“دائۆئیزم” یان ڕێبازی عیرفانی چینی یه‌کێک له هه‌ره دوو کاریگه‌رترین ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌کانی وڵاتی چینه. دوو ڕه‌وتی سه‌ره‌کیی فه‌لسه‌فه‌ی چاخی”جوو” یه‌کیان ڕێبازی کۆنفۆسیۆسی کۆمه‌ڵخواز و ئاوه‌زمه‌ند و ئه‌ویتریان ڕێبازی دائۆی تاکخواز و دژه‌ئاوه‌زه. ئه‌م دوو ڕه‌وته سه‌ره‌کییه، هزر و فه‌لسه‌فه‌ی چینی به درێژایی چه‌ندین سه‌ده و ته‌نانه‌ت تاکوو سه‌ده‌ی بیسته‌میش پێک هێناوه. به‌پێی کۆنترین به‌ڵگه‌کان کۆمه‌ڵێک که‌س ناسراونه‌ته‌وه که له کۆمه‌ڵگا خۆیان به‌دوور گرتووه و له گۆشه‌یه‌کی په‌رتی هێمن له ناو سرووشتدا ژیانێکی خه‌ڵوه‌ت و دووره په‌رێزانه‌یان هه‌ڵبژاردووه. له ناو و به‌رهه‌می ئه‌م که‌سانه جگه له چه‌ند دانه‌یه‌کیان هیچیان ساغ نه‌بووه‌ته‌وه. له‌وانه‌ی که ناویان ماوه‌ته‌وه و ناسراونه‌ته‌وه گه‌وره‌ترین و دیارترینیان لائودزۆ یان لائودان(لائوتسێ) Lao tan و دواتریش “جوانگ دێزۆ” یه. له ژیان و به‌سه‌رهاتی “لائودزۆ” جگه له ڕانانێکی کورت و ئه‌فسانه ئامێز شتێکی ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌ته‌وه و هه‌ندێک له تۆژه‌ران هه‌ر له بنه‌مادا بوونی مێژوویی ئه‌و ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. گێڕانه‌وه‌ی سووما چی یین (Ssuma Chien) له ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌م که‌سایه‌تییه زۆر کورته. نازناوی ئه‌م که‌سایه‌تییه لی Li و ناوی یه‌که‌میشی ئێر Erh بووه. “لائودزۆ” له بنه‌مادا ئاوه‌ڵناو و وه‌سفێکه به‌واتای فه‌یله‌سووف یان مامۆستای دێرین. له گوندێک له ویلایه‌تی هوونان له‌دایک بووه و کاتێک گه‌یشتووه‌ته هه‌ڕه‌تی لاوی یه‌کێک بووه له میرازنووس و مێژوونووسه‌کانی ده‌رباری جوو و پۆستی فه‌رمیشی کتێبداری کتێبخانه‌ی پاشایه‌تیی بووه.
“لائودزۆ” له ئاستنزمیی سیاسه‌تمه‌داره‌کان وه‌ڕه‌س بوو و چونکه پیشه‌که‌ی خۆیشی به‌دڵ نه‌بوو داوای کرد تاکوو خانه‌نشینی بکه‌ن و گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌ت هه‌ڵبژێرێت. که‌واته وازی هێنا و ملی ڕێگای گرته به‌ر تاکوو گه‌یشته سه‌ر سنوور! ئه‌وکات ئین شی Yon Hsiی سنووره‌وان پێی وت: “ئێسته که ده‌ته‌وێت خانه‌نشین بیت، داوات لێ ده‌که‌م کتێبێک بۆ من بنووسی”. لائودزۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌وێ مایه‌وه و کتێبێکی پێنج هه‌زار وشه‌یی له دوو به‌شدا و له ژێر ناوه‌کانی دائۆ (Tao) و ده (Te) نووسی و درێژه‌ی به ڕێگاکه‌ی خۆی دا و که‌سیش نازانێت له کوێدا سه‌ری ناوه‌ته‌وه و مردووه. به‌پێی ڕا و بۆچوونی باو له ناو خه‌ڵکی چین “لائودزۆ” هاوچاخی “کونفۆسیۆس” بووه و تۆزێک به‌ر له‌و ژیاوه (واته سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاین). به‌ڵام توێژینه‌وه نوێکان له لایه‌ن تۆژه‌رانی چینی و ڕۆژئاوای (ئارتوور ویلی)وه. دابس مێژووی ژیانی ئه‌و ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زاین. له سه‌ده‌ی دووه‌می پاش زاین کۆمه‌ڵیک ئه‌فسانه و گێڕانه‌وه‌ی بانسرووشتی له‌باره‌ی کۆچکردنی بۆ ڕۆژئاوا هاتووه‌ته ئاراوه. هه‌ندێک باسیان له‌وه کردووه که به‌ره‌و تورکستان و سوغد و هه‌ندێکیش وتوویانه به‌ره‌و هیندستان ڕۆشتووه. هه‌ندێک له گێڕانه‌وه مێژوویی و ئه‌فسانه‌ییه‌کان ئه‌و به پێڕه‌وکاری بوودا و هه‌ندێکیش به مامۆستای پێغه‌مبه‌ر مانیی باسیان لێوه کردووه.
کتێبێک به ناوی دائۆ ده جینگ (Tao Te Ching) به‌ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ره‌وه به‌هی ئه‌و ده‌زانن یان “کتێبی ته‌ریقه‌ت و فه‌زیله‌ت” که کتێبێکه به زمانی ساده و هه‌ندێجار سه‌روادار و مۆسیقائامێز به‌ڵام کورت و پوخت و هاوکات لێڵ و پێڵ که وه‌کوو گرینگ‌ترین ده‌قی فه‌لسه‌فه‌ی دائۆیی ئه‌ژمار ده‌کرێت. لێڵ و پێڵی چه‌مک و ده‌لاله‌ته ماناییه‌کانی ئه‌م کتێبه تاڕاده‌یه‌ک په‌یوه‌سته به زمان و خه‌تی چینی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتا کۆمه‌ڵێک دژواریی زۆری له ده‌ربڕینی چه‌مکه زه‌ینییه‌کان له‌به‌رده‌م بوو و لائودزۆ بۆ ده‌ربڕینی کۆمه‌ڵێک چه‌مک و مانا هه‌وڵی داوه که زمانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی بۆ ده‌ربڕینی له‌بار و گونجاو پڕ و ته‌واو نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا مانا و ده‌لاله‌ته‌کانی ئه‌م کتێبه له سه‌رنجڕاکێشترین باسوخواسه‌کانی مێژووی ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤن. به باوه‌ڕی هه‌ندێک فه‌لسه‌فه‌ی لائودزۆ سه‌رده‌مانێک پێش له‌ویش هه‌بووه و پاش ئه‌ویش به‌رگریکارانی گه‌وره‌ی بۆ په‌یدا بووه و ته‌نها له پاش سه‌رده‌می ئه‌و بوو که بوو به ئایینی که‌مینه‌یه‌کی به‌رچاو له ناو چینییه‌کاندا.
گه‌وره‌ترین به‌رگریکار و په‌ره‌پێده‌ری بۆچوونه‌کانی “لائۆدزۆ”، جوانگ جوو (Chuang Chou) (286-329 پێش زاین) ه. ئه‌و یه‌کێک له دره‌وشاوه‌ترین سیماکانی دیاری فه‌لسه‌فه‌ی چینه و به‌هۆی قووڵایی له تێگه‌یشتن و شێوازی ئه‌ده‌بیی ته‌وسئامیز و جوان زۆر که‌وتووه‌ته به‌ر چاو و سه‌رنجان. له‌سه‌ر ژیانی زانیارییه‌کی ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌ستدا نییه (ڕه‌نگه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که پێڕه‌وکارانی ئه‌م ڕێبازه حه‌زیان کردووه نه‌ناسرێن و ناویان له کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نه‌بێت). ئه‌و خه‌ڵکی مه‌نگ (Meng) له سنووری شاندۆنگ و هونانی ئێسته بوو و پێگه‌یه‌کی ئیداریی بچووکی له ویلایه‌ته‌که‌ی خۆی هه‌بووه. به‌ڵام ماوه‌یه‌کی زۆر له‌و پێگه و پله‌یه‌دا نه‌مایه‌وه و گۆشه‌ی ته‌نیایی و خه‌ڵوه‌تی هه‌ڵبژارد. ده‌گێڕنه‌وه که ڕۆژێک جوانگ جو خه‌ریکی ڕاوی ماسی بوو و له‌و کاته‌دا شازاده چو هه‌ندێک که‌سی له به‌رده‌ستانی پله‌باڵای خۆی ناردووه تاکوو داوا له جوانگ بکه‌ن که پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ویلایه‌ت وه‌ربگرێت و قبووڵی کات. جوانگ هه‌ر خه‌ریکی ڕاوه ماسییه‌که‌ی بوو و به بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بداته‌وه وتی: بیستوومه له ده‌رباری چوو قاوغێکی پیرۆزی کێسه‌ڵێک هه‌یه که نزیکه‌ی سێ هه‌زار ساڵ پێش مردووه و شازاده به ناسککاری و وردییه‌وه له پریاسکه‌یه‌کی سه‌ربه‌مۆر له په‌رستگه‌ی باپیرانی خۆی ڕایده‌گرێت. ئێسته پێم بڵێن که بۆ ئه‌و کێسه‌ڵه باشتره که مردوو بێت و پاشماوه‌که‌ی بپه‌رسترێت یان ئه‌وه‌ی که زیندوو بێت و خۆی له قوڕ و لیته‌دا وه‌ربدات و بجووڵێت؟ به‌رده‌ستان وتیان باشتر وایه زیندوو بێت و خۆی له قوڕ و لیته هه‌ڵێشێ و قاوغه‌که‌ی به‌دوای خۆیدا به‌کێش کات. جوانگ جووش له وه‌ڵامدا وتی: که‌واته بڕۆن، من ده‌مه‌وێ خۆم له قوڕ ولیته‌دا هه‌ڵکێشم.کتێبی “جوانگ جوو” هه‌ر به‌ناوی خۆیه‌وه ناسراوه و که‌م کتێبێک هه‌یه که له ڕووی شێوازی داڕشتن و ده‌ربڕینه‌وه ئاستی ئه‌م کتێبه‌ی ئه‌وی تێپه‌ڕاندبێت.
ئێسته سه‌رنجی هه‌ندێک له تێڕوانینه‌کانی ده‌ده‌ین؛ دائۆخوازیی هه‌وڵێکه بۆ هاوئاهه‌نگکردنی ژیانی مرۆ له‌گه‌ڵ یاساکانی سرووشت و کۆی بوون(دائۆ). دائۆ له ڕوانگه‌ی پێڕه‌وکارانی ئه‌م ئایینه‌وه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک مانای قووڵه. ئه‌وان دائۆ به‌مانای کۆی هه‌موو شته‌کان به‌کار ده‌هێنن که هه‌موو شتێک له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. دائۆ ئاسان، بی ڕوخسار، بێ خواست و به بێ هه‌وڵ و بێ پێویستی به هیچ شتێک، هه‌موو شتێکه و هیچ شتێکیشه. دائۆ له هه‌موو شتێکدا هه‌یه و یاسای گشتی و پێناسه‌هه‌ڵنه‌گری بوونه. ئه‌م تێڕوانینه ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی فه‌لسه‌فه‌ی لائۆدزۆیه. مه‌به‌ستی ئه‌و له سرووشت هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه که له جیهاندا ڕوو ده‌ده‌ن، کۆمه‌ڵه‌ی هاوئاهه‌نگ و هاونه‌وا و خۆبنیاتنه‌ری هه‌موو شته‌کان که به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها دوورن له هه‌ر جۆره ده‌سکردبوونه‌وه.
“دائۆ” له زمانی چینی‌دا به‌واتای ڕێگایه، ڕێگایه‌ک که خه‌ڵک پێیدا تێده‌په‌ڕن و هه‌روه‌ها ڕێبازی سرووشته و له دواجاریشدا ڕێگا و ڕیبازی حه‌قیقه‌تی ئه‌به‌دییه. مانا و چه‌مکی لائۆ ئاڵۆزییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. له دێڕه‌کانی یه‌که‌می کتێبی لائۆی جینگدا ئاوه‌ها هاتووه: “ئه‌و دائۆیه‌ی که بکرێت به وشه باسی لێوه کرێت دائۆی ئه‌به‌دیی نییه”. به‌ڕای لائودزۆ شتێک پێش داهاتن و له‌دایکبوونی گه‌ردوون هه‌بووه. ئه‌و شته‌ش دائۆیه که له ڕاستیدا ناوێک نییه. چونکه دائۆ ناکرێت له ڕێگه‌ی وشه‌کانه‌وه باس بکرێت و ناشکرێت له ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه‌رییه‌وه لێی تێبگه‌ین. به‌ڵام دائۆ نه‌مر و جاویده و له ده‌ره‌وه‌ی یاساکانی بوون دایه. یاسای گۆڕانهه‌ڵنه‌گری بوونه. “ڕێباز”ی سرووشیی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ڕه‌هایه‌یه که شته‌کانی هێناوه‌ته بوون و به شێوه‌ی گونجاو و ڕێک و پێک ڕێکیان ده‌خات. “ڕێباز”، سرووشتی بوونه به‌ڵام جێگیر و مه‌ند نییه به‌ڵکوو ڕه‌وتێکه له‌خوڕه و گۆڕاندایه. بۆ تێگه‌یشتن له “لائۆ” ده‌بێت بچینه هه‌ناوی چه‌مکی ده (Te)وه. “ده” له ئایینی کۆنفۆسیۆسدا به‌واتای فه‌زیله‌ت دێت. به‌ڵام له کتێبی دائۆ ده جینگدا به مانایه‌کی زۆر ئاڵۆزتر به‌کار هاتووه. دائۆ ئه‌وه‌یه که هه‌موو شته‌کان لێیه‌وه دادێن و ده‌ئافرێنرێن. له پرۆسه‌ی هاتنه‌بوونی هه‌ر تاکێک بۆ ناو وجوود شتێک له دائۆ وه‌رده‌گرێت. ئه‌م شته ناوی نراوه “ده”. هه‌ربۆیه “ده” سرووشت و جه‌وهه‌ری هه‌موو شتێکه. “ده” هێزی بکه‌رانه‌ی بوونه. “لائودزۆ” ده‌ڵێت: “شتێک هه‌بووه لێڵ و پێڵ به‌ر له به‌دیهاتنی زه‌مین و ئاسمان. زۆر هێور، زۆر ناجێگیر و دانه‌سه‌کناو، ده‌رهه‌ست و نه‌گۆڕ، له هه‌موو شوێنێکدا ماندوونه‌ناسانه ده‌جووڵیته‌وه، ده‌کرێت ئه‌و به دایکی هه‌موو شتێکی گه‌ردوون بزانرێت، ناوه‌که‌ی نازانم به‌ڵام یه‌کێک له ناوه‌کانی دائۆیه”.
جوانگ جوو ده‌ڵێت: “شوێنێک نییه که له ئه‌ودا نه‌بێت. له ڕوانگه‌ی دائۆوه شته‌کان هه‌موو یه‌کانگیر و یه‌که‌ن، ئه‌رێنی و نه‌رێنی، بکه‌ر و به‌رکار، چاکه و خراپه، ژیان و مه‌رگ، هه‌موو هاوسانن وه‌کوو ئاو له سه‌ر ئاو”. جیاوازیی گرینگی “دائۆ” له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی باو له خودا ئه‌مه‌یه که خودا جیهان له‌ڕێگه‌ی کردار واته “ڤی” یه‌وه به‌دی ده‌هێنێت به‌ڵام دائۆ له ڕێگه‌ی “بێ کردارییه‌وه” واته “ڤوو ڤی” یه‌وه جیهان به‌دی ده‌هێنێت که تاڕاده‌یه‌کی زۆر هاوتای “گه‌شه” یه. چونکه ئه‌و شته‌ی دروست ده‌کرێت کۆمه‌ڵیک پاژی جیاواز و جودایه که پێکه‌وه هه‌ڵده‌پێکردن و لێک ده‌درێن. له حاڵێکدا که شته له حاڵی گه‌شه‌کان له ناوه‌وه خۆیان دابه‌ش ده‌که‌ن به سه‌ر پاژ وبه‌شه‌کانیاندا. به‌پێی تێڕوانینی دائۆیی، دائۆ نازانێت که جیهانی چۆن هێناوه‌ته بوون. چونکه کرده‌وه‌ی ئه‌و خۆبه‌خۆ و ناوشیاره نه‌ک ئیراده‌گه‌رایانه. “بنه‌مای دائۆ کرده‌وه‌ی خۆبه‌خۆ و ناوشیارانه‌یه. تایبه‌تمه‌ندیی زاتیی هه‌موو خووه خۆبه‌خۆ و ناوشیارانه‌کانه. وه‌کوو دره‌وشانه‌وه‌ی مانگ و خۆر و خوڕه‌ی ئاو و باڵاکردنی ڕووه‌که‌کانه. ئه‌و هێزه ڕازاوییه‌ی که له پشت ئه‌مه‌وه‌یه هه‌مان دائۆیه که به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی هێور، ئافراندنی به بێ داگیرکردن و خاوه‌ندارێتی، کرده‌وه‌ی به بێ چاوه‌ڕوانی و گه‌شه‌ی به بێ ده‌ستبه‌سه‌راگرتن گیان ده‌گرێت و ناجێگیر و نه‌بینراه و هیچ وشیارییه‌کی له‌سه‌ر بوونی خۆی نییه”.
هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر واز له شته‌کان بهێنین تاکوو له دونیای سرووشتیی خۆیاندا گه‌شه بکه‌ن ئه‌وا له‌وپه‌ڕی که‌ماڵ و ڕێك و پێکی و هاوئاهه‌نگیی خۆیاندا ده‌جووڵێنه‌وه و دائۆ، واته کۆڵه‌که‌ی یه‌که‌مینی وجوود له کرده‌وه‌ی سرووشتی و ناوشیاری خۆی پاشه‌کشێ پێ ناکه‌ن و له‌مپه‌ری بۆ دروست ناکه‌ن. ئه‌م کۆڵه‌که‌یه واته “ڤووڤووی” یان پارێزکردن له کردار یان هه‌نگاوێک سه‌رووتر “ڤی ڤوو ڤی” Wei Wu Wei یان به ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌موو شتێک له ڕێگه‌ی ئه‌نجامنه‌دانی هیچ شتێکه‌وه ده‌ناسرێته‌وه. ترۆپکی خوازراو و کامی دڵی لائودزۆ “ڤووڤی” یه. ئه‌و نه‌ک ته‌نها دووری کردن له کردار به‌ڵکوو په‌یوه‌ستبوون به عه‌ده‌میشی فێرمان کرد. لائودزۆ حاڵه‌تێکی شل و شۆڵ و ته‌سلیمکارانه فێری ئێمه ده‌کات و هه‌ڵسوکه‌وتی ئاو له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه نموونه‌ی ژیانێکی کامڵی سرووشته: “له جیهاندا شتێک له ئاو نه‌رمتر و هێمنتر نییه، به‌م حاڵه‌شه‌وه به سه‌ر ڕه‌قترین شته‌کاندا زاڵ ده‌بێت”. به‌ڕای ئه‌و ئاو له ڕواڵه‌تدا نه‌رم و ملکه‌چ و به‌خوڕه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ته‌سلیمکارانه و مێیینه‌ی هه‌یه، به‌ڵام کاتێک له سه‌ر چیاکانه‌وه به خوڕ هه‌ڵده‌نیشێت و ڕووباره گه‌وره‌کان به‌دی ده‌هێنێت، به شێوه‌ی سرووشتی و به بێ هیچ هه‌وڵ و تێکۆشانێک له تاشه‌به‌رد و به‌نداوه‌کان تێده‌په‌ڕێت، و له‌م کاته‌دا له حاڵه‌تی نێرینه و بکه‌رانه‌ی خۆیدایه. که‌واته ئاو ئه‌گه‌رچی هێزێکی نێرینه‌ی هه‌یه به‌ڵام به سیما و ئه‌ته‌کێتێکی مێیینانه‌وه ده‌جووڵێته‌وه. لێ مرۆڤ ڕێگایه‌ک پێچه‌وانه‌ی ڕێبازی دائۆ ده‌بڕێت و کارێک ده‌کات که سرووشت خۆی لێ ده‌پارێزێت. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خۆی به‌شێکه له جیهانی به‌ربڵاوی بوون به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات تاکوو خۆی له یاسا حه‌تمی و ڕه‌هاکانی سرووشت ده‌رباز بکات. هه‌ربۆیه له حاڵێکدا که جیهان به هێمنی و نه‌رمی و به هاوئاهه‌نگی له چوارچێوه‌ی بێ سنووری کات و شوێندا ده‌جووڵیته‌وه به‌ڵام مرۆڤ له ناو ده‌ریای ده‌رد و ئازار و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کاندا په‌له‌قاژه‌یه‌تی. به باوه‌ڕی لائودزۆ مرۆڤ له بنه‌مادا به‌خته‌وه‌رانه ژیاوه و ئازاری ئێسته‌ی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌یخاته گه‌ڕ تاکوو به سه‌ر چاره‌نووسی خۆیدا زاڵ بێت. باشترین ڕێگا بۆ ژیانێکی پڕ له شادی و خۆشی ڕاست‌بێژیی و بێ ئه‌ملاولابوون به نیسبه‌ت سرووشت و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حاڵه‌تی ساده‌بوونی پێشووتر. لائودزۆ ئامانج و مه‌به‌ستی خۆی له دووتوێی باسکردنی ژیانی که‌سایه‌تییه‌کانی ڕابردوودا باس ده‌کات:-
“ئه‌وان به هاوئاهه‌نگکردنی خۆیان له گه‌ڵ دائۆ ئاوه‌زێکی کاریگه‌ریان هه‌بوو…به‌ڵام نه‌رم و نیان و خاکه‌ڕا و وه‌کوو سه‌هۆڵیش تێپه‌ڕ و به‌ڕێگاوه بوون. هه‌ڵسوکه‌وتیان ساده و بێ خه‌وش و ئاوه‌زیان قووڵ و به‌ربڵاو وه‌کوو خه‌ره‌نده قووڵ و ده‌مکراوه‌کان بوو. سه‌رنجه‌کانیان به ویژدانانه و شایسته و وه‌کوو ئاو له‌جێی خۆیدا بوو؛ مه‌ند و قووڵ و ڕوون”.
به‌م شێوه‌یه “لائودزۆ” زانست به بێ که‌ڵک، کردار بێ ئه‌نجام، خواست زیانهێن و گه‌وره‌یی و ده‌وڵه‌مه‌نیش به بێ بایه‌خ ده‌زانێ. چونکه هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و شتانه‌ن که مرۆڤ هه‌ڵیان ده‌بژێرێت و له ڕه‌وتێکی سرووشتیدا له‌دایک نابن و ئه‌نجامی ده‌سکردێتی و ده‌ستێوه‌ردانن. مرۆڤ ده‌بێت له هه‌مبه‌ر سرووشتدا ڕاست و ڕاستگۆ بێت و به‌م شێوه‌یه سرووشتیش به‌ره‌و شادومانی په‌لکێشی ده‌کات. جوانگ جوو له‌باره‌ی مرۆڤی ئایدیال و خوازراوه‌وه ده‌ڵێت: “نازانێت که‌ی هاتووینه‌ته دونیا و که‌ی په‌یوه‌ست ده‌بین به ئامێزی مه‌رگه‌وه. پێش و پاشێک ناناسێت، ئه‌و ئاماده‌یه تاکوو ببێت به شتانی جۆراوجۆر، بگۆڕێت به بێ ئه‌وه‌ی که بایه‌خ بدات به‌و شته‌ی که ده‌گۆڕێته سه‌ر شێوه‌که‌ی”.
ئه‌م حاڵه‌ته هه‌ڵپه‌سێردراوی و بێ لایه‌نییه‌ی له‌م چیرۆکه‌دا که جوانگ جوو له دۆخ و ده‌روونی خۆیدا ده‌یگێڕێته‌وه دیار و ئاشکرایه. “سه‌رده‌مێک من واته جوانگ جوو، له خه‌ودا بینیم که په‌پووله‌یه‌کم که به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕێمه‌وه، به هه‌موو ئاتاجییه‌کانی په‌پووله‌یه‌ک و له خه‌یاڵاتی خۆمدا په‌پووله‌یه‌ک بووم. و بێ ئاگا له بوونی مرۆیی خۆم. له‌پڕێکدا له خه‌و هه‌ستام و خۆم بینی که جوانگ جووم. ئێسته نازانم که من مرۆڤێک بووم که خه‌ونم به په‌پووله‌یه‌که‌وه بینی یان په‌پووله‌یه‌کم که خه‌و ده‌بینێت و خۆی وه‌کوو مرۆڤ وێنا ده‌کات”. ئه‌و له‌باره‌ی زانسته‌وه ده‌ڵێت: ” زانستی ئه‌وانه‌ی ڕابروو، له پله‌ی که‌ماڵدا بوو. چۆنچۆنی؟ له سه‌ره‌تادا ئه‌وان ئاگایان له بوونی شته‌کان نه‌بوو. ئه‌مه ته‌واوترین و کامڵترینی زانسته‌کانه و ناکرێت شتێکی زیاده‌ی بخه‌ینه سه‌ر. دواتر زانییان که شته‌کان بوونیان هه‌یه به‌ڵام هێشتا له نێوانیاندا جیاوازی و تۆفێریکیان دانه‌ده‌نا”. به‌ڵام کاتێک باسی داوه‌ریکردن هاته نێوانه‌وه، گشت “دائۆ” له‌ناو چوو و ده‌مارگرژییه‌کانی مرۆڤ ده‌رکه‌وتن. هه‌ربۆیه، مرۆڤی ژیر و به‌ئاوه‌ز بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له هه‌ڵه مرۆییه‌کان له خواستگه‌رێتی ڕزگاره، به دوای شتانی دانسقه‌دا ناڕوات و په‌یجۆری زانست نابێت و هه‌موو شتێک پێشکه‌شی ڕه‌وتی سرووشتیی خۆی ده‌کات و بازنه‌ی ته‌سک و سنووردانانه کۆمه‌ڵایه‌تیی و ژیارییه ده‌سکرده‌کان ده‌شکێنێت تا خۆی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ساده‌ی سرووشت هائاهه‌نگ و هاونه‌وا بکات. جوانگ دزۆ حاڵه‌تی ئایدیال و خوازرا به‌و کاته ده‌زانێت که مرۆڤ: “زێڕ پێشکه‌شی خاک و مرواری پێشکه‌شی زه‌ریا بکات، بۆ سامان و ناوبانگ خۆی ماندوو نه‌کات، تاسووق و چێژمه‌ندی ژیانێکی درێژ و پڕته‌مه‌ن نه‌بێت و گله‌یی له هاتنی زوو به زووی مه‌رگ نه‌کات. چێژ له سه‌رکه‌وتندا نه‌بینێته‌وه و شکست نه‌بێته هۆی ئازاری…گه‌وره‌یی ئه‌و له‌مه‌دایه که وابزانێت هه‌موو شتێک یه‌کسانه و مه‌رگ و ژیان جیاوازییه‌کیان نییه….ئه‌و ده‌جووڵێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی بزانێت به‌ره‌و کوێ په‌لکێش ده‌بێت و ڕاده‌وه‌ستێت به بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆ”.
به‌ڵام مرۆڤ هێزی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕێگا و ڕێبازی خۆی و دروستکردنی یاسا و ڕێسا و دابونه‌ریته ناجێگیر و بێ به‌هاکان خه‌سار ده‌کات و له دائۆی نه‌مر و جاوید دوور ده‌که‌وێته‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه که هه‌موو ئازاره مرۆییه‌کان په‌لاماری ده‌ده‌ن. به‌م شێوه‌یه، ڕێگای دیار و ده‌ستنیشانکراو مه‌وداگرتن له کردار و هه‌ڵبژاردنی مه‌ندی و نه‌جووڵانه. بێده‌نگیی سه‌ره‌تای ژیری و ئاوه‌زمه‌ندییه. ئاوه‌زمه‌ند ته‌نانه‌ت باسی دائۆ و ژیریش ناکات. که‌واته ئاوه‌زمه‌ند له گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌تی خۆی و دوور له غه‌ڵبه‌غه‌لبی مرۆڤه‌کان و له هاوئاهه‌نگیی و ئامێزی هێوربه‌خشی دائۆدا ده‌ژی، به بێ گومان و ئه‌ندێشه له ئه‌مڕۆ و سبه‌ی هاوده‌نگ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دییه‌ت و له هه‌ناوی سرووشتدا به‌دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێت و له هه‌ناوی خۆیشیدا به‌دوای سرووشتدا و به بوونی خۆیشی به مه‌حاڵ و نه‌کرده له هه‌ناوی بوونی گشت‌دا ده‌بینێته‌وه و دواجاریش خۆی له نه‌مریی سرووشتیدا ئه‌به‌دی و هه‌رمان ده‌کاته‌وه. مرۆڤی حه‌کیم کاتێک ده‌ست ده‌داته کردار که له بێ جووڵه‌یی (Wu Wei) دا ئۆقره ده‌گرێت، و کاتێک دێته دوو و قسه ده‌کات بێده‌نگی وه‌کوو ئه‌رکێکی پیرۆز پێڕه‌و ده‌کات. لائۆدزۆ له سیاسه‌تدا ئانارشیسته. به‌ڕای ئه‌و بنه‌مای “ڤوو ڤی” ده‌بێت وه‌کوو ئاوه‌ز به سه‌ر کرده‌ی ده‌وڵه‌تیش زاڵ بێت. ئه‌و که له سه‌رده‌می قه‌یرانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ژیا، نه‌خۆشیی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆی له ئاڵۆزیی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بینییه‌وه و یاسا و سیسته‌م و ڕێوڕه‌سمه‌کان و ته‌نانه‌ت ڕێسا ئه‌خلاقییه‌کانیشی به زیانبار ناساند.
له جیهاندا هه‌ر ڕاده‌یه‌ک له‌مپه‌ر و قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان زیاتر بێت خه‌ڵکیش هه‌ژار و ده‌ستکورتتر ده‌بن. خه‌ڵک هه‌رچه‌نده چه‌کی تیژ و به‌بڕشتیان هه‌بێت، ده‌وڵه‌ت زیاتر ڕووبه‌ڕووی کێشه و ته‌نگژه ده‌که‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده پیشه و کاریان زیاتر و ژیری و زیره‌کییان زۆرتر بێت فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی سه‌رسووڕهێنه‌ریش داده‌هێنن، هه‌ر ڕاده‌یه‌کیش یاساکان زۆر و زه‌به‌ندتر بن ژماره‌ی دز و جه‌رده‌کانیش زیاتر ده‌بن. باشترین شێوازی حوکومه‌ت ئه‌مه‌یه: به‌تاڵکردنی دڵی خه‌ڵک و پڕکردنی ورگیان، که‌مکردنه‌وه‌ی خواست و ئاره‌زووه‌کان و به‌هێزکردنی ئێسقانه‌کانیان…زانست و ئاره‌زووه‌کان له خه‌ڵک وه‌رگرتنه‌وه و بنه‌بڕکردنی فێل و ته‌ڵه‌که. حاکم و حوکمڕان ئه‌گه‌ر له دائۆ تێگه‌یشتبێت له‌ڕێگه‌ی یاساکانییه‌وه خه‌ڵک ڕۆشنبیرتر ناکات به‌ڵکوو له ساده‌یی و بێگه‌ردیدا ده‌یانهێڵێته‌وه و لانیکه‌می ڕێکخراو و داموده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یانخاته گه‌ڕ: “له‌سه‌ر وڵاتێکی گه‌وره به شێوه‌یه‌ک حوکمڕانیی بکه وه‌کوو بڵێی ماسییه‌کی بچووک ده‌برژێنی” به‌م شێوه‌یه مرۆڤی ئاوه‌زمه‌ند ده‌ڵێت: “تا کاتێک له هه‌ر کارێک‌دا که‌موکوڕییه‌کم بۆ دێته پێشێ، ئه‌وا خه‌ڵک به‌ره‌و چاکبوون ڕۆشتوون. تا کاتێک که حه‌زم له هێورییه ئه‌وا خه‌ڵک چاکه‌کارترن. تا کاتێک هیچ هه‌وڵێک ناده‌م ئه‌وا خه‌ڵک ئاتاجییه‌کانی خۆیان به‌دی ده‌هێنن. تا کاتێک له خواست ڕزگار بوومه، خه‌ڵک ساده و به‌شه‌رفن”. کاتێک سیاسه‌تی وازهێنان و لێگه‌ڕانی کاروبار بۆ ڕه‌وتی سرووشتیی جێبه‌جێ بێت، کۆمه‌ڵگای ئایدیال و یۆتۆپیا دێته ئاراوه. ڕسته‌کانی خواره‌وه وێنه‌یه‌کی ڕوون له شاری خه‌ونه‌کانی لائۆدزۆ ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه.
ده‌وڵه‌تی ئایدیال بچووکه و حه‌شیمه‌ته‌که‌یشی که‌مه. ئه‌وان ئه‌گه‌رچی ئامراز و شتومه‌که‌کانیاب له به‌رده‌ستدایه به‌ڵام به‌کاری ناهێنن. ئه‌وان له‌وه‌ی که خۆیان بخه‌نه قوڕگی مه‌رگه‌وه پارێز ده‌که‌ن و گه‌شت و سه‌فه‌ری دوور ناکه‌ن. ئه‌گه‌رچی گالیسکه و قه‌یاغیان هه‌یه به‌ڵام قه‌ت سواریان نابن. ئه‌گه‌رچی تفاقی جه‌نگییان هه‌یه به‌ڵام که‌س ده‌ستیان بۆ نابات. خه‌ڵک له‌سه‌ر به‌شه قووت و خۆراکی خۆی قانیعه و پۆشاکی زیاده‌ی ناوێت. له خانووه‌کانی خۆیاندا به ئاشتی و ته‌ندروستییه‌وه ده‌ژین و له چاره‌نووسی خۆیان ڕازین. وڵاته دراوسێکانی به‌ڕاده‌یه‌ک لێک نزیکن که هه‌مووان ده‌توانن حه‌په‌ی سه‌گ و گاره‌گاری مریشکان و ده‌نگی باڵندانی یه‌کدی ببیستن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا کۆتایی ڕۆژه‌که هیچ به‌رکه‌وتنێکیان نابێت. جیاوازیی گشتیی بیردۆزه‌کانی دوو فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕێبازه ئه‌مه‌یه که له ڕوانگه‌ی لائۆدزۆه‌وه وازهێنان و خۆبواردن له ژیار و شارستانییه‌ت و گه‌ڕانه‌وه بۆ حاڵه‌تی سه‌ره‌تایی ژیان ڕێگای حه‌قیقی و ڕاسته‌قینه‌یه بۆ گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کی ئایدیال و یۆتۆپیایی، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی جوانگ دزۆ گۆشه‌نشینی ڕێگایه‌که بۆ گه‌یشتن به “گه‌ڕانه‌وه‌ی شادومانانه”، شتێکه له سه‌رووی حقه‌یقه‌تی هه‌ر پێکهات و فۆرمێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و ده‌ڵێت: “به‌رزه‌مرۆڤ ده‌بێت خۆی له ده‌ره‌وه و له سه‌ره‌وه‌ی زه‌وین و ئاسماندا وێنا و جێگیر بکات و له هه‌موو شتێک که‌نار بگرێت و گۆشه‌نشینی هه‌ڵبژێرێت و بڕوات بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که شتێک له‌وێدا نییه تاکوو ڕۆح کۆت و به‌ند بکات.” ئه‌مه خاڵی که‌ماڵ و ترۆپکی گه‌شه‌ی عیرفانیی ئه‌م ڕێبازه‌یه. ئامۆژگارییه‌کانی “لائودزۆ” ئه‌گه‌رچی وه‌کوو کۆنفۆسیۆس لایه‌نی ئایینی‌یان نه‌بوو به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئامۆژگارییه‌کانی کۆنفۆسیۆس نه‌یانتوانی له‌گه‌ڵ بنه‌ما و کۆڵه‌که‌کانی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی چین گونجاو و هاوته‌ریبب ببن و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر دابنێت. بیردۆزه ئانارشیستی و تاکخوازانه‌کانی ئه‌و له سه‌رانسه‌ری مێژوودا وه‌کوو کۆمه‌ڵێک باوه‌ڕی فه‌لسه‌فه‌یی لای ژماره‌یه‌کی که‌می ڕۆشنبیران مایه‌وه و بیردۆزه ڕاسته‌قینه‌کانی پێشوازییه‌کی ئه‌وتۆی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه لێنه‌کرا، به‌ڵام له هونه‌ری چیندا به‌تایبه‌تی له شیعر و نیگارکێشاندا کاریگه‌رییه‌کی زۆری دانا و بوو به ئیلهامبه‌خشی به‌شێکی گرینگ و پڕبایه‌خی به‌رهه‌مه هونه‌رییه جیهانییه‌کان، ستایش و شکۆدارنواندنی سرووشت که له شێعر و نیگارکێشیی چینی‌دا تا ئه‌م ڕاده‌یه شوێن پێی داکوتاوه له ئه‌نجامی کاریگه‌ریی ئه‌م ڕێبازه‌یه.
لێكچوونی زۆری عیرفانی بوودایی و دائۆخوازیی بوو به هۆی کاریگه‌ریی دوو لایه‌نه‌یان له سه‌ر یه‌ک و سه‌رهه‌ڵدان و له‌دایکبوونی ڕێبازی چان (Chan) به ژاپۆنی (زێن Zen). هاوبه‌شییه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی بوودایی و دائۆ به ڕاده‌یه‌که که نووسه‌ره سه‌ره‌تاکان ده‌سته‌واژه‌کانی دائۆیان بۆ ده‌ربڕین و باسکردنی ئه‌ندێشه بووداییه‌کان به‌کار ده‌هێنا. به‌ڵام ئه‌م ڕێبازه ورده‌ورده له سه‌ده‌ی دووهه‌می زاینی به‌م لاوه بوو به ئایینێک و به ملیۆنان پێڕه‌وکار و لایه‌نگری په‌یدا کرد و به زۆریش له‌ژێر کاریگه‌ریی ئایینی بوودا دا بوو و پێشه‌وا ئاینییه‌کانیان لائۆدزۆیان برده پله‌ی خودا و په‌رستگه‌کان دروستکران و بوو به یه‌کێک له سێ ئایینه گه‌وره‌که‌ی وڵاتی چین. ڕێبازی “کۆنفۆسیۆس” بۆ ماوه‌ی دوو هه‌زار ساڵ پێشه‌نگ و حاکمی بێ ڕكابه‌ری فه‌لسه‌فه، ئه‌خلاق، ئایین و په‌روه‌رده و سیسته‌می سیاسیی وڵاتی چین بوو و له‌م ڕووه‌وه ده‌توانین به کاریگه‌رترین فه‌یله‌سووفی مێژوو هه‌ژماری که‌ین. کونگ فو دزۆ Kung Fu Tzu واته “مامۆستای مه‌زنی کونگ” نزیکه‌ی ساڵی 551ی پێش زاین له ویلایه‌تی لوو Lu(شاندونگی ئێستا)، واته ناوه‌ندی که‌لتووری که‌ونارای چین له‌دایک بوو. حه‌کایه‌تی له‌دایکبوونی ئه‌و تێکه‌ڵی زۆر ئه‌فسانه بووه. کونفۆسیوس ده‌ربڕینی لاتینیی کونگ فودزۆیه که قه‌شه مه‌سیحییه‌کان به‌کاریان هێنا. کونفۆسیوس له بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌دایک بوو که ڕه‌چه‌ڵه‌کیان ده‌گه‌یشته‌وه به وه‌چه‌ی که‌ونارای سوونگ (Sung) و باپیره گه‌ور‌انیان له سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بدا خه‌ڵکانێکی پێشه‌نگ و کارامه بوون. ئه‌و کاتێک ته‌مه‌نی سێ ساڵان ده‌بێت، باوکی ده‌مرێت و هه‌ر به ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه بۆ یارمه‌تیدانی دایکی خه‌ریکی شوانی ده‌بێت. به‌و حاڵه‌شه‌وه وانه‌کانی ده‌خوێنیت و تامه‌زرۆییه‌کی سه‌یری بۆ فێر بوون هه‌بوو. له ساڵانی دواتردا به قوتابییه‌کانی وتبوو که “ته‌مه‌نی گه‌نجیم به سه‌ختی تێپه‌ڕاند و به‌م هۆیه‌یه که له زۆر شت‌دا تواناییم به‌ده‌ست هێناوه” له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵاندا هاوسه‌رگیری کردووه و له‌م هاوسه‌رگیرییه‌ش کوڕێک له‌دایک ده‌بێت. کونفۆسیۆس له ساڵی 528ی پێش زایندا واز له پیشه‌ی میرزابنووسی دێنێت تاکوو شینی له‌کیسدان و نه‌مانی دایکی بکات و له‌م ماوه‌یه‌شدا خۆی ته‌رخان بکات بۆ خوێندنه‌وه‌ی میژوو، ئه‌ده‌ب و ناسینی دامه‌زراوه کۆنه‌کان. له‌م قۆناغه به‌دواوه سه‌رده‌مێکی نوێی وه‌کوو مامۆستا له ژیانیدا ده‌ست پێ‌کرد و هه‌ر له‌م قۆناغه‌شدا بوو که سه‌رنج و ڕێزێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خه‌ڵکی به‌ره‌و لای خۆی ڕاکێشا. پاش ئه‌مه ڕۆشت بۆ بینینی شاری لوو (Lo) که پایته‌ختی پاشایه‌تی بوو. لوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌گه‌رچی له ڕووی سیاسییه‌وه چالاک نه‌بوو به‌ڵام هێشتاش وه‌کوو ناوه‌ندێکی که‌لتووری هه‌ژمار ده‌کرا. ده‌گێڕنه‌وه که کۆنفۆسیۆس ڕۆشت بۆ بینینی مۆسیقاری به‌ناوبانگ؛ چانگ هۆنگ (Chang Hong) و کتاوداری کتێبخانه‌ی پاشایه‌تی واته لائودزۆ. چانگ هۆنگ که زۆر که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ریی توانایی و به‌ها باڵاکان و ئاوه‌زمه‌ندێتی ئه‌وه‌وه به‌م شێوه‌یه باسی ده‌کات:- “کاتێک قسه ده‌کات به باڵای پاشاکاندا هه‌ڵده‌ڵێت. خاکه‌ڕا و به‌ئه‌ده‌به. له‌باره‌ی هه‌ر شتێکه‌وه بیستوویه‌تی و له یاده‌وه‌ریدا هه‌ڵیگرتووه. زانستی ئه‌و له‌سه‌ر هه‌موو شتێک ناکۆتایه. ئایا له‌ودا ئاماژه‌کانی ده‌رکه‌وتنی حه‌کیمێک به‌دی ناکه‌ین؟”
ئه‌گه‌رچی “کۆنفۆسیۆس” بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له شاری لوو نه‌مایه‌وه، به‌ڵام ئه‌م دیداره تێگه‌یشتنێکی قووڵتری له سامانی کو‌لتووریی ڕابردوو به‌دیاریی بۆ هێنا و قه‌ناعه‌تی به گه‌وره‌بوونی به‌ره‌بابی جوو هێنا. له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ زێدی خۆی وانه‌وتنه‌وه‌ی درێژه پێدایه‌وه و ناو و ناوبانگی زیاتر ده‌رکرد و قوتابیانێکی زۆر له هه‌موو چین و توێژێک که تامه‌زرۆی فێربوون و تێگه‌یشتن له به‌رهه‌مه کۆن و که‌وناراکان و پیشه و سه‌نعه‌ت بوون، له ده‌وری کۆ ده‌بوونه‌وه. کۆنفۆسیۆس تا ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵان ئاوڕی له خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌کان نه‌دایه‌وه. له ته‌مه‌نی په‌نجا و دوو ساڵی دا وه‌کوو به‌ڕێوه‌به‌ری شاری جونگ دوو (Chung Tu) هه‌ڵبژێردرا و له‌م پۆسته‌دا کۆمه‌ڵێک میتۆد و شێوازی سیاسیی نوێباوی خسته گه‌ڕ. وڵاتێکی له‌کیسچووی ته‌نها له‌ڕێگه‌ی باس و خواسه ئه‌خلاقییه‌کان له ده‌وڵه‌تی داگیرکاری دراوسێ وه‌رگرته‌وه. و وه‌ها ئاشتی و ئاسایشێکی به‌دی هێنا که “ئه‌و شتانه‌ی وا له شوێنه گشتییه‌کان ون ده‌بوون قه‌ت نه‌ده‌دزران” یه‌کێک له ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له ڕووی ئێره‌ییه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی که جودایی و نیفاق بخاته نێوان ئه‌میر و وه‌زیره‌که‌یه‌وه، ده‌سته‌یه‌ک له کچانی شۆخ و شه‌نگی به دیاریگه‌لێکی زۆره‌وه نارده لای ئه‌میر و ئه‌میریش به شێوه‌یه‌ک له ناو دیارییه‌کاندا نغرۆ بوو که کۆنفۆسیۆس و ئامۆژگارییه‌کانی له‌بیر کرد و حه‌کیمیش به ناچاری به دڵێکی ئێشاوه‌وه وازی له پۆسته‌که‌ی هێنا. له ساڵی 496ی پێش زاین “کۆنفۆسیۆس” له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له قوتابییه‌کانی گه‌شتێکی پانزه ساڵه‌ی ده‌ست پێ‌کرد و له هه‌رێمێکه‌وه بۆ هه‌رێمێکی دیکه ڕێگای ده‌بڕی و توانایی و خزمه‌ته‌کانی خۆی پێشکه‌شی ئه‌میره‌کان ده‌کرد. ئه‌وان به ئه‌ده‌ب و حورمه‌ته‌وه له‌گه‌ڵیدا ڕایان ده‌گۆڕییه‌وه به‌ڵام که‌س نه‌بوو که بیردۆزه‌کانی پراکتیزه بکات و بیباته ساحه‌ی پراکتیکه‌وه. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک له هه‌رێمه‌کان وه‌ده‌ریان نا. کاتێک گه‌ڕایه‌وه بۆ شاری لوو شه‌ست و هه‌شت ساڵ ته‌مه‌نی بوو و پاشماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی ته‌رخان کرد بۆ فێرکاری و نووسینی به‌رهه‌مه کۆن و نه‌مره‌کان. کۆنفۆسیۆس له ساڵی 479ی پێش زایندا و له ته‌مه‌نی حه‌فتا و سێ ساڵاندا کۆچی دوایی کرد. له سپیده‌ی ڕۆژێکی ئاسایی‌دا بیستیان که به ئاوازێکی خه‌مگین ئاوه‌ها ده‌هۆنێته‌وه:-
چیای سه‌رکه‌ش ده‌بێ دانه‌وێت
تیری به‌هێز ده‌بێت تێک شکێت و
ئاوه‌زمه‌ندیش وه‌کوو گیایه‌ک ژاکاو و نابوود ببێت.
ته‌مه‌نی ئه‌م حه‌کیمه به خزمه‌تکردن بۆ پێکانی سێ ئامانج ڕۆشته سه‌ر: خزمه‌تگوزاریی ده‌وڵه‌ت، فێرکاریی گه‌نجان، تۆمارکردنی به‌رهه‌مه که‌لتوورییه کۆنه‌کان بۆ به‌ره‌ی داهاتوو: “له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیدا خۆم ته‌رخان کرد بۆ فێرکاری، له سی ساڵیدا ڕێگای خۆم دۆزییه‌وه، له چل ساڵیدا به به‌رچاوڕوونییه‌وه ده‌ستم دایه کردار، له په‌نجا ساڵیدا مینگ(یاسا ئاسمانییه‌کان)م زانی، له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیدا له حه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتم، و ئێستا له حه‌فتا ساڵیدا ده‌توانم به‌دوای ئاره‌زووه‌کانی نه‌فسمدا بڕۆم به بێ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ڕاستم لا دابێت”.
کۆنفۆسیۆس یه‌که‌مین فه‌یله‌سووفی چینییه که سیسته‌مێکی چڕ و پڕ و ته‌واوی فه‌لسه‌فیی به‌دیهێنا. ئه‌و له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژیا که ده‌سه‌ڵاتی حوکومه‌تی ناوه‌ندی له‌کزیدا بوو و شیرازه‌ی وڵات لێک ترازابوو. کاتێک داڕمان و ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بوو به هۆی له‌ناوچوونی کامڵی بنه‌مای ئارامی و ئاسایش و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان، کۆنفۆسیۆس وه‌کوو گه‌وره‌ترین لایه‌نگری ئه‌من و ئاسایش و پاراستنی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رکه‌وت و له دژی بشێوی و ئاژاوه‌ی په‌ره‌ئه‌ستێندا ده‌ستی کرد به ئامۆژگاری و لێدوان. پێداگریی ئه‌و له‌سه‌ر جۆرێک به‌رپرسیارێتییه که له په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌کاندا وه‌کوو میراسێک ماوه‌ته‌وه. ئه‌م به‌رپرسیارێتییه له بچوکترین یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی واته بنه‌ماڵه ده‌ست پێ ده‌کات و بۆ هه‌موو قۆناغه‌کان په‌ره ده‌ستێنیت. بۆیه به‌ره‌و داب و نه‌ریت و ڕێکه‌وتنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌نگاو ده‌نێت و هه‌وڵ ده‌دات تاکوو شوێنی شیاوی هه‌ر تاکێک له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا دیاری بکات. به‌ڕای ئه‌و بشێویی ڕۆژگار و سه‌رده‌مه‌که‌ی به‌م هۆیه‌یه که هیچ که‌سێک ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌کانی خۆی ناناسێت و له شوێنگه و پێگه‌یه‌کدایه که به‌دروستی ناجووڵێته‌وه: “بهێڵن تاکوو پاشا پاشا بێت و وه‌زیریش وه‌زیر. باوک باک و کوڕیش کوڕ بێت”. پێداگریی ئه‌و له‌سه‌ر دابونه‌ریت وه‌کوو هۆکارێکی ڕێکوپێککه‌ر و سامانده‌ره. ڕێوڕه‌سمه‌کان له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه نیشانه‌ی په‌یوه‌ندیی ڕێک و پێکی نێوان تاکه‌که‌س و خودا، و مرۆڤ له گه‌ڵ مرۆڤه و لێره‌دایه که چه‌مک و واتای ئه‌خلاق په‌یدا ده‌کات.
هۆگرانی دواتری “کۆنفۆسیۆس” ئه‌م چه‌مکه‌یان هێنده په‌ره پێدا تاکوو کۆی شارستانییه‌تی گرته‌وه. کۆنفۆسیۆس ده‌یوت که: “ڕێک و پێکی(نه‌زم) یه‌که‌مین یاسای ئاسمانه”. که‌واته ڕێگه‌ی ڕاستی مرۆڤ پاراستن و ڕه‌چاوکردنی ڕێک و پێکی و یاسایه. به‌رزترین ئامانجی کۆنفۆسیۆس به‌دیهاتنی ده‌وڵه‌تی جیهانی بوو که به “کۆماری گه‌وره” ناوی ده‌برد و به بۆچوونی ئه‌و ئاوه‌ها سیسته‌مێک له ڕابردوودا هه‌بووه: “سه‌رده‌مێک که پێڕه‌وی له دائۆی مه‌زن ده‌کرا، ئه‌ندێشه‌ی “ژیانی باشتر بۆ هه‌مووان” به جیهاندا بڵاو بووبووه. پیاوانی زیره‌ک و باڵا و به فه‌زیله‌تان له پێگه و پیشه گه‌وره‌کاندا داده‌نران. ئامانه‌تپارێزی باو بوو و برایه‌تی ڕێزلێگیراو بوو. خه‌ڵک ته‌نها باوک و دایکیان خۆش نه‌ده‌ویست و ته‌نها خۆشه‌ویستییان بۆ منداڵه‌کانیان نه‌بوو. پیر و په‌ککه‌وته‌کان تا کاتی سه‌ره‌مه‌رگ چاودێری ده‌کران و ژیانیان به شایسته‌یی به‌ڕیوه ده‌برا. له‌شه به‌هێزه‌کان سه‌وداسه‌ری کار بوون و گه‌نجان بژێوی ژیانیان دابین بوو. بێوه‌ژنان و هه‌تیوه‌کان ده‌لاوێنرانه‌وه و ئۆجاخکوێران هه‌تیوه‌کانیان وه‌کوو منداڵی خۆیان له ئامێز ده‌گرت و په‌روه‌رده‌یان ده‌کردن. پیاوان کاری شیاویان هه‌بووه و ژنان کاری ماڵه‌وه‌یان ڕاده‌په‌ڕاند. و له‌مه‌ی که هێزیان وه‌کوو پێویست که‌ڵکی لێ وه‌رناگیرێت دڵمه‌ند بوون به‌ڵام هێزی خۆیان ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سیی خۆیان به‌کار نه‌ده‌هێنا. دز و قۆڵبڕ و خیانه‌تکار له‌ئارادا نه‌بوون. ده‌رگای هه‌موو ماڵه‌کان به بێ هیچ ترس و دڵه‌ڕاوکییه‌ک کراوه بوو. ئاوه‌ها بوو چاخی”کۆماری مه‌زن”.
“کۆنفۆسیۆس” هاوشێوه‌ی ئه‌فلاتوون به‌دوای پاشایه‌کی حه‌کیمدا بوو که نه‌خشه و پلانه‌که‌ی جێبه‌جێ بکات و بیباته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و ته‌نها له دنیای خه‌یاڵاندا نه‌ده‌ژیا به‌ڵکوو به‌رده‌وام له ئاماژه‌کانی خۆیدا بنه‌ما کرده‌کییه‌کانی بیرده‌هێنایه‌وه کاتێک که دزۆ کونگ Tzu Kung له‌باره‌ی بنه‌ماکانی حکوومه‌تێکی باش، پرسیاری لێکرد مامۆستا سێ شتی به بنه‌مای حکوومه‌تی باش زانی: فراوانیی خۆراک، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی شیاو و متمانه‌ی خه‌ڵک. و له‌م سێیه‌ش متمانه‌ی خه‌ڵکی خسته پله و ڕیزی یه‌که‌مه‌وه که به بێ بوونی ئه‌م متمانه‌یه هیچ حکوومه‌تێک ناتوانێت هه‌ڵ بکات. که‌مبوونی سه‌روه‌ت و سامان گوناهی فه‌رمانڕه‌وا و حاکم نییه، به‌ڵام دابه‌شکردنی دادوه‌رانه‌ی سه‌روه‌ت و سامان له ئه‌ستۆی ئه‌و دایه. هه‌ژاریی په‌یوه‌ست نییه به حاکمه‌وه به‌ڵام نه‌بوونی ئاسایش و نائه‌منی په‌یوه‌سته به‌وه‌وه. به دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌ت و سامان هه‌ژاری نامێنیت. له‌ڕێگه‌ی جێگیرکردنی هاوئاهه‌نگییه‌وه که‌مایه‌سییه‌ک له ئارادا نابێت و به ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵکیش هیچ شۆڕش و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ک ڕوو نادات.
چه‌مکێکی سه‌ره‌کیی له فه‌لسه‌فه‌ی کۆنفۆسیۆسدا دائۆیه که له “وتووێژه‌کان” دا زۆر ده‌کار کراوه. دائۆ له تێڕوانینی کۆنفۆسیۆسدا (به‌پێچه‌وانه‌ی دائۆخوازه‌کان) ده‌لاله‌ت و مانایه‌کی لاهووتی نییه، به‌ڵکوو دائۆ باشترین ڕێگه‌ی ئه‌خلاق و کردار بۆ تاک و باشترین شێوازیشه بۆ حکوومه‌ت و کۆمه‌ڵگا. پرسی په‌یوه‌ندیی کۆنفۆسیۆس و خوداناسیی ئاڵۆزه. بێگومان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی باو وێنا ده‌کرێت، ئه‌و پێغه‌مبه‌ر یان بانگخوازێکی ئایینی نییه. هه‌ندێک به‌ش له کتێبی وتووێژه‌کاندا هه‌ن که پێشان ده‌ده‌ن مامۆستا له باس‌وخواس سه‌باره‌ت به ئایین خۆی بواردووه و له‌باتی ئه‌وه باسی زۆری له‌سه‌ر ڕێگایه‌ک کردووه که تاک ده‌بێت له ژیانی خۆیدا به‌دوایدا بڕوات. ڕۆژێک یه‌کێک له موریده‌کان پرسی که “چۆناوچۆن ده‌کرێت خزمه‌تی ڕۆحه‌کان بکرێت؟” مامۆستاش وه‌ڵامی دایه‌وه: “تۆ که هێشتا ناتوانی خزمه‌تی خه‌ڵک بکه‌ی چۆن ده‌توانی خزمه‌تی ڕۆحه‌کان بکه‌ی؟” یه‌کێکی دیکه له موریده‌کان له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه پرسیاری له مامۆستا کرد، مامۆستاش وه‌ڵامی دایه‌وه: “تۆ هێشتا ژیان ناناسی چۆناوچۆن ده‌ته‌وێت له مه‌رگ تێبگه‌ی؟” ئه‌م مامۆستا گه‌وره‌یه‌ی ڕێک و پێکی و ئه‌خلاق به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گاڵته‌ی سۆفییه گۆشه‌نشینه‌کاندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بووه‌وه. ڕۆژێک کۆنفۆسیۆس و موریده‌کانی له‌گه‌ڵ دوو زاهیدا ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه. یه‌کێک له‌وانه به دزۆ لوو Tzu Lu واته یه‌کێک له مورده‌کانی حه‌کیمی وت: “جیهان له سێڵاوێکی خرۆشانی بشێویدا نغرۆ بووه، کێیه که بتوانێت بیگۆڕێت؟ مه‌گه‌ر تۆ به‌دوای که‌سێکدا نه‌که‌وتووی که له‌م و له‌و خۆی دوور ده‌گرێت، ئایا باشتر نییه به‌دوای ئه‌وانه‌دا بی که له هه‌موو جیهان دوورییان گرتووه؟”
کاتێک که دزۆلوو شه‌وانه له شاری شی مێن hymen تێده‌په‌ڕی. پاسه‌وانی ده‌روازه‌ی شار پێی وت: “له کوێ‌ڕا دێی؟” وتی: “له لای کونگ فودزۆ”. پاسه‌وان وتی: “ئایا ئه‌مه هه‌ر ئه‌و که‌سه نییه که خۆیشی له‌سه‌ر به‌تاڵبوونی کاره‌که‌ی ئاگاداره؟” ئه‌گه‌رچی گه‌وره‌ترین ئامانجی کۆنفۆسیۆس له بواری سیاسه‌تدا بوو به‌ڵام گه‌وره‌ترین هه‌نگاو و کرده‌وه‌کانی له بواری په‌روه‌رده دایه. ئه‌و مامۆستایه‌کی لێهاتوو و موعته‌به‌ر بوو و له هه‌موو ته‌مه‌نیدا گه‌نجانێک له هه‌موو چین و توێژه‌کاندا بۆ خوێندن له لای بوون. قوتابییه‌کان ته‌نانه‌ت به ژه‌مه خواردنێکی ئاساییه‌وه وه‌کوو پاداشتی مامۆستایه‌تی ده‌هاتنه خزمه‌تی. پێش له‌مه‌ش په‌روه‌رده و فێرکاریی له ژیر ده‌ستی چینی سه‌ره‌وه‌دا بوو. کونفۆسیۆس یه‌که‌مین مامۆستا بوو که فێرکاریی هێنایه پانتای گشتییه‌وه و ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ی له بازنه‌که وه‌ده‌ر ده‌نا که زیره‌کیی شیاویان نه‌بوو: “قه‌ت شتێک فێری که‌سێک ناکه‌م له کاتێکدا که به‌شێکی بابه‌ته‌که ڕوون ده‌که‌مه‌وه به‌ڵام خۆی له سێ به‌شی دیکه‌ی بابه‌ته‌که تێنه‌گات”. ئه‌و قوتابیانه‌ی که له خزمه‌تی ئه‌ودا بوون هه‌م هاوده‌می بوون و هه‌م هاوسه‌فه‌ری سه‌رگه‌ردانییه‌کانیشی بوون، له ڕێگه‌ی ئه‌م قوتابیانه‌وه بوو که کۆنفۆسیۆس کاریگه‌رییه‌کی زۆری له سه‌ر کو‌لتوور دانا و نازناوی سو‌و ڤانگ (Su Wang) یان “پاشای بێ تاج و ته‌خت” ی وه‌رگرت و بۆ سه‌رده‌مانێکی دوور و درێژ ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و به هه‌موو وڵاتی چیندا بڵاو بوویه‌وه و زاڵ بوو. ئامۆژگاریی کونفۆسیۆس له بواری ئه‌خلاق و هونه‌ردا بوو. له ناو هونه‌ره‌کاندا ئه‌ته‌کێت و مۆسیقا و شیعر له پله و ڕیزی یه‌که‌مدا بوون. به باوه‌ڕی کۆنفۆسیۆس ئه‌ته‌کێت، ئه‌ندێشه ڕیک وپێک ده‌کات و خواسته‌کانی ئێمه ئاڕاسته ده‌کات. مۆسیقا هه‌سته‌کانی مرۆڤ باڵابه‌رز ده‌کات و شه‌هوه‌ته‌کانی مرۆڤ داده‌مرکێنێت. شیعر ویژدانی ئه‌خلاقیی ئێمه زیندوو ده‌کاته‌وه و نه‌فس به‌ره‌و پله‌ی باڵا ڕاده‌کێشێت. به‌م شێوه‌یه هونه‌ره‌کانیش خۆیان له خۆیاندا گرینگن و هه‌م بنه‌مای فێرکارانه‌ی ئه‌خلاقیش بیچم ده‌ده‌ن: (که‌سایه‌تی) له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه په‌روه‌رده ده‌بێت، به ئه‌ته‌کێت پته‌و ده‌بێت و به مۆسیقاش ده‌گاته پله‌ی که‌ماڵ. هه‌ر بۆیه‌شه ساڵڕۆژی له‌دایکبوونی ئه‌وه‌یان ناو ناوه “ڕۆژی مامۆستای نه‌ته‌وه‌یی”. یه‌کێک له گه‌وره‌ترین خزمه‌ته‌کانی ئه‌م حه‌کیمه دانان و نووسینی “پێنج به‌رهه‌می که‌ونینه” یه. هه‌نووکه هه‌موو خاوه‌نڕایان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که پێنج به‌رهه‌می که‌ونینه پێش کۆنفۆسیۆس هه‌بووه و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ نه‌وه‌کانی دواتر و ئه‌م وته خاکه‌ڕایانه‌ی ئه‌م حه‌کیمه که‌م تا زۆر هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته: “من دووباره‌که‌ره‌وه‌م نه‌ک داهێنه‌ر. من ئه‌ڤینداری به‌رهه‌مه که‌ونینه‌کانم و خۆشیانم ده‌وێن”. کۆنفۆسیۆس به‌م هیوایه‌وه ده‌ستی دایه خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه کۆنه‌کان تاکوو له کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می خۆیدا به شێوه‌یه‌کی کرده‌کی به‌رهه‌مداریان بکات و له کۆتاییه‌کانی ته‌مه‌نیدا بوو که ده‌ستی دایه به‌سه‌ریه‌که‌وه‌نان و تۆمارکردنیان بۆ به‌ره‌کانی داهاتوو و له کاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌دا بوو که به‌پێی بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌کانی خۆی خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی له دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه کۆنه‌کان خسته ڕوو. ئاشنابوون له‌گه‌ڵ ئه‌م پێنج به‌رهه‌مه کلاسیک و کۆنه‌ی حه‌کیم بۆ تێگه‌یشتن له کرده‌وه‌کانی پێویست و گرینگه.
1-کتیبی مێژوو (شوجینگ):- که ئه‌و به‌ڵگه مێژوویانه‌یه که له ڕێگه‌ی کۆنفۆسیۆسه‌وه کۆ کراونه‌ته‌وه و به‌سه‌ریه‌که‌وه نراون و له سه‌ده‌ی 24 تا 8ی پێش زاین له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌م به‌ڵگانه به‌پێی ڕیزبه‌ندیی مێژوویی به‌سه‌ریه‌که‌وه نراون و له‌سه‌ر هه‌ر کامه‌یان پێشه‌کییه‌ک نووسراوه. له کۆی ئه‌م به‌ڵگانه ئێستا 28 به‌ڵگه ماوه‌ته‌وه که گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌ی میژووی چینی که‌ونارا.
2-کتێبی هه‌ڵبه‌سته‌کان(شی جینگ):- ئه‌م کتێبه کۆمه‌ڵێک له‌و شیعرانه‌یه که له سه‌ده‌ی دوانزه‌هه‌مه‌وه تاکوو سه‌رده‌می “به‌هار و پاییز” ی “سه‌ده‌ی هه‌شته‌م تاکوو پێنجه‌می پێش زاین” ماونه‌ته‌وه. کونفۆسیۆس 305 شیعری له ناو 3000 شیعر هه‌ڵبژارد و له چوار به‌شدا دابه‌شی کرد. ئه‌م پارچه شیعرانه بنه‌مای فێرکاریی کۆنفۆسیۆس به قوتابییه‌کانی له‌باره‌ی شیعره‌وه بوو.
3-کتێبی ئه‌ته‌کێت(لی چی):- ئه‌م کتێبه له‌خۆگری ڕێوڕه‌سمی کۆنی جووتبوونه که به‌ڕای ئه‌و بۆ په‌رژانه‌سه‌ر تێڕوانینی مرۆیی و پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی سوودمه‌نده.
4.کتێبی گۆڕانکارییه‌کان(ئی جینگ):- ئه‌م کتێبه به‌رهه‌مێکی فه‌لسه‌فی و هونه‌رییه و له‌باره‌ی میتافیزیکه‌وه قسان ده‌کات و شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌مز و هێما ئایینییه که‌ونینه‌کانه.
5.ڕؤژژمێره‌کانی به‌هار و پاییز(چون چی‌و):- به‌زۆری ئه‌م کتێبه وه‌کوو تاقه کتێبی کۆنفۆسیۆس هه‌ژمار ده‌که‌ن که خۆی نووسیویه‌تی و لایه‌نی نڤیسکارانه‌ی زۆر که‌م و کورته. ئه‌م کتێبه تۆمارکردنی ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی “لوو” یه له ساڵی 722 تاکوو 481ی پێش زاین. ناوی کتێبه‌که له شێوازی تۆمارکردنی ڕووداوه‌کانه‌وه وه‌رگیراوه که به‌پیی ڕۆژ و مانگ و وه‌رز به‌سه‌ر یه‌که‌وه نراون. له‌ڕێگه‌ی ئه‌م کتێبه‌وه کۆنفۆسیۆس تۆمارکردنی میژوو که به‌شێک بوو له پیشه فه‌رمییه‌کان هێنایه پانتای گشتییه‌وه و مێژووی کرد به به‌شێک له به‌رنامه‌ی خوێندنی گشتی. چینییه‌کان چوار کتێبیان زیاد کردووه‌ته سه‌ر ئه‌م پێنج “چینگ”ه و به گشتی نۆ به‌رهه‌می کلاسیکیان به‌سه‌ریه‌که‌وه ناوه. یه‌که‌مین و گرینگترینی ئه‌م چوار کتێبه لوون یوو (Lun yu) یا گفت و گۆکانه.
له‌م کتێبه‌دا به کورتبێژی و ساده‌ییه‌وه نموونه‌گه‌لێک له باوه‌ڕ و قسه‌کانی کونفۆسیۆس له زمانی قوتابی و هۆگرانییه‌وه ده‌وترێته‌وه. چواره‌مین کتێب، کتێبی “مێنشیوس”ه که دواتر باسی لێوه ده‌که‌ین، کاتێک که حه‌کیمێکی حه‌فتا و سێ ساڵه بوو ڕۆژێک له خه‌و هه‌ستا و وتی: “به هۆی ئه‌وه‌ی که پاشایه‌کی ڕووناک زه‌میر تاکوو ئێسته سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، ئه‌وا له ژێر تاقی ئاسماندا که‌سێک نییه تاکوو من بانگهێشتی وه‌زاره‌ت بکات. مه‌خابن که کۆتایی ته‌مه‌نیشم نزیکه”. کاتێک که ئه‌مه‌ی وت له جێگادا که‌وت و حه‌وت ڕۆژ دواتر بۆ هه‌میشه کۆچی دوایی کرد. ته‌رمه‌که‌یان له نزیکی زێده‌که‌ی به خاک سپارد و زۆرێک له موریده‌کانی سێ ساڵ ئاز‌یه‌تباری کۆچه‌که‌ی بوون و پاش بیست و پێنج سه‌ده چینێکی زانستمه‌ندی کۆنفۆسیۆسی سه‌ری هه‌ڵدا که له سه‌رانسه‌ری قه‌ڵه‌مڕه‌وی پاشایه‌تیی چیندا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بێ ڕکابه‌ر بوو. فه‌لسه‌فه‌که‌ی به‌رنامه‌ی فه‌رمیی په‌روه‌رده و به‌رهه‌مه‌کانی کتێبگه‌لێکی له چوارچێوه‌ی وانه بۆ قوتابخانه‌کان و فێرکه‌ری فه‌زیله‌ت و به‌ها باڵا ئه‌خلاقییه‌کانی کۆمه‌ڵگا جێگیر بوو. له ڕاستیدا چینییه‌کان جگه له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب که هۆگری دائۆخوازیی و ئایینی بوودان له جیهانبینی خۆیاندا کۆنفۆسیۆسین و که‌لتووری چین و ئایینی کۆنفۆسیۆس به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌ر یه‌کێکن. هێز و هه‌یمه‌نه‌ی فه‌یله‌سووفانی کۆنفۆسیۆسی له جیهانی سیاسه‌تدا بۆ ماوه‌یه‌ک له لایه‌ن یاساخوازانه‌وه دژبه‌ریی کرا و دواتر وه‌زیری گه‌وره “شی هوانگ دی” که له یاساخوازان بوو فه‌رمانی دا تاکوو هه‌موو کتێبه‌کانی کۆنفۆسیۆس ئاگر بده‌ن به‌ڵام دوای ڕووخانی سیسته‌می پاشایه‌تیی چین، بنه‌ماڵه گه‌وره‌کان جارێکی دیکه ئه‌م ئایینه‌یا‌ن بووژانده‌وه و به فه‌رمییان کرد. و وه‌کوو ڕێزلێنانێک بۆ ئه‌و قوربانی‌کردن باو بوو و ده‌قی کتێبه کلاسیکه‌کانیشی له سه‌ر به‌رد هه‌ڵکۆڵرا.
پاش تێپه‌ڕینی سه‌ده‌کان به هۆی فه‌رمانه‌کانی خاقانی چین، مه‌زنی و بلیمه‌تیی کۆنفۆسیۆس زیاتر بوو تا شوێنیک که له هه‌ر شتێک جگه له “ئاسمان” سه‌رووتر ڕۆشت و وه‌کوو ڕێزلێنانێک له هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک لاپه‌ره‌یه‌ک گڵنووسێکی یادکردنه‌وه دانراوه و ناوه‌ناوه خاقان و گه‌وره‌کانی سه‌رده‌م به یادی ئه‌و و بۆ رۆحی ئه‌و، که باڵاترین هۆکاری خیر له مێژووی نه‌ته‌وه‌دا هه‌ژمار ده‌کرێت، بخور و بۆنی خۆشیان دروست ده‌کرد و قوربانییان پێشکه‌ش ده‌کرد. به‌ڵام له‌م ئایینه فه‌رمییه‌دا له‌باره‌ی قیامه‌ت و ژیانی جاوید باسێک له ئارادا نه‌بوو و وشه‌ی “ئاسمان” ته‌نها ده‌لاله‌تێک بوو بۆ ئیراده‌ی خوداوه‌ند یان گه‌ردون. له سه‌رده‌می خانه‌دانی “موونگ”دا ڕێبازی پڕجۆش و خرۆشی کۆنفۆسیۆسه نوێکان سه‌ری هه‌ڵدا و له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و ڕاڤه و شرۆڤه‌ی زۆر و زه‌به‌ند له‌سه‌ر کتێبه کلاسیکه‌کان، فه‌لسه‌فه‌ی مامۆستای گه‌وره‌یان به سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی دووردا بڵاو کرده‌وه و دواتر بزووتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی ژاپۆنی لێ هه‌ستایه‌وه. کۆنفۆسیۆس له سه‌رهه‌ڵدانی خانه‌دانی پاشایه‌تیی “هان”ه‌وه تاکوو ڕووخان و داکه‌وتنی خانه‌دانی “مه‌نچۆ” زه‌ینی چینییه‌کانی بیچم دا و داگیری کرد.
سه‌رچاوه؛
زبان، فلسفه.(مجموعه مقالات)نوشته و ترجمه‌ی ارنست کاسیرر، ڕوژه گارودی، مهرداد رهسپار، بزرگ نادرزاده، باقر پرهام. گزیده‌ی مقالات مجله‌ی رودکی. تهران، سازمان چاپ و انتشارات. چاپ دوم 1386
نووسین: مهرداد رهسپار
وه‌رگێڕان: موحسین عه‌لیڕه‌زایی