ماوەى سەدەیەک زیاترە دەسەڵاتدارانى بەریتانیا و کۆمپانیاکانیان، رۆڵ و هەژمونى خۆیان لە گۆڕانکارییە سیاسیەکانى ئێراقدا سەپاندووە، هەر فەرمانڕەوایەکى ئێراق بە پێچەوانەى خواستى لەندەنەوە جووڵابێتەوە، ئەوا چارەنووسى لەناوچوون بووە. لە ساڵى (1895) زاناى جیۆلۆجى فەرەنسى “جەى دى مۆرگان”، سنورى دەریاچەى نەوتیى لە باکوورى کەرکوکەوە بۆ خانەقین و قەسرى شیرین بە نزیکەى (300) کیلۆمەتر دیاریکردبوو. هەر کە سەدەى بیستەم دەستى پێکرد، ململانێى سەخت بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو سامانەدا لەنێوان ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکادا دەستى پێکرد. بەریتانیا بەزوویى شوێن پێى خۆى قایمکرد و سڵى لە راماڵینى نەیارەکانى نەکردووە. بەریتانیا وەکو یەکێک لە دیارترین زلهێزەکانى سەرەتاى سەدەى بیستەم، لە وتوێژەکانى سایکس – پیکۆدا، لە سەرەتادا رەزامەندى پیشاندا بەشێکى باشوورى کوردستان لەگەڵ موسڵدا بخرێتە ژێر ماندەیتى فەرەنساوە، بەڵام دوو پرس ڕۆڵى ئەوەیان بینى کە کاربەدەستانى بەریتانى ناچار بکەن موسڵ بخەنە ناوچەى مانداتى بەریتانیەوە، ئەویش نەوت و کشتوکاڵ بوو. بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوو دەست لە نەوتى کەرکوک هەڵبگرێت، هەر ئەوەش وایکرد ویلایەتى موسڵ بخرێتە ژێر ماندەیتى بەریتانیا و چوارچێوەى دەوڵەتى ئێراقەوە.
“دووکەڵ بۆ ئێراق و داهات بۆ بەریتانیا”
هەرچەندە کۆمپانیا ئەڵمانى و بەریتانییەکان بە خوێنى سەرى یەک تینوو بوون، بەڵام بۆ ئەوەى دەستیان لە نەوتى ویلایەتى موسڵ گیربێت، ساڵى (1911) کۆمپانیایەکى تایبەتیان بەناوى (کۆمپانیاى ئیمتیازاتى رۆژهەڵاتى و ئەفریقى سنوردار) دامەزراند، لە ساڵى دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ (کۆمپانیاى نەوتى تورکى). کۆمپانیاکە بەو ناوە مایەوە تا ساڵى (1929) ناوەکەى بوو بە (کۆمپانیاى نەوتى ئێراق: IPC) هەر لە دەستپێکى هەڵگیرسانى یەکەمین جەنگى جیهانییەوە، لە بەریتانیا گەورەترین داکۆکیکاران بۆ دەست بەسەراگرتنى کانە نەوتەکانى موسڵ، ئەندامانى هێزى دەریایى ئەدمیراڵى بوون. بەحوکمى ئەوەى هێزى کەشتیگەلى بەند بوو بە نەوت و بەڕێژەى (80%) پشتى بە سەرچاوەى دەرەکى بەستبوو. بەو هۆیەوە لە (13/ئاب/1918) کابینەى جەنگیى بەریتانیا بە یەکدەنگى لەسەر ئەوە کۆک بوو کە ڕێککەوتننامەى سایکس پیکۆ مردووە، تاوەکو بە تەواوەتى کۆنترۆڵى نەوتى ئەم ناوچەیە بکەن کە دواتر بە ئێراق ناسرا.
لە ساڵانى یەکەمى دەرهێنان و هەناردەکردنى نەوتدا، پشکى حکومەتى ئێراق لە داهاتى نەوت زۆر کەم بوو. بۆ هەر تەنێک نەوت، تەنیا چوار شلینگى ئاڵتونى بوو. ئەو چوار شلینگە دەیکردە دە سەنتى دۆلارێکى ئەمەریکى، لەکاتێکدا هەر بەرمیلێکى نەوت بە (65) سێنت دەفرۆشرا. ئەم بارە تا ساڵى (1951) بەردەوام بوو. لە ساڵى (1952) بەهۆى ڕێکەوتنى حکومەت و کۆمپانیاى نەوتەوە، داهاتى ئێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەوە. لە هەموو ساڵانى (1934 – 1945) حکومەتى ئێراق تەنها (21) ملیۆن و (170) هەزار دینارى لە داهاتى نەوت دەستکەوت. بەڵام تەنیا لە ساڵى (1952)دا داهاتەکەى گەیشتە چل ملیۆن و (740) هەزار دینار. لە (1958) داهاتى ئێراق لە قازانجى نەوت گەیشتە (79) ملیۆن و (890) هەزار دینار. تا ساڵى (1945) نزیکەى (94%) هەموو نەوتى عێراق لە کەرکوک دەردەهێنرا. لە ساڵى خۆماڵیکردنى نەوتیشدا لە (1972) ڕێژەى نەوتى کەرکوک هێشتا زیاتر لە (70%) هەموو بەرهەمى نەوتى ئێراق بوو. تا ئەو ساڵەش حکومەتى عێراق بەسەریەکەوە زیاتر لە دوو ملیار دینار، واتە زیاتر لە شەش ملیار و نیو دۆلارى لە داهاتى نەوت دەستکەوتبوو. ئەو ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە پارەیەکى یەگجار زۆر بوو.
“نەوت سەرى قاسمى خوارد”
عەبدولکەریم قاسم و هاوڕێکانى لە (14/تەمموز/1958) کۆتاییان بە دەسەڵاتى پادشایەتى ئێراق هێنا و جاڕى کۆمارییان دا، تەمەنى یەکەمین قۆناغى کۆماریش تەنها پێنج ساڵى خایاند و بە گولەباران کردنى قاسم کۆتایى هات، بەدەر لە هۆکارە ناوخۆییەکان، سەرچاوە مێژوییەکان ئاشکراى دەکەن کۆمپانیا نەوتییەکان کۆتاییان بە دەسەڵاتى قاسم هێنا. “د. موکەڕەم تاڵەبانى” کە لە حکومەتەکەى قاسمدا بەڕێوەبەرى گشتى بووە و لە حەفتاکانیشدا بووەتە وەزیر لە حکومەتى ئێراقدا، لە بیرەوەرییەکانیدا ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە: لە ساڵى (1969) لە بیناى سەرکردایەتى قوترى، “حەماد شیهابى” وەزیرى بەرگرى بە ئامادەبوونى هەریەکە لە عەبدولخالق سامەڕایى و عەبدوڵا سەلوم سامەڕایى و عامر عەبدوڵا، ئەم بەسەرهاتەى بۆ گێڕاینەوە: ساڵى (1961) من و عەمید “عەبدولجەبار جەواد” فەرماندەى فیرقەى پێنج مۆڵەتمان وەرگرتبوو لە بەیروت بووین. باڵێوزخانەى ئەمەریکا بە پێداگیرییەوە داواى دیداریان لە عەبدولجەبار کرد، بەڵام ئەو داواى لێبوردنى کرد چونکە سەربازە و سیاسى نییە و لە مۆڵەتە و بۆ پشودان هاتوە. بەڵام من داواملێکرد بیانبینێ تا بزانێ چییان لە زەیندایە.
“عەمید عەبدولجەبار” مێردى خوشکى “عەبدولکەریم قاسم” بوو، باڵێوز رایسپارد بە قاسم بڵێ یاساى گێڕانەوەى ئەو زەوییانە دەرنەکات کە بەرهەمهێنانیان تێدا ناکرێ و لە چوارچێوەى ئیمتیازى کۆمپانیا نەوتیەکانن و کۆمپانیاى نیشتمیانى نەوت دانەمەزرێنێ. ئەگەر ئەو دوو یاسایە دەربکات، ئەوا دەسەڵاتى ئەمەریکا بەهەموو شێوەیەک هەوڵى روخاندنى دەدات. کاتێ “عەبدولجەبار” گەڕایەوە بۆ بەغدا هەموو قسەکانى باڵێوزى بۆ قاسم گێڕایەوە. بەڵام قاسم هەردوو ئەنجومەنى دەسەڵات و وەزیرانى کۆکردەوە و یاساى ژمارە هەشتاى ساڵى (1961) و یاساى کۆمپانیاى نیشتیمانى بۆ وەبەرهێنانى نەوت دەرکرد.
لە بەشێکى دیکەى بیرەوەرییەکانیدا، “د.موکەڕەم” دەڵێت: حەسەن تاڵەبانى وەزیرى گەیاندنى حکومەتەکەى “قاسم” بوو، باسى ئەوەى بۆ کردم کە لەگەڵ “فوئاد عارف”ى وەزیرى دەوڵەت مۆڵەتیان وەرگرتوە و لە بەیروت بوون. باڵێوزخانەى ئەمەریکا پەیوەندییان پێوەکردون و داوایان لێکردون لە حکومەتەکەى قاسم بکشێنەوە، چونکە هەندەى نەمایە. کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، “فوئاد عارف” دەست لەکار کێشانەوەى خۆى پێشکەش کرد، بەڵام حەسەن تاڵەبانى تا روخانى حکومەتەکەى قاسم لە (8/شوبات/1963) نەکشایەوە.
حكومهتی ئێراق له (11/كانونی یهكهم/1961) یاسای ژماره ههشتای راگهیاند، بهپێی ئهو یاسایه له (99.5%) ئهو زهوییانهی ئێراقی خۆماڵیكرد كه كۆمپانیاكانی نهوت بهكاریان نههێنابوون.
رۆژی (7/شوبات/1963) “عهبدولكهریم قاسم” ههواڵی دامهزراندنی كۆمپانیای نهوتی نیشتیمانی ئێراقی رادهگهیهنێت. نووسەر و سیاسەتڤانى ئێراقى “د. ئیبراهیم عهلاوی” ناسراو به (نهجم مهحمود)، باس لەوە دەکات كاتێك كۆمپانیاكانی نهوت بۆیان دهردهكهوێت سیاسهته نهوتیهكهی قاسم چ ههڕهشهیهكی ترسناكه بۆ سهریان، بۆیه ههوڵهكانیان بۆ ڕووخاندنی حكومهتەکەی چڕكردهوه. تهنانهت حكومهتی بهریتانیا ههڕهشهی ئهوهی کرد بۆ پاراستنی “مافهكان”ی (كۆمپانیای نهوتی ئێراقی) به پهرهشوت هێز دادهبهزێنێت. بۆیە تهنها دوای یهك رۆژ له راگهیاندنی ههواڵی دامهزراندنی كۆمپانیای نهوتی نیشتیمانی عێراقی، واته له (8/شوبات/1963) بهعسیهكان كودهتا بهسهر قاسمدا دهكهن و گولهبارانی دهكهن. بهپێی چهند گێڕانهوهیهك قاسم لهكاتی كوژرانیدا پڕۆژه یاسای كۆمپانیای نیشتیمانیه تازهكهی له گیرفاندا بووه.
“قوربانییەکانى رومێڵە و مەجنوون”
چیرۆکى قوربانییەکانى نەوت تەنها لە ئێراقدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەرەوەى ئێراقیش دەگرێتەوە. بەپێى گێڕانەوەکانى “د. ئیبراهیم عهلاوی” له سهرهتای شهستهكاندا سهرۆكی كۆمپانیای (ئهینی) ئیتاڵی پهیوهندیكردووه به كهسایهتییهكی ئێراقییهوه كه ئاگاداری مهسهلهی نهوت بووه له ئێراق، داوای لهو كهسایهتیه كردوه چاوپێكهوتنێكی تایبهتی لهگهڵ “عهبدولكهریم قاسم” له بهغدا بۆ رێكبخات. سهرۆكی كۆمپانیاكه پێی راگهیاندووه كه كۆمپانیاكهی دهزانێت كێڵگهیهكی گهورهی نهوت له باشووری ئێراق ههیه كه ناوهندهكهی ناوچهی هۆڕهكانه، ئهو كێڵگهیه له خۆرههڵات و باكورهوه دهگاته سنورهكانی ئێراق و له باشوریشهوه دهگاته كوهیت (كێڵگهی ناوبراو دواتر به كێڵگهی رومێله ناوبانگی دهركرد). سهرۆكی كۆمپانیاكه ئامادهیی كۆمپانیاكهی نیشانداوه كه مهرجی زۆر دڵپهسهند بدات به ئێراق بۆ بنیاتنانی پیشهسازییهكی سهربهخۆی نیشتیمانی له بواری نهوتدا، بهڵام جهختی كردۆتهوه كه كۆبوونهوهكه لهگهڵ قاسمدا تهواو نهێنی بێت، چونكه بابهتهكه گرنگه و ئهگهر قۆرخكارییه جیهانییهكانی نهوت پێ بزانن جێگهی مهترسییه. كهسایهتیه ئێراقییهكه قسهكانی سهرۆكی كۆمپانیاكه بۆ قاسم دهگێڕێتهوه، بهڵام قاسم گوتویهتی هیچ پێویست ناكات به نهێنی بێت، ئهگهر بهڕاستی پێی خۆشه مامهڵه لهگهڵ حكومهتی عێراقدا بكات پێویسته به ئاشكرا بێت بۆ بهغدا. بابهتهكه لێرهدا وهستاوه و سهردانهكه ئهنجام نهدراوه.
ئهو سهرچاوهیهی رووداوهكهی گێڕاوهتهوه، دهڵێت كهسایهتیه ئێراقیهكه پاش چهند ساڵێك سهردانی ئیتالیای كردووه و حهزیكردوه چاوی به سهرۆكی كۆمپانیاكه بكهوێت، بهڵام پێی رادهگهیهنرێت ئهو بزنسمانه ئیتالیه له رووداوێكی گوماناویدا كوژراوه و رووداوهكه گهلێك قسه و لێكدانهوهی لێكهوتۆتهوه، تهنانهت كراوه به فیلمێكی بهناوبانگی سینهمايش. لەلایەکى دیکەوە و هەر لە ساڵانى شەستەکاندا، بە دیاریکراوى لە (3/شوباتى/1968) تاهیر تەحیاى سەرۆک وەزیرانى ئێراق ڕێککەوتنێکى نەوتیى لەگەڵ کۆمپانیاى ئیرابى فەرەنسیدا واژۆ دەکات، تاوەکو لە رووبەرێکى (12) هەزار کیلۆمەتر دووجادا لە ناوچەى هۆڕەکانى نێوان ئێراق و ئێران بەدواى نەوتدا بگەڕێن، کە یەکێکە لە ناوچە پڕ لە نەوتەکان و دواتر بە (کێڵگەى مەجنون) ناسرا، “د. موکەڕەم تاڵەبانى” دەڵێت: (کێڵگەى مەجنون) ڕۆڵێکى گەورەی لە رووخاندنى حکومەتەکەى “عەبدولڕەحمان عارف”دا هەبوو. چونکە ئەو حکومەتە ئیمتیازى گەڕان و دەرهێنانى نەوتى دابووە کۆمپانیاى (ئیراب)ى فەرەنسى، ئەوەش کۆمپانیا ئەمەریکى و بەریتانییەکانى تووڕەکرد. ئیدى رەزامەندى خۆیان دایە کودەتاچییەکانى (1968).
“شەڕى هەشت ساڵە”
حکومەتى ئێراق لە حوزەیرانى (1972) نەوتى ئێراق خۆماڵى دەکات، ئەو هەنگاوەش گورزێکى گەورە بوو بەر کۆمپانیا بیانییەکانى بوارى نەوت کەوت، بۆیە هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردنى ئێراق دەخەنەگەڕ. چونکە ئێراق دەبێتە خاوەنێکى داهاتێکى بێشومار، بە بەڵگەى ئەوەى بەر لە هەڵایسانى جەنگى هەشت ساڵەى نێوان ئێراق و ئێران (1980 – 1988)، لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراقدا، فەوزى ئەلقەیسى وەزیرى دارایى دەڵێت: تیاماوم، نازانم ئەو پارە زۆرەى دراوى بیانى لەکوێ دابنێم، چونکە بڕەکەى یەکجار زۆرە. “د. موکەڕەم تاڵەبانى” یەکێک لە هۆکارەکانى درێژەکێشانى ئەو جەنگە بۆ نەوت دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شەڕ هەموو پاشەکەوتەکانى ئێراقى لوشدا، بووە قەرزدارى چەندین وڵات، بگرە وڵاتێکى بێ داهاتى وەک ئوردنیش. وڵاتانى خۆرئاوا دەیانویست درێژە بە شەڕەکە بدرێ، تا ئەو دوو دەوڵەتەى سامانە نەوتییەکانى خۆیان خۆماڵى کردبوو، باشتر دادۆشن.
بەدەر لە ئێراق، وەکو “د.موکەڕەم” باسیدەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لەژێر ناونیشانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى گەورەدا، پلانێکى “ئیستعمارى” هەبووە، بە ئامانجى ئەوەى دەست بەسەر سامان و وزەى ئەو وڵاتانەدا بگرێ کە ئەو نەوتیان تێدایە. سەرەتا لە وڵاتانى ئاسیاى ناوەڕاستەوە دەستیپێکردووە کە نەوت و گازێکى زۆریان تێدایە، تاوەکو ئەو سەروەت و سامانە بە ئاسانى بگەنە بەندەرەکانى دەریاى رەش و زەریاى هیندى. بۆیە دەسەڵاتى لە جۆرجیا گۆڕى تاوەکو “نەوتى ئازەربایجان بگاتە بەندەرەکانى دەریاى رەش”.
لەبارەى پرۆسەى روخاندنى رژێمى بەعس لە ساڵى (2003) لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، “د. موکەڕەم تاڵەبانى” دەڵێت: هۆى راستەقینەى داگیرکردنى ئێراق و رووخاندنى دەسەڵاتى سەدام حوسێن ئەوە بوو کە سەدام مافى گەڕان بەدواى نەوتى دایە کۆمپانیا رووسى و چینى و فەرەنسییەکان و بەشدارى بە کۆمپانیا ئەمریکى و بەریتانییەکان نەکرد.
“بەریتانیا و شازدەى ئۆکتۆبەر”
لە هەرێمى کوردستان لە (25/ئەیلول/2017) پرۆسەى ریفراندۆم بەڕێوەچوو، یەکێک لەو دەوڵەتانەى بە ئاشکرا دژایەتى ئەو پرۆسەیەى کرد بەریتانیا بوو. بەجۆرێک لە (16/ئەیلول/2017) نووسینگەى “بۆریس جۆنسۆن”ى وەزیرى دەرەوەى ئەو کاتەى بەریتانیا بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: بەریتانیا پشتگیرى ئەو ریفراندۆمە ناکات، هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنى پاراستنى سەروەرى و یەکپارچەیى خاکى ئێراق. پاشان “ئیدوین سیمۆئیل” وتەبێژ بەناوى حکومەتى بەریتانیا رایگەیاند: بەریتانیا لەسەرەتاوە دژایەتى ریفراندۆمى کرد و گوتمان دەبێ لەمبارەوە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتى ئێراق بکرێ، پێویستە ریفراندۆم بەرمەبناى یاساکانى ئێراق بێت. هاوکات “جۆناسان ئالن” نوێنەرى بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند: ئێمە بەردەوامین لەسەر پشتگیریکردنى سەروەرى و یەکپارچەیى خاکى ئێراق. پاشان “فرانک بیکەرى” باڵێوزى بەریتانیا لە ئێراق رایگەیاند: کاتەکە بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم لە کوردستان گونجاو و لەبار نییە. پێویستە هەر بڕیارێکى لەم چەشنە بە هەماهەنگى و لەگەڵ بەغدا بدرێ.
هەڵوێستە سیاسیەکانى بەریتانیا لەکاتێکدایە، کۆمپانیاى بریتش پترۆڵیۆمى بەریتانى کە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی بەریتانی بواری نەوتە و بە یەكێك لە سێ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت لە جیهان دەژمێردرێت، لە ساڵى (2013) گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى نەوتى باکوور واژوکرد، بە ئامانجى پشتیوانیکردنى چالاکیەکانى تایبەت بە توێژینەوە مەیدانییەکان لە کەرکوک. لە ساڵى (2014) بەهۆى شەڕ و پەلامارەکانى داعشەوە کارەکانى راگرت، بەڵام لەپاش ریفراندۆم و کۆنترۆڵکردنى کەرکوک لەلایەن حکومەتى ئێراقەوە لە (16/ئۆکتۆبەر/2017)، دەستى بە کار کردەوە. لە (21/1/2020) کۆمپانیاى بریتش پترۆڵیۆم لە کێڵگەى نەوتى کەرکوک کشایەوە. ئەوەش دواى تەواوبوونى گرێبەستى هەڵکەندنى بیرە نەوت بە بەهاى سەد ملیۆن دۆلار. هەرچەندە ئێراق هیواخواز بوو کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانى نەوت بۆ سێ هێندە لە کێڵگەکانى کەرکوک بەرز بکاتەوە و بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانە. ئەو بڕەش زیاترە لە یەک لەسەر پێنجى کۆى بەرهەمى نەوتیى عێراق و هاوتایە لەگەڵ (1%) کۆى بەرهەمى جیهان.
كۆمپانیای ((British Petroleum لە ساڵی (1908) دامەزراوە، لەدواى كۆمپانیاکانی ئیكسۆن مۆبیل و شیلل، سێیەم گەورەترین کۆمپانیاى بوارى نەوتە لە جیهاندا. لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوەوە تا خۆماڵیكردنی نەوتی ئێراق لە ساڵی (1972) لە گەڕان و پشكنین و هەڵكەندنی بیری نەوت لە كێڵگەی كەركوك رۆڵێكی باڵای گێڕاوە، پشكی ئەم كۆمپانیایە لەناو كۆمپانیای نەوتی عێراق (IPC) گەیشتبووە (%47،5).
کێڵگەى نەوتى کەرکوک لە (1927) دۆزرایەوە و بووە سەرەتاى سەرهەڵدانى پیشەسازى نەوتیى ئێراق. بەپێى هەڵسەنگاندنەکانى بریتش پترۆڵیۆم کێڵگەى نەوتى کەرکوک وا دەخەمڵێنرێت کە نزیکەى نۆ ملیار بەرمیل نەوتى تێدابێت.
سەرچاوەکان؛
یەکەم: دارت بروکس ریسل: بەرژەوەندییەکانى بەریتانیا و دابڕینى موسڵ، وەرگێڕانى: شەفیقى حاجى خدر، لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى رۆژهەڵات بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپى یەکەم، هەولێر، 2023.
دوەم: دکتۆر جەبار قادر: کەرکووک نەفرەتى نەوت و ستەمى دیمۆگرافیا، لەبڵاوکراوەکانى ئەکادیمیاى کوردى، چاپى دووەم، هەولێر، 2022.
سێیەم: د. موکەڕەم تاڵەبانى: باریکە ڕێیەکانى ژیان (بیرەوەرى)، وەرگێڕانى: لوقمان باپیر، لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى ڕۆشنبیرى ئاشتى، چاپى یەکەم، هەولێر، 2023.
چوارەم: د. ئیبراهیم عهلاوی: ئاڵوگۆڕ بهرلین بهغدا (شۆڕشی چواردهی تهمموزی عێراق لهسیاسهتی نێودهوڵهتیدا)، وهرگێرانی: د.شیركۆ عهبدوڵڵا، چاپی یهكهم. لە بڵاوکراوەکانى دهزگای دوا ڕۆژ بۆ ڕوناكبیری و ڕاگهیاندن، چاپى یەکەم، سلێمانی، 2015.
پێنجەم: نورى بێخاڵى: کورد لەناو سێرەى ئینگلیزدا، چاپى یەکەم، هەولێر، 2018.
شەشەم: ماڵپەڕى سبەى: بۆچى بى پى لەکەرکوک کشایەوە، لە (21/1/2020).
حەوتەم: ماڵپەڕى کوردستان ئۆیڵ لە (9/4/2012).
ئامادەکردن: بارام سوبحى