنان و دامەزراندنی کیانی هەرێمی کورستان ڕاستەوخۆ کاریکرد لەسەر کەرتی نەوت و گازی سرووشتی و تەواوی کەرتەکانی تری ئابووری پشتگوێخست، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری سیاسی و ئابووری و، کۆمەڵایەتی هەرێم هەبوو، ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی تەنها پشت بەیەک سەرچاوەی داهات دەبەستن وەک کەرتی نەوت و گاز ئەوە هیچ کاتێک ئابوورییەکی سەقامگیر و ژێرخانێکی ئابووری بەهێزی نابێت.(عبدالخالق محمد،٢٠١٧: ٢٢٣).
“ئاماژەکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان”
هەر دەوڵەتێک یاخود هەر کیانێکی ڕامیاری لە سیستەمی ئابووری پشت بە سەرچاوە سرووشتیەکانی وەک نەوت و گاز ببەستێت لە ڕێگای کۆمپانیا بیانیەکان هەناردەی دەرەوەی بکات، کە سەرچاوهی ژیانی ئەم کۆمەڵگایە لەسەر داهاتی ئەم سەرچاوە سرووشتیانەوەیە، کە پشت بەیەک جۆری ئابووری ببەستێت، ئەوە سیستەمی ئابووری ئەم وڵاتە کرێخۆرەیە، کاتێک سەیری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەین هەموو ئاماژەکان ئەمە دەردەخەن کە ئابووری هەرێمی کوردستان پشت بەیەک سەرچاوەی داهات دەبەستێت، هەروەها ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن ئابووری هەرێمی کوردستان پشت بەسیستەمی ئابووری کرێخۆرە دەبەستێت.(کەریم، ٢٠٢١:ل ٥ ).
تایبەتمەندییەکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان:- (المرسال, 2020).
- پشت بەستن بەیەک سەرچاوەی داهات. وەک کەرتی نەوت و گاز، بۆ بەڕێوەبردن و پرکردنەوەی خەرجی و داهاتەکان.
- ئابووری کرێخۆرە دەبێت، هۆی لاوازبوونی دامەزراوە فەرمییەکان.
- رێژەیەکی کەمی هاووڵاتیان سودمەند دەبن لە ئابووری کرێخۆرە.
- حکومەت بەپلەیەک سوودمەند دەبێت لە پشت بەستن بەم جۆرە ئابوورییە.
“لایەنە باش و خراپەکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان”
لایەنە باشەکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان:- ( خدر زێندین، ٢٠١٥: ٢٨).
- فرچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، لەرێگای داهاتی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و گاز.
- بوونی دەستوورێکی نوسراو لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیابکاتەوە و دەسەڵاتەکان نەتوانن دەست تێوەردان لە کاروباری ئابووری و سەرچاوە سرووشتییەکان وەربدەن.
- دوورخستنەوەی دەسەڵاتی ڕامیاری، لەدەست بەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوت و گاز.
- بوونی شەفافیەت و سەربەخۆی دەستی دەسپاکی هەرێم و دابەشکردنی داهاتی نەوت بە یەکسانی.
لایەنە خراپەکانی ئابووری کرێخۆرە لەهەرێمی کوردستان.
- پشت بەستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەک سەرچاوەی داهات وەک نەوت و گاز ئەمە هەرێم زوو زوو تووشی قەیران دەبێت(عبدالخالق محمد،٢٠١٧ ،ل٢٢٥)
- دەبێتە هۆی لاوازی، گەشەسەندنی ئابووری.
- لاوازبوونی فرەچەشنەکردنی ئابووری.
- بێ هیوا بوون لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی.
- هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
- رەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پیسبوونی ژینگە.
- بڵاوبوونەوە و هەڵکشانی گەندەڵی بۆ ڕێژەیەکی مەترسیدار.
- ناسەقامگیر بوونی سیاسی بەهۆی نەوت و گازەوە. خدر زێندین ،٢٠١٥ :٣٥
“دەرئەنجام”
لە کۆتایی ئەم توێژینەوەیە توێژەر گەیشت بەو دەرئەنجامانەی خوارەوە:-
- ئابووری کرێخۆرە کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی درووستکردووە، لەسەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
- پشتبەستن بە ئابووری کرێخۆرە (بەرخۆر) دەبێتە هۆکارێک بۆ نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، لەبەر ئەوەی سامانی وڵات لە دەستی نوخبەیەکی دیاریکراودا کۆ دەبێتەوە، ئەوەش فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لە هەر سیستەمێکی سیاسی، بەتایبەتی ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوەش بەهۆی دروستبوونی چینایەتی لە نێو کۆمەڵگدا.
- لە هەرێمی کوردستان ئاماژە و بنەماکانی ئابووری کرێخۆرە بوونیان هەیە، کە ئەوەش فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیری ئابووری، چونکە وڵاتانی موڵکانە کرێ تەنها پشت بە سەرچاوەیەکی دیاریکراوەی ئابووری دەبەستن، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان پشت بە نەوت دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکان و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، واتا ئێستا سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێم وابەستەبووە بە سەقامگیری نرخی نەوت، بەگوێرەی بارودۆخی بازاری جیهانی نەوت، سەقامگیری ئابووری هەرێم گۆرانکاری بەسەردادێت.
- توێژەر لەو توێژینەوەیەدا گەیشتە ئەم دەرئەنجامە، ئەم جۆرە ئابووریە هۆکارێکە بۆ کەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
- کارنەکردن لە سەر هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێم، نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرۆمی ئابووری و سیاسی و کارگێری کاریگەرییان دروستکردووە لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
- سیستەمی ئابووری هەرێم بریتییە لە سیستەمی بازاری ئازاد.
- ئابووری کرێخۆرە دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی داهات و سامانی وڵات لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵات.
- ئابووری کرێخۆرە دەبیتە هۆی نادادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
- دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی بەکارهێنەر نەک وەبەرهێنەر.
- دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی کەرتی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.
“ڕاسپاردەکان”
- پێویستە حکومەت ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، لە کەرتەکانی تر بە کاری بهێنێتەوە.
- پێویستە گرنگی بدرێت بە کەرتەکانی تر و ئابووری هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکرێت، لە ڕێگای کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی.
- پێویستە حکومەتی هەرێم سوود لە ئەزموونی وڵاتانی هاوشێوەی قەتەر وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئابووریەکەی ئابوورییەکی سەقامگیر و بەهێز بێت، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک قەتەر داهاتی نەوت لە خزمەت کەرتەکانی تری کۆمەڵگا دەبێت وەک وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرە و گەشتیاری و کشتوکاڵ وەک سامانی سپیایی، یاخود بینیمان لە رێگای ئامادەکارییەکان و میوانداری کردنی مۆندیالی ٢٠٢٢، سەرنجی گەشتیارانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا.
- دووبارە بەکارهێنانەوەی وزە بەکارهاتووەکان، یاخود پاشماوەی وزە بەکارهاتووەکانی وەک نەوت.
لیستی سەرچاوەکان؛
یەکەم:کتێبە کوردیەکان
1. ئەنوەر سماقەیی ،ئەیوب،(٢٠١٩)،بنەماکانی زانستی ئابووری، هەولێر چاپخانەی شەهاب ، چاپی دەیەم
2. علی،نەهرۆ،(٢٠٠٩)زانستی ئابووری،هەولێر
3. رەحیم قادر ،پەروێز،(٢٠١٧)دەوڵەت و نەتەوە ،دەوڵەتی سەربەخۆ،یان سیستەم و حکومەتی دیموکراتیک (دەوڵەت، حکوومەت و دیموکراسی)،کۆمەڵە نوسەرێک،خانەی هزریی کوردستان ژمارە (١)
4. مستەفاگەزنەیی-حەسەنعبداللە،بژار،(٢٠١٢)سیستەمە سیاسیەکان سیستەمی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک نمونە ،هەولێر
5. هەرکی خالید،( ٢٠١٨) ،دەوڵەتداری دامەزراندن و بەڕێوەبردنی
6. ئەبوبەکر زەڵمی ساری، (٢٠٢١)فرەچەشنەکردنی ئابوریی هەرێمی کوردستان ، سلێمانی ، چاپی یەکەم
7. عبدلخالق محمد، شاڵاو، ٢٠١٧، دیبلۆماسیەتی خوێنی ڕەش، هەولێر، نوسینگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوەو ڕاگەیاندن
8. مەلا ئیبراهیم، خۆشەوی، ٢٠٢١، دەروازەیەک بەرەو ئابووریی گشتی، چاپی یەکەم، بەڕێوبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان
9. علی، فیسل، ٢٠١٨، ئابووری دارایی گشتی، چاپخانەی تاران
10. وسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢١، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات
11. محمد فەرەج، ئەنوەر, 2008 ,دەروازەیەک بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چاپی یەکەم، سلێمانی
.
دووەم:ماستەرنامە
1. خدر زێندین، مولود، (٢٠١٥)، کاریگەری فاکتەری نەوت لەسەرئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان-عێراق (ماستەرنامە،هەولێر زانکۆی سەلاحەدین کۆلیژی زانستە سیاسیەکان)
سێیەم:توێژینەوەکان
1. صديق احمد،جیهانگیر، (كانون الأول 2021 )، چاکسازی ئابوری لە هەرێمی کوردستان، پاساوبەربەستەکانی لە (٢٠٠٥-٢٠١٩)،مجلة الداسات السياسية الأمنيةو،المجلد الرابع، العدد الثامن،١٠٣
2. ئەنوەر کەریم، (٢٠٢١)مۆدێلی ئابوری هەرێمی کوردستان تێکەڵەیەک لە ئابوری کرێخۆرە و نیولیبڕالیزم،ژوری توێژینەوەکان سیاسی،ئابووری و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان
3. ڕەشید، نەوشێروان، ٢٠١٥، ئاسایشی ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی سیاسەتی ئابوری باو، ژوری توێژینەوەکان سیاسی،ئابووری و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان
4. معتصم خورشید، چالاک، ٢٠٢٢، کاریگەری فاکتەری نەوت و گاز لەسەر پێگەی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان/ عێراق،مجلە جامعە لبشریە
چوارەم: گۆڤارە کوردیەکان:
1. سدیق گوڵپی، جهانگیر، ٢٠١٨، بنەما ئابوورییەکانی هەرێم: سەربەخۆیی و پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، پێنووس
پێنجەم: ماڵپەڕە ئەڵیکتڕۆنیە کوردییەکان
2. محمود،کاوە،٢٠٢٢، دەوڵەتی بەرخۆر یان سەرمایەداری بەرخۆر، هەرێم نیوز.
https://www.google.com/search?q=%D8%A6%D8%A7%D8%A8%D9%88%D9%88%D8%B1%DB%8C+%D8%A8%DB%95%D8%B1%D8%AE%DB%86%D8%B1&ie=UTF-8&oe=UTF-8&hl=en-iq&client=safari#ip=1
Last visit:10-12-2022/12:00PM
شەشەم:مەڵپەڕە ئەلیکتڕۆنیە عەربیەکان:
.1جبریل ،لیلی ،(٢٠٢)،مفهوم الاقتصاد و انواعه_ مقال
،https://mqaall.com/concept-economy-tyes
Last visited: 13-10-2022 /2:00PM
2فندي،مأمون،(٢٠٢٠)،هل ماتت ىظرية الدولة الريعية؟_ الشرق الأوسط. https://aawsat.com/home/article/2627246/%D9%85%D8%A3%D9%85%D9%88%D9%86-%D9%81%D9%86%D8%AF%D9%8A/%D9%87%D9%84-
%D9%85%D8%A7%D8%AA%D8%AA-%D9%86%D8%B8%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D9%8A%D8%A9%D8%9F
Last visited:15-10-2022/ 10:PM
خصائص الاقتصاد الريعي، ٢٠٢٠، المرسل .3
https://www.almrsal.com/post/557865
Last visited:8/12/2022-10:45 pm
.
حەوتەم:ماڵپەڕە ئەلیکتڕۆنیە ئینگلیزییەکان:
Marca, 2016, economic regulation .1
https://macra.mw/economic-regulation/
Last visited: 20/10/2022 – 12:44 pm
2. Harvard BusinessReview، 2019،Economic Rent.
https://hbrarabic.com/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%81%D8%A7%D9%87%D9%8A%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%A9/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF-%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D9%8A/
Last visit: 2023-4-20/ 5:00AM
ئامادەکردنی؛ مستهفا مهقسوود