ئەگەر سەرنجی مێژووی مرۆڤایەتی بدەین، ئەوا بە ڕوونی درک بەوەدەکەین، کە تاوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا و هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کە تاوانی تێدا ڕوو نەدابێت، بەڵام ڕێژە و جۆری تاوانەکان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازن. ئەگەر بێت و پێناسەیەکی تاوانیش بکەین، ئەوا دەبینین کە لەزۆر ڕوانگەی جیاوازەوە پێناسەی تاوان کراوە، یە کێکیش لەو ڕوانگانە، ئەوا ڕوانگەی کۆمەڵناسییە. هەڵبەتە کۆمەڵناسان بایەخێکی زۆریان بە تاوانناسی داوە، بەتایبەتی ئەو هۆکار و پاڵنەرانەی کە تاکەکان بەرەو تاوان ئاڕاستە دەکات. ئەگەر بێت و لە ڕوانگەی یەکیک لە بیریارەکانی کۆمەڵناسییەوەش بڕوانینە تاوان، کە ئەویش ئیمیل دۆرکهایم (١٨٥٨ – ١٩١٧)ە، کە کۆمەڵناسێکی فەرەنسییە و بە یەکیک لە دامەزرینەرانی کۆمەڵناسی مۆدێرن دادەنرێت، ئەوا لەبارەی تاوانەوە دەڵێت: “تاوان دیاردەیەکی سرووشتییە لە کۆمەڵگەدا، تاکەکان لۆمەی دەکەن و قێزی لێ دەکەنەوە، چونکە زۆرجار هۆشیاری گرووپ دەورژێنێت لەپێناو پاراستنی نەریت و نموونە بالا و خوەکانیان”. ئەمەش بەو واتایەدێت، کە هەرلادانێک لە ڕێسا و قانونەکانی کۆمەڵگە، جێگەی قەبوولکردن نین و بەتاوان دێنە ئەژمار.
هەڵبەتە زۆر هۆکار و پاڵنەرهەن، کە دەبنە هۆی ئەوەی تاک بەرە و تاوان ئاڕاستەبکات، ئەوانیش هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و …تاد. بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بیخەینە بەرباس، ئەوە هۆکاری ئابوورییە، کە زۆرێک لە بیریاران و توێژەران، ئابووری بەپاڵنەرێکی سەرەکی ڕەفتاری تاوانکاری دادەنێن، کە تاک بەرەو تاوان هاندەدات، چونکە ئابووری لەدونیای ئەمڕۆدا، زیاتر بەستراوەتەوە بەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانەوە.
ئەگەر بێت و پێناسەی ئابووریش بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین: ئابووری زانستێکە هەوڵ دەدات کەچۆن هاوسەنگی لەدابەشکردنی سەرچاوەکاندا دیاری بکات، ئەم زانستە یارمەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان دەدات، بۆئەوەی بەشێوەیەکی گونجاوتر ئەنجام بدرێت. ئەگەر بمانەوێت بەسادەترین شێوە پێناسەی ئابووری بکەین، پێویستە بڵێین: ئابووری فێری حکومەت و میللەت دەکات کەچۆن سامانەکان بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنن، دەرئەنجامی ئەم بەکارهێنانە دروستە، ئەوا قازانجی زیاتر و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی خوازراوترە.
ئەگەر ئێمە بڕوانینە سیستەمی ئێستای جیهان، کە سیستەمێکی سەرمایەدارییە، ئەو جیهانە سەرمایەدارییەش بنەما سەرەکییەکەی ئابوورییە، کە خاوەندارییەتی تایبەت لەئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بەدواداچوون بۆ قازانج تایبەتمەندە. ئەمەش بەومانایە دێت، کە سیستەمی سەرمەداری، ئەخلاقی ئابووری دەخاتە شوێن ئەخلاقی گشتی، بەمەش سەرمایەداری ڕەفتاری تاکگەری و دژە کۆمەڵی هەیە. واتە تاک بەردەوام بۆ زیادکردنی دەستکەوتەکانی هەوڵدەدات، بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرێت. ئەگەر بێت و لە ڕوانگەی یەکێک لەو بیریاران بڕوانینە سیستەمی سەرمایەداری، ئەوا ولیام ئەدریان “بونجێر” (١٨٧٩-١٩٤٠) ی هۆڵەندییە، کە بەیەکێک لەو زانایانەیە کە لە سەتەی نۆزدە و بیستەمدا لەتاوانی کۆلیتەوە. ئەم بیرمەندە، لە پەڕتوکەکەیدا بەناوی”تاوان و بارودۆخە ئابوورییەکان” دەلێت: “سیستەمی سەرمایەداری هۆی تاوانە ڕەفتارییەکانە، چونکە ئەم سیستەمە لە هەرجێگەیەکدا پیادەبکرێت، ئەوا زۆربەی خەڵکەکەی داوێتە ژێر باڵی حالەتێکی ئابووری سەخت و هەمیشە گیانی خۆپەرستی و ڕق و کینەیان لەناودڵدا بەرپا دەکات، کەئەمەش بەرەو تاوان پاڵیان دەدات”. ئەمەش ئەوە دەگەینێت، کە سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی ئەوەی کە تاکگەری دروست دەکات و تاک هەوڵدەدات بۆئەوەی زیاترین قازانج بەدەست بهێنێت و دەستکەوتەکانشی زیادبکات، ئەوا زۆرکات پەنادەباتە بەر ڕێگەی نایاسای و نا ئەخڵاقییەوە، وەک؛ لەڕێگەی فێلکردن و شت فرۆشتن بەنرخیکی گران، بەبێ ئەوەی بیر لەبەرژەوەندی گشتی بکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە، سیستەمی سەرمایەداری دەبێتەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە بەسەر دوو چین دابەش ببێت، چینێکیان؛ چینی خاوەن کارە و ئامرازەکانی بەرهەم هێنانی بەدەستەوەیە، چینەکەی تریش چینی کرێکارە. هەڵبەتە چینی کرێکار لەسیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەستکەوتیکی کەم و کاتژمێری زۆری کارکردن و چەوساندنەوەیان لەلایەن چینی خاوەنکارەوە، ئەمەش وا لەچینی کرێکار دەکات ڕق و کینەیان لەبەرامبەر خاوەنکارەکانیاندا هەبێت، کە زۆرکات لەڕێگەی تاوانەوە ئەو ڕق و کینەیەی چینی کرێکار لەخاوەنکارەکانیان هەیەتی بەتاڵ دەکەنەوە. هەروەها “بونجێری” پێی وایە: سیستەمی سەرمایەداری تاکەکان بەرەو زۆر جۆری تری تاوان ئاڕاستە دەکان، وەک تاوانە جنسییەکان، بەهۆی نایەکسانی لەدابەشبوونی داهاتدا، ئەوا خەڵکە هەژارەکان بەهۆی کەمدەرامەتی و نەبوونی داهاتی پێویست بۆ بژێوی ژیانیان، ئەوا پەنا دەبەنە بەرکاری لەشفرۆشی.
هەڵبەتە بۆ ئەوەی زیاتر کاریگەری ئابووری بەسەر ڕەفتاری تاوانکارییەوە ڕوون بکەینەوە، ئەوا دەتوانین باسی چەند فاکتەریکی ئابووری بکەین، کە پاڵنەرن بۆ تاوان، یەکیکیش لە فاکتەرەکان، ئەوا فاکتەری گۆڕانی ئابوورییە. گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕەفتاری تاوانکاری هەبێت. کاتێک ئابووری لەدۆخێکی گەشەسەندنەوە پاشەکشە دەکات، ئەوا ئەم پاشەکشێیە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت بەسەر کۆمەڵگەدا، چونکە پاشەکشێی ئابووری کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی دامەزراندن و دابەزینی ئاستی داهات و دەست ڕاگەیشتن بەسەرچاوەکان، کەئەمەشە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەفتاری تاوانکاری، چونکە بە پاشەکشێی ئابووری، ئەوا تاکەکان دەرفەتیان نابێت کار و پێداویستی ژیانی ڕۆژانەیان لەڕێگەی قانونییەوە دەستەبەربکەن، هەربۆیەش بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان پەنا دەبەنە بەرکاری نا یاسایی. هەڵبەتە زۆر هۆکار هەن کەوادەکەن ئابووری وڵاتێک بەرەو پاشەکشە ببات، وەک هۆکاری سروشتییەکانی وەک: بوومەلەرزە و وشکەساڵی، یاخود جەنگ. هەروەها لێرەشدا گرنگە ئاماژە بەوەبکەین، کە چۆن پاشەکشێی ئابووری هۆکارێکە بۆ ڕەفتاری تاوانکاری، ئەوا گەشە سەندنی ئابووریش هۆکارێکە بۆ ڕەفتاری تاوانکاری، وەک تاوانی گەندەڵی، ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە. هەڵبەتە پەیوەندی گۆڕانی ئابوری و ڕەفتاری تاوانکاری ئاڵۆز و فڕەلایەنە.
ئەگەر بێت و کاریگەری لایەنێکی تری ئابووری بەسەر رەفتاری تاوان بخەینە بەرباس، کە ئەویش کاریگەری دابەزینی داهاتە بەسەر تاوانەوە. ئامارەکانی تاوانناسی دەریانخستووە، کە پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان دابەزینی داهاتی تاکەکەسی و تاوانەوە هەیە، چونکە کاتێک تاک ئەو داهاتەی کەدەستی دەکەوێت بەشی دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ناکات، ئەوا پەنا دەباتە بەر تاوان، بۆئەوەی لەم ڕێگەیەوە پێداویستی ژیانی دابین بکات. ئەگەر سەرنجی ئێستای داهاتی تاکی هەرێمی کوردستان بدەین، ئەوا دەبینین کە داهاتەکەی لە دابەزین دایە، چونکە داهاتی سەرەکی تاکی هەرێم مووچەیە، سەرچاوەی مووچەش داهاتی بەرهەمە نەوتییەکانە، لەئیستەشدا بەجۆریک ئێراق دەستی بەسەر بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێم داگرتووە و ڕێگەی نادات ڕاستەوخۆ مامەلەی پێوەبکات و لەجیهاندا بازاڕی بۆ بدۆزیتەوە، بەڵکوو دەبێت بۆ حکومەتی ناوەند(ئێراق) بگەڕێتەوە، ناوەندیش بە کۆنترۆلکردنی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم، ئەوا بەردەوام خەریکی دروستکردنی فشاری ئابوورییە، بۆئەوەی هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاوازبکات، بەمەش هەرێم تووشی قەیرانی ئابووری بووە و توانای دابینکردنی داهاتی سەرەکی تاکی نییە، کە مووچەیە. ئەمەش بووهتە هۆی ئەوەی کە داهاتی تاکەکەسی کەم ببێتەوە و توانای هەڵسوڕانی ژیانی رۆژانەی نەبێت: دابەزینی داهاتی تاکەکەسی، پاڵنەرێکە تاک لە کۆمەڵگە بەرەو کاری نا یاسایی و تاوانکاری ئاڕاستە بکات، چونکە تاک ئەو داهاتەی دەستناکەوێت بتوانێ ژیانی ڕۆژانەی پێ هەڵبسوڕێنێت و پێداویستی ژیانی دابین بکات، بۆیە لە ڕێگەیەکی ترەوە هەوڵدەدات داهاتەکەی زیاد بکات، جائەگەر ڕێگەکە ناقانونیش بێت. هەروا ئەوتاوانانەی بەهۆی دابەزینی داهاتی تاکەکەسییەوە دێنەکایەوە، ئەوا بەزۆری تاوانی دزی، لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەرن. هەروا گرنگشە ئەوە لەبەرچاو بگرین، ئەگەر لەکاتی دابەزینی داهات نرخی شتەکانیش نزم ببێتەوە، ئەوا دابەزینی داهات هیچ کاریگەرییەکی بەسەر رەفتاری تاوانەوە نابێت، چونکە هێزی داهاتی کڕین هەروەک خۆی دەمینێتەوە.
ئەگەر بێت و باس لەفاکتەرێکی تری ئابووری بکەین؛ کە کاریگەری بەسەر ڕەفتاری تاوانەوە هەیە، ئەویش کاریگەری هەڵاوسانی بەهای پارەیە. بەهای پارە لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا تووشی هەڵاوسانی پارە دەبێت، هەڵبەتە هەڵاوسانی بەهای پارەش زۆرجار لە دەرئەنجامی هەل و مەرجی سیاسی ڕوودەدەن وەک: جەنگ، کودەتا و گۆڕانی دەستەڵاتی حوکمڕانی لەوڵاتدا، یان بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە، وەک ئێستای ئێران کەبەهۆی گەمارۆی ئابووری ئەمریکا و ئەورووپا، پارەکەی بەهای خۆی لەبەرامبەر پارەی بیانی لەدەست داوە. هەڵبەتە هەڵاوسانی بەهای پارەش بەومانایە دێت، کە بەهای پارەی وڵات بەرامبەر پارەی بیانی توشی هەڵکشان و داکشان دەبێت. داکشان یاخود دابەزینی بەهای پارەی وڵاتیش بەومانایەیە کە هێزی کڕینی بەرامبەر بەپارەی بیانی لاوازە، بەدابەزینی بەهای پارەش وەک ئەوەوایە کەداهات کەمبکریتەوە بەبێ ئەوەی داهات کەم بکرێتەوە، بەپیچەوانەش ڕاستە. ئەگەر بێت و سەرنجی بەهای پارەی دیناری ئێراقی بدەین لەئێستەدا، کە بەهاکەی ناجێگیرە و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە لەبەرامبەر پارەی بیانیدا، بە تایبەتیش دۆڵار، کەبەهاکەی لەبەرامبەر دۆڵار لەدەست داوە، ئەمەش کاریگەری دروستکردوە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەلک، چونکە کوردستان و ئێراق وڵاتی بەرهەم هێن نین، بەڵکوو بەکاربەرن، بۆیە ئەو پێداویستییانەی کە لەدەرەوە وک پێداویستی ڕۆژانە دێنە ناوەوە، ئەوا بەزۆری بەدۆلار دەکڕدرێن، بەهای دۆلاریش بەرامبەر دینار بەرزە، هەربۆیەش ئەوانەی کە داهاتیان جێگیرە، یاخود سەرچاوەی داراییان سنووردارە، ئەوا ئەم دابەزینەی بەهای پارە دەبێتەهۆی دروستکردنی کێشە بەرامبەر بە بژێوی ژیانیان، چونکە دەبێتەهۆی زیادبوونی فشاری دارایی، لە ئەنجامیشدا ئەم فشارە داراییە لەوانەیە ببێتەهۆی ڕەفتاری تاوانکاری وەک: دزی، ساختەکاری و گەندەڵی.
هەڵبەتە پێویستە وڵاتان بەرنامەی پێشوەختەیان هەبێت بۆئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری ببنەوە، کە هۆکارێکە بۆ ڕەفتاری تاوانکاری، بەتایبەتی هەرێمێکی وەکوو کوردستان، کە لەئێستەدا ناتوانێت وەکوو پێویست پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ بازاڕەکانی جیهاندا پەڕەپێبدات و بازاڕێک بۆ سەرچاوە نەوتی و سرووشتییەکانی لەجیهاندا وەکوو پێویست بدۆزێتەوە، چونکە تاکوو ئێستەش وڵاتێکی داگیرکراوە و ژێردەستەی ئێراقە، بەمەش لەڕووی قانوونیەوە ڕێگەی پێنادرێت لەڕووی ئابوورییەوە رەفتاری سەربەخۆ بکات، بەڵکوو دەبێت لەم ڕووەوە بۆ حکومەتی ناوەند بگەڕێتەوە، هەربۆیەش ئێراق هەرکاتێک ویستی دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە قەیران بۆ کوردستان دروستبکات، چونکە لەئێستەدا هەرێم بەبی ڕەزامەندی ئێراق ناتوانێت سیاسەتێکی ئابووری سەربەخۆ پەیڕەوبکات، بۆیە ئیراق بەردەوام هەوڵدەدات ئابووری وەک فشارێکی سیاسی دژ بەهەرێم بەکار بهێنێت و هەرێم تووشی قەیرانی ئابووری بکات، بەبوونی قەیرانی ئابووریش ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی تاک و فشاری ئابووری دەخاتە سەر، ئەم فشارەش دەکرێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ ڕەفتاری تاوانکاری، بۆیە هەرێم پیویستە لەناوەخۆ پەڕە بەکەرتی ئابووری بدات و سەرچاوەی داهاتەکەی فرەلایەن بکات و کۆمەڵگەکەی بەرەو بەپیشەسازی ببات، بۆئەوەی داهاتێکی جێگیری هەبێت و ڕووبەڕووی قەیران نەبێتەوە، هەڵبەتە لە ئێستەدا لەم ڕووەوە حکومەت چەند هەنگاوێکی ناوە، بەڵام پێویستی بەکاری زیاترە، بۆ ئەوەی پشت بەخۆی ببەستێت و سەرچاوەی داهاتی فرەلایەن بکات. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو پێداویستایانەی کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی دابین بکات، ئەوا پێویستی بەوەیە کە تاکێک لە کۆمەڵگەدا بەرهەم بهێنێ کە تاکێکی بەرهەم هێن بێت، بۆ ئەمەش دەتوانێت لەڕێگەی سیستەمی پەروەردەییەوە سیاسەتێک پەیڕەوبکات، کەتاک بەپێی پێداویستی کۆمەڵگەکەی بەرهەم بهێنێت.
لەلایەکی تریشەوە، لەکاتی هەبوونی هەر قەیرانێکی ئابووریدا، ئەوا بۆئەوەی ئەم قەیرانە ئابوورییە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر داهاتی تاک نەبێت و ڕووبەڕووی فشاریکی ئابووری زۆر نەبێتەوە، ئەوا پێویستە باج لەسەر بەرهەمە ماوەکورتەکان کەم بکاتەوە، واتە ئەو بەرهەمانەی پەیوەندیان بەژیانی ڕۆژانەوەهەیە، نابێت باجی بخریتە سەر، بۆئەوەی کاریگەری لەسەر پێداویستی ژیانی ڕۆژانەی نەبێت و پاڵ بەتاکەوە نەنێت هەوڵبدات لەڕێگەیەکی نا شەرحییەوە پیداویستییەکانی دابین بکات. لە کۆتای ئەم نووسینەشدا، دەگەین بەو دەرئەنجامە؛ تاوان دیاردەیەکی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤەکاندا و لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە، بەلام جۆری تاوان و ڕێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە. زۆر هۆکارهەن کەپاڵ بەتاکەوە دەنین بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری تاوانکاری، یەکێکیش لەو هۆکارانە ئابوورییە. هەڵبەتە ئابووری دەکرێت وەک پالنەرێکی تاوانکاری بێت، بەتایبەتی لەئێستەی جیهاندا، چونکە ئێستەی جیهان خاوەن سیستەمێکە کە بنەما سەرەکییەکەی ئابوورییە، لەم سیستەمەشدا، ئەوەی بەلای تاکەوە گرنگە دەسکەوتی ماددی زۆرە، بەبێ گوێدانە لایەنی ئەخلاقی.
ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم نووسینە سوودیان لی بیندراوە:
- حبیب، د.ئیحسان محمد شلال، (٢٠١٦). بنەماکانی تاوانناسی. و: هێمن ئەمین شوانی، چاپی یەکەک، هەولیر، چاپخانەی هیڤی.
- دیلانی، تیم، (١٣٩٥).تێئورییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی. و:خالید شێخی، چاپی یەکەم، مسەقز، بیریار.
- رەحیمی، سلێمان،(٢٠١٢). دەروازەیەک بۆ زانست و تیۆری ئابووری. چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی موکریانی.
- گەڵالی، رزگار محمد قادر،(٢٠١٠). تاوانناسی. چاپی دووەم، هەولێر، کتیبخانەی تەبای.
- حسن یوسف، د.یوسف،(٢٠١٣)، علم الاجرام والعقاب – الکتاب الاول – علم الاجرام. الطبعە الاولی، القاهرە، المرکز القومي للاصدارات القانونیە.